عەبدولمەهدی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی گلداوەتەوە
2018-10-27 11:25:06
(درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا دەهێڵێتەوە تا ئەو كاتەی كوتلە سیاسییەكان كاندیدی ئەو دوو وەزارەتە یەكلایی دەكەنەوە، ئەوەش هەنگاوێكە چاودێرانی سیاسی بەڕەنگدانەوەی قوڵی ئەو قەیرانە سیاسییەی وەسفدەكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە.
بەپێی فەرمانێكی دیوانی عەبدولمەهدی خۆدی خۆی بەوەكالەت ئەو دوو وەزارەتە بەڕێوەدەبات، لە یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا دوای وەرگرتنی متمانە بە كابینەی حكومەتەكەی ڕایگەیاند: هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوی ئەو كاندیدانە ناكات كە پێشكەشی پەرلەمانی كردووە بۆ ئەو وەزارەتانەی تائێستا متمانەیان پێنەدراوە (خوێندنی باڵا ، ڕۆشنبیری، پەروەردە، داد، پلاندانان، كۆچ و كۆچبەران) بەوەش تۆپەكەی هەڵداوەتەوە ناو گۆڕەپانی كوتلە سیاسییەكان بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە، بە تایبەت ئێستا لە پێگەیەكی بەهێزتردایە دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان و نەمانی وادەیەكی دەستوری لێی بترسێت.
محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری عێراق و سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان كە لە چوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دان، بە ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە"پۆستی وەزیری بەرگریی ئێمە بڕیاری لەبارەوە دەدەین, چونكە ئەو پۆستە یەكەم پشكی پێكهاتەیە و ئەوەش وادەكات سەركردەكانی ئەو پێكهاتەیە ڕێككەوتنی لەسەربكەن كە نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتەیە دەكەن لە پەرلەمان لەڕێی ئەو كورسیانەی بەدەستیهێناوە، دووەمیش، لەبەرئەوەی كاندیدكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان نەك كەسێكی تر، ئەویش كەسایەتیەكی سەركردەو سەربازێكی دێرینە" دەشڵێت"هیچ ناوێكی تر بۆ ئەو پۆستە تێناپەڕێت، لە ئێستا بەدواشەوە قبوڵی ناكەین كاری دەوڵەت بەوەكالەت بەردەوامبێت بە پاساوی نەبوونی ڕێككەوتن و سازان".
ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە"ناكۆكی لەنێوان هەردوو كوتلەی بونیاتنان و چاكسازی هێشتا بەردەوامە سەبارەت بە "فالح فەیاز" كاندیدی وەزیری ناوخۆ كە عەبدولمەهدی نەیتوانی لەناو پەرلەمان تێیپەڕێنێ بەهۆی بوونی ڤیتۆی موقتەدا سەدر لەسەری، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە فالح فەیاز كاندیدی كوتلەی بونیاتنانە، بە تایبەت فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت و سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن فەیازەوە، لە كاتێكدا سەدریش پێداگری لەسەر ڕەتكردنەوەی دەكات بێئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات، لە حاڵەتی بەردەوامی ناكۆكییەكانیش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و سائیرون، ئەوا ئەو تەوافوقەی بووە هۆی هێنانە پێشەوەی عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی پەسەندكراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی پارچەبوونی لەسەرە.