كۆمەڵی ئیسلامی لە پێنج هەڵبژاردندا
2018-10-27 20:05:09
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە ساڵی 2001 دامەزراوە، ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ( 30ی ئەیلولی 2018)ی پەرلەمانی كوردستان، كورسیەكانی زیادیكردوو دەنگەكانی كەمیكرد, بەڵام هاورێكانی ( یەكگرتوو ، گۆڕان) كورسی و دەنگەكانیان بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە بەشێك لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق بەیەك لیست لەگەڵ یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە بەشداربووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگەكانی چەندێك كەمی كردووە
لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (144,987 ) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 2 كورسی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (140,771 ) دەنگی بەدەستهێنا بەڵام هەر 2 كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەی دەنگەكانی زیاتر لە ( 4 هەزار ) دەنگ كەمیكرد بەرێژەی ( 3%)، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە كۆمەڵ لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (91,968) دەنگی بەدەستهێناوە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 كۆمەڵ دەنگەكانی (53,019) بەرێژەی ( 36.5%) كەمیكردووە .
سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا كۆمەڵ (118,574) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 6 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا كۆمەڵ (109,494) دەنگی بەدەستهێنا، كورسیەكانی زیادی كرد بۆ 7 كورسی، بەڵام دەنگەكانی (9080) كەمیكردووە بە رێژەی ( 7.6%).