Draw Media

چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

2021-05-15 11:37:21


شیكاری: درەو

بەشی دووەم: پارێزگای هەولێر


لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (٥٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥) کورسی گشتی و (١) کورسی کۆتا دەکەن، (٣٤) كاندیدیان پیاوو (١٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە  (٥) كاندیدی سەربەخۆ و (٣٥) كاندیدی پارتە سیاسییەکان و (٧) كاندیدی هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) و (٥) بەربژێری کۆتای مەسیحین، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنەكان لەبازنەكانی پارێزگای هەولێر خراوەتە روو.

زانیاری گشتی
1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای هەولێر (١٥) كورسی گشتی و (١) کورسی کۆتای مەسیحی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٤) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2.    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (٥٢) بەربژێر ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥+١) کورسی دەکەن، (٣٤) بەربژێریان پیاوو (١٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (٥) بەربژێری سەربەخۆ و (٣٥) بەربژێری پارتە سیاسییەکان و (٧) بەربژێری هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) و (٥) بەربژێری کۆتای مەسیحین. بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (١٢) بەربژێر کە (٨) پیاوو (٤) ئافرەتن. 
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٥) بەربژێر کە (٢) پیاوو (٣) ئافرەتن. 
-    نەوەی نوێ (٤) بەربژێر کە (٢) پیاوو (٢) ئافرەت.
-    بزوتنەوەی گۆڕان بە (٢) بەربژێری پیاو.
-    کۆمەڵی دادگەری (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەت.
-    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەت.
-    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٤) بەربژێر کە (٣) پیاوو (١) ئافرەت.
-    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو.
-    بەرەی تورکمانی عێراقی (٣) بەربژێر کە(١) پیاوو (٢) ئافرەت.
-    قادیمون (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت.
-    حركە بابلیون (١) بەربژێری ئافرەت.
-    الحركە الدیمقراگیە اڵاشوریە (١) بەربژێری پیاو.
-    سەربەخۆ (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت.
-    کۆتای مەسحی لە چوارچێوەی (٤) پارت و (١) سەربەخۆ (٥) بەربژێریان هەیە کە (٤) پیاوو (١) ئافرەتن.
3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت.
4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان .
5.    ئەگەر چی هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، باس لە جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیق دەکرێت لە نێوان لایەنە ئیسلامییەکان  دەكەن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە زیاتر لە پارێزگای سلێمانی کاریگەری گەورە جێدەهێڵن بەراورد بە پارێزگای هەولێر.
6.    ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەگەر چاوێک لە ئەنجام و هەوڵەکانی ساختەکاری بدەین لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە .

چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر
بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (سۆران + مێرگەسور + رەواندز + چۆمان + شەقلاوە)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))

چارتی ژمارە (١)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨

بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛

1.    پارتی دیموکراتی کوردستان
•    نەهرۆ مەحمود قادر سەعید
•    محەمەد سدیق محەمەد یاسین
•    سیپان عەزیز حدو خدر
•    جوان عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان
•    فەیسەڵ کەریم خان مەحمود
•    شەرمین حەمەد بەگ بایز
3.    بزوتنەوەی گۆڕان
•    نیەتی
4.    نەوەی نوێ
•    کوردوان جەمال مەحمود
5.    کۆمەڵی دادگەری
•    نیەتی
6.    یەکگرتووی ئیسلامی
•    نیەتی
7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
•    رازان عەبدولفەتاح حەسەن
8.    بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری
•    نادر موشی موراد
9.    حركە بابلیون
•    رغد یوسف کبرو
10.    قادمون
•    عەلی وادی حەسەن
11.    سەربەخۆکان
•    هیلان عیسی كریم اسحق
12.    کۆتای مەسحی بۆ (١) کورسی لە چوارچێوەی (٤) پارت و (١) سەربەخۆ (٥) بەربژێر کە (٤) پیاوو (١) ئافرەت.پارتەکانی (الحزب الوگنی الاشوری)( ائتلاف حمورابی) (اتحاد بیپ نهرین الوگنی)
•    سەنا یەعقوب فلو
•    بیتر منیر هرمز
•    رائد ئیسحەق موراد
•    جۆزیف صلیوا سبی
•    فاروق حنا عتو شمعون (سەربەخۆ)


پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (١): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
* پارتی دیموکراتی کوردستان
-    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٠.٣٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (139 هەزارو 13) دەنگی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (١٠) هەزار لە دواوەوەیە.
-    ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی هەولێر، سەرجەم هێزو لایەنە سیاسی و بەربژێرەکان ئاسنی سارد دەکوتن، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان
-    ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزی دووەمە لەم بازنەیە بەڵام پێ دەچێت کەوتبێتە هەڵەی تەکنیکییەوە، چونکە لەبری ئەوەی (١) کاندید پێشکەش بکات، (٢) کاندیدی هەیە، بەمەش دەنگەکانی لەو بازنەیە پەرت دەبن كەلە هەڵبژاردنی رابردوو (25 هەزارو 2) دەنگی هەبووە، ئەو چانسە کەمەشی هەیە دەسوتێت، بۆیە ئەگەری هەیە یەکێک لە کاندیدەکانی بکشێنێتەوە. یان دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ کومەڵ و یەکگرتوو دەنگەکانی ئەو هێزانە بدرێت بە یەکێتی، کە ئەمەش ئەگەرێکی قورسە ڕوبدات، بۆیە ئەگەر یەك كاندیدی هەبێت ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكی دەبێت لەم بازنەیە. 

نەوەی نوێ
-    نەوەی نوێ لەم بازنەیەلە هەڵبژاردنی رابردوو ( 11 هەزارو 438) دەنگی هەبووە، ئەگەر یەکێتی یەکێک لە کاندیدەکانی نەکشنێتەوە، نەوەی نوێ چانسێکی دێتە پێش (١) کورسی بباتەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان نیە لەم بازنەیە و ئەگەری زۆرە دەنگەکانی نەوەی نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات.


چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای هەولێر
بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی ( دەشتی هەولێر+ كۆیە + خەبات)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢))

چارتی ژمارە (٢)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨


بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٢)بەم شێوەیەن؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان
•    خدر عەلی صادق
•    ئامانج مەحمود ئەسعەد
•    سومەیە کەریم خان یەحیا
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان
•    کوردۆ عومەر عەبدوڵا
3.    بزوتنەوەی گۆڕان
•    عەبدولسەلام محەمەد سوڵتان
4.    نەوەی نوێ
•    وەزیرە ئەحمەد ئیبراهیم
5.    کۆمەڵی دادگەری
•    نیەتی
6.    یەکگرتووی ئیسلامی
•    نیەتی
7.    حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
•    مستەفا ئیبراهیم حەمە
8.    قادمون
•    ئەبوبەکر محەمەد مەولود

پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٢): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان
-    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی(%48.9)ی دەنگەکانی هەیە، كە ( 71 هەزارو 961) دەنگ بوو، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی، بۆیە پارتی لەم بازنەیە (2) كورسی مسۆگەرەو ئەگەری سێیەمشی هەیە، ئەگەر نەوەی نوێ سەرنەكەوێت. 


یەکێتی نیشتمانی کوردستان
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بازنەیە (37 هەزارو 631) دەنگی هەیەو  (١) بەربژێریشی هەیە لەم بازنەیە، دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری بەو پێی بەربژێرەكەشی ئافرەتە، بۆیە ئەگەری سەركەوتنی زۆرە.

نەوەی نوێ
-    نەوەی نوێ لەم بازنەیە هێزی سێیەمەو لە هەڵبژاردنی رابردوو بە بەدەستهێنانی (15 هەزارو 24) دەنگ و كورسیەكی هەبووە، نەوەی نوێ لەم بازنەیە کە (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە، لەم بازنەیە نەوەی نوێ چانسی سەركەوتنی دەبێت ئەگەر كاندیدەكەی یەكێتی كە چانسی سەركەوتنی زۆرە وقەزای كۆیە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەم ناوچەیەو جێنقوسی یەكێتیە بەدەنگی خۆی دەربچێت و لەچوارچێوەی كۆتا نەبێت، یاخود کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی دەنگی کەمتر بەدەستبهێنێت، لەبەر ئەوەی کومەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان لەم بازنەیە نییەو ئەگەری ئەوەی هەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەوپێیەی كاندیدەكەی یەكێیش ئافرەتە بۆیەئەگەری سەركەوتنی ئەم كاندیدەی نەوەی نوێ لاوازە. 

بزوتنەوەی گۆڕان
-    بزوتنەوەی گۆڕان کە بە (١) کاندید بەشداری کردووە، لەم بازنەیە كە هێزی چوارەمی بازنەکەیەو (10 هەزارو 654) دەنگی هەبووە، ئەگەری دەرچوونی بەهێزە بەهۆی ئەوەی لەم بازنەیەدا (3) كورسی پیاو هەیەو ( یەكێتی و نەوەی نوێ) كاندیدی پیاویان نیەو كۆمەڵ و یەكگرتووش كاندیدیان نیە، پارتیش تەنیا دووكاندیدی هەیە، بۆیەئەگەر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی یاخود پارتی بەدەنگی خۆی سەرنەكەون و كاندیدێكی پیاو بەرن، واتا كاندیدە ژنەكانی یەكێتی یاخود پارتی دەنگیان لەكاندیدە پیاوەكەی گۆڕان زیاتر بێت ئەوا چانسی كاندیدەكەی گۆڕان نامێنێت، بەئەگەرێكی زۆر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی دەنگی لە كاندیدە پیاوەكەی گۆڕان زیاتر دەبێت.


چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٣)ی پارێزگای هەولێر
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٣))
چارتی ژمارە (٣)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨

 

بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٣)بەم شێوەیەن؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان
•    رێبوار هادی عەبدولرەحمان
•    لەیلە ئەکرەم سەعید
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان
•    هەرێم کەمال خورشید
3.    بزوتنەوەی گۆڕان
•    نیەتی
4.    نەوەی نوێ
•    ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولرەحمان
5.    کۆمەڵی دادگەری
•    قومریە محەمەد نەجیب
6.    یەکگرتووی ئیسلامی
•    بخشان رشید سیان
7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
•    عومەر رەسوڵ حەمەد
8.    حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
•    نەوزاد جەلال ئیبراهیم
9.    بەرەی تورکمانی عێراقی
•    بەناز نەوزاد حاجی
10.    قادمون
•    نایف لەتیف خالید

پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٣): لەم بازنەیەدا (3) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
-    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (56.6%)ی دەنگەکانی هەیە كە (54 هەزارو 946) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (3) هەزار لە دواوەوەیە، لەم بازنەیە پارتی بە (٢) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەردوو کورسییەکە مسۆگەر بکات، بۆیە بە ئەگەرێكی بەهێز دوو كورسی دەبات وبەڵام كاندیدە ژنەكەی دەبێتەركابەرەی كاندیدە ژنەكانی نەوەی نوێ و كۆمەڵ.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
-    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی دووەم دێت لە دوای پارتییەوە كە  (15 هەزارو 481) دەنگە، بۆیە ئەگەری گەورە ئەوەیە کورسییەکەی کە دەمێنێتەوە بیباتەوە، بەتایبەت کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نیەو دوور نییە بەشێک لە دەنگەکانی ئەو حیزبە بچێت بۆ یەکێتی. لە هەمانكاتدا پارتی یەك كاندیدی پیاوی هەیە لەكاتێكدا لەم بازنەیە دووكورسی بۆ پیاوان هەیە. 
نەوەی نوێ 
لەم بازنەیە نەوەی نوێ ژنێكی كاندید كردووە دەنگەكانی لەرابردوو ( 10 هەزارو 409) دەنگەو هێزی سێیەمە بۆیە كانددیدە  ژنەكەی مللانێ لەگەڵ كاندیدەكەی پارتی دەكات لەم بازنەیە. 
یەكگرتوو و كۆمەڵ
لەم بازنەیەدا یەكگرتوو كۆمەڵ بە كاندیدی ژن بەشداریان كردووە، لە هەڵبژاردنی رابردوو كۆمەڵ ( 8 هەزارو 134) دەنگ و یەكگرتوو ( 5 هەزارو 500) دەنگیان هەبووە، بە بەرارود بە كاندیدە ژنەكانی پارتی و نەوەی نوێ، ئەگەری دەرچونی كاندیدەكانی یەكگرتوو كۆمەڵ لاوازە.

چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٤)ی پارێزگای هەولێر
بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٤))
چارتی ژمارە (٤)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨

 

بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (بازنەی ٤)بەم شێوەیەن؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان
•    مەریوان قەرەنی عیبراهیم
•    سەباح سوبحی حەیدەر
•    نەهلە قادر محەمەد
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان
•    مژدە ئیسماعیل عەزیز
3.    بزوتنەوەی گۆڕان
•    برزۆ مەجید عەبدوڵا
4.    نەوەی نوێ
•    محەمەد ئیسماعیل عومەر
5.    کۆمەڵی دادگەری
•    عەبدولستار مەجید قادر
6.    یەکگرتووی ئیسلامی
•    زهیر محەمەد ئەمین خوشناو
7.    پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
•    فەرهرنگ حەسەن عەباس
8.    بەرەی تورکمانی عێراقی
•    رحاب توفیق سەلمان
•    کازم یاوەر ئەنور
9.    قادمون
•    نەجات خالید حمە رەشید
•    فەرەح خالید سمین
10.    سەربەخۆ
•    مسعود ابراهیم اغا منتك
•    نریمان خالد صدیق عپمان
•    فیصل احمد خوشناو
•    گارق خورشید صالح عبدالله

پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٤): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
-    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان (85 هەزارو 133) دەنگی هەبووە ڕێژەی (52.2%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی. 
-    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان چاوی لە بردنەوەی (٣) کورسیە دووپیاوو ژنێك.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بازنەیە كە (23 هەزارو 989) دەنگی هەیەو یەك ژنی كاندید كردووەو كاندیدی پیاوی بۆ گۆڕان و كۆمەڵ جێهێشتووە،بەهۆی زۆری دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە ئەگەری ئەوە هەیەیەكێتی تەنیا توانای دەرچوونی كاندیدەكەی خۆی هەبێت و نەتوانێت بەشی گۆڕان و كۆمەڵ بدات، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی دەنگی زۆر بهێنێت و بە دەنگی خۆی دەربچێت ئەوا چانسی كاندیدە پیاوەكانی گۆڕان و كۆمەڵیش دەسوتێت.

نەوەی نوێ
-    نەوەی نوێ ‌هێزی سێیەمی بازنەکەیە لە دوای یەکێتی و پارتی كە لەهەڵبژاردنی رابردوو (19 هەزارو 949) دەنگی هەبووە لە حاڵەتی ئەوەی یەکێک لە کاندیدە ئافرەتەکانی (پارتی) یان (یەکێتی بە تایبەتی) دەنگەکانی کۆتا تێپەڕێنێت، ئەگەرنا چانسی دەرچونی كاندیدەكەی نەوەی نوێ لەم بازنەیە لە كاندیدەكەی كۆمەڵ و گۆڕانیش زیاترە بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی رابردوو. 
-    ئاستی بەهێزی ناسراوی کاندیدەکەی نەوەی نوێ لە بازنەکەدا، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر سەرکەوتنی، چونکە کاندیدەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بەهێز و ناسراون، یەکگرتووش هیچ کاندیدێکی نیە.

بزوتنەوەی گۆڕان 
بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیە بە كاندیدێكی خانەی راپەڕاندن بەشداری كردووە كە ئەویش ( برزۆ مەجید)ە لەم بازنەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو گۆڕان بەڕێژەیەكی زۆر لەدوای كۆمەڵ و نەوەی نوێوەیە كە ( 13 هەزارو 236) دەنگی هەیە، ئەگەر یەكێتی هەوڵی جدی بۆ نەدات، ئەگەری دەرچونی كاندیدەكەی گۆڕان لاوازە لەبەرامبەر كاندیدەكانی نەوەی نوێ و  كۆمەڵی دادگەری چونكە گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لەم بازنەیە هێزی پێنجەم بووە. زۆر لە دوای نەوەی نوێ و گۆڕانەوەیە. 

 كۆمەڵی دادگەری
كۆمەڵی دادگەری بەئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن كەهاوكات سەرۆكی فراكسیۆنەكەشیەتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كردووە كە ئەویش ( عەبدولستار مەجید)ە لە هەڵبژاردنی ربردوو كۆمەڵ لەم بازنەیە ( 18 هەزارو 17 ) دەنگی بەدەستهێناوە، جگەلە  دوو پیاوەكەی پارتی كە ئەگەری دەرچونیان بەهێزە، كێبەركێ دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی نەوەی نوێ كۆمەڵ و گۆڕانەوە، كە بە پێی دەنگی پێشوو و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا كۆمەڵ و نەوەی نوێ و گۆڕان، كێبەركێی بەهێز دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی نەوەی نوێ و كۆمەڵ. 

پێشبینی كۆتایی
بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت:
-    پارتی  8 – 10 كورسی   پێشتر ( 8) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر
-    یەكێتی  1 – 3 كورسی     پێشتر ( 2) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر
-    نەوەی نوێ  1- 3 كورسی   پێشتر ( 2) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر
-    كۆمەڵ  0- 1 كورسی پێشتر ( 1) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر
-    گۆڕان 0- 1 كورسی پێشتر ( 1) كورسی هەبووە لەپارێزگای هەولێر


تێبینی: 
•    ئەم شیكاریە  لەبەرچاوگرتنی (دەنگی پێشوو + خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی لایەنەكان + ئەدایان لە سێ ساڵی رابردوو)دا وەرگیراوە.
•    لەم هەڵبژاردنەدا  بەدەستهێنانی كورسی پلەبەندی حزبەكان دیاری دەكات نەك دەنگ، چونكە دەكرێت حزبێك لە كۆی هەموو بازنەكان (100 هەزار) دەنگ بهێنێت، بەڵام یەك كورسی بەدەستنەهێنێت، بەڵام حزبێك (50 هەزار) دەنگ بەدەستبهێنێت و (2) كورسی بەرێت. 
•    ئەگەری ساختەكاری و رێككەوتن  و دابەشكاری ژێر بەژێری كورسیەكان، ئەگەرێكی بەهێزەو ئەوەی بەپلەی یەكەم كاریگەری راستەوخۆی لەسەر  یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسیەكان دەبێت ساختەكاری و رێككەوتنە نەك دەنگی دەنگدەران .
•    چاوەڕوانی شەپۆلێكی زۆری بەشداری نەكردن و بایكۆت دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. 

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

بەشی یەكەم:  چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand