Draw Media

(درەو میدیا): چەند میدیایەكی ئێران ئاشکرایانکرد محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە دوو خانوی گرانبەهای لە ئەمریكا هەیە، ئەوەش زەریفی رووبەڕووی ناڕەزایەتییەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێران كردەوە، بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. لە ماوەی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند‌و بڕیاریدا هەرچی موڵك‌و ماڵێكی هەیەتی لە ئەمریكا دەستی بەسەردا بگیرێت. لە كاردانەوەی ئەو بڕیاری واشنتۆندا، جەواد زەریف لە تویتێكیدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "سزاكانی ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر خۆی‌و خێزانەكەی نابێت، چونكە هیچ موڵك‌و سامانێك یان بەرژەوەندییەكی لە دەرەوەی ئێران نییە". كەناڵی " ئازادی" نزیك لە باڵی موحافیزكارانی ئێران رۆژی هەینی لە ئەكاونتی خۆیدا لە تۆڕی تێلیگرام رایگەیاند جەواد زەریف دوو خانووی لە ئەمریكا هەیە. بەهۆی ئەو هەواڵەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رووبەڕووی رەخنە‌و ناڕەزایەتییەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێران بووەوە, بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و كەناڵەكانی " ئامەد نیوز"،  "ئاوا تودەی"‌و " دیدنیها". هاوكات جەواد زەریف رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری بەرەی موحافیزكاران‌و توندڕەوەكانی ئێران بووە‌و رۆژنامەی " ئیعتمیادی" باڵی ریفۆرمخوازانیش ئەو ناڕەزایەتییەی بە هەوڵێك بۆ بە ئامانجگرتنی وەزیری دەرەوە تۆمەتباركرد. رۆژنامەی ئیعتیماد لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاشكرایكرد جەواد زەریف خانوی یەكەمی لە 1998 بۆ 2002 كڕیوە, كاتێك لە تیمی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و خانوەكەی بەناوی كۆمپانیای " میری" یەوە تۆماركردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە" خانووی دووەم تایبەت بووە بە نیشتەجێبوون‌و مانەوەی زەریف لە شارۆچكەی سكیردیل لە شاری نیویۆرك‌و جەواد زەریف ئەم خانووەی نەكڕیوە, بەڵكو لە 1988 ەوە بۆ 1990 بە كرێ تێیدا بووە. بە گوێرەی میدیاكانی ئێران نرخی خانویی یەكەم بە ملیۆنێك‌و 50 هەزار دۆلار‌و خانوی دووەم بە 480 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت. هەتا ئێستا حكومەتی ئێران یان وەزارەتی دەرەوە هیچ روونكردنەوەیەكیان دەربارەی ئەو خانوانەی زەریف بڵاونەكردوەتەوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ نێچیرڤان بارزانی چاوی لە گواستنەوەی قوباد تاڵەبانییە لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگیری سەرۆكی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژن كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە، حەمەتۆفیق رەحیم دەڵێ" من معامەلە ناكەم"، جەعفەر شێخ مستەفا بە فەرمی كاندید كراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڵام هێشتا لە فەرماندەی هێزەكانی 70ی ئۆفێسەكەی چۆڵنەكردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین زانیارییەكان لەبارەی پرسی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە. ئەمڕۆ ماوەی دوو مانگی تەواوە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، بەڵام دوو جێگرەكەی هێشتا مەرسومی دەستبەكاربونیان بۆ دەرنەچووە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی سیاسییەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەلایەك‌و پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تركراوە‌و لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركراوە، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی خولەكانی پێشووەوە، لەخولی ئەمجارەدا دوو جێگری دەبێت، یەكێك لە جێگرەكان یەكێتی دەبێت‌و ئەوی تر كەسێك دەبێت لە بزوتنەوەی گۆڕان. كێشەیەكی یاسایی رۆژی 8ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی كوردستان "یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوری"ی پەسەندكرد. لە برگەی (دووەم)ی ماددەی (3)ی یاساكەدا هاتووە:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، ئەرك‌و دەسەڵاتەكانیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری دەكرێت". لە هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم رادەستی سەرۆكی هەرێم كراوە، واتە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵات بە جێگرەكانی دەدات نەك یاسا دەسەڵاتی بۆ دیاریكردبن. هەموارە نوێیەكە هیچ وادەیەكیشی بۆ كاتی دەستبەكاربوونی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دیاری نەكردووە، لەكاتی هەموارەكەدا هەوڵێك لەناو پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی لەیاساكەدا بچەسپێندرێت سەرۆكی هەرێم دوای (15) رۆژ لە دەستبەكاربوونی دەبێت مەرسومێك بۆ دەستبەكاربووتی جێگرەكانی دەربكات، بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرت‌و لەیاساكەدا ماوەكە بەكراوەیی هێڵدراوەتەوە، ئەمە وادەكات ئەگەر بۆ ماوەیەكی زیاتریش جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەستبەكارنەبن، هیچ بۆشاییەكی یاسایی رونەدات. یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای دانوستانێكی زۆر دواجار پارتی دیموكراتی كوردستانی ناچاركرد لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی باڵای پێبدات. پارتی كە پێشتر هەڕەشەی دەكرد ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدات وەكو سەرۆكی هەرێم، هیچ پۆستێك لە سەرۆكایەتی بە یەكێتی نادات، دواجار لە هەڕەشەكانی پاشەكشێی كرد، یەكێتی دەنگی بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، بەڵام سەرباری ئەوەش پارتی بەناچاری جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادكرد‌و ئەو پۆستەی بە یەكێتی دا. یەكێتی بە فەرمی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی (70)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی كردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری ئەوەی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە، بەڵام ئەگەری گۆڕینی كاندیدەكەی یەكێتی لە (جەعفەر شێخ مستەفا)وە بۆ كەسێكی تر لەئارادایە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزان‌و دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی ئەگەر ئەو بەهەر هۆكارێك لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لەشوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی خوازیارە یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات. (عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەیە. ئەگەر قوباد تاڵەبانی كە دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانییە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببێت‌و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، رەنگە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت. رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێشتا (جەعفەر شێخ مستەفا) دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووە‌و ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 31ی تەموز یەكێتی بەفەرمی (مستەفا چاوڕەش)ی لە شوێنەكەی (جەعفەر شێخ مستەفا) لە پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70) دیاریكرد. بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێكی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، لەناو سێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی باڵابوو لەناو پەرلەمان، بەوپێیەی لە خولی پێشوودا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوە بوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی لە دەستەی سەرۆكایەتی خولی نوێی پەرلەمان بە گۆڕان نەدا. بزوتنەوەی گۆڕان دواجار لە بری پەرلەمان، قایل بوو بە وەرگرتنی پۆستێك لە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوكات كە بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی رێككەوتنی سیاسییان كرد، بەپێی یاسای كارپێكراوی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبوو، گۆڕان ئەو تاكە جێگرەی بۆخۆی یەكلاكردبووەوە. بەڵام دواتر پارتی لە دانوستانەكانیدا بۆ قایلكردنی یەكێتی بەڵێنیدا جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكات‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی بدات، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد. بەپێی یاسا، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، جێگرەكەشی دەبێت بە جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتە سەربازییەكە بدات بە جێگرە یەكێتییەكەی، بەوپێیەی یەكێتی خاوەنی هێزی چەكداری زۆنەكەی خۆیەتی. ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی هەرێم وەكو جێگری فەرماندەی گشتی هێزە پێشمەرگە بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی، بەپێی یاسا هیچ رۆڵێكی ئەوتۆ بۆ جێگرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم نامێنێتەوە، بەڵام هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی دەسەڵاتی ئەوە بە نێچیرڤان بارزانی دەدات بە ویستی خۆی دەسەڵات بە جێگرەكانی بدات‌و رەنگە لەو رێگەیەوە چارەسەری كێشەكە بكرێت. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا دوو كەس بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدن، ئەوانیش بریتین لەو (محەمەد تۆفیق رەحیم)‌و (مستەفا سەید قادر)، كۆتایی هەفتەی رابردوو (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە كشایەوە. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، رۆژی 27ی تەموز دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەخشی بە (عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە. عومەر سەید عەلی رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە پۆستی حكومی وەرگرن، ئەمە وایكرد هەمان رۆژی كۆبونەوەكەی جڤات، (محەمەد تۆفیق رەحیم) دەستی لە پۆستی ئەندامێتی خانە بكێشێتەوە. نزیكەی (15) رۆژە دەسەڵات بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان دراوە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هێشتا بە فەرمی ناوی كاندیدەكەی یەكلانەكردوەتەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو  میدیا)، محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژنی قوربان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە. محەمەد تۆفیق رەحیم وتی: من لە كاندید بونم بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم نەكشاومەتەوە‌و معامەلە لەسەر ئەو پۆستە ناكەم. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر رێكخەری گشتی دوای جەژن كاندیدەكە یەكلانەكاتەوە، دورنییە جارێكی تر پرسەكە بگەڕێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، واتە جڤانی نیشتمانی بە دەنگدان كاندیدەكە یەكلابكاتەوە. بەپێی پێوەرەكەی نێچیرڤان بارزانی كە داوای كاندیدی زمانزان‌و دیپلۆماتیی لە یەكێتی كردووە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بكات بۆ پۆستەكە، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەوپێیەی لەلایەك كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دانانی مستەفا سەید قادر دەكەن‌و لەلایەكی تریش بەكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، عومەر سەید عەلی دەیەوێت مستەفا سەید قادر لە حیزب دوربخاتەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكان ئەگەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید نەكرێت، مستەفا سەید قادر لە رۆژی 14ی ئەیلولی داهاتوو خۆی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندید دەكات. موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌‌و جێگرەكانی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی‌‌و بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە: •    موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە. •    دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار. •    كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. •    سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت كە 80%ی موچە‌و دەرماڵًەكەیەتی‌و دەكاتە (18 ملیۆن) دینار. موچە‌و دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێم: •     موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. •    دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار. •    كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە. •    جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار. بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات. بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تاوەكو رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستا‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆن‌و 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە. بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم بە گوێرەی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013ی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (430) كارمەندی هەیە، بودجەی ئەو ساڵەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (42 ملیار) دینار بووە، كە دەكاتە رێژەی 0,36%ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندنەكردووە، ئەگەر لەمساڵدا پرۆژە یاسای بودجە دابنرێت‌و پەرلەمان پەسەندیبكات‌و جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەبێت.  


(درەو میدیا): بڕیاری دوای پشووی جەژنی قوربان وەفێدی باڵای هەرێم بۆ تاوتوێكردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند سەردانی بەغداد بكات‌و بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش وەفدەكەی هەرێم چەند پێشنیازێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئامادەكردووە. چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی " ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەریان راگەیاند وەفدەكەی هەرێم پێنج دۆسیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندا تاوتوێدەكات كە بریتین لە: * موچەی فەرمانبەرانی هەرێم * پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی * داهاتی نەوتی هەرێم * گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان * داهاتووی پارێزگای كەركوك بەوتەی ئەو سەرچاوانە هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشەكان بە شێوەی دۆستانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پابەندی هەموو ئەو مافانەن كە دەستوری هەمیشەیی عێراق بە هەرێمی بەخشیوە، لەگەڵ بەندەكانی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا ئیمزاكراون. هەرێم ئامادەیە نەوتەكەی رادەستبكات هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەكەی راگەیاندوووە وەفدەكەی هەرێم دوای جەژنی قوربان دەچێتە بەغداد بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر دۆسیەی نەوت‌و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق. ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیكردوەتەوە كە هەولێر ئامادەیە داهاتی  نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەگەر حكومەتی ناوەندی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات. بەغداد موچە نابڕێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا دانینا بە بوونی ناكۆكی لە نێوان هەولێر‌و بەغدا، بەڵام جەختیكردەوە كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕێت. عەبدولمەهدی لە دیدارێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوسی عێَراق وتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكات كە لە یاسای بودجەدا هاتووە، لەبەرئەوە بەبەهای ئەو بڕە نەوتە لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت  ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یاسایەك كە لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكراو دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵك‌و ناكۆكی حزبەكانەوە پەسەندكرنەكەی رەتكرایەوە. ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاساكە، بەپێی پێشبینییەكان ئەگەر پرۆژەكە وەكو خۆی پەسەندبكرێت زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی، كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی پرۆژەكەوە بڵاودەكاتەوە. كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟ رۆژی 14ی تشترینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێم‌و كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد. وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمان‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە. ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێم‌و چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا. سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو. "كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی بۆ (درەو میدیا) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا. دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی. سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكرا‌و دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پرۆژەكەی پەسەندكرد‌و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا. پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە‌و چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت. سۆران عومەر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت". حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراق‌و بارگرانییەكانی شەڕی "داعش"ە بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیە‌و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی  پرۆژەیاساكە بووە. بایۆمەتری.. هەنگاوێكی بێكەڵك بەر لە نوسینەوەی پرۆژەیاسایەك بۆ چاكسازی لە بواری موچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكانی تر، حكومەتی هەرێم رێگەیەكی سیستمی "بایۆمەتری"ی تاقیكردەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو. بایۆمەتری یەكەم هەنگاوی حكومەت بوو لەناو قەیرانی دارایدا بەئاڕاستەی رێكخستنەوەی لیستی موچەخۆران‌و بڕینی موچەی ئەو كەسانە بوو كە زیاتر لە موچەیەكیان لە بودجەی هەرێم بەشێوەی "گەندەڵی" وەردەگرت، لە كۆتایشدا زیادكردنی داهات. جێبەجێكردنی ئەم سیستمە سەرباری ئەوەی كاتێكی زۆرو خەرجییەكی تریشی بۆسەر خەرجییەكانی حكومەت زیادكرد، نەك پارەی موچەی كەمنەكردەوە، بەڵكو زیاتری كردو هیچ بڕە پارەیەكی بۆ حكومەت نەگەڕاندەوە. بەر لەوەی سیستمی بایۆمەتری بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە ژمارەی‌ موچەخۆرانی‌ هەرێم (1 ملیۆن‌و 378 هەزار) موچەخۆر بوو، ئەم رێژەیە مانگانە پێویستی بە (868 ملیار) دیناری خەرجی موچە هەبوو.  دوای جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری، ژمارەی موچەخۆران كەمیكرد بۆ (1 ملیۆن‌و 249 هەزارو 481) موچەخۆر، واتە نزیكەی (129 هەزار) موچەخۆر كەمكرایەوە، ئەم كەمبونەوەیە لە ژمارەی موچەخۆراندا نەبووە هۆی كەمبونەوەی بڕی ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچەی موچەخۆرانی دابین بكات، چونكە لە سیستمی بایۆمەتریدا (100 هەزار) موچەخۆر ئەژمارنەكرابوون كە ئەوانیش خوێندكارانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان بوون‌و دەرماڵەی مانگانەی خوێندنیان وەردەگرت. بەر لە جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچە دابینی بكات (868 ملیار) دینار بوو، بەلام دوای جێبەجێكردنی سیستمەكە خەرجی موچە بوو بە (890 ملیار) دینار، واتا بایۆمەتری نەك هەر پارەی نەگەڕاندەوە بەڵكو (22 ملیار) دیناری بۆسەر خەرجی موچە زیادكرد، ئێستا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەم شێوەیەیە:  •    خانەنشین: (244 هەزارو 656) موچەخۆر •    خانەوادەی‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان: (96 هەزارو 53) موچەخۆر •    كەمئەندام‌و چاودێری كۆمەڵایەتی:‌ ‌(159 هەزار) موچەخۆر •    كەرتی فەرمانبەرانی شارستانی بە پۆلیسەوە: (483 هەزار) موچەخۆر •    پێشمەرگەو ئاسایش (266 هەزارو 465) موچەخۆر  رەنگە تاكە سودی جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری نەهێشتنی دیاردەی وەرگرتنی چەند موچەیی بێت، نوری عوسمان سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون جارێك لە لێدوانێكدا وتی:" 68 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان هەن كە دوو موچەو سێ موچەو چوار موچە وەردەگرن". هەوڵێكی نوێ دوای ئەوەی خولی پێشووی پەرلەمان، پرۆژەیاساكەی رەتكردەوە، پرۆژەكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئێستای كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت بە هەندێك گۆڕانكارییەوە جارێكی تر پرۆژە یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی.     ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێم تائێستا تەنیا (4) كۆبونەوەی كردووە، لە كۆبونەوەی دووەمدا گفتوگۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا بریاردرا سەرلەنوێ لیژنەیەك تایبەت بەو پرۆژەیاسایە دروستبكرێت. لیژنە نوێیەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كارەكانی خۆی لەسەر پرۆژەیاساكە دەكات، چونكە حكومەت نایەوێت وەكو خولی پێشوو پەسەندكردنی پرۆژەكە لە پەرلەمان گرێوگۆڵی تێبكەوێت، بۆیە هەر لەئێستاوە پەرلەمان بەشدار دەكات لە ئامادەكردنەوەی پرۆژەكەدا. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین دەستكاری پرۆژە یاساكە دەكات، لەبەر ئەوەی پرۆژە یاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی خۆیەتی‌و پێشتر بە چەندین فلتەردا تێپەڕێوە. پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یەكەم كاری پەرلەمانی كوردستان بێت دوای كۆتایهاتنی پشووی وەرزی یەكەمی یاسادانان. لەبارەی یاساكەوە  پرۆژەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە (24) ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بە پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە، مانگانە زیاتر لە (100 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.  ئەم یاسایە كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكراو دواتر هەڵوەشێندرایەوە، لەكاتی خۆیدا نیگەرانی زۆری دروستكرد، ئەوكات نیگەرانییەكان زیاتر لەسەر چەند خاڵێك چڕبووبونەوە: •     یاساكە كەمترین موچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بە (300 هەزار) دینار دیاریكردبوو، پەرلەمان داوای دەكرد كەمترین ئاستی موچە (400 هەزار) دینار بێت، حكومەت رەتیدەكردەوە بەوپێیەی لەناو قەیرانی دارایدا بوو. •    موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاكان كە لە یاساكەدا بە زیاتر لە (4 ملیۆن) دینار دیاریكرا بوو، ناڕەزایەتی لە شەقام دروستكرد، بەڵام لایەنی باشی یاساكە ئەوە بوو كە دەرگای بۆ هەموو پلە باڵاكان (وەزیرو پەرلەمانتار) كردبووەوە كە ئەگەر موچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەمەش بەهانەی هەموو ئەوانەی دەبڕی كە باسیان لەوەدەكرد موچەی خانەنشینی زۆریان ناوێت‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات. •     حكومەتی هەرێمیش كێشەی لەگەڵ دەرماڵەكاندا هەبوو، دەیویست لە یاساكەدا كەمبكرێنەوە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان پێیانوابوو ئەگەر لەناو یاساكەدا ڕێكبخرێت زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە پەرلەمان دەیوت ‌چۆن پێشتر حكومەت خۆی بە بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە، دەبێت هەر بەوشێوەیە خۆی كەمیبكاتەوە، حكومەت دەیویست لیكەوتەكانی بڕیارەكە بخاتە ئەستۆی پەرلەمان، پەرلەمانیش تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی حكومەت.   سەرباری ناڕەزایەتی‌و ناكۆكییەكان، یاساكە خاڵی گرنگی تێدابوو بەئاڕاستەی چاكسازی‌و بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە رۆژی دوای پەسەندكردنی یاساكە دەریكرد، لایەنە باشەكانی یاساكەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە (ئەم رونكردنەوەیە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەسەندكردنی یاساكە دەرچووە): * زامنكردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەكەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەك بخرێتە سەر حیسابی بانكیی فەرمانبەران‌و لە داهاتووش بە پەیڕەوێكی تایبەت شێوازی مامەڵەپێكردنی رێكبخرێت‌و فەرمانبەران بتوانن بەكاری بهێنن. * ئەوە جێگیركراوە كە هیچ خانەنشینێك نابێت لە سێ سەد هەزار دینار كەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت. * هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەكان كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە.  * راستكردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو كەسانەی كە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینكراون. * یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەو یەكە كارگێڕییەكان كە موچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت بە سەربازی‌و مەدەنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی. * یەكخستنەوەی یەكەكانی ژمێریاریی سەربە یەكەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگ‌و پیرۆزە بەرەو یەكخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. * دانانی میكانیزم‌و كاتی دیاریكراو بۆ پاككردنەوەی لیستی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی‌و كەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كە ئەمە خواستی خەڵكی كوردستانە. * دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاكانی هەرێم لەچوارچێوەی پەیڕەوێك كە حكومەت‌و پەرلەمان لەماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەكەن.  * رێكخستنەوەی دەرماڵەكان‌و زیاتر لە یەكجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناكردنی كەسوكاری شەهیدان‌و خاوەن پێداویستیی تایبەت. * دروستكردنی سندوقی خانەنشینی‌و قەدەغەكردنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لەم سندوقە. * سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم‌و حكومەت‌و پەرلەمان‌و وەزیرو پەرلەمانتارو وەكیل وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی‌و سەرجەم پلە تایبەتیەكان، میكانزمێك پەسەندكراوە بە بەراورد بە یاسا بەركارەكانی پێشوو كە هەبوون بۆ خانەنشینكردنی ئەمانە رێژەیەكی زۆری خانەنشینییان كەمكراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت‌و بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێت‌و لە رێژەی بیست‌و پێنج لە سەد لە موچەكەیان دەستپێدەكات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەكەیان زیاتر بێت‌و ئەوانەشی لە پەنجا ساڵ زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی موچەكەیان زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر هەمویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەكران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەك لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو بەبێ جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی عێراقدا چارەسەری بۆ دیاریكراوە. بەڵام پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكرد كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی‌و ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە. پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە، پرۆژەكەی بەوجۆرە پەسەندكرد " هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك كە تەمەنی لەسەرو 50 ساڵیەوە بێت، بەرێژەیەك خانەنشین دەبێت كە 70%ی موچەكەی زیاتر نەبێت". 70%ی موچە، واتە وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت مانگانە (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت. بەڵام ئەگەر تەمەنی لەخوار 50 ساڵیەوە بێت، بەپێی ئەوەی پەرلەمانی خولی پێشوو پەسەندی كرد، دەبێت پلەباڵاكان بەرێژەیەك خانەنشین بكرێن كە لە 25%ی موچەكانیانەوە دەستپێدەكات بۆ رێژەی 60%. واتە ئەگەر كەسێكی پلەباڵا بەرێژەی 60%ی موچە خانەنشین بكرێت، مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 920 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت، ئەوانەشی كە هیچ پێوەرێكی خانەنشینبونیان تێدا نییە بەرێژەی 25%ی موچەكانیان خانەنشین بكرێن كە مانگانە دەكاتە (2 ملیۆن) دینار.  بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ (درەو میدیا)، موچەی خانەنشینی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارانەوە بۆ ساڵێك (75 ملیار) دینارە. روون نییە ئایا خولی نوێی پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر چ میكانیزمێك سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان رێكدەكەون. خانەنشینی سەربازی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كێشەی سەرەكی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازییە. لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، كە (133 هەزارو 435) خانەنشینی بواری سەربازییە بەرێژەی (54%).   خانەنشینی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە كە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرلەمانتار سۆران عومەر، لە مانگی 11ی 2012دا (64 هەزارو 967) خانەنشینی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام لە 2013دا ئەم رێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ (92 هەزارو 641) خانەنشین، واتا تەنها لە ساڵی 2013دا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە (27 هەزارو 674) كەس زیادیكردووە. بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووە‌و لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاسایی‌و خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.       


 (درەو میدیا): حكومەتی سوریا رێككەوتنی ئەمریكا‌و توركیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا ( رۆژئاوای كوردستان) رەتدەكاتەوە‌و بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەریی‌و یەكێتی خاكی سوریای لە قەڵەمدەدات‌و كوردیش پێشوازی لێدەكات. ناوەرۆكی رێككەوتنەكە دوای هەڕەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژهەڵاتی روباری فورات‌و وەڵامدانەوەی لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمریكاوە، دواجار وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ( پێنتاگۆن) لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەسەر دامەزراندن‌و بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا رێككەوتن. بە گوێرەی رێككەوتنەكە: * سەنتەرێكی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ هەماهەنگی‌و بەڕێوەبردنی ناوچەكە لە ئەنكەرە دادەمەزرێنرێت. * ناوچە ئارامەكە وەك رێڕەوێك بۆ ئاشتی دادەمەزرێت. * رێوشوێنە پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان دەگیرێتەبەر. ئەمریكا‌و توركیا پێشتر لەسەر رووبەری ناوچە ئارامەكە ناكۆك بوون، ئەنكەرە دەیەوێت ناوچەكە هەموو ئەو ناوچانە بگرێتوە كە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورددان‌و واشنتۆنیش ئەوە رەتدەكاتەوە، لە بەیاننامەی كۆتایی رێككەوتنەكەدا هیچ ئاماژەیەك بە وردەكاری ناوچە ئارامە نەكراوە بە تایبەتی رووبەرەكەی‌و ئەو لایەنەشی بەڕێوەیدەبات، تەنها باس لەوەكراوە كە سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە پێكدەهێنرێت، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە توركیاو ئەمریكا بە هاوبەشی ناوچە ئارامەكە بەڕێوەدەبەن. كورد پێشوازی لێدەكات بەڵام...  ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی تەڤگەری دیموكرات (تەڤدەم)، و خۆشحاڵی خۆی بە رێككەوتنەكەی ئەمریكا‌و دەربڕی، بەڵام جەختیشیكردەوە كە هێشتا وردەكاری رێككەوتنەكە نادیارە‌و روون نییە. خەلیل لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) وتی:"ئەم رێككەوتنە دەبێتە سەرەتایەم بۆ شێوازێكی نوێ‌، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە وردەكارییەكەی بزانین، بەگوێرەی پێشهاتەكان دۆخەكە هەڵدەسەنگێنین‌و پشت بە ناونیشان نابەستین".  هاوكات بەدران چیاكورد، راوێژكاری ئیدارەی خۆسەری كورد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، هۆشداریدا لە هێرشی توركیا بۆسەر باكوری خۆرهەڵاتی سوریا‌و رایگەیاند ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا شكستبهێنێت لە هەوڵەكانی بۆ وەستاندنی پلانەكانی توركیا، ئەوا " جەنگێی گەورە" بەرپادەبێت. چیاكورد جەختیكردەوە وەك ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، خوازیاری چارەسەری سیاسیین‌و دانوستانیان وەك بژاردەیەكی ستراتیژی داناوە، بەڵام لە كاتی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكە, ئەوا زۆربەی هێزەكانیان لەسەر سنوری سوریاو توركیا بڵاوەپێدەكەن‌و ئەوكاتەش ناتوانن بەردەوام بن لە راوەدونانی شانە متبووەكانی داعش‌و پارێزگاریكردن لە هەزاران زیندانیی ئەو رێكخراوە. دیمەشق رەتیدەكاتەوە لە یەكەمین كاردانەوەیدا حكومەتی سوریا رێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا رەتكردەوە‌و  بە پێشێلكردنی سەروەریی‌و یەكێتی خاكی سوریای وەسفكرد. سەرچاوەیەكی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا ( سانا) رایگەیاند" كۆماری عەرەبی سویا بە رەهایی و بە تەواوەتی ئەو رێككەوتنە رەتدەكاتەوە كە لەلایەن ئەمریكای داگیركەر‌و توركیا دەربارەی ئەوەی پێدەوترێت ناوچەی ئارام راگەیەندراوە‌و ئەو رێككەوتنە دەستدرێژییەكی روون‌و ئاشكرایە بۆسەر سەروەری‌و یەكێتی خاكی سوریا‌و پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی‌و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە". سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بەرپرسیارێتی ئەو رێككەوتنە دەخاتە ئەستۆی چەند لایەنێكی كورد‌و دەڵێت:" چەند لایەنێكی سوریا لە هاوڵاتیانی كورد كە قایل بوون ببنە ئامرازێك لەو پرۆژە شەرانێگڕزانەی ئەمریكا‌و توركیا، بەرپرسیارێتی مێژووی ئەو دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆو كاتی ئەوەیە بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان." سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەوە یەكگرتووەكان دەكات" ئیدانەی شەڕی ئەمریكا‌و توركیا بكەن كە زۆر مەترسیدارەو هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی‌و سەقامگیری ناوچەكە‌و جیهان‌و هەموو هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ قەیرانی سوریا لەناودەبات".  


(درەو میدیا): دانوستانەكانی توركیا‌و ئەمریكا لە بارەگای وەزارەتی بەرگری  توركیا دەربارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە  رۆژئاوای كوردستان " باكوری سوریا" كۆتایی هات‌و ئەنكەرەو واشنتۆن رێككەوتن. وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رێككەوتن كراوە لە قۆناغی یەكەمدا‌و لە زووترین كاتدا ئەو رێوشوێنانە بگیرێنەبەر كە نیگەرانییەکانی توركیا دەڕەوێننەوە. ئاشكراشیكرد بەپێی رێككەوتنەكە بەزوویی سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە توركیا پێكدەهێنرێت بۆ هەماهەنگی‌و بەڕێوەبردنی ناوچە ئارامەكەی سوریا. وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشداوە رێككەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كراوە بۆئەوەی ناوچە ئارامەكە بكرێتە رێڕەوێكی ئاشتی‌و هەموو رێوشوێنێك بیگرێتەبەر بۆ گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی سورییەكان بۆ وڵاتەكەیان. لە راگەیەندراوێكیشدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنکەرە ئاماژەی بەوە كردووە سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە توركیا بەزووترین كات هەماهەنگی و كار بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام پێكەوە بكرێت و وەفدیفدی ئەمریكا و توركیا لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتون:. - جێبەجێكردنی دەستبەجێی رێكارە سەرەتاییەكان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا.  - دامەزراندنی سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە توركیا بەزووترین كات بۆئەوەی هاوئاهەنگی و كار بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام پێكەوە بكرێت. - دەبێت ئەو ناوچە ئارامە ببێتە رێڕەوێكی ئاشتی و دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆئەوەی سوورییەكان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.  


درەو میدیا: ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە" بەپێی رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندازیار تەیب جەبار كاندیدی لیستی برایەتیی كەركوكە بۆ پارێزگاری كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی رێكەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێكەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.  ئاسۆ مامەند بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندووە"چاوەڕوان دەكەین لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك لەنێوان لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لەگەڵ لیستی برایەتیی كەركوك بەڕێوەبچێت و پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك تەوەرێكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت" پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆژی 11ی تەموزی رابردووی لەدوای كۆبونەوەیان بەرەسمی ناوی ( تەیب جەبار)یان وەك كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك راگەیاند، بەو پێیەش كە 28 رۆژ بەسەر راگەیاندنی ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوكدا تێپەریوە بۆیە تەنها 17 رۆژی ماوە بۆ ئەو سەقفە زەمەنیە( 45 رۆژ)ەی لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا هاتووە.    


(درەو میدیا): سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رونكردنەوەیەك لەسەر لێدوانێكی خۆی دەدات كە بۆ سایتی فەرمی پارتی داوەو (درەو میدیا) بڵاویكردوەتەوە. عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا كرۆكی هەواڵێك رەتدەكاتەوە لە پەیجی فەرمی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە. لە رونكردنەوەكەیدا سەرۆكی ئەنجومەن رەتیدەكاتەوە هیچ لێدوانێكی بۆ (درەو میدیا) دابێت سەبارەت بە پرسی گۆڕانكاریكردن لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی هەولێردا. لەوەڵامی ئەم رونكردنەوەیەدا، (درەو میدیا) بە رایگشتی‌و بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەگەیەنێت، ئەو هەواڵەی كە لە رونكردنەوەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەندا باسكراوە، لە سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان (KDP ) بڵاوبوەتەوە‌و (درەو میدیا) تەنیا هەواڵەكەی گواستوەتەوە. بۆ بەرچاوڕوونی رایگشتی‌و بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (درەو میدیا) وێنەی هەواڵەكەی سایتی فەرمی پارتی بڵاودەكەینەوە كە تا سایتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لە پەیجی فەرمی سایتەكەدا ماوە، بەڵام ناوەڕۆكی هەواڵەكە لە سایتەكەدا سڕاوەتەوە. 


(درەو میدیا): مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا ئەمڕۆ رایگەیاند هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی توركیا بۆسەر باكوری سوریا ( رۆژئاوای كوردستان) قبوڵ ناكەن‌و واشنتۆن رێگە لە هەر هاتنێكی تاكلایەنە دەگرێت. ئیسپەر لە میانی سەردانێكیدا بۆ ژاپۆن لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" هەر جوڵەیەكی تاكلایەنە مایەی قبوڵكردن نیە‌و رێگە لە هاتنە ناوەوەی تاكلایەنە دەكەین كە كاریگەری دەبێت لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی ئەمریكا‌و توركیا‌و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باكوری سوریا". وەزیری بەرگری ئەمریكا جەختیشیكردەوە كە ئەمریكا بەنیاز نیە واز لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی بهێنێت. ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئەمریكا دوای ئەوە هات كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رۆژی یەكشەممە رایگەیاند ئۆپەراسیۆن بۆسەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی رووباری فورات دەستپێدەكەن‌و ئەمریكا‌و روسیاشیان لەوە ئاگاداركردوەتەوە. ماوەیەكە ئەنكەرە‌و واشنتۆن لە دانوستان‌و گفتوگۆدان لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە نێوان توركیا‌و رۆژئاوای كوردستان، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتن‌و توركیا دەخوازێت ناوچە ئارامەكە هەموو رۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆجێیەتی كورد لەو بەشەی كوردستان بهێنێت، بەڵام واشنتۆن ئەوە رەتدەكاتەوە. ئێستا تیمێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" لە توركیایەو لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە بارەی ئەو ناوچە ئارامەوەو وەزیری بەرگری ئەمریكاش هیوای خواست لەگەڵ ئەنكەرە بگەنە رێككەوتن.


درەو میدیا:  " زیاتر لە 1 ترلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوەو 5 وەزیرو زیاتر لە 100 بەرێوەبەری گشتیان راپێچی دادگاكانی عێراق كردووە، " ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی دەستەی دەستپاكی عێراق. لە راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی خۆیدا دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاندوە" دەستەكەیان رێگری كردووە لە بەهەدەردان و گەڕاندوەی یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی تەنها لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا" راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە " هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر هەیە  كە بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە. ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەش كە پلەی تایبەتیان هەیە، یان بەڕێوەبەری گشتین 100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە" بەشێوەیەكی گشتی راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە: -     یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی -     857 فەرمانی دەستگیركردن بۆ بەرپرسانی حكومەت دەرچووە، 407 فەرمانیان جێبەجێكراون.  -     هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن راپێچی دادگاكراون -    بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەكان زیاتر لە  100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە  -     18 هەزار و 552 فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی بەدەستگەیشتووە، -  -    سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق 100% پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان -    وەزیرەكان بەڕێژەی 77 % پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان -     پەرلەمانتاران  20%یان موڵك و ماڵیان ئاشكرا كردووە لەكۆی 328 پەرلەمانتار تەنها 67 پەرلەمانتار فۆرمی ئەستۆپاكیان پڕكردۆتەوە


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا تائێستا كاتی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری لەسەرنەدراوە، تەنها مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە رۆژی 21ی تشرینی دووەم كە رۆژی شەهیدانی یەكێتییە كۆنگرەی چوارەم ببەسترێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو میدیا) باسی چۆنیەتی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی‌و ئەو پرۆژانە دەكات كە بۆ ئەو كۆنگرەیە ئامادەكراون. ئەسەسەرد باسلەوەدەكات، سەرجەم كۆنگرەكانی تری یەكێتی بە جۆرێك لە تەوافق و رێككەوتن بەستراون‌و بۆ كۆنگرەی چوارەمیش جۆرێك لە تەوافق گەرەنتی سەركەوتنی كۆنگرەكە دەدات. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: مەكتەبی رێكخستن رۆژی 21/11ی وەكو رۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرە دیاریكرد، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەناو یەكێتی كێ بڕیار لە كاتی كۆنگرە دەدات؟ فەرید ئەسەسەرد: مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە، رۆژی كۆنگرەی دیاری نەكردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كاتی دیاریكردنی كۆنگرە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت، بەرنامەی كۆنگرەش، واتە پەیڕەوی ناوخۆی حزب لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە دادەنرێت. درەو میدیا: مەلا بەختیار بۆچوونی وایە دەبێت ئەنجومەنی ناوەند بڕیار لە كاتی كۆنگرە بدات، چونكە ئێستا تەنیا ئەو دامەزراوەیە لەناو یەكێتیدا شەرعیەتی ماوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەمە مەسەلەیەكە تێڕوانینی جیاوازی لەسەرە، پەیڕەوی ناوخۆ باس لەوە دەكات ئەگەر كۆنگرە نەبەسترا, ئەوا سەركردایەتی شەرعیەتی خۆی لە دەستدەدات، بەڵام ئەم سەركردایەتییە تەنیا ئێستا شەرعیەتی لەدەستنەداوە، واتە كاتێك كاك بەختیار ئەم قسەیەی كردووە نزیكەی شەش ساڵ بووە كە سەركردایەتی شەرعیەتی لەدەستدابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە یەكێكە لەو تێڕوانینانەی كە باسمكرد، ئەكرێت دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە حاڵەتی ئێستادا من پێموایە نەرمییەك بنوێنرێت سەبارەت بە مەسەلەی پەیڕەوی ناوخۆو شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئێمە جگە لە دەقێكی پەسەندكراوی كۆنگرە، لە پەیڕەوی ناوخۆدا هیچ دەقێكی ترمان نییە. درەو میدیا: ئێستا باس لە سازدانی كۆنگرەی تەوافوقی دەكرێت، هەندێكیش دژی ئەمەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو كۆنگرەكانی پێشتری یەكێتی بە تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەچوون، بە بۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی چۆن دەبێت؟ فەرید ئەسەسەرد: ئێمە سێ كۆنگرەمان بەستووە، لە هەرسێ كۆنگرەكەدا جۆرێك تەوافوق هەبووە، بۆ نمونە كۆنگرەی یەكەم لە ساڵی 1992 تەوافوقەكە لە ئاستێكی نزمدا بوو، تەنیا لەسەر ئاستی سكرتێری گشتی‌و سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران‌و سكرتێری یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بوو، واتە تەنیا ئەو سێ كەسە بە تەزكییە‌و تەوافوق دەرچوون‌و ئەوانی تر كۆنگرە راستەوخۆ هەڵیبژاردن، هەموو ئەندامەكانی تری سەركردایەتی هەمووی بەدەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی دووەمیش تەوافوقێك لەسەر ئاستێكی دیاریكراو لەسەر پێشنیازی بەڕێز مام جەلال هاتەئاراوە سەبارەت بە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی‌و چەند كەسێكی تر، بەدەر لەمانە، ئەوانی تر هەمویان بەشێوەیەكی ئازاد‌و بە دەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی سێیەمیش جۆرێك تەوافوقی تێدابوو لەسەر ئاستی بەڕێز مام جەلال‌و دوو جێگرەكەی، ئەوانی تر هەمووی بە دەنگدان بوو، ئەكرێت شتێكی لەم بابەتە لە كۆنگرەی داهاتوودا پەیڕەو بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە من پێموانییە ئەندامانی خۆمان رەزامەند بن بە تەوافوقی 100% لە هەمان كاتیشدا رەنگە بەبێ ئاستێكی دیاریكراوی تەوافوق رەنگە كۆنگرەكە هەندێك كێشەی لەبەردەمدا بێت، من لەگەڵ ئەوەم رێگەیەكی مامناوەندی لەنێوان هەردوكیاندا پیادەبكرێت، بەوجۆرەی كە لە سێ كۆنگرەكەی پێشوو پیادەكراوە. درەو میدیا: لەنێوان تەوافوق‌و ناتەوافوقدا چارەنوسی پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی چی لێدێت، باس لە سیستمی هاوسەرۆكایەتی دەكرێت، هاوشێوەی پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، ئەمە سیستمێكی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی ؟ فەرید ئەسەسەرد: لە دۆخێكدا كە تائێستا پرۆژەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ لەئارادا نییە، كە بە رەسمی درابێت بە ئەندامانی سەركردایەتی، هەرچی باسدەكرێت لەمبارەیەوە پرۆژەیە یان پێشنیارە، لە هەموو حاڵەتەكاندا لە كۆبونەوەكاندا دەتوانین یەكێك لەو پرۆژانە یاخود یەكێك لەو پێشنیازانە پەسەند بكەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەتوانین پیادەی شێوەی هەڵبژاردنی سكرتێری گشتی وەكو سێ كۆنگرەكەی پێشتر بكەین، پاشان ئەكرێت شێوازی تریشی بۆ دیاری بكرێت، لە هەمانكاتیشدا ئەكرێت سەركردایەتییەكیشی بۆ دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەمبارەیەوە نییە، من پێموایە دوو دەزگای سەرەكی ئەتوانن بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدەن ئەوانیش ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندن.  درەو میدیا: كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ ئەندامانی كۆنگرە چۆن دیاری دەكرێن ؟  فەرید ئەسەسەرد: لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەم مەسەلەیە یەكلاكراوەتەوە، ماددەیەك هەیە باسلەوەدەكات كێ بەشداری لە كۆنگرەدا دەكات. درەو میدیا: واتە بەپێی پەیڕەوە كۆنەكە كۆنگرە دەكەن‌و هیچ پرۆژەیەكی تر بۆ سازدانی كۆنگرە لەئارادا نییە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ناتوانرێت، تائەوكاتەی كۆنگرە نەبەسرێت هەر كار بەم پەیڕەوە دەكرێت، واتە تا هەموارنەكرێتەوە یان هەڵنەوەشێندرێتەوە هەر كاری پێدەكرێت، پەیڕەو لە كۆنگرەوە بۆ كۆنگرەیە، لە كۆنگرەیەك پەسەند ئەكرێت‌و لە كۆنگرەیەكی داهاتوو بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەڵدەوەشێتەوە‌و پەیڕەوێكی تر جێگەی ئەگرێتەوە یاخود هەموار ئەكرێتەوە، ئەو پەیڕەوەی ئێمەش هەروایە، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەدا تێپەڕیووە هەندێك كێشە هەیە رەنگە زەمەنیش تێی پەڕاندبێت یاخود هەندێك بابەتی تازە هاتبێتەئاراوە، ئەكرێت نەرمییەك سەبارەت بە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیڕەودا بكرێت، بۆ نمونە بەپێی پەیڕەو دەبێت هەزار كەس بەشداری لە كۆنگرەدا بكەن، بەڵام ئەكرێت لەوەش زیاتر بێت‌و ئەكرێت لەوەش كەمتر بێت، شەرت نییە پابەندبونەكە دەقاودەق بێت، پێداویستی سەركەوتنی كۆنگرە پێموابێت ئەوەیە، ئەگەر بكرێت بە پێوەر.  درەو میدیا: ئەگەر كار بە پەیڕەو دەكرێت كەواتە گرنگی ئەو پرۆژانە چین كە بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادەكراون، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە تائێستا چوار پرۆژە هەن‌و یەكێك لە پرۆژەكان پرۆژەی بەڕێزتانە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەوەی شێوەی پرۆژەی وەرگرتووە تەنیا دوو پرۆژەیە، پرۆژەی مەكتەبی رێكخستنە كە ئەمە بەمانای وشە پرۆژەیە واتە مەرجەكانی پرۆژەی تێدایە، پرۆژەیەكی تریش هەیە كە هی ئەنجومەنی ناوەندە، ئەویش بەمانای وشە بە پرۆژە ئەژمێردرێت، بۆچونەكانی من پرۆژەنین، هەندێك تێڕوانین سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بە كۆنگرەوە هەیە، ئەوەی كاك بەختیاریش من پێموانییە نابێت بخرێتە قاڵبی پرۆژەوە، بەڵام هەندێك تێڕوانینە سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بەشێوەی بەستنی كۆنگرەوە هەیە، مەسەلەكان بەوشێوەیەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئێمە دەتوانین هەردوو پرۆژەكە ببەین بۆ كۆنگرە لەوێ یەكلایی بكەینەوە، لەهەمان كاتیشدا ئەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەردووكی بكەین بە یەك‌و بە یەك پرۆژەوە بچین. درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەم یەكێتی كۆدەكاتەوە یان دابەشی دەكات بەسەر چەند حزبێكی تردا ؟ فەرید ئەسەسەرد: من پێموایە ئەگەر بڕیارماندا لەسەر بەستنی كۆنگرە، ئەبێت پێشوەخت پێداویستییەكانی كۆنگرەیەكی سەركەوتومان دابین كردبێت. درەو میدیا: كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەكرێت، واتە ئەوكاتەی كە باسدەكرێت گوایە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ؟ فەرید ئەسەسەرد: رۆژێكی دیاریكراو دەستنیشان نەكراوە وەكو بڕیار، مەكتەبی رێكخستن پێشنیازی رۆژێكی كردووە لە كۆتایی ئەمساڵدا، لە هەموو حاڵەتێكدا من تا ئەندازەیەكی زۆر دڵنیام لەوەی كە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستین، پێشموایە كۆنگرەكە سەركەوتوو ئەبێت. درەو میدیا: دوای نۆ مانگ مشتومڕ، دواجار یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كرد‌و بەشداری دەسەڵاتی كرد، ئێوە بە پشكی یەكێتی لە حكومەت رازین ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەم رێككەوتنە هاتە ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و خرایە دەنگدانەوە، بەكۆی دەنگ پەسەندكرا. درەو میدیا: بەڵام یەكێك لە پۆستە وزارییەكانتان (خالید شوانی) تەنیا وەكو وەزیری هەرێم ماوەتەوە‌و هیچ ناونیشانێكی پێنەدراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی ئەو پۆستە وەكو خۆی بەبێ ناونیشان ئەهێڵێتەوە، هەندێكی پۆستی تری وەكو دەستەكان هێشتا یەكلانەبونەتەوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: لەسەر دەستەكان تیمی حكومی ئەتوانێت لەگەڵ پارتیدا رێكبكەوێت، بەڵام مەسەلەی ئەوەی پێی ئەوترێت وەزیری هەرێم، لەسەرەتادا وەزیری تەواو هەیە كە خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە، وەزیری دەوڵەتیش هەیە، لە هەرێم ئەمە پێی دەوترێت وەزیری هەرێم، ئەمە یان ئەركێكی دیاریكراوی بۆ دیاری دەكرێت یاخود بەگشتی ئەهێڵدرێتەوە، ئەوەی ئێمە تائێستا بەگشتی هێڵدراوەتەوە، بەڵام بەگشتی ئەگەر پێویستی كرد ئەكرێت ئەركێكی دیاریكراوی پێ بسپێردرێت‌و ناوەكەشی ئەوكاتە ئەبێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری فڵان مەسەلە. درەو میدیا: بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە پارتی دەڵێن ئێمە تەنیا لەسەر پێدانی وەزیرێكی هەرێم لەگەڵ یەكێتی رێككەوتوین بەبێ دیاریكردنی ناونیشان‌و ئەركەكەی، ئەمە لەكاتێكدایە دوو وەزیری تری هەرێم هەن كە ناونیشانیان پێدراوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: بەڵێ راستە، من پێوایە ئەوەی ئەوان دەیڵێن راست بێت، بەڵام ئەگەر پێویست بێت ئێمە وتووێژ لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین، ئەگەر نەشگەیشتین بە رێككەوتن ئێمە پۆستەكەمان هەر هەیە‌و ئەتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.  درەو میدیا: هەر لەبارەی رێككەوتنەكەتانەوە لەگەڵ پارتی دەمانەوێت بپرسین پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك بەكوێ گەیشت، ئێوە نۆ مانگ لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك پێكهێنانی حكومەتتان دواخست، بەڵام دواجار حكومەت پێكهات‌و تائێستا پارێزگار دانەنراوە، یەكێتی پاشەكشێ كردووە؟ فەرید ئەسەسەرد: ئێمە پاشەكشێمان نەكردووە، بەڵام هەندێك پێشهاتی تازە هاتوەتەئاراوە، ئەمانەوێت بەجۆرێك چارەسەری بكەین كە كێشەی گەورەتری لێنەكەوێتەوە، ئەوەیە مەسەلەكە. 


درەو میدیا:  یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێك لە پۆستەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلا نەكردوەتەوەو پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكیشی بە چارەنوسێكی نادیار سپاردووە. تائێستا یەكێتی چارەنوسی سێ سەرۆكی دەستەو ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا و دانانی پارێزگاری كەركوكی بە هەڵواسراوی هێشتوەتەوە، لە كاتێكدا كاندیدی بۆ تەواوی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە.  پۆستە پڕنەكراوەكان نزیكەی مانگێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، هێشتا بەشێك لە پۆستەكانی یەكێتی یەكلانەكراونەتەوە، رۆژی 6ی تەموزی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە وزارییەكان دیاریكران و رۆژی دواتر بە واژووی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ناوەكان ئاراستەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو كرا، بەڵام تا ئێستا  سەرۆكی سێ دەستە كە وەك پشكی یەكێتی دیاریكراون یەكلانەبونەتەوە كە ناویان لە لیستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا هەبوو، فەرمانی وزاریش بۆ پۆستەكەی خالید شوانی دەرنەچووە.  وەزیری بێناونیشان 10ی مانگی رابردوو خالید شوانی وەك وەزیری هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام تا ئێستا فەرمانی وزاری بۆ دەستنیشانكردنی پۆستەكەی دیارینەكراوە، كە پۆستی ( وەزاری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد)ە ، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی ناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەورتووە، پارتی ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بدات بە خالید شوانی چونكە پارتی بەڵێنی تەنها وەزیری هەرێمی بە یەكێتی داوە.   زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن كە ئەو پۆستە ئیشكالیەتی تێدایە، بەوەی لە كاتی رێككەوتنەكاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندیان لەسەر (وەزیرێكی هەرێم)داوە، بەڵام ناونیشانەكەی دیارینەكراوە، تەنانەت لەكاتی بردنەوەی كۆنوسی رێككەوتنەكە لەلایەن ( عیماد ئەحمەد) سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ لای وەفدی پارتی، كاتێك ناونیشانی ( وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد) دیاریكراوە، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە دیاریكردنی ناونیشانی ئەو پۆستە لە رێككەوتنەكەدا نەبووە، بۆیە تا ئێستا ناونیشانی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم بەغداد دیارینەكراوە. هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بەغداد كاراكردەوەو بەرپرسێكی نوێی بۆ دیاریكرد بە ناوی (فارس عیسا) كە لە ئێستادا دەستبەكار بووە، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەك بە پێیوست نەبوونی ناونیشانی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. دەستەی گشتی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم  بەپێی نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ مەسرور بارزانی، ناوی ( رەوەند مەلامەحمود) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی ( سەرۆكی دەستەی گشتی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) دەستنیشانكراوە، بەڵام تا ئێستا دەستبەكار نەبووە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا رەزامەندی تەواوی دەرنەبڕیوە لەسەر دانانی ( رەوەند مەلا مەحمود) و بە ( ئۆكتۆبەرچی) ناوی دەبەن و دەیانەوێت یەكێتی خۆی بیگۆڕێت، بەڵام یەكێتیش نایەوێت گۆڕانكاری لەو كاندیدەدا بكات    دەستەی گەشتوگوزار كاندیدی دەستنیشانكراوی یەكێتی بۆ پۆستی دەستەی گەشتوگوزار ( عوسمان شوانی)یە، لە ئێستادا لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوە، عوسمان شوانی لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پۆستی وەزارەتی پلاندانانی هەبووە، لە ئێستاشدا سكرتێری ئەنجومەنی ئابوری كوردستانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە پلەی وەزیر، پێی وایە پۆستەكەی لە ئاستی ئەودا نیە، چونكە پۆستی دەستەی گەشتوگوزار سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و لە كابینەی نۆیەمدا ( ساسان عەونی ) لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری ئەو وەزارەتەیە. پۆستی دەستەی گەشتوگوزار لە دابەشكاری پۆستەكانی یەكێتیدا وەك پشكی هەولێر دیاریكراوەو لە ئێستادا سێ كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن.   دەستەی گشتی كاروباری مین بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئیسماعیل مەحمود، كە كاندیدی یەكێتیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین بەپلەی وەزیر، لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوەو پێی وایە پۆستەكە لە ئاستی ئەودا نیە.  بەپێی دابەشكاری پۆستەكان ئەو پۆستەی بەر ئیسماعیل مەحمود كەوتووە، وەك پشكی قەزای سۆران لەناو یەكێتی دیاریكراوەو لەدوای كشانەوەشیی، ئەو پۆستە بە كاندیدێكی تری سۆرانی بەناوی ( زەینەدین) پڕدەكرێتەوە.  ئیسماعیل مەحمود ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بووە، لە كاتی دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح ، ئەندامی دامەزرێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە بووە. پارێزگاری كەركوك پرسی پەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی (9) مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست، یەكێتی نیشتمانی مەرجی دانابوو دەبێت لەگەڵ سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی یەكێتیش لە كەركوك دەستبەكارببێت. رۆژی 11ی تەمموزی رابردوو یەك رۆژ دوای سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە سلێمانی، لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام دوای 25 رۆژ لەو وادەیە هێشتا كاندیدە دەستنیاشنكراوەكەی پارێزگاری كەركوك نادیارە. ( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووە ئەگەرچی بڕیار بوو ئەم هەفتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، بەڵام بەهۆی فشاری پێكهاتەكان و جدی نەبونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە نادیارە. چونكە ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە بەر لە دانانی پارێزگاری كەركوك ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوكە، چونكە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان كە 12 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە هیچ بارەگایەكی لە شاری كەركوكدا نەماوە، بۆیە بەم بارودۆخەوە كە هەموو لایەنەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە بچێت، دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەوشارە ئەستەمە.     


(درەو میدیا): ئەمڕۆ چەند كەسایەتییەكی ئاینی ئێزدیی لە شەنگال كۆبوونەوە‌و هەڵبژاردنی میر حازم تەحسین بەگیان وەك میری نوێی ئێزدییەكان رەتكردەوە. ئێزدییەكانی شەنگال لە هەنگاوێكی نوێدا ئیمارەتی شەنگالیان راگەیاند‌و نایف بن دادو بن سلێمان بەگیان وەك میری ئێزدییەكانی شەنگال راگەیاند. * نایف كوڕی داود كوڕی سولەیمان كوڕی حسێن بەگی گەورە گوڕی میر بوداغ بەگە‌و لە خێزانی میر ئیبراهیم ئادەەم كوڕی دەروێش قاتانییە. * 13ی شوباتی 1970 لە ناحیەی باعەدرێ‌- قەزای شێخان لە دایكبووە * خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لە كۆمەڵگەی تەئیمیم لە ناحیەی سنونێی قەزای شەنگال تەواو، ساڵی 1988 داواكاری پێشكەشی ناوەندی میرەی ئاسمانی بەشی فڕۆكە كردووە لە بەغدا، بەڵام بەهۆكاری ئاینی وەرنەگیراوە. * ساڵی 1989 پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە كردووەو بۆ ماوەی شەش مانگ خولی  لەسەەر ئامێری بێ تەل بینیوە‌و پاشان لە بارەگای لیوای یەكی فەیلەقی پێنج لە هەولێر كاریكردووە. * ساڵی 1999 لە خوێندنی ئێواران لە شاری موسڵ قۆناغی ئامادەیی تەواوكردووە. * ساڵی 2008 عێراقی بەرەو توركیا بەجێهێشتووەو پاشان چوەتە ئەڵمانیا‌و ساڵی 2009 مافی مانەوەی پێدراوە. * ساڵی 2011 سایتێكی ئەلیكترۆنیی بۆ ئیمارەتی ئێزدیی دامەزراندووە. * ساڵی 2012 ئەنجومەنی باڵای سەربەخۆی ئێزدییەكانی دامەزراندووە. * ساڵی 2015  پەیوەندی بە رێكخراوی ( ئەی جی ئۆ) ەوە كردووە‌و بووە بە ئەندام تێیدا. * ساڵی 2016 بەشداری كۆنگرەی میزۆپۆتیامیای كردووە لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا. * ئەندامی دامەزرێنەری پرۆژەی " هەرێمی رافیدەینە" بۆ كەمایەتییە ئاینییەكانی  ( ئێزدیی، شیعە، ئاشوری، شەبەك) لە عێراق. * خێزاندەرە‌و خۆی بە كەسایەتییەكی سەربەخۆ دادەنێت.


(درەو میدیا):  پەروەردەی گشتی سلێمانی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی خولی دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی‌و 9ی بنەڕەتی دەستپێكرد كە بڕیاری رۆژی 20 ئەم مانگە دەستپێبكات. ئەمڕۆ 4ی ئاب پەروەردەی سلێمانی فەرمانی دانانی بەڕێوەبەری هۆڵ‌و یاریدەدەر‌و چاودێرانی خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی ئاراستەی خوێندنگە‌و قوتابخانەكان كرد,  بۆئەوەی دەست بە ئامادەكاریی‌و رێكخستنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بكەن‌و لە وادەی دیاریكراودا دەستبەكاربن. ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا پەروەردە پارەی بەڕێوەبەر‌و یاریدەدەر‌و چاودێر‌و كارگوزارانی خولی یەكەمی تاقیكردنەوە گشتییەكانی دابەشنەكردووە كە 27ی مانگی ئایاری رابردوو دەستیپێكرد‌و 10 حوەزیران كۆتایی هات. رۆژی یەكشەممە 23-6-2019 وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی و پۆلی 9ی بنەڕەتی و پیشەیی بۆ ساڵی 2018-2019 راگەیاند‌و وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد: "رێژەی دەرچوون لە خولی یەكەمدا 48% بووە". بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزمونەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە، ساڵی خوێندنی 2018-2019,  234 هەزار و 332 خوێندكاری پۆلی 12ی ئامادەیی و پۆلی 9ـی بنەڕەتی و پیشەیی بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكان كردووە‌و بەسەر چوار هەزار و 101 هۆڵی تاقیكردنەوە دابەشكرابوون ‌و 27 هەزار مامۆستاش چاودێری پرۆسەی تاقیكردنەوەكانیان كردووە.


(درەو میدیا): بەپێی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنان، لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان تەنیا (51) پرۆژەی تەندروستی جێبەجێ كراوە. سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماری كۆی گشتیی پرۆژەكانی وەبەرهێنانی كەرتی تەندروستیی هەرێمی لە ماوەی نێوان 1-8-2006 بۆ  25-7-2019 بڵاوكردەوە. بەپێی ئامارەكە كە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی داوە، دەردەكەوێت لەو ماوەیەدا (51) پرۆژە لە كەرتی تەندروستیدا ئەنجام دراوە، بەمشێوەیە: •    9 پرۆژە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر مۆڵەتیان پێدراوە •    1 پرۆژە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی مۆڵەتی پێدراوە •    10 پرۆژە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك مۆڵەتیان پێدراوە •    31 پرۆژە لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدراوە دەستەی وەبەرهێنان ئاشكرایكردووە، تەواوی ئەو (51) پرۆژەیەی بواری تەندروستی كە لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا جێبەجێكراون بڕی (982 ملیۆن‌و 230) دۆلاری تێچووە‌و كۆی ئەو روبەرەی كە پرۆژەكانی لەسەر جێبەجێكراوە (281) دۆنم دووجا بووە. ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان باسلەوەدەكات، لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 13 ساڵدا بە كۆی گشتیی كەرتەكانەوە بە بەهای (51 ملیارو 560 ملیۆن) دۆلار، (873) پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر ڕووبەری (64 هەزارو 979 هەزار) دۆنم زەوی جێبەجێ كراوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand