Draw Media

شەڕی وەزارەتە پڕنەكراوەكان دیمەنی سیاسی شڵەژاندوە

شەڕی وەزارەتە پڕنەكراوەكان دیمەنی سیاسی شڵەژاندوە

2018-10-31 09:58:06


راپۆرتی: ئارام مەحمود
لەهەفتەی یەكەمی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتەكەیدا، كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە بەرۆكی (عادل عەبدولمەهدی) دەگرن، لەگەڵ ئەوەی لەدواین دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لەكۆی (22) وەزارەت تەنها (14) كاندیدی بۆ تێپەڕندرا، پێش یەكلاكردنەوەی چارەنوسی (8) وەزارەتی تری كابینەكەی كە ئەوانیش ناكۆكییەكی قوڵیان لەسەرە، تادێت دەنگی ڕەخنە و ناڕەزایی لەسەر بەشێك لەو وەزیرانەشی كە متمانەیان پێدراوە بەرزترو زیاتر دەبن، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكیان تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەیان دەدرێتەپاڵ كە ڕێوشوێنەكانی (لێپرسینەوەو دادپەروەری) دەیانگرێتەوە، لەگەڵ كۆمەڵێك تۆمەتی تر كە ئاڕاستەیان دەكرێت"ئەوەش سەرەتایەكی دڵخۆشكەر نیە بۆ حكومەتێك كە شەقام چاوەڕوانیی و هیوای گەوری پیادا هەڵواسیوە" وەك هەندێك لە ئاگایانی دۆخى عێراق دەڵێن.  

كێشەی وەزارەتە پڕنەكراوەكان

كێشەو بێبەختی (عەبدلمەهدی) تەنها لەو چەند وەزیرەدا كورتنەبووەتەوە كە تۆمەتیان ئاڕاستەدەكرێت، بەڵكو ژمارەیەك لەناوی ئەو كاندیدانەشی كە بۆ (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكە پێداگریان لەسەر دەكات، حاڵَیان لەو چەند وەزیرە باشتر نیە كە متمانەیان وەرگرتووەو تۆمەتیان ئاڕاستەدەكرێت، بەوهۆیەشەوە ململانێیەكی توند هاتوەتەئاراوەو پێناچێت لە دانیشتنی ڕۆژی 6ی مانگی داهاتوودا كە بڕیارە سەرۆك وەزیران جارێكی تر ناوەكانیان پێشكەشی پەرلەمان بكات، هەروا بەئاسانی متمانەیان پێبدرێت.
بەپێی دواین زانیارییەكان، تائێستا گفتوگۆكانی عەبدلمەهدی لەگەڵ كوتلە سیاسیيە جیاوازەكان هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە سەربازگەكەی (نوری مالیكی-هادی عامری)یە، پێداگری لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆو، سەدرییەكانیش ڕەتیدەكەنەوە، هاوكات (ئەسما سالم)یش، كە خوشكی (ریان كلدانی) سەركردەی گروپی چەكداری (بابلیون)ە، سەدرییەكان و سوننەكان بەتوندی ڕەتیدەكەنەوە وەزارەتی داد وەربگرێت، بەپاساوی ئەوەی "تەمەنێكی كەمی هەیەو ساڵی 2005 كۆلیژی یاسای تەواوكردووە، لەپێكهاتەی (كریستیان)یشە، لەكاتێكدا وەزارەتی داد پێویستی بە دادوەرێكی پسپۆڕو بەتەمەن هەیە، وێڕای ئەوەی  زۆربەی ئەو یاسایانەی وەزارەتی داد لێی بەرپرسیارە یاسای ئیسلامین".

ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانیش كاندیدكردنی (حەسن ئەلروبێعی) كاندیدی كوتلەی (عەسائبی ئەهلی حەق) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەتدەكەنەوەو، دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە بەڵام بەشێك نیە لەناوەندی ڕۆشنبیری، وێڕای ئەوەی "كاندیدی گروپێكی چەكدارە، كە ئەوەش بۆخۆی جێگەی مشتومڕێكی زۆرەو كۆكردنەوەیان لەیەك سەبەتەدا كارێكی قورسە". 

سوننەكان ئەزمونی كورد دووبارە دەكەنەوە

(وەزارەتی بەرگریی)، یەكێكی ترە لەو وەزارەتانەی كە لەناو سوننەكان ناكۆكی توندی لەسەرەو، ئەگەر تا 6ی مانگی داهاتوو ڕێككەوتن نەكرێت، یەكیك لە ئەگەرەكان ئەوەیە هەردوو كوتلەكە ( بونیاتنان)و (چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە) بەدوو كاندیدی جیا بچنە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كاندیدێكیان بۆ ئەو وەزارەتە، وەك ئەوەی (یەكیتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گرتیانەبەر.
(ئەحمەد جەربا) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی) بەڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی ڕاگەیاندووە"سوننەكان دوو كاندیدیان هەیە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەوانیش (هیشام ئەلدەراجی) كاندیدی هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی)و (فەیسەڵ جەربا)یە كە سەرۆك وەزیران دەیەوێت وەك كاندیدی (ئیئیتلافی وەتەنیە)ی ئەیاد عەلاوی و هەندێك هێزی تری سوننە كە دیارترینیان (ساڵح موتڵەگ)ە، پێشنیازی بكات.

ڕونیشكردوەتەوە، "تائێستا ئەو ناكۆكییە لەناو كوتلە سونییەكان یەكلانەكراوەتەوە.. كێشەكە ئەوەیە عەبدولمەهدی بەنیازە وەك ئەوەی چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ڕایگەیاند، هەمان ئەو ناوانە پێشكەش بە پەرلەمان بكات كە ناكۆكی لەسەر هەندێكیان هەیە".

هاوپەیمانی فەتح هەڕەشە دەكات

هەر لەو چوارچێوەیەدا، (عەبدولەمیر ئەلدبی) سەركردە لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندو" لەدانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا كاندیدی ئەو وەزارەتانە متمانەیان پێدەدرێت كە لەدانیشتنی پێشوودا پەسەند نەكران"، تەئكیدیشی كرد"هاوپەیمانێتیيەكەی ڕێگە بەدەستوەردانی كوتلەی (سائیرون و حیكمە) نادات بەربەست بۆ تێپەڕاندنی (8) وەزارەتەكە دروستبكەن" هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدی وەزارەتەكانیشی بۆ كێشەی شەخسی هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری گێڕاوەتەوە، بەوپێیەی پێشتر سەربە ڕەوتی سەدر بوون".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand