Draw Media

تەنها دەنگی هاوپەیمانی لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییدا كەمیكردووە

تەنها دەنگی هاوپەیمانی لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییدا كەمیكردووە

2018-10-26 07:25:15


 
( درەو میدیا):

 لەبەرامبەر دیارنەمانی دەنگەكانی هاوپەیمانی و ئەو كەم و كوڕیارنەی لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاەبووە ( ئومێد حمەرشید محمد جاف)، كاندیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردوە.  
لە نوسێنێكدا كە لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەكردووە"  ژمارە دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بەپێی ئەنجامە بەراییە راگەیاندراوەكان بە رێژەی (٨٥%) لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، (٦٨٨٦) شەش هەزارو هەشت سەدو ‌هەشتاو شەش دەنگ بووە. هەروەها بەپێی ئەنجامە بەراییە نا فەرمیەكان كە لە كۆمسیۆن بڵاوكراوەتەوە، بەرێژەی (١٠٠%) دەنگەكانی لیستی (١٧٢) گەیشتە (٨١٠١) هەشت هەزارو سەدو یەك دەنگ بەڵام لە راگەینراوی كۆتایی ئەنجامەكاندا دەنگەكانی بووە بە(٢٩٨٣) دووهەزارو نۆسەدو هەشتاو سێ دەنگ كە  (٥١١٨) دەنگ لە كۆی (٨١٠١) دەنگ،  كەمكراوەتەوە" 
ئومێد جاف ئەوەشی رونكردۆتەوە"  هاوپەیمانی تەنها لیستێكە لەناو سەرجەم لیستە بەشدارەكان دەنگەكانی كەمی كردوە، بەپێچەوانەوە سەرجەم لیستەكان دەنگیان زیادی كردوە بەپێی راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان"

دەقی نوسینەكەی ئومێد جاف


ئەمرۆ تانەمان دا لە بریاری ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە (٦٣ لـــە ٢٠/١٠/٢٠١٨).
دەرفەتان هەبوو ورد بیخوێننەوە، دەبینن چی گوزەرا. 
ڕووی تانە:-
تانەلێدراو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند. لە بەرئەوەی بریارەكەیان نارەوایە بەمافی من‌و پێچەوانەی رێكارەكانی یاسایە، بۆیە لە ماوەی یاسای هەستاین بەتانە لێدانی لەبەر ئەم هۆكارانە:-

یەكەم/ راگەیاندنی ئەنجام: كۆمسیۆن نەیتوانی لەكاتی خۆیدا ئەنجامە بەرایەكان ئاشكرابكات، كە پێویست بوو لەماوەی (٧٢) كاتژمێر ئاشكرابكردایە، بەپێی ماددە (٤/٩: ئاشكراكردنی ئەنجامە بەرایەكانی هەڵبژاردنەكان بەمەرجێك لە (٧٢) كاتژمێر تێپەرنەكات) لەیاسای كۆمسیۆن .
لەدوای تێپەربوونی (٩٦) كاتژمێر كۆمسیۆن تەنها رێژەی (٨٥%) ئەنجامە سەرەتایەكانی بەفەرمی راگەیاندوە . دواتر ئامادەنەبووە (١٥%) بە فەرمی رابگەیەنێت.
ئاشكرا نەكردنی ئەنجامە بەراییەكان بەرێژەی (١٠٠%) ئەو راستیەی سەلماند كە داتاكانی كۆمسیۆن داتایەكی حقیقی نیە و یارمەتیدەربووە بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان.
هەروەها راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان لەنیوە شەوی پاش (٢١) رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، و سوتاندنی بەشێك لە دەنگەكان بە بێ زانیاری قەوارەكان لەسەر داتایەكی بەرایی، پێچەوانەی یاساییە.

دووم/ سوتاندنی دەنگ: سوتاندن و ئەژمارنەكردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوازی گشتی پێچەوانە دەوەستێت لەگەڵ ئەحكامی ماددەكانی (١٢ + ٢٠ + ٣٨/یەكەم) لە دەستوری هەمیشەی عێراق، وە بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٩٩، ١٠٤، ١٠٦/اتحادیە/ اعلام/٢٠١٨ لــە ٢١/٦/٢٠١٨) رەدی ئەم كارەی كردوە، وە بریاری ئەو دادگایە ملزمە بۆ هەموولایەك پێویستە پابەندی بن كۆمسیۆن، بەپێی ماددە (٩٤: بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن).

سێ‌هەم/ ژمارەی دەنگدەر: لە بریاری تانەلێدراودا كۆی رێژەی بەشداری بە (١٨٤٥٩٧٩) دەنگ دیاریكراوە. دەنگی پوچەڵ و بەتاڵ لە رۆژی هەڵبژاردن لە وێسگەكانی دەنگدان بریاری لەسەردراوە كە ژمارەیان (١١٦٣٨٣ + ٤٢٤٣٢ =١٥٨٨١٥) دەنگە و كاریگەریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نیە .
بەڵام دەنگی سوتاو لە (٩٦) بنكە لەئەنجامی یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان، دیاریكراوە بە (١١٩٦١٧) دەنگ.
ئەو داتایە كۆمسیۆن داتایەكی نا دروستە كە رایگەیاندوە؟ چونكە كۆمسیۆن تەنها یەك داتایەی فەرمی بە رێژەی (٨٥%) رێژەی بەشداربووان راگەیاندوە كە ژمارەی (١٣٥٥٩٥٩) دەنگە.
بە كۆكردنەوەی دەنگی دروست و سوتاوەكان (١٥٦٧٥٤٧+١١٩٦١٧= ١٦٨٧١٦٤)، دواتر وەرگرتنی رێژەی لە (٨٥%) لە دەنگی دروست و سوتاو، دەردەكەوێت ژمارەی دەنگەكان دەبێت بە (١٤٣٤٠٩٠) دەنگ. كە پێویستە هەمان ژمارە دەربچێت بەرێژەی (٨٥%)، بەڵام ئەم رێژە دەنگە جیاوازە لە رێژەی سەدی و ژمارەی دەنگە راگەیەندراوەكان.
واتە (٧٨١٣١) حەفتاو هەشت هەزارو سەدو سی و یەك دەنگ جیاوازی هەیە لە نێوان دوو راگەیەندراوی فەرمی كۆمسیۆن بە رێژەی (٨٥%) بۆ ئەنجامی بەرایی و كۆتایی، كە زیاترە لە (٥) كورسی پەرلەمانی كوردستان.

چوارەم/ دیارنەمانی دەنگەكانی لیستی (١٧٢): ژمارە دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بەپێی ئەنجامە بەراییە راگەیاندراوەكان بە رێژەی (٨٥%) لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، (٦٨٨٦) شەش هەزارو هەشت سەدو ‌هەشتاو شەش دەنگ بووە. هەروەها بەپێی ئەنجامە بەراییە نا فەرمیەكان كە لە كۆمسیۆن بڵاوكراوەتەوە، بەرێژەی (١٠٠%) دەنگەكانی لیستی (١٧٢) گەیشتە (٨١٠١) هەشت هەزارو سەدو یەك دەنگ .
هاوپەیمانی تەنها لیستێكە لەناو سەرجەم لیستە بەشدارەكان دەنگەكانی كەمی كردوە، بەپێچەوانەوە سەرجەم لیستەكان دەنگیان زیادی كردوە بەپێی راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان.
دابەزینێكی بەرچاوی (٥١١٨) دەنگ لە كۆی (٨١٠١) دەنگ، ئەژماركردنی بەتەنها (٢٩٨٣) دووهەزارو نۆسەدو هەشتاو سێ دەنگ نەگونجاوە لەگەڵ قورسایی رێژەی دەنگی هاوپەیمانی. لەكاتێكدا ئەم لیستە نە كۆمەڵگای نیشتەجێ‌بوونی هاودیدانی هاوپەیمانی هەیە لە شوێنە جیاوازەكان هەرێم لە یەك ناوەندی دەنگدان بە كۆمەڵ دەنگیان دابێت یان هیزی چەكداری هەیە پەلاماری ناوەندەكانی دەنگدانی دابێت و فشارو ترس و تۆقاندنی ئەنجام دابێ بەرامبەر فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و هاوڵاتیان، تا كۆمسیۆن بە كۆمەڵ دەنگەكانی بسوتێنێت لە (٩٦) ناوەندی دەنگدان!!

پێنجەم/ بەراوردكردن: بەراوردكردن لە نێوان دەنگی راگەیەندراوی سەرجەم لیستە بەشدارەكان بەرێژەی (٨٥%) لەگەڵ ئەنجامی كۆتاییەكانیان بەرێژەی (١٠٠%) لەلایەن كۆمسیۆن، دەردەكەوێت بەتەنها لیستی (١٧٢) دەنگەكانی كراوە بە ئامانج، بەم شێوەیە:-
ژ ژمارەی لیستەكان رێژەی (٨٥%) رێژەی (١٠٠%) جیاوزیەكان
١ ١٠٥/ یەكێتی    ٢٨٧٥٧٥ ٣١٩٩١٢    + ٣٢٣٣٧
٢ ١١٩/ ئیصلاح ٦٩٤٧٧ ٧٩٩١٢ + ١٠٤٣٥
٣ ١٢٧/ سەردەم ١٣٧٠٨ ١٥٤٣٤ + ١٧٢٦
٤ ١٣٤/نەوەی نوێ ١١٣٢٩٧ ١٢٧١١٥ + ١٣٨١٨
٥ ١٤٨/ گۆران ١٦٤٣٣٦ ١٨٦٩٠٣ + ٢٢٥٦٧
٦ ١٥٦/ پارێزگاران ٣٠٢٨ ٣٦٢٨ + ٦٠٠
٧ ١٦٤/ ئازادی ٧٠٦٩ ٨٠٦٣ + ٩٦٧
٨ ١٧٢/ هاوپەیمانی ٦٨٨٦ ٢٩٨٣ - ٣٩٠٣ كەم
٩ ١٨٣/ پارتی ٥٩٥٥٩٢ ٦٨٨٠٧٠ + ٩٢٤٧٨
١٠ ١٩٤/ كۆمەڵ ٩٤٩٩٢ ١٠٩٤٩٤ + ١٤٥٠٢
كۆ ١٣٥٥٩٥٩ ١٥٦٧٥٤٧ ١٨٥٥٢٧

قیاس بۆ كورسیەكانی لیستی (١٧٢) بكەین لە بریاری (٦٢+ ٦٣ لە ٢٠/١٠/٢٠١٨) هاتووە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی تەنها (٩٦) ناوەندی دەنگدان لە پارێزگاكانی سلێمانی هەولێر دهۆك. بەركەوتەی لیستی هاوپەیمانی بە رێژەی سەدی (٤.٤%) كۆ سەرجەم دەنگە سوتاوەكانی بەركەوتووە كە (٥١١٨) دەنگە.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە قیاس بۆ دەنگەكانی لیستی (١٧٢) بكەین لە بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم، واتە هاوپەیمانی مستحقی ئەوەیە بە ببێت خاوەنی نزیكەی (٥) كورسی پەرلەمانی كوردستان؟!

شەشەم/ كۆمسیۆن: دابەش بوونی خودی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەسەر دووبەرەی جیاواز لەسەر راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان. دەركردنی بەینامە لەلایەن (٤) كۆمسیار كە تێدا ئاماژە بە پێشێلكاری و تێپەراندنی ئەنجامەكان دەكەن، بەڵگەن بۆ راوەستانی دادگای بەرێزتان لەسەر پێداچونەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەكان.

حەوتەم/ سكاڵاكان: بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆن لەئەنجامی پێشلكاریەكان رۆژی هەڵبژاردن (١٠٤٥) سكاڵای پێشكەش كراوە. لە بریاری ٦٢ لە ٢٠/١٠/٢٠١٨ هاتووە كە (٦١٤) سكاڵا رەدكراوەتەوە، (١٦٧) سكاڵا قبوڵكراوە. بەڵام چارەنووسی (٢٦٤) سكاڵا نادیارە؟!
لەهەمان بریاردا هاتووە لە ئەنجامی قبولكردنی (١٦٧) سكاڵا، (٩٦) بنكەی دەنگدان پوچەڵكراوەتەوە لە پارێزگای هەولێر (٥٩)، لە پارێزگای سلێمانی (٢٧)، لە پارێزگای دهۆك (١١)، لە كاتی كۆكردنەوەی ناوەندەكان كۆمسیۆن بە هەڵە داتاكانی تۆماركردوە: (٥٩ + ٢٧ + ١١ = ٩٧).

لەبەر ئەو هۆكارنەی ئاماژەی پێدرا، سەرجەم ئەو هۆكارانەی بۆ دادگا بەرێزەكەتان روون دەبێتەوە بریار بدەن بە:

١- ئاراستەكردنی نوسراو بۆ فەرمانگەی تانەلێدراو بەمەبەستی داواكردنی بەراییەكانی فۆرمی (٥٣) لەو بنكانەی كە سوتێنراوە، بۆ وەرگرتنی داتای دروست لەسەر دەنگەكانی لیستی هاوپەیمانی لەو (٩٦) بنكەدا كە بۆتە هۆی كەمكردنی (٥١١٨) پێنج هەزارو سەدو هەژدە دەنگی لیستەكە.

٢- ئاراستەكردنی نوسراو بۆ فەرمانگەی تانەلێدراو بەمەبەستی داواكردنی بەرایەكانی دەنگی پوچەڵككراوە كە ژمارەی (١١٦٣٨٣) دەنگە و رێژەكەی (٦.٣%) كۆی رێژەی بەشداربووانی هەڵبژرادنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە.

٣- هەڵوەشاندنەوەی بریاری تانەلێدراوی ئاماژە بۆكراوی سەرەوە، گەرانەوەی دەنگەكانی لیستی (١٧٢)، كە مستحقی پێدانی (١) كورسیە بە زۆرینەی ماوە پاڵپشت بە ماددە (٣٦/٣: ئەو كورسیانەی لەئەنجامی دەسكەوتنی ماوەی دەنگ كە نەگاتە تێكرای هەڵبژرادن بە بەتاڵی دەمێننەوە دەبێتە هی ئەو قەوارانەی كەوا زۆرترین ماوەی دەنگیان بەدەستهێناوە بەشێوەی یەك لە دوای یەك) لەیاسای هەڵبژاردن ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەموواركراو. 
 

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand