Draw Media

نەوەی نوێ پاشگەز دەبێتەوە,دەچێتە پەرلەمان بەڵام ناچێتە حكومەت

نەوەی نوێ پاشگەز دەبێتەوە,دەچێتە پەرلەمان بەڵام  ناچێتە حكومەت

2018-10-31 14:55:01


( درەو میدیا):
جوڵانەوەی نەوەی نوێ  ڕاگەیاندراوێكی  بڵاوكردەوەو دووپاتی كردووە بەشداری حكومەتێك ناكات كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و بڕیاریاندا وەكو هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشدار بێت.

ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دوای كۆبونەوەیان راگەیەنراوێكیان بڵاوكردۆتەوە و دەڵێن" بە هیچ شێوەیەك بەشداری حكومەتێك ناكەین كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەكە.
ئەنجومەنی باڵا بڕیاریانداوە" فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت"
 
دەقی ڕاگەیاندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ

ئەمڕۆ ٣١/١٠/٢٠١٨ ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە بێ بەشداری سەرۆكی جوڵانەوەكە.
تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە دواهەڵوێستی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و شێوازی خەباتی پارلەمانی جوڵانەوەكە، هەروەها دیدی نەوەی نوێ سەبارەت بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و گفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی عێراق و هەڵوێستی نەوەی نوێ.
لە تەوەری یەكەمی گفتوگۆكاندا ئەنجومەنی باڵا تەئكیدی كردەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی هەرێم ناكات و پارتی و یەكێتی جارێكی تر بە شێوازی سیستماتیك ئەنجامەكانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەزویر كرد.
بەمەش بۆ جارێكی تر خەباتی پەرلەمانیان لە كوردستان لەكەدار كرد، لەگەڵ ئەوەی سەرنج و ڕەخنەی جدیمان لەسەر هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی هەیە، بەڵام ئەنجومەنی باڵا لەسەر بنەمای ئەو ڕاوێژ و ڕاپرسیانەی لەناو خۆبەخشانی نەوەی نوێ كراون و هەروەها سەرنج و پێشنیاری دیپلۆمات و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی  لەگەڵ بە هەند وەرگرتنی پێشنیاری خەلكانی تری دەرەوەی جوڵانەوەكە، ئەنجومەنی باڵا بریاریدا كە فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت.

سەبارەت بە بەشداری كردن لە حكومەتی ئایندەی كوردستان، ئەنجومەنی باڵا تەئكیدی كردەوە كە وەك چۆن لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنمان بە دەنگدەران دا كە یان دەچینە لوتكەی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، ئەوا تەئكید كرایەوە كە بە هیچ شێوەیەك نەوەی نوێ بەشداری حكومەتێك ناكات كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەكە.
هاوتەریب لەگەڵ خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون لە پارلەمانی كوردستان، لە پارلەمانی بەغداد فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك دەمێنێتەوە و لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی جوڵانەوەكە كاردەكات كە چوارساڵی داهاتوو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە كێشەی پارە و دەستكەوت ئیمتیازاتی حیزبی و بنەماڵەییەوە بگۆڕێت بۆ كێشەی راستەقینە و دەستوری و هەوڵ بدرێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand