درەو: بەرلە پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پرۆژە یاسای چاكسازی بەپێی دوایین رەشنوسەكەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە كە نوێنەرانی هەرسێ لایەنی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان)ی تێدایە و بەكۆی دەنگ پەسەندیانكردووە. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی رۆژی 8/1/2020 ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگی ئەندامەكانی كە پێكهاتووە لە وەزیرەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، سۆسیالیست، پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی) پرۆژە یاسای چاكسازیان پەسەند كردووەو هەموویان رەزامەند بوون كە خانەنشینی پلەباڵاكان بەو شێوەیەی لێبێت كە ئێستا لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە. لە مادەی (7) پرۆژە یاسای چاكسازیدا كە بڕیارە سبەینێ لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و(پرسی خانەنشینی پلە باڵاكان بەم شێوەیە داڕێژراوە: - رێژەی 25% لە كۆی دوا موچەو دەرماڵە - رێژەی 2.5% لە كۆی گشتی دوا موچە و دەرماڵە بۆ هەرساڵێكی خزمەت - شایستەی موچەی خانەنشین نابێت لە رێژەی 70% تێپەڕێت دواتر لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان بڕگەیەكیان بۆ بۆ ئەو پەرلەمانتارانە زیادكرد كە تەمەن ساڵی خزمەتیان نیە كە ئەویش: - 40%ی كۆی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایەو لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر نوسیوە، بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكراوە كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینیو ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە، بەڵام لە پرۆژە پەسەندكراوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان بەمشێوەیە جێگیركراوە: • پلەباڵاكان ئەوانەی ساڵی خزمەتو تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای. • ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەنو ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرنو سنوری بۆ دانەنراوە.
راپۆرتی: درەو دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانو "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕووبەری ناكۆكییەكانی ناو گروپە چەكدارەكانی شیعە ڕوونترو زەقتر دەكەونە بەرچاو، بەتایبەت پابەندنەبوونی ئەو گروپانە بەبڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست بەكارو جوڵەكانیان، بەوپێیەی بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق. لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق لەمانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەپێی یاسایەك كاری گروپەكانی حەشدی ڕێكخست، بەوپێیەش ڕێگەنادات ئەو گروپە چەكدارانە ناوە كۆنەكانیان بەكاربهێننو، دەبێت پابەندبن بەو دابەشكارییە نوێیەی كە لەچوارچێوەی لیوا و فەوجی سەربازیدا بۆی ڕێكخستوون،بەڵام لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەك لەم گروپانە گەڕانەوە بۆ كاركردن بەشێوەیەكی سەربەخۆو، دەركردنی بەیاننامە بەناوی گروپەكانیانو، تەبەنی كردنی هەڵوێستی سیاسی و ئەمنیی دوور لە دەستەی حەشدی شەعبیو، بڕیارەكانی حكومەتی عێراق. بەقسەی بەرپرسێكی دیاری عێراق، ئەو گروپانەی كە نزیكن لە ئێرانەوە لەمانگێكدا ڕۆژێك پەیوەندییان بە حكومەتی عێراقەوە هەیە، ڕۆژی" 26 هەموو مانگێك" وەك ئاماژەیەك بۆ ڕۆژی وەرگرتنی موچەكانیان. ئەو بەرپرسە عێراقییە كە بۆ ڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" ئەو قسانەی كردووە، ڕاشیگەیاندووە: یاخیبون و سەرپێچی هەیە لە یاساكانی تایبەت بەحەشدی شەعبیو(مەرسومی دیوانی ژمارە 331)كە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردودا دەرچووە. ڕونیشكردۆتەوە دانانی ئاڵای حەشدی شەعبی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیاندا لەپاڵ ئاڵای گروپەكانی تر كە ئێران بە میحوەری بەرەنگاربوونەوە لەناوچەكە ناویاندەبات، ئیحراجییەكی زۆری بۆ حكومەتو، هێزە سیاسیەكانی عێراق دروستكردووە. گروپە چەكدارەكانی ( حزبوڵاو نوجەباو عەسائیبو بەدرو بودەلاو ئیمام عەلیو سەیدلشوهەداو خۆراسانی) پێیانوایە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست نییە بەوانو وەك گروپی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی عێراق دەكەن، نەك لەژێر باڵی حەشدی شەعبی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی دەوڵەتی عێراق. لەدوای هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاوە بۆ سەربنكەو بارەگاكانی گروپی (كەتائیبی حزبوڵا) لە قەزای "قائیم" لە خۆرئاوای عێراقو، پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبیو بەشداریكردنی سەركرد دیارەكانی ئەو گروپانە، سەرەتای یاخیبوونی ئاشكرا لە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دەركەوت. كوژرانی (قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندس)یش، هێندەی تر كێشە ناوخۆییەكانی قوڵكردنەوە، كە ڕەنگە سیمای دیاری ئەو ململانێیانە لەئێستادا كێبڕكێ كردن بێت لەنێو سەركردەكانی ئەو گروپانە لەسەر دەسەڵاتو هەژموونو نزیكبوونەوەو بەدەستهێنانی سۆزی زیاتری ئێران لە قۆناغی داهاتوودا. دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە (24) كاتژمێر بەسەر كوژرانی "ئەبومەهدی موهەندیس"ی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند، بەكۆی دەنگ"هادی عامری" سەرۆكی ڕێكخراوی (بەدر)یان بۆ شوێنكەی"موهەندیس" دەستنیشانكردووەو، پەیامیان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد ڕێكارە یاساییەكان بۆ دانانی "عامری" ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی فەرمی لەوباریەوە نەنراوە، باسێكیش بەناوی پڕكردنەوەی ئەو شوێنە لەگۆڕێ نییە، ئەگەری زۆر هەیە ئەوەش بەشێك بێت لەكێشەی ناو گروپەكانی حەشدی شەعبی، یان كێشەكانی تر ڕێگربن لەم هەنگاوە. خراپی دۆخی سیاسی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرو، لاوازی لەبڕیاردان وەك زۆرێك لە چاودێران دەڵێن، وایكردووە حەشدی شەعبی لەئێستادا زیاتر قاوغێكی كارگێڕییو سەرچاوەی دارایی گروپە چەكدارە شیعییەكانبێتو، حكومەتی عێراق ڕۆلێكی ئەوتۆی نەمابێت لەئاراستەكردنییان. لەدوای دەستنیشانكردنی "ئیسماعیل قائانی" بە فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەلایەن ڕابەری شۆڕشی ئێرانەوە، زۆرێك لەسەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی سەردانیان كردووەو لەنزیكەوە بینویانەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەكانیان بڵاوكردۆتەوەو، پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردۆتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق بەردەوام باس لەسەروەری وڵاتو، ڕەتكردنەوەی تەرفگیری دەكات لە كێشەكانی نێوان "تارانو واشنتۆن"دا، سەركردەكانی ئەم گروپانەش سەربازو پلەداری فەرمی دەوڵەتی عێراقن!. "محمەد ئەلبەسری" كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەلێدوانێكدا بۆ هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەبوونی ناكۆكی كردووە لەنێو گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەقسەی ئەو بەشێك لە گروپەكان پێداگری دەكەن لەسەر وەشاندنی گورز لە سوپای ئەمریكا، لەكاتێكدا هەندێكی تریان داوای دانبەخۆداگرتن دەكەن. ڕاشیگەیاندووە: ئەو موشەكانەی بەمدواییە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزو بنكەی ئاسمانی (بەلەد)كراون، هەندێك گروپی دیاریكراو ئەنجامیانداوە، ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە بۆ "فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیو ڕێنماییەكانی ئەم دواییەی دەریكردوون، زیاتر لەوەی بیانەوێت هێزەكانی ئەمریكا بكەنە ئامانج. پاشگەزبوونەوەی زۆرێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبیش لەو هەڕەشانەی لەدوای كوژرانی "سولەیمانی و موهەندیس"لەسوپای ئەمریكایان كرد لە عێراق، زیاتر لەژێر فشاری ئێراندا بووە، نەك ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق. "مایك پێنس" جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەوبارەیەوە وتی: ئاماژەمان پێگەیشتووە كە ئێران داوای لەگروپەكانی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كردووە سوپای ئەمریكا لە عێراق نەكەنە ئامانج، ئەوەشی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد. "عەسائیبی ئەهلی حەق" كە یەكێكە لەگروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانو لەدوای هێرشی ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی گروپی "كەتائیبی حزبوڵا" لە قەزای "قائیم" و لەدوای كوشتنی "سولەیمانی و موهەندیس" زۆرترین هەڕەشەی لە ئەمریكا كرد، ئێستا بە ئاشكرا دژایەتی ئەو هێرشانە دەكات. "جەواد تلێباوی" سەركردە لە گروپی "عەسائیب" لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: قسەكردن لەبارەی ئەوەی حەشدی شەعبی ناوچەی سەوزی بەغدادو باڵیۆزخانەی ئەمریكای بە مووشەك كردۆتە ئامانج، ناڕاستە. ئەو كارەشی بەڕەفتاری شەخسی ناوبردووە، وتوشیەتی ڕەنگە بۆ شێواندنی ناوبانگی حەشد بێت. تەئكیدیشی كردووە: حەشد هیچ پرۆسەیەكی سەربازی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو بوونی سەربازیی ئەمریكی ئەنجامناداتو، ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت پێشێلناكات. "هیشام هاشمی" شارەزایی بواری ئەمنیی لەلێدوانێكدا دەڵێت: لێدوانی سەركردەكانی حەشدی شەعبیو قسەكانو هەڕەشەكانیان بە بەرەنگاربوونەوەی چەكداریی بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا، ئاماژە بە دابەشبونێكی ڕووندەدات لەنێو سەركردەكانو گروپە چەكدارەكانی شیعە. لەدوای كوژرانی (قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس)وە، گروپە چەكدارەكانی شیعە چوار هێرشی مووشەكییان كردۆتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی شاری بەغدادو بنكەی ئاسمانی (بەلەد) لەپارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ڕاگەیاندراوەكانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بێت، هیچكام لەو هێرشانەی ئامانجەكانیان نەپێكاوەو زیانی بە سوپای ئەمریكا نەگەیاندووە، تائێستا سوپای ئەمریكاش لەبارەی ئەو هێرشانەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە.
(درەو): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق ئێستا لە هەرێمی كوردستانە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) عەبدولمەهدی لە هەرێمەوە دەیەوێت پشتیوانی مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران زامن بكات. سەرچاوەیەكی ئاگار لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" عەبدولمەهدی تاڕادەیەك پشتیوانی موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون-ی بەدەستهێناوە بۆ مانەوە لە پۆستەكەی، كە لەگەڵ هادی عامریدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەناوی (هاوپەیمانی بونیادنان) كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقن. سەدر سەرەتاو دوای توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان لە شەقام، بەتوندی لەدژی عەبدولمەهدی وەستایەوەو داوای لێكرد دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەڵوێستی عەبدولمەهدی لەبارەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق سەرەنجی لایەنە شیعەكانی بەلای خۆیدا راكێشاوەو دەوترێت تاڕادەیەكیش مەرجەعیەت ئێستا كێشەی لە مانەوەی عەبدولمەهدی نییە لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێشتا نەتوانراوە كەسێك بۆ بەدیلی ئەو دیاری بكرێت لە پۆستی سەرۆك وەزیران. یەكێك لە میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای كوردەوە رایگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە دیداری ئەمڕۆدا پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی دەربڕیوە، بەڵام (درەو) لەئێستادا بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست، ناتوانێت راستی ئەم هەواڵە پشتڕاستبكاتەوە. مانگی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا بەشێوەی كاربەڕێكەر حكومەت بەڕێوەدەبات، كاندیدی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە وادەی دەستوری لەدانانی كاندیدی جێگرەوەدا بەتەواوەتی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە پێشێلكراوە. عادل عەبدولمەهدی لە ساتی نوسینی ئەم هەواڵەدا لە شاری سلێمانییەو لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، دیارنییە یەكێتی هەڵوێستی چۆن دەبێت لەبارەی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی یەكێتیو سەرۆك كۆماری عێراقە، ماوەیەكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەبدولمەهدی ئاڵۆزی تێكەوتووەو دەوترێت متمانە لەنێوانیاندا لاواز بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پێدەچێت یەكێتی نیشتمانیش پشتیوانی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی رابگەیەنێت، چونكە بەم هەنگاوە یەكێتی بەرهەم ساڵح لە كێشەی كاندیدی سەرۆك وەزیران رزگار دەكاتو زامنی مانەوەی دەكات لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا. هەوڵی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكاتێكدایە هێشتا لەلایەن شەقامی ناڕازییو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەوە لە شاری جیاوازەكان، دژایەتی مانەوەی دەكرێت لەو پۆستە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت سبەینێ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی دەكات، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران داوایان كردووە دانیشتنەكە داخراو بێت، واتە لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت، ئەمە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوەیە كە لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە پرۆژەیاساكەدا دروستبووە، تائێستا لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەك پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی رەتكردوەتەوە. ناڕەزایەتییەكی نوێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوای بڵاوبونەوەی كرۆكی پرۆژەیاسای چاكسازی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژ بە لابردنی مەرجی (تەمەن)و (ساڵی خزمەت) لەسەر موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دروستبووە. لە كەمپەینی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستاندا، بەردەوام بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان تەوەری گەرمی گفتوگۆو بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، تا ئەو رادەیەی زۆرێك لە كاندیدی لیستە جیاوازەكان لەپێناو زامنكردنی متمانەی دەنگدەرەكانیان، لەكاتی كەمپەینەكاندا بانگەشەی ئەوەیان كردووە موچەی خانەنشینی وەرناگرن، بەڵام تائێستا تەنیا یەك پەرلەمانتار بە ئاشكراو بە شێوەی یاسایی موچەی خانەنشینی رەتكردەوەو وەرینەگرت كە ئەویش (فرسەت سۆفی) ئەندامی خۆلی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، فرسەت سۆفی ئێستا پارێزگاری هەولێرە. فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان سەرباری بەڵێنەكانیان بۆ پێداچوونەوە بەو یاسای تایبەت بە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام هەرگیز ئەم بابەتەیان بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەر نەكرد، تائەوكاتەی مانگی شوباتی 2018 حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتو بارگرانیی دارایی و شەڕی "داعش"دا بە ناچاری لە پرۆژەیاسایەكدا بابەتی كەمكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانی وروژاند، بەڵام كاتێك پرۆژەیاساكە چووە پەرلەمان، بەوشێوەیە پەسەندنەكرا كە چاوەڕوان دەكرا، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، لەژێر فشاری ناڕەزایەتی شەقامدا، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە، یاساكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئەوەی ئێستا بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەرە بداتو ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەمان ئەو بڕگەیەیە كە تایبەتە بە خانەنشینی پلەباڵاكانو لە خولی پێشووی پەرلەماندا لەژێر فشاری ناڕەزایەتییەكان پەسەندكردنەكەی هەڵوەشایەوە، پێدەچێت مێژووی خۆی دووبارە بكاتەوە. كۆبونەوەیەك لە تاریكیدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا لەناو پەرلەمانتارانی كوردستاندا هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بەشێوەی داخراو بێتو لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت. ئەوانەی داوا دەكەن دانیشتنەكە داخراو بێت، بەهانەیان ئەوەیە هیچ پەرلەمانتارێك لەبارەی بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكانەوە لەبەردەم كامێراكاندا "موزایەدە" نەكات. لەبەرامبەردا هەندێك لە پەرلەمانتاران داوا دەكەن دانیشتنەكە بەشێوەیەكی كراوە بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی خەڵك هەڵوێستی هەموو فراكسیۆنەكان بە راشكاوی لەبارەی ئەو بڕگەیەوە ببینێت كە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە شەقام نیگەرانی دروستكردووە. ئەوانەی داوای دانیشتنی كراوە دەكەن، مەترسییان هەیە سبەینێ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوەی یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە تایبەت بە "یاسای ماددە هۆشبەرەكان"، دانیشتنەكە بكات بە دانیشتنێكی داخراو، بەوپێیەی یاسای ماددە هۆشبەرەكان یاسایەكە كە رەهەندی ئاسایشی نیشتمانی هەیەو ناكرێت بۆ رایگشتی پەخش بكرێت. لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵێكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی دانیشتنەكە یاخود كاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی چاكسازی، بەشێوەی كراوە بەڕێوەبچێتو بۆ میدیاكان پەخش بكرێت. بەپێی ماددەی (9)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمدا پەسەندكرا: • دانیشتنەكانی پەرلەمان، بە ئاشكرا دەبن • دەكرێت دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆك، یان (1/4) چواریەكی ئەندامانو بەرەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن. (چواریەكی پەرلەمان واتە لەكۆی 111 ئەندام 23 ئەندامیان داوا بكەن دانیشتنەكە داخراو بێت) • لەكاتی پێویستدا دەكرێت، دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆك وەزیران، بە رەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن لەبارەی خانەنشینی پلەباڵاكانەوە بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە سبەینێ پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكاتو هەر لەم هەفتەیەدا پەسەندی بكاتو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە: • پلەباڵاكان، ئەوانەی ساڵی خزمەتو تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای. • ئەو پلەباڵایانەی، كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەنو ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، ئەمە سەرچاوەی ئەو ناڕەزایەتیەیە كە دروستبووە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرنو سنوری بۆ دانەنراوە. نامەكەی نەوشیروان مستەفا بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، لەسەرەتای 2000وە بووەتە بابەتی جێگە مشتومڕ لەناو میدیاكانو لە شەقام، چەندین پێشنیازی جۆراوجۆر لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانو رێكخستنی لەچوارچێوەی یاسایەكی دادپەروەرانەدا، خراوەتەڕوو. یەكێك لە دیارترین پێشنیازەكان بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەم ساڵانەی دوایدا پێشنیازێكی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕانە. نەوشیروان مستەفا لەنامەیەكدا كە 23ی كانونی دووەم 2012 ئاڕاستەی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەی كردووە لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازێكی نوێ لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەخاتەڕوو، تێیدا داوا دەكات هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە" ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی تقاعدی خدمەی مەدەنی خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی، ئەوەشی كە وەزیفەی نەبو بۆ ماوەی ساڵێك موچەی بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە". دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێزان: ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پاش رێز و سڵاو بەندە وەكو كەسێ كە لە دروستكردنی لیستی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕاندا بەشداریم كردوە هەروەها وەكوو هاوڵاتیەكی كوردستان ئەو هەقە بە خۆم ئەدەم ئەم نامەیەتان ئاراستە بكەم: دو ساڵ زیاترە، وەك نوێنەری سەدان هەزار هاوڵاتی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندتان خواردوە، بەر لەوەی ببنە پەرلەمانتار لە بەردەم رای گشتی دا سوێندتان خوارد كە پابەند بن بە پەیام و كارنامەی لیستی گۆڕانەوە، خەڵكی كوردستان لە سەر ئەساسی بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان دەنگی بە ئێوە و ئێمەشدا. من و هاوڕێكانم بە شانازیەوە ناوی خۆمان خستە پاڵ ناوی ئێوە تا پێكەوە متمانەی خەڵك بە دەستبهێنن. لە حەملەی هەڵبژاردندا سەدان هەزار هاوڵاتی بە ئومێدێكی زۆرەوە رژانە سەر شەقامەكان، بە هۆی پشتیوانی لیستی گۆڕانەوە نزیكەی چوار هەزار هاوڵاتی نانبڕاو كران و سزادران و هەزاران هەڵسوڕاو و دۆستی بزوتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن و حەپس و لێدان بوونەوە، بەڵام ئەوان ئازایانە بەردەوام بوونو خۆبەخشانە پشتیوانتان بوون، هەزاران پێشمەرگەی كۆن، سەدان چاودێری خۆبەخشی سەر سندوقەكانی دەنگدان، سەدان رۆژنامەنوس، نوسەر، هونەرمەند و كەسانی چالاك پشتگیرتان بوون، هاوڕێكانتان لە رۆژنامەی رۆژنامە لە تەلەفزیۆنی كەی ئێن ئێن، رادیۆی گۆڕان، سایتی سبەی، كەناڵەكانی كومپانیای وشە.... گەورەترین كامپەینی راگەیاندنیان بۆ هەڵبژاردن سازدا. چەندین داهێنانی نوێیان پێشكەش كرد، ورە و ئازایەتیان بەخشیە سەدان هەزار هاوڵاتی بۆ ئەوەی ئازایانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و ئازادانە دەنگ بدەن. ئەڵبەت ئێمە تا ئێستاش ئومێدمان پێتان قایمە و ئەزانین پابەندن بە خەتەگشتیەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئێمە وەك چۆن پێمان خۆش بوو بچنە پەرلەمان هەرواش ئومێد ئەكەین لە ئێستا و لە ئایندەدا وەك كەسایەتی بەڕێز لە ناو خەڵكا بمێننەوە، ئەوەشتان لا رۆشن بێت، كە نە ئێمە و نە هاوڕێكانتان، نە هاوڵاتیانی كوردستان حەسودیتان پێ نابەن، چاویان لە ئیمتیازاتی ئێوە نیە، بەپێچەوانەوە زۆرجار دەستخۆشیمان لێكردوون، شانازیمان بە هاوڕێیەتیتانەوە كردوە، چەندین جار لە چەندین موناسەبەتا، ستایشمان كردوون و ئێوەمان بە رەعیلی یەكەمی خەباتی پەرلەمان زانیوە، بەڵام دوای زیاتر لە دو ساڵ كاتی ئەوە هاتووە چەند وشەیەكتان بە راشكاوی پێبڵێم: من لە ژیانی پێشمەرگایەتیمەوە تا ئێستا، شێرە ژنەكان و پیاوە جوامێرەكانم بەوە تاقی كردۆتەوە كە لە بەردەم فریوی پارە و پۆستا خۆڕاگر بن و چۆك دانەدەن، كاتێك خەڵك پێیان هەڵ ئەدا لە خۆیان نەگۆڕێن و خەڵك لە خوار خۆیانەوە نەبینن، نایشارمەوە هەندێكتان لە یەكەم تاقیكردنەوەدا لاوازدەرچوون، لە بەردەم فریوی شوقە و ڤێلاو ئوتۆمبێل و حەرەس و ئیمتیازا خۆڕاگر نەبوون، بەڵام تا ئێستا نە من نە هیچ ئۆرگانێكی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بە رەسمی سەرزەنشتمان نەكردون، من لە پەروەردەی سیاسیا حەزم لە نەسیحەت و وەعز نیە. حەزم لەوەش نییە كەس لە ترسی من یان لە ترسی دیسپلینی حیزبی خراپە نەكا، بەڵكو ئەمەوێ لە ترسی لێپێچینەوەی هاوڵاتیان و لە ترسی موحاسەبەی ویژدانی خۆی كاری نەشیاو نەكا، بڕوام بەو پەندەی هیندییە سوورەكان هەیە كە ئەڵێ: لە كاتی بەخێوكردنی مناڵا لێگەڕێ با خۆی چەند جارێك هەڵە بكا و باجی هەڵەكانی بدا، ئەوسا دەستی بگرەو چەند قسەیەكی بۆ بكە. ئێستا دوای ئەوەی چەند هەڵەیەك بەسەرتانا تێپەڕی، خۆشتان بەر لەهەر كەس باجەكەتان دا، ئەمەوێ لای هەمووتان رۆشن بێت كە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە باجی هەڵەو تەماحی هیچ كەسێك بدا، تەنانەت ئەگەر نوری چاویشم بێت، چونكە گەر بمانخەنە گۆشەیەك و موخەیەرمان بكەن لە نێوان سومعەی بزوتنەوەی گۆڕان و لە دەستدانی متمانەی سەدان هەزار هاوڵاتی لە پاڵ دەركردنی چەند ئەندام پەرلەمانێك، ئەوە بێ دودڵی دووەمیان هەڵئەبژێرین، بەڵام هێشتا نەچوەو بچێ و ئەكرێ لە ماوەی ئەم ساڵ و چەند مانگەی كە ماوتانە لە پەرلەمان بەخۆتانا بچنەوە ئەم كارانە بكەن: 1- ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان كە داوای كڕین و تاپۆكردنی شوقەو ڤێلاكانی پەرلەمانیان كردوە، ئاگادارمان كردبونەوە كە با بە رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرەكانیان بكەن، چونكە ئەوان بەڵێنیان داوە بەرگری لە مافی گشتی خەڵك بكەن نەك لە ئیمتیازاتی خۆیان، بەڵام نەیان كرد، بۆیە دەبێ، ئیستیقالە لە پەرلەمان بكەن، ئەگەر هەر نا ئەوە خۆمان بۆ رای گشتی بڵاو ئەكەینەوە كە ئەوان چیتر ئەندام پەرلەمانی گۆڕان نین و پابەند نەبون بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەوە. 2- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ كەمكردنەوەی مووچەی ئەندام پەرلەمان و هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی وەك ئۆتۆمۆبێل و شوقەو ڤێلا ئەدرێت ئەندام پەرلەمان، بەنیسبەتێك كە موچەی ئەندام پەرلەمان نزیكبكەوێتەوە لە بەرزترین ئاستی مووچەی فەرمانبەرێكی حكومی، مەبەستم ئەو فەرمانبەرانەی حكومەت نییە كە دەرەجەی تایبەتیان هەیە. 3- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەندام پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو یاسایانەی كە ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی تقاعدی خدمەی مەدەنی خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی، ئەوەشی كە وەزیفەی نەبو بۆ ماوەی ساڵێك موچەی بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە، ئەم پرۆژە یاسایە لە بەرژەوەندی خەڵكە، چونكە ئەندام پەرلەمان هان ئەدا كاری باش بكا بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانەی خەڵك وەرگرێتەوە و ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان. 4. فراكسیۆنەكەتان بەسەر چەند گروپێكا دابەش بكەن (بۆ نمونە پێنج گروپ) هەفتانە هەر پێنج گروپەكە سەردانی پێنج ناوچەی جیاوازی كوردستان بكەن، لە نزیكەوە گوێ لە داواكاریو پێشنیازی خەڵك بگرنو داواكاریو پێشنیازەكانیان بە نوسراو ببەنە بەردەم بەرپرسانو رەئیسی وەحدە ئیداریەكانو وەزیرەكان، بە یاداشتیش نوسخەی لێ بدەن بە سەرۆكی پەرلەمانو لە لیجەنەكانیش موتابەعەی بكەن. هەر گروپێك راپۆرتی هەفتانەی خۆی بدا بە (سەید عومەری سەید عەلی) كە كۆكاری فراكسیۆنەكانە، لە راپۆرتەكەدا ئەوەش تۆمار كەن كێ ئامادە نەبوەو ئەركەكەی راپەڕێنێو عوزرەكەی چی بووە، هەروەها وەك لە پرۆژە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان دا هاتوە، كە بۆ هەر ئەنجومەنی شارێك ئەندام پەرلەمان دابنرێ بۆیە پێویستە ئەو ئەركەش جێ بە جێ بكرێ. 5. بە تاك و تەرا پرۆژ پێشكەش مەكەن، پێكەوە بە راوێژ لەگەڵ كۆكار و ژوری قانونی و ژوری ئابوری و ژوری لێكۆڵینەوەی سیاسی پرۆژە پێشكەش بكەن، بزانن گونجاوە لەگەڵ كارنامەی گۆڕان یان نا، هەر پرۆژەیەكیش تەوقیتی خۆی هەیە. 6. سایتی رەسمی بزوتنەوەكە و راگەیاندنی خۆمان رائەسپێرم بەپێی ئەهمیەتی چالاكیو پرۆژەكانی فراكسیۆنەكەتان بایەختان پێ بدرێ، بەڵام ئەوەشتان لەلا رۆشن بێ كە ئێوە بۆ ئەوە چونەتە پەرلەمانەوە كە لەخەڵكەوە نزیك بن نەك هەمیشە لە ئیعلاما دەركەون. ئێمەش وەك بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە ئێوە دو فراكسیۆنی ترمان هەیە، لەپاڵ نزیكەی دە ژور و نزیكەی چل ئەنجومەن لە كوردستانو چل ئەنجومەنی جالییەی كوردی، كە هەمویان داوامان لێ ئەكەن چالاكیەكانیان تەغتەییە بكەین، بەڵام ئێمە هەر فریای چالاكییە گرنگەكان ئەكەوین، متمانەشمان بە كارمەندانی راگەیاندنی خۆمان هەیە بە دڵسوزییەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو بەرژەندەی خەڵك كار ئەكەن. لەكۆتاییا ... ئومێدەوارم لە بەر روناكی ئەم نامەیە، لاپەڕەیەكی نوێ لە ژیانی خۆتانو لە ژیانی خەباتی پەرلەمانی هەڵ بەنەوە، سەربەرزانە بچنە ناو خەڵكو دەنگدەرەكانتان، خۆم و هاوڕێكانیشم پشتیوانتان ئەبین، ئومێدی هەمو باشییەكتان بۆ ئەخوازمو هەر بژین. لەجیاتی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێتان نەوشیروان مستەفا 23/1/2012
(درەو): بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دەكات لە عێراق. عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. عەبدولمەهدی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبووەوە. بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەدیدارەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە عادل عەبدولمەهدی وتووە:" هەر بڕیارێك كە حكومەتی فیدراڵی عێراق بیدات، بڕیاری ئێمەشە". حكومەتی عێراق كە ئێستا عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات، بڕیاریداوە هێزە بیانییەكان لە عێراق بكاتەدەرەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەندنی ئەم بڕیارە نییەو نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە بڕیارەكە نەداوەو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێمیش پێشتر رایانگەیاندووە ئەوان مانەوەی هێزە بیانییەكان بە پێویست دەزانن. كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان بەدیاریكراویش هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، خواستی سەرەكی ئێرانو لایەنە شیعەكانی عێراقە، پەرلەمان بڕیاری دەركردنی ئەو هێزانەی پەسەندكردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا بكاتەدەرەوە. بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیران، هەر لەو دیدارەدا، عادل عەبدولمەهدی بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، بڕیاری حكومەتو پەرلەمانی عێراق ئەوەیە هێزە بیانییەكان بچنەدەرەوە. نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵوێستی حكومەتی عێراق رایگەیاندووەو داوای لە وڵاتانی دۆستی عێراق كردووە تێبگەن لە ئاڵۆزی بارودۆخی عێراقو پاڵپشتی سەقامگیریو سەروەری عێراق بكەن.
راپۆرتی: درەو كۆتایهێنان بە ڕۆڵی "قاسم سولەیمانی" لەسەر شانۆی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بۆ ئەمركییەكان تەنها كۆتایهێنان نییە بەڕۆڵی جەنگاوەڕێكی گەڕیدە كە ساڵانێكی دورودرێژ ببوەمایەی سەرئێشەو كۆسپ و بەربەست لەبەردەم سیاسەتەكانی "واشنتۆن"، بەڵكو پەیامی پشت كوشتی "سولەیمانی" ئاماژە بەهاتنە كایەی قۆناغێكی نوێ دەكات. ئەویش قۆناغی گەڕانەوەی ئەمریكایە بەهێزەوە بۆ عێراق و نینۆككردنی "ئێران"ە لەناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، لەڕێی بەكارهێنانی هێز و لێدانی ڕاستەوخۆ لەتەواوی ئەو گروپ و هێزانەی "تاران" شەڕی بەوەكالەتیان پێدەكات. "محمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كوژرانی "سولەیمانی"و دوای موشەك بارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، لە زیاد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە لە عێراق. "عەلی خامنەئی" رابەڕی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەمباریەوە دەڵێت: "تۆڵەی گەورەی قاسم سولەیمانی ئەوەیە ئەمریكا ناوچەكە چۆڵبكات". پێدەچێت "ئێران"ییەكان لەپەیوەندییە ژێر بەژێرەكانیاندا لەگەڵ "واشتنۆن" ئەم پەیامەیان بەڕوونی پێگەیشتبێت، هەر بۆیە داواكاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق داواكارییەكی سەرپێیی نییە، تەنها كاردانەوەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" نییە، بەڵكو سیمایەكی دیاری ململانێی ئەم قۆناغە تازەیەی نێوان "واشنتۆن و تاران"ە. پرۆژە ئێرانییەكە لەعێراق كرا بەیاسا دووڕۆژ دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی گرێداو، بڕیاڕی كۆتایهێنانی بەبوونی هێزی بیانی لەسەرخاكی وڵاتەكەی پەسەندكرد. بڕیارەكە وێڕایی ئەوەی هەژموونی پێكهاتەی شیعەو هێزەكانی نزیك لە ئێرانی بەسەردا زاڵبوو، زیاد لەگروپێكی شیعە لەڕێی پەیامی ئاشكراو نهێنییەوە فشار و هەڕشەی جدییان لەسەر پەرلەمانی عێراق دروستكرد، "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لەپەیامێكدا بۆ پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی ئەوەی كرد "ئەگەر بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان نەدەن گەل قسەیەكی تری دەبێت". مەكتەبی سیاسی "كەتائیبی حزبوڵا"ش لەنامەیەكدا كە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سوننیەیان نارد هەڕەشەیەكی توندیان لێكردن. ئەمریكییەكان هەر لەسەرەتاوە دركیان بەم هەوڵە ئێرانییە كرد، ئەوانیش لەڕێی بەرپرسانی هەرێم و سەركردەكانی سوونەوە جموجۆڵەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانیان قەناعەت بە كورد و زۆرینە سوننەكان بكەن كە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەی پەرلەمان نەكەن، تا ئەو وێنەیە زەق بكەنەوە كە ئەم داوایە لەباشترین حاڵەتدا، داوای یەكێك پێكهاتەكانی عێراقە نەك تەواوی گەلانی عێراق، لەمەشدا سەركەوتووبون. "عادل عەبدولمەهدی" سەۆك وەزیرانی عێراقی كاربەڕێكەر، كە یەكێكە لەوانەی پێداگری دەكات لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاڕی پەرلەمانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان، بڕیاری كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقیش لەسەر داوای ئەو ئەنجامدرا، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەناوبراو كردووە وڵاتەكەی تیم ڕەوانەی عێراق بكات بۆ دانانی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق. "پۆمپیۆ" پێشتر لە لێدوانێكدا لەبارەی "عەبدولمەهدی"یەوە وتی: "ئەو تەنیا سەرۆك وەزیرانێكی دەستلەكاركێشاوەیەو فشارێكی زۆریشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسەرە". عەبدولمەهدی كە لەشەقامی عێراقی بەگشتی و ناوماڵی شیعە بەتایبەتی ڕوبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆربۆتەوە بەوەی كەسێكی لاوازەو توانای پاراستنی سەروەری خاكی عێراقە نییە. دوای هێرشەكەی ئاسمانییەكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی "كەتائیبی حزبوڵا"ی عێراق لە"قائیم" وتی: پێشتر ئەمركییەكان ئاگاداریان كردومەتەوە، دوای موشەكبارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، "مەحەد جەواد زەریف"وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:"عێراقییان لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە"، عەبدولمەهدی لای خۆیەوە تەئكیدی كرد كە ئێرانییەكان لە هێرشەكە ئاگاداریان كردۆتەوە، هەندێك لەوانەشی ڕەخنەی لێدەگرن، پرسیاری ئەوەی لێدەكەن ئەو سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ڕۆڵ و قسەی چییە لەم پێشهات و هێرشانەی لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدەدرێن؟. گەڕانەوەی دووەمی ئەمریكا بۆ عێراق بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، یەكێك بوو لەو بڕیارانەی بەردەوام لەلایەن كۆمارییەكانەوە وەك بڕیارێكی كارەساتاویی و هەڵەیەكی ستراتیجی لەلایەن "باراك ئۆباما" سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لێكدەدرایەوەو، بەوە تۆمەتباریان دەكرد كە عێراقی لەسەر سینیەكی ئاڵتون پێشكەش بە ئێران كردووە، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پاریشدا (دۆناڵد ترەمپ) بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای دا لە باكوری سوریا بڕیارەكەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دیموكراتەكان بوەوە. بڕیارەكە وەك جۆرێك لەهەڵهاتن و جێهێشتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ "ڕوسیا و ئێران و توركیا" لێكدرایەوە، جگە لەبەجێهێشتنی هاوپەیمانەكەیان"كورد" لەژێر ڕەحمی جبەخانەی سوپای توركیا. تا بەناچاری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی ڕەوانەی باكوری سوریا كردەوە بە پاساوی پاراستنی بیرە نەوتەكان. قایلبوون بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ڕەنگە بۆ "ترەمپ" لەمكاتەدا جۆرێك بێت لە خۆكوژی، بەتایبەت كە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنێكی چارەنوسازی لەپێشە، ڕەنگە ئەمجارە"ترەمپ" سودی لەهەڵەكەی خۆی و پێشخۆی وەرگرتبێت، بۆیە پێناچێت عێراق هەروا بە ئاسانی جێبهێڵێت. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەكۆشكی سپی لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقەوە وتی: "وڵاتەكەی بەنیاز نییە بۆ هەتاهەتایە لە عێراق بمێنێتەوە، ئەگەر لە عێراق بكشێینەوە مانای وایە ئێران شوێنپێیەكی گەورەتری دەبێت لە عێراق". "ترەمپ":هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریشی كرد بەسەر عێراقدا، ئەگەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیانەوێت سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی نادۆستانە دەربكەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەتازەترین پەیامیدا لەوڕوەوە دەڵێت:" ئامادەنین پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكەین، هەر وەفدێكیش بنێرین بۆ عێراق تەنها لەچوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكاندایە". ئەمریكا بەنیازی چییە؟ بەگوێرەی هەندێك زانیاری ورد بەرپرسانی "ئەمریكاو ڕوسیا" لەسەر پێشهاتە نوێكانی ناوچەكە جۆرێك لەنزیكبونەوەو ڕێككەوتن هەیە لەنێوانیاندا، ڕۆلێكی زیاتر بدرێت بە ڕوسیا لە دۆسییەی سوریادا لەسەر حسابی ئێران، لەبەرامبەر بێدەنگبوونی ڕوسیا لەدۆسیەی عێراق و ئەو هەنگاوانەی واشنتۆن لە ئایندەدا لە عێراق دەیگرێتەبەر. بەشێك لەهەنگاوەكانی تری "واشنتۆن" ڕێگا خۆشكردنە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە عێراق و دورخستنەوەی بەپەلەی "عادل عەبدولمەهدی" كە پێیوایە لەم پێشهاتانەی دوایدا بەتەواوی پاڵیداوە بە ئێرانەوە. ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی بەو دۆخەی لە بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵا" لەكۆتا ڕۆژەكانی ساڵی پارەوە تا كوشتنی (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) لەسێیەم ڕۆژی ساڵی نوێدا لە عێراق دروستیكرد، گورزێكی گەورەی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دا ، بەڵام لەخواست و داواكارییدا هاوتەریبە لەگەڵیان و خوازیاری دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر كە نەچێتە ژێر باری فشارەكانی "ئێران"ەوە. هەڵوەشاندنەوەی یان سنورداركردنی ڕۆڵی حەشدی و توانەوەیان لەناو سوپای عێراقدا یەكێكی ترە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە قۆناغی ئایندەو، بەنیازە لەڕێی حكومەتی داهاتووەوە جێبەجێبكات، ئەگەر بۆشی نەچێتەسەر دورنییە لەڕێی وەشاندنی گورزی ئاسمانیەوە بەتەواوی جموجۆڵەكانیان پەكبخات. پێناچێت بژاردەكاری بەردەم "تاران" لەم قۆناغە نوێیەدا زۆربن، بەوپێیەی ئەمریكا بەتەواوەتی دەستی ناوەتە ناو بینەقاقای ئابوری ئێران، بەپێیی تازەترین زانیارییەكانیش وەزارەتی گەنجینەو دەرەوەی ئەمریكا (17) كارگەی ئاسن و پۆڵا و (8)كەسایەتی تری خستە چوارچێوەی سزاكانیەوە. "تاران" لەگەڵ "واشنتۆن" ڕێككەوتنێكی نوێ ئیمزادەكات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و دەستبەردابون لە هێز و لایەن و گروپەكان چەكدارەكان لە (عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان) لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاكان لەسەری، یان خۆی بۆ گەڕێكی تر لەڕووبەڕووبونەوەی "ئەمریكا" ئامادە دەكات كە ڕەنگە ئەمجارە پێكدادانان لەدەرەوەی سنورەكانی نەمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەرێكی دوورە، بەوپێودانگەی دەسەڵاتدارانی "ئێران" لەم قۆناغە هەستیارەدا كە گەلەكەیان ماندووی دەستی سزاكانە، ڕووبەڕووی شەڕێكی ماڵوێنكەری ناكەنەوە، كە ئەنجامەكەی پێش ڕوودانی ڕوونە.
درەو: بەتۆمەتی شاردنەوەی فێلكردن لە خەڵكی بەڕیوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوری پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان دەستبەسەكران. (درەو) زانیویەتی لەسەر سكاڵای كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەریەك لە عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان لە پشكی یەكێتی بە مادەی (456) لەیاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەركراون و كەتایبەتە بەچاوپۆشیكردن لە فێڵكردن گیراون و دواتر بە كەفالەت ئازادكراون. كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، ئەو دوو بەرپرسەی گەرمیان دەستگیركراون. پێشتر كەریم عەلی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیای دڵنیابۆ دڵنیایی لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكانو لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوەو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە". بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینارو بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت. ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) كۆمپانیای ( دڵنیا بۆ دڵنیایی) كۆمپانیایەكی پشكدارییەو بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، سەرۆكی كۆمپانیاكە بەناوی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) تۆماركراوەو ( شوان قادر مەعروف) جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكەیە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی (هیوا محەمەد رەئوف عەلی)ەو رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە. پێشتر (درەو) راپۆرتێكی ووردی لەوبارەیەوە خستەروو
(درەو): لە ساتەكانی سەرەتای كردنە ئامانجی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودس و عەرابی ژمارە یەكی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەناوچە گەرمەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان پێشبینی ئاگرێكی گەورەو شەڕی چوارەمی كەنداوی دەكرد، زۆرێك لەمە دوورتریش دەڕۆیشتن و باسیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی سێیەمین جەنگی جیهان دەكرد. بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە، ڕوونبۆوە "واشنتۆن" بەم گورزە ویستی تەنها پەیامێك بدات بە دەسەڵاتدارانی "تاران" كە پێویستە لێرەدا بوەستن و، چیتر بێدەنگ نابن لەنادیدەگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. بەرپرسانی ئەمریكا و بەدیاریكراوی "دۆناڵد ترەمپ" لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەو دەستەواژەیەیان دووبارەكردۆتەوە:" هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نادەین، بەڵام ڕەفتارە دوژمنكارەكانی پێویستە بوەستێت". وەڵامەكەی "ئێران"یش وەك ئەوە نەبوو پێشینی دەكرا چەخماخەی دەستپێكی جەنگێكی وێرانكەربێت لەناوچەكە. "تاران"یش تەنها پەیامێكی هەبوو بەوەی لەئاستی لەدەستدانی سەركردەیەك بەسەنگی "سولەیمانی" بێدەنگ نابێت، ئەگەر بۆ پاراستنی شكۆی وڵات و بەكاربردنی ناوخۆیش بێت دەبێت وەڵامێكی هەبێت. دوای هێرشە مووشەكییەكەی "ئێران" بۆ سەر هەردوو بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد و هەریر) كەناڵی (cnn) لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد: "ئێران نەویست هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج، تەنها پەیامێكی نارد". ڕۆژنامەی (us today)یش بڵاویكردەوە: "تاران بەغدادی لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە، بەغدادیش ئەمریكییەكانی لەهێرشە ئاگاردار كردۆتەوە". هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" لێشاوێك هەڕەشە لەلایەن بەرپرسانی تاران و واشنتۆنەوە دەستیپێكرد، ژێر بەژێریش هەوڵی هێوركردنەوە لەئارادابوو، هەر ئەو ڕۆژەی "سولەیمانی" كوژرا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "پەیامێكیان لە ئیدارەی ئەمریكاوە پێگەیشتووەو هەمان ڕۆژ لەڕێی باڵیۆزی سویسرا لە تاران وەڵامێكی گونجاویان داوەتەوە". بێئەوەی وردەكارییەكی هیچكام لەو نامانە ئاشكرابكات. "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەكەی وتی: "كوشتنی سولەیمانی ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی بووە". لە پەیوەندییەكیشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی (چین) ڕایگەیاند: "ئەمریكا خواستی ئەوەیە دوای كوشتنی سولەیمانی ئاڵۆزییەكان هێورببنەوە". "پۆمپیۆ" لەوەڵامی بەرپرسانی فەرەنسادا كە ڕایانگەیاندبوو : كوشتنی "سولەیمانی" جیهانی بەرەو مەترسی زیارتر بردووە، وتی : "فەرەنسییەكان لەوەدا هەڵەن.. ئەمڕۆ جیهان لەهەموو كات زیاتر سەقامگیر بووە". دوای چەند كاتژمێرێكیش لەكوژانی "سولەیمانی" سەرۆكی ئەمریكا لە توتێكدا وتی: "ئێران هەرگیز لەشەڕدا نەیبردۆتەوە، بەڵام هەرگیز دانوستانی نەدۆڕاندووە". هەڕەشەی بەردەوامیی بەرپرسانی "ئێران" بەوەڵامێكی توندو هەژێنەرو كردنە ئامانجی دامەزراوە سەربازییەكانی "ئەمریكا" لەناوچەكە دۆخەكەی تەمومژاوی كردبوو، بەتایبەتی كە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا زیاد لەبەرپرسێكی باڵای "ئەمریكا" ئاماژەیان بەوەكرد "ئێران" جدییە لە هەڕەشەكانی و بەرژوەندییەكانی "ئەمریكا" دەكاتە ئامانج. بەڵام دوای هێرشەكە، دۆخەكە بەجۆرێكی تر گۆڕا، وەك ئەوەی ڕێككەوتنی پێشوەختی لەسەركرابێت، "محەمەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای هێرشە مووشەكییەكە ڕایگەیاند: "وەڵامی تاران بۆ كوشتنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی كۆتایهات". ئەمریكا وەڵامەكەی ئێرانی قبوڵكرد "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدواین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا كە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكی ئێرانەوە ڕێكیخست، ڕزامەندی زۆری پێوەدیاربوو لەدۆخەكە، "ترەمپ" ڕایگەیاند: "هیچ ئەمریكییەك بەهۆی هێرشەكەوە نەكوژراوەو سەربازەكانمان سەلامەتن، ڕەنگە ئێران ترسی هەبێت لە ئاڵۆزبونی دۆخەكە، ئەوەش شتێكی باشە بۆ هەموولایەنەكان، دەمانەوێت ئێران خاوەندی ئایندەیەك بێت كە شایەنێتی، ئەمریكا ئامادەیە بۆ لە ئامێزگرتنی ئاشتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی ئاشتیان دەوێت". "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر لەدواین بەیاننامەیدا ئاماژە بەوەكرد:"قەیرانی ئێستای تاران و واشنتۆن كۆتایهات، بەتایبەت دوای وتارەكەی ترەمپ و وتاری كۆماری ئیسلامی ئێران". پێشتریش كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكا، دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەردوو بنكە ئاسمانییەكەی ئەمریكا لە عێراق لەزاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بڵاویكردەوە: "واشنتۆن و تاران هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن، ئێران بەمەبەست ئەمریكییەكانی نەكردووەتە ئامانج لە عێراق". ڕەنگە ئەو نەكردنە ئامانجە ئەو خاڵە گرنگەبێت بەنیسبەت "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێرانییەكان، بەتایبەت لەم كاتە هەستیارەدا كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایەو كوشتنی هەر سەربازێكی سوپای ئەمریكا لەعێراق بۆ ئەو كارەساتێكی گەورەیەو، ڕەنگە ببێتە هۆی خستنی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و، مادەیەكی بانگەشەی بەهێزیش بۆ نەیارەكانی، بەڵام "ترەمپ" بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەیان نەداتێ ئامادەبوو بەسنگێكی فراوانەوە موشەكەكانی ئێران قبوڵبكات. ڕەنگە وردەكاری ڕێككەوتنی نێوان (واشنتۆن و تاران) ئەم خاڵەبێت"ئێران وەڵامێكی سنورداری ئەمریكا بداتەوە بەجۆرێك هیچ سەربازێكی ئەمریكا نەكاتە قوربانیی، لە بەرامبەردا ئەمریكاش وەڵامەكە قبوڵبكات، بەوەش ئێران لە لۆمە و ئیحراجیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش ڕزگاری دەبێت و، ناوچەكەش لە جەنگێكی ماڵوێرانەكەر دەپارێزرێت. ئەگەریش هەیە ئاسۆیەكی نوێ بۆ ڕێككەوتن بخولقێنێت و سنورێك بۆ ئەو ململانێ توندە دابنێت كە بەهۆی زیاد لە دۆسیەیەكی گەرمەوە، ساڵانێكی دورودرێژە بەریەككەوتن و تەقینەوەی لەناوچەكە كردووەتە یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان". قەیرانێكی بەسوود "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەیەكەم ساتی ئەنجامدانی پرۆسەی كوشتنی "سولەیمانی"یەوە پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە كە ناوبراو ئامادەكاری كردووە بۆ هێرشێكی گەورەو مەترسیدار بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو، تانەی ئەوەشی لەسەرۆكەكانی پێش خۆیداوە كە نەیانتوانیوە بڕیاری لە ناوبردنی "قاسم سولەیمانی" جێبەجێبكەن. ئەو كە ئێستا لەدۆخێكی ناوخۆیی خراپدایە، دۆسیەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" دەكاتە یەكێك دەستكەوتە گرنگەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی وڵاتەكەی لە پاڵ كوشتنی (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی ڕێكخراوی داعش. "ترەمپ" بەمە دەیەوێت ئەو وێنەیە بگەیەنێتە ئەمریكییەكان كە پیاوێكی ئازاو بەدەستەو، هەركەسێك بێتەمایەی هەڕەشە بۆ ئەمریكاو بەرژوەندییەكانی سڵناكات لەوەی لە ناویببات. ئەگەر بۆ شەخسی "ترەمپ" دۆسیەی كوشتنی "سولەیمانی" هەمووی قازانجبێت، ئەوا بۆ ئێرانییەكانیش ئەو دۆسییە یەكپارچە كارەسات و كەوتن و نەهامەتی نییە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێكی جەماوەری گەورە بوونەوەو بە زەبری هێز سەركوتیان كرد، بەهۆی گەمارۆی ئەمریكاوە دۆخی ئابوری ئێران لەوپەڕی خراپیدایە، كوژرانی "قاسم سولەیمانی" بڕێك ئۆكسجینی زۆری كردەوە بە گەرووی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیدا، بەجۆرێك لە جۆرەكان سەدان هەزار ئەگەر ملیۆنان نەبێت لەهاوڵاتیانی ئێرانی لەدەوری دەسەڵاتدارانی ئێران كۆكردەوە. ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنی "سولەیمانی" لەو ڕێوڕەسمە قەرەباڵغتربوو كە بۆ "ئیمام خومەینی" دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1989دا ئەنجامدرا، دەیان كەس لە پاڵەپەستۆی بەڕێكردنی تەرمی "سولەیمانی"دا گیانیان لەدەستدا. بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم پشتیوانی و پرسە میللەیە لەم كاتەدا پێشهاتێكی گرنگبوو لەسەرجەم ڕووەكانەوە، پێگەی دەسەڵاتدارانی "تاران"ی چی لەسەر ئاستی ناوخۆ و چی لەسەر ئاستی دەرەوەش بردە قۆناغێكی تر.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دواجار فشاری پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمانی كوردستان سەركەوت، ئەوانەشی كە تەمەنی یاساییو ساڵی خزمەتیان نییە، مانگانە بڕی (3 ملیۆنو 280 هەزار) دینار موچەی خانەنشینییان پێدەدرێت، كەسوكاری شەهیدانو زیندانیانی سیاسی لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا گورزی بەهێزیان بەردەكەوێت، چارەنوسی پاشەكەوتی موچەش رادەستی بەغداد كرا، (درەو) زانیاری ورد لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازی بڵاودەكاتەوە كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكاتو لەهەفتەی داهاتوودا پەسەندی دەكاتو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. كۆتایی گەمەكە دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دواین كۆبونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەت كرد سەبارەت بە پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان/ عێراق)، پرۆژەیەك كە لەهەناوی قەیرانی دارایی حكومەتدا لەدایكبووەو لەكابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە. لیژنەی دارایی، دوای دوو كۆبونەوەی جیاواز لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگریو دواتریش كۆبونەوەیەكی تر لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمێكی حكومەت، راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساكەوە تەواوكرد، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان دوای چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ لیژنە جیاوازەكان دواین ئیمزای خۆی دەخاتەسەر پرۆژەكەو رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكاتو رۆژی یەكشەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە دەكرێتو هەر لە هەفتەی داهاتوودا پەسەند دەكرێتو كۆتایی بە گەمەی پرۆژەی چاكسازی دێت، كە دوو خولە حكومەتو پەرلەمانو لایەنە سیاسییەكانو خەڵكی سەرقاڵكردووە. خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایەو لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر نوسیوە، بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكراوە كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینیو ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو پرۆژە پەسەندكراوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان بەمشێوەیە جێگیركراوە: • پلەباڵاكان ئەوانەی ساڵی خزمەتو تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای. • ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەنو ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرنو سنوری بۆ دانەنراوە. فشاری گەنجەكان سەركەوت ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمان (بە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووتریشەوە) ئەوانەی مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، فشارێكی توندیان لەسەر فراكسیۆنو لیژنەكانی ناو پەرلەمان كردووە، موچەیەكی خانەنشینیان بۆ زامن بكرێت. كاركردنی پەرلەمانتارە گەنجەكان لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ جیاوازی حزبایەتی، گەیشتە ئاستی كۆبونەوەی پشتی پەردە لە كافتریاكاندا، چەندین گروپ چاتی تایبەت دروستكرا بەمەبەستی گفتوگۆكردنو هەوڵدان بۆ دروستكردنی فشار لەپێناو زامنكردنی موچەی خانەنشینی. (درەو) زانیویەتی، تەنیا لەم خولەدا (78) پەرلەمانتار تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون نایانگرێتەوەو گەنجن، ئەوانە هەڕەشەیان كردووە لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی نەدەن، ئەگەر موچەی خانەنشینییان بۆ جێگیرنەكرێت، دواجار فشاری گەنجەكان سەركەوتو پرۆژەكە بەشێوەی (پارچە) موچەیەكی (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناری بۆ ئەوانە جێگیركرد كە تەمەنو ساڵی خزمەتیان نییە. پاشەكەوتی موچە لە پرۆژەكەدا ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا ئەوە جێگیركراوە كە موچەخۆرو سودمەندانی بودجەی گشتی، هەژمارێكی بانكیان بۆ دروستبكرێتو لەو هەژمارەدا هەموو مافە داراییەكانیان بەوانەشەوە كە خەرج نەكراون، دەپارێزرێت. ئەو پارانەی موچەخۆران كە خەرجنەكراون، كابینەی پێشووی حكومەت ناوی لێناوە "پاشەكەوتی موچە"، ئەم بڕە پارەیەی موچەخۆران كە لای حكومەتە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، بەكۆی گشتی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینارە، ئەمە كۆی گشتی ئەو پارانەیە كە حكومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە فەرمانبەرو موچەخۆرانی نەداوە، یاخود پێی داونو بەناوی پاشەكەوتەوە بڕێك لە پارەكەی بڕیون. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی نێوان لیژنەی داراییو سەرۆكی حكومەتدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازیان كردووە بابەتی پێدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە موچەخۆران لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا بچەسپێندرێت، بەڵام مەسرور بارزانی وتویەتی:" ناتوانین ئەوە بچەسپێنین، چونكە ئەمە لەگەڵ بەغداد كێشەمان بۆ دروستدەكات، ئێمە ئەمانەوێت لە رێككەوتنەكەماندا لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەو موچە پاشەكەوتكراوانە بكەین بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد". (درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانیو تیمەكەی لە حكومەت بەمەرجێك قایل بوون بەوەی بابەتی موچە پاشەكەوتكراوەكان لە پرۆژەیاساكەدا جێگیر بكرێت، كە بەهیچ جۆرێك دەستەواژەی "پاشەكەوت" نەنوسرێت، بۆئەوەی پێدانەوەی ئەو پارانە لەسەر حكومەت نەبێت بە ماڵ، لەبری ئەوە بنوسرێت ئەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە بۆ موچەی موچەخۆرانو ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆران كە لای حكومەتو پێیان نەدراوە. پرۆسەی دروستكردنی هەژماری تایبەت بە موچەی فەرمانبەران پرۆسەیەكی قورسو درێژخایەنە، چونكە مەرجی دروستكردنی هەژمارەكە ئەوەیە، سەرەتا پێدانی موچە بكرێت بەشێوازی ئەلیكترۆنیو پاشان وەزارەتی دارایی رێنمایی دەردەكات لەبارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانەوەو بەپێی رێنماییەكان ئەو پارەیەی كە بەناوی پاشەكەوتەوە لەسەر هەژمارە بانكییەكە دادەنرێت: • ئەم پارەیە بۆ پێدانەوەی هیچ قەرزێكی حكومی نییە لەنمونەی قەرزی ئاو و كارەباو هاوسەرگیریو پێشینەی خانوبەرە. • حكومەتی هەرێم پەیوەست نییە بە پێدانەوەی ئەو قەرزانەوە، هەركاتێك حكومەتی عێراق ئەو قەرزانەی گەڕاندەوە، حكومەتی هەرێم پارەكە بۆ موچەخۆران دەگەڕێنێتەوە (واتە چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی حكومەتی عێراق كراوە). كەمترین موچەی خانەنشینیی یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەیاسای چاكسازی پرسی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بوو لە هەرێمی كوردستان، كە ئێستا بڕەكەی (220 هەزار) دینارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی لیژنەی داراییو سەرۆكی حكومەتدا، پەرلەمانتاران داوایانكردووە ئەو بڕە پارەیە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكرێتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت نەچووەتە ژێر باری ئەو زیادكردنەوەو وتویەتی:" ئەگەر كەمترین ئاستی موچە بۆ 300 هەزار دینار زیاد بكرێت، حكومەت مانگانە پێویستی بە 14 بۆ 16 ملیار دینار دەبێت بۆ دابینكردنی ئەو زیادكردنە". (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی ئەم بابەتەوە، مەسرور بارزانی ڕووی لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كردووەو پێی وتووە:" ئایا حكومەت دەتوانێت كەمترین موچەی خانەنشینی بۆ 300 هەزار دینار بەرزبكاتەوە ؟"، لەوەڵامدا ئاوات شێخ جەناب وتویەتی:" وەزارەتی دارایی بەتەنیا لە دابینكردنی پارەی موچەدا، مانگانە 186 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، بۆیە ناتوانێت ئەو پارەیە زیادبكات". دواجار مەسرور بارزانی چارەنوسی بڕیاردانی لەسەر ئەم بابەتە دایە دەست ئاوات شێخ جەناب، دواتر تیمی حكومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی لەناو پەرلەمان كۆبونەوە، لەو كۆبونەوەیەشدا كە ئاوات شێخ جەناب بەشداربوو، هەر بڕیار نەدرا لەبارەی ئەوەی كەمترین ئاستی موچە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكربێتەوە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تەنیا ئەوەیە، لەو بڕەپارەیەی كە بەهۆی یاسا چاكسازییەكەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەولەویەت بە زیادكردنی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بدرێت بەر لە هەر بابەتێكی تر. موچەی كێ دەبڕدرێت ؟ بەپێی ئەو رەشنوسەی كە لیژنەی دارایی پەرلەمان پەسەندیكردووە، موچەی خانەنشینی ئەم بوارانەی خوارەوە بەمشێوەیەیان لێدێت: • ئەوانەی بەبێ ئەوەی پلەیان هەبوبێتو كاریان لە پۆستەكاندا كردبێت، بە پلەی (وەزیرو بریكاری وەزیر تاوەكو بەڕێوەبەری گشتی) خانەنشینكراون، موچەی خانەنشینییەكەیان هەڵدەوەشێتەوەو بەپێی پلەی سەربازیی شایستەی داراییان بۆ دابین دەكرێت (ئەوانەی لەم بوارەدا موچەیان هەیە، زۆربەیان بەرپرسو پێشمەرگە دێرینەكانی شاخن، بەوانەشەوە كە لەژیاندا نەماون). • مینحەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە وادە یاساییەكەی لە رۆژی 1/7/2020 كۆتایی دێتو بۆ ماوەی (15) ساڵ بووە، (5 هەزارو 175) كەس لە زیندانیانی سیاسی لەماوەی رابردوودا ئەم مینحەیەیان وەرگرتووە، بەپێی پرۆژەیاساكە لە رۆژی 1/7ی ئەمساڵەوە چیتر ئەو پارەیان پێنادرێتو پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت كە مانگانە بڕەكەی بەكۆی گشتی (2 ملیار) دینارە. • موچەی زیاتر لە (62) هەزار كەس دەبڕدرێت كە دووموچە وەردەگرن. • پرۆژەیاساكە هەموو ئەو یاساو بڕیارانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە تایبەت بە موچەی كەسوكاری (شەهیدانو ئەنفالكراوان) لەماوەی رابردوودا دەرچوون، واتە هەموو ئەوانەی كە وارسی پلە (یەك)ی شەهیدانو ئەنفالكراوان نینو ئێستا موچەی شەهیدان وەردەگرن، موچەكەیان دەبڕدرێتو ئەوانەشی كە وارسی ژمارە (یەك)ی شەهیدانن، لەكاتی مردنیاندا، موچەكەیان ناگوازرێتەوە بۆسەر وارسی تر جگە لە وارسی پلە (یەك)، ئەم بڕیارە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) موچەی نزیكەی (50%)ی ئەوانە دەبڕێت كە ئێستا موچەی كەسوكاری شەهیدان وەردەگرنو وارسی پلە (یەك) نین. خانەنشینی سەربازی هەر لە سەرەتاوە یەكێك لە كێشەی سەرەكییەكانی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازیی بوو، لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، لەم ژمارەیە (133 هەزارو 435)ی خانەنشینی بواری سەربازییە، واتە رێژەی (54%)ی كۆی موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینانی سەربازی دەڕوات. خانەنشینیی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە، كە بەپێی لێدوانێكی پێشتری پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووەو لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاساییو خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە پەرلەمان پەسەندی بكات، هەموو هێزە سەربازییەكان (رێكخراو و رێكنەخراو)، واتە بە یەكەكانی (70)و (80)ی سەربە پارتیو یەكێتیشەوە، یەكەیەكی ژمێریاری یەكگرتوویان بۆ دروستدەكرێت. كێ خاوەنی پرۆژەكەیە؟ رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێمو كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد. وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمانو لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە. ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمو چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا. سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو. "كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر پێشتر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی بۆ (درەو) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا. دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی. سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكراو دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمان كرا. پەرلەمان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوەو چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت. سۆران عومەر بە (درەو)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت". حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراقو بارگرانییەكانی شەڕی "داعش" بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیەو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی پرۆژەیاساكە بووە.
درەو: ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك ناوی دامەزراوانی پارێزگای كەركوكی راگەیاند" كە لە 62% بۆ پێكهاتەی عەرەب و 20% بۆ پێكهاتەی كورد و 17% بۆ پێكهاتەی توركمانە" بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە لەلایەن بەرێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی پارێزگای كەركوكەوە، لە كۆی (2هەزارو 444) دامەزراو لە پشكی پارێزگای كەركوك(هەزارو 517) كەسی بۆ پێكهاتەی عەرەبە بەرێژەی ( 62%) و (500) كەس بۆ پێكهاتەی كورد بەرێژەی (20%) و (412) كەس بۆ پێكهاتەی توركمان بەرێژەی (17%) و (2) كەس بۆ پێ:هاتەی شەبەك و (6) كەس بۆ فەیلی و (7) كەس بۆ مەسیحی دانراوە. پەروین فاتیح، لێپرسراوی یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی و ئەندامی لیژنەی دامەزراندن لە رونكردنەوەیەكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە " ئێمە وەك نەتەوەی كورد بەشداربووین لە لیژنەی دامەزراندنەكە تەنها چوار رۆژ كارمانكرد دواتر بۆمان دەركەوت رێژەی كورد كەمە بۆیە پەرلەمانتارانی كوردمان لە پارێزگاكە ئاگاداركردەوە كە هەوڵبدەن پشكی كورد زیاد بكەن، دیارە هیچیان بۆ نەكراوە، بۆیە پێمانیان وت بكشێنەوە لە لێژنەكە بۆیە ئێمەش كشاینەوە، چوار مانگە ئەم كێشەیە هەیە بەڵام پەرلەمانتارانی كورد نەیانتوانی چارەسەری بكەن"
درەو: بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد) یەكەم ناوچەی جەنگە كە (دۆناڵد ترەمپ) وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا قاچی خستبێتە ناوی، ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" لە ڕاپۆرتێكدا لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوی هێرشەكەی سەر بنكە ئەمریكییەكە لە عێراق، چیرۆكی سەردانەكەی ئەو كاتی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ بنكەی (عەین ئەلئەسەد) لە ڕاپۆرتەكەیدا داناوەتەوە "كە لەترس و دڵەڕاوكێیەكی گەورەدا ژیاوەو، گەشتەكەی بەشێوەیەك وەسفدەكات كە لەژیاندا شتی وای نەبینیوە". رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ڕاپۆرتێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی (عەین ئەلئەسەد) لەپارێزگای ئەنبار و بنكەی (هەریر) لەپارێزگای هەولێر بڵاوكردۆتەوە، تێیدا دەڵێت: هێرشەكە دوای ڕۆژێك بووە لە هەڕەشەكانی (دۆناڵد ترەمپ) بە كردنە ئامانجی شوێنە فەرهەنگییەكانی ئێران. ڕۆژنامەكە ئاماژە بەوەكات: بنكەی (عەین ئەلئەسەد) بنكەیەكی ئاسمانی بەربڵاوە لە خۆرئاوای عێراق و، میوانداری سەرۆك ترەمپی كردووە لە یەكەم سەردانیدا بۆ ناوچەیەكی شەڕ وەك فەرماندەی گشتی، كە یەكێكە لەو دوو دامەزراوە سەربازییەی سوپای ئەمریكایی تێدا نیشتەجێییەو، ڕووبەڕووی هێرشێكی مووشەكی ئێران بوەوە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە. دەشڵێت: بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد) كراوەتە ئامانج، لەگەڵ بنكەیەكی تر لە نزیك شاری هەولێر لە باكوری عێراق، لەوەڵامی ئەو هێرشەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی لەڕیی فرۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامیداو (قاسم سولەیمانی) كوشت، كە فەرماندەیەكی ئێرانی پلە باڵابوو، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەكرد، پلانی هەبووە بۆ هێرشێكی زۆر گەورە و خراپ دژی بەرژوەندییەكانی ئەمریكا. "نیویۆرك تایمز" لە ڕاپۆرتەكەیدا باسی ئەوەدەكات: هێرشەكە دوای ڕۆژێك هاتووە لە هەڕەشەكانی ترەمپ بە هێرشكردنە سەر شوێنە فەرهەنگییەكانی ئێران، لەوەڵامی هەر كارێكی تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی جەنەڕاڵ سولەیمانی، بەڵام ترەمپ لەو هەڕەشەیەی پاشگەزبوەوە ڕۆژی سێ شەممە، دوای ئەوەی پێی ڕاگەیەندرا كە ئەوە كارێكی نایاساییە. لەبەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: پنتاگۆن ڕایگەیاندووە ئێران زیاتر لە 10 موشەكی بالیستی هەڵداوە بۆ هەردوو بنكەكە، بەڵام زیانەكانی نەخەمڵێنراون. سەرنوسەری پێگەی "مەشرق" كە پێگەی سەرەكی سوپای پاسدارانی ئێرانە، دەڵێت: زیاتر لە 30 مووشەكی بالستی گیراوەتە بنكەی (عەین ئەلئەسەد) بەگوێرەی ڕۆژنامەكە. ڕۆژنامەكە باسی لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیش كردووە كە ڕایگەیاندبوو: سەرۆك ئاگاداركراوەتەوەو لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە. ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق "نیویۆرك تایمز" دەڵێت: لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2019دا، نزیكەی 6000 هەزار سەربازی ئەمریكی لە عێراق بوون، ئەوەش بەشێكی بچوكن لەو 150 هەزار سەربازەی ئەمریكا كە لەعێراق بوون لەكاتی پرۆسەی ئازادیدا، كە لەساڵی 2003 تا 2011 بەردەوامبوو. دوای كوژرانی جەنەڕاڵ سولەیمانی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بەدەركردنی سوپای ئەمریكا لە وڵاتەكەی، كە ترەمپ دواتر وتی ئەو هەنگاوە بە سزا وەڵامدەرێتەوە. گرنگیی بنكەی ئاسمانی (عەین ئەلئەسەد) ڕۆژنامەكە دەڵێت: لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا، هەریەك لە ترەمپ و مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەردانی چاوەڕواننەكراویان كردووە بۆ بنكەی ( عەیت ئەسەد)، كە دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار و بەدووری 135 میل لە سنوری سوریا، لەكاتی سەردانەكەیدا كە شەوی ساڵی تازەی 2018 بەجێیهێشت، ترەمپ گەشتەكەی بە ترسناك و لەناو تاریكدا وەسفكردووە. "نیۆرك تایمز" قسەكانی ئەوكاتی ترەمپی داناوەتەوە كە چیرۆكی سەردانەكەی بۆ (عەین ئەلئەسەد) بۆ باسكردوون: "ترسم لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەبوو نەك شەخسی خۆم، ترسم لە (میلانیا) خانمی یەكەم هەبوو، بۆت ئەگێڕمەوە، بەڵام ئەگەر دەتبینی كە دەبوو بەناو چیدا بڕۆین بە فرۆكەیەكی تاریك كە سەرجەم پەنجەرەكانی داخراون، هیچ ڕووناكییەكی تیانییە، تاریكی لەهەموو جێگایەكە، من هەرگیز شتی وام نەبینیوە. لەناو چەندین فرۆكەدابووم-سەرجەم جۆر و شێوە و قەبارە، تائێستا شتێكی لەوشێوەیەم نەبینیوە". لەساڵی 2015دا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێرشێكی ڕێكخراوی داعشیان بۆ سەر بنكەی (عەین ئەلئەسەد) تێكشكاند، ئەو هێزانەی ئەمریكا لە بنكەكەدا ماون ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن. گرنگیی بنكەكە سەربازییەكەی نزیك شاری هەولێر لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019، هێزێكی "كۆماندۆز دەلتا"ی تایبەت لەو بنكەیە نیشتەجێكرا بۆ ئەوەی لەوێوە ئەو پرۆسە سەربازییە ئەنجامبدات كە بەهۆیەوە (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی ڕێكخراوی داعش لە باكوری سوریا كوژرا، كە هەشت كۆپتەری جۆری (سی ئێچ-47 چینكۆكس) لەو بنكەیەوە فڕین وكارەكەیان ئەنجامدا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی تارانو واشنتۆندایە، هەردوولا داوا دەكەن خۆی یەكلابكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ بارزانییەكان قسەدەكات، وەفدێكی یەكێتی-یش بەنیازە سەردانی تاران بكات. موشەك لەنیوەشەودا نیوە شەوی دوێنێ پەرەسەندنێكی نوێ لە عێراق رویدا، كۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر ناوی تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، كە لەهێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا، ژمارەیەك موشەكی ئاڕاستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقو هەرێمی كوردستان كرد. دووان لە موشەكەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كەوتنەخوارەوە، كەس لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەكەوتووە، ئێران ئەمە بە تۆڵە ناودەبات، ئەمریكاش تۆڵەكردنەوەكەی بەمشێوەیە قبوڵكردووە، بەڵام رووداوەكانی دوێنێ شەو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی دوچاری شڵەژان كرد. هەرێم لەژێر فشاردا ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) پێكەوە كۆبونەوەو دواتریش لەگەڵ سەركردەی حزبەكان دانیشتنێكیان كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی سیاسیو دیپلۆماسی ئێرانو ئەمریكادایە، بەرپرسانی هەردوو وڵات داوایان لێدەكەن خۆیان یەكلابكەنەوە. ئەوانەی ئێستا نوێنەرایەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكەنو بەرپرسانی دەرەكی پەیوەندییان پێوەدەكەنو داوای هەڵوێستان لێدەكەن، سێ كەسایەتی بارزانین، كە ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان). بارزانییەكان ئێستا تاڕادەیەك رۆڵیان لەناوخۆیاندا دابەشكردووە، نێچیرڤان بارزانی ئیدارەی ئێرانییەكانو مەسرور بارزانیش ئیدارەی ئەمریكییەكان دەدات، مەسعود بارزانیش ئیدارەی دۆسیەی بەغداد دەداتو لەهەموو حاڵەتەكاندا كوڕو برازاكەی لە سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەت بڕیارەكان دەگەڕێننەوە بۆلای ئەو. لەماوەی یەك هەفتەی رابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێران دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسەی كردووەو سەرچاوەكانی زانیاری باسلەوە دەكەن، هاوكات دووجاریش بەتەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانیدا قسەی كردووە. ناوەڕۆكی قسەوباسەكانی ناو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە تائێستا بەناڕوونی ماونەتەوە، سەبارەت بەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانە ئەوەی كە بەفەرمی هەیە تەنیا قسەكانی مەسرور بارزانییە كە دەڵێ:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان كردووە". ئێرانییەكان چییان دەوێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی ئێرانی داوایان لە بەرپرسانی هەرێم كردووە لە دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا یەكبخەنو داوای چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە بكەن. لەمبارەیەوە ئەوەی تائێستا هەیە قسەو زمانی دیپلۆماسییەو كار نەگەیشتووەتە سەر بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان. رۆژی (5)ی ئەم مانگە، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، نوێنەرانی كورد بەشدارییان لەو كۆبونەوەیەدا نەكرد، كوردو سوننە بەشێوەیەكی گشتی پشتیوانی ئەو بڕیارەیان نەكرد كە نوێنەرانی شیعە بەزۆرینەی دەنگی خۆیان تێیانپەڕاند، لێرەوە وا دەركەوت هەرێمی كوردستان بۆ بەرەی ئەمریكا یەكلابوەتەوە. بەیاننامەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمو لایەنە سیاسییەكانی كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق كرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكانو بەكارێكی "تاكلایەنە"ی پێكهاتەی شیعە ناوی برد. لە كۆبونەوەی حكومەتی هەرێمیشدا كە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكات، هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە شەڕی تیرۆر، بەیاننامەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەش جەخت لەسەر بایەخی "پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقو هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر" دەكات، هەموو ئەمانە پەیامی ناڕاستەوخۆی هەرێمی كوردستانە بۆ ئێران لەبارەی ئەوەی هەرێم پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان ناكات. ئەمریكا چی دەوێت ؟ ئەمریكییەكان لە قۆناغی یەكەمدا سەركەوتوو بوون لەوەی مەسعود بارزانی قایل بكەن بەوەی نوێنەرانی كورد بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكەن بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام هێشتا بەمەوە رانەوەستاونو خوازیارن هەرێم بەشێوەیەكی رونتر هەڵوێستی خۆی بۆ پشتگیری لە ئەمریكا یەكلابكاتەوە. مەسعود بارزانی هێشتا نیگەرانییەكانی لە هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 نەڕەویوەتەوە، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمریكا هیچ گرەنتییەك نەدات، نابێت كورد خۆی بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەكانی واشنتۆن یەكلابكاتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەست بەوە دەكات ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە كە دەكرێت بەهانەی زیندووكردنەوەی پرسی ریفراندۆمو جیابونەوەی لە عێراق، بە كورد بدات، بۆیە وەكو سەرەتایەك لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەڵداوەتەوەو چیتر بە رقو توڕەییەكەی دوای ریفراندۆمەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكادا ناكاتو هێڵی تەلەفۆنەكەی جارێكی تر بەڕووی بەرپرسانی واشنتۆندا كردوەتەوە. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نایانەوێت بە پشتیوانیكردن لە هەڵوێستی لایەنە شیعەكان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەتەواوەتی عێراق رادەستی ئێران بكرێت، بەتایبەتیش كە لەدوای شەڕی "داعش" لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا هەڵوێستو مامەڵەی سیاسیو سەربازی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقو ئێرانیان بینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی تەواویان بە ئەمریكییەكان نییەو ترسیان هەیە هاوشێوەی رۆژئاوای كوردستان ترەمپ لە نیوەشەوێكدا (بەكاتی كوردستان) بڕیار لەسەر كشانەوە بداتو هەرێم لەبەردەم چەپۆكی ئێرانو شیعەی عێراقدا بەجێبهێڵێت. كورد چی دەكات ؟ تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێمو لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە هیچ بڕیارێك لەبارەی بارودۆخی ئێستا ناوچەكەوە، هەموان چاوەڕوانی تێپەڕینی كاتی زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی تەپوتۆزەكە بنیشێتەوەو ئەودیو تونێلەكە بەشێوەیەكی باشتر ببینن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبوەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكانو لایەنە سیاسییەكاندا پێشنیازێك هەبووە بۆ ئەوەی وەفدێك دروستبكرێتو بەنوێنەرایەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكاتو دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ لایەنە شیعیو سوننەكانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوتی رووداوەكان، بەڵام ئەمە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوەو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ زیاتر قسەوباسی گشتگیری تێدا كراوە نەك بڕیاردان. یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێم نە بەلای ئەمریكاو نە بەلای ئێراندا یەكلا نەبێتەوە، لەوبارەیەوە پەیامی روون بە بەرپرسانی هەردوو وڵات بدات". مەسعود بارزانی كە ئێستا هیچ پۆستێكی حكومی نییە، بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، لەكاتێكدا زۆرینەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لەگەڵ ئەودا دەكرێنو سەرباری ئەوەش سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت برازاو كوڕی ئەونو وەكو مەرجەعێكی سیاسی هەموو بڕیارەكانی خۆیان بەر لە لایەنە كوردستانییەكان، بۆ بارزانی دەگەڕێننەوە. بارزانی بە حوكمی پۆستەكەی وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبوو بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكە بكات لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بۆ جاری سێیەم بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو لایەنە سیاسییەكان چاویان لەوەیە دواجار بارزانی بڕیار لەسەر هەڵوێستی هەرێم بدات. وەفدێك دەچێتە تاران چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، بڕیارە سبەینێ وەفدێك لە هەرێمی كوردستانەوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت بگاتە تارانی پایتەختی ئێران. (درەو) پەیوەندی بە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد لە تاران، ئەو بێئاگایی خۆی لە سەردانی هەر وەفدێك لە هەرێمەوە بۆ تاران راگەیاند. (درەو) زانیویەتی، ئەو وەفدەی كە دەچێتە تاران، نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان. وابڕیارە وەفدەكە بەمەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی قاسم سولەیمانی سەردانی تاران بكات، بەڵام پێدەچێت لە پەراوێزی ئەو سەردانەشدا چەند دیدارێكی سیاسی بەڕێوەبچێت، دیارنییە هیچ پەیامێكی فەرمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خۆیان دەبەن یاخود نا. یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێچەوانەی پارتییەوە بەشێوەیەكی هەستیارتر مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەكات، ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی هەموو سنورەكەی بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە، سەرباری ئەمەش یەكێتی هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانانو ئەمریكادا هەیە. نوێنەرانی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام لەئەگەری توندبوونەوەی بارودۆخەكەدا، فشارەكانی ئێران لەسەر یەكێتی توندتر دەبن وەك لە پارتی كە لەژێر هەژموونی توركیادایە.
درەو: شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاوی كردەوە كە شەوی رابردوو ئێران (22) موشەكی ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد لەناو خاكی عێرا كە(17) موشەكی ئاڕاستەی عەین ئەسەد و(5)موشەكی ئاراستەی و بنكەی هەریر لە هەولێر كردوە، كە بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە لەو دوو بنكەیەوە ئامادەكاری بۆ هێرشكردن بۆ سەر قاسم سلیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس كراوە. هەردوو بنكەی سەربازی (عەین ئەلئەسەد) و (هەریر) ئەمڕۆ بوونە مانشێتی هەواڵی میدیاكانی جیهان، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن سوپای ئێرانەوە موشەكباران كران لە تۆڵەی كوژرانی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە. ئەو بنكە سەربازییانە دەكەونە كوێی عێراق؟ بایەخی ستراتیجییان چییە؟ رژێمی پێشو و دواتریش ئەمریكییەكان بۆ ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە وەك بنكەیەكی گرنگی هێزەكانیان لە عێراق؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، لەم ڕاپۆرتە زانیارییەدا بخوێنەرەوە. عەین ئەلئەسەد • دەكەوێتەناحییەی (ئەلبەغدادی) لەپاریزگای ئەنباری خۆرئاوای عێراق. • دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراق، دوای بنكەی ئاسمانی (بەلەد). • گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە خۆرئاوای عێراق. • پێشتر بەناوی بنكەی ئاسمانی (ئەلقادسیە)ناسرابوو تا ساڵی 2003. • جوگرافیای بنكەی ئاسمانیی(عەین ئەسەد) بایەخێكی ستراتیژی گرنگی هەیە. • دەكەوێتە ناوچەیەك كە بەرزترین خاڵە لەسەر ئاستی ڕووی دەریای ناوچەكەیە • بارەگای فەرماندەیی فیرقەی حەوتی سوپای عێراق لەخۆ دەگرێت. • لەساڵی 1980دا لەلایەن كۆمپانییایەكی (یوگسلافی)ییەوە ، لەسەر ڕووبەڕی 44كیلۆمەتر دووجا دروستكراوە. • جێگەی 5 هەزار سەربازی تێدا دەبێتەوە لەگەڵ بارەگای سەربازیی پێویست بۆ داڵدەدانیان هاوشێوەی پەناگە. • گەنجیینەی پارێزراو، جێوڕێی سەربازی و، پەناگەو شوێنی بەهێز بۆ پاراستنی فرۆكە تێدایە. • فرۆكەخانەیەكی ئامادەكراو هەیە بە فرۆكەی جەنگی و كۆپتەر. • هێزی بەرگریی ئاسمانی و تاوەری چاودێری ئامادەكراو بەڕاداری تێدایە. دەستنیشانكردنی شوێنی بنكە سەربازییەكە لە خۆرئاوای عێراق و لە خالێكی بەرزدا هۆكارەكەی ئەوەیە (سەدام حسێن) سەرۆكی ڕژێمی پێشوی عێراق ویستویەتی عێراق بپارێزێت لە هێرشی ئیسرائیل، هەروەها بۆ پاراستنی بەنداوی (حەدیسە) لەسەر ڕووباری فورات كە دەكەوێتە نزیك بنكەكە. بنكەی سەربازی هەریر • یەكێكە لە بنكە سەریازییە پێشكەوتووەكان كە موشەكی بەرگریی و فرۆكەی جەنگی و راداری پێشكەوتووی تێدا جێگیركراوە. • 75 كیلۆمەتر لەسەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە . • نزیكترین بنكەی سەربازی ئەمریكایە لە ئێرانەوە كە تەنها 115 كیلۆمەتر لێی دوورە. • بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2015 بەكارهێنرا لەپرۆسە سەربازییەكانی هاوپەیماننان دژ ڕێكخراوی داعش. • لەساڵی 2019دا سوپای ئەمریكا دەستیكرد بە فراوانكردنی بنكە سەربازییەكە و سەدان دۆنم زەوی تری ناوچەكە خراوەتە چوارچێوەی بنكە سەربازییەكەوە. • پرۆسەی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی داعش لەناو قوڵایی خاكی سوریا لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەو هێزە ئەنجامیدا كە لەو بنكە سەربازییە جێگیرین.
درەو: سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە مانەوەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت. ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەو دواتریش لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا و راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رایانگەیاندووە" هەرێمی كوردستان پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست دەزانێت" سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان" داواش لە هەموو لایەك دەكات هەرێمی كوردستان لە ململانێكانیان بەدوور بگرن" دوای كۆبونەوەكەش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" ئەركی لەپێشینەمان پاراستنی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەبێت، هەمو هەوڵێك دەدەین و ئەوەی لەتواناماندا بێت ئەنجامیدەدەین بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو هێوری بڕوات و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارەی لەو ئۆتۆمبیلو سەرنشینانە وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون، لە مۆڵەتی كاركردنیدا وەرگرتنی ئەم پارەیە بەشێوەی خۆبەخشانە دیاریكراوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت بەزۆر پارە لەخەڵك وەرگیراوە، ئەمە چیرۆكی كاركردنی كۆمپانیایەكە كە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان دەستبەسەركراوە. كاری كۆمپانیایەك راگیرا تەنیا لە هەردوو مەرزی (پەروێزخان)و (باشماخ) لە سنوری سلێمانیو ئیدارەی گەرمیان (17) كۆمپانیا هەن كە لە بواری جۆراوجۆردا كار دەكەن، هەندێك لەوانە كۆمپانیای بواری (دڵنیایی)ن، بەپێی قسەی بەرپرسان زۆرێك لەم كۆمپانیایانە سەرپێچی هەیە لە كاركردنیانداو لەدەرەوەی یاسا باج لەو ئۆتۆمبیلو سەرنشینانە وەردەگرن كە لە دەرەوەی هەرێمەوە دێنەناوەوە. ئێستا یەكێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی (كۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی) كە لە هەردوو مەرزەكەدا ئۆفێسی هەیەو كاردەكات، روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی كراوەتەوە. كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، دوێنێ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا. (درەو) پێشتر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخانەوە كرد، ئامادەنەبوو لەبارەی دۆسیەكەیەوە هیچ قسەیەك بكات. (درەو) زانیویەتی، عەلی تۆفیق لەسەر بنەمای سكاڵاكەی كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە كاری كۆمپانیای (دڵنیا)، دەستبەسەركراوە. لەسكاڵاكەیدا، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، كۆمپانیای (دڵنیا) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دەرەوەی یاساو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنشینان وەرگرتووە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو نوسراوەی كە مۆڵەتی كاركردنی پێداوە، مافی ئەوەی پێنەدراوە بەزۆر پارە لە خەڵك وەربگرێتو خەڵك سەرپشككراون لەوەی لەبەرامبەر سودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكە پارەبدەن. كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیا دڵنیا لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكانو لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوەو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە". بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینارو بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت. ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات. خاوەندارێتی كۆمپانیاكە ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی پشكدارییەو بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، خاوەنی سەرەكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) ەو رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە. كۆمپانیای (دڵنیا) لە سلێمانی ئۆفیسێكی هەیە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكەیەوە كرد، ئەو كەسەی وەڵامی دایەوە لەبارەی كۆمپانیاكەوە وتی:" ئەمە كۆمپانیایەكی موساهەمەیە، ئەو ناتوانێت لێدوان بداتو یاخود ژمارە تەلەفۆنی كەسمان پێبداتو دەبێت لەگەڵ ئیدارەی كۆمپانیاكە قسە بكەین". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا كە سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، داوا دەكات كاری ئەو كۆمپانیا رابگیرێتو ئەو پارەیەی كە لەماوەی رابردوو بەشێوەی نایاسایی پەیدای كردووە لێی وەربگیرێتەوەو پارەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەكە خەرج بكرێت، ئەوانەشی كە لەو كارەدا هاوكاری كۆمپانیاكەیان كردووە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت. كێشەیەكی یاسایی كۆمپانیای (دڵنیا) لەلایەن لیژنەی مۆڵەتپێدان بۆ كاری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی كە مۆڵەتی كۆمپانیاكان دەدات، ئاگاداری كێشەی كۆمپانیاكەو ئەو كۆمپانیایانەی تر نییە كە هاوشێوەنو لە مەرزەكاندا كاردەكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی دەستوەردان لە دۆسیەكەدا بكات، پێویستە خەڵك یان بازرگاكان لەلای ئەو وەزارەتە سكاڵا تۆماربكەن، بازرگانەكان كە ئەو كۆمپانیایانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئاستەنگ بۆ كاروبارەكانیان دروستدەكەن، تائێستا كەسیان لە وەزارەتی پیشەسازیو بارزگانی سكاڵایان تۆمار نەكردووە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازیو بازرگانی رایگەیاند، هیچ سكاڵایەك لەبارەی كاری ئەو كۆمپانیایەوە لە مەرزەكان بەوان نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر دۆسیەكە ئاڕاستەی ئەوان بكرێت لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراودا رێوشوێن دەگرنەبەر. لەبارەی پێدانی مۆڵەت بۆ كۆمپانیاكان، وەزیر باسی لەوەكرد، هەندێك تێكەڵی لە بابەتی پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكان هەیەو هەندێك كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، ئەوان كار لەسەر رێكخستنەوەی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن. فەرمانێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە بابەتی وەرگرتنی پارە لە خەڵك لە دەرەوەی یاسا نوێ نییە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مانگی چواری 2018 واتە ساڵێك بەرلەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەمێنێت، فەرمانێكی دەركردو تێیدا بەمەبەستی "رێگریكردن لەوەرگرتنی پارە بە ناقانونی" چەند بڕیارێكی دەركرد كە ئەمانەن: 1- نابێت هیچ كەسو لایەنێك لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانویەك هیچ بازگەیەكی ناقانونی دابنێت یان هیچ بڕە پارەیەك بە ناقانونی لە هاوڵاتیان وەرگرێت جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەتو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاساو پەیڕەو و رێنماییە بەركارەكان وەریدەگرنو دواتریش داهاتیان بەپێی پسوڵەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئابوری. 2- لەكاتی سەر سەرپێچیكردنی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار روبەڕووی رێكاری قانونی دەبێتەوەو راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت بۆ لێپرسینەوەو سزادان بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەك كە بە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەریگرتبێت. 3- پێویستە لەسەر هاوڵاتیانو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە هیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكارانو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوەو بەڵگەی پێویستیان بخەنەبەردەست. 4- وەزارەتی ناوخۆو هێزەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانو داواكاری گشتیو دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ بكەن. لەدوای ئەم بڕیارەی حكومەتەوە هیچ كۆمپانیایەك نییە كە روبەڕووی دادگاكرابێتەوە لەسەر ئەوەی لەدەرەوەی یاسا پارەی وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتاران بەردەوام باس لە سەرپێچی كۆمپانیاكان دەكەن. كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵانەی دوایی تادێت ژمارەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكەن، لەناویشیاندا كۆمپانیاكانی بواری دڵنیایی، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29هەزارو 400) كۆمپانیا لە هەرێم هەن، لەوانە: • (4 هەزارو 100) كۆمپانیایان بیانین • ئەوانەی تر كۆمپانیای ناوخۆیین زۆربەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسان دەگەڕێتەوە یاخود بەرپرسان تێیدا پشكدارن یان بەجۆرێكی تر باجی نایاساییان لێوەردەگرن لەبەرامبەر پاراستنو رێگەدان بەكاركردنیان، ئەمە وایكردووە زۆرێك لە كۆمپانیاكان پابەند نەبن بە مۆڵەتی كاركردنەكانیانەوەو لەدەرەوەی سنوری رێگەپێدراو پارە كۆبكەنەوە. وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكان چیرۆكێكی ترە، بابەتی وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژەو فرۆشتنەوەی لەناو كۆمپانیاكاندا پرسێكی باو و ئاشكرایە، بۆ ئەمەش بەتەواوەتی سود لە كەڵێنی ناو یاسا كارپێكراوەكان وەردەگیرێت. لە هەرێمی كوردستان جگە لە كۆمپانیا ئەهلییەكان، لەبواری دڵنیایدا (سێ) كۆمپانیای حكومی هەبوون، ساڵی 2014 هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، وەزارەتی داراییو ئابوری كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەی راگرت. كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی لە مەرزەكاندا كاردەكەن، خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆ پێشكەش بە شۆفێرو هاوڵاتیان ناكەن، بەڵام لەبەرامبەردا پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرن، هەندێك لەوانەی لەناو بوارەكەدا كاردەكەن بەجۆرێكی تر گوزارشت لەمە دەكەنو دەڵێن ئەو كۆمپانیایانە كارەكەیان ئەوەیە "تەنیا وەسڵ" دەفرۆشن. گەندەڵی لە مەرزەكان بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەنو دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە یاسا پێشێل دەكەن. لە گومرگەكان كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە". لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوەو بەسەرچوون. ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخو پەروێزخانە كە یەكەمیان بەڕێوەبەرە گشتییەكەی سەربە یەكێتییەو ئەوی تریان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە. لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەرانو ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێرانو ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە. بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییە هەیە، سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی داراییو ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران. ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێتو پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی. نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. هەرێمی كوردستانو ئێران هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقو ئێراندا. لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.