عێراق وچین ئامادەكاری بۆ واژۆكردنی ڕێكەوتنێكی نەوتی دەكەن
2020-12-09 12:18:13
درەو:
عێراق ئامادەكاری بۆ واژۆكردنی ڕێكەوتنێكی چەندین ملیار دۆلاری دەكات لەگەڵ كۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)ی چینی، كە بەپێی ئەم. ڕێكەوتنە بەغداد پارەی نەختینەی دەستدەكەوێت وهاوكاری دەبێت لەو تەنگەژە داراییەی كە ئێستا تێیكەوتووە، بەرانبەر پێدانی نەوت بە كۆمپانیای ناوبراو بۆ ماوەیەكی دوور.
ئاژانسی بلومبێرگ لەبارەی ڕێكەوتنەكەوە دەڵێت ڕێكەوتنەكە وەك تازەترین نمونەی قەرزێكی چینی دێتە بەرچاو لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی بازرگانی وچەند بانكێكەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدان، بۆ ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت كە بارودۆخیان ئاڵۆزە وەك ئەنگۆلا وفەنزەوێلا وئیكوادۆر، بەرانبەر بە دانەوەی قەرزەكە بە نەوت.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند كە كۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)ی حكومی چینی بۆ بازرگانی نەوت لەپێشەنگی كۆمپانیا ڕكابەرەكانە بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستێكی فرۆشتنی نەوتی عێراقی بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمپانیای بەبازاڕكردن وفرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستێكی نەوتی ختستۆتەڕوو كە سەرنجی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان وخانە بازرگانیەكان وكۆمپانیا چینی وهیندییەكانی بواری پاڵاوتنی نەوتی ڕاكێشاوە، وكۆمپانیای (چینخوا ئۆیڵ)یش گرێبەستێكی باشی پێشكەش بە كۆمپانیای (سۆمۆ) كردووە.
حەسەن نەدیم ووتەبێژی حكومەتی عێراقی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە وەزارەتی نەوتی عێراق تاوتوێی گرێبەستی كۆمپانیا بەشداربووەكان دەكات لەم سەفقە نەوتیدا كە پیشەكی پارەكەی دەدرێت.
كۆمپانیای براوە سەفقەكە بڕی دوو ملیار وپێنج سەد ملیۆن دۆلار دەداتە كۆمپانیای (سۆمۆ) بەرانبەر بە وەرگرتنی بڕی ٤٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ماوەی نێوان ٢٠٢١/٧/١ تا ٢٠٢٢/٦/٣٠.
دابەزینی خواست لەسەر كڕینی نەوت ولەهەمان كاتدا دابەزینی نرخی نەوتەكەش زیانی بە بودجەی عێراق گەیاندووە وحكومەتی عێراقیش بەردەوامە لە هوڵەكانی بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەرانی.
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم سەفقەیە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.
بە پێی مەرجەكانی ناو نوسراوی ئاراستەكراو لەلایەن (سۆمۆ)وە بۆ كۆمپانیاكان لە مانگی ڕابردوودا، براوەی سەفقەكە مانگانە بڕی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەكڕێت، یان نزیكەی ١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی بلومبێرگ، كۆمپانیای براوەی سەفقەكە پێشەكی پارەی یەك ساڵ كڕینی نەوت دەدات بە نرخی ئێستا، واتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار.
گرێبەستەكەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشەكی پارەی یەك ساڵ وەردەگیرێت.
بلومبێرگ ئەم. سەفقەیە بە ”دەگمەن” ناودەبات، چونكە لەڕابردوودا هیچ كات عێراق لە هیچ سەفقەیەكدا پێشەكی پارەی وەرنەگرتووە، بەڵام. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە باكوری ئەو ووڵاتەدا سەفقەی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە ساڵانی ڕابردوودا.
هەروەها سەفقەكە دەگمەنە چونكە ڕێگە بە كۆمپانیای براوەی سەفقەكە دەدات نەوتی خاوی عێراقی بگوازێتەوە بۆ هەر شوێنێك كە بیەوێت بۆ ماوەی یەك ساڵ، بەشێوەیەكی گشتی نەوتی خاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە مەرجگەلێكی قورس دەفرۆشرێت كە ڕێگە نادەن بە بازەگان وپاڵاوگەكان كە نەوتەكە دوبارە بفرۆشنەوە لە چەند ناوچەیەكی جیاواز.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەم سەفقەیە گرنگیەكی زۆری پێدراوە لەلایەن ناوە گەورە وناسراوەكانی بواری بازرگانی نەوتەوە، هەروەها ماوەی پێشكەش كردنی تەندەرەكان كە كۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوو بوو درێژكراوەتەوە تا كاتی زیاتر بدرێتە ڕكابەرە بەشداربووەكان.
سەرجەم ووڵاتانی بەرهەمهێنی سەرەكی نەوت زەرەرمەند بوون لەمساڵدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كە هۆكارەكەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو. بەڵام عێراق كە بە تەواوی پشتی بە نەوت بەستووە بۆ دەسخستنی داهاتی حكومی لە بارودۆخێكی زۆر خراپتردایە بەراورد بە زوربەی ووڵاتانی دیكەی هەناردەكاری نەوت كە ئەندامن لە ڕێكخراوی ووڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك).
كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەپێی پێشبینیەكانی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی لەمساڵدا كۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق كەم دەبێتەوە بەڕێژەی ١٢%، واتە ڕێژەی كەم كردنەكەی زیاتر دەبێت لە هەر ئەندامێكی دیكەی ئۆپیك.
الحوڕە