Draw Media

مەسرور بارزانی ئیمزا لەسەر "لامەركەزی" دەكات

مەسرور بارزانی ئیمزا لەسەر "لامەركەزی" دەكات

2021-05-21 13:45:20


(درەو):
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لەسەر داوای یەكێتی، یەكەمین بڕیاری بۆ جێبەجێكردنی "لامەركەزی" ئیمزاكرد، لامەركەزییەت و رێككەوتنەكەی گۆڕان لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا تاوتوێ كراوە. 

سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە
دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا دوو تەوەری سەرەكی قسەوباسيان لەسەر كراوە، تەوەری یەكەم، پرسی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و دارایی، تەوەری دووەمیش بابەتی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بووە. 

لامەركەزیەتەكەی مەسرور بارزانی
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتیدا، لەبارەی پرسی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و داراییەوە كە خواستی یەكێتییە لە حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی خستووەتەڕوو كە تیایدا ئیمزای كردووە لەسەر شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ (وەزارەت‌و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان‌و پارێزگاكان‌و ئیدارە سەربەخۆكان). 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم نوسراوەدا، مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان. 
ماوەی مانگێكە ئەم بڕیارە دەرچووە و هەندێك لەدەسەڵاتە ئیدارییەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەكان شۆڕكراوەتەوە بەڵام هێشتا بڕیارەكە بەتەواوی جێبەجێ نەكراوەو نەگەیشتووەتە ئاستی پارێزگاكان.
لەحاڵەتی جێبەجێكردنی تەواوەتی بڕیارەكەی مەسرور بارزانیدا هێشتا خواستەكانی یەكێتی لە حكومەت كۆتایی نایەت چونكە ئەو لامەركەزیەتەی كە مەسرور بارزانی لە نوسراوەكەیدا ئاماژەی بۆ كردووە، ئەو جۆرە لامەركەزیەتەیە كە لەكارنامەی حكومەتدا هاتووە‌و تەنیا لامەركەزیەتی كارگێڕیی دەگرێتەوە نەك لامەركەزیەتی دارایی كە یەكێتی داوای دەكات.
یەكێتی زیاتر لە لامەركەزیەتی كارگێڕی، خواستی لەوەیە حكومەت دەسەڵاتی لامەركەزیەتی دارایی بەپارێزگای سلێمانی بدات، بەڵام ئەوەی زیاتر چاوی لەسەریەتی ئەوەیە حكومەت دەسەڵات لە بوارەكانی وەبەرهێنان و زەوی و زارو شارەوانی بدات بە بەرێوەبەرایەتیەكان لەسلێمانی. 

كۆبونەوەكەی قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی
رۆژی 8ی نیسانی رابردوو، لەبارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، سەركردەی حزبە سیاسییەكان كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی وتبووی" ئێمە لە حكومەتدا هاوبەش نین، هەر داواكارییەكمان هەبێت جێ بەجێ ناكرێت، ئێمە جێگەمان لەم حكومەتەدا نابێتەوە، بۆیە یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی دەنێرێتە لای مەسرور بارزانی‌و پەیامی كۆتایی خۆیان بە سەرۆك وەزیران دەگەیەنن".
لەسەر بنەمای ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی 13ی نیسانی رابردوو، قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كردووە‌و گلەییەكانی یەكێتی پێگەیاندووە. 
دوای ئەم دیدارە، بە كەمتر لە هەفتەیەك، مەسرور بارزانی ئیمزای لەسەر بڕیاری شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەت‌و پارێزگاكان كردووە، شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی حكومەت بۆ پارێزگاكان یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی یەكێتی لە پارتی، مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا رەزامەندی لەسەر شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و لامەركەزیەت نیشانداوە، واتە تەنیا لامەركەزیەتی ئیداری بە پارێزگاكان داوە، نەك لامەركەزیەتی دارایی.

رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان
رێككەوتنی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەوەرێكی تری كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بوو، ئەم رێككەوتنە لەناو یەكێتی هەندێك نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی لەلای ماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی‌و دەڵێن ئاگاداری رێككەوتنەكە‌و دانانی كاندیدەكان نین. 
لە كۆبونەوەی دوێنێی سەركردایەتیدا، لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی قسەیان لەبارەی رێككەوتنەكەوە كردووە‌و باسیان لەوە كردووە، ئەوان لەلایەن سەركردایەتییەوە راسپێدراون رێككەوتن بكەن‌و رێككەوتنەكەشیان لەگەڵ گۆڕان‌و لایەنەكانی تر، بۆ تێپەڕاندنی هەڵبژاردنە لە سلێمانی بەشێوەیەكی هێمنانە‌و دور لەگرژی.
هاوسەرۆكەكان باسیان لەوەكردووە، دوای هەڵبژاردن سودی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان دەردەكەوێت‌و ئەو لایەنانەی كە لەناو ئەم رێككەوتنەدان، لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا دەبن بە گەورەترین هاوپەیمانی كوردی كە دەكرێت لەسەر ئەو بنەمایە لایەنە براوەكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن. 
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لە كشاندنەوەی كاندیدێك لە هەولێر، باس لەوەكراوە، یەكێتی لە هەولێر كاندیدێكی بۆ گۆڕان كشاندوەتەوە، بەڵام ئەمە بێ بەرامبەر نییە‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چەندین بازنە كاندیدی نییە‌و گۆڕەپانەكەی بۆ یەكێتی چۆڵ كردووە‌و ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوولادایە.
هاوسەرۆكەكان پێشبینی دەكەن، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، یەكێتی لە سنوری پارێزگای هەولێر (4) كورسی مسۆگەر بكات، سەرباری ئەمە، خوازیارن بەهۆی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی كردویانە، ئەمجارە ململانێی هەڵبژاردن لە سلێمانییەوە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand