Draw Media

پرۆژەی نیشتەجێبوونی قەڵای شێروانە كێشەی تێدەكەوێت

پرۆژەی نیشتەجێبوونی قەڵای شێروانە كێشەی تێدەكەوێت

2021-05-20 14:26:15


 راپۆرتی: درەو

كێشە  لە نێوان هاوبەشەكانی پرۆژەی نیشتەجێبونی ( قەڵای شێروانە) لەكەلار درووست دەبێت، خاوەنی پرۆژەكە دوو سكاڵا لەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە تۆمار دەكات و هاوبەشمان نیە، چونكە پارەی پێ نیە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە كە هاوبەشی پرۆژەكەیە دەڵێت: خاوەنی پرۆژەكە ئیفلاسی كردووەو رێكەوتنەكەمان بەرێژەی (49%) بە (51%)ی رەتدەكاتەوە، بۆیە بەشێوەی كۆمەڵایەتی كێشەكە یەكلا دەكەینەوە . 

لەبارەی پرۆژەكەوە
پرۆژەی نیشتەجێبوونی (قەڵای شێروانە) 
🔹 پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونەو لە 22/2/2012 مۆڵەتی دەستبەكاربوونی لە دەستەی وەبەرهێنان بۆ وەرگیراوە
🔹بە پێی تابلۆی دەستبەكاربوونی لە 5/8/2020 دەستبەكاكردن كراوە لە پرۆژەكە
🔹تێچووی پرۆژەكە ( 91 ملیۆن و 818 هەزارو 106) دۆلارە،
🔹ماوەی جێبەجێكردنیشی (4) ساڵە
🔹 لە لایەن كۆمپانیای ( گاردینیا)وە جێبەجێ دەكرێت كە خاوەنەكەی ( عەباس محەمەد)ە.
🔹لەروبەری (284) دۆنم زەویدا درووست دەكرێت.
🔹لە  پرۆژەكەدا ( هەزارو 122) خانوو درووست دەكرێت
🔹( 646) خانووی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانە بە قیستی (9) مانگ.
🔹پرۆژەی ( قەڵای شێروانە) لەسەر شەقامی گشتی كەلار – رزگاریە
🔹 پرۆژەكە ( 112 هەزار) مەتر بەرێژەی (15.88%)ی سەوزایی لە خۆ دەگرێت.
🔹لە پرۆژەكەدا ( 3) قوتابخانەو ( 2) باخچەی ساوایان و (2) دایەنگەو بنكەی پۆلیس لە خۆ دەگرێت. 
🔹 بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە كاتی پرۆژەكە 20%ی تێپەڕیوە بەڵام 4% پرۆژەكە تەواو بووە.
 
 
كێشەی خاوەندارێتی پرۆژەكە
پرۆژەی ( قەڵای شێروانە) كە لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت ماوەی نزیكەی (6) مانگە كێشەی هاوپشكی لە نێوان خاوەنی پرۆژەكە ( عەباس محەمەد) و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە ( كامەران ئەنوەر) بۆ درووست بووە.
(كامەران ئەنوەر) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای (همس الخلیج) لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی (قەڵای شێروانە)و ئەندازیاری پرۆژەكەشەبە (درەو)ی راگەیاند: لەساڵی 2018 كە دەستمانكردەوە بە كاركردن لە پرۆژەكە من بوومە هاوبەشی ( عەباس محەمەد) كە خاوەنی پرۆژەكەیە بەڕێژەی ( 49%) بەرامبەر بە(51%).
لەبەرامبەردا ( عەباس محەمەد) كە (درەو) قسەی لەگەڵ كرد ئاماژەی بەوەدا كە" ئەم پیاوە ( كامەران ئەنوەر) بەڕێوەبەری پرۆژەكەمان ( قەڵای شێروانە) بووەو رەغبەتی هەبووە ببێتە هاوبەشمان بەڵام ئەو پارەی پێ نەبووە، بۆیە هاوبەشی چۆن لەگەڵ كەسێك دەكرێت پارەی پێنەبێت.
(درەو) دەقی لێكتێگەیشتنەكەی دەستكەووتوە كە لە  نێوان هەردوولادا كراوە، رێككەوتنەكە لە 24/7/2018 كراوەو هەردوولان لایەنی یەكەم ( عەباس محەمەد عەبدوڵا) لایەنی دووەم ( كامەران ئەنوەر حەسەن) بە شاهیدی ( دلۆڤان سلێمان و تەها محەمەد)، بەڵام  بە پێی نوسراوەكە گرێبەستەكە  تەنیا لەنێوان كۆمپانیای ( گاردینیا) و كۆمپانیای ( همس الخلیج) كراوەو لایەنی سێیەم كە دادگا و دامەزراوە فەرمیەكانە تەسدیقی نەكردووە. 


بەپێی لێكتێگەیشتنەكە:
بەمەبەستی بەستنی گرێبەستی پشكداریكردن ( شراكە) لە پرۆژەی ( قەڵای شێروان) لە سنوری ئیدارەی گەرمیان كە بەناوی كۆمپانیای ( گاردینیا) مۆڵەتی پێدەدرێت، پاش گفتوگۆكردن لەسەر پشكداری كردن لە پرۆژەكە كە لە ئێستادا لایەنی یەكەم لەمامەڵەی بەدەستهێنانی مۆڵەتەو ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكانە، هەردوولامان پابەندی ئەم لێكتێگەیشتنەی لای خوارەوەین:
1-    هەردوولا ریزی بوون لەسەر خاوەندارێتی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بەرێژەی (51%) بۆ لایەنی یەكەم، لە زیان و قازانج پاش هەر گۆڕانكارییەك لەبەرامبەر (49%) لە پشكەكانی كۆمپانیای گاردینیا ( تەنیا پرۆژەی قەڵای شێروانە) بۆ ئەو پرۆژەیە بەیاسایی دەكرێت ناوی لایەنی دووەمەوە دوای تەواوكردنی (20%)ی پرۆژەكە.
2-    پێدانی ( 2 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بەهای خاوەندارێتی پشكەكانە بەرێژەی (49%)ی گشت پرۆژەكە كە لە ئێستادا گوژمەی گشتی بەووردی دیارنیە، لەلایەنی دووەمەوە لەبەرامبەر هەموو خەرجیەكانی و بەدواداچوونەكانی لایەنی یەكەم تاوەكو بەدەستهێنانی رەزامەندی دەستبەكاربوون. 
3-    لایەنی دووەم بڕی ( 500 هەزار ) دۆلار دەداتە لایەنی یەكەم، بە دوو پێشینە.
4-    بڕی ( 200 هەزار) دۆلار لەگەڵ واژۆكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە.
5-    بڕی (300 هەزار) دۆلار لەماوەی یەك هەفتەی لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی لە بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان. 
6-    لایەنی دووەم بڕی ( 2 ملیۆن ) دۆلار لەپشكی لایەنی یەكەم و (2 ملیۆن) دۆلار لە پشكی خۆی كە دەكاتە ( 4 ملیۆن) دۆلار خەرج دەكات لە پرۆژەكەدا.  


كامەران ئەنوەر ئەوەی بۆ (درەو) رونكردەوە كە "خاوەنی كۆمپانیای ( گاردینیا) موفلیس بووەو لە هەولیرەوە پارەی ئەوەی پێ نیە بگەڕێتەوە بۆ كەلار، پێی راگەیاندم من ناتوانم كارەكان بكەم تۆ خەڵكی ناوچەكەی بۆیە تۆ ئیشوكارەكان بكە ساڵێك بۆ ساڵ و نیوێك من سەرقاڵی كارەكان و رەزامەندی فەرمانگەكان بووم، كە گەیشتینە رۆژی دەستبەكار بوون، دواتر بەبرادەرێكی خۆمی وتبوو ئەو كەسە ( كامەران ئەنوەر) هاوبەشی من نیەو تەنیا ئیشو كارەكانمان بۆ دەكات، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت كارەكانی كەوتوونەتە سەر سكە كەوتە بیانوو گرتن و وتی فڵان بەرپرسم لەپشتە، كە من تا ئێستا ( ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار تەمویلی پرۆژەكەم كردووە. 
لەبەرامبەر ئەم قسانەی ( كامەران ئەنوەر) دا ( عەباس محەمەد) ئەوەی بۆ (درەو) رونكردەوە" ئێمە بەو پیاوەمان ووت چیت خەرجكردووە ئەتدەینەوە وتمان خێرت دەدەینێ هەر رازی نەبوو ئەو وتی رازی نیم و ئەبێت پرۆژەكەجێبهێڵێن، شەڕیان پێفرۆشتین و تەقەیان لێكردین، ئێمە نە كەسمان لە پشتەو نە هیچ".
ئێمە دوو سكاڵامان لەسەر ( كامەران ئەنوەر) هەیە لە دادگای رزگاری:
1-    سكاڵایەكیان لەسەر ئەوەیە كە بەچەكەوە هاتونەتە سەر پرۆژەكەمان و ویستویانە پرۆژەكەمان پێ رابگرن.
2-     (192) جار بەبێ رەزامەندی خۆم ئیمزای كردووە، پاشان مۆری بەناوی ئێمەوە درووستكردووە.
(كامەران ئەنوەر) ئینكاری لەوە ناكات و دان بەوەدا دەنێت كە " خزمو كەسوكارەكەیان چونەتە سەر پرۆژەكە،ئەو دەڵێت ئەگەر بەیاسایی چارەسەر نەبوو، ئەوا بەعەشایەری چارەسەری دەكەین، چونكە ئەم خاوەن پرۆژەیە بە پشتی بەرپرسەكانی ناوچەكە كاردەكات و بەرپرسان ئەمیان كردووەتە واجیهە  بۆ غەدركردن لە ئێمە، ئێمەش ئەمە قبوڵ ناكەین. 

دەستەی وەبەرهێنانی گەرمیان چی دەڵێت؟

پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێدراوەو سەرپەرشتی و چاودێری دەكرێت، نایانەوێت بچنە ناو كێشەی نێوان خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكەوە،  ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە دەكەن كە بەپێی یاسا خاوەنی پرۆژەكەیە  
هونەر مەحمود بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە (درەو)ی راگەیاند: لەئێستادا پرۆژەكە بەردەوامەوكاری تێدا دەكرێت پرۆژەكە بەناوی وەبەرهێنەر (عەباس محەمەد)ەوەیەو ئێمە هەموو مامەڵەیەكی لەگەڵ دەكەین و بەردەوام كار لەپرۆژەكەدا دەكرێت و هیچ كێشەیەكی یاسایی نیە، ئەگەر كێشەیەكیش هەبێت لەبەینی خۆیاندایەو پەیوەندی بە ئێمەوەنیە.
سەبارەت بە گرێبەستی خانووەكانیش ( هونەر مەحمود) دەڵێت، گرێبەستی خانووەكان لە رێگەی ئێمەوە پەسەندكراوەن و هیچ كێشەیەكیان نیە. 
بەڵام كامەران ئەنوەر لە بارەی گرێبەستەكانەوە دەڵێت: خاوەنی پرۆژەكە هەربۆی نیە خانووە دووقاتەكان بفرۆشێت بە بێ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام هەردوێنێ گرێبەستی فرۆشتنی كردووە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand