(درەو میدیا): ئەوەی لە رۆژانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا نەیكرد، لەدوای پێكهێنانی كابینەكە كردی، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی چووە پیرمامو لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دیداری كرد. عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دواجارو دوای ماوەیەك دابڕان سەردانی (پیرمام)ی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەومیدیا)، دیدارەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵو سەرۆكی پارتی دوای دوو هەفتە چاوەڕەوانی هاتووە، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیو عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەندازیاری سازدانی كۆبونەوەكە بوون. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا عەلی باپیر موجامەلەیەكی زۆری مەسعود بارزانی كردووە، پێی راگەیاندووە:" ئێستا كوردستان پێویستی بە ئەزمونو توانی ئێوەیە، فەرموو براگەورەبە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان". لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی گلەیی لە عەلی باپیر كردووە، كە پێشتر پەیوەندی نێوان پارتیو كۆمەڵی ئیسلامی بەهێز بووە، بەڵام بۆچیو لەپێناو چی لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پەیوەندییەیان تێكداوە، تەنانەت بارزانی ئاماژەی بە رووداوەكانی (31)ی ئاب كردووەو باسی لەوەكردووە، ئەوكات عەلی باپیرو ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی بوون لەبەرامبەر یەكێتیدا. سەرچاوەكە بە (درەو میدیا) راگەیاند، ئەمیری كۆمەڵ بەشێوەی زارەكی بەڵێنی بە بارزانی داوە كە "چیتر ئەو رووداوانە دووبارەنابنەوە". (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەند بە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی دیدارەكەی نێوان عەلی باپیرو مەسعود بارزانی، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەسەر كۆبونەوەكە بكاتو رایگەیاند، هەمان ئەو قسانەی هەیە كە لە میدیای كۆمەڵو پارتی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاوبوەتەوە. تەلەفزیۆنی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی كۆبونەوەكەوە بڵاویكردەوە" كۆبونەوەكە بۆ توندوتۆڵكردنو پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامیو پارتی دیموكرات بووە، هەردولا بوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەوانەی بەشداری حكومەتنو ئەوانەش ئۆپۆزسیۆنن، بەگرنگ زانی". سایتی فەرمی مەسعود بارزانی لەبارەی كۆبونەوەكەوە نوسیویەتی:" بارودۆخی سیاسییو دوا پێشهاتەكانی كوردستانو عێراقو ناوچەكە تاوتوێ كراو جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانو خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیانو بەدیهێنانی یەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە". لە كۆبونەوەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵو سەرۆكی پارتیدا، چوار كەس ئامادەبوون، لە كۆمەڵی ئیسلامی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیو مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی، لە پارتیش فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیو عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییەكانی پارتی ئامادەی بوون. لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی هاوهەڵوێستبوونی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەتایبەتیش لە چەند پرسێكی هەستیاری وەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامیو پارتی دیموكراتی كوردستان گرژی تێكەوت. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە كابینەی نوێی حكومەت دانا، هەرچەند كۆمەڵ تا دواین ساتەكان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، بەڵام پارتی دواجار كۆمەڵی بەشدار نەكرد لە حكومەت. ئەوكات سەرچاوەكان باسیان لەوەدەكرد، ئەگەر ئەمیری كۆمەڵ سەردانێكی پیرمام بكاتو لەگەڵ بارزانی دیدار بكات، ڤیتۆكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە حكومەت هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەوكات ئەمیر سەردانی پیرمامی نەكرد. سەرباری دورخستنەوەی لە حكومەت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای جەژنی رەمەزانی رابردووەوە چەندجارێك بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی قسەی كردووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف قوباد تاڵەبانی دواجار شەرمی شكاندو نیگەرانییەكانی لەبارەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە گەیاندە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە داوا دەكرێت لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت، چەند پێشنیازێك هەیە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، كۆنگرە بەتەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت یاخود بەبێ تەوافوق ؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڵاودەكاتەوە. 44 ساڵو 4 كۆنگرە ! یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 7ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆنگرە دەكات، ئەمە بڕیاری كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكە بوو. پێشتر مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی رۆژی 21ی تشرینی دووەمی بۆ سازدانی كۆنگرە دیاریكرد، واتە رۆژی " شەهیدانی یەكێتی"، بەڵام ئەم پێشنیازە رەتكرایەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا تەنیا (3) كۆنگرەو (2) پلینیۆمی كردووە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان. تەوافوقێكی پێشوەختە ! لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیاردرا، كۆنگرە بەبێ تەوافوقو رێككەوتنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بنەڕەتەوە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) دیاریكردنی رۆژی سازدانی كۆنگرە لە كۆتا مانگی ئەمساڵدا لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی پێشوەختە بووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بریتین لەم كەسانە: • حاكم قادر حەمەجان • ئەرسەلان بایز • رزگار عەلی • رەفعەت عەبدوڵا • دلێری سەید مەجید ناوی (ئەرسەلان بایز)و (رزگار عەلی) لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بۆ لیستی ئامادەكارانی كۆنگرە زیادكراوە. ئەوەی تائێستا كراوە تەنیا تەوافوقە لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە، چەندین تەوافوقی تر ماوە كە تاوەكو رۆژی سازدانی كۆنگرە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتیدا دەكرێت، لەوانە تەوافوق لەسەر ئەندامانی كۆنگرەو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتیو سیاسەتی یەكێتی.. یەكێتی چۆن بەڕێوەدەبرێت ؟ سەرباری ناكۆكییە قوڵەكانیان، سەركردەكانی یەكێتی لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە رێككەوتن، بەڵام هێشتا رێككەوتنی تەواوەتییان نەكردووە لەبارەی ئەوەی لە كۆنگرەدا دەیانەوێت حزبەكەیان بەرەو چ ئاڕاستەیەك ببەن، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبیش هێشتا یەكلانەبووەتەوەو پێشنیازی جیاواز هەیە لەبارەیەوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك داوا دەكەن بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە كۆنگرە بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند پێشنیازێك هەن لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، دوان لەوانە پێشنیازی دیارن. پێشنیازی یەكەم: یەكێتی هاوشێوەی رابردوو یەك سكرتێری هەبێت، هەندێك لەوانەی پێشنیازی یەك سكرتێری بۆ یەكێتی دەكەن، داوا دەكەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لە كۆنگرە وەك سكرتێری یەكێتی هەڵبژێردرێت بافڵ تاڵەبانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێن بە جێگرانی، ئەمە لە ئەگەری دانیشتنی كۆسرەت رەسوڵدا ( هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەیەكجاری دابنیشێت، درەو میدیا ناتوانێت راستی ئەم بابەتە پشتڕاست بكاتەوە). لەبەرامبەردا هەندێكی تر داوا دەكەن كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی. پێشنیازی دووەم: یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی بەڕێوەببرێت، مۆدێلەكەی پەكەكەو حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، هەندێك لەوانەی ئەم پێشنیازە دەكەن دەڵێن "با یەكێتی دوو سكرتێری هەبێت، یەكێكیان سكرتێری حزب بێت لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، ئەوی تریان سكرتێری بێت لەسەر ئاستی دەرەوە"، بۆ نمونە كۆسرەت رەسوڵ ببێت بە سكرتێری حزب لە ناوخۆو بەرهەم ساڵح سكرتێر بێت لەسەر ئاستی دەرەوە. راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانی ! رۆژێك پێش كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت راپۆرتێكی خوێندوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە راپۆرتەكەیدا بەناڕاستەوخۆ رەخنەی لە تیمی دانوستانكاری یەكێتی گرتووە كە نەیانتوانیوە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت. قوبادد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتەوە بە نیوەناچڵی جێبەجێكراوەو یەكێتی هاوبەشی راستەقینە نیە لە حكومەتداو تەواوی بڕیارەكان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێت، هیچ دەسەڵاتێكی بە جێگرەكەی نەداوە. لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی بە نوسراوێك كەموكورتییەكانی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیو پارتیو رێگرییەكانی خستوەتە بەردەم مەكتەبی سیاسی. لەدوای كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە:" جەختكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ناوەڕۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو پارتیو كارنامەی حكومەت"، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە وەڵامی راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانیدا وتویەتی:" وەفدی دانوستانكار لەسەر وەرگرتنی پشكی یەكێتی لە حكومەت شەڕی كردووەو ئەوە ئەركی ئەوانە داوای ئەو دەسەڵاتانە بكەن كە لە پۆستەكاندا پێیاندراوە". لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، لەپاڵ باسی سازدانی كۆنگرەی چوار، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كرا بە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێك لە ئەندامانی سەركردایەتی (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) لە كۆبونەوەكەدا داوای كردووە رونكردنەوە بدرێت لەبارەی قسەكانی مەلا بەختیار سەبارەت بە رێككەوتنی یەكێتیو پارتی سەبارەت بە باسنەكردنی بابەتی (31)ی ئاب لەلایەن یەكێتییەكانەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی:" هێندەی ئەو ئاگادار بێت یەكێتی هیچ رێككەوتنێكی لەوجۆرەی لەگەڵ پارتی نەكردووە"، پاشان لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری پشتیوانی بۆچونی ئەندامەكەی سەركردایەتی كردووەو داوای كردووە لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت سەبارەت بە چەند دۆسیەیەك. بڕیاردراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكرێت، ئەوانەی ئەركی لێكۆڵینەوەكەیان پێسپێردراوە هەمان ئەو كەسانەن كە لێكۆڵینەوە لە سیروانی كوێخا نەجم بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە چەمچەماڵ دەكەن كە ماوەی دوو هەفتەیە لە قەلاچۆلان لەسەر چەند تۆمەتێك دەستگیركراوە. ئەندامانی لیژنەكەی لێكۆڵینەوەكەی ئەمانەن: * حاكم قادر- ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی * فەرید ئەسەسەرد- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی * لەتیف شێخ عومەر- ئەندامی سەركردایەتی و وتەبێژی یەكێتی * ئەندامێكی دەزگای زانیاری ئەوانەی داوای لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار دەكەن، چەند تۆمەتێك ئاڕاستەی ناوبراو دەكەن كە ئەمانەن: • هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێویو تێكدانانی دۆخی ناوخۆی یەكێتی • تێكدانی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە رابردوودا • كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی پارتیو بوونی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ پارتی • وەرگرتنی بڕی (2 ملیۆن) دۆلار لە پارتیو چەند جارێكی تریش وەرگرتنی پارە لە هەمان سەرچاوە • پێدانی شوناسی خیانەت بە مام جەلال و بەراوردی بە 31ی ئاب لە وتارێكدا كە بەمدواییە لەیادی رووداوەكانی (31)ی ئابدا بڵاویكردەوە هەوڵدان بۆ لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار، دوای كۆبونەوەیەك دێت كە رۆژی هەینی رابردوو، بە دەستپێشخەرییەكی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، لە ماڵی "مام جەلال" لە دەباشان مەلا بەختیارو بەرهەم ساڵح كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو كارەكتەرەی ناو سەركردایەتی یەكێتی بوو، كە لەدوای یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لەنێوانیان دروستبوو. بۆیە لە سەركردایەتی یەكێتی هەوڵی لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار زیاتر وەكو بابەتێكی پەیوەندیدار بە كۆنگرە تەماشا دەكرێت، وەك لە هەوڵێكی جددی بەرهەمدار.
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت زەمەنی "دەوڵەتمەدار" لەناو پارتی بەرەو نەمان دەچێتو سەردەمی "براگەورە" دەستیپێكرد، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكانو گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی. كوژانەوەی زەمەنی دەوڵەتمەدار 10ی تەموزی رابردوو، مەسرور بارزانی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "برا گەورە" كۆتایی بەماوەی (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كوردستان، حوكمڕانییەك كە دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی بە "دەوڵەتمەدار" ناویان دەبرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لەگەڵ دوركەوتنەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی وردە وردە خەریكە خۆری دەسەڵاتی لە ناو حزبو دەسەڵات بەشێوەیەكی گشتی بەرەو ئاوابوون دەچێت. نێچیرڤان لە كوێوە بۆ كوێ ؟ نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی كوڕی مستەفا بارزانییە، ئەو بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەییەوە چەندینجار لە مەسعود بارزانی مامی زویر بووەو چوەتە دەرەوەى وڵات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەندازیاری گەڕاندنەوەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ ناو یەكەی حوكمڕانی بنەماڵەی بارزانی. چەند كەسێك لە نزیكەكانی تاڵەبانی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی دۆستایەتی تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكەن، ئەوكات تاڵەبانی باوەڕی وابووە نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا كە جیاواز بیردەكاتەوەو ئەوان (یەكێتی) دەتوانن سودی لێ ببینن بۆ لێدان لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانیو هێنانەدی هەندێك كرانەوەی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا. نێچیرڤان بارزانی لە چەندین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی "مام جەلال" كردووە لەسەر گەشەی كەسایەتی ئەو، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەمان رۆڵ بۆ (قوباد تاڵەبانی) كوڕی جەلال تاڵەبانی بگێڕێت. (زانیارییەكان باسلەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بینیووە لە راكێشانی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو حكومەتو گەڕاندنەوەی لە ئەمریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە دۆستایەتییەكی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە). ساڵی 1996 بۆ یەكەمینجار نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەوە حكومەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەدوای رووداوەكانی (31)ی ئاب، رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكایەتی حكومەتەكەی دەكرد، واتە نێچیرڤان بارزانی سەرەتای كاركردنی لەناو حكومەت بە سێ ساڵ كاركردن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكرد. ساڵی 1999 پارتی جارێكی تر حكومەتی لە زۆنی خۆی دروستكردەوە، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی كرا بە سەرۆكی حكومەتەكە، ساڵی 2005 یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر كۆتایهێنان بە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستانو بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەن، لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەتی پارتییەوە بوو بە سەرۆكی حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانو حوكمدارێتییەكەی بەردەوام بوو تاوەكو مانگی تەموزی ئەمساڵ)، واتە بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 1999 وە بۆ 2019 سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵ كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە لەنێوان (2010 بۆ 2012). نێچیرڤان بارزانی لە لوتكەدا ! لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی گەورەی ئابوری بەدەستەوە بووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كارەكتەری ژمارە (یەك)ی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەمیشە سێبەری مەسعود بارزانی مامی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەمە جگە لە دامەزراوەی پەرلەمان كە بەمدواییەو دوای دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن بەهێز بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاڵ سەرۆكایەتی هەرێمدا سێبەری خستەسەر دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا. ئەوەی لەماوەی دورودرێژەی سەرۆكایەتی حكومەت پێی نەگەیشت، لە كۆتایی دەسەڵاتەكەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت پێی گەیشت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای ریفراندۆمو روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر بوو بە كارەكتەری ژمارە (یەك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە، لە رۆژی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە عێراق رێژەی 51%ی خاكەكەی لەدەستدا، ئەمەو فشارە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان مەسعود بارزانیان ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكێشێتەوە، بارزانی لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لەكاركێشایەوەو دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسایەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانو دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرا (زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم درا بە سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانی). لێرە بەدواوە نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا بووە بە خاوەنی زۆرترین دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەی بەهێز تر بوو، دیپلۆماتكاران كە بەهۆی ریفراندۆمەوە بە مەسعود بارزانی نیگەران بووبوون، پەیتا پەیتا سەردانیو دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی خۆشی هەستی بەمەترسی توڕەبوونی مەسعود بارزانی مامی دەكردو هەواڵی ئەو دیدارە سیاسییانەی پشتی پەردەی لە كەناڵەكەیەوە (رووداو) بڵاونەدەكردەوە، بۆ خوبەدورگرتن بە توڕەبوونی مامی. لەو ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی گەیشتە لوتكە، تەنانەت بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی پارتیش وەكو "ئەندازیاری هەستانەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم" وەسفیان دەكردو وەكو "دیپلۆماتكارێكی گەورە" ناویان دەبرد، ئەوكات پارتییەكانیش چاویان لەسەر جموجوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بوو. سەرەتای كوژراندنەوەی نێچیرڤان لەدوای پاشەكشەی بارزانی باوكەوە، زەمەنی درەوشانەوەی نێچیرڤان بارزانی زۆری نەخایاند، هەرزوو بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) هاتە ناو گۆڕەپانەكەوە. مەسرور بارزانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا بۆ یەكەمینجار بەهێزەوە هاتەبەردەم جەماوەری حزبەكەی، لەبری باوكی لە زۆربەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەشدار دەبوو، لەو كاتەوە پلانی لە قاڵبدانی نێچیرڤان بارزانی دەستیپێكرد، سەرەتاش بە هەوڵی بەمەرجەعكردنی بارزانی باوك (مەسعود بارزانی) دواتریش بە خۆكاندیدكردنی بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) بۆ سەرۆكی حكومەت. ئێستا كە نێچییرڤان بارزانی ماوەی نزیكەی سێ مانگە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، مەسعود بارزانی هەمان مومارەسەی كاری پێشتری خۆی دەكات وەكو سەرۆكی هەرێم، لەناو هەمان تەلارو لە هەمان پێگەوە دیداری سیاسی ئەەنجام دەدات، نێچیرڤان بارزانیش هێشتا دیارنییە لە چ بینایەكدا سەرۆكایەتییەكەی دەكات. مەسرور بارزانیش دەستی نێچیرڤانی لە حكومەتدا بڕیوە، واتا بە باوكو كوڕ هیچ دەسەڵاتێكیان بۆ برازا (نێچیرڤان بارزانی) نەهێشتوەتەوە. ریشەكێشكردنی نێچیرڤان لە حكومەت مەسرور بارزانی تەنها كۆتایی بە هەژمونی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی نەهێناوە لە حكومەتدا، رەگوریشەی نێچیرییەكانی لە حكومەت هەڵكێشا، مەسرور بارزانی كە هات لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك دەموچاوی نوێی هێناو لەبەرامبەردا تیمی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستەوە، كە زۆربەیان تەمەنیان لەگەڵ تەمەنی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانیدا بوو. مەسرور بارزانی بە ستافێكی تۆكمەی دەوری خۆی كۆنترۆڵی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، بەمشێوەیە: • رێبەر ئەحمەد- وەزیری ناوخۆ • شەعبان شەعبان چالی- بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران • ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • د. محەمەد شوكری محەمەد سەعید- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان • د. عەبدولحەكیم خەسرۆ- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون • د. جوتیار عادل ئاكرەیی - وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان • نورەدین سەعید وەیسی- بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران • ئالان حەمە سەعید- وەزیری پەروەردە • سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی • ساسان عەونی- وەزیری شارەوانی • ئانۆ جەوهەر- وەزیری گواستنەوە • پشتیوان سادق- وەزیری ئەوقاف • كەمال محەمەد- وەزیری كارەبا ئەوانەی كە سەربە نێچیرڤان بارزانی بوونو لەم كابینە نوێیەدا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دورخراونەتەوە بریتین لە ئەمانەن: • كەریم سنجاری- وەزیری ناوخۆ • فەلاح مستەفا- پەیوەندییەكانی دەرەوە • نێچیرڤان ئەحمەد- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • نوری عوسمان- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچون لەئەنجومەنی وەزیران • دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان نێچیرڤان بارزانی لە حزبدا دوای لەدەستدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیچێرڤان بارزانی وردە وردە پێگە حزبییەكەشی بەرەو لاوازبوون دەچێت. دواین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، ئەوە كۆنگرەی (13)ی حزب بوو، لەم كۆنگرەیەدا بە تەزكییەی مەسعود بارزانیو بەبێ دەنگدان نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام جێگرێك بەبێ پەڕو باڵ، چونكە هەر لەو كۆنگرەیەدا زۆربەی دۆستەكانی نێچیرڤان لە پۆستە حزبییەكان دورخرانەوە لەوانە: (رەشید تاهیر، نوری عوسمان، سەرباز هەورامی و چەندین كارەكتەری سیاسی تر)، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە كاتێك بابەتەكە دەگاتە چارەنوسی خۆی، هاوڕێكانی لە نیوەی رێگا بەجێدەهێڵێت. بەهێزی پێگەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی كاریگەری لەسەر پێگەو رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لە داهاتوودا (ئەگەر پارتی كۆنگرەی 14ی گرێبدات كە لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە)، لاوازبوونی پێگەی نێچیرڤان لەناو پارتیدا بەشێكی بەهۆی ترسی پارتییەكانە لە هەژمونی ئەمنی مەسرور بارزانی، بەشێكی تری پەیوەندی بەوەوە هەیە متمانەیان بە نێچیرڤان بارزانی لەدەستداوەو ترسیان هەیە لەنیوەی رێگاكەدا بەجێیان بهێڵێت. ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەستی لە حزبو حكومەت بەتەواوی كورتكراوەتەوە، تەنها پۆستێكی پرۆتۆكۆڵی تەشریفاتی بۆ ماوەتەوە، كە بەشی زۆری ئەركەكەی مامی (مەسعود بارزانی) دەیگێڕێت. دارایی نێچیرڤان لەبەردەم مەترسیدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ لەئاستی حزبو چ حكومەت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ دوو بانك دەكات: • بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی • ئاڕ تی بانك ئێستا كە مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت دەستبەكاربووە، زیاتر (ئاڕ تی بانك) بەلای پارتیەكانەوە جێگەی سەرنجە، بەوتەی پەرلەمانتاران مانگانە لەپارەی داهاتی نەوت كە ئاڵوگۆڕی دراوی تایبەت بە داهاتی نەوت دەكرێت نزیكەی (35 ملیۆن) دۆلار قازانج دەكرێت. گەشەپێدانو گەورەكردنی (ئاڕ تی بانك) بۆ لێدان بوو لە (بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی) كە ساڵانێك لەپەنای نێچیرڤان بارزانیدا گەورەبووەو بووە بەیەكێك لەبراندە گەورەكانی عێراق لەبواری بانكیداو قازانجێكی خەیاڵی كرد. ئێستا (ئاڕ تی بانك) لە پەنای مەسرور بارزانیدا دەیەوێت رۆڵی ساڵانی رابردووی (بانكی كوردستان) بگێڕێت، بەم هەنگاوە نێچیرڤان خاڵی بەهێزی خۆی لەدەستدەدات كە داراییو گەمەكردنە بە سەرمایە بۆ راگرتنی سیاسەت، خاڵێك كە نێچیرڤان بارزانی پێناسەی تایبەتی خۆی بۆی هەیەو پێیوایە "هەر كەسێك كە نەكڕدراوە، نرخی خۆی پێنەدراوە". نێچیرڤانو دەسەڵاتی ئەمنیی بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد وابەستەیە بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە. واتە ئێستا كە مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆكی حكومەت بەپێی یاسا دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا بێت. بەڵام ئەو ئەنجومەنە لەدوای رۆشتنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت تائێستا نە سەرۆكی دانراوەو نە ئەنجومەنەكەش رادەستی سەرۆكایەتی هەرێمكراوە. مەسرور بارزانی ئەنجومەنی ئاسایشی بەتەواوی كارمەندو دامەزراوەكەوە لەگەڵ خۆیدا بردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانو دەیەوێت بە یاسایەكیش لەداهاتوودا لەژێر دەستی سەرۆكایەتی هەرێم دەریبهێنێتو بیخاتە سەر ئەنجومەنی وەزیران. ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكانو گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی.
درەو میدیا: لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان، بەرهەم ساڵح و مەلا بەخیتار كۆبونەوەیەكی ئاساییان كردووە. سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیتشیمانی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند" لە چوارەچێوەی پرۆسەی ئاشتبونەوەی نێوان سەركردە زویر بوەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ لەماڵی مام جەلال و لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دانیشتنێكی تایبەتیانكردووە، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كە ماوەیەك بوو ساردی كەوتبوە نێوانیانەوە" ناكۆكی نێوان بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار لەدوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی و كاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق درووست بوو، رۆژی 19ی ئەیلولی 2018، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ د. بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق یەكلاكردەوە و دواتر لە 2ی ئۆكتۆبەری 2018 بە سەرۆككۆماری عێراق هەڵبژێردرا، مەلا بەختیار بڕیاریدابوو خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بەڵام بەهۆی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بەتەواوی چانسی مەلا بەخیتاری بۆ بون بەسەرۆككۆماری نەهێشت و بەهۆیەشەوە مەلا بەختیار نیگەرانی خۆی لە یەكێتی راگەیاندوو، لە ماڵی خۆی دانیشت.
درەو میدیا: پەرلەمانتارێكی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئاگادار دەكاتەوە، لە بەدەستەوەدانی پارێزگای هەڵەبجە بە پارتی دیموكراتی كوردستان و دەڵێت" پارتی لە هەڵەبجە پۆست بارانكراوەو زۆرینەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە لای پارتی و هاوئاوازەكانێتی". سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری هەڵەبجە لە پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكدا كە بۆ درەو میدیای ناردووە، رایدەگەیەنێت" ئایە بە چ پێوەرێك یەكێتی لە كۆی ٢٥ ئەندامى ئەنجومەن تەنھا ٦ ئەندامی ھەیە و پارتی و ھاوئاوازەكانی زۆرینەبن و زیاتر لە ١٢ ئەندامیان ھەیە لە ئەنجومەنەكە بێ ھەژماركردنی ٤ ئەندامی یەكگرتوو كە ھاوبەشی پارتی دیموكراتە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی شاری دھۆكدا !!" ئەو پەرلەمانتاری یەكێتی گلەیی ئەوە لە سەركردایەتی حزبەكەی دەكات" كە سەرەرای ئەوەی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی هەیە بەڵام پارتی بە كردەیی نەهاتۆتە پێشەوە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك كە لەژێر هەڕەشەی تەعریبدایە، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە كە هیچ مەترسیەكی لەسەرنیە لە ژێر حوكمرانی یەكێتیدایە پێشكەشی پارتی كردوە" دەقی نوسینەكەی سەركۆ ئازاد گەڵاڵی رێكەوتنی لایەنەكان لە پێناو ڕازیكردنی پارتی بوو یاخود خزمەتكردنی پارێزگای ھەڵەبجەیە وەك لای ھەمووان ڕوونە پارێزگایی ھەڵەبجە و خەڵكی ھەڵەبجە سیمبولی قوربانیدانی گەلی كوردە لە ڕابردوودا بەئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و كیمیاباران تابلۆی چەوساندنەوەی گەلەكمان بە رۆحی منداڵە پەپولە ئاساكانی تا بە تەمەنترین ژن و پیاوی ھەڵبجە نەخشێندرا و پشانی ھەموو جیھانیاندرا ، لەدوای ئازادكردنی كوردستان و ڕوخانی ڕژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕەوە یەكێكە لە ناوچە مەنكوب بێ خزمەت گوزاری لە ئاستی عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەلەبجەیە ، ئەم پارێزگایە كەمترین ئاوڕی لێدراوەتەوە لە لایەن ھەرێم و بەغداد بەلام لەپاڵ ئەم ھەموو نەھامەتی و بێ خزمەت گوزاریەوە ئەوەی جێگایی دڵخۆشی بوو پەڕلەمانی كوردستان لە دانیشتنی نا ئاسایی ژمارە (٢) ی ڕۆژی ٢/٥/٢٠١٥ بڕیاری دەركردنی یاسای ژمارە (١) ساڵی ٢٠١٥ یاسایی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەی لە ھەرێمی كوردستان —عێراق دەركرد ،مەبەستی دەرچواندن و جێبەجێكردنی یاساكە بریتی بوو لە پێكھێنانی ئیدارەی بەتایبەتمەندی خۆی و لابردنی ڕێگری یاسایی بۆ پێكھێنانی پارێزگاكە كە ببێتە ھاندەر بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتوانی پارێزگاكەو كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی تاوانی جینۆساید بوو ،بەڵام دوای زیاتر لە (١٣٦٥)ھەزار وسێسەد و شەست و پێنچ ڕۆژ واتە دوای سێ سال و ٧مانگ و (٥٥ )كۆبنەوە لاینەكان و بەتایبەت پارتی و ھاوپەیمانەكانی نەیان ھێشت ئەنجومەنی پارێزگایی ھەڵەبجە دروست بێت تا بەرژەوەندیەحیزبیەكانی خۆیان چەسپێنرا ئەویش لە سەر مافی خەڵكی ھەڵەبجە و گوێنەگرتن لە بۆچونی دەنگدەرانی ئێستای داینشتوانی ھەڵەبجە ،بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم لە پێشەكیدا ڕەخنە كانی خۆم ئاراستەی حیزبەكەی خۆم بكەم لە پارێزگاكە كە چۆن لە ئێستادا رازی بوون بەم ڕێكەوتنە كە پێشتر تەنھا لایەنێك كە پارتی بو توانی رێگری بكات لە دروست كردنی ئەنجومەنەكە تا بەشێوەیەك بێت داخوازی خۆی و ھاوئاوازەكانی جێگابكاتەوە بچەسپێنێت لەسەر ماف و بەركەوەتەی یەكێتی لە كاتێكدا ئێمە لە سەرتایی رێكەوتنمان لە گەڵ پارتی كابینەی نۆیەمی حكومەت مان گرێدا بە پارێزگایی كەركوكەوە بەلام پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا بە كردەی نەھاتۆتە پێشوە بۆ دانانی پارێزگایەكی كورد لەو شارە كە لای ھەموان ڕوونە كە قودس و دڵی كوردستان لەژێر ھەڕشەی تەعریب و وێرانكردندایە ،لەبەرمبەریشدا یەكێتی ھاتووە پارێزگایەك كە لە ژێر حوكمرانی خۆیدایە پێشكەشی كردوە و لە گەڵی رێبكەویت كە ئەو پارێزگایە ھیچ مەترسیەكی لە سەر نیە بگرە پارێزگاكە بە باشی كارە كارگێڕی و دارایی خۆی ئەنجامدەدات ، ئایە بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئاگادارن لەم بەدەستدانەوەی پارێزگایەك بە پارتی كە تا ئێستا دەسەڵاتەكانی وەزارتی ھەرێم دیاری نەكراوە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە و فەرمانی دەستبەكاربونی چەند دەستەیەك كە بەركەوەتەی یەكێتیە نەداوە لە حكومەت بەڵام پارتی پۆست باران كراوە رێكەوتن لە سەر بەڕێوبەری ناحیەش كراوە لە گەڵ پارتی ، ئایە بە چ پێوەرێك یەكێتی لە كۆی ٢٥ ئەندام ئەنجومەن تەنھا ٦ ئەندامی ھەیە و پارتی و ھاوئاوازەكانی زۆرینەبن و زیاتر لە ١٢ ئەندامی ھەیە لە ئەنجومەنەكە بێ ھەژماركردنی ٤ ئەندامی یەكگرتوو كە ھاوبەشی پارتی دیموكراتە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی شاری دھۆكدا !! لە كاتێكدا پارتی ھێزی پێنجەمی شارەكەیە ببێت بە ھێزی یەكەمی فعلی لە شارەكە بە مەرجێك لە ھەڵبژاردنەكان لە چەندین ناوچە ژێر دەسەڵات و ھەژمونی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی ھێزی یەكەمە تەنانەت بەرێوبەری ناحیەش نەدراوە پێی ئایە ئەم سەخەواتە و بەخشینەی یەكێتی لە سەر چ بنەمایەكە بۆمان روونبكەنەوە !!! چ غەدرێكە گوێ لە داینشتوانی ھەلەبجە ناگیرێ و بە بەركەوتەی ٢٠١٤ مامەڵەدەكەن كە ئێستا ساڵی ٢٠١٩ یە وا بەروو سالی ٢٠٢٠ دەڕۆین كە سەنگ و قورسایی لاینەكان گۆرانكاری بەسەردا ھاتوە و لایەنی نوێ لە گۆرەپانەكە دروست بوە؟؟بە چ مافێك كاكەیەكان بێ بەش كراون لە دەسەڵاتی خۆجێ پارێزگاكە كە خەڵكی ڕەسەنی پارێزگای ھەڵەبجەن لەم دابەشكرایە پڕ ناداد و كارەساتەدا ھیچ بەڕێوبەرێكی گشتیان پێ ڕەوا نەبینون ؟ لە كۆتایدا باشترین چارەسەر بۆ رێگرتن لەم ناحەقی و نادادی و گوێنەگرتن لە خەڵكی ھەلەبجە بریتیە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ھەڵبژێردراوی خەلكی شارەكە بن نەك سەپێنراوی حیزبەكان بێت لەم سۆنگەیەوە بە مافی خۆم دەزانم وەك نوێنەری پارێزگایی ھەلەبجە بێدەنگ نەبم بەرامبەر ئەم غەدر و ستەمەی بەرامبەر داینشتوانی ھەڵبجە و كاكەیەكان و دەنگدەرانی یەكێتی كراوە بۆ ڕایگشتی ڕوونبكەمەوە ئەم رێكەوتنە جگە لە جێگرتنەوەی داخۆزیەكانی پارتی و ئیش دۆزینەوە بۆ كۆمەلێك كەس ھیچی تێدا نابینن بۆ پەرۆشی خزمەتی ھەلەبجە و ئەو ئەنجومەنە لە ئێستادا نوێنەرایەتی حەقیقی خەلكی ھەلەبجە ناكات تا ھەلبژاردنەكان نەكرێت و ئەنجومەنێكی ھەڵبژێردراو نەیتەكایەوە . سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندام پەرلەمانی كوردستان /لە پارێزگایی ھەلەبجە
(درەو میدیا): دەستەی حەشدی شەعبی پێكهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەكی راگەیاند بەناوی "بەڕێوەبەرایەتی هێزی ئاسمانی". بەپێی نوسراوێك كە (جەمال جەعفەر ئال ئیبراهیم) جێگری دەستەی حەشدی شەعبی دوێنێ ئیمزای لەسەركردووە، بەپشتبەستن بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەشدی شەعبی بەڕێوەبەرایەتی هێزی ئاسمانی دروستكردووە. نوسراوەكە ئاماژە بە دانانی (سەلاح مەهدی حەنتوش) دەكات وەكو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە بەشێوەی وەكالەت. دروستكردنی هێزی ئاسمانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دوای ئەو زنجیرە هێرشانە دێت كە بەمدواییە لە پارێزگاكانی بەغدادی پایتەختو سەلاحەدینو دیالە كرایەسەر جبەخانەو بارەگاكانی حەشدو دواتر ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەكانی گرتەئەستۆ. دروستكردنی هێزی ئاسمانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەكاتێكدایە لە بەمدواییە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمانێك هێزەكانی حەشدی شەعبی خستە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراقو ژێر كۆنترۆڵی خۆی وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەڵام حەشد بۆ دروستكردنی هێزە ئاسمانییەكە پشتی بە بە فەرمانێك بەستووە كە ساڵی 2014 سەرۆك وەزیرانی پێشوو لەكاتی شەڕی "داعش"دا دەریكردووە. حوزەیرانی ساڵی 2014 دوای ئەوەی هێزەكانی سوپا عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ لەبەردەم هێرشی چەكدارانی "داعش"دا دوچاری داڕمان هاتن، بۆ پارێزگاریكردنی لە بەغدادی پایتەختو شارە شیعەنشینەكانی باشور، بە فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانو بە فەرمانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، هێزی حەشدی شەعبی لە خەڵكانی خۆبەخشی شیعەمەزهەب دروستكرا. ئەم هێزە ساڵی 2017 دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان پەلاماری شاری كەركوكی داو شارەكەی كۆنترۆڵكرد، كە كە پێشتر لەدوای هاتنی چەكدارانی "داعشەوە" كەركوك لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بوو.
درەو میدیا: "شەڕڤانان مەودای پێنج كیلۆمەتر لە ناوچە سنوریەكان دەكشێنەوە و ئەنجومەنە خۆجێیەكانی ئەو ناوچانە شوێنیان دەگرنەوە". ئەمە وتەی ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)یە. ساڵح موسلیم لە لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ خێڵە عەرەبیەكانی ناوچەی گرێ سپی لە باكوری فورات رایگەیاند "ئەو رێككەوتنەیی لەنێوان ئەمریكا و توركیا كراوە، بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام نییە، بەڵكو پرۆتۆكۆڵێكە بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەكان" بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە، ئاماژە بەوەش دەكات "لەو ناوچە سنوریانەی نێوان توركیا و رۆژهەڵاتی فوراتدا كە تێیدا شەڕڤانان لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی تایبەت بە ناوچەی ئارام دەكشێنەوە، یەك سەربازی توركی ناچێتە ناو ئەو ناوچانەوە".
(درەو میدیا): ئەنجومەنی وەزیران دوای پشووی جەژنی قوربان بۆ یەكەمجار كۆبووەوە، بڕیاردراوە پێش هاتنی وەرزی زستانو بارانبارین، نەوت دابەشبكرێتو كەموكوری رێگاوبانەكانیش چارەسەر بكرێت. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری كە بەبۆنەی پشووی جەژنەوە گەشتی دەرەوەی وڵاتیان كردبوو، بەشداربوون لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا. بەپێی هەواڵی سایتی حكومەت، لە كۆبونەوەكەدا هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راپۆرتێكیان لەبارەی كێشەو گرفتو پێداویستییەكانی وەرزی خوێندنی 2019-2020 خوێندوەتەوە. مەسرور بارزانی وتویەتی:" پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت ئاستی قوتابخانەو زانكۆكانی كەرتی گشتی بەرزبكرێتەوە، بەشێوەیەك جیاوازی ئاستی نێوان قوتابخانەو زانكۆ حكومی و تایبەتەكان كەمبكرێتەوە". مەسرور بارزانی بڕیاریداوە لیژنەیەك لە وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، داراییو پلاندانان پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییە گرنگەكانی وەرزی ئێستای خوێندن. سەرۆكی حكومەت وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە پێش هاتنی وەرزی زستان، نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ بكرێت. هاوكات داوایكردووە، بەرنامەیەك دابنرێت بۆ چارەسەركردنی كەموكورتی رێگاوبانەكان پێش دەستپێكردنی بارانبارین. تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆكردن بووە لەبارەی چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی وەك بەرگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و رێكخستنەوەی كاری ژمێریاری یاسایی.
- ریكلامی بازرگانی زانکۆی قەیوانی نیودەوڵەتی چەندین پرۆگرامی نوێ بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ دابیندەکات ، زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی چانسی بەدەسهێنانی بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی دەداتە خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی یەکێک لەو ناوچانەی کە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای تێدایە لە شاری سلێمانی ، زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەردەکەوێت، هەرچەندە خوێندکاران و ستاف و مامۆستایانی زانکۆکە بۆماوەیەکی کاتی لەم کامپەن و لە چاوەڕوانی تەواوبوونی یەکێک لە باشترین و سەردەمیانەترین کامپی زانکۆن لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی باڵادا بەردەوامی بە خوێندن دەدەن. چیرۆکی دروستبوونی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی لە زانکۆکانی دیکە جیاوازە، چونکە هاوبەشی یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان و مالیزیایە (زانکۆی یو تی ئێم) کە لە پلەی ٢١٧ دایە لە ریزبەندی زانکۆکانی جیهان بەپێی (QS( ئەو خوێندکارانەی لەم زانکۆیە دەخوێنن لەداهاتوودا دەبنە هەڵگری بڕوانامەی هەمان زانکۆی یو تی ئێمی مالیزی، ترێ ئەزمەر سەبارەت بە هەڵبژاردنی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەڵێت " ویستم بەهەمان کوالیتی ئەزموونی خوێندنێکی جیهانی بکەم، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆم". ژیر ئەردەڵان کە خوێندکارێکی دیکەیە و لە بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەخوێنێت ، سەبارەت بە زانکۆکە گوتی " زانکۆی قەیوانم هەڵبژارد لەبەر ئەوەی کواڵیتی و ئاستێکی بەرزی هەیە." زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی لە ریزبەندی باشترینەکاندایە لە بواری توێژینەوە ئەندازیاریی و تەکنەلۆژی و پیشەییەکان و بەشێکی زۆرلە ستاف و ئەو مامۆستایانەی لە زانکۆکە وانە دەڵێنەوە مامۆستای نێودەوڵەتین. د. محەمەد شوکور کە سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازیی و سیستەمی کۆمپیوتەر و نێتۆرکینگە، خەڵکی وڵاتی مالیزیایە و ئێستا لە زانکۆکە وانە دەڵێتەوە، ئەو لە ژوورەکەی خوی سەرقاڵی دانان و ئامادەکردنی بابەتی خوێندن و گەڕانبوو بەدوای نوێترین سەرچاوە زانستییەکان. سەبارەت بە ئەزموونی خۆی د. شوکور گوتی کە ماوەی حەوت مانگە لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە و دەیەوێت باشترین کوالیتی خوێندن پێشکەش بە خوێندکاران بکات و هانیان بدات زیاتر فێرببن لەو بوارەی وانەیان پیدەڵێت. د. شکور هەروەها گوتی " لەپاڵ وانە وتنەوەدا بەشداریدەکەم لەچەندین چالاکی لەگەڵ خوێندکاران، و خۆشی لێدەبینم، وەکو، لەبەرکردنی جلی کوردی و سەیران و وەرزش". کتێبخانە، تاقیگە و ئامێری پێشکەوتوو لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی بۆ خوێندکاران بەردەستن و بڕیارە لە کامپی نوێی زانکۆ کە بەم نزیکانە دەکرێتەوە فاسلیتی زیاتر بۆ خوێندکاران دابینبکرێت. مامۆستا کەنار روشن، بەڕێوەبەری كارگێڕی و كاروباری خوێندكاران لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی گوتی "بە هۆی ئەوەی بڕوانامەكەمان مالیزیە، لیستی تایبەت بە ئامێر و تاقیگەی پێویست لە مالیزیاوە دەگات بە دەستمان و ئێمە دابینی دەكەین". ئەو گوتیشی کە کارەکانیان بەردەوام لەژێر چاودێریدایە و لیژنەی بە ئەزموون و تایبەت لە مالیزیاوە دێن بۆ پەسەند كردنی تاقیگەكان، و لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان سەردانیان دەكەن بە بەردەوامی بۆ پەسەند كردنی تاقیگەكان. سەبارەت بە سیستەمی خوێندن لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی مامۆستا کەنار گوتی کە سیستەمی خوێندنی ئێمە ١٠٠% مالیزیە لە زنكۆی یو تی ئێم، بە هەمو شتێكیەوە چ لە ناوی بابەتەكان، سلایدەكان، كتێب و سەرچاوە، كۆرس بووكی بابەتەكان، هەروەها گوتی " بۆ دڵنیابوون لە پڕۆسەی خوێندنی فێرخوزانی ئێمە، تەنانەت پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە وڵاتی مالیزیاوە ئامادە دەكرێن....و كۆنمرەی خوێندكاران بە هەماهەنگی زانكۆی یو تی ئێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیاری دەكرێت بەگوێرەی ڕێنماییەكان و بەشەكان." خوێندن لە زانکۆیەکی نێودەوڵەتی مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ خوێندکاران، بەتایبەت لە رووی کۆنمرە و ئاستی زمانی ئینگلیزی، زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتیش لە رێگای ماڵپەڕ و لاپەڕەکانی سۆشیاڵمیدیای تایبەت بە خۆی هەموو زانیارییەکان بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ رووندەکاتەوە. ئەو خویندکارانەی دەیانەوێت لەم زانکۆیە بخوێنن، پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا تاقیکردنەوەی ئاستی زمان لە زانکۆکە ئەنجامبدەن کە بەخۆڕایی بەردەستە، بەڵام زانکۆکە ئاسانکارییەکی دیکەی کردووە ئەویش بەخشینی خوێندکارانی ئەو خوێندنگایانەیە کە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن. پاش دیاریکردنی ئاستی زمان، خوێندکاران دەتوانن ئەگەر پێویست بکات بەشداری کۆرسی (پری-ئەکادێمیک) بکەن و پاش تەواوبوونی راستەوخۆ دەتوانن دەست بکەن بە خوێندن لەو پرۆگرامەی خواستیان بۆی هەیە. لە ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەندین زانکۆ و پەیمانگای ناحکومی کراونەتەوە کە چانسی زیاتریان داوە بە خوێندکاران و دەرگای بژاردەی زیاتریان لەبەردەمیاندا واڵاکردووە، بە پێی گوتەی مامۆستایانی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانکۆکەی ئەوان ئەوەیە خوێندکارەکانیان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە بتوانن بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵدەدەن ئەو بەشانە بکەنەوە و ئەو وانانە بە خوێندکار بڵێنەوە، کە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون سوودی لێببین. لە ئێستادا پرۆگرامەکانی ( گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان، سکیوریتی تۆڕەکانی کۆمپیوتەر، تەکنەلۆجیای بەڕێوەبردن و ئەندازیاری پرۆگرامسازی )لە زانکۆکە بەردەستن و دەرچووانی دەبنە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس. وەرزی داهاتووی خوێندنیش پلان هەیە پرۆگرامەکانی (ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری نەوت، ئەندازیاری بایۆمێدیکەڵ و ئەندازیاری میکانیکی ) بەردەستبن لەگەڵ چەند پرۆگرامێکی گرنگی پزیشکی وەکو( زانستی ددان، دەرمانسازی و پەرستاری). زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی پلانی زیاتری هەیە و مەبەستیەتی گرنگی بە خوێندنی باڵا بدات، هەر بۆیە لە بەرنامەیدایە لە داهاتوویەکی نزیکدا خوێندنی باڵا لە بوارەکانی ( ماستەر لە ئەندازیاری شارستانی، کارگێڕی تەکنەلۆجیا و زانسی کۆمپیوتەر )بکاتەوە لەگەڵ خوێندنی دکتۆرا لە پرۆگرامەکانی زانکۆی( یو تی ئێمی مالیزی ). زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٨ لە سلێمانی دامەزراوە و لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە خاوەندارێتی دەکرێت، هاوبەشی زانکۆی (یو تی ئێم)ی مالیزییە. ئەو خوێندکارانەی لەم زانکۆیە دەخوێنن دەبنە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆی (یو تی ئێم)ی مالیزی. لەئێستادا دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ خوێندی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە زانکۆکە کراوەیە، لەداهاتووشدا کەمپی زانکۆکە کە دەکەوێتە بەرزاییەکانی سلێمانی لە شاری سلێمانی تەواودەبێت و خوێندکاران دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.
درەو میدیا: بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە نزار مەحمود، باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دوارۆژی راگەیاند: پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەربزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێت و ئەم ناوانەمان كاندیدكردووە: - شاهین حەمە ڕەزا، بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە - حەمید بارام ، بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە - جیهاد سابیر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەپێی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان كە لە رۆژی 2019/9/2 لە پارێزگای هەڵەبجە بەرێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی بەردەكەوێت: - جێگری پارێزگاری هەڵەبجە - قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە - بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە - 5 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە - 3 بەڕێوەبەری گشتی بەردەكەوێت
درەو میدیا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی تر بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكەن. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە(درەو میدیا)ی راگەیاند: پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی ( كەریم حەمەبۆر كاكەیی) رێككەوتوون بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) كاندیدكردنی كەریم حەمەبۆر كاكەیی دوای ئەوە هاتووە، لیژنە هاوبەشەكەیاندا لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبونەتەوە بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پارتی و یەكێتیش ناڕازیبوون بە دانانی تەیب جەبار و بەراشكاوی وتویانە دەنگی پێنادەن. كەریم حەمەبۆر كاكەیی ئاوەڵزاوی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیە و لە شاری هەولێر دادەنیشێت، بەڵام سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئەوەشی ئاشكراكرد، رەزامەندی پارتیشی بۆ وەرگیراوە، ئاماژەی بە دوو سیناریۆ كرد لە دیاریكردنی كەریم حەمبۆر كاكەیی بۆ پارێزگاری كەركوك: سیناریۆی یەكەم: لەبەر ئەوەی لە كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی یەكێتی و پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژە بەوە كراوە، كە لەرووی یاساییەوە دەبێت(3) كاندید هەبێت بۆ پارێزگاری كەركوك لە ناو ئەنجومەنی پارێزگار، بۆیە نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی هەوڵ ئەدەن دوو كاندیدی تر زیاد بكەن، یەكێك لەو كاندیدانەش كەریم حەمەبۆر كاكەییە، دیاریكردنی بۆ زیادكردنی كاندیدەكانە. سیناریۆی دووەم: بەهۆی ناڕازی بونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەبەرامبەر كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك، یەكێتی و پارتی بیریان لە كاندیدی دیكە كردووەتەوە، چونكە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دژی كاندیدكردنی بوون، بە بیانۆی ئەوەی پرسیان پێنەكراوە لە دیاریكردنیدا. لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019، لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك. وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە: - یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان - پارتی: ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز وەفدەكە بەجیا لەگەڵ ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە. بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە, لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 40 ) رۆژ واتا هێشتا ( 5) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە.
درەو میدیا: د. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت كە" سەردەمی شاخمان بەڕێكرد، لەدەوڵەتانی دنیا ئەنجومەنی حیزبەكان نیە، بۆیە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین كە پەرلەمان و حكومەتە، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی." د. شۆڕش حاجی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەپێی پرەنسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئێمە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان وە لەوەشدا لەگەڵ ئەوەین كەدامەزراوەی هاوچەرخ كە پەرلەمانی كوردستان "مەرجەع" بێت هەم بۆ دەركردنی یاسا و چاودێری كردنی حكومەت وەهەم بۆ باسكردنی هەر مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی یا هەر بەرنامەیەكی تر كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەو سەردەمەمان بەڕێكردووە كە سەردەمی شاخ بوو لە "غیابی" پەرلەمان و حكومەت هەموو حیزبەكان ئەوەی كە پێی دەوترێت ئەنجومەن ئێستا، بەڵام ئەوكات بەرەی كوردستانی بوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی كە ڕوبەڕوی گەلەكەمان دەبوەوە تا یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بین كە ئەوە 28 ساڵ تێپەڕی بەسەر پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە پەرلەمان ببێتە مەرجەع." د.شۆڕش حاجی زیاتر ڕونیكردەوە" مەبەستم ئەوەیە بەرەی كوردستانی لەوكاتەدا گرنگ بوو بۆ یەكخستنی ڕای لایەنەكان بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕی سەردەمی ئێستا، سەردەمی پەرلەمان و حكومەت و هەڵبژاردنە لەدەوڵەتەكانی دنیا ئەنجومەنی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا نیە، من خۆم وەك شۆڕش حاجی لەگەڵ ئەوەم كەسی یەكەم و دووەمی حیزبەكان یا لەناو پەرلەمانی كوردستان یا لەناو حكومەتدا بن لەدەرەوەی دامەزراوەی حكومەت و پەرلەمان هیچ كەس مەرجەع نەبێت، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی." د.شۆڕش حاجی دەڵێت" ئەو حیزبانە دامەزراوەی ڕێكخراوەیی خۆیان هەیە، وە ڕێگای تر هەیە كە ئەو حیزبانە بتوانن بۆچونی خۆیان بگەیەنن ئەویش لەڕێگای نوێنەرەكانیان دەتوانن لەگەڵ ئەو حیزبانەی نوێنەرییان لەپەرلەمان و حكومەت هەیە كۆبننەوە و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان لەسەر پرسەكان بگەیەنن، ڕێزم هەیە بۆ هەموو حیزبەكان بەڵام كاتێك حیزبێك لەو ئاستەدا نەبێت هیچ نوێنەری لەپەلەمان و حكومەت نەبێت ناكرێت ئێمە بچین لەبەر خاتری ئەوان سی ساڵ بگەڕێینەوە دواوە وەكو سەردەمی شاخ یان وەك ئەوەی ئێمە بچین ئەنجومەنێك بۆ هۆزەكانی ئەمەزۆن دروست بكەین."
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف (15) ساڵ لەمەوبەر لە نامەیەكدا داوا دەكات "جەلال تاڵەبانی" دەست لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بكێشێتەوە بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا خۆی تەمەنی (75) ساڵەو جارێكی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە، رۆژی 14ی ئەم مانگە بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێرێت، ئەوانەی دەنگ دەدەن خۆیان وادەی یاساییان بەسەرچووە، بەڵام دەیانەوێت دامەزراوەیەكی تری بزوتنەوەكە لە قەیرانی بەسەرچوون رزگاربكەن. دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ بڕیاردان بوو لەسەر هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكە. دوای كۆبونەوەكە، زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند:" لە سبەینێوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكرێتەوە، دوای داخستنی دەرگای خۆكاندیدكردن، ناوی كاندیدەكان ئاشكرادەكرێتو لە وادەی دیاریكراودا كە 14/9/2019 یە، هەڵبژاردنەكە دەكرێت". دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو ! بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا وادەی یاسایی هەردوو جڤاتی (نیشتمانیو گشتی)، خانەی راپەڕاندن، رێكخەری گشتی بەسەرچووە، بەڵام ماوەی بەسەرچونەكانیان جیاوازە، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە ساڵی 2014وە وادەی یاسایی بەسەرچووە، بەڵام خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی لە رۆژی 25ی تەموزی ئەمساڵەوە وادەكەیان بەسەرچووە. گۆڕان چی دەكات ؟ بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە تەنیا خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی نوێ بكاتەوە، نەك جڤاتی نیشتمانی، ئەمە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی ئەندامانی خانەو رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، واتە دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو (جڤاتی نیشتمانی)، ئەندامانی دامەزراوەیەك هەڵدەبژێرن كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجیێكردنە لەناو حزبدا، كە ئەوەش (خانەی راپەڕاندن)ە. كێ دەنگ دەدات ؟ جۆزیف ستالین سەركردەی كۆچكردووی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەو كەسە گرنگ نییە كە دەنگ دەدات، ئەوە گرنگە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات". بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی ئەو كەسەی نییە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات، چونكە خاوەنی ژورێكە بەناوی هەڵبژاردنو ئەو ژورە پرۆسەكە بەڕێوەدەبات، بەڵام كێشەی دەنگدەرەكانی هەیە. جڤاتی نیشتمانی كە ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی (49) كەسە، واتە ئەم (49) كەسە سەركردایەتی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكەن، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەم ژمارەیە وەكو خۆی دەمێنێتەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت. رۆژی 25ی تەموزی 2017 دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمینجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنو شوێنگرەوەی رێكخەری كۆچكردووی پڕكردەوە، ئەوكات ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (56) كەس بوو، واتە لەنێوان هەڵبژاردنی پێشووو هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (7) كەس كەمی كردووە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، دەكرێت ئەندامانی ئەم جڤاتە ژمارەیان تاوەكو (62) كەس زیادبكرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (49) كەسەی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی كە خانەو رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، زۆرینەیان (سیڤی)یان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا كەسیان پۆستیان پێنەدراوە. بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیان كردووە، باسلەوە دەكەن، هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستە حكومییەكانەوە، دەیانەوێت كاریگەری لەسەر بڕیاری ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دروستبكەن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی خانەو رێكخەری گشتییەوە، ئەوەش هۆكارەكەیە كە تائێستا (سیڤی) ئەو ئەندامانەی جڤاتی نیشتمانی یەكلانەكراوەتەوە كە داوای وەرگرتنی پۆستی حكومییان كردووە، واتە خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستەوە، دەنگدەرەكانی كۆنترۆڵكردووە كە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانین. جڤاتی نیشتمانی چییە ؟ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە "بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا"، ئەندامانی ئەم جڤاتە پێكهاتوون لە: • ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، كە بەپێی دەستور ژمارەیان (7) كەسە، ئێستا (5) كەس ماوەتەوە (عوسمان حاجی مەحمودو محەمەد تۆفیق رەحیم دەستیان لەكاركێشاوەتەوە). • باژێڕوانەكان، ئەمانە بەرپرسی مەكۆكانی بزوتنەوەكەن لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان، گۆڕان (27 بۆ 28) مەكۆی هەیە (چوار باژێڕوان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، باژێروانێك كێشەی هەیە، واتە 5 ئەندامی جڤات شوێنیان بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە). • تەواوكارەكان، ئەمانە مەبەست لەو كەسانەن كە بەتەواوكاری كراون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، بۆ نمونە لە شارێكی وەكو سلێمانیدا كە شارێكی گەورەیە، لەپاڵ باژێڕوانی سلێمانیدا چەند كەسێكی تر وەكو نوێنەری سلێمانی لە جڤاتی نیشتمانی دانراون، بەهەمان شێوە بۆ هەولێرو دهۆكیش، ژمارەی ئەوانەی بە شێوەی تەواوكار بوون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (7) كەسن، بەڵام ئێستا (6) كەسیان ماوەتەوە. • سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقو كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمانە ژمارەیان (5) كەسە. • رێكخەری ژورەكان، بزوتنەوەی گۆڕان (11) ژوری هەیە، ئەم (11) كەسە هەمویان ئەندامی جڤاتی نیشتمانین، بەڵام ئێستا ئەمانەش كێشەیان هەیەو (5) پۆستیان بەتاڵەو پێشتر رێكخەری ئەو ژورانە یان خۆیان وازیان هێناوە، یان لە پۆستێكی تر دەستبەكاربوون یاخود دورخراونەتەوە. • نوێنەری ئەنجومەنەكانی رەوەندی كوردی لە هەندەران، ئەمانە ژمارەیان (3) كەسە، نوێنەرەكانی رەوەندی بەریتانیاو دانیماركو هۆڵەندا، ئەمانەش یەكێكیان وازی لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوەو ئێستا (2) كەسیان ماوەتەوە. • نوێنەری كاروباری رێكخراوەیی ئافرەتان. رێككەوتنێكی پێشوەختە ! بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، بەر لە چەند مانگێك رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (نماو چیا)و رێكخەری گشتیو هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كراوە لەبارەی نەخشەی داهاتووی سەركردایەتی بزوتنەوەكەوە. لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا رۆڵی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • مستەفا سەید قادر: كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە (ئێستا چاوەڕێی دەرچوونی مەرسومی سەرۆكایەتییە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە) • عومەر سەید عەلی: رێكخەری ئێستا بزوتنەوەی گۆڕانو رێكخەری دوو ساڵی داهاتووی بزوتنەوەكە • جەلال جەوهەر: كاندید بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی (ئەم پۆستە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بەوپێیەی پۆستێكی نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستكراوە) • جەمال حاجی محەمەد: پۆستێكی باڵای لە حكومەت پێبدرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، جارێكی تر وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێتەوە (لەم چوارچێوەیەدا پێشتر جەمال حاجی محەمەد دەستی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشایەوە لە بەرژەندی مستەفا سەید قادر) سێ كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەم رێككەوتنە ژێربەژێرەدا پەراوێزخراون، ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (شۆڕش حاجی، رەئوف عوسمان، محەمەد تۆفیق رەحیم). شۆرش حاجی بەمدواییە دەستیكردووە بە نوسینی زنجیرە وتارێكی رەخنەیی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان، رەئوف عوسمان كە سەرۆكی جڤاتی گشتییە، نیگەرانە لە پرۆسەی دیاریكردنی وەزیرەكان، محەمەد تۆفیق رەحیم كە زاوای نەوشیروان مستەفایە، بەهۆی كاندیدنەكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، نیگەرانەو چووەتە دەرەوەی وڵات، (محەمەد تۆفیق رەحیم لە كۆنفرانسی نیشتمانی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕانیشدا بەهۆی ناڕەزایەتییەوە بەشدار نەبوو). محەمەد تۆفیق رەحیم كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وەكو نوێنەری بنەماڵە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، ئێستا لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دوركەوتووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، دورخستنەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە بۆ سێ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە: • هۆكاری یەكەم: دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی رێكخەری پەیوەندییەكانی لەنێوان كوڕەكانی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەبینی، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو مەسرور بارزانی رێككەوتنی كردووەو بۆ ئەم قۆناغە چیتر پێویستی بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیم نییە. • لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی بەهێزی بینی لە روبەڕووبونەوەی ئەو سەركردانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناڕازی بوون لە سیاسەتو چۆنیەتی ئیدارەدانی بزوتنەوەكە، بەدیاریكراوی (عوسمان حاجی مەحمود، قادر حاجی عەلی)، ئێستا ئەم دوو كارەكتەرە وازیان لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوەو لەگەڵ خۆیان كۆتاییان بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیمیش هێناوە. • كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە بۆ ئەم قۆناغە كاریان بە محەمەد تۆفیق رەحیم نەماوە، دەیانەوێت بۆ دەرەوەی بزوتنەوەكە وای نیشان بدەن كە بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بە حزبێكی بنەماڵەییو زاوای نەوشیروان مستەفا كە محەمەد تۆفیق رەحیم دورخراوەتەوەو كاندیدنەكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان. رەنگە محەمەد تۆفیق رەحیم دیارترین كارەكتەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت كە لەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەدا خۆری بەختی ئاوا ببێت. خانەی راپەڕاندن چییە ؟ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا". كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا. 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختەدا) • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی (درەو میدیا) زانیویەتی، رۆژی 12ی ئەم مانگە، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە دامەزراوەیەكی راوێژكارییە، سەرۆكو سكرتێرو بڕیاردەری نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەو كەسەی كە لە شوێنی (رەئوف عوسمان) دەبێت بە سەرۆكی جڤاتی گشتی، یەكەمین كەسە كە كورسی خانەی راپەڕاندنی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خۆی مسۆگەر دەكات. (6) كورسییەكەی تری خانەی راپەڕاندن، رۆژی (14) مانگ لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانیدا یەكلادەكرێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەردەوان لەگەڵ یەكتر ناڕێك بوون لەگەڵ یەكترو پەیوەندییەكانیان بەچەندین هەورازو نشێودا تێپەڕیووە، واتە نەیانتوانیوە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتوو بمێننەوەو بەردەوام لێكترازان رویداوە. نامەكەی "سەید" بۆ "مام" لە سبەینێوە هەر كەسێك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دەیەوێت بۆ پۆستە حیزبییەكان خۆی كاندید بكات كە (7) پۆستە، دەتوانێت لە ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكە فۆرم تایبەت پڕبكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەسەر فۆڕمەكە خانەی تایبەت بە (7) پۆستەكەی خانەی راپەڕاندن هەیە، بە پۆستی رێكخەری گشتیشەوە، هەر كەسێك كە فۆرمەكە پڕدەكاتەوە دەبێت نیشانەی راست لە یەكێك لەو خانانە بدات كە لەبەردەم پۆستەكانی خانەدا دانراون. عومەر سەید عەلی كاندیدی بەهێزو بێ ركابەری پۆستی رێكخەری گشتییە، ئەو یەكەم رێكخەری دوای كۆچی نەوشیروان مستەفایە، لە دوو ساڵی رابردوودا روبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی رەخنەی هەڵسوڕاو و ناڕازییەكانی ناو بزوتنەوەكەی بووەوە. 15 ساڵ لەمەوبەر عومەر سەید عەلی لەگەڵ (7) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناڕازیبوون لە سیاسەتو چۆنیەتی ئیدارەدانی حزبەكەیان، ئەوان لەنامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی حزبەكەیان لە یەكێك لە خاڵەكاندا داوا دەكەن "مام جەلال" دەستبەرداری پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی ببێت بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا "سەید عومەر" خۆی تەمەنی گەیشتووەتە (75) ساڵو بۆ جاری دووەم بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە. "سەید عومەر" دواین كەسی ئەو سەركردانەی یەكێتی بوو كە "مام جەلال"ی بەجێهێشتو رووی لە نەوشیروان مستەفا كرد، بەڵام یەكەم كەس بوو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا متمانەی كوڕەكانی وەرگرت.
درەو میدیا: " كەس دژی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان نیەو دەبێت حیزبەكان خۆیان تەكلیف لە كاك مەسعود بارزانی بكەن بۆ سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە، وە بڕواناكەم كەسیش دژی سەرۆكایەتی كردنی بێت." ئەمە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە كە لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریكا راگەیاندووە. مانگی تەموزی رابردوو (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا بەناوی" بارزانی بەیاسا دەكرێتە مەرجەع" راپۆرتێكی ووردی لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە. بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكانی پێباشە" من پێم وایە هەموو حیزبەكان پێیان باشە و كەس دژی نەبووە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە من یەكەمجار لەگەڵ بەڕێز كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی دانیشتم و ئەو بابەتەم پێشنیار كرد ئەوانیش پێشوازییان لێكرد و وتیان شتێكی باشە." پاساوی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە لای محەمەدی حاجی مەحمود بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە " ڕاستە لەكوردستان سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك لە حیزبەكان لە حكومەتدا نین وە كۆمەڵێكی تریشیان لە هیچیاندا نین، ئێستا زۆرێك لە حیزبەكان چوار ساڵە پێكەوە كۆنەبونەتەوە لەكاتێكدا هەموویان ئامانجیان یەكە و بۆ كورد و دەزگا شەرعیەكان كاردەكەن ئەمانە خۆی بۆی هەموویان وەشتێكی پێویستە كە كۆیان بكاتەوە كە ئەمە ئەنجومەنێكە ڕاوێژكارییە، سیاسیە هەر ناوێكی هەبێت ئەم حیزبانە ماوە ماوە كۆبكاتەوە بۆ تاوتوێ كردنی كێشەكان كە ئێستا كێشەی ئەمریكا و ئێران لەناوچەكەدا هەیە كەكورد لەناوچەكەدا زیانمەند دەبێت دەبێت كورد كۆبێتەوە بزانێت چی بكات؟، خۆ ئەمە شتێكی تازە نیە بۆ نمونە لە ئەمریكا ئەنجومەنی پیران هەیە لە بەریتانیا لۆردات هەیە لە وڵاتانی عەرەبی "ئەعیان" هەیە، خۆ ئەگەر لەكوردستانیشدا شتێكی وا هەبێت كە بتوانێت ڕاوێژكاری لەنێوان حیزبەكاندا هەبێت و نەخشەیەك دابنێن كە بیخەنە بەردەم پەرلەمان و حكومەت ڕەنگە ئەوكات پەرلەمانی كوردستان بتوانێت بە بڕیارك چوارچێوەیەك بۆ ئەو ئەنجومەنە دابنێت." هەندێك ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە ویستی هەندێك كەسایەتی و لایەنە بۆ داتاشینی پۆست و هێنانە پێشەوەی بارزانی وەك مەرجەع؟ محەمەدی حاجی مەحـمود دەڵێت" من پێم وایە بەحوكمی ئەو دۆخی ئێستا هەیە لەناوچەكە "كاك مەسعود بارزانی" دەتوانێت لەقۆناغی یەكەمدا سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات، من واقیعانە بیردەكەمەوە نە وەك حیزبی، نە بەڕقی شەخسی بیردەكەمەوە كوردستان ئێستا بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كێشەمان لەگەڵ عیراق و وڵاتانی هەرێمی هەیە شوێنەواری شەڕی داعش و قەیرانی ئابوریمان هەیە جۆرەها كێشەی تریش جا بۆیە ئەگەر ئەو ئەنجومەنە بتوانێت ئەو حیزبانە هەمووی كۆبكاتەوە ئەوا زۆرباشە، خاڵی دووەم، پێم وانیە كاك مەسعود پێویستی بە پۆست هەبێت خۆ كاك مەسعود ئێستا سەرۆكی هەرێم نیە پادشای هۆڵەندی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاتن، هەموویان ئەویشیان بینی بەبێ ئەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە لەكوردستان واتە بڕواناكەم ئێستا ئەو "مەسعود بارزانی" پێویستی بەوەبێت كەسەرۆكی ئەو ئەنجومەنە بێت بەڵام كورد ئێستا خۆی پێویستی بەچیە و بەكێیە بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە؟ من پێم وایە ئەوكات حیزبەكان دەبێت خۆیان پێشنیار بكەن داوا لەكاك مەسعود بكەن بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە. .من پێم وایە ئێستا زۆر پێویستە سەرۆكایەتی كاك مەسعود بۆ ئەو ئەنجومەنە، چونكە بە حوكمی كەسایەتی و پێگەی حیزبەكەی كە ئێستا گەورەترین حیزبی كوردستانە و نیوەی زیاتری هەموو حیزبەكانی تری هەیە وە خۆشی كەسایەتیەكی دیار و ناسراوە." بەبۆچونی محەمەدی حاجی مەحمود زۆربەی زۆری حیزبەكان ڕازی دەبن كە "مەسعود بارزانی" سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات و وتی" من پێم وایە زۆربەی زۆری حیزبەكان بەسەرۆكایەتی كردنی ؟كاك مەسعود" لەو ئەنجومەنەدا ڕازی دەبن، هەروەك لە ڕاگەیاندنەكانەوە گوێ-مان لێیەتی بۆ یەكێتی نیشتمانی كاتێك من دەستپێشخەریم كرد ئەوان وتیان ئێمە خۆمان لەسەركردایەتی ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەین بەڵام لەگەڵی بوون، وە بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان پێش ماوەیەك داوایان كرد كەدەڵێن با كۆبونەوەی هەموو حیزبەكان بكرێت، كۆبونەوەی حیزبەكانیش دەبێت لە چوارچێوەیەكدا بێت كە ئەو چوارچێوەیە ئەنجومەنەكەیە، بۆیە بەبۆچونی من نەك دەبێت ڕازی بن ئەو حیزبانە ( یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها نەوەی نوێ) بەسەرۆكایەتی كردنی كاك مەسعود لەو ئەنجومەنە بەڵكو دەبێت" تەكلیفی لێ بكەن، من كاك مەسعودیشم نەبینیووە تابزانم ڕازی دەبێت یا نا بەسەرۆكایەتی كردنی ئەو ئەنجومەنە بەڵام ئەوكاتەی حیزبەكان ڕێككەوتن كە داوایان لێكرد ئەوكات دەردەكەوێت ڕازی دەبێت یاخود نا كەسەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات."
درەو میدیا: وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە سكاڵاكاری مامۆستایەك كە لەلایەن پۆلیسێكەوە هێرشی دەكرێتە سەر. بەپێی رونكردنەوەیەكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمیك كوردستان" ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێكەوتی ٢ی٩ی٢٠١٩ پۆلیسێك سەر بە لیوای نەوت و گاز بەناوی (هـ. ع. م. ق) هێرشی كردۆتە سەر مامۆستایەك بە ناوی (ڕ. ر. ك) لەبەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ناوبراو خوێندكارە و لەكاتی ئەنجامدانی ئەزمونە گشتیەكانی پۆلی ١٢ دا گزی (قۆپیە)ی كرووە، مامۆستای ناوبراو یاریدەدەری بەڕێوبەری هۆڵ بووە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتوە، وێرای ئەمە پۆلیسی ناوبراو هەڕەشەی لە چەند مامۆستایەكی دیكە كردووە كە چاودێری هۆڵ بوون لە قوتابخانەی سەگرمە" لە رونكردنەوەكەدا وەزیری پەروەردە بەدواداچونی وورد دەكات بۆ روداوەكە" داوای لە وەزیری ناوخۆ كرد ریكاری پێویست بەرامبەر پۆلیسی ناوبراو بگرنە بەرو وەزیری ناوخۆ فەرمانی كرد كە پۆلیسی ناوبراو دەستگیر بكرێت و دوای چەند كاتژمێركی كەم ناوبراو دەستگیر كرا" لە رونكردنەوەكەدا وەزیری پەروەردە فەرمانیكردوە" بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كە پێویستە ڕۆژی سێشەمە هەستن بە تۆماركردنی سكالا بەرامبەر پۆلیسەكە و بەرێز وەزیری پەروەردە لەم كەیسەدا دەبێتە سكاڵاكار" رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەوە ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێكەوتی ٢ی٩ی٢٠١٩ پۆلیسێك سەر بە لیوای نەوت و گاز بەناوی (هـ. ع. م. ق) هێرشی كردۆتە سەر مامۆستایەك بە ناوی (ڕ. ر. ك) لەبەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ناوبراو خوێندكارە و لەكاتی ئەنجامدانی ئەزمونە گشتیەكانی پۆلی ١٢ دا گزی (قۆپیە)ی كرووە، مامۆستای ناوبراو یاریدەدەری بەڕێوبەری هۆڵ بووە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتوە، وێرای ئەمە پۆلیسی ناوبراو هەڕەشەی لە چەند مامۆستایەكی دیكە كردووە كە چاودێری هۆڵ بوون لە قوتابخانەی سەگرمە، بەرێز وەزیری پەروەردە لە ساتە وەختی بیستنی هەواڵەكەوە بەدواداچونی زۆر وردی لەسەر ئەو ڕووداوە كرد، هەروەها داوای لە جەنابی وەزیری ناوخۆ كرد ریكاری پێویست بەرامبەر پۆلیسی ناوبراو بگرنە بەر، بەڕێز جەنابی وەزیری ناوخۆ فەرمانی كرد كە پۆلیسی ناوبراو دەستگیر بكرێت و دوای چەند كاتژمێركی كەم ناوبراو دەستگیر كرا، پێش ئەوەیش بەرێز دكتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە پەیوەندی بە بەڕێز (د.هەڤال ئەبو بەكر)ەوە كرد وەك سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و سەرۆكی یەكەی كارگیری پارێزگاری سلێمانی دەربارەی ئەم كەیسە، هەروەها بەرێز وەزیری پەروەردە فەرمانی كرد بە بەڕێزان (م. دڵشاد عمر)كە بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و (م. عمر محمد امین) یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كەپێویستە ڕۆژی سێشەمە هەستن بە تۆماركردنی سكالا بەرامبەر پۆلیسەكە و بەرێز وەزیری پەروەردە لەم كەیسەدا دەبێتە سكاڵاكار. سەرجەم مامۆستایانی بەرێز و خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری سەروەری یاسا و ماف و شكۆی ئەوان دەبین.
