Draw Media

قوباد تاڵەبانی بۆ (درەو): سبەینێ كۆبونەوەی لوتكەیە

قوباد تاڵەبانی بۆ (درەو): سبەینێ كۆبونەوەی لوتكەیە

2020-12-11 20:11:54


(درەو):
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم لە بەغدادە ئاشكرایكرد، سبەینێ كۆبونەوەی لوتكە دەكرێت‌و هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران و شاییستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای قەرزدا دەدەین. 

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، دوو رۆژە لە بەغدادە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سبەینێ كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداد.
لەبارەی رەوتی دانوستانەكانی دوو رۆژی رابردووی وەفدی هەرێم لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی وتی:" وەفدی هەرێم هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای كورتهێنانی قەرزدا دەدات"
سەرباری (320 ملیار) دیناری مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە پێشتر حكومەتی هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنیان لەسەر كردووە، وەفدی هەرێم چاوی لەوەیە، وەكو شایستەی دارایی خۆی، لەو قەرزە سودمەند بێت كە پەرلەمانی عێراق بەمدواییە یاسای بۆ دەركرد.
بەگوێرەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە هەندێك بە یاسای قەرز ناوی دەبەن، حكومەتی مستەفا كازمی بڕی (28 ترلیۆن) دینار قەرز دەكات بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی، ئەم پارەیە بڕی (10 ترلیۆن) دیناری بۆ خەرجی سیادی دەڕوات‌و (18 ترلیۆن) دیناری بۆ خەرجی بەكاربردنە.
لە خەرجی بەكاربردن حكومەتی هەرێم بڕی 12.67%ی بەردەكەوێت، وەفدی هەرێم دەیەوێت لەكۆی ئەو (18 ترلیۆن) دینارە، بڕی نزیكەی (2 ترلیۆن) دینار وەكو شایستەی دارایی خۆی وەربگرێت.
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت چاو لەو (2 ترلیۆن) دینارەی مافی هەرێم بپۆشن‌و هەرێم قایل بكەن بەوەی تەنیا (320 ملیار)ی موچەی مانگانەی فەرمانبەران وەربگرێت، بەڵام ئێمە سەرباری 320 ملیار دینارەكە، دەمانەوێت موچەی مانگەكانی پێنج‌و شەش‌و حەوت وەربگرین كە شایستەی دارایی فەرمانبەرانی هەرێمە، ئەمە جگە لە دوو ترلیۆن دیناری یاسای قەرز".
سەرباری ناڕەزایەتییەكانی لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق، حكومەتی هەرێم دواجار لەڕێگەی وەزیری داراییەوە پابەندبوونی خۆی بە یاساكەوە راگەیاند، بەپێی ئەم یاسایە دەبێت هەرێم داهاتی بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، حكومەتی هەرێم چاوی لەوەیە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بەهای ئەو نەوتە لە بەشە بودجەكەی ببڕدرێت، بەڵام لەڕێگەی پابەندبوون بە یاسای قەرزەوە دەیەوێت هاوكات سودمەند ببێت لە بەشێك لەو قەرزەی حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی خۆی كردویەتی.
كۆبونەوەی سبەینێ وەفدی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەبێت، رەنگە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش بەشداری تێدا بكات، هەر جۆرە رێككەوتنێك كە لەو كۆبونەوەیەدا بكرێت، دەبێت بە بنەما بۆ رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەند لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا كە بڕیارە بەمزوانە بگاتە پەرلەمانی عێراق‌و پەسەند بكرێت.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand