موچەی وەزیرو پەرلەمانتاران بۆ نیوە كەمكرایەوە
2019-10-21 14:10:44
(درەو میدیا):
دوای پێنج رۆژ خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵك لە شارە جیاجیاكان، دواجار سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان ژمارەیەك بڕیاری بۆ چاكسازی راگەیاند.
دوای كۆبونەوەیەكی بەپەلەی حكومەت لە كۆشكی "بەعەبدا" لە بەیروتی پایتەخت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حەریری ئاشكرایكرد، حكومەت بڕیاریداوە موچەی وەزیرو پەرلەمانتاران بۆ نیوە كەمبكاتەوە، سەرباری ئەمە بودجەی نوێی لوبنان هیچ باجێكی نوێی تێدا نییە.
حكومەتەكەی سەعد حەریری بۆ دابینكردنی بودجەی ساڵی داهاتووی وڵات روبەڕووی كێشە بووەوە، دەیویست بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، باج لەسەر بەنزین و جگەرەو چەندین پێداویستی تر زیاد بكات، وا دانرابوو زیادكردنی باجەكان تەنانەت تۆڕی كۆمەڵایەتی "واتس ئاپ" یشی بگرێتەوە، بەڵام خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكان رێگرییان لە جێبەجێبوونی پلانەكە گرت.
حەریری دانی بەوەدا نا خۆپیشاندانی خەڵكی لوبنان بەرەنجامی "هەستكردنی گەنجان بووە بە توڕەییو بێئومێدی"، جەختی كرد لەسەر ئەوەی هەرگیز داوا لە خۆپیشاندەران ناكات كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكانیان بهێنن.
حەریری پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەو وتی:" خۆپیشاندانەكان بەربەستە سیاسییە زۆرو زەوەندەكانی تێكشكاندو ناسنامەیی یەكێتی نیشتمانی لوبنانی گەڕاندەوە".
لە رۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لوبنان دەستیپێكرد، سەرەتای خۆپیشاندەران داوای چاككردنی دۆخی ئابوری وڵاتو روبەڕووبونەوەی گەندەڵییان دەكرد، دواتر داواكارییەكان سەریكێشا بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت.