راپۆرتی: درەو میدیا ڕەنگە دوای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك لە هەرێمی كوردستانو عێراق، یەكێك لە ڕووداوە گرنگەكانی ساڵی 2018 بەر لەئاوابونی، سەردانەكەی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت بۆ (بەغداد)، كە ساڵێک پێش ئێستا پێیوابوو "تروسكایەك نەماوە بۆ تەوافوقو پێكەوە ژیان"و كاتی ئەوە هاتوو وەك دوو "جیران" بژین. گەڕانەوەی ناچاری میدیاكانی پارتی سەردانەكەی بارزانیان بەجۆرێك ڕووماڵكرد كە (بەغداد) لە پێگەو قورسایی بارزانی تێدەگات وەك یاریزانی یەكەمی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، پێگەیەك كە ناكرێت بەهەند وەرنەگیرێتو، قابیلی پەراوێخستن بێت. ئەگەر ئەمە ئاستێكی زۆر ڕاستیشی تیادابێت، تەنها قسەكردنە لەسەر دیوێكی، دیوەكەی تری پەیوەستە بەخواستی بەهێزی بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ (بەغداد)و، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان بەتایبەت هێزە (شیعەكان)، چونكە لە كۆتایی ڕێگەكەدا بارزانی گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بردنەوەی هەڵبژاردنو، بەدەستهێنانی (25) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەس نیە بۆ گەڕانەوەی ئەو پێگەیەی پێشتر لە پرۆسەی سیاسی عێراق هەیبوو. بارزانی ئەو پێگەیەی جارانی لەدەستدا لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كاتێك كاندیدە "شەخسیەكەی" بارزانی بەرامبەر بەكاندیدەكەی یەكێتی دۆڕاندی، وێڕایی دروستبونی مەترسی لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە پشكی پارتی بوو، دوو هۆشداری گرنگ بوون بۆ ئەو زیانە گەورەیەی بەر پێگەی بارزانی وەكو شەخسو، پارتی وەكو حزبێكی دیار كەوتووە لەعێراقو، ئەو پەیامەی پێگەیاندن خەریكە گۆڕانكارییە گەورەكان لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی ئەوان ئەنجامدەدرێت. دەستپێكردنی دانوستانەكانی (پارتی و یەكێتی) بەشێوەی تاكلایەنە لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی)و هێزە عێراقییەكان، گورزێكی تر بوو لەپێگەی بارزانی درا، وێڕای ئەوەی ئەو وێنەی بەتەواوی تەڵختركرد كە لەڕابردوودا بۆ بارزانی دەكێشرا بەوەی بڕیاردەری یەكەمی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو (بەغداد)ە، هیچ ڕۆڵێکیشی نەبوو لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوو. بەرهەم ساڵح مەترسی جدییە بەهێزبوونی پێگەی (بەرهەم ساڵح) لە ناوخۆی عێراقو لە ئاستی هەرێمایەتیش دیوێكی تری گەڕانەوەی بارزانییە بۆ بەغدا، مەقبولیەتی (بەرهەم ساڵح) لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، بارزانی بەتەواوی نیگەرانكرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهەموو هێزو تواناو ئەو پەیوەندییە دەیان ساڵانەی هەیبوو، نەیتوانی بەهەرم ساڵح دووربخاتەوە، ئەوەش گەیاندییە ئەو ڕاستیەی چۆڵكردنی (بەغداد) تاسەر ، نەك هەر زیان بەحزبەكەی دەگەیەنێت، بەڵكو بەدیلیش بۆ خۆی دروستدەكات. ململانێ ناوخۆییەكانی پارتی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە (بەغداد) بە (درەومیدیا)وت، بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوو، پارتی ئەمجارە خاوەنی تیمێكی لاوازو بێ ئەزموونە لە پەرلەمانی عێراق، سەرەتای ئەو لاوازییەشی لە شكستهێنانی دانوستانی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا دەركەوت، كە لە خولی یەكەمدا نەیتوانی دەنگی (50+1) بهێنێتو ڕكابەرەكانی تێپەڕێنێت، دواتر بەدەستوەردانی ڕاستەوخۆی بارزانیو هەوڵەكانی (هادی عامری) پارتی توانی ئەو پۆستە وەربگرێت لە (بەغداد). خالێكی تر، بەهۆی توندبونەوەی ململانێی باڵی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی لەلایەكو ململانێی بادینیو سۆرانی لەلایەكی تر، فراكسیۆنی پارتی لە (بەغداد) توشی ناكۆكی قوڵبووە، "ئەمە وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێدا". وتیشی:"لە كاتی دانانی جێگری سەرۆكی دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا باڵی بادینییەكان خۆیان بەشیاوی ئەو پۆستە زانیوەو، ئامادەنەبوون لۆبی بۆ (بەشیر حەداد)، هاوكات لە دانانی ئەندامانی لیژنەكانیشدا، باڵی بادینییەكان دەستیانگرتووە بەسەر لیژنە گرنگەكان داو، سۆرانییەكان پەراوێزخراون". هەر بەهۆی ململانێكانەوە، تا ئێستا پارتی بە فەرمی سەرۆكی فراكسیۆنی دیارینەكردووە، باڵی نێچیرڤان بارزانی، (هەدار بارزانی) وەك كەسی متمانە پێكراوی خۆیان دیاریكردووە، باڵی (مەسرور بارزانی)یش، (ڤیان سەبری) وەك سەرۆكی فراكسیۆن دەناسێنن. فشاری ئەمریكا لەسەر هەولێر بەغداد لەدوای پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بە فشاری ئەمریكا ڕێككەوتنی كاتی لەنێوان هەرێمو بەغداد واژوكرا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك، وەك ئامادەكارییەك بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێران، كە ڕێككەوتنەكە سەردەكێشێت بۆ كۆنتڕڵكردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێمو كەركوك لەلایەن عێراقەوە. خاڵێکی تر، پرسی كۆنتڕۆڵكردنی خاڵی سنوریی (ئیبراهیم خەلیل)و ڕادەستكردنی گومرگەكەیەتی بە حكومەتی فیدراڵ، ئەوەش هێندەی تر فشارەكانی لەسەر بارزانی چڕتر كردوەتەوە. فەرشی سور بۆ پیاوێكی بریندار لەگەڵ ئەوەی "فەرشی سور" لە میدیاكانی پارتی باڵی كێشا بەسەر ناوەرۆكی كۆبونەوەكانی بارزانی لە(بەغداد)و دەرەنجامەكانی، بەڵام بەدرێژایی (10) ساڵی ڕابردوو كە بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە، هێندەی ئەمجارە بەگەرمی پێشوازی لێنەكراوە، ڕەنگە لایەنە عێراقییەكان بەم پێشوازییە ویستبێتیان ئەو پەیامە بە بارزانی بگەیەنن، كە دەستبەردابونی لە گوتاری جیابونەوە دەتوانێ ئەو بكاتە یاریزانێكی كاریگەرو ئەم پێشوازییەش بۆ سارێژكردنی برینی ڕیفراندۆمو كەوتنی كەركوكە، بارزانی خۆشی بەڕوونی گوزراشتی لەمە كرد كاتێك وتی"دەمانەوێت هەڵەكانی ڕابردوو ڕاستبكەینەوە". سەدر چی بارزانی وت... شیعەكان چی دەڵێن؟ هەر لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكەی "درەومیدیا" ئاشكرایكردوون، لە كۆبونەوەكەی نێوان (موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانی)دا، سەدر بە بارزانی وتووە، چیتر گەلەكەت مەخەرە مەترسییەوەو مەبە بە بەشێك لە ململانێی نێودەوڵەتی، ئەوكات خۆی ئامادەیە بەرگری لە گەلی كورد بكات. سەرچاوەكە لە زاری بەرپرسانی هاوپەیمانی (سائیرون)و (فەتح)ەوە، ئەوەشی وت، هیچ ڕێككەتنێكیان لەگەڵ بارزانی سەبارەت بە كێشەی كەركوكو پشكی هەرێم نەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت ویستویانە"پەیامێك بە بارزانی بدەن كە بەغداد ڕێزی پێگەی ئەو دەگرێت، بەمەرجێ دەستبەرداری پرسی جیابونەوەبێت".
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەندامانی لیژنەی كاروبارەی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆك، داوادەكەن لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنوس " جەمال خاشقچی" دا سعودیە سزا بدات بە گوێرەی " یاسای ماگنیتسكی" كە رێگەدەدات بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنەی لە كوشتنی ئەو رۆژنامەنوسەوە تێوەگلاوە. هەروەها ئەو یاسایە سەرۆكی ئەمریكا پابەنددەكات كە دوای بەدەستگەیشتنی داواكاری ئەندامانی لیژنەكە لێكۆڵینەوە دەستپێبكات دەربارەی ئەوەی بیانییەك تێوەگلاوە لە تاوانی كوشتن، یان ئەشكەنجەدان، یان پێشێلكردنی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤی تایبەت بە ئازادی رادەربڕین كە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە. هەروەها یاساكە سەرۆكی ئەمریكا پابەنددەكات لەمیانی 120 رۆژ دوای بەدەستگەیشتنی نامە راپۆرتێك دەربكات، كە بڕیارێك لەخۆبگرێت دەربارەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێكدا كە بەرپرس بێت لە پێشێلكاریی مەترسیداری وەك ئەشكەنجەدان و دەسبەسەركردن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بێ دادگاییكردن، یان كوشتنی كەسێك بەدەر لە چوارچێوەی دادوەریی لەبەر مومارەسەكردنی مافی ئازادی رادەربڕین. سیناتۆری كۆماری پۆپ كرۆكەر یەكێكە لەوانەی داوادەكات بە ماگنیتسكی سزای سعودیە بدرێت " یاسای ماگنیتسكی" یاسای " ماگنیتسكی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە دەربارەی مافەكانی مرۆڤ" بە رەزامەندی پارتی كۆماریی و دیموكراتەكانی ئەمریكا دەركراوە و ساڵی 2012 باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە ئیمزای لەسەركردووە، بەڵام لە ساڵی 2016دا كۆنگرێس پشتی بە كۆپی نێودەوڵەتی یاساكە بەست كە دەسەڵاتی ئەوە دەداتە سەرۆكی ئەمریكا سزا بەسەر هەر بیانییەكدا بسەپێنێت كە تۆمەتباربێت بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤی وەك كوشتن و ئەشكەنجەدان و ئەو پێشێلكارییانەی تری كە لە لیستی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا هاتووە. لە ساڵی 2017دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری جێبەجێكردنی ژمارە 13818ی ئیمزاكرد كە" موڵك و ماڵی ئەو كەسانە بلۆكدەكات كە تێوەگلاون لە پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی مافەكانی مرۆڤ یان گەندەڵی". بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەو بڕیارە 101 قەوارە و كەسایەتی سزادراون، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە كانونی دووەمی 2017ەوە رێوشوێنی لەدژی 460 قەوارە و كەسایەتی گرتوەتەبەر كە تۆمەتباركراون بە تێوەگلان لە چالاكی پەیوەست بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، یان گەندەڵی یان بەشداریكردن تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ. رێزلێگرتن ئەو یاسایە ناونراوە " ماگنیتسكی" وەك رێزلێنانێك بۆ پارێزەر و وردبین و ژمێریاری روسی "سێرگی ماگنیتسكی" كە ساڵی 2009 لە زینداندا لە روسیا كوژرا. ماگنیتسكی هاوكاری بیڵ بۆردەر وەبەرهێنەری دەكرد كە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیا و ئەمریكا بوو، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە كەیسێكی زەبەلاحی خۆدزینەوە لە باج لە روسیا كە بەهاكەی دەگەیشتە 230 ملیۆن دۆلار و پاڵەوانەكانی كەسانی دەستڕۆیشتوو و نزیكی كرملن بوون. ماگنیتسكی ساڵی 2008 دوای ئاشكراكردنی ئەو كەیسە دەستگیركرا و نزیكەی ماوەی ساڵێك لە زینداندا مایەەوە بێ دادگاییكردن و دەسەڵاتدارانی روسیا ساڵی 2005 برۆدەریان لەو وڵاتە دەركرد، برۆدەر نەوەی سەرۆكی حزبی شیوعی بوو لە ئەمریكا. ماگنیتسكی لەو ماوەیەدا كە لە زینداندا بوو رووبەڕووی ئەشكەنجەدان بووەوە و لە دۆخێكی تەمومژاویدا گیانی لە دەستدا، پاشان لە جیاتی دادگاییكردنی بكوژرانی بە مردوویی دادگاییكرا، برۆدەر هەموو هەوڵەكانی تەرخانكرد بۆئەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا رازی بكات یاسایەك بۆ سزادانی بكوژرانی ماگنیتسكی پەسەند بكات و هەوڵەكەی ساڵی 2012 سەركەوتنی بەدەستهێناوە یاساكە دەركرا. پەسەندكردنی ئەو یاسایە توڕەیی زۆری روسیای لێكەوتەوە و مۆسكۆ بەڵێنیدا رێوشوێنی گونجاو لەدژی بگرێتەبەر و لە یەكەم رێوشوێنیشدا روسیا پرۆسەی تەبەنیكردنی منداڵانی روسیای لەلایەن خێزانە ئەمریكییەكانەوە راگرت. ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دۆناڵ ترەمپ لە هیلسنكی لە مانگی تەمموزی 2018دا رایگەیاند برۆدەر و ژمارەیەك لە هاوبەشەكانی لەلایەن دادگای روسیا داواكراون بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوە بەبێ ئەوەی باجی لێبدەن. راشیگەیاند 400 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە بەخشراوە بە هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 و لە ترەمپ ركابەری هیلاری كلینتۆن بوو. برۆدەریش ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ بڕە پارەیەكی بەكەس نەبەخشیوە و لە روسیاش بە تۆمەتی خۆدززینەوە لە باج و مایەپوچبونی بە ئەنقەست حوكمی نۆ ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا. لەكاردانەوەی ئەوەدا برۆدەر حكومی دادگای بە گاڵتەجاڕی وەسفكرد و وتی:" لە ساڵی 2012ەوە پۆتن پرسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای ماگنیتسكی كردوەتە كاری لە پێشینەی سیاسەتەكانی دەرەوەی، بەڵام هەموو هەوڵەكانی شكستیانهێناوە". برۆدەر ئاشكراشیكرد كە ئەلكساندە بیریبیلیچینی لە ساڵی 2012دا لە ناوچەی ساری بەریتانیا لەكاتی وەرزشی راكردندا لە نزیك ماڵەكەی كەوتووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و تائێستاش پۆلیسی بەریتانیا لەوە دەكۆڵێتەوە. بیریبیلیچینی یەكێك بوو لەو سەرچاوە سەرەكییانەی كە زانیاری لەسەر چارەنوسی ئەو پارانە ئاشكراكردبوو كە لە روسیا و لە چوارچێوەی كەیسەكەی ماگنیتسكیدا دزرابوون. "سێرگی ماگنیتسكی" ئەوانەی بە " ماگنیتسكی" سزادراون دیارترین ئەو كەسانەی كە بە گوێرەی یاسای ماگنیتسكی سزادراون ئەمانەن: * رەمەزان قەدیرۆڤی سەرۆكی چیچانی لایەنگری مۆسكۆ كە بە پرۆسەی كوشتن لە چیچان تۆمەتبار كراوە. * ئۆلیگ لۆگۆنۆڤن جێگری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچووونی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی روسیا كە لێكۆڵینەوەی لە كوشتنی ماگنیتسكیدا كردووە. * دوو دەستەی سەر بە سوپای میانمار بەهۆی رۆڵیانەوە لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە رۆهینگییە موسوڵمانەكان ئەنجامدراون. لە ماوەی رابردووشدا ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوایان لە سەرۆكی وڵات كرد یاساكە لەدژی چەند بەرپرسێكی چین جێبەجێبكات كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی پێشێلكاریی دژ بە موسوڵمانی ویگۆر لە باكوری چین. سەرچاوە: BBC ARABIC
راپۆرت: نامیق رەسوڵ بەدەستهێنانی (25) كورسی پەرلەمانی عێراقو (45) كورسی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانی والێكردەوە خۆی بە حاكمی رەهای هەرێمی كوردستان بزانێتو بێ گوێدانە سەنگو قورساییو تێڕوانینی لایەنەكانی تر، كار دەكات بۆئەوەی هەموو بەرنامەو ستراتیژو تێڕوانینەكانی خۆی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمو سیستمە حكومڕانییەكەی جێبەجێبكات. پارتی لە یەكەمین هەنگاویدا دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەگەرچی (50+1)ی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە، بەڵام وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستان، دانوستانی لەگەڵ لایەنەكاندا دەستپێكردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو لای خۆشیەوە چەندین مەرجی بۆ ئەو لایەنانە داناوە كە دەیەوێت بەشداریان پێبكات لە حكومەتدا، ئەگەرچی ئەو لایەنانە بەوتەی خۆیان نایانەوێت "بەشدار"ی حكومەت بن، بەڵكو دەیانەوێت "هاوبەش" بن لە حكومەتو بڕیاری سیاسیو بەڕێوەبردنی هەرێمدا. لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی پارتی چەندین مەرجیان لەسەر بەشداریپێكردنی حزبەكانی تر لە حكومەتدا راگەیاندووە، كە دواهەمینیان قسەكەی ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتییە كە دەڵێ" پارتی زۆر بەلایەوە گرنگ نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری حكومەت بكات". پارتی سیستمی سەرۆكایەتی دەچەسپێنێت نوێترین لێدوانی بەرپرسانی پارتی لێدوانێكی عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتییە سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێمو دەستورو سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم، كە رەنگە ئەمەیان مەترسیدارترین لێدوان بێتو نیازی تەواوەتی پارتی بۆ داهاتووی هەرێمو سیستمە سیاسییەكەی ئاشكرادەكات. عەونی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (ئاژانس) وتویەتی:" پێویست ناكات پۆستی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكاندا باس بكەینەوە، بەڵكو ئێمە لەم خولەدا پڕۆژەی دەستورو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەبەینەوە پەرلەمانو ئەكتیڤی دەكەینەوە". عەونی زۆر بێ باكانە لە هەڵوێستی حزبەكانی تر دەربارەی ئەو پرسە قسەدەكاتو دەڵێ:" پرۆژەی دەستورو هەرچیی یاسایە، كە لە خولەكانی تردا ڕێگریی لێ دەكرا، لەم خولەدا كە پارتی تێیدا زۆرینەیە دەتوانێت بەئاسانی تێپەڕێنرێت". ئەگەرچی لە رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامدانەوەی لایەنەكانی تری هەرێمدا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، بەڵام ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی زۆر راشكاوانە ئەمجارە ویستی پارتی بۆ چەسپاندنی سیستمی سەرۆكایەتی دەردەبڕێتو دەڵێ:" ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ ئەوەداین سیستمی حكومڕانی لە هەرێم سەرۆكایەتی بێتو سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی زیاتری پێ بدرێت، پاشان دوای ئەوەی یاساكەمان ئەكتیڤ كردەوەو هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەن دەستوری خۆی، ئینجا هەڵبژاردن لەناو خەڵكدا دەكەین". كێشەی سەرۆكی هەرێم ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دوو ئیدارەیی یەكی گرتەوەو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتیو پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا. دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا. لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتیو یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوەتەوە كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت. داخستنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كە سەرۆكایەتی بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوو، گۆڕان بەشدار بوو لە كابینەی حكومەت، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتی هەبوو، لەم كاتەدا ماوەی دوو ساڵی خولی درێژكراوەی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامیی پرۆژەیاسایان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد، و سەرەڕای هەوڵو گوشاری زۆری پارتی بۆ رێگریكردن لە تێپەڕینی ئەو پرۆژە یاسایانە، حزبەكان سوربوون لەسەر هەمواركردنەوەیو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاساكە كراو، كاتێك هاتە سەرئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساكە بكرێت، سەرەرٍای گوشاری زۆری پارتیو دانوستانی زۆری لایەنەكان، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە دەستپێكرد، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە، كۆبوونەوەكە بێ ئاكام بوو. پارتی لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو هەنگاوە، دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستو جامی توڕەیی خۆی بەسەر گۆڕاندا رشتو وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركردو رێگەی بە سەرۆكی پەرلەمان نەدا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر. گۆڕانو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017و هێرشی هێزەكانی حكومەتی ناوەندی بۆسەر كەركوكو ناوچە كێشەلەسەرەكان، مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو، پەرلەمانی كوردستان كە بۆ ریفراندۆم كارا كرابووەوە، تەمموزی ئەمساڵ بە پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هەڵپەساردو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دابەشكرد بەسەر (سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران- سەرۆكایەتی پەرلەمان- دەسەڵاتی دادوەری)، گۆڕان بەو هەنگاوە رووبەڕووی رەخنەی لایەنگرانی خۆیو حزبەكانی تر بووەوە، بەڵام ئەوانەی كە لە پشت نوسینەوەی ئەو پرۆژەیاسایەو تێپەڕاندنییەوە بوون، بەدیاریكراویش عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان جەختیاندەكردەوە كە كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیان چارەسەركردووەو لە خولی نوێی پەرلەماندا بەتەواوەتی ئەو پرسە چارەسەردەكەن، بەڵام ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی لە پەرلەماندا هەیەو پارتی خاوەنی (45) كورسییە، یان وەك عەلی عەونی راگەیاندووە "زۆرینەی پەرلەمانن"، پارتی بەویستی خۆی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی ئەكتیڤ دەكاتەوە. دەستوری هەرێم لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەندین هەوڵ هەبووە بۆئەوەی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی لە یەكتریو دیاریكردنی سیستمی سیاسی هەرێم، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر سیستمی سیاسی هەرێم لەنێوان سیستمی (سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی یان تێكەڵ)، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت. ساڵی 2009 لە كۆتایی ئەو خولەی پەرلەماندا، پارتیو یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسیەوەو لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا. پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناوە پەسەندكرا، هەر ئەو كات بڕیاردرا بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون. كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە. 17ی ئازاری 2011و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە خۆپپشاندانەكانی 17 شوباتو رۆژانی دوایی ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی ئەو ساڵەی پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسیو سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان. دەستورێكی نوێ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان پێكهێنرا . لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكانو لە 20ی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوتو دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیراو نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت. پارتی چۆن دەستورێكی دەوێت؟ بەردەوام لە پرسی نوسینەوەی دەستورێكدا بۆ هەرێم، ناكۆكی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەكو حزبەكاتی تر لەلایەكی تر هەبووە، پارتی هەمیشە مەیلی بەلای ئەوەدابووە سیستمی حوكمڕانی هەرێم "سەرۆكایەتی" بێتو "سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت"و "دەسەڵاتێكی زۆری هەبێت"، بەڵام بەپێچەوانەوە حزبەكانی تر بە گشتی بەدیاریكراویش (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی) لەگەڵ چەسپاندنی سیستمی "پەرلەمانی"دا بوون بۆ هەرێم، هاوشێوەی سیستمی حوكمڕانی عێراق. رۆژی 24ی ئەیلولی 2012 نەوشیروان مستەفاو مام جەلال وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە كە دواتر ناوی لێنرا كۆبونەوەكەی "دەباشان"، لە بەشێكی راگەیەندراوی ئەو كۆبونەوەیەدا هاتبوو" لە كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا، بەتایبەت مەسەلەی دەستوری كوردستانو گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمانو هەمواركردنی، كە هەردوولا لەسەر گەڕاندنەوەو هەمواركردنی هاوڕابوون، بەشێوەیەك كە تەوافوقی هەموو لایەنەكانی لەسەربێتو سیستمی سیاسی كوردستان لەگەڵ بنەمای سیستمی سیاسی عێراق، كە لە دەستوری عێراقدا پەسەندكراوە، بگونجێنرێنو بكرێن بە سیستمی پەرلەمانی". ئێستا كە پارتی جەخت لەسەر نوسینەوەی دەستورو چەسپاندنی سیستمی "سەرۆكایەتی" دەكات، خاوەنی (45) كورسی پەرلەمانەو سەرباری ئەوەش دەنگی نوێنەری پێكهاتەكانو چەند حزبێكی تریشی مسۆگەر كردووە، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كە بەنیازن لە كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ پارتی بەشداربن، هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی پارتی نەبووە، تەنها ئەوە نەبێت سەعدی ئەحمەد پیری وتەبێژی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئاژانس" وتویەتی:" نابێت دەستوری هەرێم پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت". رەنگە بێدەنگیو وەڵامنەدانەوەی ئەم هەڵوێستەی پارتی بەرامبەر بەدەستورو سیستمی سەرۆكایەتی لەلایەن گۆڕانو حزبەكانی ترەوە، پەیوەندی بە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە هەبێتو ئەو لایەنانە نەیانەوێت بەهۆی دژە لێدوانەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئاڵۆز بكەن، بەڵام ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە بۆ كاتی پەسەندكردنی دەستورو ئەوكات یەكلا دەبێتەوە ئەوانەی دوێنێ شەڕیان لەسەر سیستمی پەرلەمانی دەكرد، سبەینێ لەبەردەم سیستمی سەرۆكایەتی پارتیدا چۆك دادەدەن یاخود نا.
( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادمێر پوتن، سەرۆكی روسیا ئاماژەیان بەوەداوە كە رەنگە سەردانی عێراق بكەن و رۆژنامەی زەمانیش لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2018 نوسیوێتی كامیان پێشتر دەگەنە بەغدا؟ رۆژنامەكە دەڵێت: دوو ئاماژەی بەهێز لە یەك كاتدا رۆژی سێشەممە دەركەوتن كە جەختدەكەنەوە ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی روسیا لە زووترین هەلدا سەردانی عێراق بكەن، بەڵام كامیان پێش كامیان دەگەن، و ئامانجەكانیان چییە ئەگەر گەیشتە بەغدا. رۆژنامەی " واشنتۆن پۆستیش" رۆژی سێشەممە رایگەیاند, ترەمپ راوێژكارەكانی ئاگاداركردوەتەوە كە بۆ یەكەمجار دوای وەرگرتنی دەسەڵات ئەگەری ئەوە هەیە بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی سەردانی عێراق و ئەفغانستان بكات. رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەشداوە كە راوێژكارانی ئێستا و پێشوووی كۆشی سپی جەختیانكردوەتەوە كە لە رابردوودا و هەتا ئەمداوییە ترەمپ رەتیدەكردەوە سەردانی هێزەكانی ئەمریكا بكات لە عێراق و ئەفغانستان و دەیوت نایەوێت خۆی پەیوەست بكات بەو دوو جەنگەوە كە بە شكستخواردوویان دادەنێت. بەڵام ئەو راوێژكارانە ئاشكرایانكردووە كە ترەمپ لە چەند كۆبوونەوەی رابردوودا باسی لە بابەتی ئەگەری سەردانەكەی بۆ عێراق و ئەفغانستان كردووە. چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەواڵێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند بە رەسمی سەرۆكی روسیای بانگهێشت كردووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بكات. لە ماوەی رابردووشدا میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا بەجیا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوەوە و بەرەسمی بانگهێشتنامەی سەرۆكی روسیای بۆ سەردانی ئەو وڵاتە پێشكەشكردن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پرۆسەی ریفراندۆم دەكرد، وێنەیەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم بڵاوبووەوە كە سێوێك لەتدەكات، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ لەتبوونی عێراقو جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لێكدرایەوە، دوای نزیكەی ساڵێكو دوو مانگ لە "لەتكردنی سێوەكە"، بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. بڕیارە بەمزوانە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغداد بكات، لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017وە ئەمە یەكەمجارە بارزانی سەردانی بەغداد بكات. سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لە ناوەڕۆكدا چەندین پەیامو خوێندنەوەی جیاوازی هەڵگرتووە، لە پلەی یەكەمدا شكستی تەواوەتی پرۆسەی ریفراندۆمو هەوڵی جیابونەوەیە لە عێراق، كە بارزانی رۆژگارێك سەرۆكایەتی ئەو هەوڵەی دەكرد. تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە پارتی دیموكراتی كوردستانو نوسینگەی سەرۆكی ئەو حزبە بەفەرمی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی هۆكاری سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد ئاشكرانەكردووە، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد، بارزانی بە گەشتێك بەرەو وڵاتانی كەنداو بەرێدەكەوێت، رەنگە بارزانی لەم گەشتەیدا هەوڵی راستكردنەوەی پەیوەندییە عەرەبییەكانی بدات، كە لەدوای ریفراندۆمەوە كێشەی تێكەوت. بارزانی بۆچی دەچێت بۆ بەغداد؟ سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لەكاتێكدایە ئێستا حزبەكەی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی دانوستانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هەروەها لە بەغدادش هێشتا ژمارەیەك پۆستی وزاری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پڕنەكراونەتەوە، یەكێك لەو پۆستانە پشكی كوردەو یەكێتی دەیەوێت ئەو پۆستە بباتو پارتیش بە پشكی خۆی دەزانێت. هەندێك لە میدیاكانی عێراق هەواڵی سەردانی چاوەڕوانكراوی بارزانیان بۆ بەغداد بڵاوكردوەتەوە، سایتی "سۆمەریە نیوز" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی بەرپرسەوە ئاشكرایكردووە" لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، بارزانی دۆخی سیاسیو پێكهێنانی كابینەی حكومەت تاوتوێدەكات و سەردانەكەی بەئامانجی راگەیاندنی پشتیوانییە بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی". بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، پرسی كەركوك یەكێك دەبێت لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی بارزانی لە بەغدادو بارزانی داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەكات. دواین پەیامی بارزانی بەرلە گەشتەكەی ؟ دواین دەركەوتنی مەسعود بارزانی بەر لە گەشتە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ بەغداد، كۆبونەوەیەكی بوو لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان. بەپێی هەواڵێك كە سایتی فەرمی پارتی بڵاویكردوەتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغداد وتویەتی " هیوادارم نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەرسێ پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانیو تەوافوق لە یاسادانانو تەوازون لە دامودەزگای حكومی". لەبارەی كەركوكو ناوچە كێشەلەسەرەكانیشەوە بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەو بارودۆخەو سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە، پێویستە كۆتایی بێتو بەردەوامبوونی قابیلی قبوڵ نییە". بارزانی لە بەغداد كێ دەبینێت ؟ بەپێی قسەی سەرچاوەكان، لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو سەرۆكی ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكانی عێراق دەكەوێت. بەپێی قسەی سەرچاوەكەی سایتی "سۆمەریە نیوز"، بارزانی لە بەغداد لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش كۆدەبێتەوە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵۆزییەی كە لەنێوان پارتیو یەكێتی بەتایبەتیش لەنێوان بەرهەم ساڵحو بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبووە، چاوەڕوان ناكرێت كۆشكی سەلام یەكێك بێت لە وێستگەكانی گەشتەكەی بارزانی بۆ بەغداد. زانیاری هەیە كە لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵحەوە وەكو سەرۆك كۆمار، بەرپرسانی پارتی لە چەندین كۆبوونەوەی داخراودا باسیان لەوە كردووە، رێگەنادەن بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێر بكات، هەندێك لە میدیاكانی نزیك لە پارتی بەرهەم ساڵح بە نوێنەری یەكێتی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناودەبەن، نەك نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئێوارەی ئەمڕۆ بە گەشتێك بەرەو ئیتالیا بەرێدەكەوێت، رەنگە چونەدەرەوەی بەرهەم ساڵح هاوكات لەگەڵ سەردانی بارزانی بۆ بەغداد بەمەبەستی پەردەپۆشكردنی ئەو ناكۆكییانە بێت, كە لەنێوان هەردوولا لەبەردەم میدیاكانی عێراقدا، بەتایبەتی ئەگەر بارزانی ئامادەنەبوو سەردانی بەرهەم ساڵح بكات. بارزانیو بەغداد ؟ مێژووی مەسعود بارزانیو بەغداد نوێ نییە، بارزانی سەرباری ئەوەی كە بانگەشەی جیابونەوەی لە عێراق دەكردو ئەو بانگەشەیەی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا خستەبواری جێبەجێكردن، هیچ كاتێك بەتەواوەتی دەستبەرداری بەغداد نەبووە وەكو پایتەختی عێراق. ئەو تەنانەت لە رۆژانی ریفراندۆمیشدا بارەگا سەرەكییەكەی خۆی لە ناوچەی سەوز لە بەغداد دانەخست. لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، بارزانی یەكێك لەو سەركردە سیاسییانەی كورد بوو كە بۆ بەشداریكردن لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ چووەو بەغدادو بەشداری لە ئەنجومەنی حوكمدا كردو جارێكیش سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنەی كرد. دواین سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لە رۆژی 29-9-2016دا بوو، واتە بە دیاریكراوی ساڵێك پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، سەردانی ئەوكاتی بارزانی بە پلەی یەكەم بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بوو لە دەستی چەكدارانی رێكخراوی "داعش"، دوای سێ ساڵ ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغدادی كرد. كێشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر لەنێوان هەولێرو بەغداد ژمارەیەك كێشەی هەڵپەسێردراو هەن كە تائێستا چارەسەرنەكراون، لەوانە پرسی دەرهێنانو فرۆشتنی نەوت، موچەی فەرمانبەرانو پێشمەرگە، ناوچە كێشەلەسەرەكان، شەراكەتو هاوسەنگی لە بەڕێوەبردندا. لە كابینەی نوری مالیكیدا، ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد گەیشتە لوتكەو بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، ئەم كێشەیە لە كابینەی حەیدەر عەبادیدا بە چارەسەرنەكراوی مایەوەو چەندین گرفتی تریشی هاتەسەر بەتایبەتی دوای ریفراندۆمو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. مەسعود بارزانی چاوی لەوەیە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەشێك لەو كێشانە چارەسەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عەبدولمەهدی بە یەكێك لە دۆستەكانی كورد لە عێراق تەماشادەكرێت. جگە لە دۆستایەتیو نزیكیی عەبدولمەهدی، حكومەتی هەرێمو بەغداد لەژێر گوشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەراوەی حوكمڕانیان لە باشوری كوردستان بە "بیدعەی" پەنجا پەنجا دەستپێكرد، لەو كاتەدا وتیان ئەمە " لەپێناو پاراستنی ڕیزەكانی جەماوەری كوردستانو بۆ پاراستنی سومعەی میللەتەكەمانو لەپێناو بەرەو پێشبردنی خەباتی گەلی كوردستان"ە، بەڵام لە پشتی ئەم "منەتە" گەورەیەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا كردیان، ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر خۆی شاردبۆوە كە ئەویش "كەسیان ئامادەنەبون سازش بۆ ئەوەی تریان بكەن"و، بەردی بناغەی دەسەڵاتێكی دیموكراسی دابڕێژنو، زۆرینە ببێت بە حوكمڕان، كەمینەش ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت. پەنجا بە پەنجا لێرەوە دەستیپیكرد بەپێی ئەو ڕێككەوتنە سیاسیەی لە ساڵی (1992) لە نێوان پارتیو یەكێتی كرا "ئەنجومەنی نیشتمانی" (پەرلەمان)و، "ئەنجومەنی بەڕێوەربردن" (حكومەت)یان، بەیەكسانی لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، سەرۆكی (ئەنجومەنی نیشتمانی) درا بە پارتیو جێگرەكەی بۆ یەكێتی، سەرۆكی (ئەنجومەنی بەڕێوەبەردن)یش بۆ یەكێتیو، جێگرەكەی بۆ پارتی. وێڕایی ئەو ڕێككەوتنە سیاسیە، ئاكامی "یەكتر قبوڵنەكردن" ساڵانێكی دوورو درێژی شەڕو نەهامەتی و قاتوقڕی و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێنا، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسو دروستبونی بەرژوەندی تازەو زەمینێكی نوێی سیاسەتكردن، یەكێتیو پارتی گەڕێكی تریان لە ئیدارەدانی هاوبەش پێكەوە دەستپێكرد. بەرژوەندی گەورەتر یەكیخستنەوە دروستبونی بەرژوەندی گەورەتر لەوەی لە هەرێمی كوردستان، هاندیدان بۆ یەك خستنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانیو هەولێر، گەرچی بەشێوەیەكی ڕوكەشیش بوو، چونكە هەر لەبەغداوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە دوو فرۆكەی جیاواز دەهات بۆ هەولێرو سلێمانی، پێكهێنانی كابینەی "یەكگرتوو"ی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەساڵی 2005دا بەرهەمی ئەم زەمینە تازەیە بوو كە لە عێراق هاتەگۆڕێ. دیسان بەهۆی غیابی متمانە لە نێوانیاندا، پارتیو یەكێتی لەساڵی(2007)دا، ڕێككەوتنی "ستراتیژی"یان ئیمزاكرد، كە بەڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستو ئیمتیازاتەكان لە هەرێمی كوردستانو بەغداد ناسرا، لەسەر ئەو بنەمایەش دابەشكارییەكی نوێ كرا بۆ پۆستو ئیمتیازاتەكان، سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو، سەرۆكی هەرێمیش بوو بە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان. پارتیو یەكێتی بەردەوام پێكەوبونیان بە زەرورەتو هۆكاری سەرەكی دەستكەوتەكان زانیوە، بەردەوام ئەوەشیان داوە بەگوێی خەڵكدا كە حوكمڕانی تەنها بەوان دەكرێت. پاساوەكانی پارتیو یەكێتی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات: • زامنی یەكڕیزی خەڵكو پاراستنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان. • زامنی پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد لەبەغداد. • زامنی پاراستنی یەكگرتووی خاكو حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان. • سەرهەڵنەدانەوەی شەڕی ناوخۆ . ئەوە لەكاتێكدایە، زۆرێك لەم بنەمایانە لەسەر زەمین زیاتر لە چوارچێوەی دروشمو بانگەشەدا ماوەنەتەوەو، ئەوەی بە واقیع چەسپاوە، پێكهاتن بووە لەسەر دابەشكردنی پۆستو ئیمتیازاتەكان، چی لەسەر ئاستی عێراق بێت یان ناوخۆی هەرێمی كوردستان. بەدرێژایی 27 ساڵی ڕابردوو (5) هەڵبژاردنی پەرلەمان لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو: • ساڵی 1992 یەكێتیو پارتی بە دوولیستی جیا بەشداری هەلبژاردنیان كرد. • ساڵی 2005 یەكێتیو پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە. • ساڵ 2009 یەكێتیو پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە. • ساڵی 2013 یەكێتیو پارتی بەدوو لیستی بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە. • ساڵی 2018 یەكێتیو پارتی بەدوو لیستی بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەنها لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لەساڵی (1992) سەرۆكی حكومەت، (سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن)ی لابووە، لەگەڵ دوو ساڵی كابینەی حەوتەم، لەوە بترازێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لەدەستدابووەو دەسەڵاتداری فیعلی كوردستان بووە، بەڵام یەكێتی_ش، هاوبەشێكی بەردەوامی بووەو لەتەواوی ئەو حكومەتانەی پێكەوەبون یان شەریكیان هەبووبێت، یەكێتی شەریكی سەرەكیو پارسەنگی تەواوكردنی هەنگاوەكانی پارتی بووە، گەرچی هەندێك جار نیگەرانی لەپشكی خۆی دەبڕیوە لە حكومەت، بەڵام وەك هەندێك لە بەرپرسەكانیانی ئەم دوو حزبە دەڵێن، پێكەوە بوونی پارتیو یەكێتی هاوشێوەی "زەواجی كاسلۆلیكیە" و جیابونەوەی تیادانیە، لەوەش زیاتر پێكەوە بونیان بەزامنی مانەوەی خاكی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتووی دەزانن. قۆناغی لاسەنگیو داڕشتنەوەی پەیوەندییەكان لەدوای نەخۆشكەوتنی یەكێتیو "سیاسەتكردن" لەسنوری پارێزگای سلێمانیو دروستبونی هێزی نوێ، تایەكی تەرازوەكە بەتەواوی كەوت بەلای پارتیدا، بەتایبەت لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەو حزبە دووهێندەی یەكێتی زیاتر كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەوەش ئەم پێكەوە بوونەی (پارتیو یەكێتی) پێناسەیەكی تازەی بۆ دەكرێت. وێڕایی جیاوازی كورسیەكانیشیان، دروستبونی زیاد لە كێشەیەكی سیاسی لە نێوانیاندا بەتایبەت لەبەغداد، جیاوازیو ناكۆكییەكانی تۆختركردونەتەوە، بەرپرسانی پارتی لەزیاد لە بۆنەیەكدا ئاماژەی بە كۆتایهاتنی قۆناغی ڕابردوو و، دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لەحوكمڕانی دەكەن، كە هەر لایەنەو بەپێی "سەنگو قورسایی" خۆی بەشداری دەكات لەحكومەتدا. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا گۆڕانكاری هاوكێشەی هێز، جیابونەوەی ئەم "زەواجە كاسۆلیكییە" بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ یان "یەكگرتویی" خاكی باشوری كوردستان دەخاتە مەترسیەوە؟ یان شەراكەتو بەرژوەندیو پێكەوبونی چەند ساڵەی پارتیو یەكێتی بەكورسی ناخەمڵێنرێت، وێڕایی كاریگەری هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان كە مەترسی و بایەخی ژمارە یەكیان پاراستنی سەقامیگرییە لەهەرێمی كوردستان.
( درەو میدیا): لەسەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغداد، پرسی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانیيەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی باسی لێوەكراوەو بەڵێندراوە، سەرەتای مانگی داهاتوو توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت. بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە رۆژی 11/10/2018، یەكێك لە تەوەرەكان پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بوو بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی، مەولود چاوش ئۆغڵۆ رایگەیاندووە، داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی تا رۆژی 5/12/2018 ەو هەوڵدەدەن ماوەكەی درێژ نەكەنەوە، لەبەرامبەردا چەند ئەركێك دەكەوێتە سەر شانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بۆ توركیا جێبەجێی بكات. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، توركیا بەفەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كردووە سزای ئەو سەركردانەی حزبەكەی بدات كە مانگی رابردوو بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كردووە. رۆژی 26ی مانگی رابردوو، سێ سەركردەو كادری دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) چونە هۆڵەنداو بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانو تێیدا وتارێكیان بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە خوێندەوە. ئەم بەشداریكردنە ناڕەزایەتی توركیای لێكەوتوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر لە سەردانەكەیدا بۆ دەباشانو كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستەی توركیا كردوەتەوە. ئەگە یەكێتی داواكاریيەكانی توركیا جێبەجێبكات، چاوەڕەوان دەكرێت رۆژی 5/12/2018 توركیا ئاسمانی خۆی بە ڕووی فرۆكەخانەی سلێمانیدا بكاتەوە. رۆژی 29ی ئەیلولی 2017 بە بڕیاری بەغدا سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی راگیرا، ئەوەش دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان لە 25ی هەمان مانگدا، بەڵام ڕۆژی 15ی ئازاری 2018، حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام توركیا لە زاری بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا رایگەیاند" گەشتە ئاسمانییەكانمان بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكەینەوە، بەڵام فڕۆكەخانەی سلێمانی لە دەرەوەی ئەم بڕیارەمان دەبێت"، پێشتریش مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەدابوو " لە هەندێك شوێنی (باكووری عیراق)، هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەكەكە دەكرێت بۆنموونە لە سلێمانی".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو تەنیا نەخشەی حكومەت دانانێت، بەڵكو دەیەوێت خۆشی ئەندازیاری ئۆپۆزسیۆن بێت، ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن پارتی بە دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان ئیسلامییەكان زاڵ بن بەسەریدا، بۆ ئەوەی بەئاسانی لەرێگەی یاسای تیرۆرەوە جموجوڵە سیاسییەكانیان لە شەقام كۆنترۆڵبكات. سەرەتای ئەم هەفتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن یەكەم هەنگاوی بە ئاڕاستەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هەڵگرت. وەفدێكی پارتی لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانیو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، وەفدەكە جگە لە یەكێتیو گۆڕان لەگەڵ هیچ حزبێكی تر كۆبونەوەی نەكرد، ئەوە لەكاتێكدایە كۆمەڵی ئیسلامی چاوی لە بەشداریكردنە لە كابینە نوێیەكەداو پێشتر لەوبارەیەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە. پارتی نایەوێت كۆمەڵ بەشداربێت ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (باسنیوز)ی سەربە پارتی رایگەیاند" لە ئەولەویەتی ئێمەدا نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا بكات، تەنیا ئەو دوو لایەنە لە ئەولەویەتی پارتین كە ڕۆژی یەكەم سەردانمان كردن“. لەماوەی تەنیا چوار رۆژی رابردوودا ئەمە دووەم پەیامە كە پارتی بە كۆمەڵی ئیسلامی دەداتو ئاگاداری دەكات لەوەی بەشێك نابێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا هەر چاوەڕوانی كێكەكەی حكومەت دەكاتو بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە. بۆچی نایەوێت كۆمەڵ بەشداری بكات ؟ زیاد لە هۆكارێك هەیە كە وای لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردووە هەوڵی دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی بدات لە كابینەی نوێی حكومەت، لەوانە: • هێشتنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە دەرەوەی حكومەت بۆ پارتی بایەخێكی ستراتیژی دەبێت، چونكە پارتی دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنێك دروستبكات كە رەوتە ئیسلامییەكان زاڵ بن بەسەریدا، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە بۆ پارتی لەبارترەو دەتوانێت هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ بەتایبەتی دوای پەسەندكردنی یاسای تیرۆر بەمدواییە، هەم لەسەر ئاستی عێراقو وڵاتانی دەرەوە كاری لەسەر بكاتو لە بەرنامەو جموجوڵە سیاسییەكانی بدات، واتە ئەمجارە پارتی نەك خۆی حكومەت پێكدەهێنێت، دەیەوێت هەر خۆشی ئۆپۆزسیۆن دیاری بكاتو نەخشەی روبەڕوبونەوەشی بۆ داهاتوو ئامادەكردووە. • یەكلابونەوەی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پشتیوانیكردن لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە پارتی لەكابینەی نوێدا كۆمەڵ دوربخاتەوە، پارتی بە راكێشانی گۆڕان بۆ ناو حكومەتو هێشتنەوەی كۆمەڵ لە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت كۆتایی بە زەواجی كاسۆلیكی نێوان گۆڕانو كۆمەڵ بهێنێت. • پارتی نایەوێت كابینەی نوێ حكومەتی بنكە فراوان بێت، هاوكات ناشیەوێت حكومەتی "جوتحزبی" بێتو پۆستەكان بەشێوەی 50+50 لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بۆیە لە باشترین حاڵدا پارتی دەیەوێت حكومەتێكی "ترۆیكا" دروستبكات، واتە تەنیا سێ لایەن تێیدا بەشداربن (پارتی- یەكێتی- گۆڕان)، ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت. • كشانەوەی وەزیرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە كابینەی هەشتی حكومەت لە دواساتەكانی تەمەنی كابینەكەدا، ئەو هەنگاوەی پارتی توڕەكرد، پارتی نایەوێت لەكابینەی نوێدا دوچاری هەمان كێشە ببێتەوە، هاوكات لەڕێگەی دورخستنەوەی كۆمەڵیشەوە پەیامێك بەسەركردەكانی ئەو حزبە دەدات كە تۆڵەی كشانەوەكەیان لێدەكاتەوە. ئۆپۆزسیۆنی نوێ چۆن دەبێت؟ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی نوێی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە سێ حزب (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، ئەم سێ لایەنە بەرلەوەی پارتی دەست بە دانوستان بكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، خۆیان كشانەوەو بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژارد، كۆمەڵی ئیسلامیش ئەگەر لە دواین ساتەكاندا پەیوەندی بەم بەرەیەوە بكات، بەناچارییە، چونكە تائێستا چاوی لەوەیە پارتی بەشداری حكومەتی پێبكات. ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بێتە ریزەكەوە، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەهەمویانەوە لە پەرلەمانی كوردستان (21) كورسییان دەبێت، ئەم رێژەیەش كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێتو ناتوانێت رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو یاسایانە بكات كە دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەتایبەتی لە پرسێكی گرنگی وەكو دەستوری هەرێم كە گرنگترین ئاڵنگاری بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە لە چوار ساڵی داهاتوودا. یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئۆپۆزسیۆنی نوێی هەرێمی كوردستان هەماهەنگیو كاری هاوبەشە، چونكە پێناچێت كۆمەڵی ئیسلامی ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ نەوەی نوێدا بكات كە پێشتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، بەتایبەتی لەكاتێكدا هاوپەیمانی نێوان كۆمەڵو گۆڕان بناغەكەی لەلایەن ئەمیرو رێكخەری هەردوو حزبەكەوە دانرابوو، كە تێكشاندنی ئاسان نەبوو. سەرباری ئەمە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو بەشداربونیان بەجیا لە پرۆسەكەدا، جۆرێك لە هەستیاری لەنێوان یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە، كە رەنگە كاركردنیان پێكەوە دوچاری گرێوگۆڵ ببێت.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەفەرمی دەستپێكرد، بەڵام بە سەنگو پێگەیەكی جیاوازتر لە كابینەكانی ڕابردوو، بەوپێیەی بە جیاوازییەكی گەورە لەپێش لایەنەكانی ترەوەیە، بۆ زەقكردنەوەی ئەم جیاوازییەش، لە زیاد لەبۆنەیەكدا پارتی باسی تایبەتمەندییەكانی ئەم كابینەیەی كردووە، كە دیارترینیان ئەمانەن: • گۆڕینی بنەمای بەشداریكردن بۆ بەشداریپێكردن. • ئەو لایەنانەی خواستی بەشدارییان هەیە لە حكومەت، نابێت پێیەكیان لە حكومەت بێتو پێكەی تریان لە ئۆپۆزسیۆن. • دەبێت پەرلەمانتارەكانیان بێدەنگ بن. • نابێت لە كابینەكە بكشێنەوە تا كۆتایی. • رەتكردنەوەی حكومەتی بنكەفراوان. • رەتكردنەوەی حكومەتی 50+50. • رەتكردنەوەی حكومەتی جوتحزبی. شەریكە چاوەڕوانكراوەكانی پارتی چی دەڵێن؟ (سەعد ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای یەكەم كۆبونەوەی حزبەكەی لەگەڵ وەفدی پارتی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەڵێت:"یەكێتی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە لە حكومەتی نوێ بەشدار دەبێت، نەك بنەمای بەشداریكردن". (شۆڕش حاجی) ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (درەومیدیا) وتی:"پارتی پێیخۆشە ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی كوردستان". (بیلال سلێمان) پەرلەمانتاری پێشووتری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەبارەی مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت دەڵێت"مەرجی پارتی لە نەكشانەوەو بێدەنگبونی پەرلەمانتارەكانمان، وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە حكومەت قبوڵناكەین". بەبێ یەكێتی حكومەت دانامەزرێت پارتی بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی یەكگرتوو، ئامادەیی یەكێتی لە حكومەت بە خاڵێكی گرنگو جەوهەری دەزانێت، چونكە دەزانێت بەبێ ئامادەبونی یەكێتی، هیچ حكومەتێك چەندە بەهێزبێت دەسەڵاتی لەو دیوی "دێگەڵە" تێپەڕناكات، بەڵام ئامادەییەك نابێت بەهەر نرخێ، بەڵكو پارتی پێناسەی تازەی بۆ دۆزیتەوەو، بە زمانێكی سیاسی ناویناوە بەشداری بەقەد "سەنگو قورسایی". ئیشی پێیانە! ئامادەبونی بزوتنەوەی گۆڕانو ڕەنگە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لە حكومەت بۆ پارتی، بایەخی لە بەشداری یەكێتی لە حكومەت كەمتر نەبێ، بۆ ڕەنگدانەوەی ئەو بنەمایەی كە پارتی دەیەوێت لەم كابینەیەدا ڕەنگبداتەوە، كە ئەویش بنەمای "دروستكردنی حكومەتی زۆرینەیە لە بەرگی پلۆراڵدا"، كە دیسانەوە بەشدارییەك دەبێت، لە ڕوخساردا حكومەتێكی فرەڕەنگ و بەهێز دەنوێنێتو ئارایشتی حوكمڕانی كوردستان دەكات، لە ناوەرۆكیشدا پارتی هەر خۆی بڕیاردەری یەكەمو كۆتایی دەبێت. هەر ئەوەش نیە، پارتی هەروەك چۆن بنەمای 50+50 لەگەڵ یەكێتی ڕەتدەكاتەوە، جارێكی تریش ئامادە نیە حكومەتی "جوتحزبی"ی لەگەڵ دروستبكاتەوە، ئەمە یەكێكە لەو پاڵنەرە گرنگەكانی وا لە پارتی دەكات ئامادەیی هەندێك هێزی تر لە ناوحكومەت بەگرنگ بزانێت، جگە لە بەكارهێنانیان وەك كارتی فشار دژ بەیەكتر. یەكەم گورزی لە یەكێتی وەشاند پیشتر (درەو میدیا) لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای پارتییەوە بڵاویكردەوە، پارتی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی خستوەتە دەرەوەی دانوستانەكانی حكومەتو لە سەر پۆستەكانی تر دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەكات. بەپێی نوێترین ئەو زانیارییانەی كە بڵاوبونەونەتەوە، سەرۆكی حكومەت هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان دوو جێگری بۆ دادەنرێت، كە ئەمە هەنگاوی یەكەمی لێدانە لە پێگەی یەكێتی لە حكومەتی داهاتوو و دروستكردنی شەریكە بۆی، بەتایبەت كە یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بە پۆستێكی سیادیو پشكی خۆی دەزانێت وەك هێزی دووەم. پارتی قەرزەكانی وەردەكرێتەوە زۆربەی پارتییەكان باوەڕیانوایە، پارتی دوو قەرزی لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە: • قەرزی یەكەم: ڕوداوەكانی دوای ڕیفراندۆمو (16)ی ئۆكتۆبەر. • قەرزی دووەم: دانانی سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی "تاكلایەنەو لە دەرەوەی تەوافوق" وەك ئەوەی پارتی، یەكێتی پێ تۆمەتباردەكات. ڕەنگە بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكە دەرفەتی پارتی بێت بۆ "تۆڵە سەندنەوە" و وەرگرتنەوەی "قەرزەكانی" لە یەكێتی، یان وەك دەوترێت ئەوەی یەكێتی لە بەغداد بردی، پارتی لە هەولێر لێدەسەنێتەوەو بەدوو ڕێگە تۆڵەی لێدەكاتەوە: • رێگەی یەكەم: لاوازكردنی پێگەی جێگری سەرۆكی حكومەت لەڕێی زیادكردنی جێگرێك یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. • رێگەی دووەم: بەشداریپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵو لایەنی دیكەش، كە ئۆتۆماتیكی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت دادەنێت. یارییان پێدەكات ئەو دیوە شاراوەیەی وێنەی تێڕوانینی پارتی بۆ حكومەتی ئایندەو پێگەی لایەنەكان تێیدا تەواو دەكات، بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانو ڕەنگە لایەنی تریش بێت لە حكومەتی داهاتوو، لەو ڕێشەوە پارتی ئەم ئامانجانە دەپێكێت: • پارتی پێگەی یەكێتی لە حكومەت لەقاڵبدەداتو، شەریك یان برابەشی بۆ پەیدا دەكات. • بە بەشدایپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان یان یەكێكیان لە حكومەت، پارتی لە نیگەرانیو ڕەخنەی یەكێتی لە كەمبونەوەی پشكی ڕزگاری دەبێتو وادەكات یەكێتی نەتوانێت زۆر پێداگری بكات لەسەر وەرگرتنی پۆست، جگە لەوەی ئۆتۆماتیكی بەشداریشی ئەو بایەخەی نامێنێت. • هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆِانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك دوو هێزی بەدیلو ڕكابەری یەكتر، بۆ پارتی پرسێكی تاكیكیو ستراتیژیشە، هەرچەندە پارتی وەكو ستراتیژ یەكێتی لا گرنگترە بە حكومی هەژمونی بەسەر "زۆنی سەوز"دا، لەهەمانكاتدا مانەوەی گۆڕانو نیشاندانی بەردەوامیشی وەك مەترسی لەسەر یەكێتی، بۆ پارتی گرنگی خۆی هەیە. • بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ حكومەت، بەرەی دەسەڵات لەسەر حسابی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتوو بەهێزتر دەكات، كۆتایی بەمەترسی دروستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەهێزەش دەهێنێت كە لە ڕابردوودا بووبوو بە هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتەكەیان. • بەبەشداریپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵ لە حكومەت، پارتی لە تانەی حكومەتی "جوتحزبی" ڕزگار دەكاتو جۆرێك لە ڕوخساری فرەییو ڕەنگاوڕەنگی پێدەبەخشێت، بێئەوەی هیچ زیانێك بەپێگەو قورسایی بگات لە حكومەتدا. • بەشداریكردنی گۆڕانو كۆمەڵ لە حكومەتی داهاتوو، هێشتا ئەو وێنەیەی لە"زیهنی" بەشێك لە خەڵكدا ماوە، سەبارەت بە جیاوازی هێزەكانو ڕەشی ئەو هێزانەی لە دەسەڵاتدانو سپێتی ئەو هێزانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن كاڵتر دەبێتەوەو، كۆمەڵگای لە قۆناغی دروشمەوە بەرەو قۆناغێكی واقیعیتر هەنگاودەنێت، كە هێزەكان بەكردار حەقیقەتی خۆیان لەسەر زەمین بەرجەستە دەكەن.
(درەو میدیا): دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادكردنی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دەركرد و رایگەیاند توركیا مافی دەمیرتاشی پێشێلكردووە. دەمیرتاش ماوەی دوو ساڵە لە زیندانی ئەدرنەی توركیا دەستبەسەرە و پارێزەرەكانی دۆسیەكەیان بردە دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا و ئەمڕۆ سێشەممە ئەو دادگایە بڕیاری خۆی لەسەر دۆسیەكە راگەیاند و داوای ئازادكردنی كرد. بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا, توركیا سزادراوە بە پێدانی ١٠ هەزار یۆرۆ وەك قەرەبوو بە سەلاحەدین دەمیرتاش و ١٥ هەزار یۆرۆش بۆ مەسرەفەكانی دادوەری بۆ دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا. دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا، ساڵی 1959 بە گوێرەی رێككەوتنی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ دامەزرێنراوە و بارەگاكەی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە و بایەخ دەدات بەو سكاڵایانەی كە دەربارەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەسەر دەوڵەتە ئەندامەكانی تۆماردەكرێن.
( درەو میدیا): پارتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێكی تر لە بەغدادو، ناوی كاندیدەكەشی پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە. (ڤیان سەبری) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنو، ئەو ڕێكەوتنانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانو، هێزە سیاسەكان ئەنجامیانداوە، حزبەكەی (3) وەزارەتی بەردەكەوێت كە یەكێكیان سیادییە. وتیشی: پارتی وەزارەتی داراییو ئاوەدانكردنەوەی وەرگرتووەو وەزارەتی سێیەم ماوە وەریبگرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ (سۆمەرییە نیوز) تەئكیدكردووە"وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانو لە چوارچێوەی تەوافوقدا لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو، سیڤی كاندیدەكەمان بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە ناردووەو، لە چاوەڕوانی دانیشتنی تایبەتین بۆ دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی كە لە گەڕی یەكەمدا یەكلانەكرانەوە".
( درەو میدیا): حەشدی شەعبی موچەكانیان هاوتای ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان هێزێكە دوای هاتنی كۆنترۆڵكردنی چەند پارێزگایەك لەلایەن رێكخراوی داعشەوە ساڵی 2014 دامەزرێنراوە - حكومەتی عێراق بڕیاریدا موچەی چەكدارەكانی حەشد هاوتا بێت لەگەڵ موچەی هێزە ئەمنییەكانی تردا - لە بودجەی گشتی 2019ی عێراقدا 2.98 ترلیۆن دینار بۆ دەستەی حەشدی شەعبی تەرخانكراوە. - 1.6 ترلیۆن خەرجی گشتی - 404.5 ملیار دینار خەرجی وەبەرهێنان - هێزەكانی حەشد 122 هەزار چەكدارن • كۆی موچەی چەكدارێكی حەشدی شەعبی: - موچەی بنەڕەتی: 188 هەزار دینار - 350 هەزار دینار دەرماڵەی مەترسی - 120 هەزار دینار كرێی هاتوچۆ - 70 هەزار دینار دەرماڵەی هاوسەرگیری - دەرماڵەی بڕوانامە: 28 هەزار بۆ بڕوانامەی ئامادەیی - 118 هەزار و 800 دینار دەرماڵەی تایبەت - 15 هەزار دەرماڵەی یەك منداڵ • 28 هەزار و 200 دینار لە موچەكەیان دەبڕدرێت بۆ خانەنشینی كۆی موچەی چەكدارێك كە هاوسەر و یەك منداڵی هەبێت: 1 ملیۆن و 148 هەزار و 200 دینار موچەی چەكدارێكی رەبەن: 1 ملیۆن و 63 هەزار و 200 دینار كۆی ئەو بڕە پارەیەی لە هەموو چەكدارەكانی حەشد دەبڕدرێت: 28 هەزار و 200 دینار
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ توێژینەوەیەكی نوێی گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانەی بەیانیان پێش كاتژمێر شەش لەخەوت هەڵدەستن، تەندروستییەكی زۆر باشتریان هەیە و زۆر بەختەوەرترن لەو كەسانەی كە زوو لە خەو هەڵناسن، هەروەها توێژینەوەیەكە چەند سودێكی تری زوو لەخەو هەستان و كاریگەری لەسەر دەروون و رەفتاری رۆژانەی مرۆڤ ئاشكراكردووە. " دونیا موڵكی ئەو كەسەیە زوو لە خەو هەڵدەستێت" بەمشێوەیە شاعیری بەناوبانگی لوبنانی " جوبران خەلیل جوبران" دەیان ساڵ لە مەوبەر باسی زوو لەخەوهەستانی كردووە، لە ئاماژەیدا بۆ سودەكاتی و قۆزتنەوەی كات بۆ جێبەجێكردنی كارە پێویستەكانی رۆژ، هەروەها پەندێكی ئەڵمانیش هەیە كە دەڵێت:" ئەوەی دەیەوێت رێوی راوبكات، پێویستە لەگەڵ مریشكدا لەخەو هەستێت" و لە نێو هەموو نەتەوە و گەلانی تریشدا چەندین نمونەی دیار هەن كە جەخت لەسەر بایەخ و گرنگی زوو لە خەو خەستان دەكەن. توێژینەوەیەكی نوێ: " ئەو كەسانەی زوو دەخەون و بەیانیان كاتژمێر شەش یان پێشتر بە ئاگادێن بەڕێژەی 25%ی مەترسی تووشبونیان بە خەمۆكی كەمدەبێتەوە". توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری وەرزی " توێژینەوەكانی پزیشكی دەروونیدا" بڵاوكراوەتەوە روونیكردوەتەوە كە " ئەو كەسانەی زوو دەخەون و بەیانیان كاتژمێر شەش یان پێشتر بە ئاگادێن بەڕێژەی 25%ی مەترسی تووشبونیان بە خەمۆكی كەمدەبێتەوە". بایلی بوش پزیشكی ئوسترالی كە بەشداربووە لە توێژینەوەكەدا لە لێدوانێكیدا كە سایتی رۆژنامەی " دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت كە پشتگیری لە ئەنجامەكانی توێژینەوەكە دەكات و راشیگەیاندووە زوو لە خەو هەستان ئاسانتر كاتژمێری بایۆلۆجی جەستەی مرۆڤ رێكدەخاتەوە بۆئەوەی لەسەر سیستمی نوێ رابێت، چونكە جارێكی تر جەست دەگەڕێتەوە سەر ریتمی سەرەتایی و زیاتر سروشتیی و ژیان وەك ئەو كاتەیە كە هێشتا گڵۆپی روناكی دانەهێنرابوو. بایلی بوش پزیشكی ئوسترالی: زوو لە خەو هەستان ئاسانتر كاتژمێری بایۆلۆجی جەستەی مرۆڤ رێكدەخاتەوە بۆئەوەی لەسەر سیستمی نوێ رابێت، چونكە جارێكی تر جەست دەگەڕێتەوە سەر ریتمی سەرەتایی و زیاتر سروشتیی و ژیان وەك ئەو كاتەیە كە هێشتا گڵۆپی روناكی دانەهێنرابوو. ئەو پزیشكە لە بەردەوامی قسەكانیدا دەشڵێت:" زوو لەخەو هەستان، هاوكاریت دەكات لە جێبەجێكردنی ئەركە بنچینەییەكانت بەبێ پەلەكردن، بەڵام بۆ وەرگرتنی زۆرترین سود لە زوو لە خەوهەستان كاتێكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكیانەی كە ئارامی دەروونیت پێ دەبەخشێت، كە بە زۆری ژیانی جەنجاڵ و خێرات لێیان بێ بەشە. بایلی بوش لە كۆتایی قسەكانیشیدا دەڵێت :" ئەو كەسانەی كە دەرنگ لەخەوت هەڵدەستن، بە زۆری بە تەنها دەژین و زۆر جگەرە دەكێشن و رێژەی پەیوەستبوونیشیان بە هاوژینێكەوە كەمتر دەبێت. هەروەها مارنی لیشمان، پزیشكی دەروونی ئوسترالی كە قسەی بۆ " دەیلی مەیل" كردووە باوەڕی وایە كە زوو لە خەوهەستان مەزاجی مرۆڤ بە درێژایی ئەو رۆژە دەگۆڕێت و جەختیشدەكاتەوە كە درەنگ خەوتن ماندوێتی لێدەكەوێـتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ. سەرچاوە: بەشی عەرەبی DW
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە سزای چەند سەركردەیەكی حزبەكەی بدات، ئەمەش كراوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانيدا. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كردووە سزای ئەو سەركردانەی حزبەكەی بدات كە مانگی رابردوو بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كرد. رۆژی 26ی مانگی رابردوو، سێ سەركردەو كادری دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) چونە هۆڵەنداو بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانو تێیدا وتارێكیان بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە خوێندەوە. ئەم بەشداریكردنە ناڕەزایەتی توركیای لێكەوتوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لە بەغداد سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كردووەو داوای توركیا لەبارەی سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی پێگەیاندووە، هاوكات رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر لە سەردانەكەیدا بۆ دەباشانو كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستەی توركیا كردوەتەوە. دەباشان- كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی توركیا مەكتەبی سیاسی دابەشبووە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئێستا لەسەر ئەو داواكارییەی توركیا بۆ سزادانی ئەو سێ كەسە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، هەندێك پێیانوایە دەبێت پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێنەوەو لەوپێناوەشدا وەكو نیازپاكی سزای ئەو سێ كەسە بدەن كە توركیا داوای سزادانی كردوون، هەندێكی تر دەڵێن دەبێت پارێزگاری لە هێڵی نەتەوەیی بكرێتو نەچنە ژێرباری هەموو داواكارییەكانی توركیاوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، توركیا سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی كردوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چەند بۆچونێك هەیە، هەندێك داوادەكەن ئەو سێ كەسە لە یەكێتی دەربكرێن، هەندێكی تر داوادەکەن (تجمید- سڕ) بكرێن، هەندێكیش دەڵێن دەبێت تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكیان ئاڕاستە بكرێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەدایە لە یەكێتی دەربكرێن، تائێستا بە فەرمی ئەو سێ كەسە لە هیچ بڕیارێك ئاگادارنەكراونەتەوە. هۆڵەندا- نوێنەرەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی بە ئاگاداری كێ بەشداری كۆنگرەكەیان كردووە ؟ سزادانی (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) كە داوانیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتینو یەكێكیان پەرلەمانتارو كادری پێشكەوتووی یەكێتییە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكان، ئەو سێ كەسە بە ئاگاداری ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی چونەتە هۆڵەنداو بەناوی یەكیێتییەوە وتاریان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستاندا خوێندوەتەوە. یەكێك لەو كەسانەی كە ئاگاداری بەشداریكردنی ئەو سێ كەسە بووە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بووە. ئارێز عەبدوڵا وتارخوێنی یەكێتی لە كەنەكە پەیوەندییەكانی یەكێتیو توركیا ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لەناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەیەكەم كاردانەوەدا رۆژی 24/8/2018 توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركردو گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات، بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. بەدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكەدایە، سالار مەحمود ئێستا یەكێكە لەو كادرە دیارانەی یەكێتی كە توركیا داوای سزادانی دەكات. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان. دیمەنێك لە راپۆرتی كەناڵەكەی توركیا لەبارەی سلێمانییەوە وتارەكەی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو وتارەیە كە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هۆڵەندا خوێندویەتییەوەو بەرپرسانی توركیای توڕە كردووە: وتاری (ی.ن.ك) لە كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان، ئەمڕۆ 26/10 لە هۆلندا لەلایەن بەندەوە پێشكەش كرا. بەڕێزان ئەندامانی كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەم كاتەتان باش .. سەرەتا: هیوای سەركەوتنو پێشكەوتن بۆ كارەكانی كۆنفرانسەكەتانو خەباتی كۆنگرە دەخوازم. هیوادارم ئەم كۆنفرانسە هەنگاوێكی تر بێ بەئاڕاستەی گەیشتن بە ئامانجەكان. لای هەمووان ڕوونە كە یەكێتی لەپێناوی گەیشتن بە مافە نەتەوەییو نیشتیمانییە ڕەواكانی گەلی كوردستان سەری هەڵداوەو لە رۆژی دروستبوونیشیەوە تا ئەمڕۆ لە مەیدانە جۆر بەجۆرەكانی خەباتو قوربانیدان نەك كەمتەرخەمی نەكردووە، بەڵكو رۆڵێكی دیارو مێژوویشی هەبووە. لەسەرەتاوە یەكێتی بەخەباتی چەكداری دەستی پێكرد. چونكە دەرفەتی خەباتی سیاسیو مەدەنی نەبوو دەنا خۆمان بە باشترین رێگەمان دادەنا. ئێستاش خەباتی مەدەنیو چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگای دیاڵۆگو ئاشتیانە بە گرنگو پێویست دەزانین. هەڤاڵانی هێژا یەكێتی لە هەموو پارچەكانی كوردستان قوربانی داوەو بەشێوازی جۆراوجۆرو لەڕوانگەی نەتەوەییو نیشتمانیو مرۆڤایەتییەوە ئەركی سەرشانی خۆی بەجێ هێناوە. دڵنیاتان دەكەینەوە كە لە داهاتووشدا كەمتەرخەمی ناكەین، بەڵام هەندێ راستی هەیە پێویستە لەم كۆنفرانسەدا بیخەینەڕوو: یەكەم: ناوەندێكی سیاسیو رۆشنبیری نەتەوەییو نیشتمانی بەگرنگ دەزانین، بەمەرجێك: 1- چەترێكی گشتی بێو مۆركو هەژموونی ئەم حزبو ئەو حزبی بەسەرەوە نەبێ. 2- نوێنەری هەموو ئەو نەتەوانەشی تێدابێ كە لە كوردستاندا دەژین. وەكو كلدو ئاشور، توركمان، ئەرمەن، عارەب. دووەم: پێویستە تایبەتمەندییو هەلومەرجی بەشەكانی كوردستانو ئێرانو سوریاو عێراقو توركیاش لەبەرچاو بگیرێنو پێمان وایە دەبێ لە هەر بەشێك بەپێی تایبەتمەندی خۆی كارو خەبات بۆ مافە ڕەواكان بكرێت. سێیەم: نابێ شێوازێكی تایبەتی لایەنێكی سیاسی، یان تایبەتمەندی بەشێك بسەپێندرێتە سەر لایەنو بەشەكانی تری كوردستان. چوارەم: دەستوەردانی هەر حزبێكی بەشێكی كوردستان لە كاروباری ناوەخۆی بەشەكانی تری كوردستان بە ناڕاستو ناڕەوا دەزانینو پێویستە ئەو جۆرە سیاسەت كردنە كۆتایی پێ بهێندرێت. پێنجەم: لەبەرچاوگرتنی گرنگی هەرێمی كوردستانو ئەركەكانی سەرشانی. چونكە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ قەوارەیەكی سیاسی نیشتمانی دەستورییەو گرنگیو بایەخێكی گەورەی بۆ نەتەوەی كوردو نەتەوەكانی تریش هەیە. هەرێمی كوردستان دەسكەوتێكی مێژووییە بەقوربانیدانو خوێن وەدەست هاتووەو پێویستە هەموو لایەنەكان لە پاراستنی ئەو دەسكەوتە نەتەوەییو نیشتیمانیە هاوكاربن. خوشكو برایانی خۆشەویست لەبەرامبەر ئەو مافو دەسكەوتانەی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەركی فیدراڵیو نێودەوڵەتیشی لەسەرە و چاویان لێ ناپۆشرێ. بۆیە ئێمە لەكاتێكدا كە هەموو دەست تێوەردانێكی وڵاتانی دەوربەرو هەڕەشەو داگیركاریەكانیان ریسوا دەكەینو داوایان لێ دەكەین كە رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانو عێراق بگرن، لەهەمان كاتیشدا داوا لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە ئەوانیش رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان بگرنو كێشەی لابەلا دروست نەكەن. شەشەم: لەسەرمانە رێگری لە دروستبوونی هاوپەیمانی دوژمنكارانە بگرینو دەبێ هەمیشە مەترسیی پیلانگێریە هەرێمیو نێودەوڵەتیەكان لەبەرچاو بگرینو لەو پێناوەشدا لانی كەم بیانو بەدەستەوە نەدەین. حەوتەم: ئێمە كاتێك بۆ ئامانجێكی گەورەو پیرۆز كۆدەبینەوە دەزانین كە ئەمڕۆ لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كێشەی زۆرو قوڵ هەن بەنموونە لە رۆژئاواو لە باشور. ئێمە ئەگەر نەتوانین لە ناوخۆی بەشێك كێشەكان چارەسەر بكەین چۆن دەتوانین لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی گەورە رێك بكەوین ؟ لێرەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەین بۆشایی نێوانیان كەم بكەنەوەو لانی كەم لە هەر بەشێك لەسەر ستراتیجیەتێكی ڕوون رێك بكەون تا بتوانین باشتر كار بۆ ستراتیجیەتە مەزنەكە بكەین. خوشكو برایانی خۆشەویست سەرەڕای رۆڵی یەكێتی لە خەباتی سیاسیو دیموكراسی نەتەوەی بەداخەوە هەندێ لایەن نەك ئەو رۆڵە لەبەرچاو ناگرن بەڵكو كێشەو گرفتی گەورەشی بۆ دروست دەكەنو لە كۆتایشدا ئەو كێشەو گرفتانە دەبنە ئاستەنگی بەردەم كارو خەباتی سیاسی (ی.ن.ك) لەسەر ئاستی كوردستانو عێراق. لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان..
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر چەند ئەندامێكی هاوپەیمانی " فەتح" و سوننەكانی هاوپەیمانی " بونیادنان" بە كڕینی وەزارەت تۆمەتباردەكات و پەیامێكیش ئاراستەی هادی عامری دەكات. سەدر لە نوێترین تویتیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە ئاراستەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " فەتح"ی كردووە دەڵێت:" گرێبەستی زەبەلاح لە ئارادایە لە نێوان هەندێك ئەندانی فەتح و چەند ئەندامێكی سوننەی هاوپەیمانی بونیاتنان بۆ كڕینی وەزارەت بە پارەی قەبە و بە پشتیوانیی دەرەكی كە وێنەی نییە". هەروەها سەدر لە پەیامەكەیدا لۆمەی هادی عامری دەكات و دەڵێت:" برای بەڕێو رێككەوتین لەسەرئەوەی كە عێراق بە رێگایەكی دروست و شێوازێكی نوێی بەڕێوەببرێت كە سەربەخۆیی و سەروەریی بپارێزێت و بەڵێنماندا كە لە خۆشەویستیمان بۆ عێراق و گەلەكەی بەیەكەوە بەردەوامبین". سەدر لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هۆشداری دەداتە عامری دەڵێت : " یان وەك ئەوەی لەسەری رێككەوتین بەیەكەوە دەڕۆین یان هەر كەسەو دەستكەتی خۆی بەرێت بەهەر شێوازێت بێت لە ژێر چاودێری گەلدا، یان هەوڵدەدەیت كاری ئەوانە چاك بكەیت كە لەژێر سایەی تۆدان هەروەك بەڵێنت دابووو كە سازش نەكەیت لەسەر حسابی هاوڵاتی". لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەدر ئەوەش بە بیر هادی عامری دەهێنێتەوە كە بڕیاریانداوە عێراق گەورەترین كوتلە بێت و دەڵێت:" من لەگەڵ تۆدا هاوپەیمانێتیم كردوووە نەك لەگەڵ گەندەڵكاران و میلیشیاچییەكان و باوەڕم وایە كە لەسەر پەیمانەكەمان بمێنێتەوە كە مقاومە و حەشد یەك دەست بن لە پێناوی پاراستنی گەلی عێراق ئەوەی كە ماوەتەوە لە عێراق. دوای ئەو پەیامەی سەدر هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح وەڵامی سەدری دایەوە و داوای لێكرد زانیاری تەواوی پێبدات بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ پرسی كڕینی وەزارەت بكات و دووپاتیشیدەكاتەوە كە لەسەر ئەو پەیمانەی داوێتی بەردەوام بێت: دەقی وەڵامەكەی عامری بۆ سەدر: بۆ برای بەڕێز سەماحەتی موقتەدا سەدر: لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە پەیامەكەتانم پێگەیشت، پەرۆشی و بایەختان بەرزدەنرخێنم و لە هەمان كاتیشدا هیوادارم لە بەڕێزتان زانیاری تەواوەتی لایخۆتمان بۆ بنێریت بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بەوپەڕی جدێتییەوە بەدواداچوونی بۆ بكەین، تەئكیدی دەكەمەوە بۆتان كە ئەو كەسەی خوێنی خۆیی و منداڵەكان و براكانی و هاوڕێبازەكانی خستبێتە پێناوی نیشتمان، بەهیچ جۆرێک موجامەلەی كەس ناكات لەسەر حسابی نیشتمان، یان خوانەخواستە بێدەنگ نابێت بەرامبەر گەندەڵی دژ بە نیشتمان، ئێمە لەسەر پەیمانەكەین كە داومانە بەوەی عێراق گەورەترین خەممان بێت و خزمەتی عێراقییەكانیش ئامانجمانە دوور لە بەشبەشێنەی و تایەفەگەریی. و السلام علیكم و رحمە الله و بركاتە براتان: هادی عامری