Draw Media

درەو: گۆڤاری (ناشیونال ئینترسێت)ی ئەمریكی، پێنج ناوچەی جیهانی دەستنیشانكردووە كە ڕەنگە ببنە خاڵی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی سێیەم. "ڕۆبێرت فارلی" نوسەرو مامۆستا لە كولێژی دبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی (كنتاكی) لەوتارێكدا كە لە گۆڤارەكە بڵاویكردۆتەوە ناوچەكانی بەمشێوەیە پۆلێن كردووە:  ئێران و ئیراسائیل   "فارلی" دەڵێت، ئێران و ئیسرائیل لەجەنگێگی كەمێك هێوردان لەسەرانسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست، ئێران پشتیوانی لەو گروپانە دەكات كە دژی ئیسرائیلن لە (غەزەو سوریاو ناوچەكانی تر)، ئیسرائیلیش دەستناپارێزێت لە لێدانی هێزەكانی ئێران لە سوریا. ئیسرائیل هەنگاوەكانی پێكهێنانی هاوپمانێتییەكی فراوانی دژ بە ئێران لەسەر ئاستی دبلۆماسی گرتۆتەبەر، ئێرانیش بە قوڵی پەیوەندییەكانی بەهێزكردووە لەگەڵ گروپە چەكدارەكان و لایەنە ناحكومییە چالاكەكان. "فارلی" پێیوایە، زۆر قورسە باس لە سیناریۆی جەنگێكی فراوان و سەرتاسەری لەنێوان ئەم دوو وڵاتە بكەین ، هاوكات هۆشداریشدەدات لە پەنابردنی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی یان هەوڵدانی بۆ تەمبێ‌ كردنی سعودییە، ئەوەش پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت بۆ فراوانكردنی هێرشەكانی بۆسەر ئامانجە ئێرانییەكان كە ڕەنگە ناوەوەی ئێرانیش بگرێتەوە، ئەوەش كارێكە ڕەنگە كاردانەوەی فراوانی هەبێت و، هەڕەشە لەسەر بازرگانی نەوت لەجیهان دروستبكات و، ببێە هۆی دەستوەردانی ئەمریكا و ڕوسیا. توركیا    لە ساڵی ڕابردوودا ئاڵۆزییەكان لەنێوان توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا قوڵبوونەوە ، ناكۆكییەكانیش بەشێوەیەكی بەرچاوو قوڵتر بوونەوە كاتێك ئەمریكا  گلۆپی سەوزی بەشێوەیەكی چاوەڕننەكراو بۆ توركیا هەڵكرد بۆ دەستبەراگرتنی ناوچە سنورییەكانی سوریا كە ناوچەی كوردەكانەو لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن، بەڵام هەرزوو ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو هەڵوێستەی پەشیمانبووەوەو دەستیكرد بە هەڕەشەكردن لە توركیا و سەپاندنی سزا بەسەریدا ئەگەر هێرشەكانی ڕانەگرێت، ئەوە لەكاتێكدایە بنكەی ئاسمانی ئەنچەرلیكی توركی چەكی ئەتۆمیی ئەمریكای تێدایە. "فارلی" دەڵێت، پەیوەندییەكانی ئەمریكاو توركیا بە جۆرێك خراپ بووە، كە هەندێك ترسیان لەسەر ئایندەی  هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)هەیە. بەڵام پێیوایە، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆكی توركیا، كە ئاماژەی بە ئەگەری داخستنی هەردوو بنكەی (ئەنچەرلیك وكوراچیك) كردووە، هەنگاو بەرەو دەستبەسەراگرتنی بۆمبە ئەتۆمییەكانی ئەو دوو بنكە نانێت، بەڵام بەریەككەوتنی بەردەوامی واشنتۆن و ئەنكەرە ڕەنگە بەرەو ڕووبەڕووبونەوەیان بەرێت، لەوكاتەشدا پێشبینی ناكرێت ڕوسیا تەنیا ڕۆڵی تەماشاكەر هەڵبژێرێت و نەیەتە ناوەوە. كشمیر       لەدەیەی ڕابردوودا ئاڵۆزییەكانی نێوان (هیند و پاكستان) لە ئاستێكی نزمدا مایەوە تا ئەو كاتەی "ناریندا مۆدی" سەرۆك وەزیرانی (هیندستان) بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوبەڕێتی تایبەت بەو بەشەی هەرێمی (كشمیر) كە لەلایەن(هیند)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت، لەگەڵ گۆڕینی سیاسەتی ڕەگەزنامە لەتەواوی (هیندستان)، ئەوەش بووە هۆی دروستبونی ئاڵۆزی لەناو ئەووڵاتەو، كێشەی درێژخایەنی نێوان (نیودەلهی و ئیسلام ئابادی) جارێكی هێناوە پێشەوە. بەوتەی نوسەر، ئەو ڕێوشوێنانەی (هیند) لە (كشمیر) گرتویەتبەر كێشەو ئاڵۆزییەكان قوڵتردەكات و بەوهۆیەوە كردەوەی تیرۆرستی ڕویانداوە، ئەوەش وادەكات "مۆدی" دژ بە (پاكستان) توندتربێت و بەوهۆیەوە وڵات بخاتە بەردەم ململانێیەكی مەترسیدارتر. لێرەدا "فارلی" ئاماژە بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان (چین و پاكستان) و گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی (نیودەلهی و واشنتۆن)دەكات، ئەوەش وادەكات كە كاریگەرییەكانی ئەو ململانێیە ببێتە كارەساتێكی نێودەوڵەتی.  نیمچە دورگەی كۆریا سالێك پێش ئێستا، هیواكان گەورەبوون بە سەركەوتنی گفتوگۆكانی نێوان (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو كۆریای باكور) بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییە بەردەوامەكانی نیمچە دورگەی كۆریا. بەڵام بۆ بەدبەختی، كێشە بنەڕەتییەكان لەهەڵوێستی ناوخۆیی هەردوو وڵات لەگەڵ لوغزێكی ستراتیجی سەیر بوونە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە ڕێككەوتن. بەڵكو ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەئێستادا گەیشتۆتەبەرزترین ئاست بە بەراورد بە پێشوتر، بەوتەی "فارلی" هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاش زیاتر ئەم ناكۆكییەكانە قوڵتر دەكەنەوە. ئەو نوسەر پێیوایە، "دۆناڵدترەمپ" سەرۆكی ئەمریكا هەرچەندە هیوای دەخواست بگاتە ڕێككەوتن لەگەڵ كۆریای باكور و پێیوابوو كە ئەوە هاوكاری دەكات لە بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ڕەنگە پەنا بۆ دەستوردانێكی توند دژی كۆریای باكور بەرێت  ئەگەر موشەكی كیشوەر بڕ یان تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامبدات. دەریای باشوری چین   "فارلی" دەڵێت، پەیوەندییەكانی نێوان (ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین) گەیشتۆتە خالێكی پڕ مەترسی، وا دەردەكەوێت كە هەر ڕێككەوتنێكی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان، بەڵام جێبەجێكردنی لە جێگەی گومان دەمێنێتەوە، هەردوولا پاڵنەری (كارتی) توندكردنی دبلۆماسی و ئابورییان هەیە، ئەوەش وادەكات بەردەوام  ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی لەناوچەكانی دەریای باشوری چین یان خۆرهەڵاتی چاوەڕوان كراوبێت. نوسەر لەكۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی سێیەم لە 2020 ئەگەرێكی كەمە، هەموان چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر قەیرانێك لەناوچەیەكی تایبەتەوە سەرهەڵدەدات، هەریەك لە پاكستان یان هیند یان چین و ئیسرائیل، هەروەها ئێران و توركیا و ڕوسیاش ڕەنگە هەست بەوە بكات ناچاربێت  كێشەكان قوڵتربكاتەوە، لەبەر ئەوە لەبری سەقاڵبون بە  هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، با چاوەكان لەسەر بەریكەوتنی ئەو وڵاتانە بن، كە ڕەنگە ببێتە چەخماخەی هەڵگیرسانی جەنگی داهاتوو. سەرچاوە: الجزیرە   


(درەو): وەزارەتی بەرگری ئەمریكا یەكەم دیمەنی هێرشەكەی دوێنێی بۆسەر بارەگاكانی حزبوڵڵا لە عێراق بڵاوكردەوە. ئەم وێنەیە دیمەنی یەكێك لەو بارەگایانەی هێزەكانی حزبوڵڵاو حەشدی شەعبییە بەر لە هێرشەكەو دوای هێرشەكە. ئێوارەی دوێنێ سوپای ئەمریكا هێرشی موشەكی كردەسەر بارەگاكانی كەتائیبی حزبوڵڵا لە عێراق و سوریا، واشنتۆن ئەم هێزەی خستوەتە ناو لیستی تیرۆرەو دەڵێ سەربە ئێرانە. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هێرشە موشەكییە كە فڕۆكە جەنگییەكان ئەنجامیانداوە، (٥) ئامانجی حزبوڵڵای كردوەتە ئامانج. بەپێی ئامارە بەراییەكان، بەهۆی هێرشەكەی دوێنی ئێوارەوە، (۲٥) كەس لە هێزەكانی حزبوڵڵا كوژراون و زیاتر لە (٤۰) كەسی تر برینداربوون. ئامانجی هێرشەكە ؟ لەبارە هێرشەكەوە ئەم زانارییانە لەبەردەستدان: 🔹هێرشەكان پێنج ئامانجی حزبوڵڵاو هێزەكانی حەشدی شەعبییان لە عێراق و سوریا كردوەتە ئامانج. 🔹(۳) ئامانجیان لەناو خاكی عێراقدان، بارەگاكانی حزبوڵڵا لە  قەزای (قائیم) لە سنوری نێوان عێراق و سوریا، دوو هێرشەكەی تر بۆسەر بارەگاكانی ئەو هێزە بوو لە ناوچەكانی (غابە سلوم)و (حرش) لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار. 🔹هێرشەكە (۲) ئامانجی حزبوڵڵای لەناو خاكی سوریا كردوەتەئامانج، بەڵام شوێنەكەی تائێستا بەدیاریكراوی نازانرێت، پێشبینی دەكرێت لەسەر سنوری نێوان سوریاو عێراق بێت. 🔹وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێ ئەو شوێنانەی كە كرونەتەئامانج، ئەمباری چەك و فەرماندەیی بوون و بەكارهێنراون بۆ هێرشكردن دژ بە هێزەكانی ئەمریكا. 🔹 هێرشەكەی دوێنێ ئێوارەی ئەمریكا وەكو وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە كە بەمدواییە كرایە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی K1 لە كەركوك و بەهۆیەوە ئەمریكییەك كوژرا.  


(درەو): بەبەراورد بە ساڵی 2018، ئەمساڵ ئاستی هەناردەی كاڵاو شمەك لە دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەرێژەی 22% كەمیكردووە، سەرۆكی لقیی هەولێری یەكێتی هاوردەو ناردنكاران دەڵێ:" یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم كەمبونەوەیە، بایكۆتكردنی كاڵای توركییە لەلایەن خەڵكی هەرێمەوە". گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردەكاران‌و ناردنكارانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری هاوردەكردنی بەمشێوەیە خستەڕوو. •    عێراق‌و هەرێمی كوردستان لە 96 وڵاتەوە هاوردە دەكەن. •    كۆی گشتی كاڵای هاوردەكراو بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە 9 مانگی ساڵی 2019دا (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بووە. •    لەساڵی 2018دا، لەهەموو عیراق بەبڕی (45 ملیارو 567 ملیۆن) دۆلار كاڵا هاوردە كراوە. •    لەساڵی 2019دا بڕی هاوردە بۆ (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە. •    لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2018دا بەبڕی (26 ملیارو 880 ملیۆن) دۆلار هاوردە هەبووە. •    بڕی هاورە لەساڵی 2019دا لە هەرێمی كوردستان بۆ (20 ملیارو 926 ملیۆن) دۆلار دابەزیوەو كە بەرێژەی سەدی ئاستی كەمبونەوەكە دەكاتە 22%. •    هۆكاری دابەزینی ئاستی هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان لەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ: -    یەكخستنی پێناسەی گومرگی‌و زیادكردنی بڕی گومرگی لەخاڵە سنورییەكان. -    بایكۆت لەسەر كاڵای توركی •     توركیاو ئێران لە پلەی یەكەمی ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین كاڵایان لێوە هاوردە كراوە بۆ هەرێمی كوردستان.


(درەو میدیا): تەنیا قەزای زوبێر، بەرهەمی تەماتە بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق دابین دەكات‌و چیتر پێداویستی بۆ هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات نەماوە. وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، وەبەرهێنانی تەماتە لە عێراق ئەمساڵ بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، لە ساڵی 2003وە ئەم رێژەیە تۆمارنەكراوە.  وەزارەتی كشتوكاڵی دەڵێ: بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ پێداویستی بازاڕی ناوخۆی لە هەموو پارێزگاكان پڕكردووەتەوە، ئەمە سەرباری رێگریكردن لە هاوردەكردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانەوە لەسەر فەرمانی وەزیر. بەگوێرەی قسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەتەنیا لە قەزای زوبێر، ئاستی وەبەرهێنانی تەماتە رۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە (800 هەزار) تەن، ئەمەش بەشی پێداویستی هەموو پارێزگان دەكات، سەرباری وەبەرهێنانی تەماتە بە بڕی جیاجیا لە ناوچەكانی تر.


درەو: هەموو چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن كە ئەمڕۆ شەممە گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت، ئەوەش دوای سێ‌ ڕۆژ مانەوەی لە سلێمانی و ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی (ئەسعد عیدانی) كاندیدی هاوپەیمانی "بونیاتان" گەورەترین كوتلەی پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و دەبڕینی ئامادەیی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی بۆ بەغداد جموجۆڵ و  گفتوگۆكانی لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان دەستپێكردۆتەوە سەبارەت بە كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی دواین زانیارییەكانیش هاوپەیمانی "بونیاتان" كە خۆی وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئەناسێنێت، بە ئاراستەی كاندیدكردنی كەسێكی تر هەنگاو دەنێت، پێشنیازەكان بە ئاراستەی دەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی سەربازیی خانەنشینەو، یەكێك لەو ناوانەشی لەسەر مێزی گفتوگۆیە فەریقی خانەنشین (عەبدولغەنی ئەسدی)یە، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو، كە حكومەتی كاتی دەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی كۆمەڵێك ئەرك كە دیارترینیان ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق.  "حەیدەر مولا" سەركردە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان هەوڵی ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێر ئاشكرادەكات بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، كە لە ڕێككەوتنی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە عادل عەبدولمەهدی دەچێت. "مولا" كە بۆ پێگەی (بەغدادئەلیوم) قسەیكردووە دەڵێت:" كەسانێك هەن هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو ڕێككەوتنە دەدەن كە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمهێنا، ئەو هەوڵانە بەنیازە كەسێك دەستنیشانبكات بۆ سەرۆك وەزیران بەهەمان ڕێككەوتن و بە كاندیدێكی تازە".  هاوكات "محەمەد جەمیل مەیاحی" پارێزگاری واست كە یەكێكە لەسەركردەكانی ڕەوتی حیكمە، لە توتێكدا ڕایگەیاندووە:" هۆكاری بنەڕەتی هەموو ئەو ناوانەی ڕەتدەكرێنەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كەسەكان نین، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە هەر لایەنێك كەسێك كاندید دەكات بۆ ئەوەیە بیكاتە فەرمانبەری خۆی".  هەر لەو بارەیەوە" غالب ئەلعمێری" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە تویتێكدا دەڵێت:" ترسی هەندێك لە ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێی سەربەخۆ، لەدەستدانی مافیان لە كاندیدكردن و پێشێلكردنی دەستور نییە، بەڵكو ترسیان لە ئاشكرابوونی نهێنییەكانە".   لەگەرمەی ململانێی شەڕی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و ڕێككنەكەوتی لایەنە عێراقییەكان لەسەر كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەك و، ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە هێز و لایەنە سیاسییەكان پێشكەشی دەكەن لەلایەن خۆپیشاندەران لەلایەكی ترەوە، ڕای سێیەم سەریهەڵداوە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێیە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.  "حامید موسەوی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "بونیاتنان" لە نامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی كردووە، پێشنیاز دەكات سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ لەدانیشتنێكی كراوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەڵبژێردرێت، ئەوەش وا دەكات پەرلەمان ببێتە بەشێك لە چارەسەر نەك بەشێك لەكێشە. ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی "بونیاتان" هاوشانی نوسینی ئەونامەیە بۆ پەرلەمان، لە لێدوانێكی تردا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" هەنگاوەكانی هاوپەیمانێتییەكەی بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرادەكات ، بەهۆی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی.  ئەو هەنگاوەش هاوكاتە لەگەڵ جموڵە سیاسییەكانی ژمارەیەك سەركردە لە هاوپەیمانی "بونیاتان" دوای ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی دەستور و شكاندنی سوێندی یاسای لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەسەر ئەوبنەمایەی مادەی 76ی دەستوری عێراق ڕۆڵی سەرۆك كۆماری دەستنیشانكردووە كە ڕاسپاردنی كاندیدی كوتلەی زۆرینەیە لەپەرلەمان و مافی ڕەتكردنەوەیەی نییە، ئەوەش ڕۆڵێكە كە ڕاوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق ڕەتیدەكاتەوەو، دەڵێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیراندا ناكرێت سەرۆك  "كارمەندی بەرید"بێت و ڕۆڵی نەبێت لە دیاریكردنی كەسایەتییەك كە ڕەزامەندی خەڵكی عێراقی لەسەرنەبێت بە تایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا كە وڵاتی پێیادا تێپەڕدەبێت.      


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دوای كارەساتی داڕمانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییە، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ شەش مانگ بەر لەوادەی دیاریكراوی خۆی، كۆنگرەی هەشتەمی بەست، كۆنگرەیەك كە تێیدا قەیرانی بەردەوامی دارایی حزب‌و پرسی جیاكردنەوەی دەعوە لە سیاسەت باڵی بەسەر هەموو شتێكدا كێشاوە. چیرۆكی یەكگرتوو 25 ساڵ لەمەوبەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی كوردستاندا حزبێكی سیاسی نوێ لە دایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا، سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، ئەو حزبە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو. قەیرانی ناسنامە ئەمڕۆ كە یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەڕێوەدەبات، حزبەكە 25 ساڵی تەمەنی خۆی بەرێكردووە، حزبێك كە تاوەكو 10 ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواوكرد، كێشەی هەرەگەورەی ناسنامەكەی بوو، لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری وەكو حزبێكی نوێ ناویان دەهێنا، كە بەشداری خەباتی چەكدارانەی لە دژی رژێمی بەعس نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر یەكگرتوو وەكو حزبێكی گەنج مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت. رزگاربوون لە لیستی رەشی تیرۆر یەكگرتوو كە هێشتا رزگاری نەبوو لە تۆمەتی نوێبوون‌و بەشدارینەكردن لە خەباتی چەكداری، لەدوای ساڵی 2000وە روبەڕووی قەیرانێكی تر بووەوە، هەڵمەتێكی گەورەی جیهانی بوو لەژێر "شەڕی دژ بەتیرۆر"، نەیارە سیاسییەكانی یەكگرتوو هەوڵیاندا بەهۆی ناو و پاشخانە ئیسلامییەكەیەوە ئەم حزبە بخەنە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكگرتوو توانیان حزبەكەیان لەو لیستە رەشە رزگار بكەن، هەرچەندە ئەمەش بەبێ باج كۆتایی نەهات. سەردەمی گەشانەوە ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەددام لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرەتای سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، ئەم حزبە كە پێشترو بەرلە روخانی سەددام بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی كرد لەژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا، دوای روخانی رژێم پێگەی بەهێزی (لەئاست قەبارەی خۆیدا) لە عێراقی نوێدا زامن كرد، سەلاحەدین بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراق‌و یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق. بەرەو ژیانی پەرلەمانیی تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات 11 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "  لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە. 11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتی‌و پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتی‌و پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتی‌و (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم، یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.  لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەشی لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاری‌و چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، هەندێك هۆكاری پاشەكشەی ئەو لیستەیان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتی‌و پارتی‌و هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامی‌و چەپەكان گەڕاندەوە. 2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.  لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو كورسییەكانی زیادی كرد (10  كورسی)، بەڵام دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، لەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی. ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێنا‌و یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگ دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%). پاشەكشە بۆچی؟ لەدوای هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەركردایەتی یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، بەفەرمی دانی بەوەدانا شكستیهێناوەو بەرپرسیارێتییەكە دەگرێتەئەستۆ، ئەمە هەنگاوێكی دروست بوو، دوبارەكردنەوەی نەریتی پارتە سیاسییەكانی خۆرئاوا بوو دوای هەڵبژاردن‌و شكست. (درەو میدیا) لە یادی دامەزراندنی یەكگرتوودا لە رۆژی 6ی شوباتی ئەمساڵ، بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی پاشەكشەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردندا كرد، بەپێی زانیارییەكان، سەركردایەتی یەكگرتوو تەنیا وەكو نیشاندانی فەزیلەتێك دانیانیان بە كەموكورتی خۆیان وەكو هۆكاری شكستی هەڵبژاردندا ناوە، بەشێوەی كرداری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی پاشەكشێكردن‌و تائێستا روئیایەكی رون نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئەو حزبە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمڕۆ لە وتارەكەیدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری حزبەكە وتی:" كۆنگرەی هەشتەم بۆیە شەش مانگ لە وادەی دیاریكراوی خۆی پێشخراوە، بۆئەوەی حزب پێداچوونەوە بە هۆكاری شكستەكانی لە هەڵبژاردندا بكات". بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت هۆكاری پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: • دواكەوتن لە بڕیاردان لەسەر وەختی رودانی روداوە سیاسییەكان‌و لە هەندێك باردا ناڕوونی هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر پێشهاتەكان (ئەمە بوەتە كێشەیەكی ئەزەلی بۆ یەكگرتوو، دەربازبون لێی بوەتە كارێكی ئەستەم). • سەركردەكانی ئەم حزبە هەمیشە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان خستوەتە گرەوی پاراستنی یەكڕیزی (بەتایبەتیش یەكڕیزی یەكێتی‌و پارتی)، هەمیشە پێگەی سیاسی حزبەكەیان كردوەتە قوربانی ترسی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو ململانێی چەكداری دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە. • هەنگاو نەنان پێ بەپێی گەشەی فكری كادیرانی حزب‌و ئیدارەنەدانی توانای لاوان، كە بنچینەو كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە بوون لەسەرەتاوە تائێستا، بەجۆرێك وای لێهاتووە یەكگرتوو وەكو كارگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری حزبی بۆ پارتە سیاسییەكانی تر تەماشادەكرێت.   • دروستبوونی جیاوازی چینایەتی لەنێوان توێژی سەرەوەی بەرپرسانی یەكگرتوو و كادیرانی خوارەوە، یەكگرتووەكان هەمیشە لە خوارەوە قوربانیان داوە‌و توێژەكەی سەرەوە بەروبومەكەیان چنیوەتەوە، زۆرێك لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پۆستی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتووە، دوای تەواو بوونی كارەكانیان و زامنكردنی سەرچاوەی بژێوی باش، لە كاری حزبی كشاونەتەوە خەریكی بازرگانین، یاخود وازیان لە حزب هێناوەو چونەتە ناو حزبی ترەوە.  • یەكلاینەكردنەوەی هێڵی كاركردنی حزب لەنێوان كاری بانگخوازیی‌و كاری سیاسیدا، یاخود نەتوانراوە هەردوو بوارەكە وا لێبكرێت لەیەك بازنەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەكەدا بسوڕێنەوە، وەك ئەمە نەكراوە، نەتوانراوە ئەو دوو كایەیە بەتەواوەتی لەیەكتری جیابكرێتەوە. • یەكێك لە روخسارە گەشەكانی یەكگرتوو هاوسەنگی بنكەی جەماوەریەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد (بادینان)، یەكگرتوو لەپێناو پاراستنی ئەم هاوسەنگییەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام بەقەبارەی قوربانییەكانی، دەستكەوتی سیاسی نەچینوەتەوە، سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لەم خاڵی هێزە وەربگرن. • لاوازی بنكەی جەماوەری یەكگرتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە حاڵێكدایە تەواوی سەنگی سەركردایەتی یەكگرتوو و راگەیاندنەكەی لەو شارەدایە. • لاوازی گوتاری ئیعلامی یەكگرتوو ئیسلامی، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون. • یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە. • لەڕووی ئابوری‌و سەرچاوەی داراییەوە دوای 25 ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە. • یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی‌و پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵك‌و دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات. • پێشكەش نەكردنی نمونەیەكی جیاواز لە كاری پەرلەمانی‌و حكومیدا. • سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات. • یەكگرتوو لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو درێژكراوەی رەوتی ئیخوان (اخوان المسلمین) نمایشكرد، بەمدواییانە لەم پرسەشدا دووچاری گێرمەو كێشە بووە، هەندێك داوای كۆتاییهێنان بەو ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیخوان دەكەن، هەندێكی تر هێشتنەوەی پەیوەندی بە پێویست دەزانن، پابەندبوونی یەكگرتوو بە خەتی ئیخوانەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو حزبەی كۆت‌و بەند كردووە. • نەبوونی بەرچاوڕونی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەوە یاخود وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لە وتارەكەیدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین وتی"واقیعە كوردییەكەمان باش نەخوێندوەتەوە". كۆنگرە‌و یەكگرتوو خاڵی سەركەوتن‌و گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1994وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە. لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكی‌و بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات، كۆنگرەی ئەمڕۆشی لە میدیاكەیەوە پەخش كرد، بەڵام هەندێكجار دەنگی پەخشە راستەوخۆكەی رادەگرت بەتایبەتیش لەكاتی رودانی ناڕەزایەتی ئەنداماندا.  ناكۆكیەكانی ناو یەكگرتوو بەشێوەیەكی كەم دەكەونە بەردەست میدیاكان، پتەویی رێكخستن‌و پەیكەری رێكخراوەیی یەكگرتوو وایكردووە ناڕازییەكان، نەتوانن بە ئاشكرا بۆ میدیاكان باس لە ووردەكاری بۆچوونە جیاوازەكان‌و كێشەو گرفتەكانی حزبەكەیان بكەن، رەنگە پابەندبوونی ئایینی‌و پەروەردەیی ئەو حزبە، پاڵنەری سەرەكی بێت لەم بوارەدا. هەر پرسی كۆنگرەدا یەكگرتوو لە كۆنگرەی شەشەمی خۆیدا رەچەشكێنیەكی تری كرد، كاتێك بۆ یەكەمجار لە دوای راگەیاندنییەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادینی لە ئەمیندارێتی حزب لابرد، بەڵام لەم رەچەشكێنیەدا شكستی هێنا‌و دوای چوار ساڵ جارێكی تر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە بۆ ترۆپكی حزب، لەماوەی (25) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (21) ساڵی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندار بووە‌و تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو پۆستەی جێهێشتووە كە (محەمەد فەرەج) ئەو چوار ساڵەی بەڕێوەبردووە. دۆخی سەختی دارایی حزب، تەوەری سەرەكی‌و ئاشكرای كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو بوو، هەردوو كاندیدە سەرەكییەكە پرۆژەی خۆیان بۆ رزگاركردنی حزب لە قەیرانی دارایی خستەڕوو، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین وتی:" یەكێك لە گرفتە بەردەوامەكانی ئێمە مەسەلەی داراییە، بڕیارمانوایە لەم خولەی داهاتوودا گەورەترین ئیش لەسەر مەلەسەی دارایی‌و وەبەرهێنان‌و جوڵەی ئابوری بكەین"، ئەبوبەكر كاروانی-یش وەكو كاندیدی پۆستی ئەمیندار زیاتر جەختی لەسەر دۆخی دارایی حزب كردوو وتی:" ئەولەویەتی سەركردایەتی‌و ئەمینداری گشتی داهاتوو ئەبێت دروستكردنی ژێرخانێكی ئابوری بێت.. ناكرێت حزبێك هەتاسەر لەسەر یارمەتی ئەملاوئەولا بژی". كاروانی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری قەیرانی دارایی پێشنیازێكی خستەڕوو، پێشنیازەكە بەرووی دیارینەكردووە كە چۆن حزب لە قەیرانی دارایی رزگار دەكرێت، تەنیا دەڵێ" لە مەسەلەی مادیدا ئێمە ئەبێت ماوەیەك هەندێك ئازار تەحەمول بكەین، یەكگرتوو زۆر كێرڤی لە مەلەسەی ماڵیدا هاتوەتە خوارەوە.. بەدوو قۆناغ مەسەلەی مالی چارەسەربكەین: قۆناغی یەكەم/ بە سودوەرگرتن لە حەجمی تەنزیمی یەكگرتوو، بە دووبارە رێكخستنەوەی یەكگرتوو، یەكگرتوو وا لێبكەین ئەگەر كەسێك یەك فلسی پێنەدا، یەكگرتوو نەكەوێت. قۆناغی دووەم/ ژێرخانێكی ئابوری حەقیقی بۆ ئەم حزبە دروستبكەین، ئەوە وردەكاری زۆرە، ناڕۆین بۆ وردەكارییەكە". یەكێك لە پرسە كێشە لەسەرەكانی تری كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو، بابەتی جیاكردنەوەی بانگەوازی ئاینیی (دەعوە)یە لە سیاسەت، هەردوو كاندیدەكە قسەی خۆیان لەوبارەیەوە كرد، بەڵام هیچ بڕیارێكی كۆتایی نەدراوە. كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو، بەبەشداری (900) ئەندام بەڕێوەدەچێت، تێیدا لە كۆی (43) ئەندام، كۆنگرە (27) ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت، ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی. میدیای فەرمی یەكگرتوو، بەمشێوەیە كورتەی چیرۆكی (7) كۆنگرەی رابردووی حزبەكەی گێڕاوەتەوە: كۆنگرەی یەكەم یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی 1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كات‌و شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون. لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێردراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران، (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە (6/2/1994)وە. كۆنگرەی دووەم پاش بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان، رۆژی (20/8/1996) دەستنیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر (هۆڵی میدیا) دیاریكرا بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاندو ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو، كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو. كۆنگرەی سێیەم بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رۆژی (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شورای ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو. كۆنگرەی چوارەم لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكارییەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بەهۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لەگەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆسپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت، ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە. ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆنگرەی پێنجەم بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم رۆژی (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی.  لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون. كۆنگرەی شەشەم كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەرچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی لەم كۆنگرەیەدا، چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن)و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو. بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبردو هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە. كۆنگرەی حەوتەم كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا. لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو (سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەربڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا (محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین)، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە رایگەیاند كە خۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، بەمشێوەیە (سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە. لە كۆنگرەی حەوتەم (35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران، (9) ئەندامیان لە ژنان بوون، هەروەها (9) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە (2) ئەندامیان ژن بوون.


(درەو میدیا): هۆشیار زێباری لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی چووەتە بەغداد، دەیەوێت بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار لابدات‌و فوئاد حسێن لە شوێنی ئەو دابنێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەی باڵاوە لە بەغداد دەست (درەو میدیا) كەوتوون، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ گەیشتوەتە بەغداد.  (درەو میدیا) زانیویەتی، ئامانجی سەردانەكەی هۆشیار زێباری بۆ بەغداد گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد بەتایبەت كوتلەی (بنیادنان) بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەر بەرهەم ساڵح دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت یاخود لە پەرلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە. بەرهەم ساڵح ئاگاداری سەردانەكەی هۆشیار زێبارییە، نیگەرانە لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ بەرهەم ساڵح راگەیاند، پێدەچێت نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەوڵەكەی مەسعود بارزانی مامیدا نەبێت. سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردەوە، ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق جموجوڵێك هەیە بۆ لەكارخستنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. سەرچاوەكە دەڵی، سەرۆك كۆمار تۆمەتباردەكرێت بە پێشێلكردنی دەستور، بەوپێیەی ماددەی 76ی دەستور باسلەوەدەكات سەرۆك كۆمار دەبێت كاندیدی كوتلەی زۆرینە راسپێرێت بە پێكهێنانی حكومەت‌و مافی ئەوەی نییە كاندیدەكە رەتبكاتەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح كاندیدەكەی كوتلەی بنیادنانی رەتكردەوە‌و بەوەش دەستوری پێشێلكردووە. سەرچاوەكەی سۆمەریەنیوز ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا لەناو لایەنە سیاسییەكاندا لەبارەی لەكارخستنی بەرهەم ساڵحەوە جموجوڵ دەستپێدەكات‌و كاربۆ ئەوە دەكرێت كاندیدی جێگرەوەی بەرهەم ساڵح ئامادە بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی جارێكی تر سیناریۆكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە دووبارە نەبێتەوە كە تائێستا نەتوانراوە كەسێك بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی دیاری بكرێت. سەرچاوەكان دەڵێن، فوئاد حسێن وەزیری دارایی ئێستای عێراق كە پێشتر سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای بەرهەم ساڵح. فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام لەبەرامبەر بەرهەم ساڵحدا شكستی هێناو دەنگی پێویستی لەناو پەرلەمانی عێراق بەدەستنەهێنا. هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەیەك ساردی خستە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە، لەكاتی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێری كردو هەوڵیدا پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەر لە دواین سەردانی بۆ هەولێر، بەرهەم ساڵح لە دیدارێكدا لەگەڵ بارزانی كەوتوەتە گفتوگۆیەكی توندەوە‌و ئەوەش جارێكی تر پەیوەندییەكانی ئاڵۆزكردوەتەوە. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، بەرهەم ساڵح نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد، تێیدا دەڵێ سەرباری ئەوەی پێشێلكردنی دەستورە، بەڵام ئەو وەكو سەرۆك كۆمار ئامادە نییە ئەسعەد عیدانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە. بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەڵێ، عیدانی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا نییە كە شەقامی ناڕازی داوای دەكات، بۆیە ئەو ئامادە نییە رایسپێرێت، پەرلەمان سەرپشك دەكات لەوەی متمانەی لێوەرگرێتەوە.


درەو میدیا: سبەینێ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی ( 900) ئەندام هەشتەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت، لە كۆنگرەی سبەینێدا هەڵبژاردن بۆ (27) ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە دەكرێت لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی. لە كۆنگرەی هەشتەمدا هەریەك لە ( سەڵاحەدین بەهادین و ئەبوبەكر كاروانی) كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كە لەدوای درووستبونی یەكگرتووە وە لە ساڵی 1994 سەڵاحەیدن بەهادین ئەمینداری ئەو حزبەیە جگە لە یەك خول كە ( محەمەد فەرەج) ئەمیندار بوو.  كۆنگرەی هەشتەم بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جیاوازە كە لەدوای شكستی گەورەی ئەو حزبە دێت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رێژەی دەنگو كورسیەكانی ( 50%) كەمیكرد، لە هەڵژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان یەكگرتوو ( 186 هەزارو 741) دەنگی بەدەستهێنابوو لەگەڵ ( 10 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 79 هەزارو 434 ) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ ( 5) كورسی.  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چالاكترین حزبی سیاسی هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە بەستنی كۆنگرەدا لە (25) ساڵی تەمەنیدا هەشتەم كۆنگرە دەبەستێت، ووردەكاری حەوت كۆنگرەی رابردووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سایتی فەرمی ئەو حزبەدا بڵاوكراوەتەوە: كۆنگرەی یەكەم یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی /1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كات و شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون. لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێر دراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە بەرواری (6/2/1994) كۆنگرەی دووەم .. پاش بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان بەرواری (20/8/1996) دەست نیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر هۆڵی میدایا دیار كرا بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاند و ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆنگرەی سێیەم .. بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرواری (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شواری ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو. كۆنگرەی چوارەم .. لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكاریەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بە هۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لە گەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆشپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە. ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆنگرەی پێنجەم .. بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم بەرواری (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی. لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون. كۆنگرەی شەشەم .. كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆپۆستی ئەمینداری گشتی، لەم كۆنگرەیەدا چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن) و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو. بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبرد و هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە. كۆنگرەی حەفتەم .. كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا. لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەڕیڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆپۆستی ئەمینداری گشتی ، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا ( محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) ، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە ڕایگەیاند كەخۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، بەم شێوەیە ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە. لەكۆنگرەی حەوتەم ( 35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران ، ( 9 ) ئەندامیان لە ژنان بوون ، هەروەها ( 9 ) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە ( 2) ئەندامیان ژن بوون. بۆ كۆنگرەی هەشتەم .. بەم شێوەیە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی ( 25 ) ساڵی ڕابردویدا ( 7 ) كۆنگرەی  ئەنجامداوە و ئێستاش كە لە مانگی 12/ی ساڵی 2019 دا هەموو ئامادەكاریەكانی تەواو كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی هەشتەمی  كە ( 900) ئەندام بەشداری تێدا دەكەن لە كۆنگرەی سبەینێدا هەڵبژاردن بۆ (27) ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە دەكرێت لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دەرەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پارتی نیگەران كردووە، كۆنگرە دەنگی بەوانە بەخشی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر" كە زۆربەیان پیاوانی ئەمنین، كۆنگرەی چوارەم بۆ قادر عەزیزو هاوڕێكانی سەركەوتن‌و بۆ "هاودید"‌و "گۆڕانخواز"ەكانی پێشتر بە شكست كۆتایی هات، جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتیدا نامیلكەی "یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟"ی نوسی، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟"، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتی بڵاودەكاتەوە.  دوای (5 ساڵ) دواكەوتن، دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی گرێدا، كۆنگرەیەك كە ناكۆكی لەسەر ئەنجامەكانی دروستبووە‌و دیارنییە دواجار كەشتییەكەی یەكێتی دەگەیەنێتە كەنار، یاخود لە رابردوو زیاتر حزبەكە پەرتپەرت دەكات. كۆنگرە لەژێر چاودێری دژەتیرۆردا كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەژێر چاودێری توندوتۆڵی دەزگای زانیاری‌و هێزەكانی دژە تیرۆردا بەڕێوەچوو، كە ئەو دوو دامەزراوەیە لەلایەن دوو براوە سەرپەرەشتی دەكرێن‌و بەڕێوەدەبرین كە بریتین لە هەریەكە لە (لاهور شێخ جەنگی)‌و (پۆڵات شێخ جەنگی). دەستوەردانی بەهێزی دەزگای زانیاریو دژەتیرۆر، كۆنگرەی لە ئەگەری دەستوەردانی دەرەكی‌و تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی حزب پاراست، بەڵام لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئەو دوو دامەزراوە ئەمنییە لایەنگیرییان كردووە لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، بەدیاریكراوی لەبەرژەوەندی جەمسەرەكەی لاهور شێخ جەنگی‌و ماڵباتی تاڵەبانیدا، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر رێككەوتن كراوە كۆمپانیایەكی بواری هەڵبژاردن لە دەرەوە بهێنرێت‌و بەشێوەیەكی بێلایەنانە سەرپەرەشتی پرۆسەكە بكات. لەبارەی رۆڵی هێزی ئەمنی تایبەتەوە لە كۆنگرەی چواردا، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، بەرپرسانی ئەمنی لە شوێنی دەنگدان‌و تەنانەت لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش لە تەنیشت دادوەرەوە ئامادەبوون، بەڵام هیچ راپۆرتێكی پشتڕاستكراو لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كرابێت، هەرچەندە هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان دەڵێن ئەوان دەرچوون‌و بە ساختەكاری خەڵكی تر لە شوێنیان دانراوە، یەكێك لەوانەی كە بانگەشەی روودانی ساختەكاری دەكات سامان گەرمیانی-یە كە بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتییە، سەرباری ئەمانە بەشێوەیەكی گشتی بەرپرسانی یەكێتی گلەیی لە باڵابوونی هەژموونی هێزە ئەمنییەكان بەسەر كۆنگرەكەدا دەكەن. كێ خاوەنی ماڵباتی تاڵەبانییە ؟ لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەوانەی پاشگری تاڵەبانییان هەڵگرتبوو، یاخود ئەوانەی بەدیاریكراوی لەسەر ماڵباتی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی ئەژماردەكران‌و خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەڵبژاردبوو، ژمارەیان (9) كەس بوو، ئەمە جگە لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە زیاتر لەسەر ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد ئەژمار دەكرێت، نەك تاڵەبانی. لەناو تاڵەبانییەكاندا، لاهور شێخ جەنگی (برازای جەلال تاڵەبانی) درەوشایەوە، ئەو بوو بە خاوەنی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كۆنگرە، لەكۆی دەنگی زیاتر لە (هەزار) كەس لە ئەندامانی كۆنگرە، (902) دەنگی بەدەستهێنا. لاهور شێخ جەنگی سەرباری ئەوەی خۆی دەنگی یەكەمی بەدەستهێنا، دۆستەكانیشی سەرخست بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆی (121) كەس كە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا هەڵبژێردراون، نزیكەی (70) كەسیان سەربە لاهور شێخ جەنگین، كە دەكاتە (58%)ی كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزبەكە، واتە ئێستا زۆرینەی رەهای سەركردایەتی یەكێتی لەژێر كۆنترۆڵی دەزگای زانیاریدایە كە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی ئەو دەزگایە دەكات. بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، دەنگی سێیەمی لەسەر ئاستی كۆنگرە بەدەستهێنا، لەمەشدا ژمارەی دەنگەكانی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی هاوتا بوو، بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە، بافڵ تاڵەبانی هێندەی چاوی لەسەر سەركەوتنی خۆی بوو لە كۆنگرەكەدا، هێندە بایەخی بە سەرخستنی دۆستە نزیكەكانی نەدا، بەرزان ئەحمەد كوردە كە لەدوای مەرگی تاڵەبانی باوكەوە، پاڵپشتی لە بافڵ دەكرد، لە كۆنگرەدا سەرنەكەوت. بافڵ لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێگەی بەهێز نییە، بەڵام ئەمە لەتواناو پێگەی مەعنەوییەكەی ئەو وەكو كوڕە گەورەی تاڵەبانیی كەمناكاتەوە، ساڵی 2017 بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بافڵ كە هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نەبوو، لەكۆی نزیكەی 50 كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی، ئیمزای (36) كەسی سەركردایەتی كۆكردەوە بۆ پاڵپشتیكردن لە رێككەوتنێك كە خۆی بەتەنیا‌و بێ ئاگاداری زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە ئیمزای كردبوو. كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، خاوەندارێتی ماڵباتی تاڵەبانی لەنێوان بافڵ‌و لاهوردا دابەشكرد، ئەمە وایكردووە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێشبینی ئەوە بكەن لە داهاتوودا ناكۆكی توند لەنێوان ئەو دوو ئامۆزایەدا لەسەر دەسەڵات‌و پێگەی سیاسی روبدات، هەندێكی تر رودانی ئەو جۆرە ناكۆكییانە بەدور دەزانن‌و پێیانوایە دواجار ئەو دوو كەسە لەسەر دەسەڵات‌و سەرچاوەی دارایی بەرژوەندی یەكتر دەپارێزن‌و بەگشتی جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی بۆ كۆنگرەی داهاتوو بەهێزتر دەكەن. كۆسرەت رەسوڵ‌و كوڕەكانی بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكانەوە، لە كۆنگرەی چوارەمدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەكو سیاسییەكی قاڵبووی ناو گەمەكانی یەكێتی، دوچاری پاشەكشێ هات. ئەو كە بە وریاییەوە یارییە سیاسییەكەی لەگەڵ تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیدارە دەدات، ئێستا لەسەر دەستی كوڕو برازاكانی تاڵەبانی لەپێگە سیاسییەكەی دراوە. كۆسرەت رەسوڵ لە كۆنگرەی چوارەمدا توانی خۆی‌و دوو كوڕەكەی (شاڵاو و دەرباز)‌و هەندێك لە دۆستەكانی رزگار بكات‌و سەریان بخات بۆسەركردایەتی، بەڵام ئەمە لەچاو توانا بەهێزەكەی جارانی ئەودا كەمە‌و لەئاستی پێشبینی كەسە نزیكەكانیدا نییە، هەندێك دەڵێن كۆسرەت رەسوڵ بەبەراورد بە هاوتەمەنە سیاسییەكانی خۆی، لە كۆنگرەی چوارەمدا دەستكەوتی زیاتری چنیوەتەوە‌و ئەوەی كردوەیەتی كەم نییە‌و لەدۆخی ئێستای یەكێتیدا هەرئەوەندە دەكرێت.    بەرهەم ساڵح‌و هاودیدەكانی لاوازترین كارەكتەری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح بوو، ئەو بە تەزكیەی جەمسەرەكانی یەكێتی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، دۆستەكانیشی (ئەوانەی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ناوی لێنابوون هاودید) كەسیان سەرنەكەوتن بۆ سەركردایەتی. بەرهەم ساڵح هەر دوای ئەوەی هەڵبژاردنی خۆی بە "تەزكیە" بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی زامن كرد، كۆنگرەی یەكێتی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە بۆ بەغداد، دۆستە هاودیدەكانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی ئەندامانی كۆنگرە رقی جیابوەنەوە لە یەكێتی بەسەر ئەواندا بڕێژن، دڵشاد عەبدولڕەحمان یەكێك لە دۆستە هاودیدەكانی بەرهەم ساڵح، لە نوسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هۆكاری سەرنەكەوتنی بۆ جیابونەوەكەیان لە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە. بەرهەم ساڵح خۆی بە لاوازی بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و پێگەی لایەنگرەكانیشی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لاوازە، بەڵام ئەم لاوازییە بەردەوام بووە بە پێگەی سیاسی بۆ ئەو. بەپێی زانیارییەكان، بەرهەم ساڵح تاوەكو كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی، كاندیدی بەهێزی جەمسەرەكانە یە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یەكێتی‌و دوای وەرگرتنی پۆستەكەش هەوڵی راگرتنی هاوسەنگی دەدات لەنێوان جەمسەرە جیاوازەكاندا. كەركوكییەكان یەكلابونەوە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواجار كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی یەكێتی نیشتمانییەوە، لەناو یەكێتیدا جەمسەرێكی نوێ دەركەوت، كە ئەویش جەمسەری گروپی (كەركوكییەكان) بوو، ئەم گروپە پێكدێت لە سەركردە كەركوكییەكانی یەكێتی، لەوانە (ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا- رزگار عەلی- رەوەند مەلا مەحمود- وەستا رەسوڵ)، لەدوای چونەدەرەوەی تاڵەبانی باوكەوە لە شانۆكە، ئەم گروپە بەردەوام پێگەیان بەهێز بووە‌و لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵدا پارسەنگیان راگرتووە‌و یەكلانەبونەتەوە بۆ هیچ لایەكیان. بەڵام لە كۆنگرەی چواردا كەركوكییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە زامنی پێگەی سیاسی خۆیان پێكرد، شكاندیانەوە بەلای ماڵباتی تاڵەبانیدا‌و لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیی رێككەوتن. كەركوكییەكان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا پێگەیان لە كۆسرەت رەسوڵ بەهێزترە، تا ئەو رادەیەی دەوترێت ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لەژێر فەرمانی ماڵباتی تاڵەبانی‌و كەركوكییەكاندا دەبێت. گۆڕان‌و زەحمەتكێشان لە كۆنگرەی چواردا لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، جگە لە هاودیدەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەمدواییە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی بزوتنەوەی گۆڕانیش كە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، دوچاری شكست هاتن. سەركەوت حەسەن ناسراو بە "سەركەوتی كوبە"‌و عوسمان بانیمارانی لە دیاترین ئەو سەركردانەی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕان بوون خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدكرد‌و سەرنەكەوتن، سالار عەزیز-یش كە بەهەمان شێوە لە سەركردەكانی پێشتری گۆڕان بوو، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەركەوت، بەڵام بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆست‌و پلەیەكی حزبی كۆنگرەكەی بەجێهێشت. لەبەرامبەر "هاودید"‌و "هەڵسوڕاوان"دا، هاوڕێكانی قادر عەزیز لە حزبی زەحمەتكێشان، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆربەیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، قادر عەزیز خۆی یەكێك لەوانە بوو كە لە 10 یەكەمەكەی كۆنگرە بوو، لەناو هاوڕێكانیشیدا (نەسروڵا سورچی‌و ئاسۆس عەلی) سەركەوتن. پارتی نیگەرانە پێنج رۆژ بەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا تێپەڕیوە، تائێستا پارتی دیموكرتی كوردستان بە فەرمی هیچ پیرۆزبایی‌و هەڵوێستێكی لەبارەی كۆنگرەی یەكێتییەوە رانەگەیاندووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەركردایەتی پارتی نیگەرانە لە دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هێشتا بەتەواوەتی بۆی رون نەبووەتەوە سەنتەری دەسەڵاتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لای كێ دەبێت، بڕیاردراوە كەس هیچ هەڵوێستێك لەبارەی كۆنگرەوە رانەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی سەركردایەتی پارتی خۆی راگەیەندراوێك لەوبارەیەوە بڵاودەكاتەوە. ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چاوەڕوانی نەدەكرد، لەناو یەكێتی رویدا، ئەوانەی ئەو ناوی لێنابوون "خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر" لەناو یەكێتیدا دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنا‌و داهاتووی یەكێتی تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەوان یەكلابوەتەوە، ئێستا بارزانی درك بەوە دەكات لە ریفراندۆمەكەی 2017دا ئەوەی لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەو بووە، تەنیا چەند سەركردەیەك بووە نەك تەواوی پێگەی جەماوەری یەكێتی. بارزانی پێشتر لە چەندین بۆنەدا بە سەركردەكانی حزبەكەی وتووە كاركردن لەگەڵ "جەماعەتی 16ی ئۆكتۆبەر" سەختە، بەڵام ئێستا دەبێت رێز لە ئەمری واقیع بگرێت، ئەگەر نا دەبێت لەڕێگەی دۆستەكانییەوە لەناو یەكێتی هەوڵی گۆڕینی ئەو واقیعە بدات كە كۆنگرە دروستیكردووە، ئەمە داهاتوو دەریدەخات بارزانی كلیك لەسەر كام یەكە لە بژاردەكان دەكات.  كۆمپانیای نۆكان هەستایەوە لە كۆنگرەی چوارەمدا جەمسەرێكی سیاسی لەناو یەكێتیدا دەركەوت كە پێشتر تەنانەت دوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی تاڵەبانیش بوونی نەبوو، جەمسەری كۆمپانیای نۆكان‌و ئیدارەی گشتی یەكێتی، كە دلێر سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكات، ئەو پیاوەی هەندێك ناویان لێنابوو "قاسەكەی یەكێتی"‌و هەندێكی تر پێیان دەوت "پیاوی پارەكە". دلێر سەید مەجید كە دۆستە كۆنەكانی تاڵەبانی‌و كلیلی قاسەكەی یەكێتی بوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە لە پێگەكەی درا، ئەو ئیتر وەكو پێشتر لەسەر گۆڕەپانەكەی یەكێتی بەدی نەدەكرا، بەڵام لە كۆنگرەی چوارەمدا بەهێزەوە گەڕایەوە. دلێری سەید مەجید كە پێشتر هیچ پلەیەكی حزبی نەبوو، لەم كۆنگرەیەدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، سەرباری خۆی چەند كەسێك لە هاوڕێ‌و هاوكارەكانی كۆمپانیای (نۆكان)ی سەرخست، لەوانە (سالار عومەر نوری- سالاری ئیدارەی گشتی)، (پەروین بابەكر)‌و (شوانە قادر- شوانەی نۆكان)‌و (جەزا سەید مەجید- برای دلێر سەید مەجید خۆی)‌و (شێخ ئەحمەدی نۆكان). دلێری سەید مەجید لە براوەكانی كۆنگرەی چوار بوو، پێگەی سیاسی خۆی‌و هەندێك لە هاوڕێكانی كۆمپانیای نۆكانی گەڕاندەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ ئابورییە بەهێزەكەی جارانی یەكێتی دەگەڕێننەوە ژێر دەستی خۆیان كە رۆژگارێك كۆنترۆڵیان كردبوو یاخود نا.   یەكێتی بەرەو كوێ ؟ جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بۆ رونكردنەوەی ئامانجی دروستكردنی حزبە نوێیەكە كتێبێكی نوسی بەناوی "الاتحاد الوطنى لماذا" واتە (یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟)، دوای كۆنگرەی چوار ئیتر ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟". كۆنگرەی چوار كۆتایی هات، بەڵام هێشتا یەكێتی نەبووە بە خاوەنی پەیڕەوێكی روونی ناوخۆ، بەپێچەوانەی رێسای باوی كۆنگرەی حزبەكان، لە كۆنگرەی یەكێتیدا، پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا چەند بڕگەیەكی پەسەندكراوە‌و بەشە زۆرەكەی كە تایبەتە بە دەسەڵاتی ئۆرگانە سەرەكییەكان، بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراو بڕیاری لەسەر بدات. واتە ئێستا دیارنییە سەنتەری دەسەڵات‌و بڕیاری سیاسی یەكێتی لای كام یەكێك لە ئۆرگانەكانە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەندامەكانی پێكهاتووە لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكان (مەلا بەختیار- حاكم قادر- ئەرسەلان بایز- عەدنان موفتی- دلێر سەید مەجید- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد- عومەر فەتاح) خۆیان بە سەنتەری بڕیار دەزانن، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی‌و سەرۆكی یەكێتی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و بەرپرسی مەكتەبەكان هەن كە تائێستا دروست نەكراون‌و دەسەڵاتەكانیان دیاری نەكراوە. بەشێوەیەكی گشتی رەشنوسی پەیڕەوەكە‌و ئەوەی لە پشتەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە، جۆرێكە لە دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، نەك كۆكردنەوەی دەسەڵات‌و ناوەندی بڕیار لە بازنەیەكدا، ئەمەش هەمان ئەو گرفتەیە كە یەكێتی لەدوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. پێشبینی جۆراوجۆر بۆ داهاتوو یەكێتی هەیە لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا، هەندێك دەڵێن ئەو گەنجانەی كە بەشێوەیەكی كتوپڕ سەركەوتوون بۆ سەركردایەتی، بێ ئەزموونن لە ئیدارەدانی سیاسەت لەناوخۆ‌و ناوچەكەدا، رەنگە یەكێتی دوچاری هەڵدێر بكەنەوە، هەندێكی تر بەپێچەوانەوە بیر دەكەنەوە، دەڵێن یەكێتی خوێنێكی تازە بەناو جەستەیدا هاتوچۆ دەكات، ئەم خوێنە تازەیە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زێڕێن. ئەمە لەكاتێكدایە كۆنگرەی چوارەم نەیتوانی بەتەواوەتی ململانێی نێوان گەنج‌و پیر لەناو یەكێتیدا بەلادا بخات‌و پیرەكان كە لە ئەنجومەنەكەی كۆسرەت رەسوڵدا كۆبونەتەوە چاوەڕوانی دەكرێت لە داهاتوودا مانوڕی سیاسی بكەن بۆ گێڕانەوە پێگە لەدەستچووەكەیان لە كۆنگرەی چوارەمدا. بەشێوەیەكی گشتی ئەوە دەردەكەوێت، كۆنگرەی چوارەم چارەنوسی یەكێتی داوەتە دەست پیاوە ئەمنییەكان، ئەوانەی لەگەڵ پارتی مامەڵەی سیاسییان كرد، لەپێگەیان درا، ئەمانەش هەمووی لەو گۆڕانكارییانەن كە كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی داهاتووی یەكێتی دەبێت.


(درەو میدیا): (درەو میدیا) دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی بۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، كە تێیدا باسلەوە دەكات، ئەو راسپاردنی كاندیدەكەی هاوپەیمانی بنیادنان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رەتدەكاتەوە‌و بەوەش دەستوری عێراق پێشێلدەكات، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆئەوەی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر بدەن. دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح بەزمانی كوردی: بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سڵاو و رەحمەت‌و بەرەكەتی خواتان لێ بێت نوسراوتان بە ژمارە (1360) لە رۆژی (23/12/2019)م پێگەیشت لەبارەی دیاریكردنی كوتلەی زۆرینە، بەوەی كە جەخت دەكات لەسەر ئەوەی (كوتلەی بنیادنان) كوتلەی زۆرینەیە، هەروەك نوسراوێكم لە (كوتلەی بنیادنانە) پیگەیشتووە كە كاندیدكردنی ئوستاز (ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی) لە خۆدەگرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران. لە پابەندبونمانەوە بە دەقی دەستور وەكو سەقفی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، بەرپرسیارێتی نیشتمانیم لەم بارودۆخە مێژوییە هەستیارەدا، لەبەر رۆشنایی ئەو دەستكەوتانەی كە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی رەوای رۆڵەكانی گەلەكەمان سەپاندویەتی، پێویستی كردووە لەسەرمان تەماشای بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكان بكەین بەر لە تەماشاكردنی ئیعتیباراتە كەسیی‌و سیاسییەكان. بەرژەوەندی باڵای وڵات، كە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەمدا سوێندم خواردووە بیپارێزم‌و بەرگری لێبكەم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی خستوەتە ئەستۆی سەرۆك، پشتیوانی لێكتێگەیشتن بكات لەبارەی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووەوە، كە بەرژەوەندی وادەخوازێت هۆكاری ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە بێت‌و مشتومڕی لەسەر نەبێت‌و وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت كە سەرچاوەی شەرعییەتی هەموو دەسەڵاتەكانە. زنجیرەیەك راوێژم لەگەڵ هێزەكانی ناو پەرلەمان‌و هێزە سیاسییەكان‌و چالاكی لاوان‌و سەندیكاو ئەكادیمی‌و ئاینی‌و كۆمەڵاییەكان كرد، لەبارەی تایبەتمەندی‌و مەرجەكانی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، داواكارییەكیش بە ئیمزای (174) پەرلەمانتارەوە پێشكەش كرا كە تایبەتمەندییەكانی سەرۆكی حكومەتی لەخۆگرتبوو. لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، بەرپرسیارێتی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر گەلەكەی‌و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكەی لەبەرامبەر سەقامگیری‌و سەلامەتی وڵات لەبەرچاوگیرا، لە سوربونمەوە بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتن‌و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی، خۆم دەبوێرم لە دانانی كاندیدی (كوتلەی بنیادنان). ژمارەیەك قسەی جیاواز لەبارەی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار، كە دژ بە یەكترن، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران/ نوسینگەی جێگری یەكەم لە رۆژی 16/12/2019 نوسراوی بە ژمارە (م.ر 1338) ناردووە‌و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە ئەو (16) هاوپەیمانێتییە سیاسییەی كە لە لیستێكدا هاوپێچكراوە لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوە كوتلەی زۆرینە‌و لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی راسپێدراوە بە پێكهێنانی حكومەت، لەدوای ئەم نوسراوە، لە 23/9/2019دا نوسراوێكی ترمان بەشێوەی دەستیی رادەستكراوە كە ژمارە (م. ر 2494)ی لە رۆژی 16/9/2018ی هەڵگرتووە‌و ئاماژەی بەوەكردووە كوتلەی بنیادنان گەورەترین كوتلەیەی پەرلەمانە لەڕووی ژمارەوە، بۆ زانیاری ئەم نوسراوە لەوادەی دیاریكراودا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نەنێردراوە‌و لەوكاتەدا لای ئێمە (وارد) نەكراوە، ئەوكاتە سەرۆك كۆمارمان هەڵنەبژاردبوو، سەرباری ئەوەی گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی كاندیدی پێكهێنانی حكومەت پێشكەش بكات لەلایەن كوتلەی بننیادنانەوە نەك لەلایەن ئەو (16) كوتلە هاوپەیمانەوە، دوای ئەوەی ئەم تێبینیانەمان نارد، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی تری نارد بە ژمارە (م.ر 1360) لە 23/12/2019 تێدا نوسرا بوو (سەبارەت بە بابەتی گفتوگۆلەسەركراو ئاماژەتان بۆ دەكەین بە نوسراوی ژمارە (م.ر 2494) لە 16/9/2018 واتە كوتلەی زۆرینە كوتلەی بنیادنانە‌و ئەو كوتلەیە پەیوەندیدارە بە كاندیدكردنەوە، ئەمەش دژ بە نوسراوی ئەنجومەنی نوێنەرانە بە ژمارە (2535) لە 2/10/2018‌و (م.ر 1338) لە 16/12/2019. لەچوارچێوەی ئەركەكەمدا بۆ پاراستنی دەستور، پێویستە ئاماژە بە ماددەی 76ی دەستور بكرێت كە سەرۆك كۆمار پابەند دەكات بە "پارێزگاریكردن لە سەربەخۆی عێراق‌و سەروەری‌و یەكێتی‌و سەلامەتی خاكەكەی"، هەروەها ماددەی 76 كە سەرۆك پابەند دەكات بە راسپاردنی كاندیدی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ ئەوەی مافی پەڵپگرتنی هەبێت. بەوەی ئەم هەڵوێستی خۆپارێزییە لە كاندیدكردنەكەی ئێستا كێشە لە دەقی دەستوردا دروستدەكات، بۆیە ئامادەیم بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆمار دەخەمە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەگونجاوی دەزانن، بەدڵنیایی خێر لە پۆستێكدا نابێت كە لە خزمەتی خەڵكدا نەبێت‌و زامنی مافەكانیان نەكات. من بەمە جەخت دەكەم لەسەر ئەوەی، جوڵەی سیاسی‌و پەرلەمانی دەبێت بەردەوام گوزارشت لە ئیرادەی میللی گشتیی‌و پێداویستییەكانی ئاسایش‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و مافی فەراهەمكردنی حوكمڕانییەكی رەشید بكات، كە ئاسایش بڕەخسێنێت‌و بگاتە ئاستی خواستەكانی گەل‌و قوبانیدانەكانی. لە بەلاغەتی ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تالبەوە (سلاوی لەسەر بێت) ئەم قسەیە وەردەگرم (الإمام علي: رحم الله امرءًا أحيا حقًا وأمات باطلاً ودحض الجور وأقام العدل)، دادپەروەری كرۆكی حوكم‌و مەبەستەكەیەتی، ئەوە ئامانجی كۆتایی دەستورو بەرپرسیارێتییە فەرمی‌و سەروەرییەكانە، هەروەك ئەوە دەستكەوتی گەلە دوای ئەو هەموو قوربانییانەی كە داویەتی بۆ پاراستنی نیشتمان‌و پارێزگاریكردن لە مافەكانی هاوڵاتیان. رەحمەت‌و نەمری بۆ شەهیدانی عێراق، ئاسایش‌و ئاشتی‌و بەرزیی بۆ گەلی عێراق، خوادا سەركەوتومان بكات.                                                                                                                                              بەرهەم ساڵح                                                                                                                                              سەرۆك كۆمار 


(درەومیدیا): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە 24ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، سیستمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزایەك یان زیاتر، لەگەڵ براوەی زۆرترین دەنگ پەیڕەوكراوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە كۆی (168)قەزا لە عێراق، (78) قەزا  كە ڕێژەكەی 46% ی كۆی قەزاكانی عێراق دەكات، ناگەنە ئاستی بازنەی هەڵبژاردن (كورسی پەرلەمان)، ئەوەش وادەكات بە قەزایەكی تر یان زیاتر بلكێندرێن بۆ پێكهێنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن. "سەعد ئەلعەبدەلی" شارەزای بواری هەڵبژاردن لەبەیاننامەیەكدا، دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی قەزاكان لەسەرجەم پارێزگاكان ڕووندەكاتەوە. "عەبدەلی" دەڵێت" ڕۆژی 24 ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد، یاسای نوێی هەڵبژاردن سیستمی فرەبازنەییە لەسەر ئاستی قەزایەك یان زیاتر، لەگەڵ براوەی زۆرترین دەنگ. ئەوشارەزایەی بواری هەڵبژاردن تێبینیەكانی لەسەر یاساكەو، ئەگەرەكانی جێبەجێكردنی ئەم سیستمە تازەیە لەبواری كرداریدا لەچەند خشتەیەكدا خستۆتەڕوو. تێبینییەكانی:  1-    یاساكە ئاماژەی بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان نەكردووە، ڕوونكردنەوەی خشتەی دابەشكردنی بازنە بڕیار لێدراوەكانی هەڵبژاردنیشی بۆ پەرلەمان جێهێشتوە كە بەمزوانە بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەركراوە هێشتنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانە وەك خۆی (329) لەسەر ئەو بنەمایەش لەو خشتانەی خوارەوەدا بەهەمان ژمارە دابەشكارییەكانكراوە.  2-    لەدەستنیشانكردنی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگاو قەزایەكدا پشت بە دواین  ئامار بەستراوە كە چەندڕۆژێك لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بڵاوكراوەتەوە.  3-    تێبینی جیاوازی گەورە هەیە لە ئاماری وەزارەتی پلاندانان لە نێوان كۆی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە كە ڕەنگی سور كراوە، لەگەڵ كۆی ژمارەی دانیشتوانی قەزاكان لە پارێزگاكان وەك ئەوەی لە ئامارەكەدا بەسەوز  ڕەنگكراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش پشت ژمارەی تایبەت بەقەزاكان بەستراوە.  