Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارەی لەو ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینانە وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون، لە مۆڵەتی كاركردنیدا وەرگرتنی ئەم پارەیە بەشێوەی خۆبەخشانە دیاریكراوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت بەزۆر پارە لەخەڵك وەرگیراوە، ئەمە چیرۆكی كاركردنی كۆمپانیایەكە كە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان دەستبەسەركراوە.  كاری كۆمپانیایەك راگیرا تەنیا لە هەردوو مەرزی (پەروێزخان)‌و (باشماخ) لە سنوری سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان (17) كۆمپانیا هەن كە لە بواری جۆراوجۆردا كار دەكەن، هەندێك لەوانە كۆمپانیای بواری (دڵنیایی)ن، بەپێی قسەی بەرپرسان زۆرێك لەم كۆمپانیایانە سەرپێچی هەیە لە كاركردنیاندا‌و لەدەرەوەی یاسا باج لەو ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینانە وەردەگرن كە لە دەرەوەی هەرێمەوە دێنەناوەوە. ئێستا یەكێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی (كۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی) كە لە هەردوو مەرزەكەدا ئۆفێسی هەیە‌و كاردەكات، روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی كراوەتەوە. كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، دوێنێ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا. (درەو) پێشتر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخانەوە كرد، ئامادەنەبوو لەبارەی دۆسیەكەیەوە هیچ قسەیەك بكات. (درەو) زانیویەتی، عەلی تۆفیق لەسەر بنەمای سكاڵاكەی كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە كاری كۆمپانیای (دڵنیا)، دەستبەسەركراوە. لەسكاڵاكەیدا، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، كۆمپانیای (دڵنیا) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دەرەوەی یاسا‌و بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینان وەرگرتووە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو نوسراوەی كە مۆڵەتی كاركردنی پێداوە، مافی ئەوەی پێنەدراوە بەزۆر پارە لە خەڵك وەربگرێت‌و خەڵك سەرپشككراون لەوەی لەبەرامبەر سودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكە پارەبدەن. كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیا دڵنیا لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكان‌و لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوە‌و بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە". بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینار‌و بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینار‌و بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت. ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات. خاوەندارێتی كۆمپانیاكە ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی پشكدارییە‌و بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، خاوەنی سەرەكی  ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) ە‌و رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە. كۆمپانیای (دڵنیا) لە سلێمانی ئۆفیسێكی هەیە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكەیەوە كرد، ئەو كەسەی وەڵامی دایەوە لەبارەی كۆمپانیاكەوە وتی:" ئەمە كۆمپانیایەكی موساهەمەیە، ئەو ناتوانێت لێدوان بدات‌و یاخود ژمارە تەلەفۆنی كەسمان پێبدات‌و دەبێت لەگەڵ ئیدارەی كۆمپانیاكە قسە بكەین". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا كە سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، داوا دەكات كاری ئەو كۆمپانیا رابگیرێت‌و ئەو پارەیەی كە لەماوەی رابردوو بەشێوەی نایاسایی پەیدای كردووە لێی وەربگیرێتەوە‌و پارەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەكە خەرج بكرێت، ئەوانەشی كە لەو كارەدا هاوكاری كۆمپانیاكەیان كردووە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت. كێشەیەكی یاسایی كۆمپانیای (دڵنیا) لەلایەن لیژنەی مۆڵەتپێدان بۆ كاری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، وەزارەتی پیشەسازی‌و بازرگانی كە مۆڵەتی كۆمپانیاكان دەدات، ئاگاداری كێشەی كۆمپانیاكە‌و ئەو كۆمپانیایانەی تر نییە كە هاوشێوەن‌و لە مەرزەكاندا كاردەكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتی پیشەسازی‌و بازرگانی دەستوەردان لە دۆسیەكەدا بكات، پێویستە خەڵك یان بازرگاكان لەلای ئەو وەزارەتە سكاڵا تۆماربكەن، بازرگانەكان كە ئەو كۆمپانیایانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئاستەنگ بۆ كاروبارەكانیان دروستدەكەن، تائێستا كەسیان لە وەزارەتی پیشەسازی‌و بارزگانی سكاڵایان تۆمار نەكردووە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی رایگەیاند، هیچ سكاڵایەك لەبارەی كاری ئەو كۆمپانیایەوە لە مەرزەكان بەوان نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر دۆسیەكە ئاڕاستەی ئەوان بكرێت لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراودا رێوشوێن دەگرنەبەر. لەبارەی پێدانی مۆڵەت بۆ كۆمپانیاكان، وەزیر باسی لەوەكرد، هەندێك تێكەڵی لە بابەتی پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكان هەیە‌و هەندێك كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، ئەوان كار لەسەر رێكخستنەوەی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن.  فەرمانێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە بابەتی وەرگرتنی پارە لە خەڵك لە دەرەوەی یاسا نوێ نییە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مانگی چواری 2018 واتە ساڵێك بەرلەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەمێنێت، فەرمانێكی دەركرد‌و تێیدا بەمەبەستی "رێگریكردن لەوەرگرتنی پارە بە ناقانونی" چەند بڕیارێكی دەركرد كە ئەمانەن: 1-    نابێت هیچ كەس‌و لایەنێك لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانویەك هیچ بازگەیەكی ناقانونی دابنێت یان هیچ بڕە پارەیەك بە ناقانونی لە هاوڵاتیان وەرگرێت جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت‌و فەرمانگە‌و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاسا‌و پەیڕەو و رێنماییە بەركارەكان وەریدەگرن‌و دواتریش داهاتیان بەپێی پسوڵەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئابوری. 2-    لەكاتی سەر سەرپێچیكردنی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار روبەڕووی رێكاری قانونی دەبێتەوە‌و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت بۆ لێپرسینەوە‌و سزادان بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەك كە بە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەریگرتبێت. 3-    پێویستە لەسەر هاوڵاتیان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە هیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكاران‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوە‌و بەڵگەی پێویستیان بخەنەبەردەست. 4-    وەزارەتی ناوخۆ‌و هێزەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌و داواكاری گشتی‌و دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ بكەن. لەدوای ئەم بڕیارەی حكومەتەوە هیچ كۆمپانیایەك نییە كە روبەڕووی دادگاكرابێتەوە لەسەر ئەوەی لەدەرەوەی یاسا پارەی وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتاران بەردەوام باس لە سەرپێچی كۆمپانیاكان دەكەن. كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵانەی دوایی تادێت ژمارەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكەن، لەناویشیاندا كۆمپانیاكانی بواری دڵنیایی، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29هەزارو 400) كۆمپانیا لە هەرێم هەن، لەوانە: •     (4 هەزارو 100) كۆمپانیایان بیانین •    ئەوانەی تر كۆمپانیای ناوخۆیین زۆربەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسان دەگەڕێتەوە یاخود بەرپرسان تێیدا پشكدارن یان بەجۆرێكی تر باجی نایاساییان لێوەردەگرن لەبەرامبەر پاراستن‌و رێگەدان بەكاركردنیان، ئەمە وایكردووە زۆرێك لە كۆمپانیاكان پابەند نەبن بە مۆڵەتی كاركردنەكانیانەوە‌و لەدەرەوەی سنوری رێگەپێدراو پارە كۆبكەنەوە. وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكان چیرۆكێكی ترە، بابەتی وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژە‌و فرۆشتنەوەی لەناو كۆمپانیاكاندا پرسێكی باو و ئاشكرایە، بۆ ئەمەش بەتەواوەتی سود لە كەڵێنی ناو یاسا كارپێكراوەكان وەردەگیرێت. لە هەرێمی كوردستان جگە لە كۆمپانیا ئەهلییەكان، لەبواری دڵنیایدا (سێ) كۆمپانیای حكومی هەبوون، ساڵی 2014 هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، وەزارەتی دارایی‌و ئابوری كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەی راگرت. كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی لە مەرزەكاندا كاردەكەن، خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆ پێشكەش بە شۆفێرو هاوڵاتیان ناكەن، بەڵام لەبەرامبەردا پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرن، هەندێك لەوانەی لەناو بوارەكەدا كاردەكەن بەجۆرێكی تر گوزارشت لەمە دەكەن‌و دەڵێن ئەو كۆمپانیایانە كارەكەیان ئەوەیە "تەنیا وەسڵ" دەفرۆشن. گەندەڵی لە مەرزەكان بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەن‌و دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە یاسا پێشێل دەكەن. لە گومرگەكان كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە". لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوە‌و بەسەرچوون. ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخ‌و پەروێزخانە كە یەكەمیان بەڕێوەبەرە گشتییەكەی سەربە یەكێتییە‌و ئەوی تریان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە. لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەران‌و ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێران‌و ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە. بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییە هەیە، سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی دارایی‌و ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران. ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێت‌و پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی. نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. هەرێمی كوردستان‌و ئێران هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق‌و ئێراندا.   لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.


(درەو): پەرلەمانتارێك لەبارەی دامەزراندنی چەند كەسێك لەسەر بنەمای خزمایەتی لە گرتوخانەی سوسێ، داوا لە وەزیری داد دەكات دامەزراندنەكانیان هەڵوەشێنێتەوە، دوان لەوانەی دامەزراون برازای ئەو وەزیرەن كە پەرلەمانتارەكە سكاڵاكەی بۆ ناردووە.  بەپێی نوسراوێك كە غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی وەزیری دادی عێراقی كردووە، لە گرتوخانەی فیدراڵێ سوسێ لەسەر بنەمای خزمایەتی ژمارەیەك كەس دامەزرێندراون. نوسراوەكە باسلەوە دەكات، لە گرتوخانەی سوسێ (800) كەس فۆرمی دامەزراندنیان پڕكردوەتەوە، (127) كەس دامەزراندنیان بۆ كراوە، لەناو ئەوانەدا كە دامەزرێندراون هەندێكیان لەسەر پشكی پارێزگای سلێمانی نین، لەكاتێكدا پشكی دامەزراندنەكان بەتایبەتی بۆ پارێزگای سلێمانی دانراون. غالب محەمەد ناوی ژمارەیەك لەو كەسانەی لە نوسراوەكەیدا بڵاوكردوەتەوە كە بەقسەی ئەو لەسەر بنەمای خزمایەتی دامەزراندنیان بۆكراوە، نەك توانا‌و لێهاتوویی. ناوەكان ئەمانەن: 1-    سوارە سەمیر ئەمین عوسمان و خواناس فەیسەڵ ئەمین عوسمان (هەردووكیان برازای فاروق ئەمین شوانی وەزیری دادی عێراقن كە سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە) 2-    سەفا عەبدولباست نوری و ریاز عەبدولڕەحمان نوری (كوڕو برازای عەبدولباست نوری نەجم بەڕێوەبەری گشتی) 3-    زانا عەبدولقادر مەجید و دڵپاك عەبدولقادر مەجید (پشكی دامەزراندنی تایبەت بە ئومێد حەمە مستەفا جێگری بەڕێوەبەر، دڵپاك هاوسەرێتی‌و زانا برای هاوسەرەكەیەتی) 4-    ئەسیل عەبدولستار ساڵح (هاوسەری سكرتێری بەڕێوەبەری گرتوخانەی سوسێ) غالب محەمەد داوا لە وەزیری داد دەكات ئەو دامەزراندنانە هەڵوەشێنێتەوە‌و چاوخشاندنەوە بكرێت بە لیستی هەموو ئەوانەی كە داوای دامەزراندنیان كردووە لەو گرتوخانەیە‌و لیژنەیەكی بێلایەن تەماشای داواكان بكات، هاوكات لیژنەی پێشووی رەوانەی دەستەی نەزاهە بكرێت بەمەبەستی لێكۆڵینەوە.   


(درەو): بەپێی دواین رەشنوسی راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی پرۆژەی چاكسازی كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، مەرجی (تەمەن)‌و (ساڵی خزمەت) بۆ خانەنشینبوونی پلەباڵاكان لابراوە.  لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لەبارەی (پڕۆژە یاسای چاكسازی و لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان/ عێراق) لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری‌و دواتریش لەناو بینای پەرلەمان لەگەڵ تیمێكی حكومەت كۆبووەوە. دوای ئەم دوو كۆبونەوەیە، لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاسا كێشەلەسەرەكە پەسەندكرد، سبەینێ لیژنەی دارایی لەگەڵ لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمان كۆدەبێتەوە، دوای ئەو كۆبوونەوەكەی سبەینێ راپۆرتەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی كاری پەرلەمان‌و دەنگدانی لەسەر بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی. بەپێی زانیارییە بەراییەكان كە دەست (درەو) كەوتوون، لیژنەی دارایی لە راپۆرتەكەیدا مەرجی (تەمەن)‌و (خزمەت)ی بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتارو پلەباڵاكان هەڵگرتووە، واتە پەرلەمانتار ئەگەر تەمەنی یاسایشی بۆ خانەنشینبوون تەواو نەكردبێت‌و ساڵی خزمەتیشی نەبێت، بەرێژەیەك لە موچە گشتییەكەی خانەنشین دەكرێت، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە لەكابینەی پێشووی حكومەتدا رەخنەی زۆری لێگیراو حكومەت ناچاركرا یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان. لە رەسنوشەكەدا لەبارەی موچەی خانەنشینییەوە ئەوە جێگیركراوە كەمترین موچەی خانەنشینی بڕی (300 هەزار) دینار بێت، واتە بڕەكە لە (220 هەزار) دینارەوە كە ئێستا كاری پێدەكرێت، زیادكراوە. (درەو) وردەكاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان بڵاودەكاتەوە.


درەو: گومان لەسەر تەواو بوونی نیسابی یاسایی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت كە تایبەت بوو بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا، و پێشتریش گروپی 15 لەپەرلەمانی عێراق نامەی ناڕەزایی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان. سەركەوت شەمسەدین ئەندامی فراكسیۆنی ئاییندە لە پەرلەمانی عێراق بە(درەو)ی راگەیاند: ئێمە گۆمانمان هەیە لە سەر تەواو بونی نیسابی یاسایی كۆبونەوەكەی رۆژی 5/1/2020ی تایبەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمە وەك گروپی 15 ( گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، ئاییندە، سەربەخۆكان) پێش دوو هەفتە یاداشتێكی ناڕەزاییمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد سەبارەت بەو گوماناننەی هەمان بوو لەسەر رێژەیی یاسایی دەنگدانی هەندێك لەیاساكان و نیسابی یاسایی ئامادەبوان هەندێك لە كۆبونەوەكان" لەكۆی (329) ئەندامی پەرلەمانی عێراق، نیسابی یاسایی بە (50+1) تەواو دەبێت واتا (165) ئەندامی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە(168) ئەندام ئامادەی كۆبونەوەكە بوون،  بەڵام بەپێی زانیارییەكان بەسەرۆكایەتی پەرلەمانیشەوە تەنها (142) پەرلەمانتار ئامادەبوون. لە كاتی كۆبونەوەكەدا لیستێك لە ناوی فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكرایەوە، هەرزوو ئەو لیستە رەتكرایەوە كە چونكە ناوی چەند فراكسیۆنێكی تێدایەو ئامادەنەبوو بەم شێوەیە:. -    هاوپەیمانی فەتح ( 44) ئەندام -    دەوڵەتی قانون (22) ئەندام -    كوتلەی نەسر (7) ئەندام  -    كوتلەی حیكمە (15) ئەندام -    كوتلەی ئائیرون (27) ئەندام -    هاوپەیمانی قوە (13) ئەندام -    هاوپەیمانی كورد (4) ئەندام -    لیستی گۆڕان (4 ) ئەندام  -    سەربەخۆكان ( 3) ئەندام كۆی گشتی ناوی ئەندامانی ئەو لیستە (139) ئەندام   بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەیی دوو پێكهاتەی سەرەكی (كورد و سونە) بەڕێوەچوو كە لە پێكهاتەی كورد تەنها ( بەشیر حەداد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لە پێكهاتەی سونەش تەنها (9) ئەندامیان ئامادەبوو، بڕیار بوو بەشێك لەپەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، بەڵام بەهۆی ناردنی مەسجی هەڕەشە لەلایەن حزبوڵاوە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سونە، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد بەشدارییان نەكرد  


(درەو): بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (12) وڵات دەگرێتەوە كە هێزیان هەیە لەسەر خاكی عێراق،  تائێستا حكومەتی عێراق هیچ ئامارێكی فەرمی یان زانییارییەكی لەبارەی ژمارەی ئەو هێزە بیانیانە بڵاونەكردوەتەوە كە لەخاكی عێراقدا بونیان هەیە، بەڵام بەپێی هەندێك ئاماری نا فەرمی زیاتر لە (17 هەزار) سەرباز كە نوێنەرایەتی (12) دەوڵەت دەكەن لەناو خاكی عێراقن و، لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق جێگیربوون. زۆرینەی ئەو هێزانە ئەركیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدایە بۆ شەڕی داعش، لەدوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی دەمێنێتەوە، وەڵامدانەوەی هەریەك لەم وڵاتانەیە بە بەجێهشتنی خاكی عێراق و بەكارنەهێنانی خاك و ئاو و ئاسمانی. بەپێی ئامارێك كە (ئیندپێندنت عەرەبی)ئەنجامیداوە لەسەر بنەمای زانیاری لەسەرچاوەی باوەڕپێكراو، نزیكەی( 8 هەزار) سەرباز و ڕاوێژكار و ڕاهێنەری ئەمریكی لە عێراق بوونیان هەیە.  پشكی شێر ئەمریكییەكانن    دیارترین پێگەی ئەمریكییەكان لە عێراق لە پارێزگای (ئەنبار)ە، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی سوننە مەزهەبن، هێزەكانی ئەمریكا لەم پارێزگایە ڕووبەڕێكی گەورەی هەردوو بنكەی سەربازی (عەین ئەلئەسەد و تەقەدوم)یان بەدەستەوەیە. بەوتەی سەرچاوەتایبەتەكان، هێزەكانی ئەمریكا دەستكاری بنەڕەتی ژێرخانی هەردوو بنكەكەیان كردووە بەجۆرێك ڕێگە بە فرۆكەی گەورە بدات بۆ نیشتنەوەو فڕین. سێیەم بنكەی ئەمركییەكان بنكەی ئاسمانی (گەیارە)یە لەنزیك شاری موسڵ، لەم بنكەیەدا ئەمریكا خاوەنی هێزێكی 1000 سەربازییە، بۆ پاراستنی ئەو ڕاوێژكارانەی كە سەرپەرشتی ڕاهێنانی هێزەكانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەكەن.  لەڕووی كردارییەوە، ئەمریكا هیچ بونێكی تری نییە لەهیچ ناوچەیەكی عەرەبی لە عێراق، جگە لە دەوروبەری بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا نەبێت لە بەغداد، ئەوەش دوای پێشهاتەكانی ئەم دواییە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا هێزەكانی ئەمریكا بنكەیەكی سەربازییان لە ناحییەی (بەلەد)ی باكوری بەغداد چۆڵكرد بەهۆی پەلاماردانی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە. ئێران ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خاوەنی زۆرترین هێزی سەربازی بێت لە عێراق،  ئەوە ئێران لە پلەی دووەم دێت لەڕووی ژمارەی سەرباز بە ناونیشانی ڕاوێژكاری ئەمنیی و سەربازیی، بوونی سەربازی ئێران لەعێراق بونێكی زۆر نهێنیە، ئەم هێزانە بە ئاشكرا دەرناكەون، هەموو جوڵەكانیان بە یاوەری حەشدی شەعبیەو هیچ سەربازگەو بنكەیەكی تایبەت بەخۆشیان نییە. ئێرانییەكان دەڵێن، ئەوان لەهێڵەكانی پێشەوەو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ شەڕناكەن، بەڵكو ڕێنمایی و پلانی سەربازی و سەرپەرشتی حەشدی شەعبی دەكەن كە بە پێی زانیارییە نارەسمییەكان ژمارەیان نزیكەی (6 هەزار) سەرباز هەیە .  توركیا  بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عێراق وەك سێیەم هێز دێت لەڕووی ژمارەوە، كە ناوچە لە سنوری پارێزگای (نەینەوا) نیشتەجێیە، ژمارەی هێزەكەی توركیا لەم سنورەو ئەوەی بەدیاریكراوی لەناوچەی (باشیك) جێگیرە، نزیكەی 700 سەربازە، بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پشتیوانیان پێدەگات لەلایەن 300 سەربازی ترەوە، ئەوەش وایكردووە زۆربەی كاتەكان ئەو ژمارەیە بگاتە 1000 سەرباز. ئەركی ئەم هێزانە بەدیاریكراوی نازانرێت چییە، بەلای حكومەتی عێراقەوە زیاتر لە داگیركارییەوە نزیكە، كە لەدوای هێرشی داعش و داگیركردنی یەك لەسەرسێی خاكی عێراق، ئەم هێزەش بە ئاشكرا هاتۆتە ناو خاكی عێراق بەناوی پاراستنی سنورەكانی، بەڵام دوای كۆتایهاتنی داعش، ئەركێكی تری بۆخۆی دەستنیشانكردووە كە ئەویش ڕاهێنانی نزیكەی 3 هەزار چەكداری سونە مەزهەبە لە پارێزگای موسڵ، لە چوارچێوەی هێزەكانی پۆلیسی عێراقدا. فەرەنساو بەریتانیا ئامارە تایبەتەكانی (ئیندپێندنت) ئاماژە بەوەدەكەن، فەرەنسا خاوەنی نزیكەی 400 سەربازە لە عێراق، لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە زۆرینەیان لەبەشی باكوری عێراق نیشتەجێن.  بەشێك لەم هێزانە پشتیوانی موشەكییان بۆ هێزە عێراقییەكان دابینكرد لەو جەنگانەی هەردوو پارێزگای (نەینەواو  ئەنبار) دژی ڕێكخراوی داعش بەخۆیەوە بینی، بەشێكی تری ئەو هێزانەش بەدوای ئەو توندەڕوانەوەن كە هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسین لە عێراق و سوریا. بەریتانیاش خاوەنی ژمارەیەكی هاوشێوە سەربازە لە عێراق، زۆرینەیان لە بەغدادی پایتەخت و هەرێمی كوردستانن، ئەركی سەرەكییان پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی دعش. ڕوسیا بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ڕوسیا خاوەنی نزیكەی 200 شارەزاو ڕاوێژكار و سەربازە لەعێراق، لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی هاوبەشی چوارقۆڵی كە هەریەك لە سوریا و ئێران و عێراق و ڕوسیا ئەنجامیانداوە. سەربازەكای ڕوسیا لە هیچ سەربازەگەیەكی عێراقدا نیشتەجێنەكراون، بەڵكو شوێنی تایبەتیان هەیە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لەبەغدادو هەرێمی كوردستان.       ئیتاڵیا وڵاتی ئیتاڵیا تاكە وڵاتی خۆرئاواییە كە خاوەنی زۆرترین سەربازە لە عێراق و ژمارەیان دەگاتە 450 كەس، بەڵام سروشتی ئەو ئەركەی ئەنجامیدەدەن جیاوازە، ئەم هێزە لەنزیك بەنداوی موسڵ نیشتەجێن، كە مەترسی داڕمانی بەردەوامی لەسەرە، ئەركی چاككردنەوەی ئەم بەنداوە سپێردراوە بە كۆمپانیاییەكی ئیتاڵی، ئەركی سەرەكی زۆینەی هێزە ئیتاڵیەكەش خۆی لەپاراستنی ئەندامانی ئەو كۆمپانیایەدا دەبینێتەوە كە سەرقاڵی پاراستن و چاككردنی بەنداوی موسڵن.  ئەڵمانیاو هۆڵنداو دانیمارك و ئوسترالیا و سوید      نزیكەی 750 سەربازی ئەم وڵاتانەش لەعێراق بڵاوكراونەتەوە، ئەركیان پشتیوانیكردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە.  


درەو:  بە فەرمانی دادوەری دادگای قورەتو، بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوری پەروێزخان دەستبەسەر دەكرێت. سەرچاوەیەك لە گەرمیان بە (درەو)ی راگەیاند، لە دەروازەی پەروێزخان كۆمپانیایەك بیمەی لە شۆفێر و هاوڵاتیان وەرگرتووەو بەوهۆیەشەوە ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  سكاڵاى  تۆماركردووە لە دادگای قورەتوو، پۆلیسی گەرمیانیش لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای قورەتۆ، عەلی تۆفیق، بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی پەرێزخانى دەستبەسەركردووە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) راگەیاند" ئێستا عەلی تۆفیق لە پۆلیسی گەرمیان دەستبەسەر (تەوقیف)ە". (درەو) پەیوەندیكرد بە عەلی تۆفیق، بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی پەرێزخان، وەڵامی پەیوەندییەكەی دایەوە بەڵام رایگەیاند" لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێك نادەم"   سكاڵای ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەرامبەر كاری كۆمپانیایه‌ك به‌ ناوی " دڵنیا بۆ دڵنیایی "  پێچه‌وانه‌ی ڕێنمانی و فه‌رمانی كاركردنی كارده‌كات كه‌ پاره‌ له‌ شۆفێران و بازرگان وگه‌شتیاران وه‌رده‌گرێت كه‌ بۆهه‌ر شۆفێرێك بڕی( 20 هه‌زار) و هه‌ر گه‌شتیارێك (5 هه‌زار ) دینار وەردەگرێت.


درەو: "بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە پێناو هێوركردنەوەی شەقامی توڕەی شیعەكانی عێراقەو هێزی یاسای نیە بۆیە حكومەت مولزەم نیە بە جێبەجێكردنی" ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووی (168 ئامادەبوو) پرۆژە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی لە عێراق پەسەندكرد. دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ( سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر) ئامادەی بوو، لەناو توڕەیی و رقی ئەندامانە توڕەكانی شیعە بەڕیوەچوو كە لەبری گفتوگۆكردنی ووردی پرۆژە بڕیارەكە، زیاتر دروشمی دژ بە ئەمریكایان دەوتەوە. بەپێی بۆچونی بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ مولزەم نیە و حكومەت دەتوانێت جێبەجێی نەكات، بڕیارەكەی هێزی یاسای نیە، كە یاسای دەبێت حكومەت پێوەی پابەند بێت، بەڵام بڕیار حكومەت دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێت. بەڵام بۆچونێكی تر ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆخۆی لەپەرلەمان بووەو خۆی داوای كردووە ئەو بڕیارە بدەن و ئەو جێبەجێی دەكات، ئەمەسەرەرای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر توندە بەرامبەر بە ئەمریكاو پێی وایە ئەمریكا لەپشت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكانی عێراقەوەیە كە ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، بۆیە پێدەچێت عەبدولمەهدی سور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان  بڕیارە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق چەند لێكدانەوەیەكی بەدوای خۆیدا هێناوە: -    بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەیی دوو پێكهاتەی سەرەكی (كورد و سونە) بەڕێوەچوو كە لە پێكهاتەی كورد تەنها ( بەشیر حەداد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لە پێكهاتەی سونەش تەنها (9) ئەندامیان ئامادەبوو، بڕیار بوو بەشێك لەپەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، بەڵام بەهۆی ناردنی مەسجی هەڕەشە لەلایەن حزبوڵاوە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سونە، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد بەشدارییان نەكرد -    ئەم بڕیارە زیاتر بۆ هێوركردنەوەی شەقامی شیعییە كە لەدوای هێرشەكەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم و كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، درووست بوو بەرامبەر بە ئەمریكا. -    پرۆژە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق لەبەر ئەوەی (بڕیار)ە بۆیە حكومەت مولزم نیە بە جێبەجێكردنی. -    پەسەندكردنی ئەو بڕیارە بۆ حكومەتێكە كە ( كاربەڕێكەر)ەو توانای جێبەجێكردنی نیە. -    ئەمریكا رێككەوتنی ئەمنی هەیە لەگەڵ عێراق، بەپێی بڕگەی سێیەمی بەشی ( سی-یەم) لە رێككەوتننامەكەی نێوان ئەمریكا - عێراق، دەبێت ساڵێك پێشتر لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنی بەرامبەر ئاگادار بكرێتەوە. دەقی بڕیارەكەی ئەمڕۆی  پەرلەمانی عێراق: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی بیست‌و هەشتەمینیدا لە رۆژی 5/1/2020ی وەرزی یاسادانانی یەكەمی ساڵی یاسادانانی دووەم/ خولی چوارەمی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی (59/ دووەم)‌و (1)‌و (109)ی دەستور هەروەها بە پشتبەستن بە ئەركی نیشتمانی‌و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران وەكو نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە سوربوونەوە لەسەر سەلامەتی عێراق‌و سەروەریی بەسەر خاك‌و گەلەكەیدا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستور پێی دراوە، ئەم بڕیارەی دەركرد: 1-    پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوایەی كە بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە بۆ شەڕی رێكخراوی داعش لە رۆژی / /2016، بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازی‌و جەنگییەكان لە عێراق، سەركەوتن بەدیهاتووە‌و پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی‌و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی . 2-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبینێتەوە، ژمارەی هونەرییەكان‌و راهێنەرانی بیانی رابگەیەنێت كە پێویستیان پێیەتی لەگەڵ شوێنی جێگیربوون‌و ئەرك‌و ماوەی گرێبەستەكانیان. 3-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە وەزیری دەرەوەدا دەبینێتەوە بچێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و سكاڵایەك لەدژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەش بكات بەهۆی پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەری‌و ئاسایشی عێراق. 4-    ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسەندكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 5- دەبێت چەك تەنها لەدەستی حكومەتدا بێت.   


(درەو): ئێستا پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەدایە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەبڕیارێك كە لایەنە شیعەكان ئامادەیان كردووە‌و تێیدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن بڕیار بدات لەسەر كۆتایهێنان بە ئەركی سەربازی هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەمەش زیاتر پرۆژەكە حكومەت ناچار دەكات لەرێگەی وەزیری دەرەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا لەدژی ئەمریكا تۆمار بكات. ئەمە هەمووی كاردانەوەی لایەنە شیعەكانە بەرامبەر بە كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لە هێرشێكدا لە فڕۆكەخانەی بەغداد. دەقی پرۆژە بڕیارەكە بە زمانی كوردی: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی بیست‌و هەشتەمینیدا لە رۆژی 5/1/2020ی وەرزی یاسادانانی یەكەمی ساڵی یاسادانانی دووەم/ خولی چوارەمی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی (59/ دووەم)‌و (1)‌و (109)ی دەستور هەروەها بە پشتبەستن بە ئەركی نیشتمانی‌و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران وەكو نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە سوربوونەوە لەسەر سەلامەتی عێراق‌و سەروەریی بەسەر خاك‌و گەلەكەیدا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستور پێی دراوە، ئەم بڕیارەی دەركرد: 1-    پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوایەی كە بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە بۆ شەڕی رێكخراوی داعش لە رۆژی / /2016، بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازی‌و جەنگییەكان لە عێراق، سەركەوتن بەدیهاتووە‌و پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی‌و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی بۆ هیچ هۆكارێك لەماوەی (). 2-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبینێتەوە، ژمارەی هونەرییەكان‌و راهێنەرانی بیانی رابگەیەنێت كە پێویستیان پێیەتی لەگەڵ شوێنی جێگیربوون‌و ئەرك‌و ماوەی گرێبەستەكانیان. 3-    پێویستە بەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە وەزیری دەرەوەدا دەبینێتەوە بچێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و سكاڵایەك لەدژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەش بكات بەهۆی پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەری‌و ئاسایشی عێراق. 4-    ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسەندكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


(درەو): میدیای فەرمی ئێران وێنەی چوار كەسی بڵاوكردەوە كە لە هێرشەكەی فڕۆكەخانەی بەغداد لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسدا كوژراون. 🔹ناوی (حسێن پورجەعفەری)یە، ساڵی 1967 لە پارێزگای كرمان لەدایكبووە، یاریدەدەری تایبەتی قاسم سلێمانی بووە، دوای كوژرانی دوو كچ و دوو كوڕی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. 🔹ناوی (هادی تارمی)یە، لەدایكبووی ساڵی 1980یە، خەڵكی شاری زنجان بووە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە‌و لەزۆر ساتی مەترسیداردا لەگەڵ سلێمانی بووە. 🔹ناوی (شەهرود موزەفەری نیا)یە، ساڵی 1979 لەدایكبووە، خەڵكی پارێزگای قوم-ە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە. 🔹ناوی (وەحید زەمانیان)ە، لەدایكبووی ساڵی 1993یە، خەڵكی تارانی پایتەختە، پاسەوانی تایبەتی قاسم سلێمانی بووە.  


رەحیم عێراق 🔹 رێککەوتنی ئەمنی بەشێکە لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە مانگی ۱۱ی ساڵی ۲۰۰۸ ئیمزاکرا- یاسای ٥۲. 🔹رێککەوتنەکە لە (۱۱) بەش پێکدێت، چەندین رێککەوتن لەخۆدەگرێت تایبەت بە هاوکاری سیاسی، رۆشنبیری، رێککەوتنی تر، لە هەمووی گرنگتر رێککەوتنی بەرگری و ئەمنییە (بەشی سێیەم). 🔹ئەم رێککەوتنە بە رەزامەندی و پەسەندکردنی (هەموو هێزە سیاسییەکان) کراوە، جگە لە رەوتی سەدرو حزبی شیوعی، هەموو هێزو کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەوکات (۲۰۰۸) کە تائێستاش لە دەسەڵاتدان، لە پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای دەنگ، پەسەندکرا. 🔹لەناو وردەکاری رێککەوتنەکەدا لەبەشی (سییەم)یەمدا- (۳) رێگە بەهەردوولا دەدات کۆتایی بەکارکردن بەم رێککەوتنە بهێنن لەڕێگەی ئاگادارکردنەوە لایەنی دووەم بەشێوەیەکی فەرمی، دوای ساڵێک لە پێشکەشکردنی ئاگادارکردنەوەکە، کارکردنی بە رێککەوتنەکە کۆتایی دێت، ئەمەش دەرفەتی ئەوە بە عێراق دەدات لە رێککەوتنەکە دەرچێت بەوشێوەیەی لەو بڕگەیەدا هاتووە، بەواتای ئەوەی پێویستمان بەوە نییە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، هەمووی ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە بەشێوەیەکی فەرمی داواکارییەک پێشکەشی لایەنی ئەمریکی بکرێت بۆ کۆتایهێنان بە رێککەوتنەکە، لەماوەی (ساڵێک) داواکارییەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، واتە هیچ پێویست بە شۆکردنی بەتاڵی پەرلەمان ناکات. 🔹لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا (تەنیا دەنگدان) وەکو نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەبەردەم جەماوەردا وەکو ئەوەی راهاتوین لەسەری. 🔹 بەڵام هەندێک بابەت هەن دەبێت گرنگییان پێبدرێت. 🔸 ئەو رێککەوتنە ئەمنییە کە ئیمزاکراوە، (هەموو لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان بەبێ جیاوازی) پەسەندیان کردووە. 🔸رێککەوتنی ئەمنی گرێبەستی پێدانی چەک و راهێنانی فڕۆکەی ئێف ۱٦و تانکی ئەبرامزو جۆرەکانی تر لەخۆدەگرێت- بەبەهای (۱٤۰ ملیار دۆلار) کە بە قیستی درێژخایەن پارەکە دەدرێت و تائێستا عێراق جگە لە بەشی تایبەت بە پێدانی فڕۆکەی ئێف ۱٦ هیچ پارەیەکی نەداوە، بەواتای ئەوەی عێراق دەبێت بە بارمتەی ئەو قەرزو گرێبەستانەو دەبێت پابەندبێت بەوەی لەسەریەتی. 🔸 بەندەکانی پێدانی چەک لە رێککەوتنەکەدا رێگە بە عێراق نادات جۆراوجۆری بکات لەسەرچاوەکانی چەکدا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی ئەمریکی.. کۆنترۆڵی لایەنی ئەمریکی بەسەر تەکنیکی هاتوچۆی ئاسمانی و جوڵەی فڕۆکەوانی سەربازی لەچوارچێوەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش. 🔸 رێککەوتنەکە سەقفێکی دیاریکراوی بۆ کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا دیارینەکردووە لەدوای ئەو ساڵەی کە رێککەوتنەکە چەسپێندراوە. 🔴 شکستەکانی لایەنی عێراقی لەکاتی رێککەوتنەکەدا: لەژێر فشارێکی سیاسی بێ بەهانەدا، لایەنی عێراقی جەختی کرد لەسەر کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەهەر رێگایەک بێت، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ نیشاندان هێزی ماسولکەی سیاسی لەناوخۆی عێراق لە نەزانی و نەبوونی شارەزاییەوە لە دانوستان و بنیادنانی ستراتیژیەتێک کە بەرژەوەندی عێراق وەکو بەهایەکی باڵا هەڵگرێت و دانوستاندنی لەسەر نەکات، لایەنی عێراقی شەڕی لەسەر هەندێک لایەن کردووە کە بەهای باڵایان نییە لە رێککەوتنی لەم چەشنەدا، لەوانە جەختکردن لەسەر پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوان لەلایەنی ئەمریکییەکان- سەپاندنی ویلایەتی دادوەریی عیراق بەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا- هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی (حەسانە) لەسەر کارمەندەکانیان- خەمی گەورە بووە لەلای لایەنی عێراقی (سیاسییەکان) کە گۆرانییان دەوت بەم دەستکەوتانەیاندا. لەحاڵێکدا ئەمانە لای ئەمریکا هیچ قورساییەکی نەبووەو وەکو دەستکەوتێکی گەورە بۆی جێهێشتوون.


(درەو): ئاژانسێكی هەواڵی ئێران كە سەربە سوپای پاسدارانە دەڵێ:" قاسمی سلێمانی هەولێرى لە هێرشی داعش پاراست، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تائێستا ئیدانەی كوژرانی سلێمانییان نەكردووە".  ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) كە سەربە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتێكدا هێرشی توندی كردەسەر حكومەت‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان. لەو راپۆرتەدا كە لەژێر ناوی "سەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و شاردنەوەی راستییەكی ئاشكرا/ چیرۆكی هەڕەشەكردن لە بارزانی لەلایەن پۆمپیۆ-وە" بڵاوكراوەتەوە، سایتی سەربە سوپای پاسداران رەخنەی توند لە حكومەت‌و سەركردە سیاسییەكانی هەرێم گرتووە لەمەڕ بێدەنگییان سەبارەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سەردار قاسم سلێمانی رۆڵی تایبەتی هەبووە لەرێگریكردن لە كەوتنی هەولێر لەبەردەم هێرشی "داعش"دا. راپۆرتەكە دەڵێ:" رۆژی 8ی ئۆگۆست بوو كە ه‌وشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن بارزانییەوە راسپێردرا كە پەیوەندی بە جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكاوە بكات‌و داوای لێبكات كە رێگری بكەن لە كەوتنی هەولێر، بەڵام بەر لەوەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بگەن، یەكینەیەك لە هێزی تایبەت بە فەرماندەیی شەهید قاسم سلێمانی چوونە ناو بەرەكانی شەڕو لە هەرسێ میحوەری (خازر- گوێر- مەخمور)، ئامادەیی سەربازیی ئێران لەو ئۆپراسیۆنەدا لەسەر داوای راستەوخۆی مەسعود بارزانی بوو، دوای ئەوەش بەناردنی نامەیەك بارزانی سوپاسی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە جارێكی تر لە سەختترین بارودۆخدا ئێران بەرگری لە هەرێمی كوردستان كردووە". بەگێڕانەوەی ئەم چیرۆكە لەبارەی رۆڵی قاسم سلێمانی لە پارێزگاریكردن لە شاری هەولێر، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران "بارزانییەكان" تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەبڵ مۆڕاڵ"ن كە بەزمانی فارسی پێی دەوترێت "رفتار دوگانە". وەكو ئاماژەیەك بۆ ئیدانەكردنی هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە نوسویەتی:" لەحاڵێكدا بەرپرسانی فەرمی هەرێمی كوردستان خۆیان بەدورگرتووە لە ئیدانەكردنی دەستدرێژی ئەمریكییەكان بۆسەر بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی خزمەتكردن بە ئەمریكییەكان، ئیدانەی هەنگاوی خەڵكی عێراقی كرد كە ناڕەزایەتییان دژ بە تاوانەكانی ئەمریكا دەربڕی، ئەو، ئەمریكای وەكو دۆست‌و هاوپەیمانی خەڵكی كوردستانی عێراق ناوبرد". ئاژانسەكەی سەربە سوپای پاسداران لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا نمونەی بە هەواڵێكی سایتی (وشە) هێناوەتەوە‌و دەڵێ ئەو سایتە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە راپۆرتێكدا وەكو ئاماژەیەك بۆ رووداوەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كە كوردەكان جارێكی تر ئەمریكییەكانیان پەنا داوە. تەسنیم دەڵێ، سایتەكەی پارتی رایگەیاندووە، هەوڵە هاوبەشەكانی هەرێمی كوردستان‌و ئەمریكا بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی دروستكردنی گەورەترین كونسوڵگەری جیهان لە هەولێر پەیوەندیدارە بە رووداوەكانی بەغدادەوە. هەروەها باسلەوەدەكات" سایتەكەی بارزانی هەرچەندە ئەمریكییەكانی بە هاوپەیمانێكی بێ وەفای كوردەكان لە عێراق‌و ناوچەكە ناوبردووە، بەڵام بە راشكاوی ئاماژەی بە هاوكاری هەرێم لەگەڵ ئەمریكا كردووە‌و وتویەتی بەشێكی زۆری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەگوازێتەوە بۆ كونسوڵگەری هەولێر كە رووبەڕی كوسنوڵگەرییەكە 20 هێكتار زەوییە‌و لەلایەن بارزانییەكانەوە بەخشراوە بە ئەمریكا‌و بڕیارە بەبودجەی 795 ملیۆن دۆلار جێبەجێ بكرێت‌و لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بكرێت". لەبەشێكی تر راپۆرتەكەی تەسنیم- دا هاتووە :" دوو رۆژ تێپەرێوە بەسەر تیرۆركردنی قاسم سلێمانی فەرماندەیەك كە بەرگریكاری راستەقینەی هەولێر بووە لە شەڕی داعشدا، بەڵام بەرپرسانی فەرمی هەرێم هیچ جۆرە كاردانەوەیەكیان نیشان نەداوە، حكومەت‌و پەرلەمانی هەرێم بەیاننامەی فەرمییان دەرنەكردووە بۆ ئیدانەكردنی ئەو هەنگاوە تیرۆرستییەی ئەمریكا، تاكە بەیاننامەیەك كە دەرچووە بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمە كە بەبێ ئیدانەكردنی ئەو كارە باس لە رۆڵی دیاری شەهید سەردار سلێمانی دەكات". راپۆرتەكە باس لە پۆستێكی ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە تێیدا باسی رۆڵی سەردار سلێمانی دەكات لە پرۆسەی بەرگریكردن لە هەولێر، دەڵێت دەوترێت سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەیان بە ئاری هەرسین سڕیوەتەوە. لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران بەپشتبەستن بە هەواڵێكی سایتی (شارپرێس) دەڵێ:" مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوی ئەمریكا دوای كارە تیرۆرستییەكەی فڕۆكەخانەی بەغداد بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسەی كردووە‌و هەڕەشەی لێكردووە كە لە پەرەسەندنەكانی ئێستای عێراق‌و ناوچەكەدا لایەنی ئێران نەگرێت‌و دەبێت هەرێمی كوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بكات".


درەو: نەخشەی سیاسی و سەربازی لیبیا لە ئێستادا دابەش بووە بەسەر  (هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی) كە  فایز ئەلسەراج سەرۆكایەتی دەكات كە تەرابلوسی پایتەخت و حكومەت و دام و دەزگا كانی بەدەستەوەیە،  هێزو گروپەكانی  سەر بە خەلیفە حەفتەر، كە دەیانەوێت تەرابلوسی پایتەخت لەدەستی هێزەكانی ویفاقی نیشتیمانی دەربهێنن. ئێستا گروپ و هێزە ناوخۆییەكانی لیبیا دابەش بووە بەسەر ئەو دووبەرەیەدا: یەكەم/ هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی (فایز ئەلسەراج) * هێزی پاراستنی تەرابلوس -    لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -    دیارترین گروپە شەڕكەرەكانی پشتیوانی حكومەتی ویفاق لەخۆ دەگرێت. ( شۆڕشگێڕەكانی لیبیا_ لیوای ئەلنەواسی_ هێزی ئەلرەدع و دەستوردانی هاوبەش  میحوەری ئەبو سەلیم-ملیشای باب تاجورا). •    كەتیبەی شۆڕشگێڕەكانی تەرابلوس -لەمانگی كانونی ساڵی 2018 دامەزراوە. -هەیسەم ئەلتاجوری سەركردایەتی دەكات، كۆنتڕۆڵی ڕووبەرێكی فراوانی تەرابلوسی پایتەختی كردووە كە لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی ویفاق دایە. -خاوەنی بنكەی ئەمنیی و سەربازیی بەهێزە لە تاجوراو  عەینزارەو ئەلفرناج و سەلاحەدین. •    هێزی ئەلرەدع و دەستوەردانی خێرا. -    لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -    (عەبدولغەنی ئەلكیكلی) سەركردایەتی دەكات، سەركردەی دیاری تەرابلوس كە بە (غنیوە) ناسراوە. -بە زیاد لە ناوێك ناسراوە(لیوای ئەبو سەلیم یان هێزی غنیوە). •    كەتیبەی ئەلنەواسی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 دامەزراوە. -لەلایەن (مستەفا قەدور)ەوە سەركردایەتی دەكرێت، كەسێكی توندڕەوی ناسراوە. -ناسراوە بە هێزی هەشتەم، كە یەكێكە لەگروپە چەكدارەكانی پشتیوانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی.   •    هێزی ردعی تایبەت -    لەساڵی 2016 دامەزراوە. -    لەلایەن عەبدولرەئوف كارە ناسراو بە (شێخ ملازم). -    سەر بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانییە، كە پڕچەكترین و خاوەنی زۆرترین ژمارەی  چەكدارە لە تەرابلوس. •    لیوای ئەلبەقرە كەتیبەی 33 ی پیادە -  لە ساڵی 2017 دامەزراوە. - بەناوی سەركردەكەیەوە ناونراوە ( بەشیر خەلفەڵا) كە بە (بەشیر ئەلبەقەرە) ناسراوە. *  لیوای مسیراتە - زیاتر لە 100 كەتیبەو لیوا لە خۆ دەگرێت. -پڕچەكترین  ئەوكەتیبانەن كە سەربە سوپای نیشتمانی نین. -لەناوچەكانی ناوەڕاست جێگرین، ئەوەش وایكردووە دووربن لە ڕووداوەكان. دووەم/ هێزەكانی سەر بە (خەلیفە حەفتەر) •    هێزی ساعیقە. - لەلایەن (وەنیس بوحماد)وە سەركردایەتی دەكرێت. - لەیەكەم ڕۆژی شۆڕشی لیبیاوە لە ساڵی 2011 لە موعەمەر قەزافی جیابۆوە. - خاوەنی 3300 چەكدارە. •    كەتیبەی تاریقی كوڕی زیاد - لەلایەن (سلێمان ئەلسعێتی)یەوە سەركردایەتی دەكرێت. - پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەدام كوڕی خەلیفە حەفتەرەوە هەیە. - لەكۆی گروپە چەكدارەكان ژمارەی زیاترو پڕچەكترە لە بەنغازی. *  كەتیبەی 106 - لەلایەن سەدام حەفتەرەوە سەركردایەتی دەكرێت و لە بەنغازییە. - لەساڵی 2018 بە فەرمانی حەفتەر كەتیبەی 101 پیادە خراوەتە پاڵی. * لیوای 73 پیادە - لە 11 تشرینی دووەمی ساڵی 2018 بە فەرمانی خەلیفە حەفتەر دروستكراوە. - ڕاستەوخۆ سەربە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانە لە بەنغازی. - عەمید( عەلی ئەلقەتعانی) سەركردایەتی دەكات.


راپۆرت: جۆناسان ماركۆس- پەیامنێری كاروباری دیپلۆماسی‌و بەرگری لە بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت توركیا دەستی بە سەرچڵیەك كردووە كە دەبێتەهۆی قوڵكردنەوەی تێوەگلانی لە ململانێی لیبیادا، بەتایبەتی دوای بڕیاری ناردنی هێز بۆ پاڵپشتی حكومەتی ویفاق لە تەرابلوس، كارێك كە وەكو قۆناغێكی نوێیە لە بەنێودەوڵەتیكردنی شەڕ لەوێ. ئەنكەرە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی داوە بە حكومەتی ویفاق لە تەرابلوسی پایتەخت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە، هەروەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش لەبەرژەوەندی حكومەتی لیبیا كاردەكات. پێدەچێت رۆڵی هێزەكانی توركیا لە لیبیا جەخت لەسەر ئەركی "راهێنان‌و راوێژكردن"بكات، بەڵام وەسفێكی فشەڵ بۆ ئەم رۆڵە، ئەگەر حكومەتی لیبیا خۆی لەناو قەیرانێكدا بینیەوە كە نەتوانێت لێی رزگار ببێت، ئەوكات توركیا خۆی دەبینێتەوە لەوەی ناچارە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین رۆڵی ئەو هێزەی كە توركیا لە لیبیا بڵاویكردوەتەوە هێشتا روخسارەكانی دیارنییە. لە نیسانی رابردوودا ئاستی ململانێكان لە لیبیا زیادی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەلیفە حەفتەر نەیاری سەرەكی حكومەتی ویفاق، هێرشی كردەسەر تەرابلوسی پایتەخت، وادەركەوت جەنگی بەوەكالەت بێت لەناو ژمارەیەك لایەنی دەرەكیدا كە لەناو لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیادا ئەوەیان هەڵدەبژێرێن كە پشتیوانی لە بەدیهێنانی ئامانجە ئیقلیمییەكانی ئەوان بكات. بەوەش دەكرێت ئەوەی لە لیبیا روودەدات بە وێنەیەكی بچوككراوەی ئەو كارەساتە گەورەیە ناوببرێت كە سوریا بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەتەواوەتی روونە بەشێكی زیاتری شانۆگەری قەیرانی لیبیا‌و رۆڵی گەورەی توركیا ماوەو لە چەند مانگی داهاتوودا دەردەكەوێت. ئەو حكومەتەی كە لە تەرابلوسە ئەو شتەی هەیە كە نەیارەكانی نیانە، چونكە ئەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدانراوە. هەروەك فرۆشتنی چەكیش بە هەردوو لایەنەكە قەدەغەكراوە (كە تاڕادەیەك لەگەڵ حكومەتی وەیفاقدا چاوپۆشی لەمە كراوە) بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە. بەڵام واقیعەكە تاڕادەیەك جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئاماژەمان پێكرد لە ساكاریی بارودۆخەكە لە لیبیا، حكومەتی ویفاق پاڵپشتی بەهێزی خۆرئاوای هەیە، لەكاتێكدا حەفتەر یارمەتی دارایی گەورە لە ئیمارات وەردەگرێت ئەمە سەرباری وەرگرتنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش لە ئوردن‌و ئیمارات پێكەوە. هەروەك ئیمارات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی چینی لە جۆری وینگ لۆنگ 2ی بڵاوكردوەتەوە، كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن ئەم فڕۆكانە بەرپرسن لە كوژرانی ژمارەیەكی زۆری مەدەنی، كە بوون بە قوربانی ئەو هێرشانەی حەفتەر ئەنجامیداون. هەروەها ژەنەراڵ خانەنشینی لیبیی (خەلیفە حەفتەر) پاڵپشتی لە میسر وەردەگرێت، ئەمە سەرباری یارمەتی سەربازی راستەوخۆی بەڵێندەرە سەربازییە روسییە "نیمچە فەرمییەكان"كان لەسەر زەوی‌و مورتەزەقە لە سودان‌و چاد، هەروەك راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن قەناسبەدەستە روسەكان رۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر رەوتی روداوەكان لە سەنگەرەكانی شەڕدا لە لیبیا. ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێ پێدەچێت هێزەكانی حەفتەر یارمەتی بەرگری ئاسمانی لە روسیا وەربگرن. واشنتۆن سورە لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە تشرینی دووەمی رابردوودا بە موشەكی روسی كەوتوەتەخوارەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو فڕۆكانە لە بواری ئاسمانی لیبیادا بەكاردەهێنێت بۆ لێدانی گورز لە پاشماوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوێ، ئەمەش تیشك دەخاتەسەر بەشێكی زۆری گرێوگۆڵ‌و ئەو ئاڵۆزییەی كە لەسەر زەوی هەیە لە لیبیا، لەكاتێكدا كە روسیا رەتیدەكاتەوە رۆڵی كارای هەبێت لەشەڕدا لەوێ. بەهەرحاڵ، كارەساتی لیبیا چیرۆكێكی زانراوە‌و لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چووەناو هاوپەیمانی خۆرئاواوە بۆ ئەنجامدانی گورزێكی ئاسمانی بۆ روخاندنی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە 2011دا، كە بەریتانیا‌و فەرەەنسا سەرۆكایەتییان دەكرد.  هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی لە لیبیا، سەركەوت لە گەیشتن بە رێككەوتنێك‌و حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلوس لێكەوتەوە، بەڵام هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا بە سەركردایەتی خەلیفە حەفتەر رەتیانكردەوە بچنەناو ئەو رێككەوتنەوە. لەنائامادەیی هەوڵێكی دیپلۆماسی یەكلاكەرەوەدا، قەیرانەكە لە لیبیا بەردەوامە. روسیا كە لەناوبردنی قەزافی لەلایەن هێزەكانی خۆرئاواوە رەتكردەوە، بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی خۆی لەناوچەكە لەڕێگەی لیبیاوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریش وای دەبینێت خەلیفە حەفتەر پیاوێكی سەربازی بەهێزە كە دەتوانێت بەشێوەیەكی بەهێز بەڕووی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوەستێتەوە. بەدڵنیایی توركیاش سور دەبێت لەسەر جموجوڵ لەپێناو پاڵپشتیكردن لە حكومەتە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكە. بەهۆی ئارەزووی هەندێك لە هاوبەشەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە هەردوو ئاڕاستەكە دەیانەوێت، توركەكانیش هەستیان بە بێئومێدی كردووە. بۆ نمونە فەرەنسا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژەنەراڵ حەفتەر بەهێز دەكات، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ململانێكانەوە تەنیا یەك هێڵی گرتووە. بەڵام روونە چالاكی سەرۆك ئەردۆغان رەهەندێكی ستراتیژی فراوانتری هەیە. توركیا وەكو بەشێك لە ناوچەیەكی فراوانی كەناراوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست‌و دەرگایەكی ئابوری گرنگی ئەفریقا تەماشای لیبیا دەكات، كە ژمارەیەكی كەم دۆستی لەو ناوچەیەدا هەیە. پشتیوانی توركیا بۆ ئیخوان موسلیمین ناڕەزایەتی توندی لای حكومەتی سەربازی میسر دروستكردووە. پەیوەندی نێوان ئیسرائیل‌و توركیا (كە رۆژگارێك باش بوو) ماوەیەكی زۆرە لەحاڵەتی ساردوسڕدایە، ناكۆكییە درێژخایەنەكانیش لەگەڵ یۆنان كە ئەندامی ناتۆیە، زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی قوبروس‌و لەسەر پرسی وزە. لە تشرینی دووەمی رابردوودا، ئەنكەر رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەرابلوس ئیمزاكرد، ئەمەش وادەكات ناوچەی ئابوری تایبەت كە باسدەكرێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەخاكی توركیاوە بگەیەنێتە ئەو ناوچەیەی كە لیبیا داوای دەكات. ئەم بانگەشانە لەسەر ئاستێكی فراوان ناكۆكییان لەسەرە. بەڵام هەنگاوەكەی توركیا ئاماژەیەك دەنێرێت بۆ یاریزانەكانی تر لەبواری وزەدا لەناوچەكە، بەوەی ئەگەر ئەنكەرە نەخرێتە ناو هاوكێشەكەوە، گەیشتنی بۆری غاز بۆ ئەوروپا كارێكی قورس دەبێت. شیكەرەوەكان ئەمە وەكو هەوڵێكی راستەوخۆ لێكدەدەنەوە بۆ روبەڕووبونەوەی ئیسرائیل‌و میسرو یۆنان‌و قوبروس كە پێكەوە كۆڕبەندی غازیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە. بەدڵنیایی، هەوڵی روو لەزیادبووی توركیا لە دۆزینەوەی نەوتدا لە ئاوەكانی قوبروس، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تێدایە‌و بەچەكەوە پارێزگاری لە كەشتییەكانی دەرهێنانی نەوت دەكەن، بەشێكە لەو چالاكییە نوێیە. مانۆڕی توركیا لە لیبیا هەڕەشەی دروستكردنی قەیرانێكی فراوانتر دەكات لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە دەكرێت ئەمەش پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە مۆسكۆ‌و واشنتۆن‌و هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ناتۆ لەلایەكی تر ئاڵۆز بكات. ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكانی ئێستاش زیاتر دەكات. توركیا ئومێدەوارە رۆڵی سەربازی ئەو لە لیبیا، لانی كەم زامنی ئەوە بكات جەنگ بگەیەنێتە بنبەست، بەمەش ئەنكەرە زامنی ئەوە دەكات لە كۆتایدا راوبۆچوونی هەبێت لە هەر ئەنجامێكدا كە بكەوێتەوە.


 (درەو): لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس ژمارەیەك كەسایەتی دیاری عێراق بەشدارییان كرد، هەندێك كارەكتەری تر لە تارانەوە بەشداری پرسەكەیان كرد، بەرپرسانی كورد‌و سوننە غائیب بوون‌و هەڵوێستیان لەبارەی رووداوەكەوە تائێستا ناڕوونە. غایبەكانی مەراسیمەكە: -    حەیدەر عەبادی  - سەركردەكانی سوننە - ئەیاد عەلاوی -    محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق  -    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق -    بەرپرسانی حزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان - موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر (لەدوای رووداوەكانی ئەمدواییەوە عێراقی بەجێهێشتووە‌و لە ئێران دەژی، سەدر لە تاران بەشداری پرسەی قاسم سلێمانی كرد) -    قەیس خەز عەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق - هەندێك لە فەرماندە دیارەكانی حەشدی شەعبی ئامادەبوانی مەراسیمەكە: -    عادل عەبدولمەهدی  سەرۆك وەزیرانی عێراق -    هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح -    نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا‌و حزبی دەعوە   -    عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە  -    هومام حمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی   


 (درەو): تەلەفزیۆنی روسیا تودەی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراقیەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بڵاوكردەوە. سەرچاوەكە باس لەوەدەكات، ئەو فڕۆكەیەی كە قاسم سلێمانی لە سوریاوە گواستوەتەوە بۆ عێراق، سەربە كۆمپانیای "ئەجنحە شام" بووە‌و دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ ئاگادارییەكیان نەبووە لەبارەی ئەوەی كەسایەتییەكی باڵا‌و گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەدایە. سەرچاوەكە دەڵێ:" كاتی گەیشتنی فڕۆكەكە لە كاتژمێر 11:30ی خولەكی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بووە، بەڵام فڕۆكەكە دوای كاتژمێرێك لە وادەی دیاریكراو گەیشتووە، ئەمەش بەهۆی دواكەوتنی هەستانی فڕۆكەكە لە سوریا". "فڕۆكەكە لە دەرگای ژمارە 21ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد راوەستاوە، سلێمانی بەناو دەروازەی فەرمی فڕۆكەخانەكەدا تێنەپەڕیوە، لەبەردەم فڕۆكەكەدا دوو ئۆتۆمبیل چاوەڕوانی بوون، ئۆتۆمبیلی یەكەم لە جۆری (ستارێكس)بووە، دووەم لەە جۆری (ئەڤەلۆن)، سواری یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان بووە‌و بەر لە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە دەرچووە". سەرچاوەكە ئاماژە بەوەدەكات" كاتێك بۆردومانەكە رویداوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی بەشێوەیەكی نافەرمی پرسیاریان لە فڕۆكەخانە كردووە ئایا هیچ كەسایەتییەكی گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەیەدا بووە، هەندێكیان وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە بەڵێ: قاسم سلێمانیمان بینی.. هەر لەوكاتەدا دەسەڵاتدارانی ئەمنی دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك لە گەشتیاران‌و نوێنەری كۆمپانیاكە كە وتویەتی ناتوانم سەرنشینەكان بناسمەوە، ئەوانە وەكو هەر كەسێكی تر گەشتیاربوون". سەرچاوەكە دەڵێ": دوای گەڕانەوە بۆ تەماشاكردنی كامێراكانی فڕۆكەخانەی بەغداد، دوو ئۆتۆمبیل دەركەوتوون كە چاوەڕوانی سلێمانییان كردووە". هەندێك میدیای عێراقی ئەمڕۆ رایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق هاوڵاتییەكی عێراقی‌و كەسێكی سوری‌و تیمی فڕۆكەكەی قاسم سلێمانییان دەستگیركردووە‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەڵام سەرچاوەی كەناڵە روسییەكە راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت كەس دەستگیرنەكراوە. لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی قاسم سلێمانی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، قسەی جۆراوجۆر دەكرێت، موحسین رەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران وتی:" سەردار قاسم لە سوریاوە چووەتە بەغداد، رەنگە ئیسرائیل لە سوریا چاودێری گەشتەكەی كردبێت‌و زانیاری بە ئەمریكا دابێت".



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand