Draw Media

دوورخستنەوەی ترەمپ یەكێكە لە ئەگەرەكان

دوورخستنەوەی ترەمپ یەكێكە لە ئەگەرەكان

2018-10-31 17:39:46


ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
ڕۆژی 6 مانگی داهاتوو، ئەمریكییەكان ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی نیوەیی وڵاتەكەیان، كە ڕوخساری نوێی كۆنگرێسی ئەمریكا و نیوەی دووەمی ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەنگدەكات.
لەم هەڵبژاردنەدا دیموكراتەكان هەوڵی وەرگرتنەوەی زۆرینەی دەدەن لە كۆمارییەكان لە یەكێك لە ئەنجومەنەكانی كۆنگرێس ( ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران) یاخود هەردووكیان پێكەوە. 
دەنگدەران لە هەڵبژاردنی "نیوەیی" دا، دەنگ بۆ 35 كورسی ڕیپێدراو لە ئەنجومەنی پیران و 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 36 حاكمی نوێ‌ بۆ ویلایەتەكان دەدەن.


هەڵبژاردنی نیوەیی چییە؟
هەڵبژاردنی نیوەیی هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران)، لە هەندێك لە ویلایەتەكانیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی حاكمی نوێ‌ دەدرێت، ئەو هەڵبژاردنە بە"نیوەیی" ناودەبرێت, چونكە دوای نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی ویلایەتەیە كگرتوەكانی دێت.

كورسییە ڕێپێدراوەكان لە ئەنجومەنی پیران كامانەن؟

كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی لاوازن لە ئەنجومەنی پیران كە (51) كورسیە بەرامبەر (47) كورسی دیموكراتەكان و دوو كورسی سەربەخۆكان.
هەڵبژاردنی نیوەیی بۆ (9) كورسی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران و دوو كورسی سەربەخۆ و 24 كورسیدیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوەیە دەرفەتی پارێزگاریكردنی كۆمارییەكان لە زۆرینەكەیان زیاترە لە لەدەستدانی.
كورسیە ڕێپێدراوەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران كامانەن؟
لەئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی (236) پەلەمانتارن بەرامبەر بە (193) پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، لەگەڵ بوونی (6) كورسی بەتاڵ. 
دیموكراتەكان كە هەوڵی زۆرینە دەدەن لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستیان بە لانی كەم بەدەستهێنانی (218)كورسییە، ئەوەش درەفەتێكی باشتری بۆ ڕەخساندون، چونكە هەڵبژاردن بۆ سەرجەم كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت.

كاریگەری هەڵبژاردنی نیوەیی لەسەر ترەمپ چییە؟

ئەو حزبەی زۆرینەی كۆنگرێس بەدەستبهێنێت ململانێ لەسەر هەندێ لە یاسا گرنگەكان یەكلادەكاتەوە، لەگەڵ هەندێك لە سیاسەتەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان دژین و كۆمارییەكانیش پشتیوانی جێبەجێكردنی دەكەن.
سەركەوتنی كۆمارییەكان لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی دووەمی حوكمی ویلایەتەكەی ترەمپ زۆر  ئاسان دەكات، كە دەرچەیەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی هەندێك لە یاساكان، لە نمونەی توندكردنی یاساكانی كۆچ.

خراپترین ئەگەرەكان
سیناریۆی "مۆتەكە" بۆ سەرۆكی ئەمریكا، خۆی لە سەركەوتنی دیموكراتەكاندا دەبینێتەوە، دواتریش لەكارخستنی لەپۆستی سەرۆكایەتی، كە ئەگەرێكی دوور نیە. 
بەڕای (رودی گیلیانی) پارێزەری تایبەتی ترەمپ"هەڵبژاردنی نیوەیی خۆی لە دوورخستنەوەو مانەوەی ترەمپ دا دەبینێتەوە"  ڕاشیگەیاندووە"ڕێوشێنەكانی دوورخستنەوە دەستپێدەكات ئەگەر دیموكراتەكان ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران".
ئەگەر دیموكراتەكان كۆنگرێس كۆنترۆڵبكەن، چاوەڕوان دەكرێت ڕووبەڕووی كۆمەڵێك یاسا ببنەوە كە ترەمپ هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات و دیارترینیان بەدەستهێنانی پارەیە بۆ دروستكردنی دیواری جیاكەرەوە لەگەڵ (مەكسیك) و ڕەتكردنەوەی ئەو سیستمە تەندروستییەی (باراك ئۆباما) داینا.
سەرچاوە: ئاژانسەكان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand