Draw Media

روسیا و توركیا رۆژئاوای كوردستان بۆ چەندین زۆنی سەبارزی دابەشدەكەن

روسیا و توركیا رۆژئاوای كوردستان بۆ چەندین زۆنی سەبارزی دابەشدەكەن

2019-10-23 06:36:49


درەو میدیا:
بەپێی نەخشەی  رێككەوتنەكەی نێوان روسیا و توركیا، رۆژئاوای كوردستان بەسەر چەندین زۆنی سەربازی دابەشدەكرێت و مەزڵوم كۆبانیش رێككەوتنەكەی روسیا و توركیا بە سەركەوتنی سیاسەتی كوردی ناودەبات
بەپێی رێككەوتنە 10 خاڵیەكەی نێوان توركیا – روسیا "لە كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی 23ی ئۆكتۆبەری 2019ەوە پۆلیسی سەربازی رووسیا و پاسەوانی سنووری سووریا لە دیوی سووریا لە ناوچەی سنووری نێوان توركیا و سووریا و لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی" دەبێت بۆ كارئاسانی گواستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و چەكەكانیان بۆ قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە دووری سنووری توركیا، پێویستە ئەو پرۆسەیە لە ماوەی 150 كاتژمێردا كۆتایی بێت. لەو چركە ساتەوە، دەورییەی هاوبەشی رووسیا و توركیا لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی" بە قوڵی 10 كیلۆمەتر جگە لە شاری قامیشلۆ لە ئەركدا دەبن".
بە پێی نەخشەی رێككەوتنەكەی روسیا – توركیا كە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە،  رۆژئاوای كوردستان بۆ پێنج زۆنی سەربازی دابەشكراوە:
•    ناوچەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی.
•    ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی سوپای توركیا - ڕوسیا.
•    ناوچەی ئارام و داماڵراو لە هەسەدە.
•    ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی یەپەگە
•    قەڵغانی فوڕات و ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون.
•    ناوچەی ڕژێمی (ئەسەد) سوریا.
 دوای رێككەوتنەكە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند" بەبەراورد بە شەری دڕندانە رێككەوتنەكەی نێوان روسیا – توركیا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سیاسەتی كوردی، هێزە كوردییەكان لەتەواوی ناوچەكانیان دەمێننەوە كە ئێستای بونیان هەیە تیایدا"
دەقی رێككەوتنە 10 خاڵییەكەی نێوان رووسیا – توركیا

یەكەم: هەردوولا بەڵێندەدەن پارێزگاری لە یەكێتی سیاسی و یەكپارچەیی خاكی سووریا و ئاسایشی نیشتمانی توركیا بكەن.
دووە: هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەكانی تیرۆر و تەواوی هەوڵە جوداخوازییەكان لە خاكی سووریا كردەوە.
سێیەم: بە قووڵایی 32 كیلۆمەتری ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی كە گرێ سپی و سەرێ كانی لەخۆدەگرێ، پارێزگاری لێدەكرێت.
چوارەم:  هەردوولا گرنگی رێككەوتننامەی ئەدەنە پشتڕاستدەكەنەوە. رووسیا لە هەلومەرجی پێویستدا ئاسانكاری بۆ رێككەوتننامەی ئەدەنە دەكات.
پێنجەم:  لە 23ی تشرینی یەكەمی 2019 دوای كاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا - توركیا كە دەكەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی كانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە، بۆ كارئاسانكردنی كشاندنەوەی یەپەگە و چەكەكانی بە مەودای 30 كیلۆمەتر لە سنووری توركیا - سووریاوە. ئەم كارە لە ماوەی 150 كاژێردا تەواوبكرێت. لەوكاتەدا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سنووری هەنووكەیی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتییەوە بە فراوانیی 10 كیلۆمەتر 'جگە لە قامشلۆ' گەڕانی هاوبەشی توركیا - رووسیا دەستیپێدەكرێت.
شەشەم:  تەواوی ئەندامانی یەپەگە بە چەكەكانیانەوە لە منبج و تەلڕەفعەت دەكرێنە دەرەوە.
حەوتەم:  هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی یەكە تیرۆریستییەكان.
هەشتەم:   هەوڵی هاوبەش دەستپێدەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.
نۆیەم: میكانیزمێكی هاوبەشی چاودێریكردن و پشتڕاستكرنەوە دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریكردن و جێبەجێكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە.
دەیەم:  هەردوولا بەردەوامدەبن بۆ كاركردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میكانیزمی ئاستانا و پشتیوانی كۆمیتەی دەستووری دەكەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand