وەفدێكی حزبەكان دەچێتە بەغداد
2020-12-10 10:34:22
(درەو):
ئامادەكاری دەكرێت بۆ سەردانی وەفدێكی حزبی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، بانگهێشتی كۆمەڵی ئیسلامی كراو رەتی كردەوە، یەكگرتووش پاش كەمێكی تر دەچێتە كۆبونەوە لەوبارەیەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان كە رۆژی سێ شەممە لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیاردراوە وەفدێك لە سەركردەی حزبەكان پێكبهێنرێتو سەردانی بەغداد بكەن.
بڕیارە ئەم وەفدە لە هەریەكە لە پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكرێت وەكو سێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم، بەڵام سێ لایەنەكە دەیانەوێت لە دەرەوەی لایەنەكانی دەسەڵات، لەناو ئۆپۆزسیۆن هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی بانگهێشتی ناو وەفدەكە بكەن.
دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردو بەفەرمی كۆمەڵی ئیسلامی بانگهێشت كرد بۆ ناو وەفدەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەمێری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رەتی كردووەتەوە كە بەشداری وەفدەكە بكات.
(درەو) زانیویەتی پاش كەمێكی تر مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگاتە لای سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمنیداری یەكگرتوو، بەفەرمی یەكگرتوو بانگهێشت دەكات بۆ ناو وەفدی لایەنەكان، زانیارییەكان لەناو یەكگرتووە باس لەوە دەكەن زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نین ئەمینداری حزبەكەیان بەشدار بێت لەو وەفدەدا.
یەكگرتوو و كۆمەڵ دوو هێزی ئۆپۆسیۆنن بانگهێشتكردنیان لەلایەن سێ لایەنەكەی دەسەڵاتەوە بۆناو وەفدی هەرێم بۆ بەغداد، هەنگاوێكە بە ئاراستەی راكێشانیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەشێك لە بارودۆخی ئێستا.
ناردنی وەفدی حزبی بۆ بەغداد دوای ئەوەدێت لەماوەی رابردوودا وەفدە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراقو جارێكی تر ئاسەنگ بۆ ناردنی پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوو.