نەوت یان داهاتەكەی .. كامیان رادەستدەكرێت؟
2020-12-13 19:50:18
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
هێشتا وەفدی هەرێمی كوردستان لەبری نەوت باسی رادەستكردنی داهاتی نەوت دەكات، هەندێك لە لایەنە شیعەكان داوای نەوتەكە دەكەن، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەمشەو لەگەڵ لایەنە شیعەكان كۆدەبێتەوە، هەوڵی چارەسەر دەدات، پێشبینی رێككەوتنی "گشتگیر" ناكرێتو رەنگە لە باشترین حاڵدا وەفدی هەرێم تاوەكو پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراق تەنیا زامنی (320 ملیار) دیناری تری موچەی فەرمانبەران بكات، بەڵام قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدەكە دەڵێت هەنگاوی باش چوینەتە پێشەوەو تەنیا رێككەوتن لەسەر وردەكارییەكان ماوە. زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
رێككەوتن كراوە ؟
ماوەی چوار رۆژە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات لە بەغدادە.
وەفدی هەرێم چەندین كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەوانە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو وەزیری داراییو لیژنەی دارایی پەرلەمان كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەندێك لە میدیا عێراقیو عەرەبییەكان هەواڵی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێمو حكومەتی فیدراڵیان لەسەر نەوتو بودجە بڵاوكردەوە، تا ئەو رادەیەی چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوەكرد، سبەینێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ.
زانیاریی میدیا عێراقییەكان باسلەوە دەكەن، هەرێم قایل بووە بەوەی تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی تەواوەتی خۆی لە بودجەی عێراق، بەڵام پێدەچێت ئەم زانیارییانە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر رایگشتی هەرێمی كوردستانو عێراق دزەی پێكرابێت، چونكە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان وەفدی هەرێمو حكومەتی بەغداد نەكراوەو سەردانی چەند رۆژی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد پەیوەندی بە كاری وەفدی حكومەتی هەرێمەوە نییەو بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوندییەكانی هەرێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق.
هەندێك لە بەرپرسانی كورد باسلەوە دەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو نەرمییەكی نواندوووە بۆ رێككەوتن، رەنگە ئەمە بۆ ئەوە بێت لەحاڵی شكستهێنانی دانوستانەكە، لەبەردەم شەقامی ناڕازیی هەرێمدا جارێكی تر بەرپرسیارێتی نەبوونی موچە بخەنەوە ئەستۆی بەغداد.
چی دەگوزەرێت ؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە حكومەتی عێراق دەستی كەوتووە، وەفدی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هیچ زانیارییەك لەبارەی رەوتی دانوستانەكانیانەوە دزە نەكات بۆ ناو میدیاكان، چونكە هەر دزەكردنێك رەنگە زیان بە گفتوگۆكان بگەیەنێت، پێدەچێت ئەمە هۆكارەكە بێت كە تائێستا زانیارییەكی ئەوتۆ لەبارەی كرۆكی گفتوگۆكانەوە نازانرێت.
بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی تائێستا لەبەردەستدایە، ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیەوێت بە هەرجۆرێك بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێكبكەوێتو مانگانە بڕە پارەیەك بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق بەبێ رادەستكردنی نەوت ئامادە نییە پاڵپشتی هیچ رێككەوتنێك بكات، ئەمەش كێشەی بۆ دانوستانەكە دروستكردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هێشتا وەفدی هەرێم رەزامەندی لەسەر رادەستكردنی نەوت نەداوەو دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لەبری رادەستكردنی نەوت، بەهای نەوتەكە لە پشكی هەرێم ببڕدرێتو پاشماوەی پارەكە بۆ هەرێم بنێردرێت.
وەفدی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە ناوەڕۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی "قەرز" راگەیاندووە، ئەم یاسایە دەرفەتی ئەوەی بە هەرێم داوە لەبری نەوت جارێكی تر داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەمە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، وەفدی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە داتای مانگانەی داهاتی نەوت بخاتە بەردەم بەغدادو داتاكانی فرۆشی نەوتی هەرێم لەمساڵدا بە بنەما وەردەگرێت و لەسەر بنەمای ئەو داهاتە حكومەتی عێراق مەقاسە واتە "لێدەركردن" بكاتو پشكی هەرێم بنێرێت، ئەمە لەچوارچێوە گشتییەكەیدا هەمان رێككەوتنی ساڵانی پێشووی نێوان هەولێرو بەغدادەو بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لەلایەنە شیعەكان بیریان لێدەكردەوە، هەرێم ناچار ناكات بەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
رادەستكردنی داهاتی نەوت لەبری نەوت، بۆ عێراق دوو بابەتی جیاوازن، چونكە هەرێم نەوت بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕی جیهانیی دەفرۆشێت، بۆیە داهاتی هەر بڕە نەوتێك كە رادەستی بەغدادی بكات زۆر كەمتر دەبێت لەوەی بەغداد خۆی نەوتەكەی هەرێم بە نرخی بازاڕی جیهانیی بفرۆشێت.
ئەوەی تائێستا هەیە، پێشبینی ناكرێت وەكو ئەوەی باسدەكرێت رێككەوتنی "گشتگیر" لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد بكرێتو رەنگە لە باشترین حاڵەتدا وەفدی هەرێم بتوانێت تەنیا زامنی (320 ملیار) دیناری تر بكات بۆ موچەی ئەم مانگە.
ئەمە لە كاتێكدا قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی حكومەتی هەرێم چەند جارێك جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە لە دانوستانەكانیاندا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەنگاوی باش چونەتە پێشەوەو تەنیا ئەوە ماوە لەسەر وردەكارییەكانی رێككەوتنی كۆتایی بكەن.
كێشەیەكی یاسایی
یەكێك لەبەربەستەكانی تری بەردەم رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد بەبێ رادەستكردنی نەوت، بۆ ئەو دۆسیە یاساییانە دەگەڕێتەوە كە پێشتر حكومەتی فیدراڵ لەبارەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەسەر هەرێمی كوردستان تۆماریكردووە.
قایلبوونی حكومەتی عێراق بە وەرگرتنی داهاتی نەوتی هەرێم لەبری نەوتەكەی، لەڕووی یاساییەوە بەواتای ئەوەدێت حكومەتی عێراق قایلە بەوەی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوتەكەی بفرۆشێت، واتا عێراق جارێكی تر سەروەری بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمە لەلایەكی ترەوە كێشە بۆ عێراق دروست دەكات، چونكە لەسەر بابەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، حكومەتی عێراق لە دادگا دوو سكاڵای یاسایی لەسەر هەرێمی كوردستان تۆماركردووە:
سكاڵای یەكەم:
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هێشتا هەڕەشەیە لەسەر توركیاو هەرێمی كوردستان، قایلبوونی حكومەتی عێراق بەوەی هەرێمی كوردستان تەنیا داهاتی نەوت رادەست بكات، دەتوانرێت وا لێكبدرێتەوە كە عێراق قایلە بەوەی هەرێم نەوتەكەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت، ئەمەش سكاڵاكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگای پاریس پوچەڵ دەكاتەوە.
سكاڵای دووەم:
ئەمەش سكاڵایەكە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەبارەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆو دوور لە چاوی بەغداد، تۆماریكردووە، قایلبوونی بەغداد بەوەی هەرێم تەنیا داهاتی نەوت رادەستی بكات، رەنگە كێشە بۆ ئەم دۆسیەیەش دروست بكات.
هەموو ئەمانە وایكردووە فشارێكی زیاتر بخرێتەسەر حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ناچار بكرێت نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، نەك داهاتی نەوت.
بەرهەم ساڵح لەگەڵ شیعەكان كۆدەكاتەوە
سەرچاوەیەك لەناو هاوپەیمانی سائرون بە (درەو)ی راگەیاند، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بانگهێشتی لایەنە شیعەكانی كردووە بۆ گفتۆكردن لەبارەی پرسی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، ئێستا لە ماڵی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان لە كۆبونەوەدایە، بەرهەم ساڵح دەیەوێت شیعەكان قایل بكات بە رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد.
(درەو) زانیویەتی، لەناو لایەنە شیعەكاندا هەریەكە هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدرو هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادیو رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم دژی ئەوەی بەغداد بەبێ رادەستكردنی نەوتو داهاتەكانی تر، هیچ بڕە پارەیەك بە حكومەتی هەرێم بدات، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیو هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری كێشەیەكی ئەوتۆیان نییە.
كێشەی پەرلەمان
گفتوگۆی وەفدی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق، كێشەی لەناو پەرلەماندا دروستكردووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران دژی رێككەوتنن بەبێ ئەوەی هەرێم ناچار بكرێت نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكاتو هەڕەشەی رێگریكردن دەكەن لە تێپەڕینی هەر جۆرە رێككەوتنێك لە بودجەی 2021ی عێراق ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكات.
بەشێكی ئەم دژایەتییە بۆ رێككەوتن، پەیوەندی بە ململانێی سیاسی نێوان لایەنە شیعەكانەوە هەیە بەتایبەتی لەكاتێكدا عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایەو لایەنە شیعەكان دەیانەوێت پرسی رێككەوتن لەگەڵَ هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت، بكەن بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر.
وەفدی هەرێم دەیەوێت هەندێك لە نیگەرانییەكان لە رێككەوتنەكە لەناو پەرلەمان بڕەوێنێتەوە، بۆیە دەیەوێت لەگەڵ ژمارەیەك لە روخسارە دیارەكانی ناو پەرلەمان كۆببێتەوەو رونكردنەوەیان پێبدات لەبارەی چۆنیەتی پابەندبوونی هەرێم بە یاسای قەرزەو.
لیژنەی دارایی پەرلەمان كە لە (22) كەس پێكدێت، بەشداری لە گفتوگۆی نێوان وەفدی هەرێمو حكومەتی عێراق كرد، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە ئەندامە میانڕەوەكانی ناو لیژنەكە بەشداربن لە كۆبونەوەكەدا بۆ ئەوەی كێشە بۆ رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد دروست نەبێت، بەڵام هەندێك ناڕەزایەتی لەناو لیژنەكە لەبارەی رێككەوتنەكەوە هەیە، ئەمەش بەهەمان شێوە پەیوەندی لە ململانێی نێوان لایەنە شیعەكان هەیەو هەریەكەیان دەیەوێت خاڵێك لەسەر ئەوەی تر تۆماربكاتو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرپرسیارێتی رێككەوتنی هەرێم بخاتە ئەستۆی ئەو.
خاڵی هێزو لاوازی هەردوولا
ئێستا كە وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەگفتوگۆدایە، حكومەتی هەرێم بەهۆی كێشەی موچەوە لەژێر فشاری بەهێزی لایەنە سیاسییەكانو ناڕەزایەتی شەقامدایەو هەموان فشار بە ئاڕاستەی رێككەوتن دەكەن، ئەمە خاڵی لاوازی وەفدی هەرێمەو وای لێدەكات ناچار بێت هەرچی زووە رێككەوتن بكاتو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد دەرباز بكات كە بۆ ئەم مانگە حكومەتی مستەفا كازمی لەترسی پەرلەمان نەیناردووەو بڕكەی (320 ملیار) دینارە.
دانوستانی وەفدی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەكاتێكدا بەڕێوە دەچێت، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، لایەنە شیعەكان بابەتی پشكی هەرێمیان لە بودجەی عێراق كردووە بە موزایەدەی سیاسی لەسەر یەكتر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆربەی شیعەكان بەدانانی مەرجی رادەستكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەیانەوێت كێشە بۆ حكومەتی مستەفا كازمی دروست بكەن و باری سەرشانی وەفدی دانوستانكاری هەرێم قورستربكەن.
لەبەرامبەردا حكومەتی عێراقیش لە دوو ئاڕاستەوە لەژێر فشاردایەو ئەمە بووە بە خاڵی لاواز بۆی، كە وەفدی هەرێم دەتوانێت بە باشی سودی لێ ببینێت:
ئاڕاستەی یەكەم: فشارێكی نێودەوڵەتی بەهێز لەسەر حكومەتی عێراق هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەفدی هەرێم بگاتە رێككەوتنو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەتایبەتیش لەلایەن ئەمریكاو بەریتانییەكانەوە.
ئاڕاستەی دووەم: لایەنە شیعەكان تەماشای دۆخی هەرێمی كوردستانو سەرهەڵدانی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكەن، هەندێك لە شیعەكان ترسیان هەیە لەژێر كاریگەری خۆپیشاندانەكانی سلێمانیدا، جارێكی تر خۆپیشاندانو ئاڵۆزی بگەڕێتەوە بۆ شەقامی شیعە.