گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف تەنیا ماوەی نۆ مانگ بوو جوڵانەوەیەكی سیاسی دروستكرد، خەونی هەبوو بگات بە كورسی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، نەیتوانی خەونی گەیشتن بە دەسەڵات بەدی بهێنێت، بەڵام بوو بە سەرۆكی گەورەترین هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان، ئەو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، كە جوڵانەوەكەی لە یەكەم بەشداریكردندا، توانی (8) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بباتەوە. لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو میدیا)، شاسوار عەبدولواحید وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە لەبارەی خۆیو چارەنوسی جوڵانەوە سیاسییەكەیو پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییو دەرەكییەكان. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: ئێوە وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەماوەی رابردوودا بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان رەخنەی زۆرتان لە ئەدای كاری پەرلەمان دەگرت، هەندێكجار لەجێی نەبووان ناوتان دەهێنا، چۆن بوو بڕیارتاندا بەشداری هەڵبژاردن بكەن؟ ئایا بڕواتان بە خەباتی پەرلەمانی هەیە؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر دەقیقتربین لەسەرەتادا زیاتر رەخنەكانمان لە هێزە سیاسییەكان بووە، پێشئەوەی بێمە ناو سیاسەت لەڕێگەی ئەو دامەزراوە ئیعلامییەی كە پشتیوانمان كردووە، ماوەی حەوت ساڵ لە 2011 تائێستا كە 2018یە توانیومانە رۆڵی هێزێكی زۆر زۆر كاریگەرمان هەبێت، كە حزبی سیاسی نەبووە، بەڵام وەكو هێزێكی رەخنەگر دەركەوتووە وەكو دامەزراوەیەكی بەهێزی چاودێریكەر بەسەر حكومەتەوە دەركەوتووە، بەردەوام لەڕێگەی ئەو دامەزراوە میدیاییەوە توانیومانە چاودێری حكومەت بكەین، رەخنەی لێبگرین، بەتایبەتتر رەخنە لە هێزەكانی دەسەڵات بگرین، بەوپێیەی ئەوان بەرپرسی یەكەمن لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان، بەرپرسن لە زۆر سێكتەری تری ئەم هەرێمە، لەپاڵ ئەمانەشدا كە هاتوینەتە ناو پرۆسە سیاسییەكەوە بەڕاستی بۆیە هاتووین لەبەرئەوەی تێبینیمان لەسەر هێزەكانی تر هەیە، ئەگەرنا بەتەنها پێمانوابوایە هێزەكانی تر لەسەدا سەد كامڵنو هیچ عەیبێكیان نیە، ئێمە ئەم هێزەمان دروستنەئەكردو پشتیوانی ئەوانمان دەكرد وەكو چۆن پێشتر گۆڕان لەسەردەمی كاك نەوشیرواندا بەجۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانیمانكردووە، پێمان وابووە هێزێكی كامڵ بووە، كێشەی نەبووەو پێویست بووە پشتیوانی بكەین، بۆیە رەخنەی ئێمە پێشتر لەئەدای حزبەكان بووە، یەكێتیو پارتی بەدەرەجەی یەك، كە بەرپرسن لەو هەموو نەگبەتیو نەهامەتییەی بەسەر كورددا هاتووە، هێزەكانی تر بەدەرەجەیەكی تر كە نەیانتوانیوە وەك بەدیل خۆیان تەرح بكەن بۆ یەكێتیو پارتی، هێزێكی ئازاو خاوەن بڕیار نەبوون كە بتوانن شوێنی یەكێتیو پارتی لەق بكەن، رەخنەمان لەوە بووە، ئێستا كە هاتوینەتە پێشەوە دەمانەوێت وەك هێزێكی بەدیل بۆ یەكێتیو پارتی رۆڵ ببینین، ئەم قسەیەی من رەنگە ئێستا هەندێك كەس بە گاڵتە تێیبگات هەروەك كاتی ریفراندۆمەكە، بەس من دڵنیاتان دەكەمەوە كە 10 ساڵی تر یان 5 ساڵی تر یان 4 ساڵی تر ئەنجامی ئەم بۆچونەی من دەبیننەوە، دەبینیت هێزی بەدیلی راستەقینە بۆ یەكێتیو پارتی دروست دەبێت، بۆیە ئێمە رەخنە دەگرین. شاسوار عەبدولواحید: بڕوام وانیە لە پەرلەمانەوە گۆڕانكاری بكرێت پەرلەمانیش بەشێكە لەو گۆڕانكاریانە كە ئێمە پشتی پێ دەبەستین، بەڵام تاكە رێگا نیە كە ئێمە پەنای بۆ دەبەین، پێمانوایە لە پاڵ پەرلەماندا زۆر زۆر شتی دیكە هەیە كە دەتوانین بیكەین، بەڵام كێشەی سەرەكیمان ئەوەیە كە ئایا پشتیوانی خەڵك چەند هەیە بۆ ئیمە، ئەبێ لەسەرەتادا پشتیوانی خەڵك بەدەستبهێنین، قەناعەت بە خەڵك بكەین كە ئێمە هێزێكی راستین وەكو هێزەكانی تریان لێناكەین، لە نیوەی رێگا بەجێیان ناهێڵین، راستگۆ دەبین لەگەڵیاندا، ئەمەش كاتی دەوێت، كە هەموو خەڵك یان زۆرینەی خەڵك باوەڕی پێدەهێنێت، بەس ئەوكاتەی كە خەڵك باوەڕمان پێدەهێنێت بیر لە هەموو رێگەیەك دەكەینەوە بۆ گۆڕانكاری راستەقینە لەم وڵاتەدا. درەو میدیا: لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا راتانگەیاند بایكۆتی حكومەتو پەرلەمان دەكەن، بەڵام دواتر پاشگەزبونەوەو بڕیارتاندا بچنە پەرلەمان، ئەمە هۆكارەكەی ئەوەبوو ئێوە بەوردی دیراسەی ئەوەتان نەكردبوو كە بەپێی یاسای كورسییەكانتان پڕدەكرێتەوە ؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر ئەگەر بە وردی دیقەتی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانو پەیڕەوە هەمواركراوەكەو هەموو ئەو یاسایانە بدەیت كە پێشتر دەرچووە، بەهیچ شێوەیەك هیچ یاسایەكی وانیە كە بڵێت هێزێكی سیاسی نەچێتە پەرلەمان كورسییەكەی دەدرێتە هێزێكی دیكە، باسی هێزێك نەكراوە كە بایكۆت بكات، بۆ نموونە لە خولی رابردوودا 2014 بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەیەكی زۆر نەچووە پەرلەمان، جێگەكەشی پڕنەكرایەوە، لەبەرئەوەی بەهیچ شێوەیەك بە یاسا باسنەكراوە كە ئەو كورسیانە دەدرێن بە هێزێكی تر. درەو میدیا: كەواتە بۆچی پاشگەزبونەوە، پەلەتان كرد لەو بڕیارەدا؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر پەلەپەل نەبووە، ئێستاش بڕیار ئەگەر بەدەست من بێت بەتەنها شتێكی شەخسی خۆم بێت، نەئەچوینە پەرلەمان، پێموایە ئەبێ هەڵوێستی توندت هەبێت، هەڵوێستی روونت هەبێت بۆ ئەوەی سەرنجی هەموو دونیا بەلای خۆتا رابكێشیت، هەمیشە ئەبێت كارێكی جیاواز بكەیت، نەك هەمان ئەو كارانە بكەیت كە ئەوانی تر كردویانەتەوە. شاسوار عەبدولواحید: تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی ئاشكراو نهێنیمان لەگەڵ توركیاو ئێراندا نەبووە ئەگەر وەڵامت بدەمەوە بۆچی ئێمە پاشگەزبوینەوە لەو بڕیارە، لەبەر دوو هۆكار بوو، یەكەم: دەنگدەرانو بنكە جەماوەرییەكەمان بووە، كە خۆت ئەزانی سەرو 100 هەزار كەس دەنگی داوە بە ئێمە، ئەو خەڵكە بەشی هەرەزۆری پێی باش بووە بچینە پەرلەمانو لە پەرلەمان بەرگری لێبكەین، خۆ تەنازولكردن بۆ خەڵكی خۆت فەزیلەیە، عەیبە نیە، بەتایبەتیش ئێمە دەنگەكانمان نەفرۆشتووە بچینە وەزارەتو پۆستی پێوەربگرێن، دووەم: جۆرێك لە داواو سەردانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە هەموویان پێیان باش بوو ئێمە بچین بەشداربین لە پەرلەمان، ئەمەش بەهەمان شێوە گوێگرتن لە خەڵكی ترو بەدەمەوەچونی ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆز دەزانن، بچیت باشترە، ئەوە عەیبە نیە، ئەم چوار ساڵە وەك دوا چانس دەیدەینەوە بەم سیستمە سیاسییە. درەو میدیا: وەك خۆت بڕوات بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە گۆڕانكاری بكرێت؟ شاسوار عەبدولواحید: من راستگۆبم لەگەڵتاندا نەخێر، بەڵام ئەو رۆژەی ئەو بڕیارەماندا، كە چوینە سەهۆڵەكەی سلێمانی گەنجێك هاتە لام وتی خۆزگە ئەو بڕیارەتان نەدایە، وتم بۆ، وتی وەڵاهی ئیوە ئەگەر بچنە پەرلەمان ئەگەر هیچیشتان پێنەكرێت خۆ من ئێستا دینارم لە گیرفاندا نیە، ئەم دەسەڵاتە ئەو هەموو زوڵمە لە ئێمە دەكات، وتی بەس بچنە پەرلەمان دوو دیفاعمان لێبكەن ئیمە دڵمان پێی خۆشە، زۆرجار رەنگە خەڵك هەر حەزبكات تۆ دەنگی ئەو بیت، پشتگیری ئەو بكەیتو هەڵوێستت هەبێت، بەڵام لەپاڵ پەرلەماندا ئەتوانین بەردەوام كار لەسەر هێڵەكانی تر بكەین، لەوانە شەقام، خۆپیشاندان، خەباتی مەدەنی، دەرەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، مانای ئەوە نیە كە دەچینە پەرلەمان خەتەكانی تر فەرامۆش دەكەین. درەو میدیا: لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە ژمارەیەك لە كونسوڵی وڵاتان سەردانی ئیوەیان كرد، قسەی ئەوان بوو وایكرد ئێوە لە بڕیاری بایكۆتی پەرلەمان پاشگەز ببنەوە ؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەوان زۆر بەڕوونی شتێكیان بە ئێمە وتووە، ئەڵێن مەبەستمانە ئەم چوار ساڵە وەكو دوا دەرفەت، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی كە پێماندراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە چاكسازی بكەن، چاكسازی ریشەیی بكەن بەتایبەت لە دوو بواردا، یەكەم: مەلەفی پێشمەرگە كە بەڵێنیانداوە وردەوردە لانی كەم هەندێك لە لیواكان بكەن بە هێزی سەربەخۆ. درەو میدیا: ئەوان بەڵێنیان داوە پێشمەرگە بێلایەن بكەن؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەوان بەڵێنیانداوە ئەگەر لەسەدا سەدیش نەبێت، بەشێكی زۆری بێلایەن بكەن، بەحساب بەڵێنی یەكێتیو پارتییە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بەریتانییەكانو ئەمریكییەكان، بەشێك لە ئەڵمانییەكانیش لەسەر خەتنو ئاگادارن. درەو میدیا: ئەی بەڵێنی دووەمی یەكێتیو پارتی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە ؟ شاسوار عەبدولواحید: دووەم: مەلەفی دارایی، نەوتو پارە، بەڵێنیانداوە چارەسەری بكەنو لەگەڵ بەغداد رێكبكەونو لانی كەم بەشێكیان موچەكانیان بخرێتە سەر بەغداد، حەزئەكەم راستگۆبم لەگەڵتاندا ئێمە هێزێكی سیاسی تازەین، نامانەوێت ئینتباعێكی وا نیشان بدەین كە ئێمە هێزێكی یاخینو لە سیاسەت نازانین، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەین، ئەمانە 27 ساڵە حوكم دەكەن، پێمانوایە چوار ساڵی تریش بۆ ئەوەی درۆكانیان لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەشف بێت، ئاساییە ئێمە كەمێك قوربانی دەدەین، من پێموایە ئەمانە هیچ ناكەن، راست ناكەن، دەمەوێت پێتبڵێم لەبەر چەند هۆكارێك یەكێتیو پارتی بە هیچ شێوەیەك ریفۆرمو چاكسازی ناكەن، یەكەم: ئەگەر یەكێتیو پارتی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن، ئەوا ئەبێتە هێزێكی نیشتیمانیو هەموو دەقەیەك ئەگەری ئەوەی هەیە كودەتا بەسەر یەكێتیو پارتیدا بكەنو رێك پشتملی ماڵی بارزانیو تاڵەبانی بگرنو بیانخەنە زیندانەوە. شاسوار عەبدولواحید: پێموایە ئێرانو توركیا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەن درەو میدیا: بۆچی ناوی دەنێی كودەتا؟ شاسوار عەبدولواحید: لەبەرئەوەی هێزی نیشتمانی زانی سەركردەی وڵاتەكە خیانەتی لە خەڵكەكەی كردووە قبوڵی ناكاتو دەیانگرێتو دەیانخاتە زیندانەوە، دووەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە مەلەفی ئابوریدا بكەن، هەرچی كۆمپانیاكانیانە توشی ئیفلاس ئەبێت، سێیەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە دادگاكاندا بكەن بەپەلە هەموو داوەرەكانو ئەو خەڵكە ئازایانە بەرپرسی ئەنجومەنی دادوەری بن، فەرمانی دەستگیركردن بۆ بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانیو بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتیو پارتی دەردەكەن، لەبەرئەوە ریفۆرم لە سیستمی دادوەریدا ناكەن، چوارەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە سیستمی تەندروستیدا بكەن هەموو كۆمپانیای دەرمانەكانیان ئیفلاس دەكات، پێنجەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە خوێندنی باڵاو پەروەردەدا بكەن، هەرچی عەمیدو بەڕێوەبەری بەشو ئەو مامۆستایانە هەیە ئەو بەشەیان كە بەهۆی وەلائی حیزبی پێگەیان هەیە لەناو زانكۆكاندا هەموویان لادەبرێنو مامۆستای بەتوانا دەچنە شوێنیان كە وەلایان بۆ یەكێتیو پارتی نیەو وردەوردە زانكۆكان ئەبوژێنەوە، خوێندكارانو گەنجەكانمان فێری شت ئەبن، كە ئەمەش لە زیانی یەكێتیو پارتییە، چونكە هەمیشە حەز ئەكەن گەنج هیچ نەزانێ، بۆیە من پێموایە یەكێتیو پارتی ریفۆرم ناكەن، بەڵام ئێمە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو دەنگدەرەكانی خۆمان با بزانین ئەم چوار ساڵەش چی دەكەن، كردیانو خزمەتی میلەتەكەمانیان كرد، خێر عەلا خێر، نەشیان كرد ئەوە ئێمە چوار ساڵی تر موبەریرمان بەدەستەوەیە هەم لەناوخۆ، هەم لە دەرەوەی وڵات، كە قەناعەت بەوانە بكەین یەكێتیو پارتی خێریان تیانەماوەو پێویستە ئەم دوو بنەماڵەیە بگۆڕدرێنو لە دەسەڵات دوربخرێنەوە. درەو میدیا: پەنابردن بۆ ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بە واتای نائومێدبوونە لە هەنگاوە ناوخۆییەكان بۆ چاكسازی؟ شاسوار عەبدولواحید: نا، ئەوە مانای بێهیوابوون نییە لە ناوخۆ، لە یەكەم كۆنگرەی نەوەی نوێدا بە ئاشكرا وتمان، ئێمە پێویستە لەپاڵ ناوخۆدا بە هێڵێكی هاوتەریب لە دەرەوە كاربكەین، بەهەردوو خەتەكە هەوڵبدەین گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت، نە بەتەنها لە ناوخۆدا دەكرێت، نە بەتەنها لەدەرەوەدا دەكرێت، بەتەنها لە ناوخۆدا نمونەی گۆڕانمان هەیە، كاك نەوشیروان ئەو كارە گرنگەی كرد لە رابردوودا لە 2009 بۆ 2013 ، بەڵام گۆڕان لەبەرئەوەی بەجۆرێك لەجۆرەكان دەرەوەی فەرامۆش كردبوو، نەیتوانی ئەو هێزە جەماوەرییە زۆرە وابكات كە گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا بەدەستبهێنێت، بەپێچەوانەشەوە نمونەی ئەحمەد چەلەبیمان هەیە لە 2003 ئەمریكا هێنایەوە پشتگیرییەكی زۆر زۆری كرد بە فڕۆكە لە ناسریە دایانگرت، خەڵكێكی زۆریشیان بۆ كۆكردەوە، بەڵام دوایی لە هەڵبژاردنەكاندا دوو كورسی هێنا، واتا دەبێت لەناوەوەو دەرەوە پاڵانسێك دروست بكەیت. شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر یەكێتیو پارتی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن، ئەوا هەموو دەقەیەك ئەگەری ئەوەی هەیە كودەتا بكەنو رێك پشتملی ماڵی بارزانیو تاڵەبانی بگرنو بیانخەنە زیندانەوە درەو میدیا: واتا تۆ ناتەوێ وەكو ئەحمەد چەلەبی بە سواری تانكی ئەمریكی بچیتە سەر كورسی سەرۆكایەتی؟ شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە هەتا خەڵكت لەپشت نەبێت هەر پۆستێك وەربگرێت پۆستەكەت شكڵییەو خۆشت كەسێكی لاواز دەبێت، سەركردەی سیاسی ئەو سەركردەیە كە خۆی بتوانێت دڵی جەماوەر بەدەستبهێنێت، كە خەڵكت لەپشت بوو، بەهێز دەبیتو ئەتوانیت بڕیاری بەهێزیش بدەیت، ئەگەر خەڵكت لەپشت نەبێت، پۆستت بدەنێ هەمیشە لاواز دەبێت. درەو میدیا: ئێوە زۆر بایەخ بە پەیوەندییەكانتان دەدەن لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا، ئایا هیچ پەیوەندییەكی هاوشێوەتان لەگەڵ ئێرانو توركیا هەیە ؟ شاسوار عەبدولواحید: تائێستا یەك دووجار لە كونسوڵیەتی توركیو ئێرانییەوە ویستراوە پەیوەندیمان پێوە بكەن، ئێمە پێمانوتون دەرگامان كراوەیە هەر لایەكێك بیەوێت سەردانمان بكات سروشتییە، بەڵام تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی ئاشكراو نهێنیمان لەنێواندا نەبووە، لەبەرئەوەی ئێمە حەز ئەكەین شتەكانمان بئاشكرا بێت، پێموایە چەنێك وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەندەش توركیاو ئێران گرنگن، دەبێت كورد پەیوەندییەكی عاقڵانەی لەگەڵ توركیاو ئێراندا هەبێت، هەرێمی كوردستان نابێت ببێتە داردەستی توركیا دژی ئێرانو ناشبێت ببێتە داردەستی ئێران دژی توركیا، هەرێمی كوردستان گرنگە برەو بە پەیوەندییە ئابورییەكانی بدات لەڕێگەی پەیوەندییە ئابورییەكانییەوە دەتوانین پەیوەندیەكی زۆر باشمان هەبێت لەگەڵ توركیاو ئێران، لەڕێی ئابورییەوە ئەتوانین وا بكەین خەڵكی ناوچەكەمان ژیانێكی خۆشتریان هەبێت، ئەمە وادەكات پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ توركیاو ئێرانو تەنانەت لەگەڵ بەغداش هەبێت، سەبارەت بە پەیوەندییەكانیشمان رەنگە لەئێستادا حەساسییەتێك هەبێت، رەنگە ئەوان پێیانوابێت ئەوەی یەكێتیو پارتی بۆیان دەكات كەسی تر بۆیان ناكات. درەو میدیا: ئێستا ئێوە بەدیلی پارتیو یەكێتی نین لای ئێرانییەكان ؟ شاسوار عەبدولواحید: پێموایە ئێرانو توركیا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەن، ئەگەر هێزێك دروست ببێت خەڵكی لەگەڵ بێت مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. درەو میدیا: بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی نوێ بوو خەڵكیشی لەپشت بوو، بەڵام ئێران مامەڵەی لەگەڵ نەكرد ؟ شاسوار عەبدولواحید: بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك حاڵەت هەبوو ئیتر بە هەڵەی ناودەنێی چی ناودەنێی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی فەرامۆشكردبوو، ئێمە ئەوە ناكەین، ئێمە باوەڕمان پێیەتی، بەڵام جارێ با پشتیوانی خەڵكی بەدەستبهێنین ئەوكات ئەو پشتیوانی خەڵكە بەكاردەهێنین بۆ خێر بۆ میللەتەكەمان، بۆ ئیستقراری ئەم ناوچەیە. درەو میدیا: ئێوە بەهیچ شێوەیەك ناسڵەمنەوە لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەكان ؟ شاسوار عەبدولواحید: بەهیچ شێوەیەك، ئەوەی كە وابڵێت دیارە لە سیاسەت نازانێت، من ئێستا درۆی بەر ئیعلام ناكەم، هەر هێزێك لە كوردستان دەسەڵاتی بەدەست بێت، ئەبێ پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لەگەڵ بەغدادا، چونكە تۆ ناتوانی، خەڵكی شاسوار عەبدولواحید هەڵنابژێرێت بۆ ئەوەی هەموو رۆژێك كوڕی خەڵك بدات بە كوشت، بۆ ئەوەی شەڕبكەین بۆ ئەوەی لە برسا بمرین، خەڵك خواخوایەتی وڵاتێكمان هەبێت ببوژێتەوە، ئابورییەكی باشی هەبێت، هێڵی شەمەندەفەرمان هەبێت لەنێوان هەولێرو سلێمانیو دهۆكو بەغداو ئەنقەرەو تاراندا، خەڵك دەیەوێت ژیانێكی خۆشی هەبێت، ئێمە ئەگەر ئیش بكەین بە عەقڵیەتی ئابوریو پێشخستنی ئەم وڵاتەوە مامەڵە لەگەڵ هەموولایەكدا دەكەین، نەك بە عەقڵی ئەوەی كە شەڕبكەین، لەهەمان كاتدا نابین بەداردەستی هیچ وڵاتێك بۆ ئەوەی برا كوردەكانمان لە وڵاتەكانی ئەواندا بكوژرێن، لەهەمانكاتدا رێز لەسنوری خۆمانو ئەوانیش دەگرینو وا دەكەین كە ئەم ناوچەیە جۆرێك لە هێمنی پێوە دیار بێت، ئەمە سیاسەتێكی عاقلانەیە دوور لە عاتیفە دوور لە دروشم، هەرێمی كوردستان شەڕی ئێرانو توركیای پێناكرێت، بەڵام دەتوانین ئابورییەكی بەهێزمان هەبێت وا بكەین ئەو وڵاتانە حورمەتمان بگرن، وردەوردە ئەم پەیوەندییە ئابورییە ببێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندی سیاسیو ئیداریو واش بكەین كە رێزمان لێبگیرێت. درەو میدیا: لەسەر ئاستی ناوخۆ پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان چۆنە، وەك دەردەكەوێت تائێستا (پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان) نایانەوێت بە فەرمی دان بە ئێوەدا بنێن وەك هێزێكی سیاسی ؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر وابێت ئێمە پێمان خۆشە، هەمولایەك باش دەزانێت یەكێتیو پارتیو گۆڕان تەعامول لەگەڵ حزبدا دەكەن یەك كورسی هەیە " لەگەڵ رێزمدا بۆیان" بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار مامەڵەی لەگەڵ هەندێك حزبدا دەكرد كە یەك كورسی یان كورسیشی نەبوو، كە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناكەن ئەمە خاڵێكی بەهێزی نەوەی نوێیە، مانای وایە هەموو ئەو هێزانە ترسیان لە ئێمەیە، ئەگەر بیرتان بێت بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتا كەس هەر باسی نەدەكرد، دوای دوو- سێ ساڵ دوای ئەوەی 25 كورسییەكەی بەدەستهێنا، ئینجا گۆڕان یەك كۆبونەوەی كرد لەگەڵ سەرۆكی پارتی، ئەمە خاڵی بەهێزە بۆ نەوەی نوێ، یەعنی ئەگەر هێزێك هیچ نەبێت خەڵك بۆ حەساسیەتی هەیە بەرامبەری، ئێمە یەكەم خۆمان بڕیارئەدەینو ئەزانین چی دەكەینو چۆن مامەڵە دەكەین، كاردانەوەی هێزەكانی ترمان بەلاوە گرنگ نییە هێندەی جێبەجێكردنی بەرنامەو ئەجێنداكەی خۆمانمان بەلاوە گرنگە، پێمانوایە ئەمری واقیع دەسەپێنرێت، غاندی قسەیەكی زۆر جوانی هەیە دەڵێت: "سەرەتا فەرامۆشت دەكەن، دوایی دژایەتیت دەكەن، دوایی دانت پیادەنێن"، ئێمە فەرامۆشكردنەكەمان بینی، دژایەتیەكەشمان بینی، ئێستاش بەشێكی باش لە دانپێداننانەكە دەبینین. درەو میدیا: هەست ناكەن بەشێك لە نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی دەستبردنی ئێوەیە بۆ گوتارو بەرنامە سیاسییەكەی نەوشیروان مستەفا، تۆ خۆت بە میراتگری فیكری نەوشیروان مستەفا دەزانی ؟ شاسوار عەبدولواحید: من هیچ پەیوەندییەكی خراپم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو هیچ سەركردەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان نیە هەتا كوڕەكانی كاك نەوشیروانیشدا نیە، تەحەدای هەر هەموویان دەكەم بێنو بڵێن شاسوار شتێكی شەخسی لەگەڵ ئێمەدا هەیە، من تەنها هەندێك تێبینیم هەبووە لەسەر هەندێك سەركردەی بزوتنەوەی گۆڕان، باسیشم كردووەو نەمشاردوەتەوە، بۆ نمونە وتومە بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو لە پرسی ریفراندۆم هەڵوێستێكی تری هەبوایە، لە 16ی ئۆكتۆبەر هەڵوێستی تری هەبوایە، لەیاسای سەرۆكایەتیدا هەڵوێستی تری هەبوایە، ئەمانە دوژمنایەتی نیە. درەو میدیا: بەڵام هەندێك كەس لە بزوتنەوەی گۆڕان ئێوە تۆمەتبار دەكەن بەوەی دروستكراوی یەكێتیو پارتین بۆ لێدانی بزوتنەوەكەی ئەوان؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەوەشی دەڵێن نەوەی نوێ دروستكراوی یەكێتیو پارتییە، ئەوە هەمان ئەو قسانەیە كە لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكێتیو پارتی بە گۆڕانیان دەوت، بیرتانە لە ساڵی 2009 پارتی بەئاشكرا دەیوت ئەمە ریككەوتنی نهێنی نێوان نەوشیروان مستەفاو جەلال تاڵەبانییە بۆئەوەی هەندێك دەنگ بەرن دواتر كۆی بكەنەوەو بۆ موئامەرە لە پارتی، بیرتانە یەكێتی دەیوت ئەوە نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی رێككەوتوون دەنگی یەكێتی پەرت پەرت بكەن، بۆ ئەوەی یەكێتی لاواز بكەن، بۆ ئەو قسانە هەمان ئەو قسانەیە كە پێشتر یەكێتیو پارتی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕانیان دەكرد، هەموو ئەمانەی بە ئێمە دەوترێت هیچ بەهایەكی نییە، رۆژگار دەیسەلمێنێت كە ئێمە كێینو كێ نین، لە رابردوودا ئێمە پرۆژەیەكی میدیاییمان هەبووە حەوت ساڵە، هەموو خەڵك دەزانێت لە هەڵبژاردنەكاندا لە ریفراندۆمو خۆپیشاندەكاندا پشتی كێمان گرتووە، ئێمە پشتی دەسەڵاتمان گرتووە، یان پشتی خەڵكو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانمان گرتووە، ئایا ئێمە داردەستی دەسەڵات بووین لە رابردوودا یان ئێمە هێزێكی ئازابووینو بەرەو رووی دەسەڵات وەستاوینەتەوە، تەقەمان لێكراوە، بینامان سوتێنراوە، گەنجەكانمانو رۆژنامەنووسەكانمان دەركراون، لە هەولێر لە سلێمانی خراونەتە زیندانەوە، ئایا گومانێك ماوە لەسەر ئێمە كە خەڵكی پرسیاری لێبكات؟ خەڵكی بە ویژدانی واقیعی؟ پێموایە نەخێر. شاسوار عەبدولواحید: من هیچ پەیوەندییەكی خراپم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو هیچ سەركردەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان نیە هەتا كوڕەكانی كاك نەوشیروانیشدا نیە سەبارەت بەو خاڵەشی كە باستكرد، كە ئێمە خۆمان بە میراتگری نەوشیروان مستەفا دەزانین بەحساب ئەوان وادەڵێنو رەنگە ئەمە حەساسیەتی دروستكردبێت، پێموایە وانییە كاكە گیان، یەكەم من خۆم بە شەخسی كوڕی وەستا واحیدی كەبابچیم، گەنجێك بووم لەناو بازاڕو خوێندنم تەواوكردووەو هاتومەتە بزنسو میدیاو ئێستاش هاتومەتە سیاسەتەوەو حەزدەكەم شوێنپەنجەم دیار بێت لەم وڵاتەدا وەكو خۆم، وەكو شاسوار عەبدولواحید خۆم بە میراتگری هیچ كەسێك نازانم، بەڵام رێز لە هەموو ئەو خەڵكە باشانە ئەگرم كە لەم وڵاتەدا شوێنپەنجەیان دیاربووە، یەعنی من پێم سەیرە ئەو برادەرانەی گۆڕان بۆ پێیانناخۆشە ئەگەر یەكێك بەڕێزەوە باسی كاك نەوشیروان بكات، بۆ پێیانناخۆشە ئەگەر یەكێك بڵێت وەڵا كاك نەوشیروان فڵانە كاری باشی كردووە، من هەبووە نمونەی مام جەلالم هێناوەتەوە، رەنگە لەشوێنێكی تردا نمونەی كەسێكی تری بنەماڵەی بارزانیم هێنابێتەوە ئەگەر پێویست بكات، بۆچی ئەبێت ئەمانە پێیانوابێت ئێمە بەردەوام خوانەخواستە جنێو بەیەكتری بدەین، بۆچی ئێستا ئەو برادەرانەی گۆڕان حەزدەكەن من جنێو بە كاك نەوشیروان بدەم وەك لەوەی وەسفی بكەم، ئایا ئەمە ئەگەر نەخۆشی نەبێت چییە. پێموایە ئەبێت ئەوان شانازی بە كاك نەوشیروانەوە بكەن، ئیشێكی باشی كردووە، خەڵك هەیە كاریگەرە پێی، خەڵك هەیە سودی لە قسەو رەفتارەكانی بینیوە، ئەگەر رۆژێك لەرۆژان شوێنی ئەو بكەون یان قسەی ئەو جێبەجێ بكەن، مانع چییە، خۆ من پێموایە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمانەی لەدوای كاك نەوشیروانەوە ماونەتەوە بیانتوانیایە ئەوان خۆیان میراتگری نەوشیروان مستەفا بونایەو بەرنامەو پەیڕەو و پرۆگرامی نەوشیروان مستەفایان جێبەجێ بكردایە، ئێستا من دوای ئەوان ئەكەوتمو هیچ پێویستیشی بەوە نەدەكرد جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستبكەین. درەو میدیا: پێتوانییە بەشێك لە هۆكاری ئەو هەستیارییەی كە لەنێوان ئێوەو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەوەبێت كە تێكەڵاوییەك هەیە لە گوتاری هەردولاتاندا، واتە ئێوە نەتانتوانیوە هێڵێك بكێشن لەنێوان گوتاری سیاسی خۆتان لەگەڵ گوتارەكەی ئەوان ؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر، بابەتەكە زۆر روونە، هەندێك سەركردە هەن ئیحراج بوون لەبەردەم قاعیدەی گۆڕاندا، بۆیە پێیان ناخۆشە ئێمە ئەم كارە سیاسییە ئەكەینو بەشێوەیەكی ئازایانەوە هەندێك پەیاممان هەڵگرتووە كە رەنگە پێشتر خودی كاك نەوشیروان باوەڕی پێی هەبوبێت، بەڵام ئەوان حەزدەكەن ئێمە هەرنەبین، رەنگمان نەبێت، دەنگمان نەبێت، دیارنەبین بۆ ئەوەی بێمەوقیفی ئەوان دیارنەبێت، ئەمە ئەسڵی موشكیلەكەیە، من پێموایە موشكیلەمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە، لەگەڵ دەنگدەری گۆڕانیشدا نییە، بڕۆ سەیری پەیجەكەی من بكە رۆژانە بە دەیانو سەدان كەس كە پرۆفایلەكەیان رەسمی نەوشیروان مستەفایەو پشتیوانیمان دەكەن، هیچ كێشەمان لەگەڵ دەنگدەری گۆڕاندا نییە، كێشەمان لەگەڵ بەشێك لەو قیادەیەدا هەیە، بەداخەوە كە دەیڵێم رەنگە كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش دەیانەوێت ناو و پاشخانی نەوشیروان مستەفا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بەكاربهێننو هەڵوێستی سیاسییان وەكو پێویست نییەو پێیانناخۆشە ئێمە ئەو هەڵوێستە سیاسییانەمان هەیەو تۆمەتمان بۆ دروستئەكەنو دژایەتیمان ئەكەن، ئەگەرنا من پێموایە دەبوایە ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا پێكەوە هەمان ئامانجمان هەبوایەو پێكەوە دانیشتینایە لەگەڵ هێزەكانی تردا خەریكی یەكێتیو پارتی بوینایە، نەك تۆمەت بۆ یەكتر دروستبكەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان نەك ئەو رۆڵە ناگێڕێت كە هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی كۆكاتەوە، ئەم سەركردایەتییەی بزوتنەوەی گۆڕان وایكردووە ناكۆكی لەناو هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتیدا دروستببێتو هەموومانی مەشغولكردووە بە هەندێك شتی لاوەكییەوەو تۆمەت بۆ هێزەكانی تر دروستدەكات بەس بۆ ئەوەی بڵێ من هەم كە راستم، دەی ئەگەر تۆ راستیت فەرموو ئێستا دژی یەكێتیو پارتی بە، و مەچۆرە حكومەتەكەیەوە، ئێمە هەمومان دواتدەكەوین، ئێ خۆ من لەمەزیاتر چی بڵێم. شاسوار عەبولواحید: ئەوانەی دەڵێن نەوەی نوێ دروستكراوی یەكێتیو پارتییە، ئەوە هەمان ئەو قسانەیە كە لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكێتیو پارتی بە گۆڕانیان دەوت درەو میدیا: كەواتە ئێوە بۆ چوار ساڵی ئایندە كە ئۆپۆزسیۆن دەبن خاوەنی چ گوتارێكی نوێ دەبن، ئایا هەمان گوتارەكەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان دووبارە دەكەنەوە؟ شاسوار عەبدولواحید: من باسمكرد، ئەگەر گریمان هەمان گوتاریش بوو، تەبعەن وانییە ئێستا رونی دەكەمەوە بۆچی وانییە، ئێ خۆ خەڵەتی چییە، ساڵی 2009 كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو گوتارێكی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەبوو، حكومەت لە ترسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەموو رۆژێك خزمەتی خەڵكی ئەكرد، هەموو رۆژێك پارەی ئەبەخشییەوە، سلفەی عەقار، سلفەی زەواج، تواناسازی، سلفەی كشتوكاڵ، ئێ ئەمە زەرەری چییە، ئەمە زەرەری چییە ئەگەر ئێمە گوتارێكی ئۆپۆزسیۆنمان هەبێتو فشار لە یەكێتیو پارتی بكەین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكەكەمان بكەن، بۆ گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو هەمان شت ناكەن، لەدنیادا وڵات هەیە پێی بوترێت دیموكراتیو هەموو حزبەكان راكەن بۆ حكومەت بۆ ئەوەی هەموویان پێكەوە بەشداربنو كێكەكە بەشبكەنو وەزارەت وەربگرن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبوو حكومەت بۆ خزمەتی خەڵك بكات، نمونەی ساڵی 2014 بهێننەوە، ئێوە جەنابتان رۆژنامەنوسن، 2014 بۆ وەزعی خەڵك خراپ بوو، موچەیان بڕی، بەنزینیان گرانكرد، لەبەرئەوەی هەموو حزبەكان چونە حكومەتەوە، یەكێتیو پارتی منەتیان بە خەڵك نەما، پێیانوابوو كە حزبەكانیان گرتووە تەواو خەڵكیش هیچ ناڕەزایەتی دەرنابڕێت، من پێموایە ئەگەر هەمان گوتاری 2009 مان هەبێت ئەوە شانازییەو هیچ عەیبە نییە، ئینجا من پێتان دەڵێم نەخێر ئێمە هەندێك شتمان جیاوازەو هەندێك شت هەیە بەپێی ئێستا گۆڕاوە. درەو میدیا: یەعنی پێتانوایە ئەگەر هەموو حزبەكان نەچنە حكومەتەوە، حكومەت ناچاردەبێت مل بۆ شەقام بدات؟ شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ، ئەگەر هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی نەچنە حكومەتەوە ئەتوانن لەگەڵ ئەو 65%ەی خەڵكی كە دەنگیان نەداوە فشارێكی زۆر زۆر گەورە لەسەر یەكێتیو پارتی دروستبكەنو وابكەن ئەگەر یەكێتیو پارتیش لانەبەن لە حكومەت، وابكەن هەموو رۆژێك خزمەتی خەڵك بكەن، كە ئەمەیە ئامانجی حزبو ئەبوایە ئامانجمان ئەوە بوایە. درەو میدیا: تۆ بەردەوام دەڵێی هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی، یەعنی یەكێتیو پارتی ئەوەندە خراپن، ئەگەر وایە بۆچی ئەو هەموو دەنگەیان هێناوە لە هەڵبژاردندا؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەو هەموو كورسیو دەنگەیان نەهێناوە، ئەوەتا 65%ی خەڵك نەچوون بۆ دەنگدان، ئەو 35%ەی كە چووە بۆ دەنگدان زەربی دەنگەكانی یەكێتیو پارتی بكەیت، ئێستا بەو هەموو ساختەكارییەوە لەكۆی پێنج ملیۆن هاوڵاتیو لەكۆی سێ ملیۆنو 100 هەزار دەنگدەر، یەك ملیۆن دەنگیان هێناوە، تۆ تەسەور بكە ئەگەر تەزویر نەبێ، یەكێتیو پارتی 15%یان هێناوە، ئەو 15%ە هەر دەهێنن، خۆ هەر خەڵكانێكیان هەیە كە ساڵانێكی زۆر عەتفیان هەیە بۆیان، كەواتە یەكەم: دەنگی زۆریان نەهێناوە، دووەم: ئێمە بۆ ئەڵێین دەرەوەی یەكێتی پارتی، من بۆم باسكردن، ئەگەر یەكێتیو پارتی ئیسلاح بكەن، ژیانی ئەم خەڵكە خۆش بكەن، ئەڕوخێن، نامێنن، بۆیە نایكەن، تۆ تەسەور ئەكەیت چاكسازی لە سێكتەری ئابوریدا بكەن، وابكەن هەموو كەسێك پارەی هەبێتو ژیانی خۆش بێتو بزنس بكات، ئەی كۆمپانیاكانی ئەوان چی بكەن، تۆ تەسەور ئەكەی چاكسازی لە پێشمەگەدا بكەن، پێشمەرگە جلی باش، بودجەی باش، پارەی باشی هەبێتو منەتی بە یەكێتیو پارتی نەبێت، ئێ ئەوكاتە سەیر ئەكەی قبوڵی ناكەن یەكێتیو پارتی خەڵك بچەوسێنێتەوە، كودەتایان بەسەردا ئەكەن، رەنگە دوو بنەماڵەكە دەستگیربكەنو بیانخەنە زیندانەوە، هەموو سێكتەرەكانی تریش كە باسم كرد، بۆیە بەڵێ خۆمان هەڵئەخەڵەتێنین ئەگەر بڵێین یەكێتیو پارتی چاكسازی ئەكەن، مەگەر بەناچاری بێت، بتەوێت حزبەكەت بمێنێتەوە لەبەرخاتری ئەوە بچیت مامەڵە لەگەڵ یەكێتیو پارتیدا بكەی، ئەگەرنا من پێموایە هەر سیاسییەك لە هەرێمی كوردستان بیەوێت گۆرانكاری فیعلی بكات، دەبێت خۆی وەكو هێزێكی بەدیل تەرح بكات، ئەبێت بەرچاوی روون بێت كە یەكێتیو پارتی بمێنن، ئەم یان شاگرد دەبێت، یان دەستەمۆی ئەوان ئەبێ، یان هیچی پێناكرێتو ناتوانێت خزمەتی خەڵك بكات. شاسوار عەبدولواحید: ئەمانەی لە دوای كاك نەوشیروانەوە ماونەتەوە بیانتوانیایە بەرنامەی نەوشیروان مستەفا جێبەجێكەن، ئێستا من دوای ئەوان ئەكەوتمو هیچ پێویستیشی بەوە نەدەكرد جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستبكەین درەو میدیا: ئێوە یەكێك بوون لەو كەسانەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زوو چونە بەغداد، بەڵام بەزویی گەڕانەوەو بەشداری حكومەتتان نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە دەزانرێت پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ئێوەو موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ؟ شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر لەبیرتان بێت ئێمە ئەوكات كە چوینە بەغداد یەكسەر دوای دیدارەكە لەگەڵ موقتەدا سەدر رامانگەیاند كە ئێمە بۆ وەزارەت نەهاتوینو بەشداری حكومەتیش ناكەین. درەو میدیا: كەواتە ئامانجی سەردانەكەتان چی بوو ؟ شاسوار عەبدولواحید: من باسمكرد ئێمە بەتەنیا ناتوانین لەناو هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری دروستبكەین، بتەوێت یان نا عێراق قورسایی خۆی هەیەو بۆ ئێمە گرنگە، پێموایە كلیلی چارەسەر بۆ داهاتوو هەر بەغدادە، پارەو بودجەمان لە بەغدادەوە بۆ دێتو زۆرشتی تری ئەمنیو سیادی هەیە كە رەبتی بە بەغدادەوە هەیە، بۆیە دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان وادەكات ئەوانە بزانن جگە لە یەكێتیو پارتی هێزی تر هەیە، كاتێك من ئەچم بۆ واشنتۆن قسەئەكەمو سیمینار ئەكەمو وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی سپی دەبینم، دەمەوێت بزانن جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی خەڵكی تریش هەیە، هێزی تریش هەیە، ئەم تێڕوانینەش هەیە، ئەمە گرنگە، ئەمە بەشێكە لە كارە سیاسییەكەی نەوەی نوێ كە بەداخەوە هێزەكانی تری دەرەوەی یەكێتیو پارتی ئیهمالیان كردووە. درەو میدیا: نەوەی نوێ هێزێكی عێراقییە یان هێزێكی كوردستانی؟ شاسوار عەبدولواحید: ئێمە پێمانوایە هێزێكین كە دەتوانین هەم لە كوردستانو هەم لە دەرەوەی كوردستان كاربكەینو لیستیشمان هەبووە، من پێموایە زۆر زۆر گرنگە نەوەی نوێ بتوانێت لە بەغداد كورسییەك یان دوو كورسی بەدەستبهێنێت، گرنگە لە عەممارەو ناسرییە كورسییەك بهێنێت، لە عەممارە نەوەی نوێ هێزی شەشەم بووە لەناو ئەو هەموو هێزە شیعیو عێراقییانەدا، لە بەغداد نزیكەی (5 هەزار) دەنگمان هێناوە، لەناو كەربەلا (3هەزارو 700) دەنگمان هێناوە، ئەمە تەنیا بە دوو مانگ، من پێموایە كورد بۆئەوەی پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، دەبێت بە عاقڵانە مامەڵە بكات، باشورو ناوەڕاستی عێراق شوێنێكی كراوەن دەتوانیت وابكەی لەبری ئەوەی هەمووجارێك سەرەنجت لەسەر ئەو (40 بۆ 50) كورسییەی هەرێمی كوردستانو كەركوك بێت، بڕۆ لەوێش (10 بۆ 15 بۆ 20) كورسی تر بەدەستبهێنە، بڕۆ هەوڵبدە لەوێ هەندێكی هێزی سیاسی هەن بیكە بە دۆستی خۆت، بۆئەوەی پێگەیەكی بەهێزترت هەبێت. درەو میدیا: پێتوایە پەرلەمانتارێكی بەسرە ئەگەر لەسەر لیستێكی كوردیش خۆی كاندیدكردبێت دواجار لە پەرلەمان بەرگری لە دۆزی كورد دەكات، یان ئەوەیە ئێوە مەسەلەی نەتەوایەتیتان تێپەڕاندووە؟ شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ ئێمە تێمانپەڕاندووە، لای ئێمە مرۆڤ یان هاوڵاتی چەقە واتە سەنتەرەو هەموو شتێكی تر دەبێت بەدەوری هاوڵاتیدا بسوڕێتەوە، ئەم مەسەلەیە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوپێش گفتوگۆی لەسەر كراوە، ئێمە ئەگەر رۆژێك لەرۆژان بڕیاربەدەست بینو دەسەڵاتمان هەبێت، رێزی عەرەبو توركمانو مەسحیو هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی تر دەگرین، بەهەمان شێوەی ئەوەی كە رێزی كورد دەگرین، ئێمە نمونەیەكی ئەوەندە جوان پێشكەش دەكەین كە عەرەبو توركمانەكانی كەركوك خۆیان داوامان لێبكەنو بڵێن ئێمە دەمانەوێت بێینەسەر هەرێمی كوردستان، نمونەیەكی ئەوەندە جوان پێشكەش دەكەین كە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان وەزارەتێكمان هەبێت لە بەغداد یان دەسەڵاتمان بەدەستەوەبێت، كارێك دەكەین كە شیعەو سوننەكان خۆیان داوا بكەن كە ئەو كەسانەمان دەوێت، بەمە ئەتوانرێت كورد لەم ژێردەستەییە دەرباز بكرێت، ئەگەرنا بەم گوتارە قەومییەی كە 100 ساڵە كوڕی خەڵك بەكوشت دەدەینو وڵاتەكەمان وێرانكردووە، ئەمە یارمەتی كەس نادات، من حەزئەكەم شتێكتان پێبڵێم، بۆمن زۆر ئاسانە لەدژی عەرەب قسەبكەم، دژی فارس قسەبكەم، دژی تورك قسەبكەمو ئێوەش بدەم بە كوشت، خۆشمو سەرۆكی حزبەكان كەسیان كوڕەكانیان بەكوشت نادرێت، بۆمن زۆر ئاسانە ئێوە بخەمە دۆخێكی ئابوری سەختەوە كە نان نەبێت بیخۆن، بەڵام سەركردە ئەو سەركردەیەیە، حزبی سیاسی ئەو حزبەیە كە وادەكات خەڵكەكەی خۆش بژی، ئێمە ئیشاڵا ئیش لەسەر ئەو گوتارەو ئەو بیركردنەوەیە دەكەین لەداهاتوودا. درەو میدیا: پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچێت چوار ساڵی داهاتوو لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەك باش بێت، ئەمە كاریگەری نابێت لەسەر لاوازكردنی گوتاری ئۆپۆزسیۆن ؟ شاسوار عەبدولواحید: نەخێر، پێموایە تا دۆخی ئابوری باش بێت كە باشتریش دەبێت، خەڵك هەست بە ستەمی زیاتر دەكات، چونكە بەرپرسو حزبەكان زیاتر پارە دەدزنو هاوڵاتی هەست بەجیاوازی زیاتر ئەكات، لە 2011دا كە 17ی شوبات رویدا خەڵك كێشەی ئابوری نەبوو، بەڵام دەیزانی جیاوازی هەیە، دەیزانی زوڵم هەیە، دەیزانی یەكێتیو پارتی پارەیەكی زۆر دەدزنو بەشێكی كەمی بە هاوڵاتی دەدەن، بۆیە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، من پێموایە تا پارە زۆربێت، هەتا زوڵم زۆربێت، یەكێتیو پارتی ئیسڵاح ناكەن، كە ئیسڵاح نەكەن حەقی خەڵك دەخۆن، كە حەقی خەڵكیشیان خوارد، خەڵك توڕە دەبێت، گوتاری ئێمە چییە، گوتاری ئێمە ئەوەیە لە هەرشوێنێكدا دزیو گەندەڵی هەبوو قسەدەكەین لەسەری، وە هەتا پارە زۆرتربێت گەندەڵی زۆرتر دەببێت بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكەین، كەواتە ئۆپۆزسیۆن هەر رۆڵیو كاریگەری دەبێت. درەو میدیا: جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوشێوەی حزبەكانی تر لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی وابەستەیە بە ئابوریو خاوەندارێتی كەسێكەوە كە شاسوار عەبدولواحیدە، بە رۆشتن یان نەمانی شاسوار عەبدولواحید لە شانۆكە، نەوەی نوێ چی بەسەردێت؟ شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە ئەم مەترسییە لەجێگەی خۆیدایەو واقیعە، لە هەرێمی كوردستان هەرچی حزبە كە دروستبووە ئیعتیمادی كردووەتەسەر یەك تاكە كەسو بە رۆشتنی ئەو تاكەكەسە حزبەكە توشی قەیرانو زروفێكی ناخۆش بووە، لەنێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆشتنی مەلا مستەفا هەموان بیریانە لە هەشتاكاندا پارتی زۆر لاواز بووبوو، بەڵام دەبێت ئێوە سەبرتان هەبێت لە ئێمە، ئێمە نۆ مانگە دروستبووین، من پێموایە ئێمە كاتێك وەكو نەوەی نوێ سەركەوتوو دەبین كە ئەو نمونە خراپانەی حزبەكانی تر دووبارە نەكەینەوە، وە ئەگەر شتێكی باشیشیان هەبێت لە رابردوودا باسی بكەین، پێموانوایە لە داهاتوودا نەوەی نوێ دەبێت ببێت بە دامەزراوەو خەڵكانی تر هەبن بێنەپێشەوەو قیادەیەكی هەبێت، ئێمە لەم چەندساڵەی داهاتوودا وردەوردە لێی بكشێینە دواوە، ئەگەر ئەمە بكەین زۆر زۆر سەركەوتوو دەبین، ئێمە لەبەر دوو هۆكار ئەم كارە دەكەین، یەكەم: من نە پیاوم كوشتووە كە سبەینێ بڵێم ئەگەر لە حزبەكە بێمەدەرەوە دەمكوژنەوە یان منداڵەكانم دەكوژنەوە، دووەم: نە پارەم لەم حزبە دەستدەكەوێت تاوەكو بڵێم ئەگەر چومەدەرەوە ئیتر موخەسەساتو نەسریەو بەنزینو حیمایەكانم نامێنێ. درەو میدیا: بەڵام خەڵكانێك هەن دەڵێن شاسوار عەبدولواحید ئەم پرۆژە سیاسییەی بۆ پارێزگاریكردنە لە پرۆژە ئابورییەكانی، ئێستا لەدوای دروستكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە راشكاوی بەخەڵك بڵێ تۆ بزنسمانیت یان سیاسەتمەدار ؟ شاسوار عەبدولواحید: من حەز ئەكەم خەڵك بە ویژدانەوە وەڵامی ئەم پرسیارەی من بدەنەوە، ئەگەر وانییە با بڵێن وانییە، چ كۆمپانیایەك هەیە پێویستی بەوە هەبێت حزبی سیاسی بۆ دروست بكەی، با من هەمویت بۆ بژمێرم، هەموو دەوڵەمەندەكانی كوردستان ئێوەی بەشی هەرە زۆرییان دەناسن با من لێرەوە ناویانن نەهێنم، لە سلێمانی چەند دەوڵەمەند هەیە، هەموتان دەیانناسن، ئایا ئەم دەوڵەمەندانە حزبی سیاسییان دروستكردووە، نەخێر، لەمنیش دەوڵەمەنترن، بۆچی لەمن دەوڵەمەنترن، لەبەرئەوەی لەگەڵ یەكێتیو پارتیدا رێكدەكەون، چ پێویستان بەوەیە حزبی سیاسی دروستبكەن، لە كوردستان سەرو 10 كەسمان هەیە كە نزیكەی سەرو ملیار دۆلاریان هەیە، كە زۆر زۆر لەمن دەوڵەمەنترن، ئەمانە چۆن سەروەتەكەیان دەپارێزن، پاراستن زۆر زۆر ئاسانە، قسەمەكە، مەیەرە سەر تەلەفزیۆن، كەناڵ دامەنێ، شەراكەت بكەو شتێك پارەیان بدەرێ ئەیپارێزی، چ پێویستت بەوەیە جنێوت پێبدەن، لەگەڵ رێزمدا ئەمە بێویژدانییە، جگە لەوەش ئێمە هەرچی نمونەی باشمان هەیە لەم وڵاتە بەدەستی خۆمان سوكی ئەكەین، یەعنی مەعقولە بزنسمانێك تەلەفزیۆن بۆ خەڵك دابنێ بۆ ئەوەی دیفاعیان لێ بكات، حزبێكی سیاسی دابنێت بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك بگۆڕێت، پارەی خۆی سەرف بكات، بڵێن وەڵا ئەمە بۆ پاراستنی سەروەتەكەیەتی، بۆ من بێعەقڵم نازانم سەروەتەكەم چۆن بپارێزم، بۆ من نازانم ئەگەر كۆمپانیات هەبێ و لەگەڵ یەكێتیو پارتی شەراكەت بكەیتو تۆزێك پارەیان بدەیتێو موجامەلەیان بكەی ئیتر كەس كێشەی نییە لەگەڵت، بۆ من نازانم باسی سیاسەت مەكە ئیتر یەكێتیو پارتی كێشەی نییە لەگەڵتدا، ئەمە چ ویژدانێكە. درەو میدیا: ئێستا تۆ خوت بە بزنسمان دەزانیت یان سیاسەتمەدار؟ شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە سیاسەت ئەوەندە ناشیرین كراوە پیاو رووی نایەت بڵێ سیاسەتمەدارم، حزبیش ئەوەندە ناشیرین كراوە رووم نایە بڵێم نەوەی نوێ حزبە، من پێموایە خزمەتكاری خەڵكم، پێموایە دەبێت شتێكی جیاواز دروستبكەین، هەر موستەڵەحەكەی تائێستا لەرووم نەهاتووە بڵێم سیاسی یان حزب، ئەو رۆژەش نمونەیەكم هێنایەوە پەرژینێكی قایم بێت لەڕووی جەنابتانو خوێنەران، جارێكی تر دەیڵێمەوە: حزب دەبێت وەكو جوتەپێڵاو سەیری بكەی، خزمەتی كردیت بەكاریبهێنە، خزمەتی نەكردی رێك فڕێی بدەو جوتێكی تازە بكڕە، من پێموایە ئێستا خەڵك دەتوانن من وەكو ئەداتێك بەكاربهێننن بۆ خزمەتكردنی خۆیان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر یەكێتیو پارتی، بۆئەوەی ئەگەر شتێك لە عەقڵی ئابوریو عەقڵی ئیداریمان هەبێت لەم وڵاتەی خۆماندا سەرفی بكەینو حەیاتی خەڵك خۆش بكەین، من هاتووم ئەمەوێت ئەو شتە پارەیەی كە دەستمكەوتووە لەگەڵ ئەم ئیمكانیەتەی كە هەمە لە وڵاتەكەی خۆمدا سەرفی بكەم، جا ئێستا ئێوە پێی دەزانن، خەڵكی تر 10 ساڵی تر پێی دەزانێ، 50 ساڵی تر پێی دەزانێ، من بۆ ویژدانی خۆمی دەكەم، گرنگ نییە، من پێموایە، ئەوەی راست بێت، راستی لە كۆتایدا دەردەكەوێ، ئەوەی ساختەچیو درۆزنیش بێت، لە كۆتایدا ساڵێكی تر دوو ساڵی تر هەر دەردەكەوێت، من شتێك بۆ مێژوو دەكەم كە بمێنێتەوە، ئەم تۆمارە دەنگییەی ئێمەش بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە، بەس هیوادارم كە مردم یان لەژیاندا نەمان ئەوكاتە نەڵێن وەڵا شاسوار راست دەكات، هیوادارم ئێستا خەڵك تەقیمێك بۆ ئەم قسانەی من بكات، بزانن من راست دەكەم یان نا. درەو میدیا: لەدوای پرۆسەی ریفراندۆمەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێو میدیاكانی نزیك لە ئێوە بەردەوام وای نیشان دەدەن كە پێشبینییەكانی شاسوار عەبدولواحید راست دەردەچن، ئێوە پێشبینیتان بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان چۆنە ؟ شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە لە چوار ساڵی داهاتوودا شتێكی ئەوتۆ ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی تۆ لە كۆتایدا لەبیرت نەچێ یەكێتیو پارتی لەسەر حوكمن، مەگەر ئەوەی ئێمە بتوانین متمانەیەكی خەڵك بەدەستبهێنینو فشارێكی گەورە دروستبكەین، یان هەندێك وەزعی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی بێتەپێشەوە، بەڵام ئەوەی كە گرنگەو دەگۆڕێت، ئەوەیە كە ئێمە لە چوار ساڵی داهاتوودا دەتوانین هێزێكی سیاسی نوێی جیاواز بهێنینە مەیدانەكەوە بەپشتوانی خەڵك بە پشتیوانییەكی زیاتر خەڵك كە دوو شت بكات، یەكەم: ببێتە بەدیل بۆ دەسەڵاتی یەكێتیو پارتی بۆ دوای چوار ساڵ، هیوادارم خەڵك لەم قسەیەی من ساردنەبێتەوە، من بەلامەوە گرنگ نییە، چوار ساڵی تر هەشت ساڵی تریش ئەم وڵاتەمان بگۆڕێت زۆر زۆر باشە، بیر لە منداڵەكانتان بكەنەوە، ئێمە ئەگەر 10 ساڵ پێش ئێستا یەكێك هەوڵیبدایە وڵاتەكەمان بگۆڕێت، ئێستا ژیانمان زۆر خۆشتر دەبوو، ئەوروپاو زۆرێك لەو وڵاتە پێشكەوتووانە بە 100 ساڵ بە 200 ساڵ گۆڕاون، هەموو جارێك بەریتانییەكان پێم دەڵێن ئێمە بە 800 ساڵ ئەم دیموكراسییەی ئێستامان هەیە، بۆیە ئەم هێزە سیاسییەی كە ئێمە باسی دەكەین كە من هیوام پێیەتی لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، دووشت دەگۆڕێت، یەكەم: دەمانەوێت وەكو هێزێكی بەدیل بۆ یەكێتیو پارتی كە لەداهاتوودا پشتی پێ ببەسرێت، دووەم: فشارێكی وا لەسەر یەكێتیو پارتیو دەسەڵات دروستبكەین كە لانی كەم بتوانێت وەكو رابردوو هێندە بێمنەت نەبێ كە بەهەموو شێوەیەك غەدر لە خەڵك بكەن، وابكەین تۆزێك وەزعی خەڵك باشتر بكەینو فشارێك دروستبكەین وەزعی خەڵكك باشتر ببێت. درەو میدیا: پێتوانییە لە چوار ساڵی داهاتوودا لەڕووی ئابورییەوە دۆخی خەڵك باشتر دەبێت؟ شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ، ئێستەش تۆزێك باشتر بووە، ئەم شەش مانگەی كۆتایی باشتربووە لەچاو ساڵێك دوو ساڵ لەمەوپێشدا، من پێموایە هاوڵاتیان بە تەنیا كێشەی موچەیان نییە، چونكە كێشەی موچە دروستكراوە، خەڵك كێشە كۆنەكانیان هەرماوە، بەڵام ئێستا دۆخی خەڵكیان واخراپكردووە كە ئێمە ئاوات بخوازین بەس كێشەی موچە چارەسەر بكرێت، ئیتر كێشەمان نییە، من پێموایە بەچاكبونەوەی مووچەش خەڵك هەر كێشەی هەیە، ئەزانی هیچ شتێك بەقەد ئەوە ناخۆش نییە ئینسان كەرامەتی پارێزراو نەبێت، تۆ لەناو هەولێردا ئێستا دیقەتی بدە ئەكرێت لە هەر ساتێكدا هەموو هاوڵاتییەكی هەولێر خوانەخواستە ئیهانە بكرێت لەلایەن بنەماڵەیەكەوە، لەلایەن دەزگای ئەمنییەوە، هەولێریان كردووە بە سجن، لەناو سلێمانیدا پەنجا ئاغاو كوێخامان بۆ قوتبوەتەوە، لێرە بنەماڵە پەنجا سەری هەیەو كەس نازانێ لەگەڵ كێدا تەعامول بكاتو كەس نازانێ كێ گەورەیە، خەڵك دەچەوسێننەوەو خەڵك هەست بە زوڵم دەكات، خەڵك سەیر دەكات مامۆستایەكی باشی زانكۆیەو ئەوەی لە تەنیشتیەوەیە هیچ نازانێ بەڵام لەبەرئەوەی كە حزبییە ئەو دەچێتە پێشەوە، خەڵك سەیر دەكات رۆژنامەنوسێكی باشە قەدری ناگیرێت، بەڵام رۆژنامەنوسێكی زۆر زۆر خراپ، پەرژینێكی قایم بێت لەڕووی جەنابتانو خوێنەران، چڵكاوخۆرێك مانگ هەیە دەفتەرێكی دەدەنێ لەبەرئەوەی ماستاو بۆ فڵانە حزب دەكات، خەڵك سەیر دەكات مامۆستایەكی ئاینی بەڕێز لەبەرئەوەی پێگەیەكی هەیەو كەسایەتی خۆی نەفرۆشتووە ئەیچەوسێننەوە، بەڵام پیاوێكی ئاینی تر كە بووە بە كادرێكی حزبی معاشی زیاترە، ئەم زوڵمو چەوسانەوەو جیاوازییە لە هەموو سێكتەرەكاندا، لەناو دكتۆرەكان، لەناو گەنجەكانماندا كە ئێستا خوێندنو هەلی كاریان نییە، من پێموایە ئەم كێشانە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بە یەكێتیو پارتی چارەسەر نابێت، لەبەرئەوەی بنەماڵەی تاڵەبانیو بارزانی لەسەر یەك بنەما دەتوانن بمێننەوە كە هەندێك خەڵك وەلائی بۆ ئەوان هەبێت، كە ئەم وەلائە هەبوو جیاوازی ئەبێت، كە جیاوازی هەبوو زۆرینەی خەڵك ناڕازی دەبێت، تۆ تەسەور بكە ئێستا یەكێتی موبایلێك بۆ كەسێك بكڕێتو بە هەدیە بیداتێ، سەد كەسی تر عاجز دەبنو دەڵێن من چیم لەو كەمترە، بۆچی وا بۆ ئەو دەكەی، ئەرزەیەك بدات بەهەمان شێوە، كەسێك تەعین بكات، سەدانو هەزاران كەسی تر هەن كە لەو شایستەترن كە تەعین ناكرێن، پارتی بەهەمان شێوە، بۆیە كێشەكە بەو شتە شەخسییانە چارەسەر نابێت، من پێموایە نەهێشتنی زوڵمو جیاوازییەكە بە دورخستنەوەی ئەم دوو حزبە دەبێت لە دەسەڵات.
( درەو میدیا): دوو هەفتە زیاترە وەرزی سەرماوسۆڵە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و پلەكانی گەرما بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیون، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم نەوتی پێویستی بۆ خوێندنگەكان دابیننەكردووە و ئەوانیش بۆ پاراستنی خوێندكاران لە سەرما پەنا بۆ كەسوكاری خوێندكاران و خێرخوازان دەبەن. بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی بنەڕەتی شاری سلێمانی بە " درەو میدیا"ی راگەیاند:" دەبوو پێش 1/11 حكومەتی هەرێم نەوتی بۆ خوێندنگەكان دابین بكردایە، بەڵام دوو هەفتە زیاتر بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هیچ بڕە نەوتێك بۆ خوێندنگەكان دابیننەكراوە و چاوەڕوانیش ناكرێت وا زوو حكومەت نەوتیان بۆ دابینبكات". راشیگەیاند بۆ دابینكردنی نەوت و پێداویستییەكانی تری خوێندنگە پەنایان بۆ خێرخوازان و كەسوكاری خوێندكاران بردووە و لە كۆبوونەوەی دایكان و باوكاندا داوایان كردووە هەر كەسە و بە ویستی خۆی و بە گوێرەی توانی خۆی هاوكاری خوێندنگەكەیان بكەن بۆئەوەی بتوانن نەوت و پێداویستییەكانی تری خوێندنگە دابین بكەن. قەیرانی دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا گەورەترین زیانی بە كەرتی پەروەردە و فێركردن لە هەرێم گەیاندووە و سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ دۆخی ئابوری و دارایی حكومەت باشتر بووە، بەڵام وەك پێویست نەیتوانیوە ئاوڕ بەو كەرتە بداتەوە وو بەهۆی بایەخ نەدانی پێویستیش بە كەرتی پەروەردە و فێركردن، كەرتی تایبەت ئەسپی خۆی لەو بوارەدا تاوداوە و چەندین خوێندنگەی ئەهلی تایبەت لە شارەكانی هەرێمدا كراونەتەوە كە كوالێتی خوێندن تێیاندا زۆر بەرزە، بەڵام كرێی خوێندن تێیاندا زۆرە و تەنها ئەو خێزانانە دەتوانن منداڵەكانیان بنێرنە ئەو خوێندنگانە كە باری داراییان زۆر باشە.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پێدەچێت كوتلە سیاسییەكان پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بەجدی وەرگرتبێت، كە ناڕاستەخۆ پێی ڕاگەیاندون، كاركردن لە كەشێكی سیاسی ناتەندروستدا مانای شكستهێنانی حەتمی حكومەتە، بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك وڵات بەڕێوەبەرێت. بەپێی زانیارییەكان، (عەبدولمەهدی) لەگەڵ ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكان گەیشتوەتە ڕێككەوتن سەبارەت بەكاندیدی (5) وەزارەت لە كۆی (8) وەزارەت كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێك لە ئەمیندارێتی گشی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە وەزارەتەكانی: • پەروەردە • خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانسی • ڕۆشنبیری • كۆچو كۆچبەران • پلاندانان یەكلاكراونەتەوەو "سازان" لەسەر ئەو ناوانە كراوە كە كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانە، بەڵام وەزارەتەكانی: • ناوخۆ • بەرگری • داد هێشتا گرێن لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەر و، تا ئێستا هاوپەیمانی (فەتح)پێداگرە لەسەر دانانی (فالح فەیاز) بە وەزیری ناوخۆ و، هاوپەیمانی (سائیرون)یش بەتوندی ڕەتیدەكاتەوە. عەبدولمەهدی ئەیەوێت بەیەك پاكێج بێت "(عادل عەبدولمەهدی)سەرۆك وەزیران دەیەوێت ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدی هەر هەشت وەزارەتەكە بەیەك سەبەتە بەرێت بۆ پەرلەمان، نەك بەشێكی پێشكەش بكاتو بەشێكی بهێڵێتەوە، گفتوگۆكانیش بەردەوامن لەپێناو كۆتایهێنان بەكێشەی ئەو(3) وەزارەتە لەڕێی چارەسەرێكی گشتگیر كە ڕەنگە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانو پۆستەكانی بریكاری وەزارەتی ناوخۆو دەستەی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانو دەستەی نەزاهە بگرێتەوە"، ئەمە قسەی ئەو بەر پرسەیە. (حەسن شاكر) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لێكگەیشتنەكان سەبارەت بەوەزارەتە پڕنەكراوەكان گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو" ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو وەزارەتانەی ماون تەنها (3) وەزارەتە" پێشبینیشی كردووە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دوان لەو سێ وەزارەتەش ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكانیش شەڕێكی ترە شانبەشانی ململانێی لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمانی عێراقیش ململانێیەكی توند هەیە لەسەر سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكان لە نمونەی (ئاسایشوبەرگریو نەزاهەو داراییو دەرەوە). بەپێی یاسا، نابێت سەرۆكایەتی لیژنەكان پێش یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكان یەكلابكرێنەوە، پەرلەمانتار (حەسەن زوبەیدی)لە هاوپەیمانی (چاكسازیو بونیاتنان) بەهەمان سەرچاوەی وتووە بەپێی ئەو عورفە باوەی هەیە، پێویستە سەرۆكایەتی لیژنەكان دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكانبێت، چونكە ناكرێت لایەنێكی سیاسی كە وەزارەتێكی وەرگرتووە، سەرۆكایەتی هەمان ئەو لیژنە پەرلەمانیەش وەربگرێت كە هەمان بوارە، بۆ نمونە ئەو لایەنەی وەزارەتێكی ئەمنیی وەرگرتوە ناكرێ سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش وەربگرێت. (ڕیاز دەهش) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (سائیرون) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "زۆرینەی هێزە سیاسیەكان هەوڵی بەدەستهێنانی لیژنەی نەزاهە دەدەنو ململانێكی توندە لەسەری". ئاماژەی بەوەشكردووە: هۆكاری ململانێی لایەنەكان لەسەر ئەو لیژنانە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ئەو لایەنە دەیگێڕێت لە بەدواداچونی دۆسیەكانی گەندەڵی، تەئكیدیشی كردووە، حزبی (دعوە) دەستیگرتووە بە بەدەستهێنانی ئەو لیژنەیەو ئامادەنیە بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی سازشی لەسەر بكات، بەوپێیەی ماوەی چەندین ساڵ حكومی عێراق كردووەو ترسی هەیە سەركردەكانی بكرێنە ئامانج لەڕێی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەو، هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی.
( درەو میدیا): رۆژی سێشەممە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری خۆی دەربارەی شەرعی بوونی بڕیاری دەستگیركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دەدات لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە. دەمیرتاش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە رێوشوێنێكی ئەمنی تونددا لە گرتوخانەیەكی " ئەدرنە" زیندانیكراوە یەكێك لە پارێزەرەكانی لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی " فوراتنیوز" رایگەیاند تائێستا چەندین سكاڵا لەدژ تۆماركراوە و تەنها لە یەك دۆسیەدا تاوانباركراوە و ئەوەش تانەی لێدراوە، بۆیە دەستگیركردنی پاساوی نییە و ناشەرعییە. پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە سكاڵاكەیاندا بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلكردنی ئازادی و سەلامەتی كەسی و ئازادی رادەربڕین و یاسای هەڵبژاردنەكانیان ئیدانەكردوە و هاوكات سكاڵاشیان لەسەر دەستگیركردنی هەریەك لە فیگەن یۆكسەكداغ، عەبدوڵا زەیدانن سەلما نای ، ئیدریس باڵوكەنن فەرەحات ئینجو، گوڵسەر یەڵدرم و چالار دیمیریڵ پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆماركردووە و ئەو پێشێلكارییانەشیان خستوەتەڕوو كە بەرامبەریان دەكرێت.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود چەند ڕۆژێكی تر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) پێدەنێتە مانگی یەكەمی تەمەنیو، بەردەوامی ململانێی لایەنە سیاسییەكان ئاستەنگی گەورەی بۆ تەواوكردنی كابینەكەیو، متمانەدان بە (8) وەزیری حكومەتەكەی دروستكردووە. پێداگریو ڤیتۆ ڕوبەڕوبوونەتەوە بەهۆی پێداگری لایەنەكان، لەلایەك لەسەر ئەو كاندیدانەی دەستنیشانیانكردووە بۆ وەزارەتەكانو، لەلایەكی تریش ڕەتكردنەوەی هەندێك لە كاندیدەكانی یەكتر، گفتوگۆكانی (عەبدولمەهدی) تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە. بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هاوشێوەی چوار دانیشتنی ڕابردوو، متمانەدان بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان بەشێك نەبن لە خشتەی كار، لە سایەی ئەو دابەشبوونو ناكۆكییە قوڵەی لە نێوان لایەنەكان ئارادایە. (عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (بونیاتنان) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" سەرۆك وەزیران پەیامێكی ناڕاستەوخۆی گەیاندوەتە لایەنە سیاسییەكانو هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی كردووە، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ململانێ سیاسییەكان لە نێوان كوتلەو حزبەكان لە سەر پۆست. كڕینو فرۆشتنی وەزارەت (عالیە نسەیف) ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" ناكۆكییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان تا ئەم ساتە بەردەوامە، جەختیشیكردوەتەوە كە " عەبدولمەهدی دەیەوێت تەئكید لە دروستی ئەو زانیارییانە بكات كە بەر گوێی كەوتووە، سەبارەت بە كڕینو فرۆشتنی هەندێك لە وەزارەتەكان، لەوانە وەزارەتی بەرگری". زیاتر لە نیوەی وەزارەتەكان ململانێیان لەسەرە وەزارەتی بەرگری یەكێكە لەو وەزارەتانەی ناكۆكی قوڵی لەسەرە، (ئیئتیلافی وەتەنیە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، زیاد لە كاندیدێكی هەیە بۆ ئەو پۆستە، سوننەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش،كاندیدییان هەیە بۆ ئەو پۆستە. ناكۆكییەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ كە (فالح فەیاز)ە، تائێستا لەنێوان (موقتەدا سەدرو هادی عامری) كە بە پێكهێنەری حكومەتی نوێ دادەنرێن بەردەوامە، (سەدر)ڤیتۆی لەسەر (فەیاز) هەیەو (عامری)ش پێداگری لەسەر دانانی دەكات. جگە لە وەزارەتی پەروەردە كە پشكی سوننەكانەو وەزارەتی ڕۆشنبیریش كە پشكی شیعەكانە ناكۆكیان لەسەرە، وەزارەتی پێنجەمیش كە پشكی كوردە، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكۆكی توندیان لەسەری هەیە. پەرلەمانتار (مەحاسن سەعدون) بە (سۆمەرییە نیوز)ی وتووە" تائێستا (3) لەو (8) وەزارەتەی ماوە یەكلانەكراونەتەوە" داواش لەسەرۆك وەزیران كردوە بڕیاری "ئازایانەو ڕوون بدات" لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، لەڕێی پێشكەشكردنی ئەو ناوانەی قەناعەتی پێیەتی بە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری. ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە: ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەندێك لە وەزارەتە پڕنەكراوەكانو، بە تایبەتی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆو پەروەردە بەردەوامەو تا ئێستا یەكلانەكراوەتەوە. زۆرینە چارەسەرە لە گەرمەی ئەم ململانێ سیاسییەدا، (نوری مالیكی) سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا جارێكی تر پرسی زۆرینەی سیاسی دەوروژێنێتو، داوای دەستپێكردنی بزوتنەوەی ڕاستكردنەوە دەكات بۆ چارەسەری لادانەكانی پرۆسەی سیاسی. (مالیكی)، لە كۆنگرەی گشتی ساڵانەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ڕاشیگەیاندووە" پێشترو ئێستاش هەوڵی بەدیهێنانی پڕۆژەی زۆرینەی سیاسیمان داوە" ئاماژەی بەوەشكردووە" ئێمە باوەڕمان وایە ئەكرێت لە ڕێی ئەم پرۆژەیەوە ئەو كێشانە تێپەڕێنین كە دێتە ڕێی كاری حكومەت".
(درەو میدیا): ئەمڕۆ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كردو لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە. شۆرش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لەو كەسانە بوو كە ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەی وەفدی پارتیو گۆڕانی كرد، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: وەفدی پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چ مەسجێكی بۆ ئێوە هەبوو؟ شۆڕش حاجی: ئەوەی من تێگەیشتم، پارتی هاتبوون زۆر بە راشكاوانەو راستەوخۆ نیەتو ویستی خۆیانیان بۆ دەربڕین، كە ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان، درەو میدیا: واتە ئەوان هاتنیان بۆ ئەوە بوو داوا لە ئێوە بكەن بەشداری كابینەی نوێ حكومەت بكەن ؟ شورش حاجی: بەڵێ درەو میدیا: ئێوە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تێگەیشتن پارتی دەیەوێت حكومەتی داهاتوو چ جۆرە حكومەتێك بێت ؟ شۆڕش حاجی: ئەوەی برایانی پارتی وتیان، ئەوەبوو كە ئەوان دەیانەوێت ئەگەر ئێمە بڕیاری چونە حكومەت بدەین، ئەوان خۆیان وتیان دەمانەوێت ئێوە كە هاتن بەشداری حكومەت بكەن، شەریكی راستەقینە بن لە دەسەڵات. درەو میدیا: واتە سەردانی وەفدی پارتی بۆ ئەوەبوو تێڕوانینی ئێوە بزانێت ؟ شۆڕش حاجی: بەڵێ درەو میدیا: ئێوە دەستانكردووە بە دانوستان لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت، ئەگەر بڕیاری بەشداریتان نەداوە، چۆن دەچنە ناو دانوستانەوە ؟ شۆڕش حاجی: نەخێر ئێمە دانوستانمان نەكردووە، ئێمە پێشوازیمان لە وەفدی پارتی كردووەو گوێمان لە بۆچونی پارتی گرتووە، ئێمەش باری سەرەنجی خۆمان لەسەر قسەكانی ئەوان بۆ باسكردوونو پێشمانوتوونو دەشیڵێین بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لای جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوانیشمان وتووە كە ئێمە بەرنامەی سیاسی خۆمانمان هەیە، پرەنسیپمان هەیە كە بڕوامان پێیەتیو لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانەو ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپو بەرنامانەی خۆمانەوە، چ لە حكومەت بین یان لە ئۆپۆزسیۆن ئێمە دەمانەوێت ئەو بەرنامانەمان جێبەجێ بكەین. درەو میدیا: ئەگەر بڕیارتاندا بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت بكەن، میكانیزمی پڕكردنەوەی پۆستەكان لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبێت ؟ شۆڕش حاجی: جڤاتی نیشتمانی ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە، هێشتا ئێمە بڕیارمان لەسەر ئەو وردەكارییانە نەداوە، بەڵام ئێمە ئەزموون لە رابردوو وەردەگرینو بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵانەی كە لە رابردوو كردومانە لە دیاریكردنی كەسەكان بۆ پۆستەكان، بۆ ئایندە عیبرەتی لێوەردەگرین. درەو میدیا: پێشتر میدیاكەتان باسی لەوەكرد كە یەكێتی دەیەوێت رێگری بكات لە بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت، وەفدی پارتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا هیچ پەیامێكی یەكێتییان بە ئێوە گەیاند ؟ شۆڕش حاجی: نەخێر، پارتی هاتبوو بۆچونی خۆی بڵێو بۆچونی هیچ لایەنێكی تری بە ئێمە نەوتووە. درەو میدیا: وەكو سەرەتایەك بۆ دانوستانەكان، بۆچونەكانی وەفدی پارتی بۆ ئێوە ئاسایی بوون، هیچ بابەتێك باسكراوە كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هەستیار بێت ؟ شۆڕش حاجی: ئەوان هاتوون بۆچونی خۆیان بۆ ئێمە باسكردووەو ئێمەش بۆچونی خۆمان پێوون، كە چۆن چارەسەری كێشەكانی خەڵكو بەهێزكردنی هەرێمی كوردستانو سەروەری یاساو بەنیشتمانكردنی دامەزراوەكانو شەراكەت بكەین لە ئایندەدا.
(درەو میدیا): بەهادین نوری سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان هەوڵێكی خۆی بۆ ئاشتەوایكردن لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی ئاشكراكرد. بەپێی رونكردنەوەیەك كە لەسەر ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، لەماوەی رابردوودا بەهادین نوری هەوڵێكی خستوەتەگەڕ بەمەبەستی كۆتایهێنان بە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڵام هەوڵەكەی شكستیهێناوە. بەهادین نوری یەكێكە لەو كەسایەتییە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا رۆڵی هەبووە لە كۆتایهێنان بە شەڕی ناوخۆو لێكنزیككردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان. دەقی رونكردنەوەكەی بەهادین نوری: ڕونكردنەوەیەك لە بەهادین نورییەوە ویستم هەوڵێ بدەم بۆ ئاشتبوونەوەو تەبایی لەنێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێو بزوتنەوەی گۆڕان وەك دوو هێزی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستە پێوەندیم كرد لەگەڵ سەرۆكی نەوەی نوێو داوامكرد لەگەڵ گۆڕان كۆببنەوەو ئاشتببنەوە. وەڵامی كاك شاسوار ئەوەبوو كە نەوەی نوێ ئامادەیە بۆ ئاشتبوونەوەو هاوكاری وەكو ئۆپۆزسیۆن. پاش ئەوە تەلەفۆنم كرد بۆ سەركردایەتی گۆڕانو هەمان بیرۆكەم خستەبەردەمیان، وەڵامیان ئەوە بوو كە پرسەكە لەناو خۆیاندا تاوتوێ دەكەنو دواتر وەڵامم ئەدەنەوە. پاش ئەمە بە ٢ – ٣ رۆژ ڕێكخەری گشتی گۆڕانم بینیو هەمان بیرۆكەم باسكرد. ئەویش هەمان وەڵامی دامەوە. بەڵام بەداخەوە زێتر لەمانگو نیوێك تێپەڕیو برادەرانی گۆڕان هیچ وەڵامێكیان نەدامەوە. من ئەم وەڵامنەدانەوەیەم بەڕەفزی ئاشبوونەوەیان لەگەڵ نەوەی نوێ دانا. بەهادین نوری سلێمانی ١٧\١١\٢٠١٨
( درەو میدیا): پارتی سەرۆكی حكومەتو پەرلەمانو سامانە سروشتییەكان دەخاتە دەرەوەی دانوستانو، لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی تر، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی ڕاگەیاند: حزبەكەی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو، سەركەوتنی بە جیاوازییەكی گەورە بەسەر لایەنەكانی تردا، پۆستی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمانو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی بۆ خۆی داناوەو، لە دوای ئەوەوە دانوستان لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكانی تری حكومەت دەكات. ئەو سەرچاوەیەی پارتی كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتیشی: دەبێت گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی لە حكومەتدا بەتەواوەتی ڕەنگبداتەوەو، هەردوو سەرۆكایەتییەكە لەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بێت، جێگرەكانیشی لەڕێی دانوستانەوە دەدرێن بەلایەنەكانی تر. سەبارەت بە وەزارەتەكانی تریش، سەرچاوەكە جەختیكردوزو، وەزارەتی ناوخۆ لای پارتی دەمێنێتەوەو، ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی داهاتوو بدرێت بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان. ئەمڕۆ شەممە دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ڕەسمی دەستیپێكردو وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆِانی كرد لە سلێمانی.
( درەو میدیا): دوای ساڵێك لە راگرتنی ئەمڕۆ هەینی 17ی تشرینی دووەمی 2018 هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگەی بۆری هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوە، ئەوەش دوای رێككەوتنێكی كاتیی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازی لەو هەنگاوە دەكات، و بە سەركەوتنی واشنتۆن دادەنرێت كە بەردەوام حكومەتی بەغدا وهەولێر هاندەدات بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەركردنی ئەو پرسە، بۆئەوەی رۆڵی هەبێت لە پڕكردنەوەی كەمی نەوتی خاوی ئێران لە ناوچەكەدا دوای ئەوەی واشنتۆن چەند سزایەكی نوێی بەسەر تاراندا سەپاند. هیزەر ناوێرت, وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك هەنگاوێكەی گرنگی ترە بۆ هەوڵەكانمان لە پێناوی كەمكردنەوەی بڕی هەناردەی نەوتی ئێران". 50 هەزار بەرمیل نەوت چەند سەرچاوەیەك لە كەرتی نەوتی كەركوك بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندوووە ئێستا رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك هەناردە دەكرێت، كە ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەیەكی زۆر كەمە و ئەو كات هەناردەكردنی گەیشبووە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و ئێستاش ئاشكرا نیە كەی و تا چ ئاستێك رێژەی هەناردەكردنی نەوت زیاتردەكرێت. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك جەختیكردەوە كە بە گوێرەی رێككەوتنەكە رۆژانە 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود میدیا بەناوبانگەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی سعودییە فەرمانی كردووە بە كوشتنی نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی). ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) كە وەك یەكەم میدیای ئەمریكی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە (سی ئای ئەی) زانیاری جیاوازی دەستكەوتووە، لەو چوارچێوەیەشدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییە كە شازادە (خالید بن سەلمان) لەگەڵ (خاشقچی) ئەنجامیداوەو، داوای لێكردووە سەردانی كۆنسوڵخانەی سعودییە بكات لە (ئەستەنبوڵ) بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەكەی، دڵنیاشی كردوەتەوە بەوەی كە سەلامەت دەبێت. بە گوێرەی سەرچاوەكە، ڕوون نییە (خالید بن سەلمان) ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەسەر داوای (محەمەد بن سەلەمان)ی برای ئەنجامداوە یان نا. (واشنتۆن پۆست) لە زاری هەمان سەرچاوەوە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەنجامانەی ئاژانسی(سی ئای ئەی) پێیگەیشتوە، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێتی بۆ ئەو ڕۆڵەی (محەمەد بن سەلمان) دەیگێڕێت، كە بەدەسەڵاتداری فیعلی سعودیە دادەنرێتو، سەرپەرشتی سەرجەم كارە ورد و درشتەكانی وڵاتەكەی دەكات. ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی كە ئاگاداری ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیەتی، ئاماژەی بەوەداوە" ناكرێت كارێكی لەو شێوەیە 0ڕوبدات، بەبێ ئاگاداری (محەمەد بن سەلمان) یان تێوەگلانی". جگە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، چەند میدیایەكی دیاری تریش، هەمان هەواڵیان لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوكردوەتەوە، كە بۆیان تەئكید كردوون، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی (محەمەد بن سەلمان) فەرمانی كردووە بە كوشتنی (خاشقچی)، لەوانەش تۆڕی هەواڵی (ئێن بی سی) و ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس). ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، یەكێكی ترە لەو ڕۆژنامە دیارانەی ئەمریكا كە هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە، (سی ئای ئەی) پشتی بەستووە بە گوێگرتن لەو پەیوندییە تەلەفونییانەی كە (محمەدبن سەلمان) ئەنجامیداوە پێش كوژرانی (خاشقچی). ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یش بڵاویكردۆتەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو سەركردەكانی (كۆنگرێس) هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیان پێگەشتووە، سەبارەت بەكوشتنی (خاشقچی). هاوكات ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا، لایەنی تریشی لە حكومەتی ئەمریكا ئاگادار كردوەتەوە سەبارەت ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتووە، كە شازادەی جێنشین فەرمانیكردووە بە كوشتی (خاشقچی). لە یەكەم كاردانەوەدا، (خالید بن سەلمان) باڵیۆزی سعودییە لە (واشنتۆن)و برای شازادەی جێنشین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ڕەتكردەوەو داوای لەحكومەتی ئەمریكا كرد چی زانیارییەكی لەو بارەوەیە لایە بیخاتەڕوو. شازادە (خالید بن سەلمان) لە تویتێكدا دەڵێت، دواین پەیوەندی لەگەڵ (خاشقچی) لەڕێی نامەی نوسراوەوە بووە لە( 26 )تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەرگیز بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نەكردووە و پێشنیازیشی بۆ نەكردووە بچێت بۆ (توركیا). سەرچاوە: ئاژانسەكان
( درەو میدیا): وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبێتەوە، سەبارەت پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانی نوێ, ئەم كۆبونەوەیە بە یەكەم كۆبونەوەی رەسمی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دادەنرێت, كە بۆ وەرگرتنی رای رەسمی ئەو دوو لایەنەیە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ, هەرچەندە لایەنەكان پێشتر بەجۆرێك لە جۆرەكان خواستی یەكتریان تاقیكردۆتەوە لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانی نێوانیان وەك بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان پێكردووە. بەپێی زانیاریەكان یەكێتی خۆی یەكلاكردۆتەوەو بچێتە حكومەت لەگەڵ پارتی, بەڵام داوای " شەراكەتی راستەقینە "دەكات, بەرپرسانی پارتیش دوپاتیان كردۆتەوە كە هەر لایەنەو بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستی بەردەكەوێت، سەرەرای ئەوەی "پێگەی یەكێتی لەبەرچاو دەگیرێت", ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێتی سەرەرای وەرگرتنی چەند پۆستێكی وزاری چاوی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتە. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ ئەوەی مەیلی چونە حكومەتی زیاترە "ئەوەش بەپێی لێدوانی چەند حزبێكی بزوتنەوەكە", لەگەڵ ئەوەش بەشێكی بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن "بڕیاردان بۆ چونە ناو حكومەت لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی یەكلای دەكرێتەوە". بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان " سەرەرای ئەوەی حەز دەكات گۆڕان بچێتە حكومەت لەبەر هاوسەنگی راگرتن لەبەرامبەر یەكێتی وەك چەند سەرچاوەیەك باسی دەكەن" بەڵام لە زاری بەرپرسانیەوە چەند جارێك ئەوەی دوپاتكردۆتەوە كە مەرجیان هەیە بۆ ئەو حزبانەی دێنە حكومەت، كە نابێت پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت و لە نیوەی رێگا جێیان بهێڵن. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی دوپاتكردۆتەوە كە حكومەتی ئاییندە حكومەتی فیفتی بە فیتی نابێت، بنكە فراوان نابێت، بەڵكو بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبێت.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی تێپەراندنی بەشێك لە قەیرانە داراییو ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، لانی كەمی هەرێم بەشێك لە قەیرانە داراییەكانی تێدەپەڕێنێتو داهاتەكانیشی زیاتر دەبن. چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد بەپێی پێشبینییەكان، كابینەی نوێی حكومەتی عێراقو هەرێم كێشەكانی نێوانیان كە دیارترینیان بریتییە لە كێشەی (نەوتو بودجە) تاڕادەیەك چارەسەردەكەن، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدادو كۆتایهاتنی پرسی ریفراندۆمو سەربەخۆیی. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: “ لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەكی باشمان هەیە بۆ چارەسەكردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، لەگەڵ هەرێم پرسی هەناردەی نەوت تاوتوێدەكەینو سەرجەم كێشەكانی نێوانمان چارەسەردەكەین". بە چارەسەركردنی كێشەی نەوتو بودجە لەگەڵ بەغداد، بەشێك لە كێشە ئابوریو داراییەكانی هەرێم كۆتاییان دێت، بەتایبەتیش كێشەی موچەی موچەخۆرانو دابینكردنی بودجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان. زیادبونی داهاتی نەوت بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئێستا " حكومەتی هەرێم زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕۆژێكدا هەناردە دەكات بۆ بەندەری جەیهان، پێدانی مافە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتیش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبەردەوامیو لەكاتی خۆیدا، بووەتەهۆی پەرەپێدانو بەردەوامبوونی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكاندا، هەروەها بووەتەهۆی جێگربوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو پلاندانان بەئاڕاستەی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان نەوت بۆ ساڵی 2019. ئامانج لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانو بەدەستخستنی داهاتی زیاتر، یارمەتی حكومەتی هەرێم دەدات قەرزە گشتییەكانی كەمبكاتەوەو یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئابوورییەكی سەقامگیر". هاوكات بەپێی خشتەی سۆمۆوە (كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق)، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەر 10 تشرینی یەكەم (433 هەزارو 782) بەرمیل بووە، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018دا هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوەتە (534 هەزارو 914) بەرمیل. راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) ئاماژە بەوەدەكات، لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان لەڕێگای بۆرییەوە (12 ملیۆنو 950 هەزار) بەرمیلی نەوتی بۆ بەندەری جەیهانی توركی ناردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت لەمانگی ئۆكتۆبەردا (76) دۆلار بووە، هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی، بۆیە بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (66) دۆلار فرۆشراوە، بەوپێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەری هەرێم (854 ملیۆنو 700 هەزار) دۆلار بووە، كە نزیكەی (200) ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجیو كۆمپانیاو گواستنەوەو قەرزەكانە، واتا مانگانە (654 ملیۆنو 700 هەزار) دۆلار، كە دەكاتە (785 ملیارو 640 ملیۆن) دینار، ئەمەش داهاتێكی زۆرە بەبەراورد بەوەی پێشتر راگەیەندرا كە " وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنها (380 ملیار) دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە". چارەسەری كێشەی بودجە چاوەڕەوان دەكرێت كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بكرێت، بەو پێودانگەی بەرپرسانی بەغداد ئامادەییان بۆ چارەسەری راگەیاندووەو لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقیشدا رۆژانە بڕی (205 هەزار) بەرمیل نەوت دیاریكراوە بۆ هەرێم لەبەرامبەر ناردنی بودجەدا، كە رەنگە ناردنی ئەو برە لەڕێگەی سۆمۆوە بۆ هەرێم ئاسان بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاندووە "ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەرزدەكاتەوە". لە راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە" بە دامەزراندنی وێستگەیەكی نوێی هەناردەكردنی نەوت (وێستگەی پمپكردن) لە شێخان كە دەبێتەهۆی زیادكردنی توانای هەناردەكردنی نەوت لەڕیگای هەرێمی كوردستانەوە لە (700 هەزار) بەرمیل بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل لەڕۆژێكدا. ئەم كارە دەبێتەهۆی بەرزكردنی توانای هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە داهاتوودا، هەروەها دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی حكومەتی فیدراڵی عێراقو نەوتی كەركوكو دەورووبەری". وادەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازی كردووە، ئەگەر هەناردەی نەوت بگەیەنێتە (یەك ملیۆن) بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەوا دەتوانێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عێراقو ئەوەی دیكەش بۆخۆی دەمێنێتەوەو لەپاڵ ئەو بودجەیەی لە عێراقەوە بۆی دێت، داهاتی حكومەت زۆر زیاد دەكات. بودجەی عێراق چاوەڕەوان دەكرێت بڕی ئەو بودجەیەی كە لە بەغداد دێتە هەرێم زیاد بكات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینارە، بەوپێیەی پشكی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- دهۆك- سلیمانی) لە بودجەی 2019ی عێراق، بەرێژەی 12.67% خەمڵینراوە، كە دەكاتە (8 ترلیۆنو 741 ملیارو 60 ملیۆن) دینار، خۆ ئەگەر هەرێم مانگانە بەو رێژەیە نەوت بنێرێت، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە (728ملیار) دینار بودجە بە هەرێم بدات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینار دەنێرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆرەو بەئاسانی حكومەتی هەرێم دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە. داهاتەكانی تر بەپێی وتەی وەزیری دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆ زیاتر لە (120 ملیار) دینارە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە بڕی (25 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی كە دەكاتە (30 ملیار) دینار دەدرێتە حكومەتو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان دەكرێت. بەكۆی داهاتی نەوت كە مانگانە نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لانی كەم چاوەڕەوان ناكرێت لەدوای پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی عێراق لە بەغداوە كەمتر لە (500 ملیار) دینار بێت بۆ هەرێم، داهاتی ناوخۆش مانگانە (120 ملیار) دینارە، پارەكەی ئەمریكاش بۆ 2019 كە لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسەندكراوەو گرنتییە، مانگانە (30 ملیار) دینار كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 زیاد دەكات، كۆی گشتی داهاتی هەرێم دەبێت بە (یەك ترلیۆنو 300 ملیار) دینار، بەمە ئاستی ئابوری هەرێم دەگاتەوە ئاستەكەی ساڵی 2013، واتە ئەوكاتانەی كە حكومەتی هەرێم پشتی دەبەست بە بەشە بودجەكەی بەغدادو مانگانە بڕی (یەك ترلیۆنو 200 ملیار) دیناری وەردەگرت. ئەگەر هەرێم ئاستی هەناردەكردنی نەوتیش بەرزبكاتەوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت دەیگەیەنێتە (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوكات داهاتی حكومەتی هەرێم زۆر زیاتر دەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاند دەتوانن مانگانە تەنها (745 ملیار) دینار بۆ موچە تەرخان بكەن. بەپێی ئەو داهاتانەی كە ساڵی 2019 دەست حكومەتی هەرێم دەكەون، كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت بەئاسانی كۆی موچەی فەەرمانبەرانو موچەخۆران بداتو زیاتر لە (400 ملیار) دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی دیكەو وەبەرهێنانو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.
(درەو میدیا): وێنای باو لە هەموو جیهان ئەوەیە تاوانباران لەدەستی پۆلیسو هێزە ئەمنییەكان هەڵدێن، لە هەرێمی كوردستان ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بووەتەوەو هێزە ئەمنییەكان داڵدەی تاوانباران دەدەن. پۆلیسی هەولێرو سلێمانی یەكتری تۆمەتباردەكەن بە داڵدەدانی تاوانباران، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە روداوەكانی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، لە نمونەی تاوانەكانی: • تەقەكردن • دزیكردن • رفاندن • كوشتن "دەسەڵاتی ئەمنی سلێمانی تاوانباران داڵدەدات" لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چەند كەسێك كە تاوانیان ئەنجامداوە، ئێستا لە شاری سلێمانی لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنییەوە داڵدەدراونو رێگرن لە رادەستكردنی ئەو تاوانبارانە". بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی: سەرەڕای ئەوەی چەندینجار بڕیاری دەستگیركردنی ئەو تاوانبارانە رەوانەی شاری سلێمانی كراوە، بەڵام بەداخەوە هیچ كاتێك ئامادەنەبوون ئەو تاوانبارانەمان رادەستبكەن. پۆلیسی سلێمانی: 114 تۆمەتبار لە هەولێرن لەبەرامبەردا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو پێنەگەیشتووە. وتی:"114 تۆمەتبار كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لەلای پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا لەهەولێرنو دەستگیرنەكراون، لەكاتێكدا چەندینجار نوسراومان ئاڕاستەی پۆلیسو دەزگا ئەمنییەكانی هەولێركردووە بۆ دەستگیركردنیان" بۆ ئەوەش نمونەی بە تۆمەتبارانی كەیسی (17ی شوبات) هێنایەوە. دێگەڵە.. بەهەشتی تاوانباران لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوە، سەرباری یەكخستنەوەی ئیدارەی هەرێمو دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، هێشتا سنوری "دێگەڵە" لەڕووی ئەمنییەوە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان زۆری زەردو سەوزە، بەجۆرێك پەڕێنەوە لەو سنورە، بوەتە بەهەشتی تاوانباران لە هەردوو زۆنەكەو ئەوانەی لە سنوری زۆنی زەرد تاوانكاری دەكەن بۆ رزگاربوون لە سزا پەنا دەبەنە بەر زۆنی سەوزو لە زۆرنی سەوزیشەوە تاوانباران بەرەو زۆنی زەرد هەڵدێن، زۆرجار ئەو كەیسانەش بە سیاسی دەكرێنو دەبنە رێگر لەبەردەم سزادانی تاوانباران. هێزەكانی پۆلیس لە هەرێم زۆربوونی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە بەپێی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 ئامادەكراوە، وەزارەتی ناوخۆ كە ئەركی سەرەكی بریتییە لە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان (121 هەزارو 841) كارمەندی هەیە. بەپێی هەمان پرۆژە بودجە، دەزگای ئاسایشی هەرێم (31 هەزارو 421) كارمەندو موچەخۆری هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندی هەیە. ژمارەی هێزەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستانو چۆنیەتی دابەشبوونی بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی بەدیاریكراوی نازانرێت. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تائێستا لیژنەكانی دیارینەكردووە، بەڵام ئەیوب عەبدوڵا ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: ئەوان لە خولی چوارەمدا نەیانزانیوە بەدیاریكراوی ژمارەی هێزەكانی پۆلیس چەندەو هەرجارەو باس لە ژمارەیەك كراوە. بودجەی وەزارەتی ناوخۆ بەگوێرەی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013دا، بڕی (ترلیۆنێكو 357 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، كە دەكاتە رێژەی (11.7%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم. بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014وە بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندنەكراوەو دیارنییە داهاتی گشتی چۆن بەسەر كەرتەكاندا دابەش دەكرێتەوە، نازانرێت ئێستا بودجەی وەزارەتی ناوخۆ چەندە. هێزی سەربازیو ئەمنیی چۆن دابەشبووە ؟ سەرباری ئەوەی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی بەردەوام باس لە كۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی دەكەن، بەڵام چەندین بواری ژیانی رۆژانەدا خەڵك بەڕوونی هەست بە دوو ئیدارەیی دەكەن، دۆسیەی ئەمنی یەكێك لەو بوارانەیە كە هێشتا بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتو یاسادا نییەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە هەریەكەیان هێزی ئەمنی تایبەت بەخۆی هەیە كە زۆرجار بە فەرمانی بەرپرسانی حزب دەجوڵێنەوە، نەك یاساو رێنماییەكانی حكومەت. هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازیی و ئەمنییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: هێزی سەربازی پارتی • پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە. • پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە. • ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هێزی سەربازی یەكێتی • یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت. • هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە. • ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
( درەو میدیا): داواكاری گشتی سعودییە (5) كەس بەكوشتنو پارچەكردنی خاشقچی تۆمەتباردەكات، داواشدەكات لەسێدارە بدرێن. داواكاری گشتی شانشینی عەرەبی سعودی، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تۆمەتی ئاڕاستەی (11)كەس كردووە لەكۆی ئەو (21) كەسەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، لە دۆسیەی كوژرانی هاوڵاتی " جەمال خاشقچی"و "فەرماندەی تیمی گێڕانەوەی خاشقچی فەرمانی كوشتنی داوە". داواكاری گشتی سعودییە دەشڵێت: دوای دروستبونی شەڕو، بێهوشكردنی لەڕێی دەرزیو گیان لە دەستدانی، لاشەكەیان پارچە پارچە كردووەو بردویانەتە دەرەوەی كۆنوسوڵخانەكە. ئاشكراشیكردووە: بە فەرمانی جێگری پێشوی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودییە تیمێك پێكهاتووە بۆ گێڕانەوەی (خاشقچی)و، ڕاوێژكارێكی پێشو بەشداریكردووە لە ئامادەكاری بۆ پرۆسەی گێڕانەوەی ناوبراو. لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا داواكاری گشتی وتی: داوای لەسێدارەدانی (5) كەس لەو تۆمەتبارانەیان كردووە كە فەرمانیان داوە و بەشداری پرۆسەی كوشتنی (خاشقی) یان كردووە. ڕۆژی (2) مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردو، نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی) دوای چونی بۆ كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە (ئەستەنبوڵ) بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاوسەرگیری، لەو ساتەوە دیارنەماو سەرەتا دەسەڵاتدارانی سعودییە نكوڵییان لە دیارنەمانی كرد. دوای چڕكردنەوەی فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ڕۆژی (20) ئەو مانگە سعودییە دانینا بە "مردنی" خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیو، هۆكارەكەی بۆ دروستبونی شەڕ گێرایەوە لەنێوان ناوبراو و تیمی كونسوڵخانەكە، ئەمڕۆش داواكاری گشتی سعودییە كۆمەڵێك زانیاری نوێی ئاشكراكردو، بەشێك لەتۆمەتبارەكانی دەستنیشانكرد، بەوپێیەی زۆرێك لەناوەندە نێودەوڵەتیەكان لەو بڕوایەدان كە (خاشقچی) بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە كوژراوە. خاشقچی لەساڵی 2017داو لەترسی دەستگیركردنی، وڵاتەكەی بەجێهێشت و ڕویكردە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەچەند بۆنەیەكی جیاوازدا ڕەخنەی لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی گرتووە بە تایبەت لە پرسەكانی پەیوەیست بەئازادی ڕادەربڕین و دەستگیركردنی چالاكانی مەدەنی .
راپۆرت: ئارام مەحمود گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی) بەردەوامە، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سێ هەفتە لەمتمانەدان بە (14) وەزیر، (8) وەزارەت بە بێ وەزیر ماوەتەوە. پێناچێت (عەبدلمەهدی) بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبێت، وێرایی هەوڵەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، لە ململانێیەكی قورسیشدایە بۆ هێشتنەوەی هەندێك لەو وەزیرانەی لە حكومەتەكەی دەستبەكاربون، بەوپێیەی لایەن هەیە پێیوایە، بەشی خوراوە، هەوڵی خستنی ژمارەیەك وەزیر دەدەن لەڕێی خستنەڕووی بەڵگەو دۆكۆمێنت سەبارەت بە پەیوەندی ڕابردویان بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان. شەڕە گەورەكە لەسەر (3) وەزارەتە (وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریو ڕۆشنبیری)، چەقی ململانێی لایەنەكانو خاڵی ئاڵۆزكردنی تێپەڕاندنی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدییە. • كوتلەی (عەتا) كە پێشتر لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) بوونو ئێستا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دان، كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، پێداگری دەكات لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ. • (ئیئتیلافی وەتەنییە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی بەرگری دەدات كە لەچوارچێوەی كوتلەی (چاكسازیو ئاوەدانكردنەوە)دایە، سوننەكانی ناو كوتلەی (بونیاتنان)یش، كاندیدیان هەیە. • كوتلەی (سادقون) كە سەربە گروپی چەكداری (عەسائبی ئەهلی حەق)ە، لەچوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دایە، پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ كاندیدەكەی. فشارەكان جیاوازن ئەو شێوازانەی حزبە "زەرمەندەكان" گرتویانەتە بەر بۆ دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) جیاوازن، كە پێدەچێت لەبەردەم كوتلە سیاسییەكاندا لاوازبێت، بەوپێیەی هیچ هێزێك نیە بەرگری لێبكاتو پشتیی پێبەستێت. وێڕایی هەڕەشە ناو بەناوەكانی (موقتەدا سەدر) ڕابەری ڕەوتی سەدر، بە پەنابردن بۆ "ئۆپۆزسیۆن"بوون، هەندێك لە پارتەكانی تر (100) ڕۆژیان بۆ حكومەتی نوێ دیاریكردووە، (باقر جەبر زوبەیدی) سەركردە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە"حكومەت 100 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی" تەئكیدیشی كردووە" عەبدولمەهدی دەستكراوە نەبووە لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانی". بە ڕەزامەندی ئەو بڕیارەكان دەدرێت سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە " سەدر سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی ئێستای عێراق دەكات" ئاماژەی بەوەشداوە" ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەكان قوڵترە لەوەی گەلی عێراق پێشبینی دەكات". ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە" سەدر هێڵی سوری داناوە لەسەر فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی بونیاتنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەدر ڕەتكردنەوەی هەر كاندیدێكی فەتح بۆ ئەو پۆستە ڕابگەیەنێتو، هادی عامریش بەوەی زانیوەو پێدەچێت ڕوو بكاتە دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر، ئەوەش بەو مانایەی فەیاز هیچ چانسێكی نابێت، ئەگەری زۆریش هەیە (قاسم ئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی پێشوو لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ڕەزامەندی سەدر".