Draw Media

نێچیرڤان بارزانی گرەو لەسەر دەستور دەكات

نێچیرڤان بارزانی گرەو لەسەر دەستور دەكات

2021-05-20 17:18:39


راپۆرت: درەو
هەوڵەكان بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان چڕبونەتەوە، یەكێتی دەیەوێت رەشنوس‌و لیژنەی دەستورەكەی ساڵی 2017 زیندوو بكاتەوە، نێچیرڤان بارزانی بەنیازە كارەكە بداتە دەست راوێژكارانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كارەكە بە زوویی كۆتایی بێت، زیاتر لە خەڵك نێچیرڤان بارزانی پێویستی بە تێپەڕاندنی دەستور هەیە، دەیەوێت لەبەر رۆشنایی دەستوری هەرێمدا بڕیار بدات لەسەر ئەوەی ئایا لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەمێنێتەوە یان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەردەگرێت، لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا ئەمە شەشەمین هەوڵە كە بۆ نوسینەوەی دەستور دەخرێتەگەڕ، پێنج هەوڵی پێشتر شكستیان هێناوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

دەستور لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا
هەوڵێكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، دوێنێ زانكۆی (كوردستان) كە ئیدرسی كوڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتی دەكات، لە كۆنفرانسێكدا سەرۆكی زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆكردەوە، بۆ قسەكردن لەسەر نوسینەوەی دەستوری هەرێم. 
ئەم هەوڵە نوێیە بۆ نوسینەوەی دەستور، بەر لە نزیكەی پێنج مانگ دێت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەڵبژاردنێك كە پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاری لە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی عێراقدا بكات لەنێوان پێكهاتەكاندا، بەدیاریكراویش پۆستی سەرۆك كۆمار.

بۆچی ئێستا ؟
هەڵبژاردنی كاتێك بۆ نوسینەوەی دەستور كە دەكەوێتە پێش هەڵبژاردن، رەنگە كێشمەكێش بۆ پرۆژەكە دروست بكات، بەتایبەتی كە لایەنە سیاسییەكان لەناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندان‌و هەرلایەكیان ئەگەر بۆ بانگەشەش بێت، دەیانەوێت بەرگری سەرسەختانە لەو بنەمایانە بكەن كە دەیانەوێت لەناو دەستوردا بچەسپێندرێت.
نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكایەتی ئەم هەوڵە نوێیەی نوسینەوەی دەستور دەكات، خۆشی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا كاتەكە زۆر گونجاو نییە، لە كۆنفرانسەكەی دوێنێدا ئاماژەی بەوە كرد، هەندێك قسە كە لەبارەی دەستورەوە دەكرێت، لەناو كەشوهەوای هەڵبژاردندان‌و بۆ موزایەدەی سیاسین.
سەرباری ئەمە، دۆخی گشتی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەبار نییە بۆ دروستبوونی كۆدەنگی لەسەر دەستور، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی سەرەكی دەسەڵات لە كوردستان كە خاوەنی هێزی سەربازین‌و جڵەوی ئابورییان بە دەستەوەیە، لەناو حوكمەتدا هاوبەشی یەكترن، بەڵام ناكۆكن‌و دوای چەندین دانیشتن‌و گفتوگۆ هێشتا ناكۆكییەكانیان بەتەواوەتی چارەسەر نەكردووە، ئێستا یەكێتی لەناو حكومەتدایە‌و وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، بزوتنەوەی گۆڕانیش نیگەرانە لە پێگە‌و دەسەڵاتی خۆی لەناو حكومەتدا، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسی هەیە‌و بەمدواییەش لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنێكی نوێی كردووە، پارتیش گلەیی كە هەردوو هاوبەشەكەی (یەكێتی‌و گۆڕان) هەیە كە بەرپرسیارێتی كابینە حكومییەكە هەڵناگرن.
وا دەردەكەوێت لایەنەكان، پاڵپشتیكردنیان لە نوسینەوەی دەستور پابەند بكەن بە جێبەجێكردنی هەندێك مەرجی پێشوەختەی خۆیان، ئەگەر ئەمە روبدات، رەنگە ئەمجارەش پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم لەبارببرێت.   

دەستور بۆ كێ ؟
هەڵبژاردنی ئێستا بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، كە لایەنەكان ناكۆكن‌و وڵات لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێدەچێت زیاتر لەوەی پێویستیی خەڵك بێت، پێویستیی لایەنە سیاسییەكان بێت، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكایەتی ئەم هەوڵە نوێیەی نوسینەوەی دەستور دەكات. 
ماوەیەكە پارتی چاوی كەوتوەتە سەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، دەیەوێت گۆڕانكاری لە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانی كورددا بكات، كە لەدوای ساڵی 2003‌و روخانی سەددامەوە قاڵبی گرتووە، قاڵبێك كە تێیدا‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا، بەردەوام پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لای پارتی بووە. 
بەر لە زیاتر لە دوو ساڵ، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆیی بنەماڵەدا، مەسعود بارزانی دوای (12) ساڵ مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەستبەداری پۆستەكە بوو بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا، نێچیرڤان بارزانی دوای (17) ساڵ مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، پۆستەكەی بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی بەجێهێشت.
نزیكەی دوو ساڵە نێچیرڤان بەفەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەو رۆڵ‌و پێگەیەی نییە كە پێشتر مەسعود بارزانی مامی لەم پۆستەدا هەیبووە، بەگشتی لەناو پارتیدا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەدوای رۆشتنی مەسعود بارزانییەوە، پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ بایەخ‌و دەسەڵات بكرێت، بەجۆرێك ئێستا میدیاكانی پارتی بەبێ پشتبەستن بە هیچ یاسایەكی كارپێكراو لە هەرێم، پێشگری "سەرۆك" بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنن، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی سەرۆكی هەرێمە.
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەرێگەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمەوە، جارێكی تر پێگەو دەسەڵاتی یاسایی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەمەی بۆ نەكراو پۆستەكە هەروەكو تەشریفاتی مایەوە، ئەوكات پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش بەهەمان شێوە تەشریفاتییە، بەڵام لەنێوان كۆشكی سەلام‌و باڵەخانەی سەرۆكایەتی هەرێمدا لە هەولێر، رەنگە كۆشكی سەلام بۆ نێچیرڤان بارزانی باشتر بێت، لانی كەم لەڕووی پرۆتۆكۆڵییەوە حەزەكانی نێچیرڤان بارزانی تێردەكات.
سەرباری ئەمە، پارتی لەبەردەم كۆنگرەیەكی چارەنوسسازدایە كە كۆنگرەی (14)یە، ئەم كۆنگرە بڕیاربوو رۆژی 26ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەبەهانەی كۆرۆناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، پارتی جارێكی تر كۆنگرەكەی بۆ ساڵی داهاتوو دواخستنەوە.
هەرچۆنێك بێت، كۆنگرەی (14)ی پارتی، كۆنگرەی دابەشكردنی دەسەڵاتی پارتی دەبێت لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا، چونكە مەسعود بارزانی سەرۆك‌و رابەرو راگری بنەماڵە، تەمەنی هەڵكشاوە‌و بەهەر هۆكارێك بێت دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەگەرێكی كراوەیە، ناردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، رەنگە ئەگەری بەریەككەوتن لەنێوان ئامۆزاكاندا لە داهاتوویەكی نزیكدا كەمتر بكاتەوە.
هەموو ئەمانە نیشاندەری ئەوەن، هێنانە پێشەوەی پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێم لەم كاتەدا، هێندەی پێویستی پارتییە، هێندە پێویستییەكی گشتیی هەنوكەیی نییە‌و دەكرێت ئەم پرۆسەیە بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئاسایبوونەوەی دۆخی گشتی‌و پەیوەندی نێوان لایەنەكان دوابخرێت.
لەبەرامبەردا، هەندێك لەوانەی پاڵپشتی نوسینەوەی دەستور دەكەن، دەڵێن هیچ كاتێك نەبووە، پرسە سیاسییەكان تێكەڵ بەدەستور نەكرابن، بۆیە بەم حاڵەشەوە دەستورەكە بنوسرێتەوە‌و كۆتایی بە مشتومڕی چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەڵاتەكان لە هەرێم بهێنرێت باشترە لەوەی جارێكی تر بەهانە بۆ دواخستنی پرۆسەكە بهێنرێتەوە. 

كوردو دەستور 
قەوارەی هەرێمی كوردستان تەمەنی (29) ساڵە، تاوەكو ساڵی 2005 كە دەستوری عێراق پەسەندكرا، هەرێم بەفەرمی پێگەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیار نەبوو، وەكو بەشێكی دابڕاوی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، واتە مافی ئەوەی نەبوو بەفەرمی دەستورێك بۆخۆی بنوسێتەوە، سەرباری ئەمەش، لەڕوانگەی سۆزدارییەوە بەر لە روخانی رژێم، چەند هەوڵێك هەبوون بۆ ئەوەی كورد ببێت بە خاوەنی دەستوری خۆی.

هەوڵی یەكەم: 
ساڵی 1992 لەكاتی بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان، هەوڵێك درا بۆ ئەوەی كورد دەستورێكی خۆی هەبێت، بەگوێرەی قسەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان" ئەوكات سێ پڕۆژەی دەستور خراوەتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ئەو زەمانە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەستی پارتیەوە بووەو نەیانهێشتووە گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە بكرێت، بۆ ئەوەی سەدام حوسێن لێیان عاجز نەبێت".

هەوڵی دووەم:
بەپێی گیڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی (1994- 1998)، جارێكی تر دەرفەت هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی كورد ببێت بە خاوەنی دەستوری خۆی، ئەمەش كاتێك بووە كە پارتی‌و یەكێتی لە فەرەنسا رێككەوتنی ئاشتی‌و راگرتنی شەڕیان ئیمزا كردووە.
وەكو نەوشیروان مستەفا دەڵێ، (میسیۆ دۆران) راوێژكاری دیپلۆماسی سەرۆك میتران (سەرۆكی كۆچكردووی فەرەنسا) كە سەرپەرەشتی كۆبونەوەی ئاشتی نێوان پارتی‌و یەكێتی كردووە لە پاریس، پێشنیاری بۆ وەفدی دانوستانكاری هەردوولا كردووە، دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنوسنەوە‌و ئەوان وەكو فەڕەنسا باشترین مامۆستاكانی یاسای دەستورییان بۆ كۆدەكەنەوە، بەڵام ئەم هەوڵەش شكستی هێناوە، چونكە بەوتەی نەوشیروان مستەفا "وەفدی پارتی رازی نەبون بۆ ئەوەی دڵی سەدام حوسێنیان لێ نەهێشێت".

هەوڵی سێیەم: 
ساڵی 2003، رژێمی سەددام حسێن رووخا، سەركردە سیاسییەكانی كورد چونە بەغداد، بەشدارییان كرد لە نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ عێراق، ئەم دەستورە لە ساڵی 2005دا لە راپرسییەكی گشتیدا پەسەندكرا، دەستورەكە هەرێمی كوردستانی وەكو ناوچەیەكی فیدراڵی ناساند كە مافی ئەوەی هەیە دەستورێكی خۆی هەبێت، واتە لە ساڵی 2005وە بەفەرمی دەرفەت لەبەردەم هەرێمی كوردستان دروستبووە دەستوری خۆی بنوسێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە تائێستا دەستوری نییە.
بەر لە روخانی رژێم‌و بە دیاریكراوی لە 7ی تشرینی دووەمی 2002، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (26)ی دەكرد بۆ نوسینەوەی دەستور، ئەمە دەستپێكی بنیاتنانی پرۆژەی دەستوری هەرێم بوو، (36) حزبی كوردستان لەشاری كۆیە رەزامەندییان دەربڕی لەسەر نوسینی دەستور، بەڵام داوایان كرد دەستورەكە لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكرێت كە لە عێراق روودەدات، ئەم هەوڵەش شكستی هێنا. 

هەوڵی چوارەم:
دوای روخانی رژێمی سەددام‌و مانگێك بەر لە پەسەندكردنی دەستوری عێراق، پارتی‌و یەكێتی هەوڵێكی تریان بۆ نوسینەوەی دەستور خستەگەڕ، پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 8ی ئەیلولی 2005دا، بڕیاری ژمارە (5)ی دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور، رۆژی 24ی ئەیلول لیژنەكە دەستبەكاربوو، رۆژی 8ی ئابی 2006 كاری لیژنە كۆتایی هات، وەكو ئەندامانی ئەم لیژنەیە خۆیان دەیانوت، زیاتر لە (40) دەستوری وڵاتانیان تەماشاكردووە‌و سودیان لێ بینیوە بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، ئەندامانی ئەم لیژنەیە ئەمانەن بوون: 


ئەم پرۆژە دەستورە لە كۆتایی خولی دووەمی پەرلەماندا‌و بەدیاریكراوی لە 24ی ئابی 2009دا پەسەندكرا‌و لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە، دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا.
ئەم پرۆژەیە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنی پەرلەمان، (96) دەنگی هێنا.
دوای پەسەندكردنی پرۆژەی دەستورەكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا، پرۆژەكە بخرێتە راپرسیی گشتییەوە، ئەم بڕیارە لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی دووەمی پەرلەمان كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون.
خولی سێیەم سەرەتای دەركەوتنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزبوو لەناو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەكۆی (111) كورسی (25) كورسی هەبوو، لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، لەم خولەدا تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆن (35) كورسی بوو، ئەم بەرە نوێیە كە لەناو پەرلەماندا هاتە كایەوە، ناڕەزایەتی لەسەر دەستورەكەی پارتی‌و یەكێتی دەربڕی‌و رێگری كرد لە تێپەڕاندنی پرۆژەكە بۆ راپرسی گشتی. 
17ی شوباتی 2011 لەژێر كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی "بەهاری عەرەبی"دا، شەپۆلێك خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، یەكێك لەداواكارییەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان، مانگێك دوای ئەم خۆپیشاندانانە‌و بە دیاریكراوی لە 17ی ئازاردا، لەژێر فشاری شەقام‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، یەكێك لە خاڵەكانی ئەم زنجیرە بڕیارە ئەوە بوو، دەستورە پەسەندكراوەكە نەخرێتە راپرسی گشتی‌و جارێكی تر بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردن‌و دروستكردنی كۆدەنگیی‌و سازانی نیشتمانیی لەسەری، بەڵام ئەم بڕیارە لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان"دا بڵاونەكرایەوە‌و دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان‌و پرۆژەكە پشتگوێخرا.

هەوڵی پێنجەم: 
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا.
لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ‌ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكان‌و جیاكردنەوەیان لە یەكتر‌، لە 20ی ئابی 2017دا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوت‌و دوای پەكخستنی پەرلەمان‌و دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، كاری ئەو لیژنەیە راگیراو دەستورەكە پەكی كەوت.
ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی ئەم دەستورە، ئەمانە بوون: 
..................

هەوڵی شەشەم: 
رۆژی 4ی نیسانی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆكایەتی داوای لە فراكسیۆنەكان كرد بەراوێژ لەگەڵ حزبەكانیان، سەرەنج‌و تێبینی حزبەكانیان لەسەر پرسی دەستور گەڵاڵە بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن كۆدەنگیی دروست بكەن. 
ئەمە دواین هەوڵە بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێم، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان پشتیوانی پەسەندكردنی دەستور دەكات، خولی پێنجەمی پەرلەمان رەخنەی زۆر لەسەر ئەدای كاركردنی هەیە، رێواز فایەق دەیەوێت دەستور بكات بە یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی ئەم خولە. 
لەسەر بنەمای هەوڵەكەی پەرلەمان، سەرەتای ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی گەڕێكی دانوستانی لەبارەی دەستورەوە دەستپێكردو سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كرد. 

رەشنوسێكی نوێ یان دەقە كۆنەكە ؟
گفتوگۆ لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پرۆژەی دەستورەوە بەردەوامە، بەڵام تائێستا یەكلانەبووەتەوە ئایا كار لەسەر ئەو رەشنوسە دەكرێت كە 2017 كارەكانی راگیرا، یاخود سەرلەنوێ رەسنوشێكی نوێی دەستور ئامادە دەكرێت.
لەبارەی لیژنەی نوسینەوە یاخود تەواوكردنی دەستوریشەوە، قسەوباسی جیاواز هەیە، هەندێك خوازیارن لیژنە كۆنەكە زیندوو بكرێتەوە‌و ئەوان كارەكە تەواو بكەن، ئەو ئەندامانەی لیژنەكە كە لە ژیاندا نەماون یاخود وازیان لە حزبەكانیان هێناوە، شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە، لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت راوێژكارانی سەرۆكایەتی هەرێم رەشنوسی دواین پرۆژەی دەستور تەواو بكەن‌و بیخەنە بەردەم پەرلەمان، یەكێتی ئەمە رەتدەكاتەوە چونكە زۆرینەی راوێژكارانی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم سەربە پارتین، سەرباری ئەمە نوێنەری لایەنە ئیسلامییەكان‌و لایەنەكانی تری تێدا نیە. 
یەكێتی خوازیارە كار لەسەر رەشنوسی پێشووی دەستور بكرێت‌و هەموار بكرێتەوە نەك رەشنوسێكی نوێ بنوسرێت.
یەكێتی دەیەوێت لیژنە كۆنەكەی نوسینەوەی دەستور زیندوبكرێتەوەو ئەوانە كارەكە تەواو بكەن، لەبەرامبەردا سیناریۆیەكی تر هەیە، كە سەرلەنوێ لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور لە هەموو لایەنەكان‌و خەڵكانی ئەكادیمی دروستبكرێت.
هێشتا هەندێك بابەت هەن لەنێوان پارتە سیاسییەكاندا لەبارەی دەستورەوە كێشەیان لەسەرە، لەوانە:
•    كێشەی سەرۆكی هەرێم: ئایا لە دەستورەكەدا سەرۆك لە كوێ هەڵدەبژێردرێت ؟ پەرلەمان یاخود ناو خەڵك ؟ ئەگەر لە پەرلەمان هەڵبژێرێت سیستمی حوكمڕانی هەرێم دەبێت بە پەرلەمانیی، ئەگەر لەناو خەڵك‌و بەشێوەی راستەوخۆ هەڵبژێردرێت، سیستمی هەرێم دەبێت بە سەرۆكایەتی، ئەمە هەمان ئەو كێشە كە لە خولی چوارەمدا روبەڕووی پرۆژەی دەستور بووەوە، ئەم بابەتە بەدیاریكراوی بەلای نێچیرڤان بارزانییەوە گرنگە، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆك دیاری دەكات. 
•    دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: ئەمە بۆ پارتی‌و بەدیاریكراوی بۆ نێچیرڤان بارزانی بابەتێكی جێگە بایەخە، رەنگە ئەمجارە زیاتر لەوەی ناكۆكی لەنێوان پارتە سیاسییەكان هەبێت، لەناو پارتیدا ناكۆكی لەبارەی دەستورەكەوە دروست ببێت.  
•    سنوری ئیداری هەرێمی كوردستان: ئەمەش بابەتێكە كە كێشە بۆ دەستوری هەرێم دروست دەكات، ئایا لە دەستورەكەدا چۆن پرسی ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەر دەكرێت ؟
•     شوناسی هەرێمی كوردستان: ئەمەش یەكێكە لە كێشەكانی تری دەستور، ئایا دەستورەكە  عەلمانییە یاخود ئاینی ئیسلام یەكێك دەبێت لەسەرچاوەكانی یاسادانان، لایەنە ئیسلامییەكان‌و چەپەكان لەسەر ئەم بابەتە كێشەیان دەبێت. 
•    سامانە سروشتییەكان: نەوت‌و غاز یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە دەبێت لە دەستوردا چۆنیەتی مامەڵەپێوەكردنیان یەكلابكرێتەوە، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستوری عێراقیدا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand