چانسی كاندیدەكانی پارێزگای دهۆك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
2021-05-17 16:05:40
شیكاری: درەو
بەشی سێیەم: پارێزگای دهۆك
لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (٣٤) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١١) کورسی دەکەن، (٢٦) كاندیدیان پیاوو (٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (٧) كاندیدی سەربەخۆ و (٢٧) كاندیدی پارتە سیاسییەکان، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنەكان لەبازنەكانی پارێزگای دهۆک خراوەتە روو کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی هاوپەیمانێتی و رێككنەكەوتنی تەواوەتی لایەنەكانی تر لەو پارێزگایە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەشی زۆرینەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە بچنێتەوە.
زانیاری گشتی
1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (٣٤) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١١) کورسی دەکەن، (٢٦) كاندیدیان پیاوو (٨)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (٧) كاندیدی سەربەخۆ و (٢٧) كاندیدی پارتە سیاسییەکان، بەجۆرێک؛
- پارتی دیموکراتی کوردستان (١١) بەربژێر کە (٨) پیاوو (٣) ئافرەتن.
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٢) بەربژێری ئافرەت.
- نەوەی نوێ (٣) بەربژێر، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن.
- بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بەربژێرێکی تایبەت بە پارتەکەی نیە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
- کۆمەڵی دادگەری هیچ بەربژێرێکی نیە.
- یەکگرتووی ئیسلامی (٢) بەربژێری پیاون.
- حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٣) بەربژێر کە (٢) پیاوو (١) ئافرەتن.
- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو.
- حەركەی بابلیون (١) بەربژێری ئافرەت.
- حەركەی دیموکراتی ئاشوری (١) بەربژێری پیاو.
- حیزبی وەتەنی ئاشوری (١) بەربژێری پیاو.
- ئیئتلافی حامورابی (١) بەربژێری پیاو.
- مەجلسی شەعبی کلدانی و سریانی و ئاشوری (١) بەربژێری پیاو.
- سەربەخۆ (٧) بەربژێری پیاون.
3. بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت.
4. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان .
5. هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیقیش هەیە لە نێوان یەکێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەری، باس لە تەنسیقی نێوان پارتی و نەوەی نوێش دەكرێت بەڵام بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە رەتی دەكەنەوە هیچ جۆرە تەنسیق و لێكتێگەیشتنێكیان هەبێت، بەڵام ئەوە ڕون نییە ئایا ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان بڕی پارێزگای دهۆک دەکات؟ لایەنەکان دەتوانن وا لە دەنگدەرەکانی خۆیان بکەن دەنگ بە لایەنێکی سیاسی دیکە بدەن؟
6. ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوی لەوەیە سەرجەم کورسییەکانی پارێزگاکە بباتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش کە سەرەکی تترینیان یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامین لەهەوڵی بردنی کورسی دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندبوونەوەی ململانێی هەڵبژاردن دوو نیە هەوڵی ساختەکاری نەخرێتەگەڕ.
چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای دهۆک
بازنەی (١): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دهۆک + ئامێدی)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))
چارتی ژمارە (١)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨
بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان
- ئەڤین سەلیم نوری
- خەلیل غازی حەسەن
- فەهمی سەلمان حەسەن
- خالد سەلیم ئەمین جاسم ریكانی
2. (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) (بزوتنەوەی گۆڕان) (کۆمەڵی دادگەری)
- کاندیدیان نیە
3. نەوەی نوێ
- ریمان زهیر زبیر سعید ئامیدی
4. یەکگرتووی ئیسلامی
- جەمال ئەحمد محەمەد (جەمال کۆچەر)
5. حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
- پەروین بایەزید ساڵح
6. بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری
- یەعقوب كوركیس یاقو
7. حركەی بابلیون
- بیداو خزر بهنام
8. حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
- ریزكار عەونی محەمەد سەلیم
9. حیزبی وەتەنی ئاشوری
- سەركون سەلیم بنیامین بترس
10. مەجلسی شەعبی کلدانی و سریانی و ئاشوری
- فارس یوخنا بالیوس
11. ئیئتلافی حامورابی
- سامی اوشانه كوركیس
12. سەربەخۆکان
- سەباح عەبدولعەزیز محەمەدسالح
- جمعه محەمەد عەلی
- سەباح نەمرود ججو نەمرود
- كورئیل بتو شمعون بترس
- برهان ئەلدین ئسحق ئیبراهیم
پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (١): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
- لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٢٨ هەزارو ٣٢٣) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٣٠ هەزار) دەنگ، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامییە ناگات پێی و نیوەی ئەو دەنگانەی هەیە.
- ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.
یەکگرتووی ئیسلامی
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم بازنەیە چانسی زۆرە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 15 هەزارو 104) دەنگی هەبووە، كاندیدی یەكگرتوو (د. جەمال كۆچەر)ە كاندیدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی چانسی هەیە کورسییەکی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونکە (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە،لەم بازنەیەو ئەگەر دەنگەکانی ئەو لایەنانە بۆخۆی مسۆگەر بکات کە لێکتێگەیشتنێکی پێشوەختە لە نێوانیان هەیە (بەتایبەت لە نێوان یەكگرتوو یەكێتی یەكێتی پشتیوانی كاندیدەكەی یەكگرتوو بكات لەم بازنەیەو یەكگرتوو پشتیوانی كاندیدەكەی یەكێتی بكات لەبازنەی ئاكرێ) ژمارەی دەنگەکانی یەكێتی لەم بازنەیە (6 هەزار 679) دەنگەوگۆڕان (3 هەزارو 139) دەنگ و كۆمەڵ (هەزارو 298) دەنگیان هەیە بە هەموویان دەكاتە نزیكەی (٢٥ هەزار) دەنگ .
نەوەی نوێ
- ئەگەر چی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی وەک پێویست نین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ (٥هەزار و ٥٦٢) دەنگی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەمەش تاکە کاندیدەکەی کە ئافرەتە دەکەوێتە ڕکابەرییەوە لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای بازنەکە و چانسێکی دەبێت بۆ بردنەوەی کورسییەک.
چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای دهۆک
بازنەی (٢): کە ناسێنراوە بە بازنەی (زاخۆ + سمێل)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢))
چارتی ژمارە (٢)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨
بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (١) بەم شێوەیەن؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان
- زوزان عەلی سالح
- سەكفان یوسف بەشار سالح
- عەبدولواحد ئەحمد رەشید
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- سەوسەن شاهین مەحمود
- (بزوتنەوەی گۆڕان) و (کۆمەڵی دادگەری)
- کاندیدیان نیە
3. نەوەی نوێ
- فاروق عمر محەمەد دەرویش
4. یەکگرتووی ئیسلامی
- عومەر سالح عومەر فارس
5. حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
- جاسم هاشم محەمەد سلو
6. سەربەخۆ
- سالم علی شاباز محەمەد
پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٢): لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
- لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٣.٩%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٠٤ هەزارو ٥٦٤) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەنگەکانی ناگاتە چارەکی ئەو دەنگەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی کە دەکاتە (٣٤ هەزار و ٨٥٥) دەنگ.
- لەم بازنەیە پارتی بە (٣) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەرسێ کورسییەکە مسۆگەر بکات، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی بە لاوازییەوە دەبێتە ركابەری كاندیدە ئافرەتەکەی پارتی.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
- لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (٨ هەزار و ٧٤٧) دەنگ، بە تاکە کاندیدێکش بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە بۆ بردنی کورسی ئەوا چانسێکی زۆرلاوازی هەیە، ئەوەی زیاتریش چانسە کە لاواز دەکات یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە لەبازنەکەدا (کەپێکەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە) بەمەش چاوەڕوان ناکرێت دەنگەکانی یەکگرتوو زیاد بکات لەسەرحسابی یەکێتی، تەنانەت دەنگاکانی کۆمەڵ وگۆڕانیش بدرێت بە یەکگرتوو کە هیچ کاندیدێکان نیە لەوبازنەیە (کە ئەمەش مەحاڵە) هێشتا بەشی ئەوە ناکات ژمارەی دەنگەکان بگاتە بەهای بردنەوەی کورسیەک.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی سێیەم دێت لە دوای پارتی و یەکگرتووەوە كە (٥ هەزارو ٣١٣) دەنگە بە ڕێژەی (٤.٣%)، بۆیە بەو ڕێژەیەش دۆخی لە یەکگرتوو باشتر نابێت، ئەوەی تەنها چانسێکی بچوک بهێڵێتەوە بۆی پێشکەشکردنی کاندیدی ئافرەتە بۆ ڕکابەری لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ئافرەتان، ئەویش ئەگەر بتوانێت دەنگەکانی کۆمەڵ و گۆڕان لەو بازنەیە بچنێتەوە.
- ئەگەر پارتی بتوانێت لەم بازنەیە کاندیدە ئافرەتەکەی بەبێ سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆی سەریبخات، ئەو چانسە کەمەشی یەکێتی هەیەتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لەباردەچێت.
نەوەی نوێ
- لەم بازنەیە نەوەی نوێ هێزی چوارەمە بە ( ٤ هەزارو ١٩٢) دەنگ و ڕێژەی (٣.٤%) بەم ژمارەیە هەرچەندە بڕێک لە ڕێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کورسی بباتەوە.
چانسی بەربژێرەکانی بازنەی (٣)ی پارێزگای دهۆک
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (ئاکرێ + شێخان + بەردەڕەش)، دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
چارتی ژمارە (٣)
ئەنجامی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨
بەربژێری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بازنەی (٣) بەم شێوەیەن؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان
- خەسرەو عەبدوڵا ئیسماعیل مەعروف گۆران
- ڤیان سەبری عبدولخالق عبدولقادر
- موفەق شەهاب پاشا شەهاب
- جیای تەیمور عەبدال عبدولقادر
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- ئیمان عەبدولرەزاق محەمەد عارف
3. (بزوتنەوەی گۆڕان) ( کۆمەڵی دادگەری) (یەکگرتووی ئیسلامی)
- کاندیدیان نیە
4. نەوەی نوێ
- ئارام حسین محەمەدسالح عبدولرەحمان ملكو
5. حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
- وەلید خالد تەیب خالد
6. سەربەخۆ
- تەیمور حەسەن مراد قادر
پێشبینی بۆ دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (٣): لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
- لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٤.٨%)ی دەنگەکانی هەیە كە (٩٧ هەزارو ٤٥٥) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٢٤ هەزار) دەنگ، کە هیچ هێزێکی دیکە بەتەنها خاوەنی ئەو ژمارە دەنگە نیە.
- ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (٣)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (١٣ هەزار و ٦٩٧) دەنگ بە ڕێژەی (١٠.٥%)ی دەنگەکان، بەڵام ئەوەی چانسێک دەدات بە یەکێتی بۆ بردنەوەی کورسی پێشکەشکردنی (١) کاندیدی ئافرەتە کە دەبێتە ڕکابەری کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لە بازنەکە.
- خاڵێكی تر یەكێتی و یەكگرتوو لەم بازنەیە لێكتێگەیشتنیان هەیەولەبازنەی (1) یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكگرتوو دەدات و لەم بازنەیەش یەگرتوو دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی دەدەن و بەپێی زانیارییەكان یەكێتی و یەكگرتوو لەو دووبازنەیە تەنسیق و لێكتێگەیشتنیان كردووەن لە بازنەی یەك یەكگرتوو ( جەمال كۆچەر)یان كاندید كردووەو یەكێتی كاندیدی نیە، لە بازنەی (3) یەكێتی ( ئیمان عەبدولڕەزاق)ی كاندید كردووەو یەكگرتوو كاندیدی نیە.
- ئەوەی چانسی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ بردنەوەی کورسی کۆتا، نەبوونی کاندیدی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)ە لە بازنەکە، کە پێکەوە (ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ یەکێتی)، بە مەرجێک بتوانێت دەنگی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنیت، کە هەرچواریان پێکەوە (٢٦ هەزار و ٧٧٢) دەنگیان هەیە.
نەوەی نوێ
- نەوەی نوێ وەک هێزی چوارەمی بازنەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ خاوەنی (٥هەزار و ٩٨٩) دەنگ بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی (یەکگرتوو وگۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو خوێندنەوەو ئەنجامە بێت کە لە پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، ئاسان نییە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کورسی بباتەوەن لەلایەكیش یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنیان هەیە لەوبازنەیە.
پێشبینی كۆتایی
بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت:
- پارتی ٩-١١ کورسی پێشتر (١٠) كورسی هەبووە لەپارێزگای دهۆک
- یەکگرتووی ئیسلامی ٠-١ کورسی پێشتر (١) كورسی هەبووە لەپارێزگای دهۆک
- یەکێتی ٠-١ کورسی پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای دهۆک
- نەوەی نوێ ٠-١ کورسی پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای دهۆک
راپۆرتی پەیوەندیدار
بەشی دووەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەشی یەكەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق