Draw Media

رۆژئاوا.. هەموو ئەوەی پێویستە بیزانین

رۆژئاوا.. هەموو ئەوەی پێویستە بیزانین

2019-10-18 17:52:05


راپۆرت: بی بی سی فارسی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
ئێستا كە ئەمریكا‌و توركیا لە دانوستاندا بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان، هەموان باسی كۆتایهاتنی چیرۆكی ئەزمونێكی تری كوردی دەكەن كە دواجار دەبێت بە قوربانی رێككەوتنی دەوڵەتە گەورەكانی جیهان.
سایتی (بی بی سی فارسی) لەبارەی ئەزمونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا راپۆرتێكی كردووە، (درەو میدیا) لەبەر بایەخی ناوەڕۆكی بابەتەكە، راپۆرتەكەی بۆ خوێنەرانی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی.


دەقی راپۆرتەكە:
پەیكەری خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرئاوای كوردستان چۆنە ؟
دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2011 لە سوریا، لە باكورو باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە سێ ناوچەی "فیدراڵ" بوونی خۆیان راگەیاند بەناوەكانی (جزیرە- فورات- عفرین).
ئەم سێ ناوچە فیدراڵە دواتر لەشێوەی بەڕێوەبەرایەتیدا بەناوی "كانتۆن"ەوە ناسران‌و بوون بە (6) كانتۆن (حەسەكە، قامیشلۆ، گرێ سپی، عفرین، كۆبانی، شەهبا).
زۆرێك لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە كورد نین، تەنانەت كوردەكان لەم ناوچانەدا زۆرینە نین، بەڵام سیستمی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئەم ناوچانە بەوشێوەیەیە كە سەرەتا لەناوچەكانی رۆژئاوا (رۆژئاوای كوردستان) دروستكرا.
رۆژئاوا واتا خۆرئاوای كوردستان یاخود ئەوەی كوردەكانی بە كوردستان خۆرئاوا ناوی دەبەن. 
وا گومان دەكرێت لەم ناوچەیە نزیكەی (2 تا 3 ملیۆن) كورد هەبن.

شێوازی ئیدارەدانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كورد چۆنە ؟
ساڵی 2012 دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی ناوەند (حكومەتی دیمەشق) لە پارێزگا كوردنشینەكانی باكوری سوریا، ئەم ناوچانە كەوتنەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی كوردەوە.
ناوچە ئازادكراوەكان ناویان لێنرا "كانتۆن"، كانتۆن بەشێكە لە وڵاتێكی بچوك كە لەوێ وەكو بەشێك لە كۆنفیدراڵییە دیموكراتییەكان لە باكورو خۆرئاوای سوریا ئەژماردەكرێت.
یەكێك لە كانتۆنە ناسراوەكانی كۆنفیدراڵی دیموكراتی باكوری سوریا، كانتۆنی كۆبانێ-یە كە بەرەنگاری خەڵكی ئەوێ لەبەرامبەر داعش ناوبانگێكی جیهانیی پەیداكرد. لەو سەردەمەدا سیستمی سیاسی كوردستانی سوریا بەناوی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیك "رۆژئاوا" دەناسێندرا.
بنەمای پەیوەندی كۆمەڵایەتی‌و یاسایی لە "رۆژئاوا" پابەندە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییەوە‌و لە بچوكترین ناوچەوە، شێوازی كارگێڕی بەشێوەی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیكە. 
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی فیدراڵی باكوری سوریا‌و خۆرهەڵاتی سوریا ناودەبرێت، لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە بەهۆیەوە هەرسێ كانتۆنی (جزیرە- كۆبانی- عفرین) دروستبووە. 
ناوەڕاستی مانگی مارسی 2016دا، دەستەكانی هەماهەنگی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیك لە هەموو كانتۆنەكانی رۆژئاوا (كوردستانی سوریا) بە نوێنەرایەتی كورد، عەرەب، ئاشوری، توركمانەكان لە شاری رمێلان لە باكوری سوریا كۆبونەوە، ئەنجامی ئەم كۆبونەوەیە دروستكردنی ئەنجومەنی دامەزرێنەران بوو لە (31) كەس، لەگەڵ دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردن.
بۆ ئەم ئەنجومەنی دامەزرێنەرانە هاوسەرۆكایەتییەك لە دوو كەس (پیاوێك‌و ژنێك) پێكهێنرا. لەوكاتەوە بەردەوام سەرۆكایەتی یەكە سیاسییەكان لە دوو نەفەر پێكدەهات، پیاوێك‌و ژنێك.
لەسەر بنەمای رێككەوتی كۆمەڵایەتی "رۆژئاوا"، فیدراڵی دیموكراتی باكوری سوریا خۆی وابەستەكردووە بە سێ پێوەرەوە (ژینگە- دیموكراتیك- ئازادی ژنان).
زۆر كەس دەڵێن رێگریكردنی لە فرەژنی‌و هاوسەرگیری زۆرەملێی كچان لەو كۆمەڵگە ئیسلامییە نەریتییەدا، یەكێك لەو پێشكەوتنانە بوو كە لەگەڵ ئەم كۆنفیدراڵییە دیموكراتییەدا هات.
ئەم فیدراڵیەتە رەوایەتی خۆی لە دەنگی ئەو گروپ‌و كۆمەڵگە میللیانەوە وەرگرتووە لەم جوگرافیایەدا، كە پێویستە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد‌و دیموكراتییەوە گرەنتی بكرێت.
خوێندن‌و قسەكردن بە زمانەكانی ناوچەكە لەسەر هەموو ئاستەكانی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و بوارەكانی تر لەو بابەتانەن كە لە رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەكەی رۆژئاوادا هاتووە.
هەر كانتۆنێكی "رۆژئاوا" لە ئەنجومەنی خۆجێی شارو ناحییەكان دروستكراوە، كە ئەوانەش هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەیە.
لەسەر بنەمای ئەوەی لە "رۆژئاوا" راگەیەندراوە، هەڵبژاردنی جۆراوجۆر بۆ ئەندامانی شارەوانییەكان‌و ئەنجومەنە خۆجێیەكان‌و كۆنگرەی ئەنجومەنی دیموكراتی گەل، دەكرێت.
سنوری جوگرافیای كانتۆنەكانی "رۆژئاوا" باكورو باكوری رۆژهەڵاتی  سوریایە، كە لە عەفرینەوە دەستپێدەكات تاوەكو نزیكی دەروازەی ئەبوكەمال.
بە بڕوای ئەوانەی بەرگری لە خۆبەڕێوەبەرێتی‌و كۆنفیدراڵی دیموكراتی دەكەن، بۆ ئەو ناوچانەی كە لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوە یەكێتیان نییە‌و پەرتەوازەن، ئەم شێوازە پراكتیكی ترە لە شێوازی سیستمی مەركەزیەت، چونكە لەتوانایدایە رەگەزە ناكۆكەكان یەكبخات‌و لە بونیادی سیاسیدا بەشدارییان پێبكات.
راگەیاندنی فیدراڵیەت لەلایەن كوردەكانەوە روبەڕووی كاردانەوەی نەرێنی دەوڵەتی سوریا بووەوە.

لەناوچە كوردنشینەكانی سوریا چەند هێزی سەربازی هەیە ؟
پارتی یەكێتی دیموكراتی كە هاوپەیمانەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، ناوچەی نفوزی‌و چالاكی ئەم پارتە بەزۆری لە ناوچە كوردنشینەكانی سوریایە.
پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندان‌و شەڕ لە سوریا، خۆی لە ناكۆكی لەگەڵ ئەسەدو نەیارەكانی بەدورگرت.
دوای ئەوەی سەربازانی ئەسەد لەناوچە كوردنشینەكان چونەدەرەوە، ئەم لایەنە بەشێوەیەكی كردەیی كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی گرتەدەست.
بەم حاڵەوە، لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا كوردەكانی سوریا خۆیان لەدوو رێكخراوی سەرەكیدا رێكخست كە ئەوانیش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)‌و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوو.
لە ئۆگۆستی 2014دا هێزەكانی (یەپەگە) لە شەڕێكی خوێناویدا توانییان لەناو جەرگەی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعشدا، لە سوریاوە بۆ چیای گەمارۆدراوی شەنگال، رێڕەوێك بكەنەوە.
ئەم دوو گروپە نیمچە سەربازییانە دواتر بوون بە كۆڵەكەی پشتی گروپێكی گەورەتر كە بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (SDF) ناسێندرا.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانێتی چەكدارانی كورد، توركمان، ئاشوری، عەرەبە.
دەوترێت ئەم هێزە لەسەردەمی جەنگی دژ داعشدا زیاتر لە (11) هەزار كەسی لێ كوژراوە.

ئایا ئەوان سەربە پەكەكە-ن‌و داوای جیابونەوە دەكەن ؟
كوردەكانی سوریا چەندینجار رایانگەیاندووە كە نیازی جیابونەوەیان لە سوریا نیە‌و نایانەوێت دەوڵەتێكی كوردی دروستبكەن.
فیدراڵیەتی باكوری سوریا لە بەیاننامەی راگەیاندنی خۆیدا وتی:" نیازی جیابونەوەی لە سوریا نییە". ئەوان هاوكات خۆیان بە رەخنەگر لە رەوتە ناسیۆنالیست‌و ناسیۆنالیستی كوردی دەزانن.
ئەنجومەنەكانی خۆسەری باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بەهەمانشێوە چەندینجار جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی ئەوان تەنیا خوازیاری دیموكراتبوونی سوریان.
ئەوان ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردنی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتی پێناسە دەكەن كە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری (پەكەكە) لە بەشی كتێبی دووەمی "مانیفێستی شارستانی دیموكراتی" پێشنیازی كردووە.
گۆڤاری سپیگل ساڵی 2004 ناونیشانی چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵ ئۆجەلان لە قسەكانی ئەوەوە دەرهێناو نوسینی:" خواحافیز دەوڵەتی كوردی". 
ئۆجەلان دەڵێ سیستمی سیاسی پێشنیازكراوی ئەو، واتە كۆنفیدراڵی دیموكراتی، ریشەی لە مێژووی میللەتی كورددا هەیە كە هەرگیز دەوڵەتی نەبووە.
خاڵی سەرەنجڕاكێش لەبارەی جێبەجێكردنی پێشنیازی سیستمی سیاسی ئۆجەلان لە سوریا ئەوە بوو، كە ئەو خۆی كاتێك بە ناچاری لە توركیا هەڵاتبوو، چوو بووە بۆ عەفرین لە سوریا (راپۆرتەكە نوسیویەتی ئۆجەلان كە چووە سوریا چوەتە عەفرین، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە ئۆجەلان سەرەتا چووەتە كۆبانێ كە سەربە پارێزگای رەقەیە- وەرگێڕ).
ئۆجەلان باوەڕیوایە ئەم شێوازە لە ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەریی) لەتوانایدایە نمونەیەك بێت بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم نزیكییە لە تێڕوانییەكانی ئۆجەلان‌و هاوكات جموجوڵەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی لەناوچە كوردنشینەكانی سوریا لە ساڵەكانی سەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە لە سوریا، بەشێك لەو بەڵگانەن كە توركیا هێزە كوردییەكانی سوریا‌و هاوپەیمانەكانی پێ تۆمەتبار دەكات بەوەی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن.
بەڵام خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.

دۆخی كوردەكانی سوریا چۆن بوو ؟
شەستەكانی سەدەی رابردوودا سوریا سیاسەتێكی پەیڕەو كرد كە بووە هۆی ئاوارەبوونی ناچاری كوردەكان‌و هاوكات بە گۆڕینی دیموكرافیای دانیشتوان كۆتایی هات، ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی سوریا بە "پشتێنەی عەرەبی" ناسراوە.
بەپێی ئەم پلانە، دەوڵەتی سوریا ژمارەیەك خەڵكی لە نەتەوەی عەرەب، كلدانی، ئاشوری هێناو لە ناوچە كوردنشینەكانی جێگیری كرد.
دەوڵەتی سوریا هاوكات دەیان گوندی داگیركرد‌و ناسنامەی لە دەیان هەزار كورد سەندەوە، ژمارەی ئەوانەی كە ناسنامەیان لێسەندرایەوە بە (100 هەزار) كەس ئەژماردەكرێت.
دەوڵەتی سوریا ئەوكات لەبەرامبەر سەندنەوەی ناسنامە لە (100 هەزار) كورد، كارتی "نیشتەجێبوون" یان بۆ دەردەكات (واتە وەكو خەڵكانی بیانی ئەژماریان دەكات- وەرگێڕ).
ئەم كارتە بەواتای ئەوە بوو، كوردەكانی سوریا مافی كڕین‌و فرۆشتنی موڵك‌و مۆڵەتی نۆژەنكردنەوەی خانو و مافی تەندروستی‌و دڵنیاییان نییە.
منداڵەكانی ئەوان رێگەیان پێنەدەدرا لە خوێنگە گشتییەكان بخوێنن‌و  لەبری رەگەزنامە كارتێكی تریان بۆ دەركرا كە پێی دەوترا كارتی مەكتوم.
بەواتایەكی تر، زۆرێك لە كوردەكانی سوریا مافی هاوڵاتیبوون‌و مافە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكانیشیان لێسەندرا.
كوردەكانی سوریا لەژێر ئەم فشارەدا، بەبەراورد بە كوردەكانی ئێران‌و عێراق‌و توركیا، لە دەیەكانی رابردوودا كەمتر مێژووی ناڕەزایەتی‌و دروستكردنی گروپی رەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنیان هەیە.
ساڵی 2004 بەهۆی یارییەكی تۆپی پێوە لەنێوان یانەی قامیشلۆ و دیمەشق، لەناوچە كوردنشینەكان ناڕەزایەتی سەریهەڵدا، ئەمە یەكێك لەو جارانە بوو كە كوردەكانی سوریا ناڕەزایەتییان دەربڕی.
سەرەنجام بە دەستپێكردنی ناڕەزایەتی لە سوریا، بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریدا چاكسازی بكات، یەكێك لەو چاكسازییانە پێدانی مافی هاوڵاتیبوون بوو بەو كوردانەی كە كارتی نیشتەجێبوون یان كارتی مەكتومیان هەبوو.

رەخنەی چی لە خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەگیرێت ؟
لەم ساڵانەدا رەخنەش هەبوون كە لە خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گیراون.
لەنمونەی ئەوانە، رەخنەدەگیرا كە بۆچی هێزە كوردییەكان چوونەتە ناو شارە عەرەبنشینەكانی وەكو رەققە، یاخود بۆچی دوای ئۆپراسیۆنی ئازادیی لەو ناوچانە ماونەتەوە.
بەم حاڵەوە، هێزەكانی نزیك لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی چەندینجار رایانگەیاندووە دوای پرۆسەی ئازادی، هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.
هاوكات نزیكایەتی لە ئەمریكا‌و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەو رەخنانەی تربوو كە لەو هێزانە دەگیرا.
ئەمە لەكاتێكدایە هێزەكانی سوریای دیموكراتی خۆی بە یەكێك لە سەرەكیترین هێزەكانی شەڕ دژ بە داعش دەزانێت كە لەو شەڕەدا لانی كەم (11 هەزار) كوژراوی هەبووە.
هاوكات، هەندێك لە نەیارانی بەشار ئەسەد رەخنەی ئەوەیان لێدەگرن پشتیوانی لەناوچوونی ئەسەدیان نەكردووە.
كوردەكانی سوریا دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سیاسەتی "نە لەگەڵ ئەسەد، نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، بەرەو دروستكردنی كۆنفیدراڵی دیموكراتی" یان گرتەبەر.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand