Draw Media

بارزانی بێبەشكردنی یەكێتی كردووە بەمەرج بۆ بەشداری لەحكومەت 

بارزانی بێبەشكردنی یەكێتی كردووە بەمەرج بۆ بەشداری لەحكومەت 

2018-10-26 20:52:41


( درەو میدیا):
بارزانی هەڕەشەی بایكۆتكردن و دژایەتیكردنی حكومەتی لەعادل عەبدولمەهدی كردووە، ئەگەر وەزارەت بدات بەیەكێتی.
(بەها ئەعرەجی) سەركردە لەڕەوتی سەدر و جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیەنیوز" ئاشكرایكرد: یەكەم وەزیر كە (عادل عەبدولمەهدی) لەحكومەتەكەی دەستنیشانیكردبوو (خالید شوانی) بوو بۆ وەزارەتی داد، بەڵام لەدواین ڕۆژدا مەسعود بارزانی تەلەفونی بۆ عادل عەبدولمەهدی كردوو و پێیڕاگەیاند "ئەگەر وەزارەت بدەیت بەیەكێتی بەشداری لەحكومەت  ناكەم و دژیشی دەوەستم".                              ئەعرەجی وتیشی"عادل عەبدولمەهدی ئەگەر بەقسەی بارزانی نەکردایە ٤٥ کورسی پارتی و هاوپەیمانەکانی لەدەست دەدا، وێڕای ئەوەی هاوپەیمانی و تەوافوقیان هەبوو، بۆیە ڕێککەوتن کرا کە وەزارەتی داد بدرێت بەکەمینەکان و لەلایەن بارزانییەوە وەزیرەکەی دەستنیشانبکرێت".
پێداگری بارزانی لەوەرنەگرتنی هیچ وەزارەتێك لەلایەن یەكێتیەوە لەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوەدێت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ململانێیەكی توندیان كرد، بارزانی دەیویست ئەو پۆستە (فوئاد حسێن) وەربگرێت بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتونەبو ، (بەرهەم ساڵح) كە لەلایەن یەكێیتی نیشتمانی كوردستانەوە كاندیدكرابو بۆ ئەوپۆستە، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.
ساڵی (2010)ش، لەگەرمەی ململانێكانی نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)دا، لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی ئەوكاتی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی (نوری مالیكی)، (مەسعود بارزانی) بە(مالیكی )ڕاگەیاند"ئەگەر وەزارەت بدەیت بەبزوتنەوەی گۆڕان ئەوا پارتی بایكۆتی كابینەی حكومەتی عێراق دەكات" بەوهۆیەشەوە (نوری مالیكی) بزوتنەوەی گۆڕانی لەحكومەت بێبەشكرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand