"براگەورە" لە یەكەم ئەزمونی حكومەتداریدا !
2019-10-20 17:56:05
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
(100) رۆژە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربووە، زیاتر لە (12) بڕیاری دەركردووە بەڵام زۆربەیان جێبەجێ نەكراون، بەڵێنی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان تائێستا هیچی لێ سەوز نەبووەو تەنانەت موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا دابەشناكرێت، پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی هێشتا كابینەكانی پێشووی تێنەپەڕاندووە، لە (100) رۆژدا مەسرور بارزانی (19) بروسكەی پرسەو پیرۆزبایی ناردووەو (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفدەكان كردووە، سەرۆكایەتی (11) كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە.
100 رۆژو 11 كۆبونەوە
ئەمڕۆ (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو كوردستان تێپەڕی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "براگەورە".
بەپێی ستانداردی جیهانی هەڵسەنگاندنی كاری هەر دامەزراوەو رێكخراوێك ماوەی (100) رۆژی مۆڵەتی پێویستە لەدوای دەستبەكاربوونەوە، ئێستا كە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت (100) رۆژەكەی تەواوكردووە، (درەو میدیا) هەڵسەنگاندنێكی بۆ كارو بڕیارەكانی لەو ماوەیەدا كردووە.
لە (100) رۆژی رابردوودا، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان (11) كۆبونەوەی كردووە، یەكەم كۆبونەوە 15ی تەموزدا بەڕێوەچوو، دواین كۆبونەوەش بەر لە نوسینی ئەم راپۆرتە، لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو.
لەو ماوەیەدا بەپێی ئەوەی سایتی فەرمی حكومەتو پەیجی تایبەتی سەرۆكی حكومەت بڵاویانكردوەتەوە، مەسرور بارزانی ئەم كارانەی كردووە:
• (19) جار بروسكەی پرسەو پیرۆزبایی بۆ كەسو لایەنەكان ناردووە.
• (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفدو میوانەكانی كردووە.
• 12 جار بەشداری مەراسیمە تایبەتەكانی كردووە.
• 5 كۆبونەوەی كردووە (ئەمە لە دەرەوەی كۆبونەوە فەرمییەكانی ئەنجومەنی وەزیران).
بڕیارەكانی مەسرور بارزانی
دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی حكومەت، مەسرو ر بارزانی لە 100 رۆژدا ژمارەیەك بڕیاری دەركردووە كە زۆرینەیان تائێستا نەخراونەتە بواری جێبەجێكردنو هاوڵاتی بەروبومەكەی نەبینیوە، بریارەكان ئەمانەن:
• لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە 15ی تەموز، مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە پابەندكردنی وەزیرو پلەباڵاكانو سەرجەم فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی حكومەتەوە. (بەپێی بەدواداچوونەكانی درەو میدیا، لەدوای بڕیارەكەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە شێوازی دەوامكردندا روینەداوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەباشی چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی خۆی ناكات، بەڵام باسلەوە دەكرێت حكومەت لیژنەیەكی هەیە كە بەشێوەی كتوپڕ خۆیان بە فەرمانگەو دامەزراوەكاندا دەكەنو تائێستا سەردانی چەند فەرمانگەیەكیان كردووە)
• هەر لە یەكەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە نەهێشتنی رۆتینو بەرتیلدانو بەرتیل وەرگرتن لە دامەزراوەكانی حكومەتدا. (100 رۆژ تێپەڕێوەو خەڵك لەمبارەیەوە هەست بە گۆڕانكاری ئەوتۆ ناكەن)
• یەكێك لە بڕیارەكانی تر كە مەسرور بارزانی لە یەكەم كۆبونەوەی حكومەتدا دەریكرد بڕیاری پابەندكردنی فەرمانبەران بوو بە پاراستنی نهێنی ئەو دەزگایەی كە كاری تێدا دەكەن. (ئەم بڕیارە والێكداریەوە مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات)
• لە كۆبونەوەی رۆژی 30ی تەموزی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا ئەو وەزارەتانەی كە داهاتیان هەیە، گشت داهاتەكانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. (وەزیری دارایی سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەمدواییە میدیایی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، وەزیری دارایی كە ئاوات شێخ جەنابە ئاگاداری سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان نییە بەدیاریكراوی داهاتی نەوتی رادەستنەكراوە، دواتر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا ئاوات شێخ جەناب راستی ئەو قسانەی میدیای حیزبەكەی رەتكردەوەو رایگەیاند ئاگاداری داهاتەكانە)
• هەر لە كۆبونەوەی 30 تەموزدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا گفتوگۆی پێویست لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازییەوە بكرێتو لەنزیكترین كاتدا رەوانەی پەرلەمان بكرێت. (پرۆژەیاسای چاكسازی یەكێك لەو پرۆژانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی وابەستەكردووە بە بەشداربوونی لە كابینەی نوێدا، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای بەشداربوونی بزوتنەوەكەی لە حكومەت رایگەیاند، ئەگەر پرۆژەی چاكسازی لەماوەی دوو مانگدا پەسەندنەكرێت، رێككەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە، ئێستا 40 رۆژ تێپەڕێووە بەسەر وادەی دوو مانگەكەداو هێشتا حكومەت پرۆژە یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، لەسەر ئەم پرۆژەیە یەكێتی تێبینی هەیەو پێناچێت بەزووی بگاتە پەرلەمان)
• لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە رۆژی 7ی ئاب بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی بڕیاریدا پێداچونەوە بە لیستەكانی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا بكرێتو موچەی (13 هەزار) خاوەن پێداویستی تایبەت خەرجبكرێت. (بەپێی بەدواداچوونی درەو میدیا تائێستا ئەم بڕیارە جێبەجێنەكراوە، بڕیاردرابوو دوای جەژنی قوربانی رابردوو موچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت، بەڵام تائێستا موچەكە نەدراوە، لەسەر ئەم كەیسە جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ مەسرور بارزانی دروستبووە، وتەبێژی حكومەت بەیاننامەیەكی لەسەر بەڵێنی وەزیر بۆ پێدانی پارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەركردو وەڵامی دایەوە).
• لە كۆبونەوەی رۆژی 4ی ئەیلولی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا لیژنەیەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، داراییو پلاندانان دروستبكرێت بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی ساڵی نوێی خوێندن. (بەهۆی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت تائێستا بودجەو سەرچاوەی داهاتی دیارنییە، نازانرێت كابینەی نوێ لە 100 رۆژی رابردوودا چەنێك پارەی بۆ كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا خەرجكردووە).
• لە كۆبونەوەی رۆژی 11ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەو نەوتەوە سەردانی بەغداد بكات. (ئەم بڕیارە تائێستا جێبەجێ نەكراوەو وەفدەكە سەردانی بەغدادی نەكردووە)
• لە كۆبونەوەی رۆژی 18ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی یاساییدا بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە پێویستە لەم وەرزەدا حكومەت ئاڕاستەی پەرلەمانی بكات. (بەپێی بەدواداچونەكانی درەو میدیا، لەماوەی 100 رۆژی رابردوودا كابینەكەی مەسرور بارزانی هیچ پرۆژەیاسایەكی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، كە ئەمە یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەت)
• لە كۆبونەوەی 16ی ئۆكتۆبەردا مەسرور بارزانی بڕیاریدا سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی 2015-2016 دابمەزرێنرێن. (تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە 4 رۆژ بەسەر بڕیارەكەدا تێپەڕێوە، درەو میدیا چاودێری بڕیارەكە دەكات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردن یان جێبەجێ نەكردنی لە داهاتوودا)
كابینەیەكی دەڵەمە !
100 رۆژ بەسەر دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی حكومەت تێپەڕیوە، هێشتا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە پێگەی كابینەكەی بەتەواوەتی جێگیر بكات، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەڵەمەیەو مەترسی لەسەرە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت یەكێك لە ئاڵنگارییە هەستیارەكان بەردەم مەسرور بارزانی بوو لە (100) رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی هەرچەند لەڕووی مەسرور بارزانی خۆی هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نەكرد، بەڵام لە پشتەوەو لەڕێگەی حزبەكەیەوە (یەكێتی نیشتمانی) فشاری خستەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، تاوەكو بەپێی بڕیارێك دەسەڵاتەكانی ئەو وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دیاری بكات.
دواجار بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێك بۆ رایگشتی لەبارەی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە، مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەبەردەم وەزیرەكاندا لەبارەی كێشەكەی قوباد تاڵەبانییەوە وتی:" هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ كاك قوباد لێكتێگەیشتن هەیە".
مەسرور بارزانی لەسەرەتاوە رەتیدەكردەوە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات، ئەو پێدانی دەسەڵاتی بە قووباد تاڵەبانی وەكو تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی لە هەرێم لە قەڵەمداو رەتیكردەوە ئەو دەسەڵاتانە بە قوباد تاڵەبانی بداتەوە كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە حكومەت پێی دابوو.
جگە لە كێشەی جێگری سەرۆكی حكومەت، كابینەكەی مەسرور بارزانی هێشتا لەژێر چاودێری لایەنە بەشداربووەكانیدایە، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانە:
• پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام رەتیكردوەتەوە.
• پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوە.
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو (شوان قلیاسانی ) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان.
• پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێتو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات، لەهەردوو حاڵەتەكەدا هێشتنەوە یاخود لابردنی وەزارەتەكە پێویستی بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە یاسایی بۆ دەربكرێت.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی، هێشتا بریكاری وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان دانەنراون.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان زۆر جەخت لەسەر وەگرتنی هەموو ئەو پۆستانە دەكاتەوە كە بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، لە حكومەت بەریكەوتووە.
بزوتنەوەی گۆڕان گومانی هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی رادەستبكات، سەرچاوەی گومانەكە بۆ كابینەی هەشتەم دەگەڕێتەوە، كاتێك پارتی تا دواساتەكانیش زۆربەی ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكرد كە رێككەوتنیان لەسەر كرابوو.
یەكێتی بەهۆی ئەوەی لە زۆنەكەی خۆی جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، كەیسی رادەستكردنی پۆستەكانی بە قەبارەی بزوتنەوەی گۆڕان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلایەوە گرنگە پشكی داهاتی نەوتە كە رادەستی نوێنەرەكانی بكرێت لەناو حكومەت.
كابینەی یاریدەدەر
یەكێك لە دیارترین گۆڕانكارییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا لەماوەی (100) رۆژی رابردوودا، دانانی ژمارەیەكی زۆر یاریدەدەرە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، تا ئەو رادەیەی پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا نازناوی "كابینەی یاریدەدەری" بە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بەخشی.
مەسرور بارزانی جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت تائێستا (4) یاریدەدەری بۆ خۆی دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەكابینەكانی پێشوودا سەرۆكی حكومەت هیچ یاریدەدەرێكی نەبووە، سەرباری ئەوە، بابەتی دانانی یاریدەدەر لە دەرەوەی رێككەوتنی لایەنەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەت (جگە لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو تائێستا دانەنراوە بەهۆی ئەوەی پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە لە پەرلەمان)، ئەمە لایەنەكانی نیگەران كردووە، چونكە لەو پۆستانە هیچ شتێكیان بەرناكەوێتو سەرباری ئەوە مەترسییان هەیە ئەو یاریدەدەرانە لە داهاتوودا رۆڵی وەزیرەكان لاواز بكەنو ببن بە وەزیری سێبەر.
تائێستا مەسرور بارزانی فەرمانی بۆ (4) یاریدەدەر دەركردووە كە ئەمانەن:
• ئاشتی هەورامی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان
• رێباز حەملان- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنانو راژەی گشتی
• محەمەد حاجی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی
• رانیا مەجید- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری
حكومەتو چاوەڕوانییەكانی خەڵك
مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، لەوتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" بەهۆی قەرزو قەیرانە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشووترەوە، كابینەی نوێی حكومەت لە دەستپێكدا دوچاری بارودۆخی ئابوری سەخت دەبێتەوە".
یەكەم پەیامی سەرۆك وەزیران پەیامێكی نائومێدكەر بوو بۆ هاوڵاتیان، بەڵام وتنی راستییەك بوو كە ئێستا دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هەستی پێدەكرێت.
یەكێك لە بەڵێنەكانی مەسرور بارزانی ئەوە بوو، پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد ئاسایی بكرێتەوەو ئابوری كوردستان بەهێز بكرێت، دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی، هێشتا حكومەتی هەرێم نەگەیشتوەتە هیچ رێككەوتنێكی ئەوتۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد لەبارەی بودجەوە.
خەڵك هێشتا نیگەرانن لەوەی جارێكی تر قەیرانی داراییو بڕینی موچەی فەرمانبەران سەرهەڵبداتەوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كابینەی مەسرور بارزانی تائێستا نەیتوانیوە وادەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران مانگانە لە رۆژێكدا جێگیر بكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی هێشتا سیاسەتێكی جێگیری نییە لەبارەی چارەسەركردنی پرسی نەوتو بودجە لەگەڵ بەغداد، لە هەندێك كۆبونەوەدا باسلەوە دەكات هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد دەكات، لە هەندێك كۆبونەوەی تردا رەتیدەكاتەوە هەرێم نەوت رادەسبكات.
نەوت لەكابینەی نوێدا وەزارەتی نییە، جڵەوی كەیسی نەوت هێشتا بەتەواوەتی لە دەستی مەسرور بارزانیدا نییە، دۆسیەی نەوتی هەرێم درێژكراوەی ئەو گرێبەستو رێككەوتنە ئابوری- سیاسییانەیە كە لە كابینەكانی پێشوودا نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كردویەتی، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا.
ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كوردستانە، خاڵی بەهێزی ئەو دۆسیەی نەوتو ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە لەبارەی وزەوە لەگەڵ توركیا هەیەتی، ئەمە وایكردووە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نەتوانێت وەكو پێویست هەنگاو بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد هەڵگرێت.
كابینەی نوێ هێشتا خاوەنی پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام باسلەوەدەكرێت بۆ ساڵی 2020 حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی دەبێت، ئەمەش لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد راوەستاوە.
دیارترین بڕیاری دارایی مەسرور بارزانی لە (100) رۆژی رابردوودا بڕیاری خەرجكردنی (500 ملیار) دینارە بۆ بنیادنانو گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری كوردستان لە بوارەكانی (كارەبا- ئاو و ئاوەڕۆ)، ئەوەی جێگەی سەرەنجە مەسرور بارزانی لە بڕیاردان بۆ خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە بەهیچ جۆرێك نەگەڕایەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لە پەرلەمانی كوردستان، واتە پەرلەمان وردەكاری خەرجكردنی پارەكە نازانێتو لەچاودێریكردنی خەرجكردنەكەدا دوچاری ئاستەنگ دەبێتەوە.
رەخساندنی هەلی كاریش هێشتا هیچ ئاسۆیەكی دیارنییەو كابینەی نوێ جگە لە بڕیارێك بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ هیچ بڕیارێكی نوێی نییە بۆ كردنەوەی دەرگای دەمەزراندی دەرچوان كە ساڵانە نزیكەی (35) كەس زیاد دەكاتو بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە ساڵی 2014وە كە دەرگای دامەزراندن داخراوە، نزیكەی (200 هەزار) كەس لە زانكۆو پەیمانگاكان دەرچوون