Draw Media

پۆستی حكومەت، بەلەمێكی مسۆگەرە بۆ گەیشتن بە پەرلەمان

پۆستی حكومەت، بەلەمێكی مسۆگەرە بۆ گەیشتن بە پەرلەمان

2018-10-29 12:15:03


 ئا: نامیق رەسوڵ 
بەدەستهێنانی پۆستێكی حكومیی لە عێراقدا باشترین و خێراترین دەروازەیە بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، نە پێویستی بە بڕینی پلە حزبییەكانە و نە خەرجییەكی زۆریشی دەوێت.
ئەم ئەزمونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، زیاتر لە 10 بەرپرسی حكومیی تاقیانكردەوە و لە رێگەیەوە كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
خۆكاندیدكردن لە رێگەی پۆستێكی حكومیی و دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە ئازادی زیاتر بە كاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبەخشێت تا ئاراستەی سیاسی خۆی هەڵبژێرێت و خۆی لە باجی ئینتیمابوون بۆ حزبە گەورەكان رزگاربكات.
لەو هەڵبژاردنەدا چەند بەرپرسێكی حكومیی زۆرترین دەنگیان لەسەر ئاستی پارێزگاكانیان بەدەستهێنا:
•     (جەبار لعێبی) وەزیری نەوتی كابینەكەی عەبادی لە پارێزگای (بەسرە) زیاتر لە 28 هەزار دەنگی بەدەستهێنا،
•    (كازم فنجان حەمامی)ی وەزیری گواستنەوە لە هەمان پارێزگا زیاتر لە هەشت هەزار دەنگی بەدەستهێنا و ئەوەش بەس بوو بۆئەوەی دوای لەدەستچوونی پۆستی وەزارەتەكەی، كورسییەك لە پەرلەمان مسۆگەربكەن.
 هەرچەندە ئەو دوو وەزیرە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانیان كاندیدی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بوون، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا ئاراستەی سیاسیی خۆیان گۆڕی ( لعێبی) هاوپەیمانی نەسری  هەڵبژارد و (حەمامی)یش دەوڵەتی یاسا.
بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان بۆ كەسێك كە پێش هەڵبژاردن پۆستی حكومیی هەبێت، بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە كاریگەری پۆستەكە و توانای لە كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكان و فەرمانە ئیدارییەكان كە پەیوەندیان بە بەرژەوەندی زۆرترین چینی كۆمەڵگەوە هەیە.
رێگای بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان، تەنها بۆ پۆستە وزارییەكان ئاسان نەبوون بەڵكو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش پشكیان بەركەوت، " عەباس یابر" بەڕێوەبەری كارەبای (واست) بە بەدەستهێنانی نزیكەی حەوت هەزار دەنگی پارێزگاكەی، كورسییەكی پەرلەمانی مسۆگەر كرد، هەرچەندە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە لە پۆستەكەی دوورخرابوەوە.
پارێزگاری پارێزگاكانیش هەرچەندە ئەداو خراپی خزمەتگوزاریی پارێزگاكانیان لە یەكەوە نزیكە، بەڵام زۆرترین كورسی پەرلەمانیان لە هەڵبژاردنی 2018 دا بەدەستهێنا، بە جۆرێك (9) پارێزگار سەركەوتن بۆ پەرلەمان و لەو ژمارەیەش شەشیان پێشتر ئەندامی پەرلەمان نەبوون، ئەوانیش بریتی بوون لە:
-    ئەسعەد عیدانی : پارێزگاری بەسرە
-    مەحمود مەلا تەڵاڵ : پارێزگای واست
-    سادق مەدلول: پارێزگاری بابل
-    عەتوان عەتوانی: پارێزگاری بەغدا
-    ئەحمەد جبوری : پارێزگاری سەڵاحەدین
-    راكان سەعید جبوری: پارێزگاری كەركوك
بانگەوازەكان بۆ دوورخستنەوەی دامەزراوەی سەربازی لە سیاسەت و نەبووە رێگر لەبەردەم فەرماندە سەربازییەكان بۆئەوەی نەچنە كێبركێی هەڵبژاردنەوە،  یەكێك لەوانە فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا فەریق روكن (محەمەد رەزا ئال حەیدەر)ە كە دوای لەسەركارلابردنی بەهۆی چونە ناوەی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز ساڵی 2016 لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی (سائیرون) بەشداری هەڵبژاردنی كرد و بە 16 هەزار و 780 دەنگ كورسییەكەی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.
هەروەها عەمید (سەعران ئەعاجیبی) فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای موسەنناس بە 25 هەزار دەنگ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ڕەنگە (فالح فەیاز) سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دیارترین نمونەی خۆكاندیدكردنی بەرپرسانی ئەمنیی عێراق بێت كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نەك هەرخۆی بەڵكو  بەلیستێك (لیستی عەتا) لە چوارچێوەی (ئیئتیلافی نەسر) ی (حەدیدەر عەبادی)دا بەشداری هەڵبژاردنی كرد چەند كورسیەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد ودواتریش چووە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەی (مالیكی و عامری).


سەرچاوە: درەومیدیا+ ماڵپەڕی " NAS"
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand