(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەكان لەسەر ناوی نیوەی زیاتری وەزیرەكانی كابینەكەی گەیشتوەتە ڕێككەوتن و چاوەڕاندەكرێت پێش كۆتایی ئەم هەفتەیە لە دانیشتنێكی ڕەسمی پەرلەمانی عێراقدا پێشكەشی بكات" ئەمە قسەی بەرپرسێكی باڵای عێراقە كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) قەتەری ئاشكراكردووە. ڕاشیگەیاندووە"ناوەكان كەسایەتی نوێیان تیادایە و بە ئەكادیمی و پسپۆر لەو وەزارتانە ئەژماردەكرێن كە بەڕێوەیان دەبەن." ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردوەتەوە "پشتیوانی ئەمریكا بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی مەرجدار دەبێت بەو بڕیارانەی لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی حكومەتەكەیدا جێبەجێیاندەكات، بەدیاریكردنی پەیوەست بە دۆسییەی ئەمنیی و مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران و پاپەندبوون بە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران و هەروەها دۆسیەی سوریا و ئاستی پەیوەندی بە بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سوریا". عەبدولمەهدی گوێینەداوە بە فشارەكان هاوكات بەرپرسێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە" پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی پێشكەشكردنی كابینەی حكومەت بێت بە پەرلەمان، بە دەنگدانی پەرلەمانیش بە كابینەی حكومەت یان نیوەی كابینەكە كارەكانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكەن و كۆتایی حكومەتەكەی عەبادییە". ئەو بەرپرسە عێراقیە پێشیوایە، لەگەڵ ناردنی ناوی وەزیرەكان بۆ سەركردە سیاسییەكان لەلایەن عەبدولمەهدییەوە كە پێدەچێت ئەمڕۆ ڕەوانەی بكات، ناوەكان دزەبكات و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاوبێتەوە، جەختیشیكردوەتەوە" ئێرانێیەكان خۆشحاڵن بەوپێیەی ئەو حكومەتە تازەیەی بۆ چوارساڵی داهاتوو لە عێراق كارەكان ڕادەپەڕێنێت هیچ بەریەككەوتنێكی لەگەڵ تاران نابێت و ئەو هێزە سیاسییانەشی تاران پشتیوان دەكات لانی كەم 14 وەزارەتیان لە كۆی 22 وەزارەت بەدەستهێناوە، كە ئەوانیش هێزە شیعی و سوننە و كوردەكانی نزیك لە ئێرانن. وەزارەتە خزمەتگوزراییەكان یەكلاكراوەتەوە بە وتەی یەكێك لە نزیكەكانی عەبدولمەهدی كە قسەی بۆ ڕۆژنامە قەتەرییەكە كردووە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، پرۆگرامی حكومەتەكەی تەواوكردووە و هیچ نەماوە جگە لە ڕێككەوتن لەسەر ناوەكان نەبێت، ئاشكراشیكردووە" هیچكام لە وەزارەتە سیادییەكان یەكلانەكراوەتەوە، ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە تەنها وەزارەتە خزمەتگوزراییەكانە، بۆیە سیناریۆی پێشكەشكردنی حكومەت بەشێوەیەكی ناتەواو بۆ پەرلەمان نزیكترینە". ڕونیشیكردوەتەوە" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ڕووبەڕووی فشاری گەورە بوەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هێزە سوننیەكانەوە لە پێناوی قبوڵكردنی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشوو بە وەزیر لە كابینەی حكومەتەكەی. سەرچاوەكە جەختیشیكردوەتەوە"عەبدولمەهدی سەرجەم فشارەكانی ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە بەردەوامبێت لە پێكهێنانی ئەو حكومەتەی كە خۆی قەناعەتی پێیەتی". بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا عێراقییەكان لەبارەی ڕێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، حكومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكدێت و داواشكراوە وەزارەتەكانی (كاروباری ژنان و گەشتوگوزار و شوێنەوار یان ژینگە)بگەڕێندرێنەوە. پێكهاتەی شیعە 12 وەزارەتی بەركەتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی هاوپەیمانی سائیرون ( دەرەوە و نەوت وكارەبا). • وەزارەتەكانی هاوپەیمانی فەتح (ناوخۆ و گواستنەوە و خوێندنی باڵا و وەرزش و لاوان). • وەزارەتەكانی دەوڵەتی یاسا( پەروەردە و تەندروستی). • ئەوانەی كشاونەتەوە لە ئیئتیلافی نەسر ( ئاوەدانكردنەوە). پێكهاتەی سوننەكانیش 6 وەزارەتیان بەركەوتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی سوننە( بەرگریی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و پلاندانان). پێكهاتەی كورد 3 وەزارەتی بەركەوتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان(دارایی و كۆچ و كۆچبەران ). • وەزارەتەكەی یەكێتی ( داد). • وەزارەتی (ڕۆشنبیری) لە نێوان پێكهاتەی توركمان و كریستیانەكان یەكلادەكرێتەوە.
(درەو میدیا): كاندیدێكی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستانەو بەپێی یاسا ئەم پەرلەمانتارە سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات. ئەو كاندیدە ناوی (رێڤنگ محەمەد محەمەد عەلی)یەو لەدایكبووی قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆكە. سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی كوردستان لەدایكبونی (7/1/1951)ەو بە (13 هەزارو 312) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان. رێڤنگ محەمەد كە بە "رێڤنگ هروری"ناسراوە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە هونەردا.
(درەو میدیا): دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بریاری دا" لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی". وەكو خۆی دەڵێ، یەكگرتوو دەیەوێت" ئەو هەنگاوە بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەمەبەستی خۆنوێكردنەوەو هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە". دەقی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: بسم الله الرحمن الرحیم ئەمرۆ دووشەممە بەرواری 22/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبۆوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە .. سەرەتا كۆبوونەوە هەڵوەستەی جدی كرد لەسەر ئەوپێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە هەردوولایەنی دەسەڵات لە پرۆسەكەدا كردوویانە بە مەبەستی گۆڕینی رێژەی دەنگەكان لە بەرژەوەندی خۆیان ، كۆبوونەوە جارێكی تر تەئكیدی كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و گرتنە بەری رێكاری یاسایی پێویست لەو پێناوەدا .. لەتەوەریەكی تردا كۆبوونەوە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە خستە بەرباس و گفتوگۆكردن .. لەوبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاوتیًكردنی ئەنجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانەكانی حزب، بریاری دا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی لە پێناو بەشداربوونی كارا لە پرۆسەی چاكسازی راستەقینە و دژایەتی كردنی گەندەڵی و دەستەبەركردنی دادپەرەوەری بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و چین و توێژەكانی گەلەكەمان .. لەكۆتاییدا ئەنجومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگر و ئۆگانەكانی حیزب كردوو وهەوڵ و ماندووبوونیانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرزنرخاند و بەڵێنی دا كە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی حیزب كە بریارە لەم رۆژانە سازبكرێت ، بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەم بوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بە مەبەستی خۆ نوێكردنەوە و هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە.. جارێكی تر سەرفرازی و سەربەرزی بۆ تێكڕای ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە خوای گەورە داواكارین .. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو 22/10/2018
( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەهای كورسیەكی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە، لەو پرۆسەیەدا كە 100 كورسی گشتی و 5 كورسی توركمان و 5 كورسی مەسیحی و 1 كورسی ئەرمەنە، كۆی گشتی دەنگی درووست لە دەنگادنی گشتی (1,567,547) یەك ملیۆن و پێنج سەدو شەست و حەوت هەزارو پێنج سەدو چل و حەوت دەنگە بەو پێیەش - بەهای كورسیەكی گشتی ( 15,391 ) پانزە هەزارو سێسەد و نەوەد و یەك دەنگە - بەهای كورسیەك بۆ پێكهاتەی توركمان ( 2,290 ) دوو هەزارو دوسەد و نەوەد دەنگە - بەهای كورسیەك بۆ پێكهاتەی كرستیان ( 2,805) دوو هەزارو هەست سەدو پێنج دەنگە. - كەمترین دەنگ لە لیستی دەرچووی پێكهاتەی توركمان ( 885 ) دەنگە كە لیستی لیستی میللەتە، - كەمترین دەنگی دەرچووی لیستی مەسیحی لیستی رافیدەینە كە ( 2626 ) دەنگ كورسیەكی مسۆگەر كردووە - لە پێكهاتەی ئەرمەن كاندیدی دەرچوو ( 615 ) دەنگی بەدەستهێناوە.
(درەو میدیا): گومانو دوودڵییەكی زۆر هەیە لای بەشێك لەو كاندیدانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەرنەچوون، هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان پێیانوایە ئاڵوگۆڕ بە ناوەكانیان كراوەو كاندیدی تر كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە خراونەتە شوێنی ئەوان بۆ ئەوەی سەركەون بۆ پەرلەمان، ئەم گومانە لای كاندیدی زۆربەی لیستەكان هەیە. حەوت هەزار دەنگی هێناوەو دەرنەچووە! مەلا سەعید عەبدولڕەحمان كاندیدی ژمارە (27)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، سەرسوڕمانی دەربڕیوە كە (7 هەزارو 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ناوی لە لیستی كاندیدە دەرچووەكاندا نییە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی ئەو كاندیدەی پارتی، كەمترین دەنگی كاندیدی پارتی كە سەركەوتبێت بۆ پەرلەمان (3 هەزارو 551) دەنگەو لە پیاوانیش كەمترین دەنگ (4 هەزارو 560) دەنگە. كاندیدەكەی پارتی دەڵێ" ئەم غەدرە قبوڵ ناكەمو سكاڵای یاسایی تۆماردەكەم". "بەقودرەتی قادر دەرچوون" كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" دڵنیام دەرچومو دەنگی پێویستم هێناوە، بەڵام كاندیدی تر خراوەتە شوێنەكەم". ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد" بەشێك لە كاندیدەكان دركیان بەوە كردووە چەند كاندیدێك دەنگی زۆر كەمیان هێناوە، بەڵام بە قودرەتی قادر، دەرچوون". ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چەند كاندیدێكی لیستەكەی ئاشكراكرد، كە بەوتەی ئەو دەنگی كەمیان هەبووە، بەڵام بەهۆی نزیكییان لە بەرپرسانی حزبەوە دەنگەكانیان بۆ زیادكراوە، (درەو میدیا) بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەرەوە، ناوی ئەو كاندیدانە بڵاوناكاتەوە كە گومان لە دەرچونیان هەیە بۆ پەرلەمان. هونەر عومەر كاندیدی ژمارە 31ی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی گومانی خۆی لە بردنی دەنگەكانی دەربڕیوە و نوسیویەتی" جەند بەلگەیەك بۆ دەنگدەرانم وب زوتنەوەی گۆڕان دەخەمە ڕوو دەرهەقی بەو زولم و غەدرەی لێمكرا بەلگەی یەكەم تەنها لە سنوری قەزای شەقلاوەیە كۆی دەنگەكانم بەگشتی بە هەموو كوڕیەكانیشەوە لەوقەزایەدا946 دەنگە وەلەقەزای ڕەواندوز92 لەكۆمەلگای بەحركە81لەناحیەی دارەتوو37دەنگ جگەلەناوسەنتەری هەولێرودەوروبەری كەزۆرینەی خزم وكەس وكارم لەناوسەنتەری هەولێرنیشتەجێن بەلگەی دووەمیش جەند قەزایەكی ناوجەی سلێمانین جگە لەدەنگەكانم لەدەنگدانی تایبەت ئەگەر تەنها لێرە دەنگەكانم كۆبكەمەوە یەك دەنگیشم لەهیج شوێنێكی تر بۆ نەهاتبێت كۆی دەنگەكانم 1323خەلكیش هەیەلەهەمان لیستەكەی من بە1268دەنگ كراوە بەپەڕلەمانتار ئەوەش گومانی زۆری لای من لەسەركۆی پڕۆسەكەدرووست كردوە" (درەو میدیا) زانیاری هەیە، لەدوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو لەسەروبەندی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكاندا، ژمارەیەك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان نوسراوێكیان ئاڕاستەی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەیان كردووەو تێیدا هۆشدارییانداوە لە ئەگەری دەستكاریكردنی دەنگەكانیان. دەنگی قوباد تاڵەبانی بە كێ دراوە؟ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە باسی لەوەكرد، دەنگەكانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بەشی نزیكەی (12) كورسی بووە، ئەو دەنگە زیادانە دراون بەو كەسانەی كە خۆیان مەبەستیان بووە سەركەون، بەڵام دەنگی كەمیان هێناوە. كاندیدەكانی كۆمەڵ گومانیان هەیە لەگەڵ راگەیاندی ناوی كاندیدە دەرچووەكاندا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان لەناو كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامیدا مقۆمقۆ دروستبوو. كاندیدێكی كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پێشتر دەنگی كۆمەڵێك كاندیدی لەپێشەوە بووەو بەپێی دەنگەكانیان دەرچووبونو لە میدیاكانیشەوە بڵاوكرانەوە، بەڵام دواتر ناوی تر هاتەپێشەوە، بۆیە ئەمە گومانی لای بەشێك لە كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە". شیوعیش بە گومانە بەشێك لە كادرانی حزبی شیوعی بە گومانن لە گۆڕینی دەنگی كاندیدەكانیان و پێیان وایە كاندیدی ژمارە (9)ی حزبەكەیان دەنگی زۆری هێناوەو زۆرینەی ئەندامانی حزبی شیوعی پیرۆزباییان لێكردووە، بەڵام دواتر سەرۆكی لیستەكەیان دەرچووە، ئەمە جۆرێك لە گومان و دوو دڵی لای كادرانی حزبی شیوعی دروستكردووەو لەئێستادا گفتوگۆی چڕ لەناو كادران و سەركردایەتی حزبی شیوعی هەیە لەوبارەیەوەو هەندێكیان پێیان وایە ئەوە دەستی لایەنەنێكی دەسەڵاتداری هەرێمی لەپشتە. كۆمسیۆن چی دەڵێ؟ بەهۆی فرەڕەنگیو جیاوازی بیروڕا لەناو كارمەندانو كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستكاریكردنی دەنگی كاندیدەكان ئەستەمە. ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانو بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو میدیای) راگەیاند:" تیمێكی شەست كەسیی ئەنجامەكانیان داخڵكردووە، تیمێكی پێنچ كەسی هەمەڕەنگ سەرپەرشتیان كردووە، بۆیە هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوەو ناكرێت". خورماڵی وتی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، ئەنجامەكان بەوشێوەیە بووەو دەستكاری نەكراوە". شارەزایانی هەڵبژاردنی چی دەڵێن؟ ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) ئاماژەی بەوەكرد" لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بەتایبەت لە لیستی نیمچەكراوە، ئەو گومانانە دروستدەبێت، بەڵام دەستكاریكردنی دەنگی كاندید بۆ بەرژەوەندی كاندیدێكی دیكە، كارێكی ئەستەمە". بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەوەشی ئاشكراكرد" تەنها لەكاتێكدا دەستكاری دەنگەكان دەكرێت كە ساختەكارییەكی رێكخراو بكرێت". سەبارەت بە رەوینەوەی ئەو گومانەش، ئارام جەمال رونیكردەوە" ئەو كەسانەی گومانیان هەیە دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن و داوای فۆرمی ژمارە 52 بكەن كە ژمارەی دەنگی كاندیدەكانی تێدایە".
(درەو میدیا): دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ڕۆژی 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەكە لەنێوان پێشوازیو ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكاندا، دابەشبوون. پارتی بەدڵیەتیو یەكێتی رازییە (خەسرەو گۆران) بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی بە بەدەستهێنانی (45) كورسی پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، دەڵێت"پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەدڵە". بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی پارتەكەی ڕاگەیاندووە:" ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانو بەدەستهێنانی 45 كورسی لەكۆی 100 كورسی، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ پارتی لەساڵی 1992وە تائێستا". (سەعدی ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانەوە وتی"سەرباری تێبینیەكان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵ دەكەین" . سەعدی پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ ڕێكیخست، رایگەیاند:" سەرباری تێبینیەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتیو بەرژوەندی هاوڵاتیان بەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە". نەوەی نوێو یەكگرتوو ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانە لە ئەنجامەكانو دەڵێت:" ئەم ئەنجامانە پەسەندناكەینو تانەیان لێدەدەینو هەموو ڕێكارێكی یاسا بۆ ڕەتكردنەوەی دەگرینەبەر". یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوی ئیسلامیو ڕەوتی چاكسازی بە لیستی (بەرەو ئیسڵاح) بەشداری هەڵبژاردنی كردو بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان (5) كورسی بەدەستهێناوە. جوڵانەوەی نەوی نوێ-ش، لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، وێڕایی "ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان"، داوا لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی دەكات، گوتاری سیاسیان یەكبخەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە. "جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوەكەیدا سێ ڕێگاچارە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش بریتین لە: • كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی • دروستكردنی بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستان • ڕەتكردنەوەی شەریكایەتی لەگەل یەكێتیو پارتی نەوەی نوێ داواش لەهەرسێ لایەنی (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی) دەكات، بەزوترین كات هەنگاوبنێن بۆ دروستكردنی ئەو بەرەیە. بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكێكە لەهێزە سەرەكییەكانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرەمی ڕانەگەیاندووە، ئەوە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە لەدواین كۆبونەوەیدا كە دوێنێ شەممە بەڕێوەچوو، لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم ڕادەگەیەنێتو هەموو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە. هاوپەیمانی: كورسییەكەمان براوە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەرەوەریش لە بەیاننامەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەپێی ڕێژەی 85%ی دەنگی جیاكراوە، هاوپەیمانی كورسییەكی بەدەستهێنابوو، بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی كورسییەكی هاوپەیمانی دراوە بەلایەنێكی سیاسی بەبێ ئەوەی ناوبهێنێت، بەپێی ڕێژە ڕاگەیەندراوەكانی پێشووش، كورسییەكەی هاوپەیمانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رۆشتووە. درەنگانێكی شەوی ڕابردوو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنو ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاندو بەپێی ئەنجامەكان: • پارتی دیموكراتی كوردستان: (686 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێناوەو ژمارەی كورسییەكانی گەیشتوەتە (45) كورسی. • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێناوەو ژمارەی كورسییەكانی (21) كورسییە. • بزوتنەوەی گۆڕان: (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێناوەو (12) كورسی بردوەتەوە. • جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (127 هەزارو 115) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی بردوەتەوە. • كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: (109 هەزارو 494) دەنگی بەدەستهێناوەو (7) كورسی بردوەتەوە. • هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: (79 هەزارو 434) دەنگی بەدەستهێناوەو (5) كورسی بردوتەوە. • هاوپەیمانی سەردەم (یەكگرتوو- بزوتنەوە- رەوتی گەشە): (15 هەزارو 581) دەنگی بەدەستهێناوەو كورسییەكی بردوەتەوە. • لیستی ئازادی (شیوعی): (8 هەزارو 63) دەنگی بەدەستهێناوەو كورسییەكی بردوەتەوە. • لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ (11) كورسی كۆتای كەمینەكان. پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆرانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتوی ئیسلامی لە كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن كە ژمارەیان (4) ئەندامە لەبەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند" لە كۆبونەوەیەكی نایاسایدا ئەنجامی هەڵبژاردن بەبێ هیچ گفتوگۆیەك خراوەتە دەنگدان، بەبێ ئەوەی گوێ لە داواكانیان بگیرێتو بەزۆرینەی دەنگ ئەنجامەكان تێپەڕێندراوە".
( درەو میدیا): لە كاتێكدا سعودیە ڕووبەڕووی گومانێكی نێودەوڵەتی فراوان بوەتەوە دوای ئاشكراكردنی لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی مردنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقچی، بەرپرسێكی باڵای سعودیە چیرۆكێكی نوێ لەبارەی مردنی خاشقچی لە كونسوڵگەریی وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ دەخاتەڕوو، كە جیاوازە لە گێڕانەوەكانی پێشوو. ڕووداوەكانی ئەو چیرۆكەی بەرپرسە سعودیەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ئاشكراكردووە، لەوە دەستپێدەكات كە سعودیە پلانی داناوە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵكە ئۆپۆزسیۆنەكان و لەو چوارچێوەشدا بەرپرسە سعودیەكە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی بۆ ئاژانسەكە خستوەتەڕوو كە هەواڵگری سعودیە بەنیازی ئەو كارەبوون و یەكێك لە بەڵگەنامەكانیش تایبەت بووە بە خاشقچی. بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی حكومەتی سعودیە كە "ڕۆیتەرز" لەسەر داوای خۆی ناوی نەهێناوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە هەوڵیانداوە خاشقچی قایل بكەن بگەڕێتەوە بۆ سعودیە، كە ماوەی ساڵێك بوو چوبووە واشنتۆن لەترسی تۆڵەسەندوە لە ڕاوبۆچوونەكانی، لە چوارچێوەی هەڵمەتیك بۆئەوەی دوژمنانی سعودیە سودیان لێوەرنەگرن و دژیان بەكاریان نەهێنن. لەو پێناوەشدا (ئەحمەد عەسیریی) جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە تیمێكی (15) كەسی لە هەواڵگری و ئاسایش پێكهێناوە و ڕەوانەی ئەستەنبوڵی كردوون بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ خاشقچی لە كونسوڵگەریی سعودیە و قەناعەتی پێبكەن بگەڕێتەوە بۆ سعودیە. بەرپرسە باڵاكەی سعودیە ئاماژەی بەوەشداوە، فەرمانێكی هەمیشەیی هەیە بە دانوستان لەگەڵ خەڵكە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بەپێی فەرمانەكەش دەسەڵاتی تەواویان هەیە كارەكان ئەنجامبدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی و ئەوەشی وتووە، (عەسیری) تیمەكەی پێكهێناوە و (قەحتانیی) ڕاوێژكار لە دیوانی شاهانەی سعودیە بەشداری لە ئامادەكارییەكانی پرۆسەكەكردووە. پلانەكە چۆن بووە؟ بەقسەی بەرپرسە سعودیەكە، پلانەكە وابووە تیمەكە بۆ ماوەیەك خاشقچی لە ناوچەیەكی پارێزراو لە دەرەوەی ئەستەنبوڵ دەستبەسەربكەن و دواتر ئازادی بكەن كە ئەگەر ڕەتیكردەوە بگەڕێتەوە بۆ سعودیە، بەڵام كارەكان لە سەرەتاوە بەرەو خراپی ڕۆیشتوەو تیمەكە ڕێوشوێنەكانیان پێشێلكردووە و بەخێرایی پەنایان بردووە بۆ توندوتیژی. بەپێی گێڕانەوەی حكومەتی سعودیە، خاشقچی كە چوەتە ناو كونسوڵگەریی نێردراوە بۆ نوسینگەی كونسوڵی گشتی و یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە بەناوی (ماهر مترب) قسەی كردووە لەبارەی گەڕانەوە بۆ سعودیە. بەرپرسەكە سعودیە لەوباریەوە دەڵێت، كەسێك لە دەرەوە چاوەڕوانی دەكات و ئەگەر لەماوەی یەك كاتژمێردا دەرنەكەوێت, ئەوا پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەكات. پێشتریش (خەدیجە جەنگیز) دەستگیرانی خاشقچی بە "ڕۆیتەرز" ی ڕایگەیاند، خاشقچی پێش ئەوەی بچێتە كۆنسوڵگەریی هەردوو تەلەفونەكەی داوەتێ و داوای لێكردووە چاوەڕێی بكات و ئەگەر نەگەڕایەوە پەیوەندی بكات بە یاریدەدەری سەرۆكی توركیاوە. بەپێی گێڕانەوەی بەرپرسە سعودیەكە، خاشقچی بە (ماهر مترب)ی وتوە" ئەو كارە پێچەوانەی عورفە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكانە، چیم لێدەكەن نیەتی ئەوەتان هەیە بمڕفێنن؟" (مترب) لە وەڵامدا وتویەتی: "بەڵێ بێهۆشت دەكەین و دەتڕفێنین" بەرپرسەكە ئەوكارەی بە هەوڵی ترساندن وەسفكردەوە كە لادان بووە ئەركەكەیان. كاتێك خاشقچی دەنگی بەرزكردوەتەوە تیمەكە ترساون و بەپێی گێڕانەوەی حكومەت هەوڵیانداوە بێدەنگی بكەن. "بەهۆی سوربونی خاشقچی بۆ چونە دەرەوە لە كۆنسوڵگەریی و بەرزكردنەوەی دەنگی, شەڕ دروستبوو و تیمەكە ناچار بوون لە جوڵەی بخەن و بێدەنگی بكەن". تەئكیدیشی كردووە" هەوڵیانداوە بێدەنگی بكەن بەڵام مردووە، هیچ نیەتێك نەبووە بۆ كوشتنی". تەرمەكەی نادیارە بەرپرسە سعودیەكە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتوە، بۆ داپۆشینی تاوانەكە تیمەكە فەرشێكیان لە تەرمەكەی خاشقچیەوە ئاڵاندووە و ڕادەستی هاوكارێكی ناوخۆییان كردووە بۆئەوەی دوریبخاتەوە، ڕاشیگەیاندووە، سەلاح ئەلتبێقی شارەزایی بەڵگەی تاوان و پزیشكی شەرعی هەوڵیداوە ئاسەواری ڕووداوەكە بسڕێتەوە. بەرپرسە سعودیەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە هاوكارە ناوخۆییەكە لە ئەستەنبوڵ دادەنیشێت , بێ ئەوەی ڕەگەزنامەكەی ئاشكرابكات و لێكۆڵەرەوەكانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی شوێنی تەرمەكەن. لە هەمانكاتدا، یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە بەناوی (مستەفا ئەلمەدەنی) جلەكانی خاشقچی لەبەركردووە و عەینەكەكەی لەچاوكردووە و لە دەرگای پشتەوەی كونسوڵگەریی چوەتە دەرەوە بۆئەوەی وای پیشانبدات كە خاشقچی لە كونسوڵگەرییەكە چوەتەدەرەوە ، (ئەلمەدنی) بەرەو ناوچەی (سوڵتان ئەحمەد) ڕۆیشتوە بۆئەوەی جلوبەرگەكانی فڕێبدات. دوای ئەوە تیمەكە ڕاپۆرتێكی ساختەكراویان نوسیوە و تیایدا باسیان لەوەكردووە كە ڕێگەیانداوە خاشقچی لە كونسوڵگەریی ئەستەنبوڵ بچێتە دەرەوە دوای ئەوەی ئاگاداری كردونەتەوە كە دەسەڵاتدارانی توركیا دەستوەردان دەكەن و بەو هۆیەشەوە ئەو وڵاتەیان بەخێرایی بەجێهێشتوە دوای ئەوەی كارەكەیان ئاشكرابووە.
(درەو میدیا): بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە دوێنێ شەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردنەوە، ژمارەیەك كاندید لە لیستە جیاوازەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی سیستمی كۆتای كەمینەكان، بە كەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان. ئەو كاندیدانەی كە بەكەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن: • گوڵستان سەعید (لیستی بزوتنەوەی گۆڕان)، بە (825) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شادی نەوزاد (لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، بە (561) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شوكریە سمایل (لیستی كۆمەڵی ئیسلامی)، بە (955) دەنگ
( درەو میدیا): وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت سەرباری تێبینییەكانیان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵدەكەن. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی وتی:" سەرباری تێبینییەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە". وتیشی:" یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم". لەسەر پرسی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستانن وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند لەگەڵ پارتی دەیان تەنگژەیان پێكەوە بەڕێكردووە و ئیدارەدانی كوردستان بەپلەی یەكەم لەسەر شانی یەكێتی و پارتییە.
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 دەنگی زۆربەی لایەنەكان كەمیكردووە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018. جیاوازی دەنگی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (686،070 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (743,984) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (57914 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.8%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (319،912) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (350,500) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (30588 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 8.7%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (186،903) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (476,736 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (289833) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 60.8%) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (109،494) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (118,574 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (9080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.7%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (79،434) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (186,741 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (107307) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 57.4%)، هەرچەندە پێشتر یەكگرتوو بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ( بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشەشی ) لەگەڵ بوو. - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (15،581) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12501) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (3080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 19.8%) هەرچەندە پێشتر سۆسیالیست بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ (پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان) لەگەڵ بوو، بەو پێیە بێت دەنگی سۆسیالیستیش كەمیكردووە. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (8،063 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12392) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (4329) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 34.9%).
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018گۆڕانكاری بەسەر ژمارەی كورسی لایەنەكاندا هاتووە وەك. جیاوازی كورسی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (45) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (38) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (7) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 18.4%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (18) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (21) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (3) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (12) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (24) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (12) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50 %) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (7) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (6) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (1) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (5) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (10) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (5) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50%) - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو ، وەك خۆی. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو، وەك خۆی
( درەو میدیا): كاتژمێر 12ی ئەمشەو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد كە 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە ( 119117 ) هەزار دەنگ پووچەڵكرانەوە، كە لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكە و هەولێر 59 بنكە پووچەڵكراونەتەوە. دەنگ و كورسی لایەنەكان بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی - لیستی میللەت: 1 كورسی - بەرەی توركمانی: 1 كورسی - لیستی رافیدەین: 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی هاوكات دەنگی بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەم شێوەیە بووە:. * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەکانی پارتی: 1. هێمن هەورامی: 47،436 2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەرکی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940 10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312 11. حیکمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972 12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان کەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366 16. رێبوار بابکەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسکەندەر مەم ئەسکەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426 23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوکری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەکەدین کاکەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی یەکێتی: 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097 3. رێواس فایەق ، 5،982 4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783 8. عوسمان کەریم 3،765 9. سەرکۆ ئازاد 3،560 10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721 14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. کاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیکرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی گۆڕان: 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. ئامینە محەممەد 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی نەوەی نوێ: 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. کازم فارووق، 2،207 3. کاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393 5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی کۆمەڵ: 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان کانی کوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوکریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی بەرەو ئیسڵاح: 1. د. شێرکۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەکر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم: 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی: 1. محێدین حەسەن، 1،222 کۆتاکان: ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی: 3 کورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمک 815 - گەشەپێدانی تورکمانی: 2 كورسى محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاکسازی تورکمانی: 1 كورسى مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسى ئازاد ئەکرەم، 346 - بەرەی تورکمانی: 1 کورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 کورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، 1 کورسی کلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاکی ئەرمەن: 1 کورسی فاهیک کەمال، 615 دەنگ
( درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكدا جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە" بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان خستۆتە روو كە " داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت" دەقی راگەیەنراوەكە راگەیەنراوێك لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە: ئەمڕۆ، 20/10/2018، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ تاوتوێ كرانو بڕیاریان لەبارەوە درا. كوردستانو عێراقو ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێتو گەلەكەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشەو قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستاو داهاتوی كرد. هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانو دەرهاویشتەكانی یەكێك بو لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكە. هەروەها هەڵسەنگاندنو پێداچونەوە بە كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بو. هاوڵاتیانی كوردستان... ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو رێژەی كەمی بەشداریكردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانو حوكمڕانیانو ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەكاریو پێشێلكارییانەی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئەنجامدران، كاریگەریو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنو پرۆسەی سیاسیو ناووناوبانگی هەرێمەكەمان دروست كرد. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین كە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد. سوپاسو پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شێلگیرانە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان كرد. لە هەمان كاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت. جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە. لە كۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا. بزوتنەوەی گۆڕان 20/10/2018
(درەو میدیا): بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەك كورسی هەیە، چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی نوێدا پارێزگاری لە تاكە كورسییەكەی بكات. بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانو رەوتی چاكسازیو گەشە) بە لیستێكی هاوبەش بەناوی لیستی "بەرەو ئیسلاح" بەشداری هەڵبژاردنی كرد. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیسی بەرەو ئیسلاح لە پێنج كورسییەوە ببێت بە شەش كورسی، پێشبنی دەكەن بە دەنگی كۆتای ژنان (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) كچی رابەری پێشووی بزوتنەوەكەیان سەركەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داویكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیستی بەرەو ئیسلاح وەكو خۆی بمێنتەوەو نەبێت بە شەش كورسی، چاوەڕێ دەكەن (عەبدوڵا وەرتێ) لە بزوتنەوەی ئیسلامی سەركەوێت بۆ پەرلەمان. ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كاندیدێكی سەرنەكەوێت بۆ پەرلەمان، ئایا یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدێكی خۆی دەكێشێتەوە بۆ ئەوەی كاندیدی بزوتنەوە شوێنی بگرێتەوە، ئەمە پرسیارێكە كە لەناو لایەنە ئیسلامییەكان دروستبووە، بەتایبەتیش لەلای ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی، كە پێشتر تۆمەتبار دەكران بەوەی ناهاتونەتە ناو لیستی بەرەی ئیسلامییەكانەوە بۆ هەڵبژاردن. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە كردو ئەو رایگەیاند، ئەوەی ئەوان لەچوارچێوەی یەك لیستدا كۆبونەتەوە، بەجێهێنانی ئەركی ئاینی بووە لەپێناو یەكڕیزی موسوڵمانان، واتە ئەوان لەسەر بنەمای باگراوەندی سیاسی كۆنەبونەتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای باگراوەندی ئاینی كۆبونەتەوە. لەبارەی ئەوەی ئایا یەكگرتوو ئامادەیە دەست لە كورسییەكی خۆی هەڵگرێت بۆ بزوتنەوە، سەلام كەریم وتی: ئێمە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوینو هەركەسێك سەركەوێت بۆ پەرلەمان لە هەر لایەكمان بێت مافی خۆیەتی. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا شولن قەڵادزێی تاكە نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە پەرلەمانی كوردستان و كەسایەتیەكی رێز لێگیراوبوو لەناو هەموو فراكسیۆنەكاندا، شوان قەڵادزێی لە روداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداو پاش ماوەیەك بزوتنەوەی ئیسلامی ئاری عەبدوللەتیفی لە شوێنی دانا. بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 19/5/1992 لە ژێر ناوی ( لیستی ئیسلامی) بەشداری هەڵبژاردنی كردوو ( 49108 ) دەنگی بەدەست هێنا بەرێژەی ( 5.05%) بەڵام نەیتوانی بەربەستی یاسایی ( 7%) تێپەرێنێت بۆیە هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، لە كاتێكدا دەنگەكانی بەشی چوار كورسی پەرلەمان بوو.
(درەو میدیا): تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، كابینەكەی پێشكەشدەكات، كە (12) وەزارەتی بەر پێكهاتەی شیعەو (6) وەزارەت بۆ سوننەكانو (3) وەزارەت بۆ كوردو وەزارەتێكیش بۆ كەمینەكان دەكەوێتو پێدەچێت بۆ (كریستیانەكان) بێت. سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە، حزبەكەیان ئاستی داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو بەرزكردوەتەوە، كە پێشتر خۆی لەچەند وەزارەتێكدا دەبینیەوە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی داوای "پێكهێنانی دامەزراوەی كردووە كە زامنی پاراستنی هاوسەنگی بكات لەئیدارەی دەوڵەتی عێراق، وێڕای وەرگرتنی گەرەنتی سەبارەت بە پەراوێزنەخستنی هێزە كوردییەكانو رەهەندەكانی لەبڕیاری جێبەجێكردن وەك ئەوەی لە حكومەتەكانی پێشوودا ڕویداوە". وەزارەتە سیادییەكەی كورد چی لێ دێت؟ سەرچاوەكە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەی بەوەداوە، پارتی سەرقاڵی ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕوپڕە لەگەڵ هێزە كوردییەكان تا هاوهەڵوێستی بن، پێشبینیشی كردووە یەكلایكردنەوەی پۆستەكانی تایبەت بە كورد لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دوابكەوێت، تەنانەت ئەگەر لەم هەفتەیەدا كابینەی داهاتوو بەبەشێك لە وەزارەتەكانیشیەوە ڕابگەیەنرێت. بەگوێرەی زانیارییەكان، كورد لە كابینەی داهاتوودا هەریەك لە وەزارەتەكانی (داراییو كۆچو كۆچبەرانو داد)ی، بەردەكەوێت، ئەوە لەكاتێكدایە فازیل میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان لەتازەترین لێدوانیدا دەڵێت" كورد مەرجی هەیەو پێویستە پێش بەشداریكردنی لە حكومەت جێبەجێبكرێت"، تەئكیدیشی كردووە" كورد داوای جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزارەتێكی سیادیو ژمارەیەك وەزارەتی تر دەكات". پێشتر "درەو میدیا" بڵاویكردەوە، پارتی بەفەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە، لەوبارەیەوە (كاوە محەمەد) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە(درەومیدیا)ی، وت:"ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە بە كورد دەدرێت بكرێت بە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كارەباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێتو وەزارەتی دارایی دەبێت". لەلایەكی ترەوە، حزبەكانی دەرەوەی پارتی دیموكرای كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕانو نەوەی نوێو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی) بەنیازن بایكۆتی حكومەتی ئایندەی عێراق بكەن، بەهۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتیو پارتیو بێبشەكردنی حزبەكانی تر تەنانەت كەسایەتی بێلایەنو تەكنۆكراتیش كە عەبدولمەهدی بانگەشەی بۆ كردووە. هاوپەیمانی میحوەر یەكلانەبوەتەوە بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، پێشبینی دەكرێت عادل عەبدولمەهدی لەم هەفتەیەدا ناوی ((15) وەزیر لەچوارچێوەی كابینە نوێیەكەیدا پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ متمانە وەرگرتن. ئەوە لەكاتێكدایە، تائێستا هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان خۆی یەكلاینەكردوەتەوە لەبارەی كابینەی داهاتوو، زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، ئەو وەزارەتانەی كە لە پێكهاتەی كابینەكەی (عەبدولمەهدی)دا ڕێككەوتنی لەسەركراوە (22) وەزارتە، ئەگەری گێڕانەوەی وەزارەتەكانی (ژنانو گەشتوگوزارو ژینگە)ش، قسەی لەبارەوە دەكرێ. عەبدولمەهدی ڕاوێژكارو بەڕێوبەرەكان كەمدەكاتەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازی دەستپێكردنی هەلمەڵەتێكی فراوانە بۆ گۆڕینی پەیكەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانو، ژمارەی ڕاوێژكارەكانیش كەمدەكاتەوە. پێگەی "ئارم نیوز" لەزاری سەرچاوەیەكەوە كەناوی نەهێناوە، بڵاویكردەوە، عەبدولمەهدی تیمە تایبەتەكەی ڕاسپاردووە پەیكەرێكی نوێ بۆ كاری ئەنجومەنی وەزیران دابڕژێ كە جیاوازبێت لەڕابردوو، بەدوریشی نەزانیوە، ژمارەی ڕاوێژكارەكانو ئەوانەی لەوێ كاردەكەن كەمبكاتەوەو دەستبەرداری بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەش ببێت كە پەیوەستن بە ئەنجومەنی وەزیران. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، عەبدولمەهدی بەنیازە بەمنزیكانە كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات.