Draw Media

(درەو میدیا):  ئێزدییەكانی شەنگال ئیمارەتێكی نوێ لە ناوچەكەیان دادەمەزرێنن‌و نایف بن داود بە میری ئیمارەتەكەیان دیاریدەكەن‌و هەڵبژاردنی میر حازم تەحسین بەگ بە میری ئێزدییەكان رەتدەكەنەوە. ئەمڕۆ لە مەزاری شیبل قاسم لە شەنگال ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی‌و كەسایەتییە ئێزدییەكان كۆبوونەوە‌و ئیمارەتی شەنگالیان راگەیاند‌و نایف بن داودیان وەك میری ئیمارەتەكەیان ناساند. لە بەیاننامەیەكیشدا هەڵبژاردنی حازم میر تەحسین بەگیان رەتكردەوە‌و رایدەگەیەنن" میر تەحسین بەگ هیچ وەسیەتێكی دەربارەی جێنشینی نەنوسیوە‌و ئەوەی بۆ گەلی ئێزدیی بەجێهێشتووە‌و گەلی ئێزدیش بە گوێرەی ئاینەكەیان چەند بنەمایەك رەچاودەكەن لە هەڵبژاردنی میرێكی نوێدا و پێویستە ئەو كەسەی كە بە میر هەڵدەبژێردرێت دایك‌و باوكی لە خێزانی میر بن، ئەم مەرجەش لە میر حازمدا نیە, هەروەها یەكێك لە گرنگترین مەرجەكانیش كە گەلی ئێزدیی داوادەكەن لە میری نوێدا هەبێت ئەوەیە كە كەسێكی سەربەخۆ بێت‌و دووربێت لە كاری حزبی‌و سیاسیی، بەڵام ئەمەش لە هەڵبژاردنی میر حازمدا جێبەجێ نەكرا. ئێزدییەكانی شەنگال لە كۆتایی بەیاننامەكەشیاندا جەختدەكەنەوە كە هەموو دەستوەردانێكی حزبی لە كاروباریان رەتدەكەنەوە‌و ئیمارەتی شەنگال رادەگەیەنن كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراقدا دەبێت‌و نایف بن داود بن سلێمان بەگیش وەك میری ئیمارەتی شەنگال دیاری دەكەن كە بەوتەی خۆیان هەموو مەرجەكانی تێدایە. لە رۆژی 27ی تەموزی رابردوو  میر حازم تەحسین بەگ بە میر هەڵبژێردرا كە هەریەك لە (حازم  تەحسین بەگ، كوڕی میر تەحسین بەگ، كامیران خەیری بەگ، شێرزاد فاروق بەگ، هەرمان میرزا بەگ، سالم نەجمان بەگ، میران سەباح جاسم بەگ و عامر مەحمود بەگ) خۆیان كاندید كردبوو تا ببن بە میری ئێزدییەكان. حازم میر تەحسین بەگ، میری نوێی ئێزدییەكان لەدوای هەڵبژاردنی بە میری ئێزدیەكان رایگەیاند: لەگەڵ پیاوانی ئاینی و رۆشنبیرانی ئێزدیی توانیمان بگەینە ئەو رۆژە، لە ئەمڕۆوە وەك میر لە خزمەتی ئێزدییەكاندا دەبم و ئەنجومەنێك دادەمەزرێنین و زیاتر لە 60% شەنگالییەكان دەبن". حازم تەحسین بەگ كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پشتیوانی دەكرێت لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.    ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەن‌و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، باوەڕدارانی ئەم ئاینە، باسی ئاین‌و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" بوو بۆسەر شەنگال‌و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا، كە بەهۆیەوە هەزاران  كەسیان لێكوژراو هەزاران ژن‌و كچ‌و منداڵیشان كرانە كۆیلەو كەنیزەك.  ئێزدییەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر رووبەڕووی ستەم‌و چەوساندنەوەو پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن، باوەڕیان وایە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لەبەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە (300 هەزار بۆ 750 هەزار) كەس دەخەمڵێنن، بەزۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق‌و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە "لە ئەزەلەوە هەن‌و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن"، بڕوایان وایە "ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوەو پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە، دواتر خودا حەوای خەڵقكردووەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە، مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە"، بەوەش خۆیان بە "وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند" دادەنێن. مەزارو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدیی ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن‌و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری "شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای "لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ‌و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایەو زۆربەی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن.   زمان‌و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن، زمانی رەسمی مەراسیم‌و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی‌و ئیداریی دێرینن، كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها چەند نەریت‌و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی "مەسحەفا رەش"، بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی ترو ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆرو مانگدا لە ئایینی زەردەشتی‌و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكەو  لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی‌و لە نوێژو زەكات‌و حەج‌و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆو چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە (40 رۆژ لە هاوین‌و 40 رۆژ لە زستان)، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە، واتە (رۆژووی ئێزید) كە سێ‌ رۆژە لە ساڵێكدا (سێشەممە، چوارشەممەو پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك)، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. ئێزدییەكان سێ‌ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن‌و دەبێت بكەوێتە (دووشەممەو سێشەممەو چوارشەممە)و بە رۆژووی "خدر ئەلیاس" ناودەبرێت، پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. پلەو پایە لە ئاینی ئێزدیدا  ئێزدییەكان بەگوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوەو بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ (عادی بن مسافر) ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتوانن جگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: • شێخ شەمش • شێخ حەسەن • شێخ بەكر • شێخ ناسرەدین‌و .. هتد 3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن‌و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیەو قژێكی درێژیان هەیە. 4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك (خواپەرست‌و باوەڕدار)یان هەیە، قەواڵ ئەو كەسانەن كە سرودە ئاینییەكان دەڵێن‌و سەربە یەك عەشیرەتن، ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیك‌و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی "كوچك"ە كە بە مانای دیوەخان دێت، چینێكن لە خەڵكی گشتی‌و پۆشاكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتییە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستاو داهاتوو"، دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانەو لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیەو زۆر ملكەچ نین‌و زەكات نادەن، مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ‌ چیندا دابەشدەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك‌و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن‌و چینی "پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی "شێخ"، بەڵام ئەوە راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە هاوسەرگیری لەنێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێنادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی سەربە شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات.  


( درەو میدیا): بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزدییەكان  لەكۆی 6417 كەسی دەستگیركراوی دەستی داعش 3451 كەسیان لە ژن و منداڵ رزگاركراون. لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی داعش بۆسەر شەنگال لە 3ی ئابی 2014دا 1293 كەسیان لێ شەهید بووەو لەو رۆژەدا زیاتر لە 360 هەزار كەس لە شەنگال ئاوارە بوون بە گوێرەی ئامارەكە: * كۆی ئێزدییەكان  لە عێراق: 550 هەزار كەس  * ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی داعشەوە: 360 هەزار كەس * ژمارەی شەهیدەكان لە رۆژەكانی سەرەتای هاتنی داعش: 1293 شەهید * ژمارەی ئەو منداڵانەی باوكیان لەدەستداوە: 1759 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی دایكیان لەدەستداوە: 407 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی باوك‌و دایكیان لەدەستداوە: 359 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی دایك‌و باوكیان لای داعشن: 220 منداڵ * كۆی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی بە شەنگال دۆزراونەتەوە: 80 گۆڕ و دەیان گۆڕی تاكەكەسی * ژمارەی ئەو مەزارگە‌و شوێنە ئاینییانەی لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە: 68 مەزارگە * ژمارەی ئەو ئێزدییەكانی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی عێراق: زیاتر لە 100 هەزار كەس * ژمارەی ئێزدییە رفێندراوەكان: 6417 كەس، 3548 نێر، 2869 نێر * ژمارەی ئەو ئێزدییانەی لە دەستی داعش رزگاركراون: 3451 كەس، 1178 ژن، 337 پیاو، 1010 منداڵی كچ، 926 منداڵی كوڕ * ژمارەی ئەو رفێندراوانەی ئازادنەكراون: 2966، 1360مێ‌، 1606 نێر. رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شەنگال‌و شارۆچكە‌و گوندەكانی دەوروبەری‌و تاوانی كۆمەڵكوژی دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامدا‌و ژنان و كچان‌و منداڵانانی ئەو كەمایەتییە ئاینییەیان كردە كۆیلە‌و سەبایا و لە بازاڕەكانی رەقەدا كڕین‌و فرۆشتنیان پێوەكردنن و كردنیانە كۆیلەی سێكسی.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف– فازل حەمە رەفعەت  هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان ساڵانە (23 كیلۆ) خەیارو (30 كیلۆ) تەماتەو (24 كیلۆ) پیاز دەخوات، لە سێ‌ ساڵی رابردوودا لە هەرێم بەبەهای نزیكەی (400 ملیار) دینار میوەی مزری وەك (پرتەقاڵ، لالەنگی‌و لیمۆ)ی هاوردەكردووە. 24 كیلۆ پیاز بۆ یەك كەس  بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی ناوخۆیی بە (135 هەزار) تەن پیاز هەیە، لەو بڕە پێویستی بە (92 هەزارو 235) تەن پیازی سپی یە، بەرهەمی ناوخۆیی پیازی سپی (41 هەزارو860) تەنە، واتا (50 هەزارو 375 ) تەن پیاز هاوردە دەكرێت، هاوردە (55%)ی كۆی بەرهەمی پیازی سپی لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. پیازی سور، ساڵانە هەرێم پێویستی بە (43 هەزارو599 ) تەنە لەم جۆرە پیازە،‌ لەو بڕە بەرهەمی ناوخۆی پیازی سور (14 هەزارو552) تەن پێكدەهێنێت، واتا (29 هەزارو 47) تەنی لەرێگەی هاوردەكردنەوە دابین دەكرێت، هاوردەی پیازی سور رێژەی (67%)ی كۆی بەرهەمی پیازی سور لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. واتا بەكۆی گشتی (135 هەزارو 834) تەن پیاز (بە پیازی سپی‌و سورەوە) پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ بەرهەمی پیاز پڕدەكاتەوە، لەم بڕە (79 هەزارو 422 هەزار) تەنی هاوردە دەكرێت، كە ساڵانە بایی زیاتر لە (31 ملیار) دینارە، بەو پیازەی لە دەرەوەی هاوردە دەكرێت لەگەڵ ئەوەی لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت ساڵانە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەبەهای (55 ملیار) دینار پیاز دەفرۆشرێت. بە لێدانی بڕی پێداویستی ناوخۆ‌و ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، دەردەكەوێت هەر تاكی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی (24) كیلۆگرام پیاز دەخوات، بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆن‌و 718 هەزارو 627) كەسە، ئەمە بەگوێرەی ئاماری (دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق)، خۆ ئەگەر بە تێكڕا هەر كیلۆیەك (10 سەلك) پیاز دابنرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (240 سەلك) پیاز دەخوات. بەشێك لە توێژینەوە پزیشكییەكان ئاماژە بە سودگەلێكی زۆری پیاز دەكەن بۆ تەندروستی مرۆڤ، لەشكر حەمید پسپۆڕی زانستی خۆراك‌و سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی سلێمانی ژمارەیەك سودی زۆری پیاز دەخاتەڕوو لەوانە:  •    خوردنی زۆرترین بڕی پیاز لە هەموو ژەمەكاندا بەتایبەتی بە كاڵی، زۆر سودبەخشە بۆ دابەزاندنی كێش. •    خواردنی پیاز بە كاڵی یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناو دەم بەهۆی بەرزی ڕێژەی كبریت تێیدا. •    پیاز دەوڵەمەندە بە كبریت‌و ریشاڵەكان‌و پۆتاسیۆم‌و كالسیۆم‌و ڤیتامین C‌و ڤیتامین B، ڕێژەیەكی كەم چەوری‌و كۆلسترۆڵ‌و سۆدیۆمی تێدایە. •    چارەسەرە بۆ نەخۆشی هەڵامەت‌و ئیلتیهاب‌و ڕەبۆ و سكچوون. •    سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكات‌و حەساسیەت كەم دەكات. •    بەهۆی بونی ڕێژەیەكی زۆر لە ڕیشاڵەكان بەتایبەتی ڕیشاڵی (oligofructose) ڕێگەخۆشكەرە بۆ كرداری هەرسكردن. •    یارمەتیدەرە بۆ ڕێكخستنی ڕێژەی شەكری خوێن، هەروەها دابەزاندنی ڕێژەی شەكری خوێن. •     ئارەزووی سێكسی زیاد دەكات. •    پیاز پێش كوڵان یارمەتی دروستبوونی كۆلیستروڵی (HDL) دەدات كە پێك‌هاتووە لە كۆلیسترۆڵێكی بەسوود، یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی دڵ بەشێوەیەكی تەندروست.  •    بەرگری لەش دژی نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەكات. •    پاككردنەوەی لەش لە ژەهرو ماددەی زیانبەخش. ئەوەی كە دەبێت لەبارەی پیازەوە بزانرێت ئەوەیە، پیاز پێویستە پیاز لەكاتی لەتكردنی هەڵنەگیرێت‌و نابێت بەر هەوا بكەوێت، پێویستە پیاز لە شوێنی ساردو وشك هەڵبگیرێت‌و دور بێت لە شوێنی شێدار. 230 خەیار لە ساڵێكدا پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ خەیار، ساڵانە زیاتر لە (130 هەزار) تەنە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، لەساڵی 2017دا لە بازاڕەكانی هەرێمدا (131 هەزارو 782) تەن خەیار فرۆشراوە، لەم بڕە (100 هەزارو 552) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، كە دەكاتە (76%)ی كۆی بەرهەم خەیار لە هەرێمی كوردستان، خەیاری هاوردەكراویش (31 هەزارو 260) تەن بووە، كە دەكاتە رێژەی (24%)ی كۆی بەرهەمی خەیار. ئەگەر بەراوردكاری بكەیت بە ساڵانی رابردوو، خواست لەسەر خەیار زۆر زیادیكردووە، بەوپێیەی لە ساڵی 2016دا پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ خەیار (94 هەزارو 433) تەن بووە، بەڵام لە 2017دا بەرزبوەتەوە بۆ (31 هەزارو 782 ) تەن، واتا لەماوەی یەك ساڵدا خواست لەسەر خەیار نزیكەی (37 هەزار) تەن زیادی كردووە. بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی خواست لە بازاڕەكاندا دەردەكەوێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (23) كیلۆگرام خەیار دەخوات، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆن‌و 718 هەزارو 627) كەسە، خۆ ئەگەر بەتێكڕا بۆ هەر كیلۆیەك (10 دانە) خەیار دابنرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (230) خەیار دەخوات. خەیار لە سەوزەواتەكانە، سوودێكی زۆری بۆ جەستە هەیە، لە كۆنەوە بۆ چارەی زۆر نەخۆشی سوودی لێوەرگیراوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كۆمەڵێك سوودی هەیە:  •    خەیار یەكێكە لەو سەوزانەی كە كەمترین كالۆریی تێدایە، 100 گرام خەیار 15 كالۆریی تێدایە، هیچ ڕۆن‌و كۆلیستڕۆڵێكی تێدا نییە، توێكڵی خەیار سەرچاوەیەكی باشی ڕیشاڵە ڕووەكییەكانە، سوودی بۆ قەبزی هەیەو لە شێرپەنجەی قۆڵۆن دەتپارێزێت، بە لەناوبردنی ئەو ژهرانەی لە كۆئەندامی هەرسدا هەن. •    خەیار سەرچاوەیەكی باشە بۆ پۆتاسیۆم، 100 گرام خەیار، 147 ملی گرام پۆتاسیۆمی تێدایە، هەروەها 3 ملی گرام سۆدیۆمی تێدایە، كە ڕێژەی پاڵەپەستۆی خوێن كەمدەكات‌و ترپەی لێدانی دڵ لەباری ئاساییدا دەهێڵێتەوە. •    بەهۆی بوونی ماددەی دژە ئۆكسیدی وەكوو ڤیتامین A، لە نەخۆشییەكانی پێست‌و پیربوونی دەتپارێزێت. •    هەر 100 گرام لە خەیار، 17 مایكرۆ گرام ڤیتامین K تێدایە، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ بەهێزكردن‌و دروستكردنی ئێسكەكان، هەروەها چارەسەری نەخۆشیی ئەلزهایمەریش دەكات. •    خەیار سوودی بۆ بەهێزكردن‌و گەشەی قژ هەیە، بەهۆی بوونی ماددەی سیلیكۆن‌و كبریت تێیدا.  •    بۆ نەهێشتنی ئاوسانی چاو، دوو پارچە خەیاری شێوە بازنەیی لەسەر چاوت دابنێ بۆ ماوەی 10 خولەك. •    بۆ چارەسەركردنی ئەو سوتاوییانەی كە بەهۆی تیشكی خۆرەوە دروست دەبێت، پارچە خەیار بێنەو لەو شوێنانەی بخشێنە كە سوتاون. •    بە خواردنەوەی ئاوێكی تێكەڵەی خەیارو كەرەوز، پلەی گەرمیی ئاسایی لەشت دەپارێزێت. •    خوێن پاك دەكاتەوە، چارەسەرە بۆ هەوكردنی میزەڵدان‌و گێژبوون‌و زۆرمیزكردن. •    خەیار جەستەمان لە ژەهرەكان دەپارێزێت، بە تایبەتی چارەسەری نەخۆشیی وەك میزكردنی نەخۆشانی شەكرە، بەهۆی بوونی جۆرە ماددەیەك لەناویدا، كە وەكوو ئەنسۆلین كار دەكات. 300 تەماتە بۆ یەك كەس تەماتە وەك یەكێك لە پێداویستییە سەرەكیەكانی خۆراك لە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت، هەموو خێزانێكی هەرێمی كوردستان رۆژانە لە ژەمە جیاوازەكاندا بەكاردەهێنێت. پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ تەماتە لە ساڵی 2018دا بڕەكەی گەیشتووەتە (170 هەزارو 190) تەن، كە (83 هەزارو 107) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەرێژەی (49%)، لەبەرامبەردا بڕی (87  هەزار 86) تەنی بەرێژەی (51%) لە دەرەوە هاوردەكراوە. بەڵام لە ساڵی 2016دا پێداویستی هەرێم بۆ بەرهەمی تەماتە زۆر زیاتر بووە‌و ئەوكات پێداویستی گەیشتووەتە (188 هەزارو 68) تەن، ئەوكات بەبەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بووە‌و (86 هەزارو 205 ) تەن بووە بەرێژەی (46%)، لە 2016دا هەرێم (101 هەزارو 862) تەن تەماتەی لە دەرەوە  هاوردە كردووە بەرێژەی (54%). بەشێوەیەكی گشتی هەرێم ساڵانە بەبەهای (50 ملیار) دینار تەماتە هاوردە دەكات.  بەلەبەرچاوگرتنی خواست لەسەر تەماتە لە بازاڕەكاندا، دەردەكەوێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (30 كیلۆگرام) تەماتە دەخوات، بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆن‌و 718 هەزارو 627) كەسە،   خۆ ئەگەر بە تێكڕا بۆ هەر كیلۆیەك (10 دانە) تەماتە ئەژماربكرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (300) تەماتە دەخوات. بە گوێرەی لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان تەماتە چەندین سودی هەیە بۆ مرۆڤ لەوانە:  * ماددە بێسوودو زیانبەخشەكان لە لەشی مرۆڤ دوور دەخاتەوە. * یارمەتیدەرێكە بۆ گەدەو رێخۆڵەكان، تاوەكو بەباشی كار بكەن. * ئەگەر تەماتە بە توێكڵەوە بخورێت، یارمەتیدەرێكە بۆ كۆئەندامی هەرس. * بۆ ئەو كەسانەی كێشەی قەبزییان هەیە، دەتوانن سوودی لێوەربگرن. * پاكەرەوەیە بۆ خوێن. * لە نەخۆشی شێرپەنجە دورمان دەخاتەوە، بە تایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات. * مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ‌و دەمار دەپارێزێت. * سوودێكی زۆری هەیە بۆ نەخۆشی رۆماتیزم. * تەماتە پیربوون دوا دەخات. * پێست سپی دەكاتەوەو رەنگوڕوو جوان دەكات. بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ئاو و هەواو ژینگەو خاكێكی گونجاوی هەیە بۆ كشتوكاڵ‌و ئاودێری، كە دەتوانێت بەرهەمی تەواوی بەشێك لە میوەو سەوزە دابین بكات، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی كزو لاوازە، جوتیاران لەبەر دوو هۆكار سڵ دەكەنەوە لە ناشتنی زەوییەكانیان: •    بەروبومی ناوخۆی تێچوەكەی زۆرەو داهاتێكی كەمی هەیە، بەتایبەتیش لە وەرزی چنینەوەی بەروبومدا لە بازاڕەكاندا نرخێكی كەم دەست جوتیاران دەكەوێت، بۆ نمونە كیلۆیەك خەیار كە تێچووەكەی زیاتر لە (160 دینار)ە، هەندێك جار تەنها (100 دینار)ی دەگاتە دەستی جوتیار، بەوەش جوتیارەكە زیان دەكات یاخود كەمترین داهات كۆدەكاتەوە.  •    زیادبوونی بەرهەمی هاوردەكراو كە نرخی بەرهەمی ناوخۆ دەشكێنێت.  مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەتی عێراق هاوردەكردنی (15) جۆر بەروبومی كشتوكاڵی بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان قەدەغە كرد، مەبەست لەو بڕیارەش هاندانی جوتیارانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانە.  ئەو بەروبومانەی كە هاوردەكردنیان قەدەغەكراوە بریتین لە (تەماتە، خەیار، پەتاتە، باینجان، كەلەرم، قەڕنابیت، گێزەر، نەبەق، كاهو، شوتی، سیر، كولەكەو گەنمەشامی).  وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكراشیكرد، هەركاتێك وەرزی بەرهەمی ناوخۆ كۆتاییهات، دەستدەكرێتەوە بە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە، بەڵام سەرەڕای چەند بەرهەمێكی ناوخۆیی، بەشێكی زۆری میوەو بەروبومەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان بەرهەمناهێنرێت‌و بە ناچاری لەدەرەوە هاوردە دەكرێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو، لە سێ‌ ساڵی رابردوودا لە هەرێم نزیكەی (413 هەزارو 390) تەن میوەی مزری وەك (پرتەقاڵ، لالەنگی‌و لیمۆ ) خوراون، كە تەنیا (هەزارو 591) تەنی بەرهەمی ناوخۆ بووە، واتە تەنیا نزیكەی (0.38%)ی مزرەمەنیی بەكاربراو، زیاتر لە (99%)ی پێداویستی ئەو بەروبومانە لە عێراق، توركیا، ئێران، سوریاو میسرەوە هاوردەكراون، واتە ساڵانە بایی نزیكەی (130 ملیار) دینار مزرەمەنی هاوردەدەكرێت.      


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام، ناڕەزایەتی لەناو فەرمانبەران دروستكردووە، زۆربەی فەرمانگەكانی سنوری سلێمانی پابەندنین بە بڕیارەكەوە، بەڵام حكومەت دەیەوێت لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە بڕیارەكەی بەتەواوەتی بسەپێنێت.  "كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆرو خانەنشین‌و چارەسەركردن‌و رێكخستنەوەی دەوام.." ئەمە خاڵی یەكەمی كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. كابینەی نوێ كە ماوەی (20) رۆژە دەستبەكاربووە‌و تائێستا تەنیا (3) كۆبونەوەی كردووە، لەم ماوەیەدا یەك خاڵی كارنامەكەی جێبەجێكردووە كە ئەویش رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە. حكومەت بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكاتەوە، واتە بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش قەیرانی دارایی‌و پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران. كورتەیەك بەهۆی قەیرانی داراییەوە شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی لەنێوان (25% بۆ 75%)ی موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمە ناوی لێنرا "سیستمی پاشەكەوتی موچە"، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی موچەخۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی فەرمانبەران، وەزارەتەكان فەرمانگەكانیان سەرپشك كرد دەوامی رۆژانە كەمبكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك كەمكردنەوەكە كارنەكاتە سەر رایكردنی ئیشوكاری هاوڵاتیان. لەوكاتەوە تائێستا زۆربەی فەرمانگەكان رۆژی پشووەكانیان زیادكردووە‌و كاتی دەوامی رۆژانەشیان كەمكردوەتەوە، لەم ساڵانەدا دیاردەی "تناوب" واتە جێگرتنەوە دەركەوت، كە ئەمەش كاركردنە بە تیمێكی كەم‌و فەرمانبەرێك لە شوێنی چەند هاوكارێكی تری كاروبارەكان رادەپەڕێنێت. حكومەت بەدوو قۆناغ لە مانگی ئازاری 2018 و دواجاریش لە مانگی ئازاری 2019 بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەهانەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام بڕی. حكومەت لە سلێمانی ! لە یەكەم كۆبونەوەی كابینەی نوێی حكومەتدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا فەرمانیدا دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكرێتەوە، واتە فەرمانگەكانی حكومەت‌و وەزارەتەكان لە كاتژمێری (8:00)ی بەیانییەوە تاوەكو (3:00)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بكەن، هاوشێوەی دەوامكردن لە وەزارەت‌و فەرمانگەكانی عێراق. لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی وەزیرەكان نوسراویان بۆ فەرمانگەكانی خۆیان دەركرد‌و ئاگاداریان كردنەوەی لەكاتی نوێی دەوامكردنیان. ئاسایكردنەوەی ماوەی دەوامكردن، فەرمانبەرانی توڕەكردووە، توڕەییەكە پەڕیوەتەوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زۆرینەی فەرمانگەكان پابەند نین بە بڕیارەكەی مەسرور بارزانییەوە، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەنیازن لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە بڕیارەكە بەتەواوەتی بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، پابەندنەبوونی فەرمانبەران بە بڕیارەكەی مەسرور بارزانییەوە چەند هۆكارێكی هەیە: •    فەرمانبەران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەقیان بەشێوازی ئێستای دەوامكردنیانەوە گرتووە‌و لەسەر بنەمای ئەم شێوازە كاتەكانی ژیانی تایبەتییان رێكخستووە، گۆڕینی ئەمە كاتی پێویستە. •    لەلایەكی ترەوە ئەوەی فەرمانبەرانی توڕەكردووە، كابینەی نوێ لە یەكەم هەنگاودا كاتی دەوامكردنی ئەوانی زیادكردووە، بەڵام هیچ قسەیەكی دڵخۆشكەری لەسەر چارەنوسی موچە "پاشەكەوتكراوەكان"یان‌و گەڕاندنەوەی سیستمی كاركردن بە بەرزكردنەوەی موچە "ترفیع" نەكردووە. •    ئەمە سەرباری ئەوەی حكومەت هێشتا لەبارەی موچەوە دڵنیایی تەواوەتی بە فەرمانبەران نەداوە‌و تائێستا نەیتوانیوە مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، ئێستا كە یەكەم رۆژی مانگی ئابە، موچەخۆرانی هەرێم تەنیا موچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووە‌و حكومەت موچەی (3) مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران قەرزارە، جگە لە موچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی رابردوو. جگە لە ئاسایكردنەوەی كاتی دەوام، مەسرور بارزانی چەند فەرمانێكی تری بۆ فەرمانبەران‌و وەزیرەكان دەركردووە كە ئەمانەن:  یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوەن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە. دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات. سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن. چوارەم: دەبێت رۆتین لە دامودەزگاكانی حكومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی خێراو ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵاو پرسیاری هاوڵاتیان بەشێوەیەكی خێراو گونجاو، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتەو دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت و پێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە دامودەزگاكانی حكومەتدا. پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیرو بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە توندی سزا دەدرێن. موبایلی قەدەغەكرد ئانۆ جەوهەر عەبددولمەسیح وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت توندتر مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانیدا كرد، ئەو بەبڕیارێك بەكارهێنانی موبایلی لە فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی لەكاتی دەوامی فەرمیدا قەدەغەكرد. ئەم وەزیرە كە لەسەر پشكی مەسیحییەكان دانراوە‌و لە بنەڕەتەوە خۆی ئەندامی ناوچەی عەنكاوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەڵێ:" بەكارهێنانی موبایل لە فەرمانگەكاندا كاروباری هاوڵاتیان پەكدەخات، نابێت لە وەزارەتەكەیدا مامەڵەی هیچ هاوڵاتییەك دوابخرێت بۆ رۆژێكی تر".  دروشمێكی كۆن ! ساڵی 1991 دوای كشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق لە شارەكانی هەولێرو دهۆك‌و سلێمانی، هێزو لایەن‌و رەوتە كوردییەكان بینای دامەزراوە‌و فەرمانگەكانیان پڕكرد لە دروشمەكانی خۆیان، ئەوكات یەكێك لە دروشمەكانی رەوتی كۆمۆنیست بریتی بوو لەو دروشمەی كە دەڵێ:" 35 سەعات كار لە هەفتەدا‌و دوو رۆژ پشووی لەسەریەك". ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەرداوە، جێبەجێكردنی ئەم دروشمەیە، زیادكردنی دەوام لە كاتژمێر (8:00)ی سەرلەبەیانییەوە بۆ (3:00)ی پاشنیوەڕۆ، لە هەفتەیەكدا بۆ هەر فەرمانبەرێك دەكاتە (35) كاتژمێر كاركردن، ئەمە لەگەڵ دوو رۆژە پشووەكەی (هەینی‌و شەممە)دا كە وەكو خۆی ماوەتەوە‌و دەستكاری نەكراوە. فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەك ئەرك‌و مافەكانیان دیاریكراوە كە ساڵی 1960 دەچووە، ئەو یاسایە پێی دەوترێت یاسای "قانون الخدمە المدنیە"، ئەم یاسایە كۆن بووە‌و ئێستا پەرلەمانی عێراق دەیەوێت یاسایەكی نوێ لەجێگای دەربكات كە ناوی "قانون الخدمە المدنیە الاتحادی"ە، پرۆژەی یاساكە لەناو پەرلەمانی عێراقدایە‌و هێشتا پەسەندنەكراوە. بەپێی دواین ئامارەكان، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كوردستان گەیشتوەتە (5 ملیۆن‌و 600 هەزار) كەس، لەم رێژەیە (ملیۆنێك‌و 249 هەزار) موچەخۆر هەیە، لەناو ئەمانەدا تەنیا (721 هەزار) كەسیان فەرمانبەری فیعلین. ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق (4 ملیۆن) فەرمانبەر. لە نوێترین لێدوانیدا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق دەڵێ:" پێش ساڵی 2003 ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 850 هەزار كەس بووە، بەڵام ئێستا ژمارەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان گەیشتوەتە 6 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس".


راپۆرت: نامیق رەسوڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند‌و ئەوەش هەنگاوێكە رەنگە زیان بە هەلی دانوستانی دیپلۆماتی بگەیەنێت لە كاتێكدا ناكۆكی‌و ململانێكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن ڕۆژبەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی‌و گرژی زیاتر هەنگاودەنێت. ستیڤن مینۆچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا وتی:" جەواد زەریف ئەجێندا بێسەروبەرەكانی رابەری باڵای ئێران پیادە دەكات‌و ئەو وتەبێژی رژێمەكەیە لەسەرتاسەری جیهاندا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیامێكی روون‌و ئاشكرا ئاراستەی رژێمی ئێران دەكات‌و ئاگاداری دەكاتەوە كە ئەو رێبازەی لەمدواییەدا گرتویەتیەبەر هەرگیز مایەی قبوڵكردن نیە". سزاكان چین؟ بە گوێرەی سزاكان زەریف هەر موڵك‌و ماڵ‌و بەرژەوەندییەكی لە ئەمریکا هەبێت بلۆكدەكرێت, هاوكات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئاشكرایكرد بڕیاری پێویست دەدات دەربارەی پێدانی ڤیزا بە زەریف بۆ ئەمریكا‌و لەنێویشیاندا ڤیزای سەردانكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و هێشتا روون نییە كە ئایا زەریف بێبەش دەبێت لە ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەیلولی داهاتوودا‌و ئەگەر زەریف ڤیزای سەردانكردنی نیویۆرك بەدەستبهێنێت ئەوا هەلی ئەنجامدانی پەیوەندی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریكا لە نیویۆرك بۆ دەڕەخسێت كە ساڵانە زۆرینەی سەركردەكانی جیهان ئامادە دەبن. "سوپاستان دەكەم" زەریف كە لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لە ئەمریكا بووە‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لە سان فرانسیسكۆ‌و دێنڤەر خوێندووە‌و پاشان لە 2002ەوە تا 2007 باڵیۆزی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیارەكەی ئەمریكا لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" ئەو هۆكارەی كە پاڵی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە ناوە بۆ ئەو بڕیارە ئەوەیە، من وتەبێژی رەسمیی ئێرانم لەسەرتاسەری جیهاندا... ئایا راستی تا ئەو رادەیە ئازاربەخشە؟ ئەم هەنگاوە هیچ كاریگەریی لەسەر خۆم‌و خێزانەكەم نابێت، هیچ موڵك‌و بەرژەوەندییەكم لە دەرەوەی ئێران نیە، سوپاس بۆ ئێوە كە من وەک مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەجێنداكانتان دەبینن". " رەفتارێکی منداڵانەیە" حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش هەنگاوەكەی ئەمریكای دەربارەی زەریف بە " رەفتاری منداڵانە" وەسفكرد‌و رایگەیاند: ئەو بڕیارە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە. رۆحانی لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی ئێران راستەوخۆ پەخشیكرد وتی:" دەگەڕێنەوە بۆ رەفتاری منداڵانە، هەموو رۆژێك ئەوە دەڵێنەوە كە دەمانەوێت گفتوگۆ بكەین بەبێ‌ مەرجی پێشوەخت... پاشان سزا بەسەر وەزیری دەرەوەدا دەسەپێنن". رۆحانی وتیشی:" وڵاتێك كە باوەڕی وایە بەهێزەو هێزێكی جیهانی گەورەیە لە دیدارەكانی وەزیری دەرەوەمان دەترسێت، كاتێك دكتۆر زەریف لە نیویۆرك دیدارێكی ئەنجامدا... ئەمریكییەكان وتیان وەزیری دەرەوەی ئێران رای گشتیمان چەواشە دەكات، چی بەسەر ئەو ئازادی و دیموكراتییەدا هات كە بانگەشەتان بۆدەكرد، كۆڵكەكانی كۆشكی سپی وا بونیاتنراوە كە بە وشە‌و لۆجیكی  پیاوێكی فیداكار‌و بەئاگا بلەرزێت". كاردانەوەی ناوخۆی ئەمریكا كریس مێرڤی سیناتۆری دیموكراتی لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گومانی خۆی دەربڕی دەربارەی سودی ئەو هەنگاوی كە حكومەتی ئەمریكا لەدژی وەزیری دەرەوەی ئێران گرتویەتیەبەر‌و لە تویتێكدا نوسیویەتی:" ئەگەر بە راستی هەڵوێستمان ئەوەیە كە دانوستان لەگەڵ ئێران بكەین، پێویست نەبوو لەسەرمان  سزا بەسەر دانوستانكاری سەرەكییاندا بسەپێنین". هاوكات ویندی شیرمان، كە لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، گەورە دانوستانكاری ئەمریكا بوو لە دانوستانەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران هەمان بۆچونی سیناتۆر مێرڤی دووپاتكردەوەو رایگەیاند سەپاندنی سزا بەسەر زەریفدا " سەرچڵییە لە سنوری دروستكردنی بارگرژییەكی مەترسیداردا". شیرمان بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكاشی بەستەوە بە قسەكانی جۆن بۆڵتۆنەوە دەربارەی نوێكردنەوەی لێبوردنی سزاكانی تایبەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران كە ریێگە بە روسیا‌و چین‌و وڵاتانی ئەوروپا دەدات بەردەوام بن لە هاوكارییەكانیان لە بواری وەزەی ئەتۆمیی مەدەنییدا لەگەڵ تاران. شیرمان كە بەڕێوەبەی سەنتەری سەركردایەتی گشتییە لە كۆلێژی هارڤارد كنیدی وتی:" گریمانەی ئەوە هەیە سزادانی زەریف بەهای ئەو لێبوردنەیە‌و وادەردەكەوێت كە شەڕی بەرەی جەنگ یان دیپلۆماسیەت لەناو ئیدارەی ئەمریكادا لەكڵپە سەندندایە". محەمەد جەواد زەریف كێیە؟ محەمەد جەواد زەریف ساڵی 1960 لە تارانی پایتەخت‌و لە خێزانێكی ئاینی‌و دەوڵەمەند لە دایكبووە‌و خێزانەكەی لە بواری بازرگانیدا زۆر چالاك بوون، لە تەمەنی هەرزەكاریدا خانەوادەكەی رەوانەی كالیفۆرنیای ئەمریكای دەكەن، چونكە لەو كاتەدا بەهۆی ئەندامێتی لە كۆمەڵەی خوێندكارانی ئیسلامیدا زۆری نەمابوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژێمی پاشایەتی ئێرانەوە دەستگیربكرێت. زەریف لە ئەمریكا‌و لە زانكۆی " دێنڤەر" بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە‌و پاشان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی خوێندووەو رۆشنبیرییەكی ئەمریكی بەرفراوانی هەیە‌و پسپۆری دانوستانە بە پلەی" نایاب"‌و هەندێك بە " گەورەترین شەیتان" وەسفیدەكەن. هەر لەماوەی مانەوەیەدا لە ئەمریكا بە خانەوادەی هاشمی رەفسەنجانی‌و كەسایەتی تری گرنگی ئێرانی ئاشنابووە‌و بە كوڕی رژێمی ئێستای ئێران‌و بەرگریكاری سەرسەختی دادەنرێت لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە‌و نوێنەرایەتی وڵاتەكەی كردووە لە چەندین دانوستاندا لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا. " هەمیشە دەم بەخەندە" زەریف لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك‌و تویتەر هەوادارێکی زۆری هەیە‌و تاكە وەزیری حكومەتی ئێرانە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بەكاردەهێنێت كە لە ئێراندا چاودێری بەردەوامیان لەسەرە. زەریف بەوەناسراوە  رێكپۆش‌و جوانپۆشە‌و هەمیشە دەم بەخەندەیە‌و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە لە ریزی رۆشنبیران‌و گەنجانی ئێرانداو ئابی 2013 وەك وەزیری دەرەوەی ئێران دەستنیشانكرا‌، پێش ئەوەش لە 2002 بۆ 2007 باڵیۆزی وڵاتەكەی بوو لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەندازیاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە زەریف بە بڕبڕەی پشتی دیپلۆماسیەتی ئێران دادەنرێت‌و رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە دانوستانەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان لە 2015 دا، بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە روبەڕووی فشاری زۆری توندڕەوەكانی ئێران بوەوەو ئەوەش وایكرد دەست لەپۆستەكەی بكشێنێتەوە‌و بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكەی لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە رەتكرایەوە.


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدانی حیزبەكەی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە‌و سلێمانی دروستدەكات. ئەمڕۆ لە لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەڵەبجە، كلیلی (25) خانوو رادەستی كەسوكاری شەهیدانی ئەو حیزبە كرا. بەسام عەلی بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە بە ساتی فەرمی حیزبەكەی وتووە:" سەرۆك بارزانی بودجەی دروستكردنی 235 خانووی شەهیدان لە هەڵەبجە دابین كردووە". رەپێی قسەی بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە" لە كۆی 235 خانوو تائێستا 168 خانوو تەواوكراوە‌و رادەستی خانەوادەی شەهیدان كراوە، كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیداوە لە‌ماوەیەكی نزیكدا ئەو خانووانەی ماوەتەوە، تەواو بكات". باسیلەوەكردووە" بە تەواوبوونی 235 خانووی خانەوادەی شەهیدان، هیچ خانەوادەیەكی شەهیدی پارتی نامێنێت، كە لە سنوری لقی 12 موستەفید نەبووبێت لە شوقە، یان خانوو". بەشێوەیەكی گشتی لە سنوری زۆنی سەوز بەدیاریكراوى لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە پارتی (هەزارو 330) خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدانی حزبەكەی دروست دەكات، بەمشێوەیە: •    500 خانوو لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی •    235 خانوو لەناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە •    120 خانوو لە سنوری ئیدارەی راپەڕین •    350 خانوو لە قەزای چەمچەماڵ •    55 خانوو لە قەزای دوكان •    70 خانوو لە قەزای دەربەندیخان لە مەكتەبی سیاسی پارتی كەسێك دیاریكراوە بۆ سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی دروستكردنی خانووەكانی سنوری زۆنی سەوز، ئەو كەسەش (عەبدولڕەحمان حاجی حوسێن)ە.


(درەو میدیا): دەستەی نەزاهەی عێراق رایگەیاند، نەوفەل عاكوب، پارێزگاری هەڵاتووی نەینەوا بڕی 11.3 ملیار دینار ( 9.4 ملیۆن دۆلار) ی لە بودجەی تەرخانكراو بۆ ئاوارەكانی نەینەوا دزیوە‌و لە بانكەكانی هەرێمی كوردستان دایناوە. بەرپرسێكی دەستەی نەزاهە كە قسەی بۆ میدیاكانی عێراق كردووە، رایگەیاندووە " چەند موستەنەد‌و چەكێكیان دەستبەسەردا گرتووە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە روندەكاتەوە كە لە بودجەی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران بۆ هاوكاریكردن‌و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا تەرخانكراوە". ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكردووە" پێویست بوو ئەو پارەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی دوو نەخۆشخانە خەرجبكرێت، بەڵام نەوفەل عاكوب پارێزگاری نەینەوا پارەكەی راكێشاوە‌و لە ئەكاونتی خۆی لە هەرێمی كوردستان دایناوە". نەوفەل عاكوب، پارێزگاری پێشووی نەینەوا مانگی ئازاری رابردووو دوای رووداوی نقومبوونی كەڵەكێك لە موسڵ‌و مردنی نزیكەی 100 كەس لە پۆستكەی دوورخرایەوە‌و ماوەیەك پاش دوورخستنەوەی دەستەی نەزاهە رایگەیاند 60 ملیۆن دۆلاری بودجەی پارێزگای نەینەوا دیارنەماوە كە چەند فەرمانبەرێكی نزیك لە عاكوب دزیویانە. هەرچەندە فەرمانی دەستگیركردن بۆ عاكوب دەركراوە، بەڵام تائێستا دەستگیرنەكراوە‌و لە فەرمانی گرتنەكەیدا ئاماژەبەوەكراوە كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێییە.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف ساڵی 1983  لە گەرمەی شەڕی هەشت ساڵەی  عێراق – ئێراندا،هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەناوبران ،بەشێك لە پیاوە بارزانیەكان لە ئۆدوگا زۆرە ملێكانی قوشتەپەو بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران،  بەشێك لە كەس و كارو كوڕەكانی مەلا مستەفای بارزانیش لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق  دەستگیركران و دواتر لە سێدارەدران. ( درەو میدیا) بە پشت بەستن بە دۆكیومێنت و سەرچاوە مێژوویەكان راپۆرتێكی وورد لەسەر جینۆسایدی بارزانیەكان بڵاودەكاتەوە. دەستگیركردنی بارزانیەكان   دوای ھەرەسهێنانی شۆڕشی كورد ساڵی ( ١٩٧٥)  و لە چوارچێوەی راگواستنی ناوچە سنورییەكان دەیان ھەزار لە خێزانی بەرزانییەكان بە زۆر گوند و لە شوێنەكانی خۆیان ھەڵكەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشك لە باشوری عێراق  لە پارێزگای دیوانیە،ئەم گوندنشینانە نزیكەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێ‌دا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی سەربازی ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو كۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچكران و ھەندێكیشیان بران بۆ كۆمەڵگای (بەحرەكە)لەباكوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ كۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری).  لەم كۆمەڵگایانەدا خەڵكەكە لەدوای پێنج ساڵ بۆیەكەمجار ھەوای كوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی  نێوان عێراق و ئێران دەستی پێ‌كرد ، لەو چوارچیوەیەدا سوپای ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچكەی ( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوچەكانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو بەسەدان سەرباز لە ھەردوولا كوژران، ئەم هێرشەی سوپای ئێران بەتایبەتیش بە چاوساغی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی سەدام حسین و رژێمی بەعسی توڕەكرد، بەجۆرێك بیری لە تۆڵەو زەبرێكی توند دەكردەوە لە بنەماڵەی بارزانی بەو پێیەی هێزەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بوو، رژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەو هەنگاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كوشتن و لەناوبردنی هەموو ئەو بارزانیانەدا كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوون  و لە عێراق مابونەوە لەدوای شكستی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 .  نەوشیروان مستەفا و جینۆسایدی بارزانیەكان نەوشیروان مستەفا ( 1944 – 2017 ) كە خۆی لەناو گەرمەی روداوەكان بووەو لە زنجیرەیەك كتێبدا روداوەكانی شۆڕشی نوێی كوردی نوسیوەتەوە، لەلاپەڕە (322)ی  كتێبی (پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن .. دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق 1979 – 1983 ) بە ووردی باس لە لەناوبردنی بارزانیەكان دەكات لە 1983 و دەنوسێت : " گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون, بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد .... شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەد و عیماد و ئەدهەمی كوڕی بوبون بە بەعسی، عیماد سكرتێری مەجلیسی تەشریعی بو، عوبەید و لوقمان و سابیری كوڕی مەلا مستەفا لە بەغداد دانیشتبون، عوبەید بۆ شكاندنی باوكی ماوەیەك لە وەزارەتی بەعسیەكاندا بووب بە وەزیری دەوڵەت، سەدام بۆ ئەوەی تۆڵە لە بنەماڵەی بارزانی بكاتەوە، هێزێكی حەرەس جمهوری لە بەغداوە نارد بۆ دەوری ئۆردوگاكانی قوشتەپەو بەحركەیانگرت، هەر پیاوێكی بارزانیان بەردەستكەوت لە گەنجو پیر هەمویانگرتن، شێخ عوسمان و كوڕەكانی و كوڕەكانی مەلا مستەفا، عوبەید و لوقمان و سابیریان چنیەوە، سەرو سۆراغیان نەما، بە ماوەیەكی كورت سەدام لەیەكێ لە وتارەكانیدا لە تەلەفزیۆندا وتی: ئەوانە خیانەتیان كرد و لەبەر ئەوەی" ارسلناهم الی الجحیم" واباوبو كە مەسعود و ئیدریس هاوزەمان لەگەڵ هێرەشانی ئێراندا بۆ حاجی ئۆمەران، هەواڵیان بۆ بارزانیەكان ناردوە خۆیان ئامادەبكەن بۆ چەكهەڵگرتن و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی سنور"    هیڵتەرمان و 8 هەزار بارزانیەكە  یوست هڵتەرمان، كە بە چالاك و نوسەری دیاری مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش جینوسایدەكانی گەلی كورد دادەنرێت لە لاپەڕە  38ی  كتێبەكەیدا( كارێكی ژەهراوی .. ئەمریكاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە)  دەنوسێت"پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, پارتی  پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی، لە ساڵی 1983 هێزەكانی عێراق - ئێران لە چیاكانی سەرو حاجی ئۆمەران كەوتنە شەڕێكی سەختەوە، ئامانجی سەرەكی ئێران لەو هێرشەی بۆسەر یاخیبووە كوردەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی سەربە عەبدولڕەحمان قاسملۆ بوو و هێزە ناحەزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی بوو لە ناوچەكەدا، كە لەو كاتەدا هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و فەیلەقی بەدری سەربە ئەنجومەنی باڵای شۆِرشی ئیسلامیش پاڵپشت و چاوساغی هێزەكانی ئێران بوون،  زانیاری تەواوی بارزانیەكان لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كەوا هاوسنور بون لەگەڵیان یارمەتیەكی گەورەبوو بۆ ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43 گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت"...هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەڵام لەبەرامبەر كارئاسانیكردنی بۆ ئێران لە حاجی ئۆمەران رژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەربە عەشیرەتی بارزانی راپێچكرد، كە زۆربەیان لەپاش هەرەسی ساڵی 1975 ی شۆِرشی بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگەكانی دەوروپشتی هەولێركرابوون"  چارەنوسی بارزانیەكان هەموو بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعس تایبەت بە هەشت هەزار بارزانیەكەی ساڵی 1983 ئاماژەن بە رق و توڕەیی رژێمی بەعس لەبەرامبەر پێشڕەوی و چاوساغی هێزی پێشمەرگە بۆ سوپای ئێران و گرتنی ناوچەیەكی فراوانی ناوچەی حاجی ئۆمەران لەلایەن سوپای ئێرانەوە. رژێمی بەعس رق و توڕەیی خۆی بەرامبەر سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو بارزانیانە رشت كە لەژێر دەستی خۆیدا مابونەوە لەدوای هەرەسی 1975 و رۆیشتنی سەركردەكانی ئەو پارتە بۆ ئێران.  رژێمی بەعس چارەنوسی بارزانیەكانی هەرزوو یەكلاكردەوە، سەدام حوسێن لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێكی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێكیدا كە دواتر لە تەلەفزیۆ ن ورۆژنامەكانی بەعسدا بڵاوكرایەوە زۆر بەڕاشكاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان كرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەكانی سەدامدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێك رۆچوون لەخیانەتدا كەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێكی بەرفراوانتر لەبنەماڵەكەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیركردنی خاكی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی كۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵماندا پەیوەندی دروست بكەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەكیش ئاڵۆگۆر كرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان كرد یەكەمیان خیانەتیان لەخاك كرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان كرد كەدابوویان، بارزانیەكانیش بەشدار بوون لەم كارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو كە ئەوان جۆرە رێكەوتنێكیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا كە چاوساغی سوپای ئێرانی نەكەن بۆسەر خاكی عێراق. بەپێی زانیاریەكان دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنیان ئەم پیاوە بەرزانیانەی لە كۆمەڵگە زۆرەمڵێكانی هەولێر دەستگیركران لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ كراون ، ژن ومناڵەكانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕینی 1991 لە ئۆردوگاكاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخباراتی بەعس گیرابوو ، كە لە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو كارەباو كەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام . ژنێكی بارزانی كەلەو كاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین كە سەربازەكان لە كاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی كۆمەڵگاكەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق كاتێك كە خەڵكەكە وەبەر خۆكەوتن بچنە سەر ئیش و كاریان ھەموو سەربازەكان بەجاری رژانە ناو كۆمەڵگاكەوە ، ھەر پیاوێك دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێكی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەك دا ، ئەو مەلایەشیان گرت كەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەكانیان شكاندین و كەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەكانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنكی ئاویشیان دەكرد ، ھەموو نێرینەیەك كەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان كردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەكان تا پیاوەكانیان نەبەن ).  پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیركردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەكرێن ، وە پاش ماوەیەكیش بەفەرمانی راستەوخۆی (سەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەكەنرێ‌و دەكەس دەكەس گوللەباران دەكرێن و دادەپۆشرێن .   چارەنوسی سێ كوڕەكەی مەلا مستەفا رژێمی بەعس لە پرۆسەی دەستگیركردنی بارزانیەكاندا لەیەك كات و شوێندا پرۆسەكەی ئەنجام نەداوەو بە زنجیرەیەك پرۆسەی دەستگیركردندا تێپەڕێوە، سەرەرای دەستگیكردنی پیاوی خێزانە بارزانیەكان لە ئۆردوگاكانی نزیك هەولێر، چەندین كەسی تری بارزانیەكان لە شارەكانی دیكەی عێراق  دەستگیركران،  ھەر لەو سەروبەندەدا ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی كوڕانی مەلامستەفا كە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون دەستگیركران و دواتر لەسێدارە دران، ئەو سێ كوڕەی مەلا مستەفا لەدوای هەرەسی 1975 لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونكە كێشەیان لەگەڵ باوكیان ھەبوو، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرمایەداربوون, بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پشتیوانی ھێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوپای ئێران بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، كوڕەكانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا كە عوبەیدوڵا وەزیری دەوڵەت بوو لە بەغدا و  لوقمان پەرلەمانتار و سابیر بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێكردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەركردەیەكی بارزانی ناویشیان ناھێنێت. بڕیاری لە سێدارەدانی كوڕەكانی مەلا مستەفا لە دادگای شۆرش بەسەرۆكایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەركرا: حوكمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەك لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەكیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەك لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێكی تر لە سێدارەداران چونكە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون. سابیر مستەفا بارزانی كە لە گەڵ 22 كەسدا لە 26/7/1983 لە بەغداد دەستگیركرا بە نوسراوی سەرۆكایەتی دادگای شۆڕشی ژمارە 1446/1983 دەرچووە لەسێدارەدراوەو  راپۆرتی لەسێدارەدانەكەیدا ئاماژە بەوە كراوە " تۆمەتبار صابر مستەفا بارزانی لەگەڵ كۆمەڵێك لە تێكدەران كە سەربە مەسعود و ئیدریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سەركردایەتیان داوەتە تێكدەران بەتایبەتی لەسەر ئەو جێگایانەی ستراتیژی و گرنگن و ئامادەكارییان لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ تێكدەران كردووە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانمان لە كەرتی باكور لە حاجی ئۆمەران لە رێگای مەسعود و ئیدریسەوە" لە راپۆرتەكەدا ئەوانی بە هەڵگرتنی چەك بەرامبەر بە هێزە چەكدارەكانی عێراق بەمەبەستی هاوكاری هێزەكانی ئێران بۆ گرتنی ناوچەكانی حاجی ئۆمەران تۆمەتبار كردووەو بە بەكرێگراوی ئێرانی ناوزدیكردون.    بەعس زانیاریەكانی دەشاردەوە سەبارەت بە جینۆسایدی بارزانیەكان هەمیشە سەركردایەتی حزبی بەعس ویستویەتی زانیاری لەسەر گرتن و سەرنگومكردنیان بشارێتەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەك سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێهەهەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ بكرێت، بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: "تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە". سەرچاوەكان: •    نەوشیروان مستەفا ئەمین, پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322   •    یۆست هلتەرمان، كارێكی ژەهراوی,وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق,كۆمپانیای ئاوێنەل39 •    رۆژنامەی ( العیراق) ، 13ی ئەیلولی ، 1983 . • محەمەد رەئوف , ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەكانی, 2005 سلێمانی. •    عەباس هەمزە خدر ـ جینۆساید كارەساتی كوردو تاوانی نێودەوڵەتی ، گۆڤاری یاسا پارێزی ، ژـ 4 ، ساڵی چوارەم ، 1999 , لاپەڕە 260 . •    رَێكار مزوری , شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان . •    عەدالەت عومەر, بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامە فەرمی و مێژوویەكان.            


درەو میدیا:  لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا كە لە سلێمانی بەرێوەچوو، بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو یەكێتیدا و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری توند دەداتە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كە ماوەیەكە لە ماڵەوە دانیشتووە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( بە درەو میدیا)ی راگەیاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی لە كۆبونەوەی دوێنێیدا گفتوگۆی جدی كردووە لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا، لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتی( ئابوری و سیاسی و هەواڵگری) لەسەر مەلا بەختیار خوێندراوەتەوەو گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە لەلایەن پارتیەوە پشتیوانی سیاسی و دارایی دەكرێت بۆیە دەبێت لە یەكێتی دەربكرێت، بەڵام دوای گفتوگۆكردن بڕیاردراوە كە هۆشداری توندی پێبدرێت، بۆیە بڕیار دەدەن بە دلێری سەید مەجیدا نامەیەكی هۆشداری پێبدەن، كە ئەگەر جموحوڵەكانی لەناو یەكێتی رانەگرێت لە یەكێتی دەردەكرێت. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە "لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بەشداربووەو چەندین بەڵگەو زانیاری لەسەر مەلا بەختیار خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەڕەشەی دەركردنی مەلا بەختیاری كردووە لە یەكێتی  هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە " ئاگاداركردنەوە بدرێتە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی یەكێتی،  سامان گەرمیانی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان، سیروان كوێخا نەجم، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ، بەبیانوی ئەوەی هانی لایەنگران و كادرانی یەكێتی دەدەن دژ بە سەركردایەتی حزبەكەیان هەڵوێست وەربگرن"  لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیار درا رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكرێتە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە شوێنی شۆرش ئیسماعیل كە ئێستا بوەتە وەزیری پێشمەرگە . 


رۆژنامەی عەرەبی جەدید وەرگێڕانی: درەو میدیا  رۆژنامەی " ئەلعەرەبی جەدید"ی قەتەری لە راپۆرتێكیدا زانیاری نوێ دەربارەی هێرشەكەی رێستورانتی " هۆقەباز"ی شاری هەولێر ئاشكرادەكات كە عوسمان كۆسە دیپلۆماتكاری توركیای تێدا كوژرا. رۆژنامەكە دەڵێت وردەكاری نوێ ئاشكرابووون دەربارەی هێرشبەرەكانی هێرشەكەی دوو هەفتە لەمەوبەری یەكێك لە رێستۆرانتەكانی شاری هەولێر كە كرایە سەر دیپلۆماتكاری توركی "عوسمان كۆسە" یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە بزنسمان سدقی كەریم خان برادۆستییە كە سەرمایەدارێكی بەناوبانگە‌و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە‌و سەر بە هۆزێكی ناسراوە‌و باوكی چەند دەیەیەك لەمەوبەر لە دیمەشق لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆبووەتەوە‌و چەند رێككەوتنێكی گرنگی لەگەڵدا كردووە. هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان هەینی رابردوو، ناو‌و دانپێدانانی شەش كەسیان بڵاوكردەوە كە تێوەگلاون لە هێرشەكە، یەكێك لەوانە سدقی كەریم خان برادۆستی بوو كە لە دایكبووی ساڵی 1970، و ئەنجامدەری هێرشەكە مەزڵوم داغ داوای لێكردووە رێگایەكی بۆ بدۆزێتەوە بۆئەوەی لە هەولێر بچێتە دەرەوە‌و بچێت بۆ سلێمانی یان هەر جێگایەكی تر، چونكە مەزڵوم داغ لە هێرشەكەدا قاچێكی برینداربوووە‌و چەند كەسێك هاتوچۆیان پێكردووە تا گەیاندویانەتە لای سدقی برادۆستی. بە گوێرەی گێڕانەوەی فەرمی سدقی داوای لێبوردنی لە مەزڵوم داغ كردووە كە ئەستەمە بتوانێت بەهۆی گرتنبەرەی رێوشوێنی ئەمنی توندەوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە هاوكاری بكات، پاشان بۆ هاوكاریكردنی مەزڵوم داغ پەیوەندی بە كەسێكی ترەوە كردووە بەناوی ( ئەیوب ئیبراهیم مەلا ئەحمەد برادۆستی) كە  لە كۆمپانیای زۆزك كاردەكات و خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەی سدقی‌و پاش ماوەیەكەی كورت سدقی‌و سەرجەم تۆمەتبارانی تر دەستگیردەكرێن. تۆمەتبارانی هێرشەكە شەش كەسبوون سیانیان خەڵكی توركیا ( باكوری كوردستان)نن، كە بریتین لە مەزڵوم داغ ( 1992) ئامەد، عەبدولڕەحمان ئەر دژوار ( 1986) سێرت، ئیسماعیل خەلیل محەمەد ( 1988) ئورفە‌و سیانەكەی تریش هاوڵاتی هەرێمی كوردستانن‌و بریتین لە ئەیوب ئیبراهیم برادۆستی، سدقی كەریم خان برادۆستی، رەجەب باقی عەبدولكەریم برادۆستی". رۆژنامەی " خەبەر تورك" رۆشنایی خستوەتە سەر كەسایەتی سەدقی برادۆستی كە تۆمەتبارە بە هاوكاریكردن‌و داڵدەدانی هێرشبەرەكان‌و بەوتەی ئەو سدقی برادۆستی پەیوەندییەكی بەرفراوانی هەیە‌و ئەوەش جۆرێك لە پارێزبەندی لە عێراق‌و هەرێمدا پێبەخشیووە‌و بە سێەم دەوڵەمەندی عێراق دادەنرێت‌و پرۆژەی وەبەرهێنان‌و كۆمپانیای لە هەموو عێراقدا هەیە. رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە كە كەریم خان برادۆستی باوكی سدقی ساڵی 1996 لە دیمەشق چاوی بە ئۆجەلان كەتووە‌و رێككەوتنی لەگەڵدا كردووە بۆئەوەی خانەوادەی بارزانی لە ناوچەكانیان بكەنە دەرەوە‌و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان جێگەیان بگرنەوەو ئێستا عەشیرەتی برادۆست كۆنترۆڵی ئەوە ناوچەیە دەكات كە نزیكە لە خواكوركەوە‌و ئێستا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەری دەستپێكردووەو‌و ئێستا سدقی كەریم خان سەرۆكی ناوچەكە‌و عەشیرەتەكەیە. رۆژنامەكە رونیشیكردوەتەوە كە خانەوادەی كەریم خانی برادۆست پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراقدا هەبووە‌و راوێژكاری بووە‌و ساڵی 2003 دوای داگیركاری ئەمریكا سدقی كەریم خان بووە بە یەكێك  لە بازرگانە چالاك‌و كاراكانی عێراق لە رێگەی كۆمپانیای زۆزكەوە‌و خزمەتگوزاریی لۆجیستی پێشكەشی سوپای ئەمریكا كردووە لە هەردووو بەندەری مێرسینی توركیا‌و بەسرەی باشوری عێراق‌و بەو هۆیەوە كۆمپانیاكە هەموو مانگێك چەندین ملیون دۆلاری بەدەستهێناوە. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە خانەوادەی سدقی برادۆست خۆیان دوورە پەرێز گرتووە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و بەهۆی بوونی پەیوەندی بەرفراوانییەوە لەگەڵ ئەمریكا سدقی كەریم خان برادۆستی پارێزبەندی بەدەستهێناوە‌و خۆی و خێزانەكەی هاوڵاتی ئەمریكین‌و كۆمپانیاكەشی لە چەند بوارێكدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، هەروەها كۆمپانیاكە رۆڵیشی هەبووە لە پرسی رێككەوتنی نێوان عێراق‌و نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە پرۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا. رۆژنامەی (خەبەر تورك) لە درێژەی باسكردنی وردەكارییەكانی تایبەت بە خانەوادەی سدقی برادۆستی‌و كۆمپانیاكەی ئاشكرایكردووە كە كۆمپانیای زۆزك هاوكاری لۆجیستی ئەمریكای دابینكردووە كە واشنتۆن پێشكەشەی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"ی كردووە لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو هێرشەی ئەمدواییەی هەولێر هەلی ئەوەی دایە دەسەڵاتدارانی هەرێم تا حەسانەی سەر سدقی كەریم خان بكشێنن‌و دەستگیری بكەن‌و هاوسەرەكە‌و منداڵەكانیشی پەنایان بۆ كونسوڵگەری ئەمریكا بردووە‌و لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە هەوڵدەدرێت رێگە بگیرێت لە لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی‌و بردنە دەرەوەی‌و لە هەرێم‌و هەوڵیشدەدات كە سدقی كەریم خان ئازاد بكرێت.  


(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی لە حوكمێكی نوێدا دروستكردنی كوتلەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان بەكارێكی دەستوری ناودەبات. ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دادگا كۆبوەتەوە‌و تەماشای داواكارییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە سەبارەت بە چەمكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی‌و پەیوەندی ئەو چەمكە بە حوكمەكانی ماددەی 76ی دەستورەوە. ئەنجومەنی نوێنەران بە نوسراو داوای لە دادگای فیدراڵی كردووە بۆی روون بكاتەوە ئاخۆ كوتلەیەك یان چەند كوتلەیەك كە لەناو كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەماندا نەبن، یان لەو كوتلە گەورەیە بن‌و بكشێنەوە، دەتوانن ببن بە كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی ؟ واتەی پەرلەمان بۆی روون نییە ئاخۆ بەپێی ماددەی 76ی دەستور كوتلەیەك یان چەند پەرلەمانتارێك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن بە هەمان ئەو میكانیزمەی كە دانراوە، بچنە ناو بەرەیەكە ئۆپۆزسیۆنەوە. لەوەڵامی ئەم پرسیارەی پەرلەماندا، دادگای فیدراڵی دەڵێ" بۆمان دەركەوت چەمكی كوتلەی زۆرینە ئەو كوتلەیەیە كە دوای هەڵبژاردن دروستبووە، ئەوەش لەرێگەی لیستێكی هەڵبژاردنەوە كە زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە یاخود كۆبونەوەی دوو لیست‌و زیاتر كە زۆرترین كورسییان هەبێت، كوتلەی زۆرینە دوای ئەوەی ئەندامەكانی سوێندی یاسایی دەخۆن، لە پەرلەمان كاندیدی خۆیان رادەسپێرێن بە پیكهێنانی حكومەت.. ئەوانەی دەمێنێننەوە‌و ناچێنە ناو كوتلەی زۆرینەوە كە كاندیدی ئەو كوتلەیە حكومەت پێكدەهێنێت، دەتوانن كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن یاخود بەشێوەی تاكەكەسی بمێننەوە‌و نەیارێتی هەر شتێكی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكەن كە دەیانەوێت".  


(درەو میدیا): محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكیدا بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی وەزیری دەرەوە دەكات، ئەگەر ئەو هەڵمەتی سوكایەتی‌و تەنگپێهەڵچنینە رانەگیرێت كە نەیارەكانی لە بەرەی موحافیزكارەكان لەدژی بەرپایان كردووە. رۆژنامەی " ئیعتیماد"ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازەكانی ئێران رایگەیاند: زەریف بەمدواییانە نامەیەكی بۆ خامنەیی ناردووە‌و لە قەبارەی ئەو سوكایەتی‌و تەشهیرە ئاگاداری كردوەتەوە كە رووبەڕووی بوەتەوە‌و ئاماژیبەوەشداوە كە ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت ناتوانێت لە كارەكەی لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت. رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد زەریف لە نامەكەیدا ئاماژەی بە زنجیرە درامای " گاندۆ" داوە كە تەلەفزیۆنی رەسمی حكومیی لە سەرەتای تەموزەوە دەستی بە پەخشكردنی كردووە‌و دامەزراوەیەكی سەر بە سوپای پاسداران بەرهەمیهێناوە. زەریف نوسیویەتی:" لەم ماوەیەی دواییدا‌و دوای پەخشكردنی زنجیرەی گاندو رووبەڕووی شەپۆلێك لە جوێن‌و سوكایەتی پێكردن بومەتەوە‌و هەتا ئەگەر بەشێك لەو رەخنانەش دروست بن، ئەوا خزمەتكردن لە وەزارەتی دەرەوە مایەی قبوڵكردن نەماوە". رۆژنامەی ئیعتیماد ئاماژیبەوەشداوە كە خامنەیی لە وەڵامی نامەی زەریفدا جەختیكردوەتەوە " بەهیچ شێوازێك بە كەمترین سوكایەتیكردن بە زەریف رەزامەند نیە". 25ی شوباتی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی پۆستێكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دوو رۆژ دواتر بە فشاری حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران پاشگەزبوەوە. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاگادار، رۆحانی فەرمانیداوە كە سزای دەستەی رادیۆ‌و تەلەفزیۆنی حكومەت بدرێت بەهۆی بەرهەمهێنان‌و پەخشكردنی زنجیرەیەكی ئەمنیی كە بووەتە مایەی سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان لێپرسراوانی حكومەت و باڵی موحافیزكاران‌و لە پێش هەموشیانەوە سوپای پاسداران. ئاژانسی فارس نیوزیش رایگەیاند روحانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف پرسی كەمكردنەوەی بودجەی دەستەی رادیۆ‌و تەلەفزیۆنی حكومەتیان تاوتوێكردووە بەهۆی بەرهەمهێنانی ئەو زنجیرەیەوە كە باس لە "دۆسیەیەكی ئەمنی هەستیار دەكات‌و قەیرانی لەناو حكومەتدا دروستكردووە". سێ‌ حوەزیرانی رابردوو كەناڵی سێی ئێران زنجیرەی تەلەفزیۆنی " گاندو"ی پەخشكرد كە باس لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیان دەكات لە نێوان ئەمریكا‌و ئێراندا لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا‌و باس لە پرسەی گۆڕینەوەی رۆژنامەنەسوێكی ئێرانی ئەمریكی دەكات بەناوی جیسۆن رەزائیان كە وەك پەیامنێری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست كاریكردووە‌و تۆمەتباركراوە بە سیخوڕیكردن بۆ ئەمریكا. بە گوێرەی میدیاكانی ئێران بیرۆكەی  زنجیرەی " گاندو" كە لە 30 ئەڵقە پێكدێت باس لە كێبركێ‌و ململانێی نێوان سوپای پاسداران‌و حكومەتەكەی رۆحانەی دەكات. هەروەها زنجیرەكە وردەكاری ئەمنیی دەربارەی پەیوەندیی رەزائیان‌و هەندێك بەرپرسی حكومەت لە نێوشیاندا وەزیری دەرەوە ئاشكرادەكات لەگەڵ نهێنییەكانی ئازادكردنی لە بەرامبەر هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بڕێك پارەی بلۆككرای ئێران كە ملیارێك‌و 700 ملیۆن دۆلارە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كۆنگرە دەكات، هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەكە دەباتەوە، چارەنوسی ماڵباتی تاڵەبانی لەدەستی بەرهەم  ساڵحدایە‌و گروپی كەركوكییەكان ساغ نەبوونەتەوە، مەكتەبی سیاسییەكانیش چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە"یە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا ئامادەكارییەكان یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم بڵاودەكاتەوە. "بەر لە كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە سازدەدات" ئەمە هەواڵی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی "كوردسات نیوز"ی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێزی یەكەمە لەو پارێزگایەدا، چاوی لەو هەڵبژاردنەیە‌و دەیەوێت جارێكی تر پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام رەنگە بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنەدا روبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببێتەوە. كۆمسیۆن داوای كۆنگرە دەكات رۆژی 2ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە نوسراوی فەرمی یەكێتی نیشتمانی ئاگاداركردەوە كە دەبێت لەماوەی (3 مانگ)دا كۆنگرەی حیزبی خۆی ببەستێت، بەپێچەوانەوە بەناوی "یەكێتی نیشتمانی"یەوە مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا نابێت. ئەم هۆشداریدانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەنیا بۆ یەكێتی نیشتمانی نەڕۆیشتووە، بەڵكو ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانەی تریش كراوە كە وادەی بەستنی كۆنگرەی حیزبییان دواكەوتووە، لەوانە (پارتی دیموكرتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان). یەكێتی‌و كۆنگرە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا یەكێتی تەنیا (3) كۆنگرە‌و (2) پلینیۆمی كردووە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان. كۆنگرەی چوارەم ! لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە هیچ كاتێك وەكو ئێستا لەناو یەكێتی نیشتمانیدا كۆدەنگی لەسەر سازدانی كۆنگرە دروستنەبووە. نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لەناو یەكێتیدا، لایەنگرانی ئەو حزبەی بەتەواوەتی نیگەران كردووە، ئێستا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، یەكێتی كۆنگرە سازبدات. نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لە ریفراندۆمی ساڵی 2017دا پێگەی یەكێتی لە پرۆسەكەدا لاواز كرد، هەرچەند ئەوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كارەكتەری بەهێز بوو، لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"یشدا كە لێكەوتی ریفراندۆمەكە بوو، یەكێتی بەتەواوەتی ناوەندی بڕیاردانی تێدا نەما‌و حزبەكە دابەشبوو بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا (ئاڕاستەیەك ماڵباتی تاڵەبانی‌و ئاڕاستەكەی تر كۆسرەت رەسوڵ)، لەدواین وێستگەشدا لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكێتی بە چەند ئاڕاستەیەك كاری كردووە‌و بەوهۆیەوە زۆربەی كارتەكانی دەستی سوتاند، بەڵام دواجار كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هەژمونی كرد‌و زۆرینەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت لەبەرژەوەندی ئاڕاستەی خۆی یەكلاكردەوە‌و وەكو بڕیاربەدەستێكی بەهێز دەركەوت، هاوكات بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دوای دابڕانەكەی لە ماوەی رابردوودا، بۆجاری یەكەم وەكو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بەهێزەوە گەڕایەوە بۆناو گەمەكانی ناوخۆی یەكێتی. تەوافوق یان بێ تەوافوق ؟ "تەوافوقی پێشوەختە" ئەم رۆژانە ئەمە دەستەواژەی باوی ناو كادیرانی یەكێتی نیشتمانییە. هەموو كۆنگرەكانی یەكێتی لە رابردوودا، بەر لەوەی كۆنگرەكە سازبدرێت ئەنجامەكانی لە گیرفانی تاڵەبانیدا بووە، تاڵەبانی لەم رێگەیەوە رێگری لە هەڵوەشانەوەی حزبەكەی‌و دابەشبوون‌و پەرتبوونی دەگرت، هاوكات لەو رێگەیەوە زامنی باڵادەستبوونی ئاڕاستەكەی خۆشی دەكرد. بەڵام ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی، بەدیاریكراوی بافڵی كوڕە گەورەی تاڵەبانی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەكەن كۆنگرەی چوارەم بەبێ هیچ "تەوافوقێكی پێشوەختە" بەڕێوەبچێت، واتە كەس ئەنجامی خۆی نەزانێت‌و بچێتە ناو گەمەی كۆنگرەوە.  مەلا بەختیار كە زیاتر لە ساڵێكە دەستی لە هەموو بەرپرسیارێتییەك لەناو یەكێتی هەڵگرتووە‌و لە ماڵەوە دانیشتووە، بەمدواییە پرۆژەیەكی بۆ سازدانی كۆنگرە ئامادەكرد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەفەرمی پشتیوانی لە پرۆژەكەی دەكات، بەوپێیەش پرۆژەكەی مەلا بەختیار جەخت لەسەر كۆنگرەیەك دەكات "بەبێ تەوافوقی پێشوەختە"، پرۆژەكەی بە پرۆژەی هاوبەشی ماڵباتی تاڵەبانی دەناسێنرێت.  لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە پیاوی قاڵبووی ناو گەمە سیاسییەكانە‌و لەو گۆڕەپانەدا رۆژگارێك لەگەڵ تاڵەبانی باوك‌و نەوشیروان مستەفا‌و بەمدواییەش لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مەلا بەختیار گەمەی كردووە، ئەگەر ئەنجامی كۆنگرەكەی لە گیرفاندا نەبێت، پێناچێت بچێتە ناو یارییەكەوە، بۆیە بانگەشەكان دژی "تەوافوقی پێشوەختە" رەنگە هیچ شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبێت. كێ كۆنگرە دەباتەوە ؟ دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی باوك، ماڵباتی تاڵەبانی پێگەیان لەناو یەكێتی بەهێز بوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەزووی وەكو كارەكتەرێكی بەهێز دەركەوت، ئەوكات كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكەدا بوو، ماڵبات پشتیوانی سازدانی كۆنگرەیان دەكرد‌و ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ‌و دواتریش ئەوەی ناوی لێنرا "ناوەندی بڕیار" دژی سازدانی كۆنگرەبوون‌و رێگرییان دەكرد، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە، ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵ بەهێز بووە‌و ماڵباتی تاڵەبانی پاشەكشێیان كردووە. ماڵباتی تاڵەبانی ئێستا كە قایلن بە سازدانی كۆنگرە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە لەناو خۆیاندا كوتلەیەكی یەكگرتوو‌وی بەهێز نین، لاهور شێخ جەنگی بەتەنیا كوتلەیەكی سەربەخۆیە‌و پاڵپشتی ئەو پرۆژەیە ناكات كە مەلا بەختیار نوسیویەتی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی دەكات. قوباد تاڵەبانی كە بەمدواییە بانگەوازی بۆ سازدانی كۆنگرە كرد، سەرقاڵە بە كاروباری حكومەتەوە‌و پێناچێت رۆڵی بەهێزی لە كۆنگرەدا هەبێت. لەبەرامبەردا ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ ئاڕاستەیەكی بەهێزە كە توانای كۆكردنەوەی دەنگەكانی هەیە لە دەوری خۆی، ئەم ئاڕاستەیە دەیەوێت هەولێرییەكان ناو یەكێتی لە كۆنگرەدا بكات بە كوتلەیەكی یەكگرتووی بەهێز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێستا هاتوەتە ناو ئەم ئاڕاستەیەوە‌و لە هەولێر لەگەڵ شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەستبەكاربووە‌و ئامادەكاری بۆ كۆنگرە دەكەن. گروپی كەركوكییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش كە تاڕادەیەك گروپێكی یەكگرتوون، ئەمانە پێشتر پشتیوانییان لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرد، بەڵام ئێستا كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكە دوركەوتوووەتەوە، ساغ نەبونەتەوە‌و تەماشای یارییەكە دەكەن، بەمدواییە كە بەهێزبوونی كۆسرەت رەسوڵیان لە دانانی كاندیدەكانی یەكێتی لە پۆستە حكومییەكان بینی، تاڕادەیەك بەلای ئەودا شكاونەتەوە‌و رەنگە لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بەلای ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا ساغ ببنەوە. گروپەكەی تری ناو مەكتەبی سیاسی كە پێكهاتوون لە (حاكم قادر، شێخ جەعفەر، عومەر فەتاح..)، ئەمانە چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە" بەر لە سازدانی كۆنگرە، بەوپێیەی كۆسرەت رەسوڵ توانای بەهێزی هەیە لە ئیدارەدانی ئاڕاستەكان، رەنگە دواجار ئەمانیش لەچوارچێوەی ئاڕاستە گشتییەكەی خۆیدا كۆبكاتەوە.  بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرەخسێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ گەمە سیاسییەكانی ناو یەكێتی، بەرهەم ساڵح لە دوو سەرەوە بە هەردوو ئاڕاستەكەی ناو یەكێتییەوە دەبەسرێتەوە، لەناوەندی بڕیارەوە لە كۆسرەت رەسوڵەوە نزیكە، هاوكات دۆستی نزیكی دوو كوڕەكەی تاڵەبانیشە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەدا كوڕانی تاڵەبانی لە مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دوربخاتەوە‌و لەچوارچێوەی تەوافوقێكدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ پێگەیان لە داهاتووی یەكێتی زامن بكات‌و هاوكات پێگەی سیاسی خۆشی بەهێز بكات. كۆنگرەی یەكبوون یان جیابونەوە ؟ هەرچۆنێك بێت كۆنگرەی چوارەم، كۆنگرەیەكی چارەنوسساز دەبێت بۆ یەكێتی نیشتمانی، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئەمە یەكەمینجارە یەكێتی كۆنگرە سازدەدات، ئەگەر بەبێ دابەشبوون‌و جیابوونەوە، سەركردایەتییەكی نوێ بۆ حزب هەڵبژێرێت، توانای خۆراگرتنی زیاتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە رەنگە هێندە لاواز ببێت بەتەواوەتی پێگە سیاسییەكەی لەدەستبدات. هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بەبێ "تەوافوقی پێشوەختە"‌و زامنكردنی پێگەی ئاڕاستەكان، یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە بكات، ئێرانییەكان لە داهاتوودا رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە هێنانەدی ئەو "تەوافوقە پێشوەختە"دا.  


راپۆرتی:  محەمەد رەئوف  كورد زەرەرمەندی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەبێت لە كەركوك كە لە 23ی تەموزی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، ئەگەر هەمواری یاساكە جێبەجێ بكرێت ( 35 -40 هەزار) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە. تەنها هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان زیان لە پێگەی كورد نادات لەكەركوك، بەڵكو ناكۆكی و ململانێی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردووداو چۆڵبونی گۆڕەبانی كەركوك، ئەگەری دۆڕانی كورد زیاتر دەكات  لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.   كورد لە هەڵبژاردنی كەركوكدا بەپێی هەمواری بڕگەی  7 ی  مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك،  كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی یەكەم 2020 ) وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێتەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین.¬ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەگەر ئەو بڕگەیە جێبەجێ بكرێت، ئەوا نزیكەی( 35 – 40 ) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە دەسڕێتەوە، چونكە بەپێی هەمواری یاساكە ئەگەر لە لیستی دەنگدەراندا فۆرمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی ( هویە الاحوال المدنیە) هاوتا نەبن ئەوا ناوەكانیان دەسڕێتەوە، بەو پێیەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەكانی درەوەی كەركوك ( چەمچەماڵ، سەنگاو، قادر كەرەم، ئاغجەلەر، قەرەناو ..) فۆرمی خۆراكیان گواستۆتەوە كەركوك و تۆماری دەنگدانیان لە كەركوكە بەڵام ناسنامەی باری شارستانیان نەگواستۆتەوە كەركوك هەر لە سەر سلێمانین، بۆیە ناوەكانیان دەسڕێتەوە. بەشێك لە هاوڵاتیانی كورد كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، فۆرم و ناسنامەو تۆماری دەنگدەریانیان كەركوكە، كە ئەمان كێشەیان نیە و یاساكە نایانگرێتەوە، بەڵام بەشێكیان هێشتا قەرەبوی مادەی 140 یان وەرنەگرتووە، فۆرم و تۆماری دەنگدانیان كەركوكە، بەڵام ناسنامەیان كەركوك نیە بۆیە بەپێی یاساكە ناوەكانیان دەسرێتەوە.  كورد زەرەرمەندی سەرەكی ( درەو میدیا) بەدواداچونی ووردی كردووە بۆ یاسای هەڵبژاردن و كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە پارێزگای كەركوك، بەشێك لە نوێنەری لایەنە كوردیەكان پێیان وایە ئەو یاسایە بەسەر نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕێوەو زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت، بەشێكی تریان پێیان وایە ئەو یاسایە زیانی زۆر بە كورد ناگەیەنێت، ئەگەر كورد بەیەك لیست و بە گوڕوتینێكی بەهێزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، كورد دەنگی خۆی بەدەستدێنێتەوە كە لە زۆرینەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە زیاتری كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، كێشەی سەرەكی كورد لە ئێستادا لە كەركوك: -    چۆڵكردنی كەركوك و لەدەستدانی پۆست و پلەكانی كورد لەو پارێزگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە كورد بچێتە هەڵبژاردنەوە زیانی گەورە دەكات. -    كێشەی كورد لە كەركوك لە ئێستادا تەنها كێشەی كورد و پێكهاتەكانی تری كەركوك نیە، بەڵكو كێشەی ناوخۆی كوردو  پارتی و یەكێتیە، كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێندەی بە ململانێی یەكتریەوە سەرقاڵبون هێندە لە هەوەڵی چارەسەری كێشەی كەركوكدا نەبوون. -    دواخستنی دانانی پارێزگاری كەركوك و كۆنترۆڵكردنی هەموو پۆست و شوێنە هەستیارەكانی لەلایەن پێكهاتەكانی دیكەوە. ئێستا كورد هەوڵی جدی دەدات كە پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیاریكردنی 31ی كانونی یەكەمی 2020 بۆ ئەوەیە كە پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەوەش رازین كە بەشێك لە هەنگاوەكان پێش هەڵبژاردن بگیرێنەبەر بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 . توركمان سورە لەسەری لایەنە توركمانیەكان كە فشاری زۆریان دەكرد بۆ ئەوەی هەمواری یاساكە بكرێت و هەڵبژاردن لە كەركوك بەشێوەیەك بكرێت ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت،  بەڵام دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت. ئەرشەد سالحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پەیجی رەسمی خۆی نوسیویەتی كە " ئەگەر ووردبینی تەواو لە تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و تۆماری دەنگدەران لە دەنگە ساختەكان پاكنەكرێتەوە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك، دەبێتە كلیلی دروستكردنی شەڕی ئەهلی، كە سەردەكێشێت بۆ گۆڕینی نەخشەی جوگرافی لە عێراقدا". كۆبونەوە نهێنیەكان لەبەغداد ( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووەو بڕیارە لەكۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتووكۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، هەرچەندە لایەنی عەرەب و توركمان دژی دانانی پارێزگارن" لە قۆناغی یەكەمدا بڕیارە لیستی برایەتی كورد كۆببێتەوەو ئەجێندای كاری خۆیان یەكبخەن، دواتر ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی هەیە بۆ دیاریكردنی پارێ.گاری كەركوك، بەڵام پێناچێت بە بێ ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوك پارتی بارەگاكانی بگەڕێنێتەوە كەركوك، بەڵام لەدەرەوەی كەركوك لە ( بەغداد) بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك دەكات و دەنگ بە پارێزگاری كەركوك ( تەیب جەبار) دەدات. لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركوك، ئەوكات ناراستەوخۆ پشتیوانی لە لیستێك دەكات كە رەنگە لیستەكەی (نەجمەدین كەریم) بێت كە چەند رۆژێكە نەجمەدین كەریم ئاماژە بە دانانی لیستی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك لە كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك.   دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق: بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی  هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا.  بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.  ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی 2005 ەوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەڵام بڕیارە لە هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكیش بەڕێوە بچێت. كەركوك هەڵبژاردنی 2005 دا  لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی( 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و  گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی  بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی  1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بوترێت لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بەڵام لایەنەكانی تر بە عەرەب و توركمانەوە ( 36.6% )ی كورسی ئەنجومەن و دەنگی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێناوە كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا  لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی  (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی  لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات، هاوكات  لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو  6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) و لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% )  و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا. سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا  بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات . كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا  لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر.  -    یەكێتی نیشتیمانی  6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا -    هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا -    بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا -    لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی -    نەوەی نوێ (  13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا -    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ  


(درەو میدیا): محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم مسۆگەر بكات. بە گوێرەی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) محەمەد تۆفیق رەحیم  دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەراندن كێشاوەتەوە‌و كێبركێی مسەفا سەید قادر دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیرەكان دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی تری پۆستەكانی تری بزوتنەوەكەی بەخشی بە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی گۆڕان. (درەو میدیا) زانیویەتی عومەر سەیدعەلی پێشتر هەڵوێستی خۆی دەبارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان راگەیاندووەو لەگەڵ ئەوەدا نیە ئەندامانی خانەی راپەراندن كە ژمارەیان شەش ئەندامە هیچ پۆستێك وەربگرن, ئەوەش وایكردووە محەمەد تۆفیق رەحیم دەست لە ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بكشێنێتەوە بۆ ئەوەی بەهانەی رێكخەری گشتی حزبەكەی ببڕێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا عومەری سەید عەلی رایگەیاندووە كە هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بۆ پۆستە حكومیەكان دانانێت، لەو كاتەدا محەمەد تۆفیق رەحیم رایگەیاندووە كە ئەویش چیدیكە ئەندامی خانەی راپەڕاندن نیە، لەلایەك دژ بە بڕیارەكەی عومەری سەید عەلی، لەلایەكیش دەیەوێت خۆی بەدور بگرێت لەو بڕیارەی عومەری سەید عەلی  و دەیەوێت لەدەرەوەی خانەی راپەڕاندن خۆی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكات  دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لە كاتێكدایە كە 25ی تەموزی 2019 وادەی یاسایی خانەی راپەڕاندن كۆتایی هاتوو لە كۆبونەوەی 25ی تەموزی رابردو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 14ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن . دوێنێ‌ (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بە فەرمی ناوی كاندیدی جێگری سەرۆكی ئاراستەبكەن‌و ئێستا سێ‌ كەس لەناو گۆڕاندا كێبركێ‌ لەسەر ئەو پۆستە دەكەن كە بریتین لە مستەفا سەیدقادر، جەمال حاجی محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم. مستەفا سەیدقادر هیچ پۆستێكی حزبی نیە بەڵام لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتگیری لێدەكرێت‌و خۆی ئەندازیاری رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتییە لە پێكهێنانی حكومەتدا‌و چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زۆر بەهێزە، كاندیدی دووەم جەمال حاجی محەمەدە كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەوە بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە‌و بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتەوە‌و كاندیدی سێیەم محەمەد تۆفیق رەحیم كە دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە‌و بەپێگەیەكی بەهێزترەوە چوەتە ناو ململانێی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمەوە. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، بەڵام مۆبایلەكەی داخرابوو. پرۆفایلی محەمەد تۆفیق رەحیم - 1953 لە سلێمانی لەدایكبووە - كۆلێژی ئەندازیاری تەواوكردووە - زاوای نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕانە - پێشمەرگەی دێرینە‌و لە شاخ‌و لەناو یەكێتی‌و كۆمەڵەی رەنجدەراندا پۆستی باڵای هەبووە. - ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە - 1992 جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە - لە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمدا وەزیری هاوكاری‌و پەیوەندییەكان بووە - ساڵی 2004 وەزیری پیشەسازی بووە لە كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا. - 2006 لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا وازی لە یەكێتی هێناوە‌و بەشداری دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە. - بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی گۆڕان بووە - 2017 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا. - 2017 بە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا. - 27ی تەموز دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشایەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand