داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی دەكرێت
2019-10-23 10:27:34
(درەو میدیا):
حزبی شیوعی عێراقی کە هاوپەیمانی رەوتی سەدرەو هاوپەیمانێتییەکەیان براوەی یەکەمی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکات.
بەیاننامەکە کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی رۆژی هەینی داهاتوو، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکات:
🔴 دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی ئێستاو دروسکردنی حکومەتێکی نوێ لەخەڵکانی نیشتیمانپەروەرو بەتواناو خاوێن و کارا، دور لە تایفەگەری سیاسی و پشکپشکێنە.
🔴 ئەرکی حکومەتە نوێیەکە ئەمانە بێت:
🔷 هەڵگرتنی هەنگاو خێرا بۆ زامنکردنی قوتی گەل و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، چاکسازیکردن لە دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و خزمەتکوزاری وڵاتدا.
🔷 سزادانی دادپەروەرانەی ئەوانەی تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەرانیان ئەنجامداوەو ئەوانەشی کە فەرمانیان پێکردوون، ئازادکردنی دەستگیرکراوان و راگرتنی هەڵمەتی راوەدونان و دەستگیرکردن.
🔷 جوڵاندنی دۆسیەکانی گەندەڵی و رادەستکردنی گەندەڵکاران بە دادگا و گەڕاندنەوە سامانی دزراو.
🔷 هێشتنەوەی چەک بە تەنیا لە دەستی دەوڵەت و کۆتایهێنان بە رۆڵی میلیشیا و چەکدارانی دەرەوەی یاسا.
🔷 پاراستنی سەروەری عێراق و زامنکردنی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی.
🔷 ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەو بەدوایدا:
🔸 دانانی یاسایەکی نوێی دیموکراتی و دادپەروەرانەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان، تێیدا بنەمای هاوڵاتیبوون پێشبخرێت.
🔸هەموارکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک زامنی دروستبوونی ژیانێکی سیاسی دیموکراتی ئاشتیخوازانە بکات.
🔸هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە بەراستی سەربەخۆ بێت و خەڵکانی بەتوانا لەدەرەوەی پارت و کوتلە سیاسییەکان لەخۆبگرێت لەژێر چاودێری دادگادا.
🔸زامنکردنی چاودێرییەکی نێودەوڵەتی کارا.