جەنگی ناکۆتای فەڵەستین و ئیسرائیل یان کۆتایی خەونبینین بە ئاشتییەوە؟
2021-05-17 10:39:15
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
ڕووداوە سیاسییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لەم ناوچەیەی ئێمەدا سێ کارەساتی گەورەیان لێکەوتەوە. یەکەمیان جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دەستی لەشکری عوسمانیی لە ساڵی ١٩١٥دا. دووھەمیان بەکەمینەبوونی کوردە وەک گەلێک لەناو چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالیی تازەدروستکراو لەناوچەکەدا. سێھەمیشیان لەدەستدانی فەڵەستینییەکانە بۆ خاکەکەیان و بوونیان بە ئاوارە و خێمەنشین لە چەندان وڵاتانی تردا. ھەر سێ ڕووداوەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە مەسەلەی دروستبوونی ئەو فۆرمە تازەوە لە چوارچێوەی سیاسیی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، کە چوارچێوەی”دەوڵەتی نەتەوەیە“.
لە پەیوەندییدا بە فەڵەستینییەکانەوە ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم دەوڵەتێکی بۆ جولەکەکان لە فەڵەستیندا دروستکرد و فەڵەستینییەکانی ڕووبەڕووی دۆخێک کردەوە، ھەشتا لە سەدیان ناچاربن وڵاتەکەیان بەجێبھێڵن و وەک پەناھەندە ئاوارەی شوێنانی تر، ببن. بەم مانایە کرۆکی مەسەلەی فەڵەستین و کێشەی سەرەکیی فەڵەستینییەکان لەدەستدان و داگیرکردنی خاکەکەیان و بوونیانە بە پەناھەندە لە دەرەوەی نیشتیمانەکەی خۆیاندا. مەسەلەکە نە مەسەلەی دینە، نە مەسەلەی بوونی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای تایبەتە، نە مەسەلەی بوون یان نەبوونی ڕقێکی مێژوویی و دێرینە،بەڵکو مەسەلەی داگیرکردن و کۆلۆنیالیزمە. فەڵەستینییەکان گەلێکن خاکەکەیان داگیرکراوە و خۆشیان بە زۆر لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەرکراون. ئەمەش ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە. وەکچۆن جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و بەکەمینەبوونی کورد مێژووی خۆیان ھەیە، بەھەمانشێوە داگیرکردنی خاکی فەڵەستینییەکان و بوونیان بە پەناھەندە لە وڵاتانی تردا، مێژووی تایبەتی خۆی ھەیە.
تا دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا، ژمارەی جولەکەکان لە فەڵەستیندا ژمارەیەکی کەم بووە و لەڕووی چەندایەتییەوە کەمینەی ناو ئەو وڵاتە بوون. لە ڕۆژگاری دوای جەنگی جیھانی یەکەمدا و سەرەڕای ئەنجامدانی دوو شەپۆل لە کۆچی جولەکە بۆ فەڵەستین، کەچی ڕێژەی جولەکە لە فەڵەستیندا تا ساڵی ١٩٢٢ تەنھا ١٢،٥% دانیشتوانی فەڵەستین بووە. لە نێوان ساڵی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٣دا ٣٠ ھەزار جولەکە لەئەوروپای خۆرھەڵاتەوە کۆچدەکەن بۆ فەڵەستین. لەنێوان ساڵانی١٩٢٤بۆ ١٩٢٦دا ٥٠ ھەزار جولەکە لە پۆڵەنداوە ھەمان کۆچ ئەنجامدەدەن. لە نێوان ساڵانی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٦دا ١٧٠ ھەزار جولەکە لە ئەڵمانیاوە بۆ فەڵەستین کۆچدەکەن. سەرەڕای ئەم شەپۆلە گەورانە لە کۆچکردن ھێشتا زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە ھەر عەرەب بوون. لە ساڵی ١٩٣١ دا ڕێژەی عەرەب لە فەڵەستیندا ٨٢% بوو بەرامبەر بە ١٦% جولەکە. لە ساڵی ١٩٤٦دا، واتە دوو ساڵ بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێژەی عەرەب ٦٧% و ڕێژەی جولەکە ٣١% بووە. ئەوەی ئەم ژمارانە ئاشکرای دەکەن ئەوەیە کە جولەکەکان لە فەلەستیندا کەمینەیەکی دینیی بوون لەناو زۆرینەیەک لە عەرەبی دانیشتوانی ئەو وڵاتەدا.
کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧یشدا پلانی دابەشکردنی فەڵەستین بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بە بڕیاری ١٨١ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەردەکرێت، جولەکەکان بە پلانەکە ڕازییدەبن و عەرەبەکانیش ڕەفزی دەکەن. ھۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەتکردنەوەیە ئەوەبوو فەڵەستینییە عەرەبەکان بڕیارەکەیان بە خراپ و ناھەق لە قەڵەمدەدا. بەڵام ئایا بەڕاست پلانەکە ناھەقییەکی گەورەی تێدابوو، یاخود، وەک زۆرێک دەڵێن، عەرەب میللەتێکە حەزی لە شەڕ و شۆڕ و خوێنڕشتنە و کولتوریی ئاشتیی و ڕێکەوتن ناناسن؟ دۆکۆمێنتە مێژووییەکان نیشانیدەدەن لە ساتەوەختی بڕیاری دابەشکردنەکەدا، جولەکەکان لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە تەنھا یەک لەسەر سێی دانیشتوانی فەڵەستین بوون و لە ڕووی خاکیشەوە تەنھا ٧% خاکی فەڵەستینیان لەژێر دەستدا بوو. کەچی پلانی دابەشکردنەکە ٥٧% خاکی فەڵەستینی پێدەبەخشین، واتە گەرچی ژمارەی دانیشتونی عەرەب دوو جار لە دانیشتوانی جولەکە زیاتر بوو، کەچی بڕی ئەو خاکەی بە جولەکەکان بەخشرابوو، گەورەتربوو لەوەی بە عەرەبە فەڵەستینییەکان درابوو. ھەروەھا دابەشکردنی بەروبومی ئابوریی وڵاتەکە بەجۆرێک بوو دەوڵەتە جولەکەکە سێجار زیاتر بەروبومی ھەبێت بە بەراورد بە ئابوریی فەڵەستینییەکان. بەم جۆرە پلانی دابەشکردنەکە ناھەقییەکی گەورەی بەرامبەر بە دانیشتوانە عەرەبەکەی وڵاتەکە تێدابوو. ئەم ناڕازیبوونە بوو بە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگی ساڵی ١٩٤٨. عەرەبەکان جەنگەکەیان دۆڕاند و ئیسرائیل بە ڕەسمی وەک دەوڵەت دادەمەزرێت. بەم چەشنە جەنگی ساڵی ١٩٤٨ بۆ عەرەب نەکبەیە و بۆ جولەکە جەنگی سەربەخۆیی. دەرەنجامی جەنگەکەش ئەوەیە ئیسرائیل خاکی زیاتر داگیردەکات و زیاد لە ٩٠٠ ھەزار فەڵەستینیش دەردەکرێن و دەبن بە پەناھەندە و بێماڵ. مێژوونووسی ئیسرائیلیی و جولەکە ئیلیان پاپێ دەڵێت عەرەبەکان بەھەڵە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ بە نەکبە ناودەبەن، ئەوەی ڕوویدا پاکتاوی ئەتنیی و نەتەوەیی بوو .لە دوای جەنگی ساڵی ١٩٤٨ەوە ئیتر ململانێکە لەوەدەردەچێت تەنھا ململانێی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و ھەموو جیھانی عەرەبیی.
لەسەرەتای دروستبوونی کێشەکەوە، لەبیستەکان وسییەکانی سەدەی بیستەمدا، فەڵەستینییەکان بەبێ ڕێکخراو و پارتی سیاسیی و کەسایەتیی و ئایدیۆلۆژیایەک بوون بتوانێت ھەموویان بەیەکەوە کۆبکاتەوە. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر جوگرافیایەکی گەورەدا دابەشبوون کە تیایدا پەیوەندیی نێوان شارەکان و گوندەکانیان تەواو لاوازبوو، لەڕووی دارایی و توانای مالیشەوە زۆر لە جولەکەکان لاوازتر بوون. لە بەرامبەردا جولەکەکان گروپی چەکداریی ڕێکخراوی تایبەتیان ھەبوو، توانای مادی زۆر و ئایدیۆلۆژیایەکیان ھەبوو، کۆیدەکردنەوە و یەکیدەخستن. پێکدادانی نێوان جولەکەکان و فەڵەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیست و بۆ کۆچی بە کۆمەڵی جولەکە ئەوروپاییەکان بۆ فەڵەستین. لە ساڵی ١٩٢٠، ١٩٢٩دا کۆمەڵێک پێکدادانی پچڕپچڕ و ناوچەیی ڕوودەدات، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩دا پێکدادانەکان گەورەتر و خوێناویتر دەبن.
لە دوای کۆچە بە کۆمەڵ و پرۆسەی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەی ئەوروپا لە فەڵەستیندا، ئیتر وڵاتەکە بە کردەوە دابەشدەبێت بەسەر دوو کۆمەڵە مرۆڤی جیاوازدا: جولەکەکان و فەڵەستینییەکان. ھەردووکیان لە ڕووی ئابوریی و نیشتەجێبوون و کۆمەڵایەتییبوونەوە بەجیا لەیەکتری و دوور لەیەکتری، دروستدەبن و دەژین. ئەوەی بەردەوامیش ڕوودەدات خۆبەھێزکردن و خۆڕێکخستنی جولەکەکانی ناو فەڵەستین و ھاندانی جولەکەکانی تری جیھانە بۆ کۆچکردن بۆ فەڵەستین. بەھێزبوونی بەردەوامی دژایەتیکردنی جولەکە لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، بە تایبەتی تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکان لەسەر دەستی نازییەکان بڕ و ڕادی کۆچ ی جولەکەکان و پشتیوانی نێودەوڵەتیان بۆ زیادەکات. لە بەرامبەردا عەرەبەکانیش دەکەونە خۆڕێکخستن، تا وایلێدێت لە ساڵانی پەنجا و شەستدا فەڵەستینیەکانیش ڕێکخراوی سیاسیی و ھێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن و دەکەونە جەنگەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا. لە ساڵی ١٩٦٤دا ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەڵەستین لە قاھیرە دروستدەبێت و لە ساڵی ١٩٦٩ عەرەفات دەبێت بە سەرۆکی بزوتنەوەکە. یەکەم پەلاماری چەکدارانەی ڕێکخراوی فەتحیش بۆسەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٥دا ڕوودەدات. لە ئەردەن و لوبنان و سوریاوە چالاکی سەربازیی دژ بە ئیسرائیل دەستپێدەکات. ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل پەلاماری میسر و سوریا و ئەردەن ئەدات و لە ماوەی شەش ڕۆژدا ئەو وڵاتانە وێراندەکات. ئیسرائیل لەو جەنگەدا چەندان شوێنی تازە داگیردەکات کە بریتین لە ناوچەی غەزە، بەرزاییەکانی گۆلان، بیابانی سینا، زیفەی غەربیی و قودسی خۆرھەڵات. ھاوکات ئیسرائیل ٤٠٠ فڕۆکە و ٥٠٠ دەبابەی سێ وڵاتە عەرەبییەکە تێکدەشکێنێت، کە دەکاتە نزیکەی ٧٠% ھێزی سەربازییی ئەو سێ وڵاتە. ١١ ھەزار میسری و ٦ ھەزار ئەردەنی و ھەزار سوری دەکوژرێن. ئیسرائیل خۆی تەنھا ٢٠ فڕۆکە و ٦٠ دەبابەی تێکدەشکێت و ٧٠٠ سەربازیشی دەکوژرێن. لە دوای جەنگی ١٩٦٧ەوە ملیۆنێک و سێسەد ھەزار پەناھەندەی فەڵەستینی تازە دروستدەبن و بەرەو غەزە، لوبنان، سوریا و ئەردەن ھەڵدێن. ژمارەی پەناھەندەی فەڵەستینی لە جیھاندا نزیکەی ٦ ملیۆن پەناھەندەیە کە بەشێکی گەورەیان تا ئەم ساتەش لەناو کەمپەکاندا دەژین. لە ئێستادا سێ نەوە لە پەناھەندەی فەڵەستینیی لەدەرەوەی نیشتیمانەکەیاندا بوونیان ھەیە. نەوەی دوای ساڵی ١٩٤٨، نەوەی دوای جەنگی ١٩٦٧، نەوەیەکیش کە لە کەمپەکاندا لەدایکبووە و فەڵەستینی نەبینیوە. تا ئەم ساتەش لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبییدا فەڵەستینییەکان وەک پەناھەندە ماونەتەوە و مافی بوون بە ھاوڵاتییان نییە.
گرنگترین ھەوڵێک بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەی فەڵەستین و چارەسەرکردنی ”ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ“ بوو کە لە ساڵی ١٩٩٣دا، لە نەرویج ئیمزاکرا. بەڵام ئەم ڕێکەوتنانە نەیتوانی کۆتایی بەو گرێ سیاسیی و مێژوویی و بە نایەکسانی ھێز و بە قورساییە نەفسیی و ویژدانیی و ئینسانییەکانی ئەو کێشەیە بھێنێت. نووسەری فەڵەستینی ئێدوارد سەعید یەکێک بوو لەو کەسانەی ھەر لەسەرەتاوە ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکانی ئۆسلۆ گرت. ئەو پێیوابوو ئەو ڕێکەوتنە بە لۆژیکی چارەسەرکردنێکی ئینسانیی و دادپەروەرانەی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دروستنەبووە و کارناکات، بەڵکو ئەوەی دایڕشتوە لۆژیکی ھێز و توانا و باڵادەستیی ھەمەلایەنەی ئیسرائیلە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان. سەعید پێیوابوو چارەسەری ئەم کێشەیە بە چەک و لەڕێگای ھێزی سەربازیی ڕووتەوە ناکرێت، ئەوەی پێویستە لێکتێگەیشتن و ھەوڵدانی دۆزینەوەی ڕێگایەکی ھاوبەشە لەلایەن ھەردوو لاوە کە بە لۆژیکی ھێز مامەڵە لەگەڵ یەکدا نەکەن، بەڵکو یەکتری وەک دوو ڕکابەری ھاوسەنگ و خاوەن ماف ببینن و مامەڵەبکەن. سەعید پێیوابوو ناکرێت ئاشتی بە مەرجەکانی ئیسرائیل ڕووبدات، بەوە دروستنابێت ئەوەی لایەنێک دەیەوێت بەسەر ئەویتردا بیسەپێنێت. ڕەخنەی سەعید چەندە ڕووبەڕووی ئیسرائیل بوو وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر، ئەوەندەش ڕووبەڕووی عەرەب و فەڵەستینییەکان بوو، بە تایبەتی ڕووبەڕووی سەرکردایەتی ھێزە سیاسییەکانی فەڵەستین کە لەباتی بەرگریکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین، لەناو فەساد و گەندەڵیی و دزیی و جەردەییدا نووقمبوون.
ئەوەی ئێستاش دەیبینین ھەڵقەیەکی نوێیە لەم ململانێ و داگیرکاریی و بێمافکردنە درێژخایەنە کە نزیکەی سێ چارەکە سەدە مێژووی ھەیە. ئەوەی دەبینین درێژەدانە بەو حەمامی خوێنە کە دڵۆپە سەرەتاییەکانی لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕژا. بەبۆچوونی ئێمە مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی ئەم یان ئەو مزگەوت و ئەم یان ئەو شوێنی پیرۆزەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤەوە ھەیە کە بێوڵات و بێخاک و بێشوێن و بێماڵ کەوتون.
پێدەچێت لەناو ئەو جەنگە ئایدیۆلۆژییە شەڕانگیزەدا کە ئەمڕۆ لەناوچەکەدا دروستبووە، لەناو ئەو ھەموو درۆ و نمایشە ساختەکارانەدا کە ھەیە و بەردەوامە، بە تایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە ئیسلام و خودا و مزگەوتەکەی، نمایشدەکەن، یان ئەوانەی فەلەستین وەک دیاری خودا بۆ ئەوان وێنادەکەن، دەڵێین، لەناو ئەم دۆخە دڕدۆنگ و رادیکالیزمە ئایینیی و ئەتنییەدا کە دیوێکی ئەردۆگانەکان و دیوەکەی تری ناتانیاھۆکانە، پنتێکی بچوکیش بۆ چارەسەرکردن بوونی نەماوە. لەبەردەم بێئومێدییەکی قووڵی لەم بابەتە و خەونبینینی مرۆڤی ئاسایی بە ئاشتییەوەیە، کەسێکی وەک ئالان بادیۆ دەڵێت: ئەوەی پێویستە ئەوەیە جۆرێکی نوێ لە جولەکە و جۆرێکی نوێ لە عەرەب دروستببێت. دەکرێت ئێمەش لەم سەردەمی بە دینییکردنی ھەمووشتێکدا ئەوەشی بۆزیاد بکەین، دەبێت موسڵمانێکی نوێش دروستببێت.
لە چاوەڕوانی دروستبوونی جولەکە و عەرەب و موسڵمانێکی نوێدا ئەوەی بەڕێوەیە و ڕوودەدات، درێژەدانە بە سەرجەمی کارەساتەکانی ڕابردو و دروستکردنی کارەساتی نوێ، درێژەدانە بە سیاسەتی وێرانکردنێکی ھەمەلایەنە، بە کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ، لە منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە، لە گەنج و تازەپێگەیشتو. بەردەوامبوونە لە سەر سیاسەتی بێنرخکردنێکی ھەمەلایەنەی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ، کە ڕۆژانە وەک بوونەوەرێکی بێنرخ ڕووبەڕووی ئاگر و ئاسن و ڕۆکێت و بۆمبارانکردن دەبنەوە.
بابەتی پێشتر
بابەتی بیستو شەش: سیستەمی داوەریی و پیشەسازی تەزویرکردنی واقیع لە هەرێمی کوردستاندا
بابەتی بیستو پێنجەم: دینداریی و سەما و سیاسەت
بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا
بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟
بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی
بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن
بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس
بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی
بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل