كێ جێگەی خامنەیی دەگرێتەوە؟ جێنیشنە پێشبینیكراوەكان كێن؟
2020-12-12 12:13:41
راپۆرتی: BBC
وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ
ماوەیەكە لەناوخۆی ئێراندا خراپبوونی تەندروستی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران مشتومڕی لەسەر دروستبووەو باس لە ئەگەری مردنی كتوپڕو جێگەگرتنەوەی دەكرێت.
پرسی ئەو پیاوە تەمەن 81 ساڵانەی كە سەرۆكی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەو پرسە ئەوەی لەدوای مردنی كێ جێگەی دەگرێتەوە جێی بایەخە لە ئێرانو ناوچەكەو جیهاندا.
چۆن رابەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟
رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كە خامنەیی دووەمین رابەرە لە ساڵی 1979ەوە لەلایەن 88 پیاوی ئاینییەوە هەڵدەبژێدرێت بەناوی ئەنجومەنی شارەزایان " خوبرەگانی رهبری", ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە هەر هەشت ساڵ جارێك لەلایەن هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەڵدەبژێردرێن, بەڵام دەبێت كاندیداكانی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە رەزامەندییان لەسەر بدرێت, ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش بە شێوەیەكە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن رابەری باڵاوە هەڵدەبژێردرێن.
لێرەوە دەردەكەوێت كە رابەری باڵا هەژمون و دەسەڵاتێكی زۆری لە هەردوو ئەنجومەنەكەدا هەیە.
لە سێ دەیەی رابردوودا. خامنەیی كاری بۆئەوە كردووە گەرەنتی ئەوە بكات كە كاندیدە موحافیزكارەكان لەو دوو ئەنجومەنەدا هەبن، چونكە ئەوان زیاتر گوێڕایەڵ رێنماییەكانی دەبن لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیداو رابەری باڵا بە هەڵبژاردنی هەتا لە ژیاندا بێت لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.
بە گوێرەی دەستوری ئێران دەبێت رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران پلەی ئاینی ( ئایەتوڵا) بێت، واتە دەبێت كەسایەتییەكە ئاینی دیاربێت, بەڵام كاتێك خودی خامنەیی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا پلەی ئایەتوڵای نەبوو, بۆئەوەشی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت یاساكان دەستكاری كرانو دەشكرێ جارێكی ترو لە هەڵبژاردنی رابەرێكی نوێداو بە گوێرەی كەشی سیاسی دەستكاری یاساكان بكرێت.
گرنگی پۆستی رابەری گشتی چییە؟
رابەری باڵا دەسەڵاتی رەهای هەیە لە ئێرانداو قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لە گرنگترین پرسەكانداو سیاسەتو ئاراستەی سیاسی وڵات بەرامبەر جیهانی دەرەوە دیاریدەكات, ئێران بەهێزترین دەوڵەتی شیعەیە لە جیهانداو لە سایەی رابەرێتی خامنەییدا هەوڵیداوە هەژمونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاترو پتەوتر بكات بەوەش مردنی تەنها رەوڕەوەی مێژوو لە ناوچەكەدا ناگۆڕێت بەڵكو سەدای دەگاتە سەرتاسەری جیهان, بۆ نمونە دوژمنایەتی ئێرانو ئەمریكاو ئیسرائیل كە كینەو رقی شەخسی خامنەیی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بۆ چەندین ساڵە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا هێناوەتە ئاراوەو رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی جێگرەوەشی ئەگەری ئەوە زیاتر دەكەن كە رابەری داهاتووش هەمان بیروبۆچونی خامنەیی هەبێ.
كێ رابەری داهاتووی ئێرانە؟
بەرژەوەندی رەوتە سیاستە جیاوازەكانی ئێران وادەخوازێت كە رۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنی رابەری داهاتودا. بەڵام هیچ كەسایەتییەكی بەهێز نیە كە بتوانێت وەك " دروستكەری پاشاكان" رەفتار بكاتو ئەو پرسە بەبێ سەرهەڵدانی قەیران یەكلابكاتەوە.
خامنەیی وەك رابەری پێشوو ( خومەینی) هەژمونو وەلائی سیاسی كەمە, هەژمونو دەسەڵاتی خۆی لە رێگەی تۆڕێكی پەیەوەندی كەسییەوە بونیاتناوەو ژمارەیەكی زۆر كەسی هەیە لە گرنگترین دەزگای وڵاتدا كە سوپای پاسدارانەو پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە سوپای پاسداران رێگەنەدات هیچ كاندیدێك بگات بە پۆستی رابەری ئەگەر بەلایەوە گونجاو نەبێت.
سەرەڕای ئەوەی كە دەنگۆ بوونی لیستێكی نهێنی بۆ كاندیدەكانی رابەر بەربڵاوە. بەڵام كەس نازانرێت كێن ئەوانەی لەو لیستەدانو كەسیش باسی لەوە نەكردووە كە زانیاری لەسەری هەبێت.
بە گوێرەی چەند گێڕانەوەیەك دڵخوازترین كاندیدەكانی خامنەیی بۆ جێگرتنەوەی بریتین لە موجتەبای و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەرییو دەنگۆی ئەوەش هەیە كە سادق لاریجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دادوەروو حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێستا ویستی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە.
موجەتبا خامنەیی كێیە؟
موجتەبای كوڕیعەلی خامنەیی تەمەن 51 ساڵ لە شاری مەشهەدی ئاینیی لە دایكبووەو هاوشێوەی باوكی پیاوی ئاینییە, بەڵام كەسایەتییەكی كەمێك ئاڵۆزی هەیە.
لە كاتی هەڵمەتی سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2009ەوە هاتە ئاراوە تیشكخرایە سەر موجەتباو باوەڕ وایە كە ئەو بەرپرسی سەرەكی ئەو هەڵمەتی سەركوتكردنە بووە.
سەرەڕای ئەوەی كە خامنەیی پادشا نیەو ناتوانێت بە ئاسانی دەسەڵاتەكانی بۆ كوڕەكەی بگوازێتەوە. بەڵام موجەتبا دەسەڵاتێكی زۆری لە ناو فەرمانگەكانی باوكیدا هەیە، لەوانەش نوسینگەی رابەر كە سەرپەرشتی دەستە دەستورییەكان دەكاتو ئەگەر پشتیوانی سوپای پاسداران بەدەستبهێنێت ئەوا رۆڵی دەبێ لەوەی لە پرۆسەی یاساییدا تای تەرازووەكە بەلای خۆیدا بخات.
ئیبراهیم رەئیسی كێیە؟
رەئیسی تەمەن 60 ساڵانو پیاوی ئاینی لە مەشهەد لە دایكبووەو باوەڕ وایە كە بەهێزترین كاندیدە كە چانسی ئەوەی هەیە جێگەی خامنەیی بگرێتەوە.
رەئیسی هەرگیز ئەو دەنگۆیانەی رەتنەكردووەتەوە كە باس لە ویستو ئارەزووی دەكەن ببێتە رابەری باڵای داهاتوو. جموجوڵە زۆرەكانی ئاماژە بەوە دەدەن كە بۆ ئەو رۆڵە ئامادەدەكرێت, چەندین پۆستی لە دەسەڵاتی دادوەریدا بەڕێوەبردووەو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایانیش بووە.
تۆماری رەئیسی لە بواری مافەكانی مرۆڤو بە تایبەتی رۆڵی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی زیندانییە سیاسییەكانی ساڵی 1988دا ئاماژە بەوەدەدەن كە پشتیوانی جەماوەریی نیە، هەرچەندە ساڵی 2017 لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا شكستی هێنا، رابەری باڵا كردی بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییو لەو كاتەشەوە كە ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەردەوام لەوەی پێی دەوترێت" جەنگ لە دژی فەساد" ئامادەیی لە بواری راگەیاندندا هەبووەو هاوشێوەی خامنەیی گومانی لە سودو كەڵی رێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەیەو زۆریش لە سوپای پاسدارانەوە نزیكە.