4-    بەپێی ئەو خشتە هاوپێچكراوانە ڕووندەبێتەوە كە تێكڕایی هەڵبژاردنی نیشتمانی (نرخی كورسی)، 123 هەزار و 595 دەنگە بۆ هەر كورسیەك، ئەو ژمارەیەش جیاوازی هەیە لەو ژمارەیەی كە لە بڕگەی یەكەمی مادەی 49ی دەستوری عێراقدا هاتووە كە دەڵێت ( ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێكدێت لە ژمارەیەك ئەندام بە ڕێژەی كورسییەك بۆ هەر 100 كەس كە نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق دەكەن). 5-     لەو خشتانەی خوارەوەدا بۆ دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پارێزگاو قەزاكاندا (بازنەكانی هەڵبژاردن) كە ژمارەیان 320 كورسییە، كورسی كۆتاكان كە ژمارەیان 9 دانەیە دابەشنەكراون،  چونكە ئەو كورسییانە دابەشی قەزاكان ناكرێن، بەڵكو پارێزگاكە بە بازنەیەكی  هەڵبژاردن دادەنرێت لە دابەشكردنیدا. 6-    جیاوازی تێكڕایی هەڵبژاردن لەپارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر، بەجۆرێك بەرزترین تێكڕای هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك بووە كە نرخی كورسیەك گەیشتۆتە 136 هەزارو 663 دەنگ، لەكاتێكدا كەمترین تێكڕایی هەڵبژاردن لە پارێزگای زیقار بووەو، نرخی كورسیەك 113 هەزار و 176 دەنگ بووە. 7-    لەم خشتانەی تایبەت بە دابەشكردنی كورسی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن (قەزاكان) دەردەكەوێت، هەندێك لە قەزاكان (بازنەی هەڵبژاردن) پشكی چەندین كورسییە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوان لەچەندین قەزا ناگەنە ئەوەی بەتەنیا ببنە بازنەیەكی  هەڵبژاردن، ئەوەش وادەكات دوو قەزا یان زیاتر یەكبخرێن بۆ ئەوەی ببن بە بازنەیەكی هەڵبژاردن. 8-    (قەزای موسڵ) لە پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەكەمی قەزاكاندایە كە زۆرترین ژمارەی كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت، ژمارەی كورسییەكانی دەگاتە 15،8 كورسی، بەدوایدا قەزای (رەسافە) دێت لە بەغدادی پایتەخت بە 14،62 كورسی، دوای ئەویش قەزای (كەرخ) لەبەغداد لەپلەی سێیەم  دێت بە 12،88 كورسی. لەبەرامبەردا قەزای(ماوەت) لە پارێزگای سلێمانیش كەمترین بەشی كورسیەكی بەردەكەوێت بە ڕێژەی 0.08 كورسی پەرلەمان، قەزای (سەلمان) لە پارێزگای موسەننا بە رێژەی 0،10 كورسی، قەزای (خانەقین )یش لە پارێزگای دیالە بە ڕێژەی 0،12 كورسی بەردەكەوێت.  9-    بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە كۆی (168)قەزا لە عێراق، (78) قەزا  كە ڕێژەكەی 46،42% ی كۆی قەزاكانی عێراق دەكات، ناگەنە ئاستی بازنەی هەڵبژاردن (كورسی پەرلەمان)، ئەوەش وادەكات بە قەزایەكی تر یان زیاتر بلكێندرێن بۆ پێكهێنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن. ئەوشارەزایەی بواری هەڵبژاردن ئەوەش ڕووندەكاتەوە، ئەركی بەشكردن و  دابەشكردنی  بازنەكانی هەڵبژاردن دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی عێراق، لەكاتێكدا جێبەجێكردنی ئەركی ئەو دابەشكردنە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان  كە بەمزوانە پێكدەهێنرێت.


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، پارەو هێز رۆڵی خۆیان گێرا لە یەكلاكردنەوەو سەركەوتنی كاندیدەكاندا، لاهور شێخ جەنگی كۆنگرەی بە قازانجی خۆی شكاندەوە، بەشێك لە كارەكتەرە نزیكەكانی باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەرنەچوون، باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەروی پێگەو قورساییەوە لاواز بوون، پەڕو باڵی نزیكەكانی بەرهەم ساڵح كرا، كەركوكیەكان و نزیكەكانی دلێری سەید مەجید لەدوای لاهور تاڵەبانی سەركەوتووەكانی ناو كۆنگرەبوون، ئەوانەی پێیاندەوترا "ریفراندۆمچی" دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتی بە تەواوی لە دژی سیاسەتەكانی پارتی بیردەكەنەوە. لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی هاوكێشەكان بەم شێوەی خوارەوەی لێهاتووە : * باڵی ماڵی مام جەلال گۆڕدرا بە باڵی بنەماڵەی شێخ جەنگی بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، چونكە بەپێی ئەنجامەكان لە بازنەكانی (هەولێرو سلێمانی و كەركوك و دهۆك و موسڵ و راپەرین و هەڵەبجەو شارەزوور و كۆیە و سۆران و حەمرین و بەغداو ...هتد) زۆرینەی رەهای ئەو كەسانەی یەكەمبوون، یاخود دەرچوون بۆ ئەنجومەنی گشتییی سەركردایەتی، لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیكن، یاخود لە لیستی پاڵێوراوەكانی ئەودابوون و ئەو پشتگیری كردوون. لەم كۆنگرەیەدا باڵەكەی لاهور شێخ جەنگی لە دانان و حساباتی دەرچوواندنی ئەندامەكانیان لەسەرجەم بازنەكان زۆر بە وردی كاریان كرد، ئامانجەكانیان لەسەدا 99% پێكاوە. ئەو پەیڕەوەی دانرابوو بۆ مەرج و پێوەرەكانی كاندیدبوون لە بەرژەوەندی ئەوان نوسرابوو. لە ماڵی مام جەلال قوباد تاڵەبانی بە تەزكیە سەركەوت، هەرچەندە باڤڵ تاڵەبانی دووەم دەنگی كۆنگرەبوو، بەڵام ئەو كەسانەی ئەو و براكەی پشتیوانیان دەكردن هەموویان سەرنەكەوتن لە نموونەی یوسف گۆران و تەحسین نامیق و سەركەوت كوبە. باڤڵ تاڵەبانی چەند كەسێكی كەمی دەرچووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەموو رەمزەكانی شكاون. شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش كە یەكێكە لە میراتگرانی ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵی مام جەلال، لەو كۆنگرەیەدا تەنها توانیویەتی خۆی دەربچووێنێت، ئەویش بە دەنگێكی كەم، چونكە ناوبراو رووبەرووی دژایەتی زۆر بوویەوە. كەواتە لەم كۆنگەرەیەدا، دەركەوت ماڵی شێخ جەنگی زیاترو باڵادەسترن لە ماڵی مام جەلال. * گروپی كەركووكییەكان لە دوای باڵەكەی ماڵی شێخ جەنگی وەكو بەهێزترین باڵ دەركەوتن و لە كۆی ئەو 32 ئەندامەی سەركردایەتی لە سنووری خۆیان، زۆرینەی رەها هی خۆیانە. گروپی كەركوكییەكان هەماهەنگی باشیان لەگەڵ قائیمەكەی لاهور شێخ جەنگی هەبووەو ئەو دووباڵە لە داهاتوو كە دەتوانین بڵێین باڵی (لاهور+ كەركووكییەكان) ژمارە گەورە گەورەكەی نێو یەكێتیی دەبن، بەشێكی سەركەوتنی ئەو گروپە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە یەكگرتوون، پاشانیش لەگەڵ باڵەكانی دیكە بە یەك دووری مامەڵە دەكەن و هەرگیز هێلكەكانی خۆیان ناخەنە ناو یەك سەبەتەی بەرامبەرەكانیان. * بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی چووە ناو هاوپەیمانی پێگەكەی لەرووی قاعیدەی جەماوەریەوە لاوازبوو، بەڵام لەو كۆنگرەیەدا جگە لەوەی خۆی بە تەزكیە سەركەوت، لە هەمانكاتیشدا وەكو دەڵێن پەڕو باڵی كرا، ئەو چەند سەركردەیەی پێشووتریش كە لە گەڵیدابوون، زۆربەی زۆریان خۆیان كاندید نەكرد، یان دەرنەچوونەوە. كەواتە ئێستا بەرهەم ساڵح ئەگەر ببێتەوە سكرتێریش زۆر لاواز دەبێت و دەسەڵاتەكانی دیاریكراون دەبن، تەنها وەك واجیهەی یەكێتیی دەردەكەوێت. بەرهەم ساڵح لەوانەیە محمود سەنگاوی و حامیدی حاجی غالی و عدنانی حەمەی مینەی دەرچووێت، بەڵام زۆریشی دیكەشی بوونە قوربانی. * كۆسرەت رەسوڵ بەوە ناسرابوو بچێتە ناو هەر یاریەكی سیاسی ئەستەمە بدۆڕێت، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا حساباتەكانیان هەڵەبوو، ئەوان ئەگەر جاران لەبەرامبەر باڵی ماڵی مام جەلاڵ بەهێزیشبووبن، لەم كۆنگرەیەدا لەڕووی پێگەو قورسایەوە زۆر لاوازبوون، ژمارەی ئەو كەسانەی كە سەركەوتوون لە سەر لیستی ماڵی كاك كۆسرەت بە نموونە لە سنووری هەولێر ناگاتە نیوە، لە بازنەكانی دیكەش هیچ كەسیان دەرنەچووە كە لێیانەوە نزیك بێت. یەكەم نەبوونی كوڕەكانی كۆسرەت رەسول لە هەولێرو ئەو لاوازبوونەیان، وادەكات كە ئەوان نەتوانن لە دانووستاندنی حزبەكەیان لەماوەی 45 رۆژی داهاتوو بۆ گۆڕانكاریكردن لە پەیرە و هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی سەرۆكایی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن و ئۆڕگانەكان داوای شتی زۆر بكەن. ئەگەر كۆسرەت رەسول سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەو حزبەش بێت، جارێ دیار نییە بە تەواوی دەسەڵاتەكانی چی دەبن ؟ بەڵام هەموو پێوەرەكان ئەو ئەنجومەنە جگە لەوەی موراعات دەكرێن، بەڵام ناشتوانن كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئەو حزبە هەبێت. * لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی قوتابی دلێری سەید مەجیدی ئیداری گشتیی و قاسەكەی یەكێتیی بوون باش هاتوونەتە پێشەوە، بۆ نموونە سەرباری ئەوەی برایەكەی دەنگێكی زۆری هێناوەو دەرچووە، هەریەك لە (شوانەی نۆكان و سالاری نۆكان لە سلێمانی و شێخ ئەحمەدی نۆكانیش لە هەڵەبجە) لە یەكەمەكانی كۆنگرەن خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسییە. * لەم كۆنگرەیەدا پارەو هێز زۆرترین حكومیان كردووە، كەواتە كێ زۆرترین پارەی هەبووبێت و هێزی ئەمنی و چەكداری لەبەردەستدابووبێت، براوەی كۆنگرەبوو، ئەوەش بە ئاشكرا لە لیستی دەرچووانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەردەكەوێت. * لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی پێیاندەوترێن "ریفراندۆمچی" بە تەواوی دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتیی بە تەواوی لە دژی پارتی بیردەكەنەوە.


درەو میدیا: لە كۆنگرەی چوارەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ( 9) ئەندامی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی سەركەوتن، كە ( 3) ئەندامیان پێشتر لە سەركردایەتی یەكێتیدا بوون. 🔹 باڤڵ جەلال تاڵەبانی 🔹 قوباد جەلال تاڵەبانی 🔹 لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی 🔹 ئاراس شێخ جەنگی تاڵەبانی 🔹 ئاڵا تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 بێگەرد تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 پۆڵا سیروان تاڵەبانی ( پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو) 🔹 تابان عەبدوڵا تاڵەبانی 🔹 جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی


درەو میدیا: ناوی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بڵاوكرایەوە كە لە كۆنگرەی چواری یەكێتی هەڵبژێردران  دوای كۆتاییهاتنی جیاكردنەوەی دەنگەكان، لیژنەی دادوەریی چوارەمین كۆنگرەی‌ یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ئه‌ندامانی ده‌رچووی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شبوون. -بازنه‌ی سلێمانی 23 ئه‌ندام -بازنه‌ی كه‌ركوك 32 ئه‌ندام - بازنه‌ی هه‌ولێر 15 ئه‌ندام - بازنه‌ی دهۆك 5 ئه‌ندام - بازنه‌ی به‌غدا 2 ئه‌ندام - بازنه‌ی سۆران 4 ئه‌ندام - بازنه‌ی نه‌ینه‌وا 3 ئه‌ندام - بازنه‌ی خانه‌قین 5 ئه‌ندام - بازنه‌ی شاره‌زوور 7 ئه‌ندام - بازنه‌ی گه‌رمیان 6 ئه‌ندام - بازنه‌ی چه‌مه‌چه‌ماڵ 3 ئه‌ندام - بازنه‌ی كۆیه‌ 3 ئه‌ندام -بازنه‌ی شه‌نگال 2 ئه‌ندام - بازنه‌ی حه‌مرین 2 ئه‌ندام -بازنه‌ی قه‌ره‌چووغ 1 ئه‌ندام - بازنه‌ی راپه‌رین 8 ئه‌ندام بەرەبەیانی ئەمڕۆ 26ی كانونی یەكەمی 2019، پرۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان  كۆتاییهات و لیژنەی دادوەرانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوی ئەندامانی دەرچووی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی راگەیاند. لیسیتی ناوەكان: د.بەرهەم ساڵح قوباد تاڵەبانی د.رێواز فایەق بازنەی سلێمانی: شوان قادر مەعروف ئاراس شێخ جەنگی جەزا سەید مەجید سالار عومەر نوری د.سۆران شەهید جەمال تاهیر ئاوات محەممەد غەفور مستەفا چاوڕەش د.جوان ئیحسان مامۆستا مەحمود قەرەداغی د. میران محەمەد عەباس وەستا حەسەن ئاسایش تەلار لەتیف محەمەد شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەتیف شێخ عومەر ئاسۆس عەلی شۆڕش ئیسماعیل سەركەوت زەكی بێستون سابوراوایی چرای شەهید ئاسۆی دەلاك جوتیار نوری د.عیزەت سابر پەروین كاكە حەمە شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی بازنەی كەركوك: لاهوور شێخ جەنگی بافڵ تاڵەبانی ئاسۆ مامەند رەفعەت عەبدوڵڵا جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی رزگار عەلی رەوەند مەلا مەحمود حەمەسوور دووشیوانی خالید شوانی وەستا رەسوڵ چەتۆ ساڵح ئەحمەد عەسكەری خاڵە كاكەمەد مستەفا چاڵاوی كاكەڕەش سدیق ئەحمەد غازی محەمەد حەمەڕەشید ستران عەبدوڵڵا ئاڵا تاڵەبانی هیوا عەبدوڵا ئەحمەد رێبوار تەها مستەفا كاوە سەلیم فەهمی بورهان عومەر دابان عەبدولكەریم كاكە حەمە خەمینە ساڵح ئەحمەد دریڤان شەهید عەبدولقادر ئاڤێستا محەمەد عیزەدین رزگار حاجی حەمە حەسیبە عەبدوڵا خورشید سیروان كوێخا نەجم هەڵكەوت عەبدوڵڵاعەزیز فریاڵ عەبدوڵا قادر دڵپاك تاهیر بازنەی هەولێر: فەرید ئەسەسەرد بورهان سەعید سۆفی قادر عەزیز شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ شادمان مەلا حەسەن دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هەرێم كەمال ئاغا فەهیمە سابیر حەمەد د.رێبوار ئیسماعیل د. دارا رەشید مەحمود ‎سەعدی ئەحمەد پیرە جەمال نادر حەمەد (حاجی مەسیفی) د.مەجید محەمەد ئەمین سادق ژینۆ محەممەد ئیسماعیل حوسێن د. شەونم زرار بڵباس بازنەی دهۆك: لەتیف تەها فەتاح سەلام عەبدوڵڵا محەمەد مامۆستا محەمەد ئەمین شێروانی ئاراس جیهانگیر محەمەد ئاغا ئیمان عەبدولڕەزاق محەمەد بازنەی بەغدا: پۆڵا سیروان تاڵەبانی هێرش حەبیب حەمید عەلی بازنەی سۆران: زوبێر عوسمان هەژار حسێن حەسەن كوێستانی ئارێز عەبدوڵڵا ئەحمەد فێنك ئەحمەد قادر بازنەی نەینەوا: رابیحە حەمەد عەبدوڵڵا نەسروڵڵا نەجمەدین سەیفەدین سەردار سەباح بورزو خورشید بازنەی خانەقین: مەحمود سەنگاوی د.خەسرەو گوڵ محەمەد بڵێسە جەبار فەرمان عیماد ئەحمەد شێركۆ میروەیس بازنەی شارەزوور: ئەحمەد حەمە كەریم باوەشێخ سەرتیپ عەلی محەمەد سالار سەرحەد خەلیفە یونس حەمەی حەمە سەعید حامی حاجی غالی شلێر غەفور عیزەت عەتا فەتاح مەحمود بازنەی گەرمیان: نەوشیروان ئەحمەد حەسەن شیرین شێخ حوسێن عەدنان حەمەی مینا تابان عەبدوڵڵا تەیب میقداد بەهادین محێدین محەمەد حاجی فایەق بازنەی چەمچەماڵ: سەركەوت محەمەد غەفور شاڵاو عەلی عەسكەری رێبوار عومەر حەمەسور حسێن بازنەی كۆیە: رەهبەر سەید برایم كۆیی ئەبوزێد ساڵح مستەفا فەوزیە نەزیر سابر محەمەد ئەمین بازنەی شنگال: ئەمین بابە شێخ شێخ داود شنگالی بازنەی حەمرین: كەریم شكور محەمەد ئیكرام عەلی ئەمین بازنەی قەرەچوغ: سابر ئیسماعیل حەمەد بازنەی راپەڕین: ئارام قادر خەبات پەروین بابەكر حەمە ئاغا بێگەرد تاڵەبانی عەزیز حەسەن عەزیز عەبدوڵڵا ئیسماعیل عەزیز ساڵح عوسمان خزر ئەحمەد زرار مەلا ئاری


(درەو میدیا): قوسەی سوهێل وەزیری خوێندنی باڵاو زانست‌و تەكنەلۆژیا كە لەلایەن هاوپەیمانێتی بنیادنانەوە كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كاندیدبوونی كشایەوە. لەنامەیەكدا كە ئاڕاستەی سەركردەكانی هاوپەیمانی بنیادنانی كردووە، قوسەی سوهێل نوسیویەتی:" رێزی زۆرم هەیە بۆئەوەی وەكو كوتلەی زۆرینە ئێمەتان كاندیدكردووە، بەهۆی ئەوەی بارودۆخەكە بەپێی خەمڵاندنی ئێمە لەبار نییە بۆ ئەم راسپاردنە، داواتان لێدەكەم رەزامەندی بدەن لەسەر داوای لێبوردن لە وەرگرتنی ئەو ئەركە، هیوای سەركەوتنتان بۆ ئەخوازم لە هەڵبژاردنی ئەو كەسەی كە گونجاوە لە بری ئێمە".  هاوپەیمانێتی بنیادنان كە كوتلەی هاوبەشی نێوان ئیئتلافەكەی نوری مالیكی‌و لیستەكەی عادی عامری-یە، ئێستا گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق‌و لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان، (150) كورسی هەیە، بەپێی دەستوری عێراق، كوتلەی زۆرینە مافی پێشكەشكردنی كاندیدی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، تائێستا سەرۆك كۆمار كەسی رانەسپاردووە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand