6 ملیۆنو 500 هەزار دینار موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارێك
2018-10-31 13:33:35
(درەو میدیا):
هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێتو شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت.
بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێتو دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە.
موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا).
دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان.
(13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن.
كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637,000,000) شەش سەدو سی و حەوت ملیۆن دینارە.
كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4,821,600,000) چوار ملیار و هەشت سەد و بیست و یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار.