راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانی دابەشكردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەر یەكێك لەو دوو بۆچونە بەڵگەو پاساوی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كۆتایی خۆی نەداوە. بۆچوونی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكدێت لە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی ئەوانەی كە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكەیان پێباشەو ماونەتەوە. ئەمانە بۆچونیان وایە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە دۆخی لە كابینەی هەشت باشتر دەبێتو ئەگەر گۆڕان بەشداربێت تێیدا دەتوانێت هەندێك لە بەڵێنەكانی بۆ دەنگدەرانی جێبەجێ بكات. لەناو ئەم بەرەیەدا بۆچونێكی تر هەیە كە پێی وایە، گۆڕان ناتوانێت جارێكی تر ببێت بە ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر لە دەرەوەی دەسەڵات بمێنێتەوە زیانی گەورەتر دەكاتو ئاستی دەنگەكانی بەتەواوەتی دادەبەزێت. میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لەم بۆچوونە دەكەن، واتە بۆچونی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بۆ ئەمەش ماوەیەكە هەڵمەتێكی راگەیاندنیان لەدژی یەكێتی نیشتمانی دەستپێكردووەو یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵدەدات بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم دووربخاتەوە. ئەمانە پێیانوایە بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم بە سود بۆ گۆڕان تەواو دەبێتو دۆخی دارایی بزوتنەوەكە باشتر دەبێتو رزگاری دەبێت لەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت دواجار ئەم بۆچونە سەربكەوێتو ببێتە بۆچونی زاڵی بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لێدەكات. بۆچوونی دووەم: ئەمانە زیاتر ئەو كەسانەن كە رەخنەیان لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان هەیەو هەندێكجار پێیان دەوترێت "بەرەی ناڕازی"، ئەمانە پێیانوایە گۆڕان بە بەشداریكردنی لە كابینەی هەشتدا زیانی گەورەی جەماوەری بەركەوتووەو نەیتوانیوە بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، بە بەشداربوونی لە كابینەی نۆیەم، بەتەواوەتی دوچاری داڕمان دەبێتەوەو پشتیوانی دەنگدەرانی لەدەستدەدات. ئەم بەرەیە بڕوایانوایە گۆڕان لە كابینەی پێشوودا كە خاوەنی (24) كورسی پەرلەمان بووە، رێگری لێكراوە، ئێستا بە (12) كورسییەوە هیچ رۆڵێكی لە حكومەتدا نابێتو بەشداربوونی تەنیا بۆ ئەوەیە چەند كەسێك پۆست وەربگرن. سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی لەناو ئەم بەرەیەدان پێیانوایە، پارتی بۆ تاكتیك دەیەوێت گۆڕان بباتە ناو حكومەتەوە، تاوەكو هەندێك سنور بۆ خواستەكانی یەكێتی دابنێت و دور نییە دواجار یەكێتیو پارتی رێكنەكەونو گۆڕان لە كابینەكە دوورنەخەنەوە یان ناچاری بكەن خۆی بچێتە دەرەوە. هەندێكی تر باسلەوەدەكەن، هیچ گرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی پارتی جارێكی تر هاوشێوەی كابینەی هەشت، وەزیرەكانیان لە حكومەت دوورنەخاتەوە. گۆڕان راپرسی دەكات جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی بەشداریكردن لە حكومەت، بەمدواییە لە لێدوانێكدا بۆ (شارپرێس) رایگەیاند" تائێستا ئەو پرسە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەكراوەیی ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە". جەلال جەوهەر ئاماژەی بەوەكرد، لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێتو لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا كۆنەبوەتەوە، هەندێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان باسلەوەدەكەن، ئێستا لەناو هەڵسوڕاواندا راپرسی دەكرێت لەبارەی پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی گۆڕان لە حكومەت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری لەبارەی ئەو راپرسییە ناوخۆییەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستكەوتووە، بەپێی زانیارییەكان، راپرسییەكە زیاتر لە شێوەی كۆبونەوەدایە لەگەڵ ژوورو هەڵسوڕاوە دیارەكانو لەو كۆبوونەانەدا بەرپرسانی باڵای گۆڕان (ئەوانەی پشتیوانی بەشداریكردنی گۆڕان دەكەن لە حكومەت) سودەكانی بەشداربوون بۆ ئامادەبوان رووندەكەنەوەو دواتر گوێ لە بۆچونی ئامادەبوان دەگرن. واتە راپرسییەكە بەشێوەی دابەشكردنی فۆڕم نییەو زیاتر لەچوارچێوەی وەرگرتنی بیروڕادایە بەشێوەیەكی زارەكی لە سنورێكی دیاریكراوی رێكخستنەكاندا. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندجارێك پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەو لەو پەیوەندییانەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند" وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە". عەلی حوسێن وتی:" پارتی وەك هێزی براوە، بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێكدەهێنێت، لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمانو حكومەت، لیژنەی دووەم شاندی فەرمییە". پێشینەیەكی خراپ بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، یەكجار بەشداری لە كابینەی حكومەتی هەرێمدا كردووە، كە ئەویش كابینەی هەشت بوو، بەهۆی ناكۆكی لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندی نێوان گۆڕانو پارتی تێكچوو، بەوهۆیەوە پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە كابینەی هەشت دەركردو سەرۆكی پەرلەمانیش كە سەربە گۆڕان بوو، رێگری لێكرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە پێشینەیەكی خراپی هەماهەنگی نێوان گۆڕانو پارتی بوو لە حكومەتدا. لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی ئاسایی بونەتەوە، بەمدواییە گۆڕانو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگی یاسای هەڵپەساردنی (دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم)و یاسای (تیرۆر)یان تێپەڕاند. پارتی كە پێشتر گۆڕان تۆمەتباردەكرد بە شكاندنی بەڵێنو رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەت، ئێستا بۆچونی گۆڕاوەو خوازیارە گۆڕان بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا بكات، رەنگە مەبەستی سەرەكی پارتی لە هێنانە پێشەوەی گۆڕان، بۆ جڵەوكردنی یەكێتیو داواكارییە زۆرەكانی بێت لە كابینەی نوێدا. پشكی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2014 پێكهاتو كابینەیەكی بنكەفراوان بوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: یوسف محەمەد • وەزارەتی پێشمەرگە: مستەفا سەید قادر • وەزارەتی دارایی: رێباز حەملان • وەزارەتی بازرگانی: ساماڵ سەردار • وەزارەتی ئەوقاف: كەمال موسلیم • دەستەی وەبەرهێنان: رێبوار خەلیل • نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا: دارا بەكر ساڵح • لەگەڵ ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار سیناریۆی بەشداری گۆڕان لە حكومەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ ئەو پۆستانەی كە وەریاندەگرێت. ئەگەر حكومەتی داهاتووی هەرێم (سێ قۆڵی- ترۆیكا) بێت، واتە تەنیا پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكیبهێنن، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت: • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان • وەزارەتی دارایی • لەگەڵ چەند پۆستێكی تر ئەگەر كابینەی داهاتوو (چوارقۆڵی) بێت واتە لە (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی) پێكبێت، كە ئەمە ئەگەرێكی لاوازەو قسە هەیە پارتی نایەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بكات، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت. • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی • وەزارەتی دارایی • لەگەڵ چەند پۆستێكی تر
ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ گرانی كرێی شوێنی نیشتەجێبوون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، كێشەی دارایی بۆ ئەندامانی نوێی كۆنگرێس دروستكردووە، بە تایبەتی ئەو ئەندامانەی لە چینی هەژارەكانەوە بۆ كۆنگرێس سەركەوتوون. واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە لیستی 10 هەرە گرانترین شارەکانی جیهاندایە و كرێی شوقە و شوێنی نیشەجێبوون زۆر بەرزە و بە گوێرەی سایتی " بزنس ئینسایدەری" ئابوری كرێی مانگانەی یەك شوقە كە یەك ژووری نوستنی تێدابێت نزیكەی 2160 دۆلارە. ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا موچەیەكی ساڵانە وەردەگرێت كە 174 هەزار دۆلارە و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرێس رایدەگەیەنن رووبەڕووی كێشەی دارایی دەبنەوە بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت شوێنی نیشتەجێبوونیان لە واشنتۆن و لەو ناوچانەشی لێوەی هەڵبژێدراون هەبێت . ئەلكساندەریا ئۆكاسیۆ كۆرتیز، گەنجترین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، رووبەڕووی كێشەیەك بووەتەوە كە ناتوانێت كرێی خانوو بدات لە واشنتۆنی پایتەخت، چاوەڕوانەی ئەوەیە كانوونی دووەكی داهاتوو بە رەسمی لە كۆنگرێس دەستبەكاربێت و موچە وەربگرێت. كۆرتیزی تەمەن 29 ساڵ ، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" رایگەیاند چاوەڕوانە وەك ئەندامی كۆنگرێس موچە وەربگرێت، بۆئەوەی بتوانێت شوێنی نیشتەجێبوون لە واشنتۆن بەكرێ بگرێت. ئەمەش لە كاتێكدا هەینی رابردوو ئەید هێنری پێشكەشكاری بەرنامە لە كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ئەو ئەندامەی كۆنگرێس راستییەكان بە تەواوەتی ناڵێت چونكە لە چەند وێنەیەكیدا لە بەرگی یەكێك لە گۆڤارەكاندا دەركەوتووە " پۆشاكی وای لەبەركردووە بەهاكەیان هەزاران دۆلارە". لەبەرامبەر ئەوەدا كۆرتیز لە تویتەرەوە وەڵامی دایەوە رایگەیاند ئەو پۆشاكانەی بە شێوەی خواستن بۆ وەرگیراوە بۆ وێنەگرتنی بۆ ئەو گۆڤارە. كۆرتیز دوای بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی بانگەشەی سەركەوتوو، لە بازنەی 14ی هەڵبژاردن لە نیویۆرك بۆ كۆنگرێس هەڵبژێدرا و لە هەڵمەتی بانگەداشەكەشیدا زیاتر بایەخیدا بە پرسەكانی هەژاری، دادپەروەری، دابەشكردنی سامان و كۆچ. كۆرتیز لە گەڕەكی برۆنكس لە نیویۆرد لە دایك و باوكێكی بەرەگەز دوورگەكانی پۆرتۆریكۆ لە دایبكووە، خۆی بەوە وەسفدەكات كە لە چینی كرێكارانە و هەتا سەرەتای 2018 لە چێشتخانەكاندا كاریكردووە بۆ زیادكردنی داهاتی خۆی وەك چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنی. كۆرتیز لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " بۆن ئەبیتی" وتی:" سەبارە بە 80%ی بانگەشەكە لەو كیسە كاغەزیی میوەفرۆشییەی پشت ئەو دیوارەوە بەڕێوەمبردووە" لە ئاماژەیدا بۆ كاركردنی لە چێشتخانەكاندا. هەروەها فۆرمی سامانی دارایی كۆرتیزیش ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ساڵی رابردوودا 26500 دۆلاری پەیداكردووە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆرتیز لە تویتێكدا لە تویتەر رایگەیاند كێشەی نیشتەجێبوونی هەیە لە واشنتۆن و سیستمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە گونجاو نییە كە كە كەسانی چینی كاركەر سەركردایەتی بەڕێوەی ببەن، وای بڵاوبوونەوەی ئەو تویتەشی چەندین كەس هاوسۆزی خۆیان بۆ راگەیاند. سەرچاوە: بی بی سی
(درەو میدیا): پەرلەمانتارێكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سێ كۆمپانیا هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلیان بۆ بازاڕەكانی عێراق قۆرخكردووە، داوا لە عەبدولمەهدی دەكات ئەو قۆرخاكارییە بشكێنێت. (عالیە نسەیف) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێشتر هۆشدارییان داوە كە كۆمپانیاكانی (قاسد- لەیس- سەردار) بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی بەكارهاتووی ئەمریكییان بەهاوكاری وەزارەتی بازرگانی قۆرخكردووە. كۆمپانیای سەردار كە ئەو پەرلەمانتارە ناوی هێناوە كۆمپانیایەكە كە خاوەنداریەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەسێكی كورد. نسەیف ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی بازرگانی لەڕێی دەركردنی نوسراوێكی فەرمییەوە ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ كۆمپانیاكانو خەڵكانی تر دەستنیشانكردووە بۆ هاودەكردنی ئۆتۆمبیل، پاشان بازرگانییەكەی لەدەستی كۆمپانیای (قاسد)دا قۆرخكردووە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ستەمە ڕیگە بە چەند كۆمپانیایەكەی دیاریكراو بدرێت بازرگانی جۆرێك لە ئۆتۆمبیل بكەن، بەهۆی پەیوەندییان بە وەزیری پێشووی بازرگانییەوە" . ڕونیشكردوەتەوە، مافی هەموو عێراقییەكانو كۆمپانیاكانە هەر ئۆتۆمبیلێك بیانەوێت هاوردەی بكەن بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكانو ناكرێت عێراقییەكان ناچاربكرێن لەچەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئۆتۆمبیل بكڕنو بەپێی ئارەزووی خۆیان نرخ بسەپێنن. (نسەیف) بەپێویستی دەزانێت سەرۆك وەزیران دەرگای هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی (ئەمریكیو كەنەدی) بۆ سەرجەم كۆمپانیان بكاتەوە بەبێ جیاوازی.
( درەو میدیا): ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە هەوڵێكی تیرۆركردنی پلان بۆ داڕێژراو رزگاری دەبێت. كەناڵی "France 2" ی فەرەنسی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئاشكرایكرد كە چەند كەسێكی گومانلێكراو دەستگیركراون كە پلانیان بۆ تیرۆركردنی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا داناوە لە میانی سەدەمین ساڵیادی كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانیی. روونیشیكردەوە ئەو كەسانە لە لێكۆڵینەوەدا دانیانبەوەدا ناوە كە پلانیان داناوە كە لە 7ی تشرینی دووەم لە پاریس لە كاتی ئاهەنگی كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی بە چەكی سپی هێرشبكەنەوە سەر ماكرۆن و بیكوژن. هەروەها بەوتەی ئەو كەناڵە فەرەنسییە ئەو كەسە سەرەكییەی كە هاندەری ئەو هێرشە بووە، هاوڵاتییەكی فەرەنسییە بەناوی " جان پییر" ی تەمەن 62 ساڵ و پێشتر بزنسمان بووە. هەروەا ئاماژەیبەوەشداوە كە هێزە ئەمنییەكانی فەرەنسا لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا چەكیان لەناو ئۆتۆمبیلی ئەو بزنسمانەدا دەستبەسەردا گرتووە و ئەو كەسانەی كە بەنیازبوون ماكرۆن تیرۆر بكەن بەكاری بهێنن.
( درەو میدیا): لە وەڵامی نامەیەكی ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت: - دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2018 (۳۸۱۲٤۱۸۲) سی و هەشت ملێۆن و سەدو بیست وچوار هەزارو سەدو هەشتاو دوو كەسە، - دانیشتوانی سێ پارێزگاكەی هەرێم: (٥۳٠۹٥۹۲) پێنج ملێۆن سێسەدو نۆ هەزارو پینج سەدو نەوەدو دوو - سلێمانی (۲۱٦۲۲۷۹) كەس -هەولێر (۱۸٥٤۷۷۸) كەس - دهۆكیش (۱۲۹۲٥۳٥) كەس -.كە ئەگەر رێژەكەی وەرگرین دەكاتە 13،927%
( درەو میدیا): ئەمڕۆ هەینی رۆژی یەكلابونەوەی هاوپەیمانی بۆدیموكراسی و دادپەروەری بوو، رۆژێك لەلایەك ناوی هاوپەیمانی گۆڕدراو سەرۆكی نوێ بۆ هاوپەیمانێتیە نوێیەكە هەڵبژێردرا، لەلایەكیش بەزۆرینەی رەهای دامەزرێنەرانی, هاوپەیمانی هەڵوەشێنرایەوە. ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆبونەوەی گشتی هاوپەیمانی ئەنجامدرا كە 400 هاودید تیایدا بەشداربوو، بەپێی بەلاغی كۆتایی كۆبونەكەش " بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا" سەرۆكی نوێی هاوپەیمانێتیەكە لە وتارێكدا جەختی كردەوە" كە هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت" بەڵام ئەم گروپە كە ناوی هاوپەیمانیان گۆڕی هیچ بیناو میدیایەك و مومتەلەكاتێكی هاوپەیمانیان لەبەردەست نیەو بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بیناو بارەگای نوێ بكەنەوە بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیدا بووەو داوای لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی كردووە كە هاوپەیمانی هەڵبوەشێننەوە. هەربۆیە ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەناوی زۆرینەی رەهای دەستەی دامەزرێنەری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییان راگەیاند. لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە"ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا" راشیانگەیاندووە كە هاوپەیمانی گشتی درێژكراوەی هاوپەیمانی نیەو دەڵێن"بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت" رۆژی 7/11/2018 گروپێك لە هاوپەیمانی حزبێكیان دامەزراند بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە. دەقی هەردوو رونكردنەوەكە: ............................... بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی: بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان ئەمڕۆ هەینی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨ لە هۆڵی دێدەمان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری زیاتر لە ٤۰۰ هاودید، هاوپەیمانیی كۆبوونەوەیەكی گشتی ساز كرد. كۆبوونەوە بە مەراسیمێك كرایەوە، سەرەتای كۆبوونەوەكە بە وەستانی خولەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، دواتر لیژنەی باڵای كۆبوونەوە چەند ڕێنماییەكی پێشكەشی بەشداربووان كرد، دواتر لیژنەی هەمواركردنی پەیڕەوەی ناوخۆی هاوپەیمانیی ئەو بڕگانەی پەیڕەوەی ناوخۆی خستەڕوو كە هەموار بكرێنەوە و دەنگی بۆ درا وبە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران لە بڕگەیەكی تری كۆبووونەوەكەدا وتاری (هاوپەیمانیی) لە لایەن بەڕێز م. محمد رەئوف لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی خوێندرایەوە.لە وتارەكەدا جەخت لەسەر زەروورەتی دیدگای نیشتیمانی وەك تاكە ڕێگاچارەی رزگاری گەلی كوردستان لە قەیران و نەهامەتییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان كرایەوە. دواتر بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ بەڕێز (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا. لە میانەی وتەیەكیشدا بەڕێز ئارام قادر سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) جەختی لەسەر پابەندبوون بە بەهاباڵاكان و دەستووری هاوپەیمانی كردەوە و زەروورەتی فراوانكردنی هاوپەیمانی و پلانەكانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هاوپەیمانیی كردەوە. كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نیشتیمانی جەختیكردەوە: ۱. قۆناغی نوێی كاری سیاسیی، هەنگاوی جیددی دەبێت بۆ فراوانكردنی بەرەی چاكەخوازی لە پێناو حوكمڕانییەكی باش و ژیانێكی باشتر بۆ هاوڵاتیان. ۲. هاوپەیمانیی ناونیشانی هاوڵاتیبوون و مرۆڤ سەنتەری دەكاتە سیمبوڵی ڕێزگرتن و كردنەوەی بواری ڕای جیاواز، ئەمەش نیشانەی ڕەنگاوڕەنگی پڕۆژەی هاوپەیمانییە. ۳. هاوپەیمانیی لەسەر ڕێڕەوەی دیدگای نیشتیمانی كاری جیدیی دەكات بۆ تێپەڕاندنی دابەشكارییە ئایدۆلۆجی و جوگرافی و زەمەنی و باكگراوندە جیاوازەكان. ٤. هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزێكی سەربەخۆی كاریگەر دەبێت و پەیوەندییەكانیشی لەسەربنەمای بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی بەڕژەوەندی تەسكی حزبی دادەڕێژێت و بڕوای بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی پڕۆژەی دیدگای نیشتیمانییە. ٥. هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت. ٦. هاوپەیمانیی كاردەكات بۆ ئەوەی هێزێكی دەستەبژێر ببێتە بەدیلی كارو پڕۆژەی ڕابردووی هێزە سیاسییەكان و ئامادەكاری دەكات بۆ قۆناغ و پێشهاتە نوێییەكان. لە كۆتاییشدا كۆبوونەوە هەرچی زووتر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە پێویست زانی و جەختی لەسەر ماف و ئیمتیازاتی خەڵكی كوردستان كردەوە كە پێویستە لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە هەوڵی دەستەبەركردنیان بدرێت. كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨ هەولێر ...................................... ڕونكردنەوەیەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە كۆبونەوەی بەشێك لە هاودیدان لە هەولێر: ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا. ئێمە وەكو زۆرینەی ڕەھای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی ڕایدەگەیەنین:- ١ - چارەنوس و ئایندەی ھاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیكارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەكانی یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پارتە سیاسیەكان لەعێراق كە ھاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاری دەكرێت و لەم ڕوەوە ھەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕاست و دروست، بە بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەكانی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەستیپێكردوە و ھەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەڕمی و دەستوری ھاوپەیمانی . ٢ - بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەكانی حزبایەتی، بڕیاڕی گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەركردایەتی و ستراكچەری ھاوپەیمانی، وەك ھەر پارتێكی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ئەنجامدرا، تەنھا پەرچەكردارێكی نایاسایی و ناحزبیە و ھیچ كاریگەریەكی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی نابێت، كە پێشوتر دەستی كردوە بەوەرگرتنی ڕێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستوریەكان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ھاوپەیمانی كەھەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێكارە داواكراوە حزبی و یاساییەكان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسیەكانی عێراق . ٣- ئەو ٣ سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، كەدیارە ڕێگای جیاوازیان ھەڵبژاردوە، ھیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە هاوكاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەك زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی هاوپەیمانی نەدایەو لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نوێ كە ئەوكات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبهێنن، كە لەهاوپەیمانی خوازیاری درێژە پێدەری كاری سیاسین لەگەڵ ئەوان، نەك بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن ، بۆیە داواكاریشین بەزوویی ئەو پێشێلكاریە ڕاست بكەنەوە، كە لەكۆبونەوەی ھەولێر تێیكەوتن و ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی بگرن و دوربكەونەوە لە بەكارھێنانی ناو و لۆگۆی ھاوپەیمانی، كەپێشوتر بەزۆرینە و كەمینە، یەكلایی كراوەتەوە. ٤- بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت. ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ٩ / ١١ / ٢٠١٨
( درەو میدیا): بڕیارە سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرورەی یەكلابكرێتەوە، كە ئێستا بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبووە ئەوانیش بریتین لە: بۆچونی یەكەم: ئەم گروپە كە دیارترین سەركردەكانی ئارام قادرو محەمەد رەئوف و سەرگوڵ قەرەداغین, سبەی كۆبوونەوەی گشتی دەكەن و بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێتو لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوەو ئامادەكاریی بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات، چاوەڕوان دەكرێت سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتییدا بەشێك لە بەرنامەی سیاسی و لۆگۆ و ناوی هاوپەیمانی بە كەمێك دەستكارییەوە بگۆڕن. بۆچونی دووەم: ئەم بۆچونە زۆرینەی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و زیاتر لە كۆنە یەكێتییەكان پێكهاتوون و داوادەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئێستاش لیژنەیان پێكهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی و كۆبوونەوەشیان كردووە، ئەم گروپە بەشداری كۆبونەوەی سبەی ناكەن. بۆچونی سێیەم: ئەم گروپە كە پێگەی جەماوەریان بەهێز نیە لەناو هاوپەیمانی لە رۆژی 7/11/2018 ەوە حزبێكیان دامەزراندووە بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە. ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتییدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە. گروپی یەكەم: ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتیو دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوەو بەردەوام بێت. گروپی دووەم: ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوونو پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیداو ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایكو پۆستەكانیان وەربگرنەوە. گروپی سێیەم: ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوونو بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە ئێستا حزبێكیان دامەزراندووە، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بتوانن بەم دۆخە سیاسیی و ئابورییەوە بەردەوام بن. ئەم گروپە ئەوانەی ناو هاوپەیمانی بوون كە داوایان دەكرد، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆو وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی.
( درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی ڕایدەگەیەنێت، داهاتی نەوت بەتەنیا بەشی گەشەپێدان ناكات و عێراق خاوەنی دەیان سەرچاوە بۆ هەستانەوەی ئابورییەكەی. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لەئەكادیمی و میدیاكاران ڕایگەیاند: قەیرانی عێراق ئیدارییە نەك دارایی و پێویستە بایەخ بەدەستپێشخەریی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای بدرێت، بۆ ئەوەش پشت بەكەرتی تایبەت دەبەستێت. عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشداوە: داهاتی نەوت بەتەنیا بەشی گەشەپێدان ناكات و عێراق دەیان سەرچاوەی هەستانەوە و پێشخستنی دۆخی ئابوری هەیە.
راپۆرتی: ئارام مەحمود لە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، متمانەدان بە كاندیدانی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی كابینەی نوێی حكومەتی تیادا نیە، كە ژمارەیان (8) وەزارەتە، لەكاتێكدایە بڕیاربوو لەدانیشتنی ڕۆژی (6)ی ئەم مانگە لەپەرلەلەمان یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ململانێی توندی لایەنەكان لەسەر وەزارەتەكان ، تائێستا ئەو پرسە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. ڕەنگە عەبدلمەهدی ئەمڕۆ ناوەكان بهێنێتەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەرلەمانی عێراق بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی متمانەدان بەكاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەت لەخشەی كاری ئەمڕۆدا نیە، بەڵام دەنگۆیەكی بەهێز لە ناو پەرلەمان هەیە كە (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بێتە پەرلەمان و ناوی كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان پێشكەش بكات بەمەبەستی متمانە وەرگرتن و تەواو كردنی كابینەی حكومەتەكەی. ڕێككەوتن نەكراوە و متمانەیان پێنادرێت (محەمەد خالیدی) سەرۆكی كوتلەی (بەیارق ئەلخەیر) لەپەرلەمانی عێراق بەڕژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە"ناكۆكییەكان هێشتا گەورەن سەبارەت بە پێدانی وەزارەت بە كام لایەن لەلایەك و لەلایەكی دیكەش لەسەر كاندیدەكان" ڕونیشكردۆتەوە" هەندێك لەو تێبینیانەی هەیە سیاسین، لەكاتێكدا بەشێكی تریان پەیوەستن بەسیڤی وەزیرەكان یان ڕابردوی سیاسیان". لای خۆیەوە پەرلەمانتار (ئەحمەد جبوری) ئەندامی كوتلەی (تەمەدون) بەدوری دەزانێت لەدانیشتنی ئەمڕۆدا متمانە بەكاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان بدرێت، (جبوری) بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە"ناكۆكییەكی زۆر هەیە سەبارەت بەو وەزارەتانەی پڕ نەكراونەتەوە، بەڵام ناكۆكی گەورە لەسەر وەزارەتی بەرگرییە" ئاشكراشیكردووە" زیاتر لەلایەنێك داوای ئەو وەزارەتانە دەكات، سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆكانیش بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ئەنجامی كۆتایی". عەبدولمەهدی گەشبینە ئەوە لەكاتێكدایە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند" كارەكان بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی پرۆگرامی حكومەت بەپێی ئەو كاتەی دیاریكراوە، هەماهەنگیش لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوامە بۆ یەكلایكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان". ئاماژەی بەوەشدا"لە ئێستادا هیچ بۆشاییەكی كارگێڕی لەوەزارەتەكاندا نیە و لە ڕۆژانی داهاتوشدا كۆتایی بە ناونانی وەزارەتە پڕ نەكراوەكان دەهێنن".
( درەو میدیا): سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان ( پیرە سەرۆك) رایدەگەیەنێت" ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." ڕێڤینگ ھروری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: "دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرێوە بچێت دووبارە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تاكوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی پێك دێن." ھرووری، ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، كاندیدەكان بۆ ھەریەك لەم پۆستانە دیاری دەكرێن و ئەندامان دەنگی خۆیان دەدەن و ھەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 6/11/2018 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا كاندیدە دەرچوەكان سوێندی یاساییان خواردوو دانیشتنەكەش بە كراوەیی هەڵگیرا، تا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دیاری دەكرێن، بەو پێیەی تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكێنانی حكومەت و پەرلەمان دەستی پێنەكردووە و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەوە بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەم زوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
( درەو میدیا) : مەسعود بارزانی رازی نابێت وەزیری دادی عێراق بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" كە دوێنێ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تەلەفۆن بۆ عادل عەبدولمەهدی و سەركردەكانی شیعە دەكات و پێیان رادەگەیەنێت كە نابێت پۆستی وەزیری داد بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" بارزانی داواشیكردووە" ئەگەر ئەو پۆستە نەدرێتە پارتی ئەوا بدرێتە كاندیدی لایەنە ئیسلامیەكان یان بزووتنەوەی گۆڕان" هەربۆیە بەهۆی كێشەی ئەو وەزارەتی داد لە نێوان یەكێتی و پارتی و هەندێك پۆستی دیكە لە نێوان لایەنە شیعەكان، متمانەدان بە 8 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دواخراوە.بەڵام لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن كە پۆستی وەزارەتی دادیان مسۆگەركردووە ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیەی مەسعود بارزانی بەبەرپرسانی بەغداوە بۆ جاری دووەمە كە دژی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستە وزاریەكانی عێراق ئەنجامی دەدات، پێشتریش بەها ئەعرەجی رایگەیاندبوو كە مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی ئاگادار كردبووەوە لەوەی ئەگەر وەزارەت بدرێتە یەكێتی ئەوا بەشداری ناكەن و دەكشێنەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەپێی پێشبینییەكان، لە باشترین حاڵدا حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە سێ لایەن پێكدێت، ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان زۆر لاوازە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا چوار سیناریۆ بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی پۆستە باڵاكان لەنێوان لایەنەكان دەخاتەڕوو. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی كرد، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دۆخێكی نادیارەوە نازانرێت كەی شەمەندەفەری حكومەت دەگات. لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردن نەیانتوانی لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا پۆستەكان یەكلابكەنەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ هەبووە بۆ دابەشكردنی كێكی حكومەت، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نایەوێت كابینەی (9)ی حكومەت كابینەیەكی بنكە فراوان بێت، بەو واتایەی زۆرینەی حزبەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە لە باشترین حاڵدا پێشبینی دەكرێت كابینەی نوێ لە (2 بۆ 3) لایەن پێكبێت، واتە حكومەتی (دوو قۆڵی) یاخود حكومەتێكی (سێ قۆڵی) كە لە فەرهەنگی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا". لەبەر رۆشنایی ئەم زانیاریانەدا دەتوانرێت پێشبینی چەند سیناریۆیەك بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم. سیناریۆی یەكەم : حكومەتی ترۆیكا ئەمە بەهێزترین سیناریۆیە بۆ شێوازی حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، واتا كابینەی حكومەتو پەرلەمان لەلایەن ئەم سێ لایەنەوە پێكبهێنرێت. پێشبینی زاڵ بۆ حكومەتی "ترۆیكا" ئەوەیە (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە گالیسكەی حكومەتو پەرلەمانی داهاتوو رابكێشن، كە سێ لایەنی یەكەمو دووەمو سێیەمی براوەی هەڵبژاردنن. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێتو حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمان لەم سێ هێزە پێكبێت، پێشبینی دەكرێت پۆستە(باڵاكان) بەم شیوەیە دابەش ببێت: • سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان • سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ گۆڕان • وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی • وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان • وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی وەزارەتو دەستەكانی تریش بەوشێوەیە دابەشدەكرێن. لەم سیناریۆیەدا ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لە پشكی لایەنەكاندا، بەتایبەت پشكی بزوتنەوەی گۆڕان. سیناریۆی دووەم: حكومەتی دوو قۆڵی ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك پێشبینكراوە، بەتایبەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاری دەنگدەرەكانی خۆی یاخود بەشداری پێنەكردنی لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە، لە بەشداریكردن لە دەسەڵات بكشێتەوە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، دەتوانرێت پێشبینی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بكرێت بەمشێوەیە: • سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی • جێگری سەرۆكی حكومەت: بۆ یەكێتی • سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كەمینەكان • وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی • وەزارەتی داراییو پێشمەرگە: بۆ یەكێتی وەزارەتو پۆستەكانی دیكەش بەوشێوە دابەشدەكرێتو پێشبینی ناكرێت دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بێت، بەڵام پێشبینش ناكرێت جیاوازی زۆر هەبێت لە پشكی پارتیو یەكێتیدا لە كێكی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پارتی چەندجارێك رایگەیاندووە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكناهێنێت. سیناریۆی سێیەم: حكومەتی چوار قۆڵی ئەمەبەست لەم سیناریۆیە ئەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەم چوارلایەنە پێكبێت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی). پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندینجار ئەوەی راگەیاندووە كە ئەزمونی حكومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێیانوایە لەكابینەی هەشتەمدا گۆڕانو كۆمەڵ وەكو دوو هاوبەش لە نیوەی رێگادا پارتییان لە حكومەت بەجێهێشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی خواستی هەیە بەشداری بكات لەدەسەڵاتو بۆ ئەمەش لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، پێشبینی دەكرێت پۆستەكان بەم شێوەیە دابەشبكرێت: • سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی • جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان • سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی • وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی • وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان • وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی • وەزارەتێكو دەستەیەك: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كێكی دەسەڵات كێكی دەسەڵات بۆ خولی نوێی حكومەتو پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە (35) پۆست، كە ئەمانە: • پۆستی سەرۆك وەزیران • پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری كارگێری • پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی (ئەگەر هەیە ئەم پۆستە زیاددبكرێت) • وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو • وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان • وەزارەتی پەروەردە • وەزارەتی كارەبا • وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئایینی • وەزارەتی داراییو ئابووری • وەزارەتی تەندروستی • وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن • وەزارەتی داد • وەزارەتی ناوخۆ • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان • وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە • سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم • فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە • فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت • سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران • دەستەی وەبەرهێنان • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون • دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم • ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان • دەزگای گشتی كاروباری مین
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود حكومەتی (ئەنكەرە) لێدوانی جیاواز لەبارەی تەرخانكردنی "پاداشتی دارایی" بۆ ئاشكراكردنی شوێنی (3) سەركردەی (پارتی كرێكارانی كوردستان) لەلایەن (واشنتۆن)ەوە دەدات، جارێك بەچاوی گومانەوە تەماشای دەكات، جارێكیش دەڵێت "ئەرێنیە"و، داوای هەنگاوی كرداری دەكات لە سوریا وعێراق دژ بە (پارتی كرێكاراكانی كوردستان)و (باڵەكانی) سەر بەو پارتە كە مەبەستی (پارتی یەكێتی دیموكراتی_پەیەدە)یە لەخۆئاوای كوردستان. سەرۆكایەتی كۆمار و وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستیان جیاوازە (ئیبراهیم كاڵن) وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دوێنێ سێ شەممە لەبایەخی ئەو هەنگاوەی ئەمریكای كەمكردەوەو وتی: توركیا بە "وریاییەوە" دەڕوانێتە ئەو پێشهاتە، هەنگاوەكەی ئەمریكاشی بە " بەدرەنگ وەخت" وەسفكرد، بەڵام وەك خۆی وتی" بەتاڵ نیە لە سود". لەكاتێكدا، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی (توركیا) لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، (ئەنكەرە) بەچاوی ئەرێنیەوە تەماشای ڕاگەیاندنەكەی (واشنتۆن) دەكات بۆ پێشكەشكردنی پاداشتی دارایی، لەبەرامبەر زانیاری لەسەر (3) ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان. ئاماژە بەوەشكردووە: (ئەنكەرە) پێشبینی دەكات (واشنتۆن) پشتیوانی بڕیارێك بكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشێنی كرداری لە(سوریا و عێراق)، كە پەیوەیستە بە شەڕ دژی پارتی كرێكاران و باڵەكانی سەر بەو پارتە. ڕێككەوتنێكی تازەیە لەدوو ڕۆژی ڕابردودا، (ماسیۆ بالمەر) جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری (خۆرئاوا و ئۆراسیا)، سەردانی (توركیا)ی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوڵاتە كۆبۆوە. دوای سەردانی ئەو بەرپرسەی (ئەمریكا بۆ توركیا)، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە (توركیا) لەسەر پێگەی ڕەسمی خۆی لەتۆڕی ئینتەرێت بڵاویكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی (ئەمریكا) بڕیاریداوە پاداشتی دارایی ئەو كەسە بكات كە زانیارییەكانی دەبێتە هۆی دیاریكردنی شوێنی (3) سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەوانیش (موراد قەرەیڵان) و (جەمیل بایك)و (دوران كاڵكان)ن. بۆ هێوكردنەوەی ئەنكەرەیە بەوتەی چاوێران، ئەم هەڵوێستە تازەیەی (ئەمریكا) لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی (واشنتۆن) دایە بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ (ئەنكەرە)، بەتایبەت دوای نیگەرانیەكانی (توركیا) لە گەڕانی مەفرەزە هاوبەشەكانی سوپای ئەو وڵاتە و (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لەسەر سنوری خۆرئاوای كوردستان، ئەوەش دوای بۆردومانكردنی ڕێڕەوە سنورییەكانی شاری (كۆبانی و گرێ سپی) و ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دژ بە ڕێكخراوی (داعش). ئەمریكا و توركیا تێڕوانیی جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی (توركیا) بەردەوام لەهەوڵدایە (ئەمریكا) (یەكینەكانی پاراستنی گەل-یەپەگە) كە بڕبڕەی پشتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)ن وەك بەشێك لە(پارتی كرێكارانی كوردستان)بناسێنێت، بەڵام حكومەتی (واشنتۆن) لەگەڵ ئەوەی (پەكەكە)ی خستۆتە لیستی ڕێكخراوە "تیرۆرستیەكانەوە" لەهەوڵی پێچەوانەی بەردەوامدایە بۆ جیاكردنەوەی (پەكەكە و پەیەدە) و پێدانی شەرعییەت بە پەیوەندیی و هاوكارییەكانی بۆ شەڕڤانانی كورد لەخۆرئاوای كوردستان. دوێنێ سێشەممە، باڵیۆزخانەی (ئەمریكا) لە (توركیا) ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڕیاری داوە پاداشتی دارایی بەبڕی (12) ملیۆن دۆلار ئەو كەسانە بكات كە زانیارییەكانیان دەبێتە هۆی دیاریكردنی شوێنی (3) سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەوانیش: 1-(موردا قەرەیڵان) لە بەرامبەریدا (5) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە. 2-(جەمیل بایك) لە بەرامبەریدا (4) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە. 3-(دوران كاڵكان) لەبەرامبەریدا (3) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە. پێشتر تاقیكراوەتەوە تا ئێستا (پارتی كرێكارانی كوردستان) بەرامبەر بەم هەنگاوەی ئەمریكا هیچ كاردانەوەو ڕاگەیاندراوێكی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام وەك بەشێك لەچاودێران دەڵێن، لەگەڵ ئەوەی پێشهاتێكی تازەیە لە هەماهەنگی نێوان ئەمریكا و دژایەتیكردنی (پەكەكە)، لەهەمانكاتدا شتێكی تازەنیە بەنیسبەت (پەكەكە) بەوپێیەی ساڵانێكی زۆرە حكومەتی (ئەنكەرە) لیستی (سور)ی كردۆتەوە و پاداشتی ملیۆنان دۆلاری بۆ لەناوبردنی سەركردەكانی (پەكەكە) وەك خەڵات دیاریكردووەو لەوەش زیاتر كردەوەی هەواڵگریشی لەدەرەوەی خاكی خۆی لەدژیان ئەنجامداوە و سەركەوتوونەبووە.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود ئەنجامە سەرەتاییە ناڕەسمییەكانی "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" لەئەمریكا، كە لە میدیاكانی ئەووڵاتە بڵاوبۆتەوە، دەریدەخەن، دیموكراتەكان تائێستا (221) كورسی (ئەنجومەنی نوێنەران)یان بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا كۆمارییەكان (199) كورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام لە (ئەنجومەنی پیران) ئەنجامەكە لەبەرژوەندی كۆمارییەكان (51) كورسی بەرامبەر (45) كورسی بۆ دیموكراتەكان. تۆڕی هەواڵی (ئێن، بی ، سی) ئەمریكی پێشبینی دەكات، دوای جیاكردنەوەی تەواوی دەنگەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كورسی دیموكراتەكان لەئەنجومەنی (نوێنەران) بگاتە (229) كورسی، لەبەرامبەر (206) كورسی بۆ كۆمارییەكان، لەكاتێكدا (219) كورسی بەسە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران. پێشتریش تۆڕی هەواڵی (فۆكس نیوز) بڵاویكردەوە، دیموكراتەكان بەرەو بردنەوەو بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێن لە (هەڵبژاردنی نیوەیی) كۆنگرێسی ئەمریكا. گەڕانەوەی هەژمونی دیموكراتەكان بەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و بردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانیی لەكاتێكدایە ماوەی (8) ساڵ بوو ئەو پارتە زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستدادبوو، سەركەوتنی ئەمجارەش بە لێدانی "زللەیەكی بەهێز" لەسەرۆكی ئەمریكا و سیاسەتەكانی دادەنرێت كە پێشبینی دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا ڕوبەڕوی ئاستنەگی گەورەبێتەوە لەئەنجومەنی نوێنەران. پێش "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" هاوكێشەی هێزەكان لەهەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا بەمشێوەیە بووە. • لەكۆی (435) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان كە پارتەكەی سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ)ە، (236) كورسیان هەبوو، لەبەرامبەر دیموكراتەكان (193) كورسیان هەبوو. • لەئەنجومەنی پیران كە ژمارەی كورسیەكانی (100) كورسییە، كۆمارییەكان (51) كورسیان هەبوو، لەبەرامبەردا دیموكراتەكان (47) كورسیان هەبوو. (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ لەتویتێكدا هەڵبژاردنەكەی بەسەركەوتنێكی گەورە وەسفكرد. هاوكات (نانسی بیلوسی) سەركردەی دیموكراتەكان لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند" دیموكراتەكان ئەم سەركەوتنە و بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەخەنە خزمەتی جێبەجێكردنی خشتەیەكی كار كە جێی ڕەزامەندی هەردوو پارتەكە بێت، لەوڵاتێك كە زۆری بەدەست دابەشبونەوە چەشتووە".
( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامە بەراییەكان لە كۆی 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران تا ئێستا دیموكراتەكان 218 كورسی بەدەستهێناوەو پێشبینی دەكرێت دیموكراتەكان 229 كورسی و كۆمارییەكان 206 كورسی بەدەستبهێنن لە ئەنجومەنی پیران لە كۆی 100 كورسیەكە كۆمارییەكان 50 كورسی و دیموكراتەكان 39 كورسی بەدەستهێناوەو هێشتا 11 كورسی ماوە بۆیە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەركەوتنیان بەدەستهێناوەو كۆمارییەكانیش لە ئەنجومەنی پیران.