Draw Media

پەرلەمانی نوێی كوردستان.. بەهەشتی پارتییەكان

پەرلەمانی نوێی كوردستان.. بەهەشتی پارتییەكان

2018-10-31 10:53:35


راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف 
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە فۆرمی نوێ‌و شێوازێكی جیاوازتر لە خولەكانی پێشوو بەڕێوەدەچێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا رێژەی 45%ی كورسییەكان ( كورسییە گشتییەكان كە 100 كورسییە) بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە‌و بەم رێژەیە پارتی بەئاسانی دەتوانێت هەموو ئەو پرۆژە یاسایانە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت.

نیساب لای پارتییە!
لە نیوەی دووەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا (خولی ئێستا كە چەند رۆژی داهاتوو كۆتایی دێت)، پارتی رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كردو بۆ ماوی نزیكەی دوو ساڵ پەرلەمانی پەكخست، ئەمە دەكرێت وەكو هەنگاوێكی پارتی تەماشابكرێت بەئاڕاستەی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی پەرلەمان، لە خولی پێنجەمدا پارتی بە ژمارەی كورسی پەرلەمان كۆنترۆڵ دەكات‌و بەو زۆرینەیەی كە دەستەبەری كردووە، بەبێ داخستنی دەرگاكە، پەرلەمان دەخاتە ژێر هەژمونی خۆیەوە.
پارتی لە پەرلەمانی نوێدا بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە كە دەكاتە رێژەی 45%ی كۆی كورسییە گشتییەكان، سەرباری ئەمە لە (11) كورسییەكەی كۆتای كەمینەكان، (9) ئەندامیان بۆ پشتیوانیكردن لە پارتی‌و پرۆژەكانی یەكلابونەتەوە، ئەمە جگە (2) كورسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان‌و حزبی شیوعی كە دەكرێت پارتی لەكاتی پێویستدا رایانبكێشێتە بەرەكەی خۆیەوە، بە كۆكردنەوەی ئەم كورسییانە پێكەوە، پارتی لە خولی نوێی پەرلەماندا دەتوانێت بەئاسانی بۆ هەموو دانیشتنێك نیسابی یاسایی تەواوبكات كە (56) كورسییەو هیچ پێویستییەكی بە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) نییە كە ئەم لایەنانە پێكەوە (53) كورسییان هەیە لە پەرلەمانی نوێدا.

لایەنەكانی تر چی دەكەن؟
لە نیوەی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشتر كۆنترۆڵی تەواوەتی پەرلەمانیان لەدەستدابوو، پۆستەكانی (سەرۆكی پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمان، سەرۆكی دیوان و دەیان بەرپرس‌و راوێژكارو بەرپرسی بەشەكان) بەدەست نەیارە سیاسییەكانی ئەوكاتی پارتییەوە بوو، ئەمە وایكردبوو یەكێتی نیشتیمانیش زۆرجار بەلای ئەم بەرەیەدا بشكێتەوە، ئەمەش بە روونی لە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەركەوت‌و پارتی لە بوارەكەدا بەتەنیا مایەوەو بەناچاری پەنای برد بۆ رێگریكردن پەكخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ.
لە پەرلەمانی نوێدا دۆخەكە زۆر گۆڕاوە، ئەو هێزانە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) بونەتە كەمینە‌و تەنانەت بۆ كۆبونەوە‌و یەكدەنگیشیان ناتوانن جارێكی تر پارتی بخەنەوە دۆخی رۆژانی گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم.
لە خولی چوارەمدا ئەو سێ لایەنە پێكەوە (40) كورسییان هەبوو، بەڵام لە خولی نوێدا بە هەرسێكیانەوە (24) كورسییان هەیە، واتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە بەبەراورد بە خولی چوارەم (16) كورسی كەمیكردووە. خۆ ئەگەر جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)ش بچێتە پاڵ بەرەی سێ لایەنەكە ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە دەبێت بە (32) كورسی‌و هێشتا ناگاتەوە بۆ (40) كورسییەكەی جاران.
ئەمە لەكاتێكدایە لەپاڵ دابەزینی ژمارەی كورسییەكانیان، پێشبینی ناكرێت ئەم چوار لایەنە (گۆڕان- نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) بتوانن لە پەرلەمانی نوێدا پێكەوە كاری هاوبەش بكەن‌و فراكسیۆنێكی تۆكمە دروستبكەن، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لەم خولەدا پەرلەمانتارانی ئەو چوارلایەنە دابەش ببن بەسەر كەمپی پارتی‌و یەكێتیدا، بەتایبەتیش ئەگەر هەندێك لەم حزبانە بەشداری لە كابینەی حكومەتدا بكەن.
ئەوەی تائێستا دەبینرێت (یەكگرتووی ئیسلامی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ) یەكلابونەتەوە كە بەشداری حكومەت ناكەن، بەڵام ئارەزویەك بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت دەبینرێت لەلایەن هەریەكە لە (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە، لە حاڵی بەشداربونی هەریەكێك لەم دوو لەلایەنە لە حكومەت، درزێك دەكەوێتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی جارانەوە، چونكە بەشداریكردن لە حكومەت بە چەندین مەرجی پارتییەوە بەستراوەتەوە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.

دۆخی یەكێتی چۆن دەبێت؟
ئەگەرچی بەبەراورد بە خولی چوارەم، لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی نیشتمانی لە (18) كورسییەوە بۆ (21) كورسی زیادیكردووە، بەڵام بەم زیادكردنەش هێشتا یەكێتی نەگەیشتوەتە رێژەی نیوەی كورسییەكانی پارتی.
پارتی جیاواز لەگەڵ هێزەكانی تر مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، ئەمەش بەهۆی پێگەی یەكێتی‌و ئەو زۆنەی كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە، لەڕووی كردارییەوە هەرگیز پارتی ناتوانێت بەبێ یەكێتی كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام یەكێتیش ناتوانێت بەبێ رەزامەندی‌و ئاگاداری پارتی هیچ پرۆژەیاسایەك لە پەرلەمان‌و حكومەت تێپەڕێنێت، پێناچێت جارێكی تر یەكێتی بتوانێت هاوسەنگی هێز بپارێزێت‌و سەنگی خۆی لە حكومەت‌و پرۆسەی سیاسی هەرێمدا دەستبكەوێتەوە.

دابەشكردنی كێكەكە
بەشێك لە بەرپرسانی پارتی لەبەرامبەر سەركێشییەكەی یەكێتی دژ بە پارتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێن" پارتی بەقەد قەبارەی كورسییەكانی، پشك لە حكومەت‌و پەرلەمانی نوێی هەرێم بە یەكێتی دەدات"، هەندێكی تریان دەڵێن " سەرۆكی حكومەت‌و پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت‌و هەر هێزێكیش دەیەوێت بەشدار بێت ئەتوانێت جێگرەكانی ئەو دوو پۆستە وەربگرێت"، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا پارتی مل بۆ ئەوە بدات یەكێك لە پۆستەكان (سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی پەرلەمان) بە یەكێتی بدات، چونكە یەكێتی پێیوایە ئەوكات سێ پۆستی سەرەكی لە كوردستان لەدەستی پارتیدا دەبێت (سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان)، هاوكات سەرۆكایەتی هەرێمیش هەر لەدەستی پارتیدا دەمێنێتەوە، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەجۆرێك دابەشكراون زۆربەی دراوە بە سەرۆك وەزیران‌و خۆ ئەگەر پارتی لە خولی نوێدا سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ببات، ئەوا بەو بەشەی تری دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەبات كە بەپێی یاسا دراوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
(درەو میدیا) پێشبینی دەكات لە كۆتایدا سیناریۆی نزیك بۆ دابەشكردننی پۆستەكان بەمشێوەیە بێت:
* پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی 
* پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكێتی
* پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی
*  پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی بۆ گۆڕان (ئەگەر گۆڕان بەشداری لە حكومەت بكات) 
* پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی 
* پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كەمینەكان (مەسیحیەكان)
بەپێی ئەم دابەشكارییە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان لە پەرلەمانی نوێدا نابێت‌و لە هەموو حاڵەتێكدا پێناچێت هیچ پۆستێكیان لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دەستبكەوێت.

پارتی چی دەوێت لە پەرلەمانی نوێ؟
پێدەچێت پارتی پلان‌و ئەجێندای وردی هەبێت بۆ خولی نوێی پەرلەمان، گرنگترین بابەت بۆ پارتی لە پەرلەمانی نوێدا ئامادەكردنی دەستورێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە تێیدا چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانی كرابێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە خولی چوارەمدا بەیاسایەك چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم رادەستی خولی پێنجەم كرا.
بەتێپەراندنی دەستوری هەرێمی كوردستان پارتی بەو زۆرینەیەی كە لەناو پەرلەمانی نوێدا هەیەتی، دەتوانێت زامنی (8) سەرۆكایەتی تر بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەی بكات، چونكە ئەستەمە لایەنەكانی تر بتوانن لە دەستوردا لەبارەی ئەو بڕگەیەوە كە تایبەتە بە كانددیدی سەرۆكی هەرێم (اپر رجعی) دابنێن‌و بەوە رێگری لە گەڕانەوەی بارزانی بكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەو ساڵانەی لەسەر ئەژمار بكەن كە پێشتر سەرۆك بووە، بەوپێیەش بە تێپەراندنی دەستور، ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سفر دەكرێتەوە.
یەكێكی تر لە ئەجێنداكانی پارتی بۆ خولی نوێی پەرلەمان، پارێزگاریكردنە لە دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆكی حكومەتدا كە (نێچیرڤان بارزانی)یە، لەمەش زیاتر رەنگە پارتی كۆتایی بەو لامەركەزیەتە كەمەش بهێنێت كە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیانە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانیش بەشێوەیەك لێبكات كە لەبەرامبەر حكومەتدا هیچ سەنگ‌و بەهایەكی ئەوتۆی نەمێنێت.

دواین كارتی پارتی
دواین كارت كە پارتی لە پەرلەمانی نوێدا لە دەستی نەیارە سیاسییەكانی جارانی خۆی سەندوەتەوە، شەڕە قسە‌و فەرتەنەی ناو هۆڵی پەرلەمانە‌و نیشاندانی توانا‌و هێزە لەبەردەم میدیاكاندا، پارتی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ژمارەیەك لەو كاندیدانەی خۆی سەرخستووە كە میدیاكارن یاخود ئەو كادیرانەی حزبن كە لە میدیاكانەوە بە زمانی توند‌و گفتوگۆی شەڕئامێز بەرگری لە حزبەكەیان دەكەن.
ئەگەر لە خولی چوارەمدا ئەم رۆڵە میدیاییە كە زیاتر لە شۆكردنێك ئەچێت بۆ راكێشانی سەرەنجی شەقام لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بوبێت، لە خولی نوێی پەرلەماندا نوێنەرەكانی پارتی دەبن بە سوارچاكی گۆڕەپانی شەڕەكانی ناو پەرلەمان.  
هەموو ئەم خوێندنەوانە بۆ دۆخی پەرلەمانی نوێی كوردستان وا دەكات، خولی پێنجەم ببێت بە "بەهەشتی" پارتییەكان‌و سێبەری كارەكانی ئەم خولەی پەرلەمان تا چەندین ساڵی داهاتوو بەسەر هەرێمی كوردستانەوە بمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand