چانسی كاندیدەكانی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
2021-05-19 11:55:57
شیكاری: درەو
بەشی چوارەم: پارێزگای كەركوك
لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (١٤٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٢) کورسی دەکەن، (١١٣) كاندیدیان پیاوو (٢٩)یان ئافرەتن، لەم شیکارییەی (درەو)دا چانسی سەرکەوتنی كاندیدی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەبازنەكانی پارێزگای کەرکوک خراوەتەروو کە بە (١٥) کاندید بەشداری دەکەن (١١) كاندیدیان پیاوو (٤)یان ئافرەتن.
زانیاری گشتی
1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای کەرکوک (١٢) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2. لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (١٤٢) كاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٢) کورسی دەکەن، (١١٣) كاندیدیان پیاوو (٢٩)یان ئافرەتن.
3. کاندیدە کوردەکانی لایەنە سیاسییەکان پێکدێن لە (١٥) کاندید و (١١) كاندیدیان پیاوو (٤)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە؛
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٦) بەربژێر کە (٤) پیاوو (٢) ئافرەتن.
- پارتی دیموکراتی کوردستان (٢) بەربژێر کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن.
- نەوەی نوێ (٣) بەربژێر، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن.
- بزوتنەوەی گۆڕان (١) بەربژێری پیاو.
- حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٢) بەربژێری پیاو.
- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو.
- کۆمەڵی دادگەری هیچ بەربژێرێکی نیە.
- یەکگرتووی ئیسلامی هیچ بەربژێرێکی نیە.
4. ڕێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان، لە سەر ئاستی گشتی پاێزگای کەرکوک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، کاتێک پارێزگاکە (١) بازنەی هەڵبژاردن بووە؛
- یەكێتی نیشتیمانی؛ ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا و (6) کورسی پارێزگاکەی بردەوە.
- هاوپەیمانی عەرەبی: (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا و (3) کورسی پارێزگاکەی بردەوە.
- بەرەی توركمانی: (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا و (3) کورسی پارێزگاکەی بردەوە.
- لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
- جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
- پارتی دیموکراتی کوردستان: بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کرد.
5. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان.
6. هاوپەیمانی ئاشکرا هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، جۆرێك لە ڕێککەوتن و تەنسیقیش هەیە لە نێوان یەکێتی و لایەنە ئیسلامییەکان (لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو لە کەرکوک هیچ کاندیدێکیان پێشکەش نەکردووە، بەڵام دیار نییە دەنگدەرانی ئەو دوو پارتە ئامادەن دەنگ بە کاندیدەکانی یەکێتی بدەن؟
7. ئەگەری ساختەکاری ئەگەر جارێک چاوەڕوانکراوبێت لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پارێزگای کەرکوک ئەگەرەکە دەبێتە دوو هێندە. چونکە پارێزگای کەرکوک ناوچەیەکی هەستیارە بۆ کورد و عەرەب لەلایەک، هەوڵی لایەنە کوردییەکانیش بۆ بەدەستهێنانی کورسی و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هێشتنەوەی پێگەی ئێستای لە لایەکی تر. ئەنجامدانی ساختەکاری ئەگەرێکی بەهێز دەبێت.
بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (١): رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (دوبز، رەحیماوە، عەرەفە، قۆریە ئەڵماس، موسەڵا، ئسکان، قادسیە، شۆریجە، حوریە، ئاڵتون کۆپری، لەیلان و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛
1. بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بۆ کۆتای ئافرەتان.
2. (٤١) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٣١) پیاو و (١٠) ئافرەتن.
3. زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی کوردن، كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی بازنەیەکە بباتەوە، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی کورد (٢١٥ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (١٦) هەزار دەنگ و پێکهاتەی تورکمان (١٠) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کورد (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانی ئەم زۆنەی بردەوە.
4. لایەنە سیاسییە کوردیەکان بە (٩) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)) کە (٨) یان پیاوو (١) ئافرەتن.
5. لەم بازنەیە لایەنە كوردیەكان زیاتر تەركیزیان لەسەر هەڵبژاردنی 2014 ەو پێیان وایە هەڵبژاردنی 2018 نارونی و ساختەكاری زۆری تێدابوو، بۆیە دەنگی لایەنەكان لەم بازنەیەبەم شێوەیە بوو
- كورد: (215 هەزار) دەنگ
- عەرەب: (16 هەزار) دەنگ
- توركمان: ( 10 هەزار) دەنگ
خشتەی ژمارە (١)
بەربژێری لایەنەکان سیاسییە کوردییەکان بۆ بازنەی (١)
چانسی بەربژێری لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- ئەگەر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوو (٢٠١٨) دووبارە ببێتەوە، ئەوا یەکێتی سەرجەم کوردسییەکانی ئەم بازنەیە دەباتەوە.
- (ئاڵا تاڵەبانی) کە تاکە کاندیدی نێو هێزە سیاسییە کوردییەکانە چانسێکی بەهێزی هەیە کە بەبێ سیستمی کۆتا سەربکەوێت، بەمەش چانسی سەرجەم کاندیدە ئافرەتەکانی بازنەکە لەباردەبات کە جگە لە خۆی (٩) ئافرەتن، بۆ جاری پێنجەم دەبێتەوە بە پەرلەمانتار.
- لەم بازنەیەدا یەكێتی چاوی لە دەرچونی (4) كاندیدەكەیەتی هەرچەندە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕأن هەیە، بۆیە ئەگەر یەكێتی لەم بازنەیە (49 چوار كاندیدەكەی خۆی دەربچێنێت و كاندیدەكەی گۆڕانیش ئەوا هیچ كورسیەك بۆ كاندیدەكەی پارتی و نەوەی نوێ نامێنێتەوەن كە هەردووكیان بەهێزن.
پارتی دیموکراتی کوردستان
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو لە کەرکوک، بەڵام خولی پێشتر دوو كورسی هەبوو لەوپارێزگایەن بۆیە دوور نییە لەم خولەدا خۆی بۆ بردنەوەی کورسییەک ئامادە کردبێت کاندیدێکی بەهێزی پێشکەش کردووە کە (شاخەوان عەبدوڵا)یەو تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە، ئەگەری سەرکەوتنی زۆری هەیە، چونکە سەرجەم دەنگەکانی پارتی لە بازنەکە کۆ دەکاتەوە.
نەوەی نوێ
لەم بازنەیەدا نەوەی نوێ كاندیدێكی پێشكەشكردووە بەناوی (ئومێد محەمەد) لەهەڵبژاردنی رابردوو نەوەی نوێ لەكەركوك ( 13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنابوو كە زۆرینەی زۆری لەم بازنەیە بوو، بۆیەئەم كاندیدەی نەوەی نوێ چانسی سەركەوتنی هەیە.
بزوتنەوەی گۆڕان:
لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە كاندیدك بەشداری كردووە بەناوی ( محەمەد نەسرەدین) گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانی هەیە، لە هەڵبژاردنی رابردووش لەچوارچێوەی لیستی نیشتیمانیدا بوو كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
ئەگەر رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نەكردبێت بۆ سەركەوتنی كاندیدەكەی دەنگەكانی بەشی بەدەستهێنانی كورسیەك ناكات.
سۆسیالست
لەم بازنەیەدا حزبی سۆسیالیست كاندیدێكی هەیە، بەناوی ( رێباز محەمەد) لەهەڵبژاردنی رابردوو ( 7 هەزارو 509) بەدەستهێناوە، بەشی زۆری دەنگەكانی لەم بازنەیە بووەن بەڵام ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی سۆسیالیست لاوازە.
بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (٢): قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (واست، تسعین، داقوق، قۆریە، رێگای بەغدا، قادسیەی، تازە- رشاد، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز، حەی نور، یایچی و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی دوو؛
1. بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٤) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (٣) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بۆ کۆتای ئافرەتان.
2. (٦٠) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٤) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٤٩) پیاو و (١١) ئافرەتن.
3. ململانێیەکی زۆر لەم بازنەیەدا دەبێت، ژمارەی دەنگدەرانی پێکهاتەکان لە یەکترەوە نزیکن و بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی تورکمان (٧٩) هەزار دەنگ و پێکهاتەی کورد (٧١ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (٤٧) هەزار دەنگ بەدەستهێناوە.
4. پێکهاتەی کورد لەم بازنەیەدا لە باشترین حاڵەتدا (٢) کورسی دەباتەوە.
5. لایەنە سیاسییە کوردسییەکان بە (٥) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) کە (٢) یان پیاوو (٣) ئافرەتن.
خشتەی ژمارە (٢)
بەربژێری لایەنەکان سیاسییە کوردییەکان بۆ بازنەی (٢)
چانسی بەربژێری لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- یەکێتی ئەگەر بتوانێت نزیک لە سەرجەم دەنگی پێکهاتەی کورد لەم بازنەیە کۆ بکاتەوە، نزیک دەبێتەوە لەوەی هەردوو کاندیدەکەی سەربخات.
- دوور نیە تموحی یەکێتی بۆ بردنەوەی (٢) کورسی، هیچ چانسێکی نەمێنێت، ئەویش کاتێک کاندیدە ئافرەتەکەی دەنگێکی زۆر کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی کاندیدە پیاوەکەو سەرنەکەوێت و کاندیدێکی ئافرەتی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا سەربکەوێت، سەرکەوتنی کاندیدە پیاوەکەش بکەوێتە مەترسییەوە.
- دوور نیە یەکێتی یەکێک لە کاندیدەکانی نەکشێنێتەوە بۆ مسۆگەر کردنی سەکەوتنی کاندیدەکەی تری.
پارتی دیموکراتی کوردستان
- پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە (چونکە نفوزی زۆر لاوازە)لەم بازنەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین چانسێکی کەمی هەیە، ئەویش ئەوەیە کاندەکەی ئافرەتە.
- ئەگەر یەکێتی کاندیدە ئافرەتەکەی بکشێنێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی کاندیدە پیاوەکە، ئەوا کاندیدەکەی پارتی ئەگەرێکی لاوازی بۆ دروست دەبێت بە دەنگی کۆتا سەربکەوێت، ئەویش ئەگەر کاندیدێکی ئافرەتی پێکهاتەی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی سەرنەکەوێت.
نەوەی نوێ
- ئەو سیناریۆیەی بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی هەیە، بەهەمان شێوە بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی نەوەی نوێش ڕاستە، چونکە یەکێتی و پارتیش چاویان لە کۆتای ئافرەتەو ئەمەش ڕکابەرییەکی زۆر دەخاتە نێوان لایەنە کوردییەکان لە لایەک و کوردو پێکهاتەکانی دیکە لەلایەک.
سۆسیالست
- چانسێکی ئەوتۆی بۆ نامێنێت، چونکە کورد لە باشترین دۆخدا دەتوانێت یەک کاندید پیاو سەربخات ئەویش ڕەنگە کاندیدەکەی یەکێتی بێت، چونکە لەناو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکێتی نفوزی لە سەرجەمیان زیاترە لەم بازنەیە.
بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (٣): حەویجەو ریاز، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسیو زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛
1. بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بچوکترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٣) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (١) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان.
2. (٤١) بەربژێر لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (٣٣) پیاو و (٨) ئافرەتن.
3. زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی عەرەبن، لایەنە سیاسییە كوردییەکان دەستیان لەم بازنەیە هەڵگرتووە، تەنها جوڵانەوەی نەوی نوێ نەبێت بە تەنها کاندیدێکی ژن بەشیداری کردووە بەناوی (مەروە عەلی حەمید)، چانسێکی لاوازی هەیە، چونکە پێکهاتەی عەرەب ئەو ناوچەیە بە جێنفوزی خۆیان دەزانن و دوور نیە ئەگەر بە ساختەکاریش بێت نەهێڵن لە دەستی خۆیان دەربچێت، چونکە بەشێکە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکهاتەکان لە پارێزگای کەرکوک.
پێشبینی كۆتایی
بەپێی لێكدانەوەكانی سەرەوە دابەشكردنی كورسیەكان بەم شێوەیە دەبێت:
- یەکێتی ٤-٥ کورسی پێشتر (٦) كورسی هەبووە لەپارێزگای کەرکوک
- پارتی ١ کورسی پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک
- نەوەی نوێ ٠-١ کورسی پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک
- گۆڕان ٠-١ کورسی پێشتر كورسی نەبووە لەپارێزگای کەرکوک
راپۆرتی پەیوەندیدار
بەشی سێیەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای دهۆك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەشی دووەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەشی یەكەم: چانسی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق