Draw Media

رۆژژمێری خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی.. هەشت كوژراو دەیان بریندار

رۆژژمێری خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی.. هەشت كوژراو دەیان بریندار

2020-12-11 18:52:50


راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف
لەماوەی هەفتەیەكدا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دژی خراپی دۆخی بژێوی، (8) خۆپیشاندەرو كارمەندی ئەمنی كوژراون‌و دەیان زیاتر لە (120) كەسی دیكەش  برینداربوون، زیاتر لە (150) فەرمانگەو بارەگای حزبی زیانیان پێگەیشتووە، بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە هێزە ئەمنییەكان دەیان كەسیان دەستگیركردووە. 

موچە‌و ناڕەزایەتی
دوای (20) رۆژ دواكەوتن لە وادەی دیاریكراوی خۆی، رۆژی 3ی ئەم مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو یەكەمین وەزارەت موچەی موچەی مانگی ئۆكتۆبەری بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی دابەشكرد.
هاوكات لەگەڵ دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی ئۆكتۆبەر، سەرەتای شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان‌و بە دیاریكراویش لەناو شاری سلێمانی دەركەوت.
ئەوەی موچەخۆرانی توڕە كرد، تەنیا دواكەوتنی وادەی دابەشكردنی موچەكانیان نەبوو، بەڵكو زیادكردنی رێژەی لێبڕینی موچەكانیان بوو لە 18%وە بۆ 21%، لە پاڵ ئەمەشدا جارێكی تر رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغداد بەهۆی پەسەندكردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق كێشەی تێكەوت‌و بۆ مانگی ئۆكتۆبەر بەپێچەوانەی دوو مانگی پێشترەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق (320 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی بۆ حكومەتی هەرێم نەنارد، هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر توڕەكردنی شەقامی هەرێمی كوردستان هەبوو.
حكومەتی هەرێم كە حكومەتێكی ئیتیلافی ترۆیكای نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕانە، ماوەی ساڵێك‌و شەش مانگە دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەهاری ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە توشی قەیرانێكی سەختی دارایی بووە‌و داهاتەكانی بەشی خەرجییەكانی ناكات. 
كابینە سێقۆڵییەكە لەمساڵدا تاوەكو ئێستا، بە تێكڕا موچەی (6) مانگ موچەی فەرمانبەرانی نەداوە‌و ماوەی سێ مانگیش موچەی بە لێبڕینی 18 بۆ 21% بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكردووە.

تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان 
رۆژی 3ی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی ئابوری‌و نەبوونی موچە، لە "سەرا"ی سلێمانی دەستیپێكرد، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێنا‌و بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەكە كرد‌و چەند كەسێكیان لە خۆپیشاندەران دەستگیركرد.
هەر ئەو رۆژە لیژنەی باڵای ئارامی سلێمانی كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەرۆكایەتی دەكات‌و سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند:" هەر كۆبونەوە‌و گردبونەوەیەك بەبێ رەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامی، رێگەپێدراو نییە".
لە یەكەمین رۆژی خۆپیشاندانەكاندا، چەند كاردانەوەیەكی سیاسی رویاندا، بەمشێوەیە:
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند:" لەپێناو كۆتاییهێنان بە حوكمی ئەم دوو بنەماڵەیە پشتیوانی هەموو خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیان دەكەین".
•    بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەموو هەوڵێكیان لەناو حكومەت بۆ فەراهەمكردنی موچە بووە‌و پشتگیری داواكارییەكانی هاوڵاتیان دەكەن.
•    لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كە حزبەكەی دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانییە، لە پەیامێكدا رایگەیاند": هەموو هەوڵەكانم چڕكردوەتەوە بۆ كۆتایهێنانی یەكجاری بە كێشەی موچەخۆران‌و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەم كردووە".
•    فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی راگەیاند‌و دوای كرد دەستگیركراوان ئازاد بكرێن. 
•    حكومەتی هەرێم راپۆرتی لیژنەی دانوستانكاری خۆی لەگەڵ بەغداد لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكان سەبارەت بە بودجە‌و نەوت رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد.
•    فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و پشتیوانی بۆ خۆپیشاندان راگەیاند.
•    شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبوكی خۆی وێنەی منداڵێكی بڵاوكردەوە كە بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە بێ هۆش كەوتبوو، لەسەر نوسی: كێ ناڕازییە بابێتە سەر شەقام.
•    وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی چووە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2012ی عێراقدا، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق لە بەغداد رەخنەی لە وەفدەكە گرت‌و رایگەیاند:" یەكێتی‌و گۆڕان داوایانكرد وەفدی خاوەن بڕیار بڕواتە بەغداد، بەڵام لە پێكهاتەی وەفدەكەوە دیارە نایانەوێ رێكبكەون".
•    چەند كاتژمێرێك دوای خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، لە شەودا‌و لە ناحیەی وارماوای سەربە قەزای شارەزوور، دژی دابەشنەكردنی سوتەمەنی ژمارەیەك كەس رێگەی دەربەندیخان- سلێمانیان داخست.
•    ئەدهەم بارزانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، بەپێی هەموو لێكدانەوەیەك كوردستان لە بارودۆخێكی یەكجار هەستیاردایە، لەوانەیە زیاتر لەوە بەرگەی بێچارەسەرهێشتنەوەی بابەتەكان نەگرێ".

رۆژێك بۆ لێكدانەوە‌و لێدوان
رۆژی چواری ئەم مانگە، واتە رۆژێك دوای خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، تاڕادەیەك بارودۆخ ئارام بوو، خۆپیشاندان نەكرا، بەڵام چەند كاردانەوەیەكی سیاسی رویاندا كە ئەمانە بوون:
•    جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەمجارە حكومەتی هەرێم نەیەتە پێشەوەو ئامادەی رێككەوتن نەبێت لەگەڵ بەغداد، دەست بۆ بژاردەی دیكە دەبەین كە لەوانەیە بەدڵی هێزە سیاسییەكانی هەرێم نەبێت‌و لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت.
•    شیرین فوئاد مەعسوم كچی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی وتی:" تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی‌ كوردستان تێی كەوتووە، تەنیا لای‌ سەرۆك مەسعود بارزانییە وەك رابەری كورد".
•    محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان شیكردنەوەی تایبەتی بۆ شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەكان كرد‌و وتی:" گەرماو سەرما كاریگەری هەیە لەسەر خۆپیشاندانەكان، سلێمانی فێنك‌و ساردترە، هەولێر گەرمترە، بۆیە خەڵكی هەولێر درەنگتر دێنە سەر شەقام".
•    كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: لە هەولێریش خۆپیشاندانی مەدەنیانە ئاساییە.
•    مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی هاتە سەر هێڵی ناڕەزایەتییەكان‌و لە لێدوانێكدا وتی:" خەڵك هەر چوار پێنج مانگ دەتوانێ بەرگەی بێ موچەیی بگرێت، ئەم حكومەتە ناتوانێ موچە دابین بكات".
•    هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هەرسێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان) ئاگاداری رێككەوتنی پەنجا ساڵەی بواری وزەن لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا، ئەمە لەناو بەرپرس‌و لایەنگرانی گۆڕاندا هەندێك كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. 
•    ئاراس شێخ جەنگی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی‌و برای لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك وەكو ئاماژەیەك بۆ وەفدەی حكومەتی هەرێم كە ئاوات شێخ جەناب سەرۆكایەتی دەكرد نوسی:" ئەگەر ناردنی ئەو شاندەی هەرێم بۆ بەغدا راست بێت، ئەوان حكومەتی بنەماڵە نایەوێت لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت، بۆیە چاوەڕوانی وەزعێكی لەمە خراپتر بكەن، گۆڕان‌و یەكێتی لەم حكومەتدا هیچیان بەدەست نییە، بۆیە دەبێ بارزانی‌و كوڕەكەی بچنە بەغدا".
•    شەوی چواری مانگ، خۆپیشاندان لە دەربەندیخان دەستیپێكرد، كۆمەڵێك لە خۆپیشاندەران رێگەی سەرەكی كەلار- دەربەندیخان- سلێمانیان داخست.

قسەی گەرم‌و رۆژێكی سارد
رۆژی پێنجی مانگ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسەوباس لەبارەی رێگریكردن لە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی لە هەولێر، لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەرم بوو، هاوكات كەشناسی هەرێم پێشبینی ساردبوونی كەشوهەوا‌و بارینی بەفری كرد.
هەمان رۆژ میدیای حزبە بەشدارەكانی حكومەت بەدیاریكراوی پارتی‌و گۆڕان هەواڵی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغدادیان لەبارەی موچە‌و بودجەوە راگەیاند، چەند كاتژمێرێك دواتر ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ وەكو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە هەولێرو بەغداد هیچ رێككەوتنێكیان كردبێت‌و ئاشكرایكرد ئەوەی رویداوە تەنیا تاوتوێكردنی دوو پێشنیاز بوو لەنێوان وەفدی هەرێم‌و بەغداد، بەشێوەیە: 
•    پێشنیازی یەكەم: رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوت‌و نیوەی داهاتی گومرگەكان كە هەرێم خۆی خەرجی كۆمپانیاكان لەئەستۆ بگرێت
•    پێشنیازی دووەم: رادەستكردنی (450 هەزار) بەرمیل نەوت‌و نیوەی داهاتی گومرگەكان بەمەرجێ عێراق خەرجی كۆمپانیان بدات.
لەم رۆژەدا خۆپیشاندەرانی كوردستان پەیامێكی پاڵپشتییان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد‌و لەلایەن خۆپیشاندەران عێراقەوە پێگەیشت، كاتێك ڤیدیۆی ئاڵای كوردستان لەناو خۆپیشاندەرانی عێراق بڵاوكرایەوە. 
لەم رۆژەدا چەند روداوێكی تر رویاندا بەمشێوەیە:
•    وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغداد گەڕانەوە‌و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبونەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆكتۆبەر لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، كە تا ئێستا نەنێردراوە، ئەمە جیا لە مانگەكانی پێنج‌و شەش‌و حەوتی ئەمساڵ كە ماف‌و شایستەیەكی رەوای خەڵكی كوردستانە و حكومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.
•    بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەو رایگەیاند، فراكسیۆنی یەكێتی لەبەرەی خەڵك‌و داخوازییەكانیان دەبن‌و دەبێت هەموو رێگاو فشارێكی مەدەنی‌و شارستانی بگرنەبەر بۆ داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیان.
•    درەنگانێكی شەوی پێنجی مانگ، لە بەغداد بەرهەم ساڵح بە نهێنی لەگەڵ گروپی 15 كۆبوەوە، گروپی 15 ئەو پەرلەمانتارە كوردانەن كە دژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم‌و دەڵێن حكومەتی هەرێم پابەندی رێككەوتنەكانی نییە لەگەڵ بەغداد‌و ئەمە هۆكاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانە، پارتی لەم گروپە توڕەو نیگەرانە‌و بە گروپێكی یاخی لە حزبەكانیان ناویان دەهێنێت.

دابەزینی كۆرۆنا‌و بەرزبونەوەی ناڕەزایەتی
رۆژی شەشی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار ئاستی توشبوون بە كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بە رێژەی 75% كەمیكرد، بەڵام خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی زیادیكرد‌و گەیشتە قۆناغی سوتاندنی بارەگای حزبەكان.
رۆژی 6ی ئەم مانگە حكومەت موچەی وەزارەتی پێشمەرگە‌و لیواكانی پارتی‌و یەكێتی دابەشكرد، هەمان رۆژ وەفدی پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیاری زێباری گەیشتە سلێمانی‌و لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، لەم كۆبونەوانە رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی رۆژی 8ی ئەم مانگە كۆبونەوەی سێقۆڵی سێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت.
رۆژی شەشی مانگ، خۆپیشاندانێكی ئەوتۆ لە شارەكانی كوردستان روینەدا، بەڵام لە شەوەكەیدا، بەشێوەیەكی كتوپڕ، خۆپیشاندان لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی تەقییەوە، خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای یەكێتی‌و پارتیان داو سوتاندیان.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقە بە ئاڕاستەی هێزەكانی پۆلیس كراوە‌و ئەفسەرێك بە پلەی نەقیب بە فیشەك برینداربووە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان دەستكراوە دەبن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی بە ئەركی خۆی هەڵسن.

رۆژێكی خوێناوی
رۆژی 7ی ئەم مانگە بۆ خۆپیشاندەران رۆژێكی خوێناوی بوو، لەم رۆژەدا سێ خۆپیشاندەران كوژران.
بەرەبەیانی رۆژی 7ی ئەم مانگە هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی هەڵیانكوتایەسەر كەناڵی ئاسمانی (NRT)‌و پەخشی كەناڵەكەیان داخست، ئەم كەناڵە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە‌و بەبەردەوامی لە كەناڵەكەیەوە پەخشی راستەوخۆی خۆپیشاندانەكانی دەكرد.
پاش چەند كاتژمێرێك لە داخستنی كەناڵەكە، نوسراوێك بڵاوكرایەوە كە دەریدەخات كەناڵەكە لەسەر فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری راگیراوە بەهۆی ئەوەی "بەشێوەیەكی بەرپرسانە" هەڵسوكەوتی نەكردووە، داخستنی ئەم كەناڵە وەكو لێدان لە ئازادی رادەربڕین لێكدرایەوە‌و ژمارەیەك رۆژنامەنوسان چونە بەردەم كەناڵەكە بۆ پاڵپشتی لە ئازادی رادەربڕین.
هەمان رۆژ، واتە رۆژی حەوتی ئەم مانگە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی لە قەزای سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی تەقییەوە، خۆپیشانندەران لە سەیدسادق حزبەكانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنیان لەیەكتر جیانەكردەوە‌و جگە لە بارەگای سێ حزبەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیشیان سوتاند (یەكگرتووی ئیسلامی+ كۆمەڵی ئیسلامی+ حزبی شیوعی)، سەرباری بارەگای حزبەكان، خۆپیشاندەران بارەگای قایمقامیەت‌و ماڵی قایمقامی شارەكەیان سوتاند، لەم خۆپیشانەدا هیچ خۆپیشاندەرێك نەكوژرا، بەڵام چەند خۆپیشاندەرێك برینداربوون.
دیمەنی هێرشی خۆپیشاندەرێكی سەیدسادق بۆسەر كادرێكی پارتی، سەركردەكانی پارتی نیگەران‌و توڕە كرد‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە جێگەی مشتومڕ.
لەم رۆژەدا بوو، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و بۆ یەكەمجار بیرۆكەی "سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە"ی وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەكانی هەرێم پێشنیاز كرد، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەڕووی سیاسییەوە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوە‌و پابەند نییە بەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەكەی لە كوردستان لەگەڵ پارتیدا هەیەتی.
هەر رۆژی 7ی ئەم مانگە، لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان تەقییەوە، خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای لقی پارتییان دا، تەقە كراو گەنجێك بەناوی (ئەدهەم یەحیا) كوژرا، ئەدهەم یەكەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستانە.
هەمان رۆژو دوای فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی وەكو رێبەرێكی دەنگە ناڕازییەكان خۆی نمایش كرد‌و لە راگەیەندراوێكدا وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا پیشنیازی ئەوەی كرد حكومەتی هەرێم "تەعدیل"ی وزاری بكات‌و خۆی ئامادە بكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
فراكسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و ئیدانەی تەقەكردنی كرد لە خۆپیشاندەران.
دوای پەلاماردانی بارەگای حزبەكان لە سەیدسادق‌و چەمچەماڵ، ئێوارەی رۆژی 7ی ئەم مانگە بۆ یەكەمینجار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی لەبارەی ناڕەزایەتییەكانەوە بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، حكومەتەكەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراقدا بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی وتی:" هەرێم هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك دەیانەوێ بژێوی خەڵك بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەكاربهێنن‌و بە بیانووی بەرگریكردن لە ماف‌و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان، هەوڵی تێكدان‌و سوتاندن‌و ئاژاوەنانەوە دەدەن".
سەرۆكی حكومەت داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد، رێگە لە ئاژاوەو پشێوی نانەوەو پەنابردنە بەر توندتیژی‌و تێكدانی شوێنە گشتی‌و تایبەتی‌و بارەگاكان بگرن‌و سەرپێچیكارانیش ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە.
نەخشەی خۆپیشاندانەكان لە رۆژی حەوتی مانگدا بەمشێوەیە بوو:
•    شەوی حەوتی مانگ، خۆپیشاندان پەڕییەوە بۆ قەزای كفری ئیدارەی گەرمیان، خۆپیشاندەران بارەگای یەكێتییان سوتاند، تەقە كراو گەنجێك بەناوی (ئاكۆ سەلمان) لەناو خۆپیشاندەراندا كوژرا، ئەمە دووەمین كەس بوو لەناو خۆپیشاندەراندا كوژرا.
•    هەمان شەو لە قەزای دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، خۆپیشاندەران مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانیان سوتاند، بەهۆی تەقەكردنەوە لە خۆپیشاندەران گەنجێك بەناوی (سەربەست عوسمان) كوژراو بوو بە سێیەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان.
•    لە كفری گەنجێكی تر بەناوی (ئاكۆ سلێمان) بەهۆی تەقەوە كوژراو ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان گەیشتە (4) كەس.
•    هەڵەبجەش پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران‌و پاسەوانی بارەگاكان رویداو سێ خۆپیشاندەر برینداربوون.
•    لە هەولێر ئاگر لەناو زیندانی چاكسازی گەوراندا كەوتەوە‌و هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی گرتوخانەكەیاندا.
لەم رۆژەدا عوسمان حاجی مەحمود یەكێك لەسەركردەكانی پێشتری یەكێتی‌و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا بێلایەنە، هاتەسەر هێڵی ناڕەزایەتییەكان‌و لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن‌و رایگەیاند، چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت‌و شێوازە دەسەڵاتداریە ناكرێت بەردەوام بێت.
رۆژی 7ی مانگ كە ئەم رووداوانە رویاندا، حكومەت موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ‌و وەزارەتی دارایی خەرجكرد.

پلایس‌و كۆبونەوەی سێقۆڵی
نەخشەی رووداوە سیاسییەكان لە رۆژی هەشتی ئەم مانگەدا بەمشێوەیە بوو:
•    وەكو ئەوەی لەسەری رێككەوتبوون، سێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان) لەسەر ئاستێكی باڵا لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و بەسەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبونەوە. رێككەوتن لەسەر ئەوەی وەفدێكی حزبی باڵا دروستبكەن‌و وەفدەكە بچێتە بەغداد بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق‌و رزگاركردنی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سێ لایەنەكەی حكومەت پێشنیازیان كرد لەناو ئۆپۆزسیۆن دوو لایەن بەشداربن لە وەفدەكەدا كە ئەوانیش كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بوون، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە وەفدە حزبییەكە نەچووەتە بەغداد.
•    لە بەغداد لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەڵام چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
•    بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی:" ئەوەی لە سلێمانی روویدا پەیوەستە بە خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە"، حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان وەڵامی دایەوە‌و رایگەیاند:" قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نزیكەی چوار ساڵە دەستیپێكردووەو پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نیە".
•    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد‌و رایگەیاند، بەفەرمی وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقیان داوەتەوە‌و هەرێمی كوردستان پابەندە بە ناوەڕۆكی یاسای قەرزەوە، بۆیە ئیتر ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی عێراقدایە.
•    هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات هەروەها قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند.
•    حەسەن پلایس یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاندو هەڕەشەی پەلاماردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم بڵاوكرایەوە.
•     كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران  راگەیاند.
•    ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد بەرپرسانە هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن.
•    ستیڤن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، راپۆرتی توندوتیژی‌و قوربانییەكانی سلێمانی‌و بەكارهێنانی چەك لە ناخەوە هەژاندمی، داوا لە دەسەڵاتی ئەمنی دەكەم رێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرن.
•    نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە عێراق "یۆنامی" داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كرد ئازادی گردبونەوەو رادەربڕین بپارێزێن.
•    لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی، بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر هاتوچۆی نێوان شارەكانی سلێمانی‌و هەڵەیجە‌و ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین راگرت.
نەخشەی ناڕەزایەتییەكان لە رۆژی 8ی مانگ‌و شەشەمین رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا بەمشێوەیە بوو:
•    سێ لایەنی چەپ كە بریتی بوون لە (شیوعی، زەحمەتكێشان، بزوتنەوەی دیموكراسی) داوای مۆڵەتیان كرد بۆ سازدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە هەولێر، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەولێر رێگەیان پێنەدان.
•    لە قەزای شارەزوور خۆپیشاندەران بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە‌و ماڵی قایمقام‌و بارەگای چەند حزبێكیان سوتاند.
•    لە ناحیەی تەكیە هەمان رووداو دووبارە بووەو خۆپیشاندەران بینای بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، كۆمیتەی یەكێتی، بنكەی ئاسایش، بنكەی پۆلیس، فەوجی بەرگری ناحیە سوتێندرا، بەهۆی تەقەكردنەوە خۆپیشاندەرێك بەناوی (هیوا فوئاد) كوژراو بووە بە چوارەم كوژراوی خۆپیشاندانەكان.
•    لە قەزای سەیدسادق خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە‌و خۆپیشاندەرێك بەناوی (هەرێم عەلی) كوژراو بوو بە شەشەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان.
•    لە شەودا خۆپیشاندان لە قەزای پێنجوێن رویداو خۆپیشاندەران بارەگای (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سۆسیالیست‌و میوانخانەی قایمقامیەتیان سوتاند، لەم روداوانەدا پاسەوانێكی بارەگای پارتی بەناوی (ئاوات تالب) بە فیشەك كوژراو بوو بە شەشەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان.

دەستی دەرەكی
رۆژی 9ی ئەم مانگە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سەربەخۆكان) بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران لەناو بینای پەرلەمان مانگرتنیان راگەیاند.
هەر لەم رۆژەداو لە ئێوارەدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بارودۆخی ناڕەزایەتییەكان قسەی كرد‌و وتی:" خەڵكانێك لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون‌و كەسانی سوری لەناو خۆپیشاندانەكاندان.
مەسرور بارزانی جارێكی تر بەرپرسیارێتی قەیرانی دارایی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەرانی خستە ئەستۆی حكومەتی بەغدادو رایگەیاند، هیچ بیانویەكمان بۆ حكومەتی عێراق نەهێشتوەتەوە، ئەمساڵ حكومەتی بەغداد تەنیا شەش موچەی بە لێبڕینەوە بۆ هەرێم ناردووە.
مەسرور بارزانی پێشنیازی ئەوەی خستەڕوو، بەو داهاتەی كە لەبەردەستی حكومەتدایە موچە مانگانە دابەش بكرێت، بەڵام لەم حاڵەتدا رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر دەبێت، بۆ ئەمەش داوای پاڵپشتی لایەنە سیاسییەكان‌و پەرلەمانی كرد.
لەم رۆژەدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكیان بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران خوێندەوە‌و داوایان كرد پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكان لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بكات، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان فەرمانی بە لیژنەی مافەكانی مرۆڤ كرد بچنە هەرێمی كوردستان‌و بەشێوەیەكی مەیدانی لێكۆڵینەوە بكەن‌و راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە پێشكەشی پەرلەمان بكەن.
نەخشەی ناڕەزایەتییەكانی لە رۆژی 9ی مانگدا بەمشێوەیە بوو:
•    لە چەمچەماڵ خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە‌و خۆپیشاندەران مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕانیان سوتاند
•    لە ناحیەی شیلادزێی سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك هەوڵی خۆپیشاندان درا، هێزە ئەمنییەكان رێگرییان كرد‌و چەند كەسێك دەستگیركران.
•    لە قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان كرا، پێكدادان رویداو ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرگری‌و فریاكەوتن بەناوی عەقید (حەمزە محەمە) بەردێك بەر سەری كەوت‌و گیانی لەدەستداو بوو بە حەوتەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان.
•    لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، چیتر رێگەنادەن خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەردەوام بێت‌و لێرە بەدواوە هێزە ئەمنییەكان دەستكراوە دەبن.
•    یەكەمین خۆپیشاندان دوای فەرمانەكەی لیژنەی ئەمنی لە ناحیەی عەربەتی سەربە پارێزگای سلێمانی رویدا‌و چەند كەسێك برینداربوون.
•    دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، خۆپیشاندان مافێكی یاسایی هاوڵاتیانە‌و پشتیوانی لە هەموو چالاكییەكی مەدەنی‌و یاسایی دەكەن.
•    لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی بۆ 24 كاتژمێری تر قەدەغەی هاتوچۆی درێژكردەوە.

"تەعدا لە كەس قبوڵ ناكەین"
هێزە ئەمنییەكانی سەربە پارتی ژمارەیەك گەنجی خوار تەمەن (18) ساڵیان لە ناحیەی قەسرێی دەڤەری باڵەكایەتی دەستگیركرد كە بەنیاز بوون خۆپیشاندان بكەن.
هەمان رۆژ مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و دادگایكردنی بكوژی خۆپیشاندەرانی كرد‌و رەخنەی لە ئیئتلافی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) گرت بەوەی بەشێوەیەكی بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكان دەكەن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەو كادیرەی حزبەكەی بینی كە لە سەیدسادق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی كرایەسەر، بارزانی لەو دیدارەدا وتی:" پارتی تەعدا لە كەس قبوڵ ناكات".
دوێنێ شەو جارێكی تر لە قەزای كفری خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە‌و گەنجێك بە ناوی (میران محەمە) كوژراو بوو بە هەشتەمین كوژراوی خۆپیشاندانەكان.

كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكان
دوێنێ لە سلێمانی ژمارەیەك چالاكی سیاسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی شارو شارۆچكەكانی سنورەكە، وادەی سازدانی خۆپیشاندانێكی نوێیان لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ‌و دوای نوێژی هەینی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە چووەنە شوێنی مەبەست، هێزە ئەمنییەكان دەستگیریان كردن‌و بە گازی فرمێسكڕێژ خۆپیشاندانەكەیان بڵاوەپێكرد.

زیانە گیانی و مادیەكان:
-     (8) خۆپیشاندەر و كارمەندی هێزە ئەمنیەكان بە گوللە كوژران.
-    زیاتر لە (120) كەس بریندار بوون.
-    زیاتر لە (150) فەرمانگەو بارەگای حزبی سوتان و زیانیان پێگەیشتووە.
-    زیاتر لە (100) خۆپشاندەر دەستگیر كراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand