یەكێتی "فێڵ"ێكی تر لە پارتی دەكات
2018-10-27 18:13:22
درەو میدیا
لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقو لە یەكەم گەڕی وەرگرتنی متمانەدا لە پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پشكی كورد دوو وەزارەتی بۆ خۆی دەستەبەر كردو چاوەڕێی وەرگرتنی وەزارەتی سێیەمیش دەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی سێیەمو رەنگە بۆ وەرگرتنی متمانە لە گەڕی دووەمی متمانەبەخشیندا یەكێتی كارێكی ئەوتۆی بە پارتی نەبێت.
بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بەمەبەستی متمانەبەخشین بە هەشت وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە لە دانیشتنی پێشوودا یەكلانەكرانەوە، كورد لە گەڕی یەكەمی متمانەبەخشیندا دوو وەزارەتی وەرگرتو هەردوو وەزارەتەكە پارتی بردی، ئێستا یەك وەزارەت ماوەتەوە كە پشكی كوردەو هێشتا پەرلەمان متمانەی بە وەزیرەكەی نەداوە، هەندێك سەرچاوەش باس لەوەدەكەن، رەنگە پشكی كورد لەم كابینەیەدا بۆ (4) وەزارەت زیادكرابێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پشكی كورد (3) وەزارەت بێت، یەكێتی دەیەوێت وەزارەتی سێیەم بۆ ئەو بێت، ئەگەر پشكی كورد بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، رەنگە وەزارەتی چوارەم بدرێت بە یەكێك بە سێ لایەنەكە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی).
یەكێتی فێلێكی تر لە پارتی دەكات!
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە بەغداد زانیاری دەستكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوشێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار فێڵێكی تری لە پارتی كردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە قۆناغی یەكەمی متمانەبەخشیندا بە وەزیرەكان، پارتی سور بووە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ وەزارەتێك بە یەكێتی بدرێت، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە" نابێت یەكێتی بەشدار بێت، ئەگەرنا پارتی پاشەكشە دەكات"، بەڵام عادل عەبدولمەهدی بەهۆی ئەوەی پێویستی بە دەنگی پارتی بووە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی كابینەكەی متمانە وەربگرێت، بۆیە لە رۆژی یەكەمی متمانەدان بە كابینەكەی هیچ وەزارەتێكی بە یەكێتی نەداوە، بەڵام وەزیرێكیشی بۆ كورد هێشتوەتەوە.
ئێستا دوای ئەوەی زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی متمانەی پەرلەمانیان وەرگرتووە، عادل عەبدولمەهدی پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی نەماوە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو وەزارەتەكەی كە ماوەتەوەو پشكی كوردە بدرێت بە یەكێتی.
یەكێتی (خالید شوانی) كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە وزارییەی حكومەتی عێراق كە ماوەتەوەو هێشتا وەزیرەكەی متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، دیارنییە وەزارەتی سێیەم كە پشكی كوردە چ وەزارەتێك دەبێت، بەڵام لەدوو ئەگەر زیاتر نییە، یان وەزارەتی (كۆچو كۆچبەران)ە، یاخود وەزارەتی (داد)، یەكێتی هەریەكێك لەم دوو وەزارەتە وەربگرێت تەنیا یەك كاندیدی هەیە كە ئەویش (خالید شوانی)یە.
نەوزاد هادی كاندیدی پارتییە
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی پشتی پەردە لە بەغداوە بە (درەو میدیا) راگەیاند، پارتی سورە لەسەر ئەوەی وەزارەتی سێیەمیش بۆخۆی بباتو تاكە كاندیدی پارتیش بۆ وەزارەتی سێیەم (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێرە.
بەڵام زانیارییەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەو وەزارەتەی كە ماوەتەوە بدرێت بە یەكێتی، چونكە لەلایەك پارتی وەك پێشتر ناتوانێت ئەو فشارە لەسەر كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دروستبكاتو لەلایەكی تریش یەكێتی بە قورساییەكی زۆرەوە لە بەغدادەو دەیەوێت ئەو وەزارەتەی بۆ خۆی ببات، هاوكات عادل عەبدولمەهدیش دەیەوێت یەكێتی بەشدار بێت لە كابینەكەیدا.