حزبی دەعوە لەحكومەت ڕیشەكێش دەكرێت
2018-11-01 10:13:12
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
لەدوای پێكهێنانی هەر حكومەتێكی نوێ لەعێراق، ناوەندە سەربازی و ئەمنیەكان و وەزارەتە مەدەنیەكان، مەترسی هەڵمەتی گۆڕانكاری بەرۆكیان دەگرێت، بەتایبەت پلەكانی بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكار، بەڵام ئەمجارە مەترسییەكان فراوانترن، لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیران و دەرچونی لەدەستی (حزبی دەعوە)، دوای (13) ساڵ لەحوكمكردنی عێراق، مەترسی بەخوریكردنی ڕیسەكەی و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە تۆكمەیەی لێدەكرێت كە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا چاندویەتی.
عەبدلمەهدی گۆڕانكاری گشتگیر دەكات
(عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پلانی هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی گشتگیر لەناو دامەزراوەكانی حكومەت، بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنیی و دەزگای هەواڵگری نیشتیمانیشەوە، پلانەكەی عەبدلمەهدی گۆڕینی ئەو سەرۆك بەش و بەڕێوەبەرە گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكارانە دەگرێتەوە كە زیاتر لەچوار ساڵیان لەپۆستەكانیادا بەسەربردووە، یان تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە یاخود لەبواری پسپۆڕی خۆیاندا كارناكەن.
گۆڕانكارییەكان فەرماندی لیوا و فەوج و فیرقەو هێزە تایبەتەكانیش دەگرێتەوە، هاوكات فەرماندەی هێزەكانی پۆلیس لەشاری بەغداد و پارێزگاكانی تریش دەگرێتەوە، ئەوەش لەڕێی لەكارخستنی هەندێكیان و گواستنەوەی هەندێكی تریان یاخود ڕەوانەكردنیان بۆ فەرمانگەی جەنگاوەرە دێرینەكان یان بۆ خانەنشینی، ئەمە بەقسەی بەرپرسانی نوێ لەحكومەتی عێراق كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) قسەیان كردووە.
گۆڕانكارییەكان 4 هەزار پلەی وەزیفی دەگرێتەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی نوێی حكومەتی عێراق ئاشكرایان كردووە، زۆرینەی ئەوانەی دەكرێنە ئامانج لەگۆڕانكارییەكان بنكەی سەرەكی (حزبی دەعوە)ن، هەنگاوەكانی (عەبدولمەدی)ش لەلایەن هێزە شیعیەكانەوە دەستخۆشی لێدەكرێت، بەتایبەت لەلایەن (ڕەوتی سەدر و ڕێكخراوی بەدر و ڕەوتی حیكمە)، بەوپێیەی (حزبی دەعوە) پۆست و وەزیفە گرنكەكانی لەزۆرینەی وەزارەتەكانی عێراق قۆرخكردووە و ئەنجامنەدانی كودەتایەك یان گۆڕانكارییەك لەهاوكێشەكانی ئێستا لەو پۆستانە، مانای وایە چونە دەرەوەی (دەعوە) لەلوتكەی دەسەڵات كاریگەریكی گەورەی نابێت بەهۆی بونی بنكەیەكی جێبەجێكرنی بەهێزی لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا.
بەشێكی تری ئەو زانیارییانەی باسدەكرێن، گۆڕانكاری گرنگن كە ڕەنگە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بگرێتەوە، بەتایبەت سەرۆكەكەی (مەدحەت مەحمود) كە تۆمەتبارە بە لایەنداریكردنی (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق.
گۆڕانكارییەكان بەیەكجار ناكرێن
سەرچاوە نزیكەكان لە موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر دەڵێن، نزیكەی 4 هەزار پلەی وەزیفی لەسەرۆكی بەشەوە بۆ بەڕیوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكار و فەرماندەی لیوا و هێزە ئەمنی و سەربازییەكان پرۆسەی گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و پلەبەندی، نەك بەیەكجار ، هاوكات دەستەی دەستپاكیش بەشدار دەبێت لەگۆڕانكارییەكان، چونكە نزیكەی لە80% ئەوانەی دەگۆڕدرێن تۆمەتبارن بەئەنجامدانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبونی خێرا و سەرپێچی یاسایی وەك دامەزراندنی كەسە نزیكەكانی خۆیان لەو دامەزراوانەی كاری تیادا دەكەن.
عەبادی جورئەتی گۆڕانكاری نەبوو
(عەلی سەعدی) ئەندامی حزبی شیوعی بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" بڕگەی چاكسازی كەعەبدلمەهدی خستویەتیە سەرشانی خۆی، چاكسازی پەیكەری كارگێری بەشێوەیەكی گشتی لەعێراق دەگرێتەوە و جوڵاندنی (مۆمیاكراوەكان) كە لەلوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن لەوەزارەتەكان و دامەزراوە خزمەتگوزراییەكان و سیادییەكان، هەروەها فەرماندەكانی سوپا و پۆلیس ئەوانەی بەرپرس بون لەكەوتنی شارەكانی عێراق" ڕونیشیكردوەتەوە"بەشێكی زۆریان بۆ سەردەمی (بۆڵ برێمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكی دەگەڕێنەوە كەتائێستا نەگۆڕاون" تەئكیدیشی كردووە"یەكێك لەناكۆییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پێشو حەیدەر عەبادی، سەبارەت بەوخاڵە بوو، لاوازبو لەڕوبەڕوبونەوەیدا، دەیزانی لە 60% ی ئەگەر زیاتر نەبێت لەوگەندەڵییە ئیداری و دواكەوتوییە گشتیەیەی لەعێراق هەیە بەهۆی ئەو بەرپرسانەوەیە، كە ڕەوانەی خانەنشینی نەكران یان نەگوازرانەوە و لێێچینەوەیان لەگەڵ نەكرا، بەوپێیەی لەسەر حزبی دەعوە حساب بوون.