بەرهەم ساڵح لەگەڵ گروپی پانزە کۆبووەوە
2020-12-05 20:31:58
(درەو):
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ لە بەغداد بە نهێنی لەگەڵ گروپی ١٥ کۆبوەوە.
گروپی ١٥ ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتین کە بەردەوام رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی پابەند نییە بە رێککەوتنەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق.
پارتی دیموکراتی کوردستان توڕەیە لەم گروپەو بەردەوام لە میدیاکانییەوە هێرشی توندیان دەکاتە سەر، تا ئەو ئاستەی زۆرجار بە "ناپاک" ناویان دەبات.
رەنگە نیگەرانی پارتی لەم گروپە وایکردبێت، بەرهەم ساڵح بە نهێنی کۆبونەوەیان لەگەڵدا بکات.
بەهۆی نهێنی کۆبونەوەکەوە، تا ئەم ساتە (درەو) هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح و نوێنەرانی گروپی ١٥ دەستنەکەوتووە.
ئەندامانی گروپی ١٥ بریتین لە:
٭ پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان (یوسف محەمەد- هۆشیار عەبدوڵا- کاوە مەحمود- غالب محەمەد- بەهار مەحمود).
٭ دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی (ئەحمەد حاجی رەشید، سەلیم شوشکەیی)
٭ دوو یەکگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین، جەمال کۆچەر)
٭ دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە (سەرکەوت شەمس، رابون مەعروف).
٭ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (رێبوار كەریم، عەبدولباری مەجید)
٭ دوو پەرلەمانتاری جیابووەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ (یوسرا رەجەب، سڕوە ونس)
کۆبونەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ گروپی ١٥ هاوکاتە لەگەڵ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەو نەوتەوە، بەهۆی یاسای قەرزەوە کە بەمدواییە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەم مانگە، تاوەکو ئێستا (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە.
لەناو گروپی ١٥وە لە بەغداد هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەستی حکومەتی هەرێم وەربگیرێتەوەو راستەوخۆ لە لایەن حکومەتی بەغدادوە دابەشبکرێت، ئەمەش کراوە بە پرۆژەیەک لەناۆ پەرلەمانی عێراقدا، وا دەردەکەوێت سەرۆک کۆمار پشتیوانی لەم بیرۆکەیە بکات، چونکە تائێستا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.