بڕیارێکی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان

Draw Media

2021-05-14 11:43:49



درەو:
راپۆرتی: رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لەپرۆسەكانی نەوت
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2021 ەوە پێدانەوەی شاییستە دواخراوەكانی كۆمپانیاكانی نەوت بەپێی میكانزمێكی نوێ دەبێت، رێژەی وەرگرتنەوەی شاییستە دواخراوەكان بەرێژەی 20% دەبێت كەپێشتر 50% بووە. 

بەپێی زانیارییەکانی روونبین کە لە کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەری گرتووە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیازی بڕیارێکی کردووە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەویش ئەوەیە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ ەوە دانەوەی شایستەی دواخراوی کۆمپانیاکان  بەپێی میکانیزمێکی نوێ دەبێت و گۆڕانکاری هاتووە بەسەر ئەو میکانیزمەی کە سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا کە بەکۆمپانیاکانی نەوتی ڕاگەیاندبوو سەبارەت بە دانەوەی قەرزی چوارمانگی کۆمپانیاکانی نەوت (تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و  کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠). 

 میکانیزمە نوێکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەم شێوەیە:
 ١- کاتێک نرخی نەوت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە کۆمپانیاکان رێژەی ٢٠٪ ئەوزیادەیە لەبری شایستە دواخراوەکانیان وەردەگرنەوە. بەپێی میکانیزمی پێشوو ئەوڕێژەیە ٥٠٪ بوو.
٢- لە بەرواری پێشکەشکردنی شایستەکانەوە لە لایەن کۆمپانیاکان بۆ حکومەت دوای ٦٠ رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان وەردەگرن. پێشتر ئەوماوەیە ٣٠ رۆژ بوو.
٣-  وەستاندنی کارکردن بە مەقاسە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا واتە پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان ئەگەر پارەیەکیان لای حکومەت بووایە دەیانخستە بەر قەرزەکانیان  ئێستا ئەوە رادەگیرێت. بۆنمونە لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بڕی ١٦.٣ ملیۆن دۆلار کە دەبوایە بیدایە بەحکومەتی هەرێم خستە بەر قەرزی ئەو چوارمانگە. 
کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن ئەم پێشنیازە پێستر لەگەڵماندا باسنەکرواوە دەکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەبارەت بام رێکارە نوێیانە بۆ وەرگرتنەوەی شایستەکانمان.
 دوای ئەوەی نرخی نەوت لە ئازاری ٢٠٢٠ دا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی  بەهۆی کۆڤید ١٩ و پاشەکشەی خواست لەسەر نەوت بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری جیهان دەرئانجام داهاتی نەوتی هەرێم زۆر کەمیکرد، حکومەتی هەرێم  بڕیاری دا شایستەی دارایی چوارمانگی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ ٩ مانگ یاخود تا ئەوکاتەی نرخی نەوت دەگاتە ٥٠ دۆلار دوابخات کە بریتی بوو لە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠.
 ئەو کات ڕوونبیین لە شیکردنەوەیەکیدا بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان قەرزی ١٠ کۆمپانیا کە لە ٦ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت کاردەکەن لەکۆی ٨ کێڵگەی ئەو کاتە کەڕێژەی ٥٥٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێمیان پێکدەهێنا مەزەندەکرد بە ٧٩٤ ملیۆن دۆلار( ئەم بڕە قەرزی کۆمپانیای کار و گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆسی تیانییە لەبەر ئەوەی کە هیچ زانیارییەک لە لایەن ئەو سێ کۆمپانیاوە ڕانەگەیەنراوە).
بە پێی میکانیزمە کۆنەکە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢١ دا کۆمپانیاکان بڕێک لە قەرزاکانیان وەرگرتووەتەوە کە بۆ ئەو ١٠ کۆمپانیا یە مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. زۆرلە کۆمپانیاکان پێشبینییان دەکرد گەر نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا تا کۆتایی ٢٠٢١ هەموو شایستەکانیان وەردەگرنەوە بەڵام ئێستا بەپێی ئەم میکانیزمە نوێ یە پێشبینی دەکەن گەر نرخی نەوت هەروا بێت لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٢ دا هەموو شایستە دواکەوتووەکانیان وەربگرنەوە واتە ٩ مانگ زیاتری پێویستە وە وەرگرتنەوەی. 
چاوەڕێدەکرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەی مانگی ئازاری ٢٠٢١ وەربگرن.

ڕوونبین ئەم هەنگاوەی هەرێم بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنێت بەتایبەت کاتێک ئەو شایستە دواخراوانە سودی ناچێتە سەر لەگەڵ ئەوشدا  پێی وایە دەبوایە هەر لەسەرەتاوە حکومەت رێژەکەی بە ٥٠٪ دانەنایە وڕیگەی بە مەقاسە نەدایە. 
بەپێی خوێندنەوەکانی ئێمە  ئامانج لەم بڕیارەی هەرێم لەپێناو دەستخستنی داهاتی زیاترە، چونکە بەپێی میکانیزمی یەکەم گەرچی لەماوەی ڕابوردوودانرخی نەوت بەرز بوو بەڵام بڕیکی زۆر لە و زیادەی داهاتەی کەدەست حکومەت دەکەوت دەدرایەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان. بەم هەنگاوە هەرێم دەتوانێت بڕێک داهاتی زیاتری لە بەردەست بێت، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای جێبەجیکردنی بڕیارەکەدا داهاتی مانگێک لەبەردەست دەبێت کە پێشتر مانگانە و هەر ٣٠ رۆژ جارێک شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی دەدا بەڵام ئێستا دوومانگ جارێک  ئەمەش هاوکارە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین یاخودبەڕێژەیەکی زیاتر بدات.

 سەیری خشتەی هاوپێچ بکە نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ی تێدایە لەگەڵ پشکی کۆمپانیاکان لە کێڵگەکاندا وشایستەی مانگی شوبات و بڕی وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکان بۆ مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢١  لەگەڵ چەند قەرزی کۆمپانیاکان ماوەتەوە 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand