حكومەتی هەرێم بە بەڵگە
2018-10-27 15:10:19
نیاز عەبدوڵڵا
بەشی یەكەم: نەمانی یادەوەری و وێنەی زیندوو
بەر لە رووخاندنی سینەماكە لە رێگای دوو بەدواداچوونی رۆژنامەوانیم لەسەر چوار سینەما دیرینەكەی شار (سەڵاحەددین، كریستاڵ، سیروان، حەمرا)، جارێكیان عەبدولڕەزاق مەعروف حەسەن-م دواند كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو سینەما سەڵاحەددینی بەڕێوە دەبرد، ئەو وتی "ئێمە چەندین جار نووسراومان پێشكەش بە وەزارەتی رۆشنبیری و حكومەت كردووە بۆ هاوكاریكردنمان تا بەردەوامبین لە كارپێكردنی سینەماكە و نمایشەكان، بەڵام ناچارین بیڕوخێنین چونكە حكومەت وەڵاممان ناداتەوە و سینەماكە بۆتە دیوەخانێك و بێ كار تیایدا دادەنیشین".
لە ساڵی 2006 لەو كاتەی كۆنترین سینەمای شاری هەولێر سینەما سەڵاحەدین رووخێندرا و دواتر شوێنەكەی كرایە گەراجی ئۆتۆمبێل، حكومەتی هەرێم سەدان هەزار دۆلاری دەدا بە كۆمپانیاكان و سینەماكاران تا فیلمی سینەمایی كوردی بەرهەمبێنن بەبێ ئەوەی یەك سینەما هەبێت فیلمی تیا نمایش بكرێت، سێ سینەماكەی تریش كە پڕ بوو لە یادەوەری خەڵك تا ئەمڕۆ كراونەتە كۆگای شتومەك.
حەوت ساڵ دوای رووخاندنی كۆنترین سینەمای هەولێر، سەرەڕای ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی ئێمە و چەندین ھونەرمەند و نووسەری شارەكە لە 4ی تەمموزی 2013، بەڵام بە ناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی، كۆنترین ھۆڵی نمایشی شانۆیی كە ھێشتا بۆنی نمایشە بەرەنگارییەكانی سەردەمی بەعسی لێ دەھات رووخێندرا و بڕی (8 ملیار و 242 ملیۆن 616 هەزار و 495 دینار)یان بۆ تەرخانكرد، هۆڵی گەل-یش نەك هەر هۆڵێكی مۆدێرنی شانۆیی لە شوێن بونیاد نەنرا بەڵكو ئێستا یەكێكە لە كەلاوەكانی پایتەخت. زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بەڵێنی جێبەجێكردنی هۆڵە شانۆییە مۆدێرنەكە تێپەڕیوە و جگە لە پەرتەوازەكردنی بەشی مۆسیقا كە 150 ژەنیاری بە ئەزموون بوون و لەو هۆڵەدا راهێنانیان دەكرد، شارەوانی پلانی وایە چەند مەترێك لەولای هۆڵەكە لە رۆژانی داهاتوو بەناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی شەقامی میللی ئیسكان كاسبكارە خاوەن عەرەبانەكان لەوێ دوور بخاتەوە.
تێكدانی بازاڕە میللییە دێرینەكانی هەولێر سەرەتا بە تێكدانی بازاڕی لەنگە دەستی پێكرد، دواتر بەناوی پرۆژەی بازاڕی مۆدێرن بازاڕی نیشتیمانی لێ دروست كرا و پرۆژەكەش نەك هەر تەواو نەكرا بەڵكو یەكێكە لە سیما ناشرینەكانی شار و لە ناوەوەش شوێنكی ترسناك و نائارامە.
حكومەت بە ناوی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ماستەر پلانی هەولێر، كۆنترین فەرمانگە میژووییەكانی وەك دادگای هەولێر و نەخۆشخانە و قوتابخانەی بەرامبەر قەڵای هەولێری رووخاند و ئێستا كردوویەتییە گەراجی ئۆتۆمبێل.
حكومەتی هەرێم لەو كاتانەی پەنا دەباتە بەر رووخاندنی ناوەندە سیموبولی و پر یادەوەرییەكانی خەڵك، دەتوانێت ئەو ناوەندانە وەك مۆزەخانە بپارێزێت و لە شوێنێكی تر پرۆژە نوێیە "مۆدێرنەكان"ی بونیاد بنێت.
بەڵام حكومەت لە بەرامبەر خواستی زیادەڕۆی بۆ دەستخستنی پارە و بەكارهێنانی موڵكی گشتی، واییكردووە باكی بە سیمبولە دێرین و پڕ یادەوەرییەكانی تاك و كۆمەڵگا نەبێت و بۆی ئاساییە یادەوەری وێنەیی و ئاسەوارەكانی ئەو یادەوەریانەش بسڕێتەوە چونكە بەشێك نین لە شوناسی سەركردە حیزبییەكان.
رووخاندنی ئەو شوێنانەی ناوم هێناون بەراورد دەكەم بە پرۆژەیەكی ستراتیژی گرنگ كە داهاتووی ئاسایشی ئێمەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوە بەندە، ئەویش بەنداوی بێخەمەیە. لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ سڕینەوەی یادەوەری گەلانی كوردستان، بەڵام بەهۆی شوێنەكانی تر كە ناوچەی خێڵی حیزبە لە بارزان پرۆژەیەكی وەك بەنداوی بێخمە وەستێندراوه، بەو ئامانجەی ناوچەكە نەكەوێتە ژێرئاوەوە و وەك سیمبولێكی بنەماڵەیی بمێنێتەوە، لە كاتێكدا بەنداوەكە شوینێكی جێگرەوەی تری نیە بۆ دروست كردن بەو قەبارە و ستراتیژیەتە لە كوردستان.
لە پاڵ بە "مۆدێرنكردن"ی ناوەندە سیمبولی و كۆنەكانی شار، حكومەتی هەرێم بە مۆدێرنكردن لە بەرزكردنەوەی باڵەخانە بەرزەكاندا دەبینێت نەك پارێزگاریكردن لە میژووی گەلانی و بونیادنانی ژێرخانی فیكری و ئابووری. بۆیە لەگەڵ هەر بەرزكردنەوەی باڵەخانەیەك لە شارەكان، ژمارەیەكی زیاتر لە خوێندكار بەهۆی هەژاری لە خوێندن دادەبڕێن و لەبەردەم ئەو پرۆژە مۆدێرنانەی حكومەت كاری دەستگێری دەكەن.