Draw Media

ترەمپی بەرازیل كورسی سەرۆكایەتی بەدەستهێنا

ترەمپی بەرازیل كورسی سەرۆكایەتی بەدەستهێنا

2018-10-29 15:38:22


( درەو میدیا):
كاندیدی راستڕەو "جایر پۆڵسۆنارو" لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرازیلدا كە یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
لەو هەڵبژاردنەدا پۆڵسۆنارو توانی 55.7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و سەربكەوێت بەسەر كاندیدی چەپ فرناندۆ حەداد كە 43.3%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەوەش بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی كە دادگای باڵای هەڵبژاردنی بەرازیل رایگەیاند دوای جیاكردنەوەی بەشێكی زۆری دەنگەكان.
خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرازیلیدا كە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بە پێشكەوتنی پۆڵسۆنارو كۆتاییهات كە لەم ماوەیی دواییدا بە چەقۆ هێرشیكرایە سەر، بەڵام لە مردن رزگاری بوو.
پۆڵسۆنارو بەهۆی لێدوانەكانییەوە دژی هاوڕەگەزبازەكان و چەند هەڵوێستێكی شۆڤێنی، بەشێكی زۆر لە بەرازیلییەكانی نیگەران كردن بەڵام چەندین ملیۆن لە لایەنگر و هەوادارانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە كەسێكی فریادڕەسی دەزانن بۆ وڵاتێك كە بەهۆی بەربڵاوی تاوانەوە دەناڵێنێت و بەشێكی زۆر لە لایەنگرانی نازناوی " ترەمپی بەرازیل" یان پێبەخشیوە، كەواتە جایر پۆڵسۆنارو كێیە؟
بیروڕای شۆڤێنیی
پۆڵسۆنارو ساڵی 2011 لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " پلای بۆی" وتی:" بەباشتری دەزانێت كوڕەكەی بە رووداوێك بمرێت نەك هاوڕەگەزبازبێت".
هەروەها ساڵی 2015 لەلایەن دادگاوە غەرامەكرا بەهۆی توانجێكییەوە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لە خاتوو ماریا دور رۆزاریۆ ئەندامی كۆنگرێس و تێیدا وتبووی:" ئەو زۆر ناشرینە و شایستەی ئەوە نییە دەستدرێژی سێكسی بكرێتەسەر". هەروەها بەهۆی لێدوانی شۆڤێیینەوە بەرامبەر بەرازیلییە بە رەگەز ئەفریقییەكان رووبەڕووی لێكۆڵینەوە بووە، بەڵام لەم دواییەدا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا شێوی قسەكردنی  گۆڕانی بەسەردا هات و بووە كەسێكی زیاتر كراوەو لێبوردە و لە لێدوانێكیدا وتی:" هەموو چینەكانی گەل لە سپی و ڕەش و هاوڕەگەزبازەكان یەكدەخەین، بەرپرسان و كرێكاران یەكدەخەین و تۆوی ناكۆكی لە نێوانیاندا ناچێنین".


حزبێكی لاواز
پێش هەڵبژاردن ئەندامێكی كۆنگرێسی بەرازیل رایگەیاند جایر پۆڵسۆنارو دەبێتە نوێنەری پارتی سۆسیال لیبراڵ "  PSl" كە وەك حزبێكی بێ‌ سەنگ لە  گۆڕەپانی سیاسیی بەرازیلدا تەماشادەكرێت و ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە كاتی پێویستی بۆ بانگەشە نابێت لەسەر تەلەفزیۆن و كاتەكەی كەمتر دەبێت لە 10 چركە و ئەوەس چانسی لە پێشبڕكێیی هەڵبژاردندا كەمدەكاتەوە، بەڵام پۆڵسۆنارو وتاری بۆ لایەنگرانی داو وتی:" حزبێكی گەورەمان نیە، و پارەشمان بۆ بانگەشە نییە، و كاتی پێویستیشمان لە تەلەفزیۆن نییە و ئەوەی ئەوانی تر هەیانە ئێمە نیمانە، بەڵام ئێوەمان هەیە گەلی بەرازیل".
هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، جایر پۆڵسۆنارو لە وتارەكانیدا بەڵینیدا بە گۆڕینی دۆخی وڵات و بەهێزكردنی حكومەتەكەی بە ئەفسەرانی سەربازیی و دەرچوونی بەرازیل لە پەیماننامەی پاریسی تایبەت بە كەشوهەوا.
خێزانەكەی
جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1955 لەدایكبووە و سێجار هاوسەرگیری كردووە و پێنج منداڵی هەیە و ئێستا لەگەڵ هاوسەری سێیەمی میشیل دی پاولا پۆڵسۆنارو دەژی كە دایكی كچە تاقانەكەی لۆرایە.
كاتێك جایر پۆڵسۆنارو، ئەندامی كۆنگرێسی بەرازیل بوو، میشێلی هاوسەری كە بە سكرتێری دەستیپێكردبووە بە خێرایی لە وەزیفەكەیدا بەرزبووە و مووچەكەی بە شێوەی نایاسایی دووهێند بوو، بەو هۆیەشەوە دادگای باڵای بەرازیل رایگەیاند ئەگەر میشێل بخوازێت بەردەوام بێت لە كارەكەی دەبێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوە چونكە ئەوە بە مەحسوبیەت دادەنرێت، بەڵام  پۆڵسۆنارو رەتیكردەوە و ئێستا بەیەكەوە لە گەڕەكی دەوڵەمەندەكانی شاری ریۆ دی جانیرۆ دەژین.


شەڕەنگێزی
جایر پۆڵسۆنارو دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی چوەتە ئەكادیمیای " میلیتار داس ئەگۆڵهاس نیگراس" كە ئەكادیمیایەكی سەربازی سەرەكییە لە بەرازیل و ساڵی 1977 تەواویكرد و ئەفسەرانی لێپرسراویشی  بە كەسێكی شەڕەنگێز وەسفیانكردووە كاتێك لە یەكەی پەڕەشووتوانانی سوپادا خزمەتی كردووە.
جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1986 دوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ گۆڤاری " ڤیجا"ی هەواڵی بەناوبانگ بوون كە تێیدا سكاڵایكرد لەسەر كەمبوونەوەی موچەی سوپا و ئەوەی راگەیاندد كە فەرماندەیی باڵای سوپا ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرانی دوورخستوەتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی بودجە نەك بەهۆی " لادان لە رێساكان" وەك فەرماندەیی بانگەشەی بۆ دەكرد.
دوای ئەو چاوپێكەوتنە ناوی پۆڵسۆنارو درەوشایەوە بووە مایەی سەڕسوڕمانی ئەو كەسایەتییە سەربازییانەی كە هەڵگری بیری راستڕەوی توندڕەوبوون و هەستیان بە نائومێدی دەكرد لە حكومەتی مەدەنی دیموكراتی بەرازیل و پۆڵسۆناروش دوای 17 ساڵ و كاتێك لە پلەی نەقیبدا بوو سوپای بەجێهێشت.
ژیانی سیاسی
جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1988 چووە ناو بواری سیاسەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئەندامی ئەنجومەنی شاری ریۆ دی جانیرۆ لەسەر لیستی حزبی دیموكرات مەسیحی، ساڵی 1990 لە هەڵبژاردندا سەركەوت و لەسەر لیستی هەمان حزبە بووە ئەندامی كۆنگرێسی فیدراڵی بەرازیل و ساڵی 2014 زۆرترین دەنگی ریۆ دی جانیرۆی بەدەستهێنا.
جایر پۆڵسۆنارو لەماوەی 25 ساڵ كاركردنیدا لە كۆنگرێسی بەرازیل 173 پرۆژە بڕیاری پێشكەشكرددووە و یەك یاساشی هەمواركردووە، بەڵام لە سەرجەم هەوڵەكانیدا بۆ گۆڕینی یاساكان و بەدیهێنانی پێشنیارەكانی شكستیهێناوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand