لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بەكوێ گەیشت ؟
2019-10-21 15:26:34
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازل حەمە رەفعەت
لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە ناوچە جێناكۆكەكان لە كۆتایی كارەكانی نزیكبووەتەوە، كێشەی رەنگی قاوەیی كە یەكگرتووی ئیسلامی داوای دەكرد چارەسەركرا، یەكێتیش داوای ژمارەی تاكی دەكرد، ئەو بابەتە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام لایەنەكانی دوچاری گومانو دوودڵی كردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی لیستە هاوبەشەكەوە بڵاودەكاتەوە.
كۆبونەوەیەكی تر
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا لایەنەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە لەسەر دیاریكردنی ژمارەی كاندیدەكانی ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستانی رێككەوتوون.
یەكگرتوو داوای رەنگی قاوەیی دەكات
(درەو میدیا) زانیوەیەتی، لە كۆبونەوەی پێشتردا نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگەرانی دەربڕیوە لەسەر رەنگەكانی ناو لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی.
نوێنەری یەكگرتوو داوایكردووە رەنگی قاوەیی بۆ رەنگەكانی ناو لۆگۆكە زیادبكرێت كە رەنگی ئاڵای یەكگرتووی ئیسلامییە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئیبراهیم خەلیل نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبونەوەكەدا گومانی هەبووە لەوەی دەستكاری رەنگەكان كراوەو رەنگی خوارەوەی لۆگۆكە قاوەیی بووە، بەڵام دواتر لە دەستكاریكردندا رەنگەكە بۆ پرتەقاڵی گۆڕدراوە.
لەسەر داوای نوێنەری یەكگرتوو، جارێكی تر لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی دروستكراوەتەوەو لە لۆگۆ تازەكەدا، دوو رەنگی تر زیادكراوە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە كە تایبەتە بە یەكگرتوو، ئەوی تر رەنگی شینی ئاسمانییە كە تایبەتە بە حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان.
یەكێتی داوای ژمارە تاكەكان دەكات
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانێتییەكە بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، رزگار عەلی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە كۆبونەوەكانی هاوپەیمانێتییەكەدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات "دەبێت ژمارە تاكەكان ناو لیستەكە بدرێت كاندیدەكانی سەربە یەكێتی"، ئەم داواكارییە گومانی لای نوێنەری لایەنە بەشدارەكانی تری ناو هاوپەیمانی كوردستانی دروستكردووە، بۆیە لایەنەكان پێشنیازەكەی یەكێتی رەتدەكەنەوە لەبارەی ژمارەكانەوە، هەرچەندە ئێستا ئەو ژمارانە بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە.
دابەشبوونی كاندیدەكان بەپێی ژمارە
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە، كاندیدەكانی لیستەكە بەپێی ژمارەكان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر لایەنەكاندا.
1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
2- پارتی دیموكراتی كوردستان
3- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
4- پارتی دیموكراتی كوردستان
5- بزوتنەوەی گۆڕان
6- یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان
7- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
8- كۆمەڵ ئیسلامی كوردستان
9- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
10- توركمان
11- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
12- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
13- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
14- بزوتنەوەی ئیسلامی
15- حزبی زەحمەتكێشان
16- پارتی دیموكراتی كوردستان
17- هاوپەیمانی نیشتمانی
18- حزبی شیوعی كوردستان
19- حزبی پێشكەوتنخوازی كوردستان
20- ئاشتیخوازان
21- پارتی دیموكراتی كوردستان
22- پارتی دیموكراتی كوردستان
23- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
24- پارتی سەوزی كوردستان
25- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
26- رەوتی كەركوك
لە لیستەكەدا یەكێتی كاندیدی ژمارە (1)ی هەیەو بەگشتی (8) كاندید سەربە یەكێتی دەبن، پارتی كاندیدی ژمارە (2) دادەنێتو بەگشتی (5) كاندیدی دەبێت، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان (1) كاندیدیان هەیە.
لیستی هاوپەیمانی لە نەینەوا
لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ریزبەندی لیستی كاندیدەكان بەشێوەیەك دانراوە، كاندیدی ژمارە (1) لای پارتی بێتو كاندیدی ژمارە (2) لای یەكێتی بێت.
هاوپەیمانی لە دیالە
بەپێی رێككەوتنەكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای دیالە ریزبەندی كاندیدەكانی بەجۆرێك دەبێت كاندیدی ژمارە (1) لای یەكێتی دەبێتو كاندیدی ژمارە (2) لای پارتی دەبێت.
هاوپەیمانی لە سەلاحەدین
بەپێی زانیارییەكان پارتیو یەكێتیو لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كورد لەو پارێزگایە یەك كاندیدی هەبێتو لەناو یەكێك لە لیستە عەرەبییەكان بپاڵێورێتو پشتیوانی سەركەوتی بكرێت.
بڕیارە هەمویان پێكەوە ژنێك وەكو كاندیدی كورد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین دیاری بكەن.
لەبارەی لیستی هاوبەشەوە
سەرەتای ئەم مانگە، دوای سێ كۆبونەوە، 16 لایەنی كوردی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی "هاوپەیمانی كوردستانی". (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، بەپێی رێككەوتنەكە:
• سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت.
• سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.
• سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە دیالە، واتە كاندیدی ژمارە (1) بۆ یەكێتی دەبێت.
• لە پارێزگای سەلاحەدین یەك كاندیدی هاوبەش دەدەنرێت.
رۆژی 22ی تەموزی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكیشەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی یاسا هەمواركراوەكە (14) كورسی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكراوە، كە (13 كورسی گشتیو 1 كورسی كۆتای)ە، كورسییە گشتییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە، ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە (یەك ملیۆنو 639 هەزارو 953) كەس دیاریكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (41) ئەندامە، ئەمە بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو، كەركوك تەنها بەشداری لە یەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كردووە، بۆیە ژمارەی كورسییەكانی بەوشێوەیە ماوەتەوە، بەڵام ئەمجارە ئیتر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە.
ئاستەنگەكانی بەردەم كورد
ئێستا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرنو ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات.
ئەمە لەكاتێكدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسییەكانی لە (41) كورسییەوە بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسییەكانی كورد ئێستا (63%)ی كۆی ئەنجومەنی پارێزگا پێكدەهێنێت، ئەگەر كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم رێژەیە بهێنێتەوە، ئەوا لەكۆی (14) كورسییەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت.
كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان:
• لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك، كورد پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو، بەڵام هەمووی لەدەستداو ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكی نیە،
• كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە، بەڵام هێشتا متمانە نیە لەنێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەڕای چەندین رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن.
• بەپێی یاسای هەڵبژاردن، رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێن لەدەرەوەی كەركوكنو لە هەولێرو چەمچەماڵو سلێمانی نیشتەجێنو رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەو ناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەستدەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆكو هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چیتر دەتوانن دەنگ بدەن.
• بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان.
• هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوكو ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە.
• ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە.
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005دا
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا، لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر ( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە رێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، بەجۆرێكی تر لە كۆی(41) كورسی پارێزگە (26)كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی ( 63.4%) كۆی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە.
لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی (8) كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (19.5%)ی كورسییەكان، گردبوونەوەی عەرەبی (5) كورسی بەرێژەی (12.2%)و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی (1) كورسی بەرێژەی (2.4%)و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی (1) كورسیو بەرێژەی (2.4%) كورسی.
• لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەڕێژەی ( 67.8%)
• بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەڕێژەی ( 14%)
• بەرەی عەرەبی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی (17275) دەنگ بەرێژەی (4.5% )
• بەرەی تەوافوقی عێراقی (14458) دەنگ بەڕێژەی (3.7% )
• هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051) بەڕێژەی (3%)
• لیستی عێراقیەی نیشتیمانی (9262) بەڕێژەی (2.4%)
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5739) بەڕێژەی (1.5% )
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا
لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی (557 هەزارو 37) دەنگدەری پارێزگای كەركوك، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستانو چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، (37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
• لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542) دەنگ، بەڕێژەی (37%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە. واتە كورد رێژەی (50%)ی كورسییەكانی پارێزگای كەركوكی بردەوە.
• لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ، بەڕێژەی (37.9%)ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی بەدەستهێنا واتە (50%)ی كۆی كورسییەكانی پارێزگاكە.
• لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78) دەنگ، بەڕێژەی (5%)، كورسییەكی كۆتای پارێزگای كەركوكی بردوەتەوە.
جگە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542) دەنگی بەدەستهێنابوو، دەنگی سەرجەم لیستە كوردییەكان لەو پارێزگایە (278هەزارو 170) دەنگ بوو، بەرێژەی (49.9%)ی دەنگی ئەو پارێزگایە، بەوپێیەی لیستی گۆران (36هەزارو 554) دەنگو یەكگرتووی ئیسلامی (24هەزارو 274) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی (7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو، حیزبی شیوعی (3 هەزارو 397) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی (70 هەزار) دەنگە، ئەو لایەنانە بەهۆی ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسییەك كە بەهای كورسییەك (46 هەزارو 419) دەنگ بووە، هیچ كورسییەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا.
بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە (63.4%) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ (49.9%) دابەزی، واتا بەڕێژەی (13.5%)ی دەنگەكانی دابەزی، رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە (13.4%) دابەزی.
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا
بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقددا، لە پارێزگای كەركوك، لە كۆی (570795) دەنگدەری كە 12 كورسی بۆ پارێزگاكە تەرخانكرابوو، یەكێتی (209964) دەنگو 6 كورسی بەدەستهێنا، پارتی (63076) دەنگو 2 كورسی بەدەستهێنا، بەهای كورسییەك لەو پارێزگایە (47566) دەنگ بوو .
* یەكێتی 209964 دەنگ، 6 كورسی
* پارتی 63076 دەنگ، 2 كورسی
* بەرەی توركمانی 71492 دەنگ، 2 كورسی
* هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ، 1 كورسی
* هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ، 1 كورسی
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018دا
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، لە كۆی (12) كورسیو (487 هەزارو 142) دەنگدەر:
* یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسیو (177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا.
* هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك، 3 كورسیو (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا.
* بەرەی توركمانی 3 كورسیو (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا.
* لیستی نیشتیمانی (گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی.
* نەوەی نوێ (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا.
* حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا.
* یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4 هەزارو 784) دەنگ.
دەنگو كورسییەكانی كورد كەمدەكات؟
لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، كورد زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگو كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگو كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (63.4%) كورسی ئەو پارێزگایە، واتە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە.
بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 2005ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توندكراون، بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، بەدیاریكراویش رێگرتن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارەنشینەكان، قەدەغەی هاتوچۆ، بایۆمەتریو نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە كە هەمویان پێكەوە كاریگەرییان لەسەر ئاستی دەنگەكان دەبێت.