Draw Media

شەڕێكی توند لەسەر 8 وەزارەتە پڕنەكراوەكە دەكرێت

شەڕێكی توند لەسەر 8 وەزارەتە پڕنەكراوەكە دەكرێت

2018-10-29 10:04:08


ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
كەمتر لە (10) ڕۆژ لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقدایە بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكومەتەكەی كە ژمارەیان 8 وەزارەتە، حزبەكان لەجموجۆڵی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی، (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) شەڕێكی توند دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی وەزارەتی (كۆچ و كۆچبەران)، كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە (نەوزاد هادی)یە و كاندیدی یەكێتیش(خالید شوانی)یە، كوتلەی(عەتا)یش، كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دایە بەسەرۆكایەتی (هادی عامری) لەشەڕێكی توندایە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (فالح فەیاز)ی سەرۆكی كوتلەكە، گروپی چەكداری (بابلیون) كە لەچوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدایە لەگەڵ حزبی (فەزیلە) ململانێیەكی توندیانە لەسەر وەزارەتی (داد)، وەزارەتی (ڕۆشنبیر)یش، وێڕایی ئەوەی پەرلەمان لەدواین دانیشتنیدا كاندیدەكەی كوتلەی (عەسائب)ی ڕەتكردەوە، بەڵام تائێستا بێهیوا نەبوون و شەڕدەكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو وەزارەتە، (ئیئتیلافی وەتەنیە)ی (ئەیاد عەلاوی ) یش، وەزارەتی بەرگی بەمافی خۆی دەزانێت. 

عەبدولمەهدی سەرقاڵی سازاندنی قەوارەكانە
  
"حزبە دیارەكان بەردەوامن لەسەر یاریكردن لەسەر وەتەری پشكێنە بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتە پڕنەكراوەكان لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی، ئەویش سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی تەواوفقاتی سیاسی و یەكخستنی ڕوئیا و بۆچونی قەوارە سیاسیە ناكۆكەكانە" ئەمە قسەی سەرچاوەیەكی نزیكە لەنوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی قەتەری كردووە و ئاماژەی بەوەشداوە" كێشەی ئێستا عەبدولمەهدی یاخیبوون نیە لەپشكێنە، بەڵكو چۆنیەتی تەوافوقە لەنێوان قەوارە سیاسیەكان بۆ ڕێكسختنی میكانیزمی پشكێنە لەنێوانیاندا" بەهۆی بوونی تێبینی لەنێوان ئەوپێكهاتەیەی پشتیوانی عەبدولمەهدی دەكەن كە ئەوانیش (سائیرون و فەتح)ن. 
سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە" یەكلاكردنەوەی دۆسیەی دیارترین وەزارەتەكان (دادو ناوخۆ و بەرگریی) لەسەر ڕادەی سەركەوتنی سەرۆكی حكومەت وەستاوە لەگەیشتن بەتەوافوق لەنێو كوتلە سیاسەكان" وەزارەتەكانی تریش لەڕێی پشكێنەیەكی ڕێكخراوتر لەپێشو و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدی تەوافوقی بۆیان، یەكلادەكرێنەوە.

ململانێی فەتح و سائیرون مەترسی جدییە لەسەر حكومەت

ململانێیەكی توند و ئاشكرا لەنێوان هاوپەیمانی (فەتح) بەسەرۆكایەتی (هادی عامری) و هاوپەیمانی (سائیرون) بەسەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) سەریهەڵداوە، بەتایبەت دوای ڕەتكردنەوەی كاندیدەكانی كوتلەی (بونیاتنان) بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی و ڕۆشنبیری لەلایەن هاوپەیمانی (سائیرون)ەوە.
ئەندامێكی هاوپەیمانی (فەتح) دەڵیت، "حكومەتی نوێ‌ لەسەر بنەمای لێكگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانی (سائیرون) پێكهاتووە"تەئكیدیشی كردووە"ئەولێكگەیشتانە بەمەرجی دەستنەبردن بۆ پشكی هەردوولا لەوەزارەتەكان ئەنجامدراوە".
پەرلەمانتارەكەی (فەتح) كەناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" هاوپەیمانی (فەتح) و باقی پێكهاتەكانی تری كوتلەی (بونیاتنان) سەریان سوڕماوە لەڕەتكردنەوەی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەگریی و ڕۆشنبیریلەلایەن سائیرنەوە"   ئاماژەی بەپێداگری كوتلەكەشیان كردووە لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ وەزارەتی ناوخۆ و (حەسەن ئەلروبێعی) (كاندیدی عەسائب) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری.
ڕاشیگەیاندووە: هاوپەیمانێتیەكەیان چاوەڕوانی دانیشتنی دهاتووی پەرلەمان دەكات بۆ زانینی چارەنوسی كاندیدەكانی و دوای ئەوە بڕیارێكی گونجاو دەدات كە شایستەی پێهاتەكان بێت.

پێداگری ناچاری

لەگەڵ ئەوەی وادەردەكەوێت عەبدولمەهدی پێداگریدەكات لەسەر ناوی ئەو كاندیدانەی لەدواین دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بۆ وەزارەتە پڕنەكراوەكان پێشكەشی كردن و متمانەیان پێنەدرا، بەڵام ڕای بەهێز ئەوەیە، سەرۆك وەزیران ئازادی تەواوی نەبووە لەدەستنیشانكردنی كاندیدی وەزارەتەكان و پێداگرییەكەشی لەپێناو نەگەڕانەوەیەتی بۆ چوارگۆشەی یەكەم و  ترسی جدیەتی لەقوڵبونەوەی كێشەكان و لێكترازانی قەوارە سیاسیەكان بەتایبەت (سائیرون و فەتح) كەپشتیوانی سەرەكی حكومەتەكەین و لەسەر هەندێك لەكاندیدەكان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ ناكۆكی توندیان هەیە.
پێشتر زۆربەی كوتلە سیاسیەكان بەڕوكەش ڕایانگەیاند، ئازادی تەوا دەدەن بەعادل عەبدولمەهدی بۆ دەستنیشانكردنی تیمی وزاری كابینەكەی، بەڵام دواتر دەركەوت لەپشتی پەردەوە شەڕیكی توند لەسەر تەواوی پۆستی وەزارەتەكان كراوە، كە تائیستاش بەردەوامە بەتایبەت لەسەر ئەو وەزارەتانەی پڕنەكراوەنەتەوە.     
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand