Draw Media

 (درەو): تەلەفزیۆنی روسیا تودەی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراقیەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بڵاوكردەوە. سەرچاوەكە باس لەوەدەكات، ئەو فڕۆكەیەی كە قاسم سلێمانی لە سوریاوە گواستوەتەوە بۆ عێراق، سەربە كۆمپانیای "ئەجنحە شام" بووە‌و دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ ئاگادارییەكیان نەبووە لەبارەی ئەوەی كەسایەتییەكی باڵا‌و گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەدایە. سەرچاوەكە دەڵێ:" كاتی گەیشتنی فڕۆكەكە لە كاتژمێر 11:30ی خولەكی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بووە، بەڵام فڕۆكەكە دوای كاتژمێرێك لە وادەی دیاریكراو گەیشتووە، ئەمەش بەهۆی دواكەوتنی هەستانی فڕۆكەكە لە سوریا". "فڕۆكەكە لە دەرگای ژمارە 21ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد راوەستاوە، سلێمانی بەناو دەروازەی فەرمی فڕۆكەخانەكەدا تێنەپەڕیوە، لەبەردەم فڕۆكەكەدا دوو ئۆتۆمبیل چاوەڕوانی بوون، ئۆتۆمبیلی یەكەم لە جۆری (ستارێكس)بووە، دووەم لەە جۆری (ئەڤەلۆن)، سواری یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان بووە‌و بەر لە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە دەرچووە". سەرچاوەكە ئاماژە بەوەدەكات" كاتێك بۆردومانەكە رویداوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی بەشێوەیەكی نافەرمی پرسیاریان لە فڕۆكەخانە كردووە ئایا هیچ كەسایەتییەكی گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەیەدا بووە، هەندێكیان وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە بەڵێ: قاسم سلێمانیمان بینی.. هەر لەوكاتەدا دەسەڵاتدارانی ئەمنی دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك لە گەشتیاران‌و نوێنەری كۆمپانیاكە كە وتویەتی ناتوانم سەرنشینەكان بناسمەوە، ئەوانە وەكو هەر كەسێكی تر گەشتیاربوون". سەرچاوەكە دەڵێ": دوای گەڕانەوە بۆ تەماشاكردنی كامێراكانی فڕۆكەخانەی بەغداد، دوو ئۆتۆمبیل دەركەوتوون كە چاوەڕوانی سلێمانییان كردووە". هەندێك میدیای عێراقی ئەمڕۆ رایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق هاوڵاتییەكی عێراقی‌و كەسێكی سوری‌و تیمی فڕۆكەكەی قاسم سلێمانییان دەستگیركردووە‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەڵام سەرچاوەی كەناڵە روسییەكە راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت كەس دەستگیرنەكراوە. لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی قاسم سلێمانی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، قسەی جۆراوجۆر دەكرێت، موحسین رەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران وتی:" سەردار قاسم لە سوریاوە چووەتە بەغداد، رەنگە ئیسرائیل لە سوریا چاودێری گەشتەكەی كردبێت‌و زانیاری بە ئەمریكا دابێت".


درەو: بە كوشتنی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕووی لە هەڵكشان كرد. پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) كەشتی جەنگی فرۆكە هەڵگری (ئەبراهام لینكۆڵن) و فرۆكەی شەڕكەڕی ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پاساوی بوونی زانیاری هەواڵگری لەبارەی ئامادەكاری ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش كە ڕەنگە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكاتە ئامانج. ئەم ئاڵۆزییانە ئێستا،  كەش و هەوای سێ‌ جەنگی ڕابردوو دێنێتەوە یاد لە ناوچەی كەنداو، یەكەمیان لەساڵانی 1980 - 1988 لە نێوان عێراق و ئێران، جەنگی دووەمی كوەیت 1990-1991 ، جەنگی سێیەمیش هێرشكردنە سەر عێراق وكۆتایهێنان بە رژێمی پێشووی عێراق لەساڵی 2003دا، ئەم كەش و دۆخەی ئاڵۆزەی ئێستا، ئاماژە بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی چوارەم دەكات لە ناوچەكە.  لەم ئینفۆگرافیكەدا لایەنەكانی جەنگی كەنداو دەخەینەڕوو ئەگەر ڕووبدات... ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی: -    سعودیە -    بەحرەین -    ئیمارات -    ئیسرائیل -    بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ( كوەیت، قەتەر، عومان)  ئێران و هاوپەیمانەكانی -    میلیشیا شیعەكانی عێراق و حەشدی شەعبی -    میلیشیاكانی ئێران لە سوریا -    حزبوڵای لوبنان -    میلیشیا حوسیەكانی یەمەن 


درەو:  گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری بەغداد، گەیشتۆتە لوتكەو ئەگەری پێكدادانی راستەوخۆ دەكرێت لە نێوان سوپای ئەمریكاو سوپای پاسدارانی ئێرانی، هەریەكەیان خاوەنی توانای سەربازی خۆیەتی، بەڵام جیاوازی زۆر لە ئاستی پێشكەوتن و توانای سەربازی نێوان ( ئەمریكا و ئێران) هەیە . •    سوپای ئەمریكا لە پلەی یەكەمی سوپای جیهانیدایەو ئێران لە پلەی 14 یەمیندایە •    ژمارەی دانیشتوانی ئەمریكا (329 ملیۆن) كەسەو ئێران (83 ملیۆن) كەسە •    ژمارەی سەربازانی ئەمریكا (2 ملیۆن و 100 هەزار) كەسەو ژمارەی سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێران (873 هەزار) كەسە. •    بودجەی ساڵانەی سوپای ئەمریكا (716 ملیار) دۆلارە، بودجەی ساڵانەی سوپای پاسدارانی ئێران (6 ملیارو 300 ملیۆن ) دۆلارە. •    ئەمریكا (13 هەزار) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە، ئێران (509) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە. •    ئەمریكا (13 هەزار و500) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، ئێران (319) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە. •    ئەمریكا (480 هەزارو 45) هێزی وشكانی لە تانك و زرێپۆشی هەیە، ئێران (8 هەزارو 515) تانك و زرێپۆشی هەیە. •    ئەمریكا (415) كەشتی جەنگیی هەیە ئێران (390) كەشتی جەنگیی هەیە. •    یەدەگی نەوتی ئەمریكا (36ملیارو 500 ملیۆن) بەرمیلە، یەدەگی نەوتی ئێران (158 ملیارو 400 ) بەرمیلە.   


(درەو): ئەو كەسەی كە لە شوێنی قاسمی سلێمانی دەستبەكاردەبێت، ساڵی 1981 بەشداری كردووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان. ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران چەند كاتژمێرێك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغداد، فەرمانێكی دەركرد‌و (ئیسماعیل قائانی) لە شوێنی ئەو وەكو فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دیاریكرد. خامنەیی لە فەرمانەكەیدا، قائانی وەكو وەكو "بەرجەستەترین فەرماندەكانی سوپا" ناوبردووە‌و داوای لێكردووە لە پۆستە نوێیەكەیدا درێژە بە بەرنامەكانی قاسم سلێمانی بدات. ئیسماعیل قائانی كێیە ؟ •    چەندین ساڵ یاریدەدەری قاسم سلێمانی بووە لە فەیلەقی قودس. •    لە شاری مەشهەد لەدایكبووە. •    ساڵی 1980 كە تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بووە بووە بە ئەندامی ئەو فەیلەقە سەربازییە. •    كۆتاییەكانی ساڵی 1981 هاتووتە تارانی پایتەخت‌و چووەتە سەربازگەی سەعدئاباد كە ئێستا ناوی سەربازگەی ئیمام عەلییەو لەوێ راهێنانی سەربازی بینیوە. •    قائانی دوای تەواوكردنی پەروەردەی سەربازی، گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەشهەد‌و لە یەكێك لە بنكەكانی پەروەردەیی سوپای پاسداراندا وەكو كادرێكی سەربازیی دەستبەكاربووە. •    پاش ماوەیەك‌و لەناوەڕاستی 1981 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، قائانی رەوانەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە بۆ روبەڕووبونەوە‌و سەركوتكردنی خەڵك. •    راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن لە ساڵی 1980 تاوەكو كۆتایی جەنگی ئێران- عێراق بەشداری جەنگەكەی كردووە‌و هەندێك وێنەی ئەوكاتەی هەیە كە لەناو سەنگەرەكاندایە. •    لەماوەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران- عێراقدا فەرماندەی لەشكری (5)ی نەسرو تیپی ئیمام رەزا بووە‌و هاوكات بەرپرسی هەندێك لە هێزە سەربازییەكانی پارێزگای خۆراسان بووە. •     قائانی لە ساڵی 1981 ئاشنایەتی لەگەڵ قاسم سلێمانی پەیداكردووە‌و پێكەوە دەستیان كردووە بە كاركردن لەناو فەیلەقی قودس. •    بەر لەوەی ببێت بە یاریدەدەری قاسم سولەیمان لەناو فەیلەقی قودسدا، ماوەیەك یاریدەدەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بووە. •    بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "ئەمریكن ئینترپرایز"، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران لە ساڵی 1984دا قائانی كردووە بە بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنەكانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە مەشهەد. •    دامەزراوە ئەمریكییەكە ئیسماعیل قائانی وەكو یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران ناوبردووە كە دەستی هەبووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی 1992ی مەشهەد. •    یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران بووە كە ساڵی 1992 بەشداریكردووە لە بەرگری سوپای پاسداران لە "بەرەی یەكگرتووی ئیسلامی میللی بۆ رزگاریی ئەفغانستان" لەدژی هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان. •    بەپێچەوانەی قاسم سلێمانییەوە، قائانی لە پرسی دەستوەردانی سیاسی‌و راگەیاندنی بۆچونە سیاسییەكانیدا شەرمی نییە‌و چەندین لێدوانی توندی لەبارەی بارودۆخی سیاسییەوە هەیە، یەكێك لەو فەرماندانەی سوپا بووە كە ساڵی 2000 ئیمزای لەسەر نامەیەكی توند كردووە كە بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی وڵات نێردراوە سەبارەت بە رووداوەكانی زانكۆی تاران‌و رووداوەكانی تری ئەو سەردەمە، ئەوكات هەندێك ئەو نامەیەیان وەكو كودەتای سوپا بەسەر دەوڵەتدا لێكدایەوە. •    قائانی ساڵی 2010 یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانە بوو كە ئیمزای لەسەر نامەیەكی توندكرد كە ئاڕاستەی سەردار حسێن علایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران كرا سەبارەت بە قسەكانی ئەو لە یاداشتەكانیدا سەبارەت بە سەركوتكردنی شۆپۆلی ناڕەزایەتییەكان دژ بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010‌و قائانی‌و هەندێك لە فەرماندەكان نیگەران بوون لەوەی لەو یاداشتەدا ناوی ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵا هێنراوە لە پشت سەركوتكارییەكانەوە. بۆ خوێندنەوەی راپۆرتێكی وردی بی بی سی فارسی لەبارەی قاسم سلێمانی كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: قاسم سلێمانی؛ فەرماندەیەك نوێنەرایەتی ئایەتوڵا خامنەیی دەكرد


راپۆرت: پوریا ماهرویان- بی بی سی فارسی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت یەكەمین سەربازە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا كە پلەی سەرلەشكرد‌و میدالیای "زولفەقار"ی پێدراوە، نوێنەری سەربازی‌و سیاسی رابەری باڵا بووە لە تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نازناوی جۆراوجۆری لێنراوە، تەنانەت بوو بە بابەتی ناو یارییە ئەلیكترۆنیيەكان، لە یارییەكدا پاڵەوان بوو كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتی گەلی ئەمریكای دەردەكرد، لە یارییەكی تردا وەكو ئامانجێك دانرابوو بۆ كوشتن، رابەری باڵا پێی دەوت "شەهیدی زیندوو"، دواجار لە هێرشی ئەمریكادا كوژرا، ئەو قاسمی سلێمانییە، ، روخساری ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دەقی راپۆرتەكەی بی بی سی فارسی قاسم سلێمانی كە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی هەینی 3ی كانونی دووەم لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا بۆسەر كاروانەكەی لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی، كوژرا، ناوسراوترین روخساری سەربازی بوو لە دەرەوە‌و ناوەوەی ئێران. سەرلەشكر قاسم سلێمانی، كاتێك لە عێراق كوژرا، تەمەنی نزیكەی (63) ساڵ بوو، ئەو، كاتێك ناوبانگێكی جیهانی پەیداكرد كە فەیلەقی قودسی سوپا، رۆڵی ئێرانی لە عێراق‌و دواتر سوریا‌و وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر كرد‌و ئەمە بوو بە باسی میدیاكانی دەرەوە.  "فەرماندەی سێبەر"، "ژەنەراڵی نێودەوڵەتی"، "فەرماندەی مۆتەكە"، "فەرماندەی تارمایی"، "مۆتەكەی دوژمن"، "مالیك ئەشتەری سەردەم"، " ژەنەراڵ حاجی قاسم"‌و چەندین نازناوی تر كە نەیارو لایەنگرانی بەویان بەخشیوە، هەمووی نیشاندەری ناوبانگی ئەون لەناوەوە‌و دەرەوە. میدالیای "زولفەقار" بەرزترین میدالیای سەرباز لە ئێران كە تەنیا بە سلێمانی دراوە جارێك ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئەوی بە "شەهیدی زیندوو" ناوهێنا، بەڵام ئەو خۆی بە "سەربازێكی ناتوانایی ویلایەت- سەربازی سفری ویلایەت" ناودەبرد، لە كردارو گوفتاریدا ئەوەی نیشان دابوو كە بەتەواوەتی پەیڕەوی لە ئایەتوڵا خامنەیی‌و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەكات. لایەنگرانی لە ئێران، كە لە روخسارەكانی ناو رەوتی ریفرۆمخوازو پارێزگاران تاوەكز زۆرێك لە لاوان بوون، ئەویان بە "پاڵەوانێكی نیشتمانی" دەزانی كە فەرماندەیی بەرەی بەرگری دەكرد لەدەرەوەی سنورەكانی وڵات تاوەكو ئارامی ئەو وڵاتە بپارێزێت، نەیارەكانیشی ئەویان بە بەرپرسی زۆرێك لە ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە‌و پارێزەری بنەڕەتی میلیشیا شیعەكان بەتایبەتی لە عێراق‌و یەمەن‌و سوریا، كە ئاسایشی ناوچەكەیان خستوەتە مەترسییەوە، دەزانی. قاسم سلێمانی ساڵی 1958 لە گوندی (رابەر) لە پارێزگای كرمان لەدایكبووە، ئەو دەستپێكی كاركردنی لە مانگەكانی یەكەمی سەرەتای شۆڕشدا لە فەرمانگەی ئاوی پارێزگای كرمان دەستپێكردووە، دواتر بووە بە سەرباز لە سوپا‌و بەوشێوەیەی كە خۆی دەیوت، بڕیاربوو تەنیا ماوەی 15 رۆژ لە سوپا سەرباز بێت، بەڵام تاكۆتایی جەنگ لە سوپا مایەوە. دواین دەركەوتنی قاسم سلێمانی لەیادی عاشورادا لە تاران لەسەرەتای جەنگی ئێران- عێراقدا كەتیبەیەكی سەربازی لە كرمان دروستكردووە، كە ماوەیەك دواتر بووە بە كەتیبەی زرێپۆش‌و لەكۆتایشدا بووە بە لەشكری 41ی (ثارالله). ئەو لەسەرەتای دروستكردنی ئەم لەشكرەدا لە ساڵی 1983 تاوەكو رۆشتنی بۆناو سوپای قودس لە ساڵی 1996 فەرماندەی لەشكری (ثارالله) بوو، كە لەزۆرێك لە ئۆپراسیۆنەكانی سوپا لە جەنگدا، رۆڵی سەرەكی هەبوو. ئەو لەماوەی نێوان كۆتایی جەنگ‌و فەرماندەیكردنی سوپای قودسدا، هاوكات فەرماندەی لەشكردی (ثارالله) بوو، كە یەكێك لە پڕچەكترین‌و بەهێزترین یەكە سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ئێران بوو، زۆرێك لە ئەرك‌و سەرقاڵییەكانی دوای جەنگ روبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ گروپە قاچاخچییەكانی ماددەی هۆشبەر‌و پاسەوانی پارێزگاكانی سنورو هاوسێی پاكستان‌و ئەفغانستان. هێزی قودسی سوپا كە لەسەرەتای جەنگدا بەمەبەستی رێنمونیكردنی چالاكییەكانی سوپا لە دەرەوەی سنور لە عێراق‌و لوبنان، لەژێر كۆنترۆڵی یەكەی پەیوەندی نێودەوڵەتی سوپا، دروستكرا، دواتر بوو بە قەرارگای (رەمەزان) لە دەرەوەی سنور، لە كۆتایشدا بوو بە یەكێك لە باڵە سەرەكییەكانی سوپا‌و ئێستا وەكو یەكێك لە گرنگترین یەكەی سەربازی كۆماری ئیسلامی دەناسرێت، كە بە "سوپای قودس" ناوبانگی دەركردووە.  لەحاڵێكدا كە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئێران دژ بە ئیسرائیل، رەزامەندبوونی وەزارەتەكەی بۆ قاسمی سلێمانی نیشاندابوو، نەیارانی لە نمونەی میدیاكانی سەربە عەرەبستانی سعودیە ئاكاری ئەویان وەكو "دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان" ناودەبرد. لەبارەی پشتیوانی رۆڵی قاسم سلێمانی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر ئەو رستەیەی محەمەد جەواد زەریف بەسە، كە وتبووی:" من رێزی تایبەتیم هەیە بۆ سەردار سلێمانی، زیاتر لە 20 ساڵە ئێمە نزیكین لەیەكترەوە‌و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی‌و گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسی‌و ئاشتیخوازانە هاوكاری دەكەین. لە قەیرانی ئەفغانستان‌و بەمەبەستی دروستكردنی دەوڵەت دوای تاڵیبان لەو وڵاتە، هاوكاری زۆر باش هەبوو لە دانیشتنەكاندا لەنێوان من وەكو نوێنەری وەزارەتی دەرەوە‌و سەردار سلێمانیدا". "ئێستاش ئەو هاوكار‌و دۆستایەتییە نزیكەمان لەگەڵ یەكتر هەیە، لەسەرەتادا بۆ گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسی لەگەڵ یەكتر هاوكاریمان دەكرد، هاوكاری ئێمە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بوو بۆ قەیرانی سوریا‌و یەمەن‌و ناردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ خەڵكی سوریا‌و یەمەن، هاوكاری زۆر باش بوو، هیوادارم ئەو هاوكارییە بەردەوام بێت". ماوەیەك پێشتریش لەوەڵامی پرسیارێكدا لە پەرلەمان، بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە هاوهەنگاوە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای تێڕوانیەكانی رابەر لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زەریف وتی شانازی دەكات كە قاسم سلێمانی هەموو رۆژێك لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەو، ستایشی سیاسەتەكانی دەوڵەت دەكات. ئەبومەهدی موهەندیس هەمیشە خۆی وەكو سەربازی قاسم سلێمانی زانیوە قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی كردەیی نوێنەری سیاسەتی گشتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی دەكرد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت بەقسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئێران، باڵیۆزی وڵاتانی سوریا، عێراق‌و لوبنان دەبوو بە رەزامەندی ئەو دابنرێن، باڵیۆزی ئێران لە هەموو ئەو وڵاتانە لە فەرماندەكانی پێشووی سوپای قودس بوون، لەنمونەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێستای ئێران لە بەغداد كە ساڵانێك راوێژكاری باڵای سەرلەشكر سلێمانی بوو لە سوپای قودس. ئاغای سلێمانی بەشێوەیەكی رێكخراو لەگەڵ كەسایەتی گرنگی وڵاتانی هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەكە دیداری هەبوو، لەوانە بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا‌و حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا. تەنانەت چەند ساڵێك لەمەوبەر هەواڵی دژبەیەك لەبارەی گەشتی ئەو بۆ روسیا بڵاوبووەوە، كە لەوەڵامی ئەو هەواڵانەدا عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رابەری ئێران وتی:" هاتوچوونی سەردار سلێمانی‌و هاوكاری لەگەڵ بەرپرسانی روسیا لە بارودۆخێكدا كە هاوپەیمانێتی نێوان ئێران‌و روسیا لە روبەڕووبونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان، رووی لەزیادبوون كردووە، بەتەواوەتی شتێكی ئاساییە". ساڵی رابردوو لە گەشتێكی پێشتر رانەگەیەندراودا، بەشار ئەسەد بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سەردانی ئێرانی كرد‌و لەگەڵ رابەرو سەرۆك كۆمار دیداری كرد، بەوتەی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای قودس، بەشار ئەسەد بە هاوڕێیەتی ئاغای سلێمانی سەردانی ئێران كردووە، بەبێ ئەوەی تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاگاداری ئەو سەردانە بوبێت. پاش بڵاوبونەوەی وێنەكانی دیداری ئاغای ئەسەد لەگەڵ ئایەتوڵا خامنەیی‌و حەسەن رۆحانی بەئامادەبوونی قاسم سلێمانی، ئاغای زەریف لە ئینستاگرامی خۆی نوسی:" دوای وێنەكانی دیداری ئەمڕۆ، ئیتر جەواد زەریف وەكو وەزیری دەرەوە لە جیهاندا هیچ ئیعتیبارێكی نییە". سلێمانی خاڵی پەیوەندی رابەر بوو لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە، لەم وێنەیەدا لەدیداری نێوان نەسروڵاو خامنەیدا دەردەكەوێت ناوبانگی قاسم سلێمانی لەم ساڵانەی دوایدا كاردانەوەی زۆری هەبوو، سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك كەمتر لە كۆبونەوەی گشتییەكاندا دەردەكەوت، بەڵام هەر كە وێنەیەكی ئەو بەتایبەتی لەناوچەكانی جەنگ بڵاودەبووەوە، بەشێوەیەكی خێرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەستاودەستی دەكرد، بۆ ستایشكردنی ئەو بە زمانی فارسی عەرەبی‌و گۆران‌و سرود دانران، ناوی چووە ناو جیهان ئەنیمەیشن‌و یارییە كۆمپیوتەرییەكانیشەوە، پاڵەوانی ئەنیمەیشنی "شەڕی كەنداوی فارس" كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتییەكانی ئەمریكا دەدات، لە یاری كۆمپیوتەری دروستكراوی ئێراندا "مۆتەكەی دوژمن"ە، لە یارییە كۆمپیوتەرییەكانی "واحد النمر"‌و "بتل فلید 3" كەسایەتییەكەی نەرێنییە كە دەكرێتە ئامانجی كوشتن. زۆرێك لە روخسارە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییە ناسراوەكان لە ئێران، بە بڵاوكردنەوەی وێنە یاخود یادەوەرییەكی ئەو، ئەو ناوبانگەیان زیاتر كرد، لەنمونەی عیزەتوڵا زورغامی‌و سادق خەرازی-یەوە بیگرە تاوەكو ئیبراهیم حاتەمی كیا‌و پەروێز پەرەستویی. سەردەمێك كە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە ساڵی 1998دا بوو بە یەكەی دەرەوەی سنوری سوپای پاسداران، ئەو هێزە بەهۆی ئەوەی پێكهاتەكەی بۆ سەردەمی جەنگی ئێران- عێراق دەگەڕایەوە، كەمتر دەناسرا، قاسم سلێمانی لە تەمەنی 40 ساڵیدا كاتێك بەپلەی سەرتیپ بوو بە فەرماندەی ئەو هێزە، ماوەی چەندین ساڵ‌و لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكری (پاراللە)ی كرمانی كردبوو.  ناوی ئەو لە سیاسەتمەدا بۆ یەكەمینجار، دوای دوو ساڵ لە فەرماندەیی سوپای قودس هات، هاوزەمان لەگەڵ روداوەكانی 18ی تەموزی 2000 كە هاوڕێ لەگەڵ 23 فەرماندەی تری سوپا، نامەیەكی ناڕەزایەتی بە زمانێكی توند بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی ئێران نوسی.  ئەوانەی ئیمزای نوسراوەكەیان كردبوو، زۆربەیان ئەو فەرماندانەبوون كە لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكر‌و لە دوو سێ باردا فەرماندەیی قەرارگایان بەدەستەوە بوو، لەو نامەیەدا نوسیبویان كە جامی سەبریان پڕبووە‌و "چیتر لەوە زیاتر بەرگەی ئاوەڕ نەدانەوە لە خۆیان" بە گونجاو نازانن. زۆرێك ئەم نامەیەیان وەكو راگەیاندنی ئامادەیی راشكاوانەی سوپا لە كاروباری سیاسی‌و دەستوەردانی ئەوان ئەژماركرد، ئاڕاستەیەك كە بەوتەی رەخنەگران، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا لە ساڵی 2010 گەیشتە لوتكە. ساڵانی دواتر ئەوانەی ئیمزایان لەسەر نامەكە كرد، هەریەكەیان گەیشت بە چارەنوسێكی جیاواز، هەندێك كوژران، هەندێك گەیشتن بە بەرزترین پۆستی سەربازی كۆماری ئیسلامی، هەندێكی تر چوونەناو سیاسەتەوە.  سلێمانی.. گەنجترین فەرماندەكانی سوپا لەسەردەمی جەنگی ئێران- عێراقدا لەم كاتەدا قاسم سلێمانی پارێزگاری لە كارەكەی خۆی كرد‌و تەنیا بە زیادبوونی هەژمون‌و بایەخی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2011 پلەی سەرلەشكری وەرگرت، ئەم پلەیە باڵاترین پلەیە كە لە كۆماری ئیسلامی بە سەربازێك درابێت كە هێشتا لەژیاندا بوبێت. ئەو بەپێچەوانەی زۆرێك لە هاوتاكانییەوە، كەمتر تێكەڵ بە ململانێی سیاسی‌و باڵباڵێن دەبوو، كەمتر بۆچونی خۆی رادەگەیاند، بەجۆرێك كە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010دا  ناوی ئەو لەناو ئەوانەدا نەبوو كە نامەیەكی ناڕەزایەتی ئامێزیان بۆ حسێن عەلایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپا، نارد. فەرماندەكانی سوپا لە تەنشت خامنەیی لە زەمەنی جەنگدا سلێمانی یەكێكە لە فەرماندەكان قاسم سلێمانی پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ فەرماندە نیمچە سەربازییەكانی شیعەی عێراق‌و لوبنان هەبوو. لەنمونەی عیماد موغنیە فەرماندەی نیمچە سەربازی حیزبوڵای كە كوژرا، تاوەكە ئەبومەهدی موهەندیس‌و هادی عامری فەرماندەكانی حەشدی شەعبی. بەپێی راپۆرتەكان كاتێك كاروانەكەی بووە بە ئامانجی موشەكەكانی ئەمریكا، قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لەتەنیشت یەكترەوە بوون. میدالیای زولفەر كە بەرزترین میدالیای سەربازی ئێرانە، لەدوای شوڕشەوە تەنیا بە قاسم سلێمانی دراوە، ئەو هاوكات نزیكەی 22 ساڵ فەرماندەیی فەیلەقی قودس بووە، یەكێك لە بەئەزمونترین فەرماندەی سوپا بووە كە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە.  


  درەو:  ئەبومەهدی موهەندیس (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم) جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران، دوای ئەوەی نیوەشەی رابردوو قاسم سولەیمانی بە فڕۆكەیەكی بارهەڵگر لە دیمەشقەوە گەیشتۆتە فرۆكەخانەی بەغداو لەوێ بۆ پاراستنی ئەمنیەتی قاسم سولەیمانی، موهەندیس بە ئۆتۆمبیلی تایبەت لەبارەگای حەشدی شەعبیەوە چۆتە پێشوازی قاسم سولەیمانی.  ئەبومەهدی موهەندیس لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت" لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە 1988 لەو شارەبووم و بە كامێرای خۆم وێنەی دەیان ژن و منداڵو پیری ئەو شارەم گرتووە" ئەبومەهدی موهەندیس كێیە؟ - ئەبومەهدی موهەندیس ناوی (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم)ە. ناسراوە بە (ئەبومەهدی موهەندیس) و لە ئێران پێی دەوترێت جەمال ئیبراهیمی  - لە ساڵی 1954 لە شارۆچكەی قوڕنەی بەسرە لەدایكبووە.  - لە 1973 زانكۆی تەكنۆلۆجی، بەشی ئەندازیاری مەدەنی خوێندووە - لە 1977 زانكۆی تەواو كردووە. - دوای تەواوكردنی خوێندن وەك ئەندازیار كاریكردووە و دواتر دكتۆرای لە ئەندازیاری خوێندووە. - لەساڵی ١٩٨٠دا كە رژێمی سەدام حسێن هەڵمەتی كوشتن‌و رەشبگیری سەركردەو چالاكوانانی شیعە دەستپێدەكات، ئەبو مەهدی رودەكاتە وڵاتی كوەیت‌و بەشوناسنامەیەكی ساختە وەك ئەندازیار كار دەكات. - لە حەوزەی مەزهەبی لای موحسین حەكیم لە بەسرە خوێندوویەتی. - لە قۆناغی ناوەندییەوە پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە كردووە. - لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند جارێك رووبەڕووی دەستگیركردن و راوەدوونان بووەتەوە. - دوای كوژرانی محەمەد باقر سەدر، ناچار بووە رووبكاتە ئێران و لە 1980 عێراقی بەجێهێشتووە. - لە 1985 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق. - وەك سیاسی و سەربازی لە فەیلەقی بەدر كاری كردووە و دواتر بووەتە فەرماندەی فەیلەقەكە تا دوای مانگێك لە رووخانی بەعس لە عێراق فەرماندە بووە و دواتر وازی لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و فەیلەقی بەدر هێناوە. - تۆمەتبار كراوە بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكانی فەرەنسا و ئەمەریكا لە كوەیت لە ساڵی 1983 و لە ساڵی 1984 لە لایەن دادگای كوەیتەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە. - هەواڵگری كوەیت تۆمەتباری كردووە بە هەوڵدان بۆ رفاندنی فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی كوەیت و هەوڵدان بۆ كوشتنی میری كوەیت لە 1985دا. - لە 2003 بە دواوە روویكردووەتە كاری سیاسی و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە درووستكردنی هاوپەیمانییەكانی شیعەدا. - ساڵاَی 2014 لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی رۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە و بووەتە جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی - لە 27ی ئۆكتۆبەری 2017دا، هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە بارەی ئەبومەهدی موهەندیس گوتی: ئەبومەهدی موهەندیس تیرۆریستە. - موهەندیس لە ساڵی 2009دا خراوەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوه. ئەبو مەهدی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخبار-ی لوبنانی دەڵێت "لەكاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لەو شارە بوم‌و بەچاوی خۆم كارەساتی مەرگی هەزاران منداڵ‌و ژن‌و پیرەمێردم بینیوەو كامێراشم پێبوەەو وێنەشم گرتوە". دەشڵێت "لەنەوەدەكانی سەدەی رابردودا، لەدوای راپەڕین وەك موجاهیدنە عێراقییەكان بنكەمان لەكوردستان كردەوەو لەشاری سلێمانی تیپێكمان جێگیر كرد بەناوی تیپی مستەفا كە لە ١٥٠٠ چەكدار پێكدەهات‌و پەیوەندییەكی توندوتۆڵمان هەبو لەگەڵ تاڵەبانی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و گۆڕی چەندین موجاهیدیشمان لەگۆڕستانێكی ناوچەی قەرەداغە".  


(درەو): چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی كوژراوانی هێرشەكەی ئەمشەوی فڕۆكەخانەی بەغداد بەپێی ئەوەی لە میدیاكانی عێراق بڵاوكراوەتەوە كوژراوەكان بریتین لە: •    قاسم سلێمانی- فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران •    ئەبومەهدی موهەندیس- جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی •    سامر عەبدوڵا- زاوای عیماد موغنیە (عیماد موغنیە یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی حزبوڵای لوبنان‌و لە شەڕی سوریادا كوژرا) •    مێردی كچەكەی قاسم سلێمانی •    محەمەدرەزا جابری- بەڕێوەبەری پرۆتۆكۆڵی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانە •    حەسەن عەبدولهادی- حەشدی شەعبی •    محەمەد شەیبانی- حەشدی شەعبی •    حەیدەر عەلی حەشدی شەعبی ئەمە تەنیا ناوی (6) كەسە لە كوژراوەكان، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی راگەیاند، لەكاتی هێرشەكەدا (10) كەس هاوەڵی قاسم سلەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس بوون‌و هەموویان كوژراون. زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، قاسم سولەیمانی بەفڕۆكەیەك لە لوبنانەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق (هەندێكی تر دەڵێن لە سوریاوە گەڕاوەتەوە)، ئەبومەهدی موهەندیس لەو گەشتەدا لە فڕۆكەدا هاوەڵی قاسم سلەیمانی نەبووە، بەڵكو چووە بۆ فڕۆكەخانەی بەغداد بۆ پێشوازیكردنی، پێشبینی دەكرێت زانیاری لەبارەی گەشتەكەی قاسم سلێمانی‌و ساتی نیشتنەوەی فڕۆكەكەی لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەنی عێراقیەوە دزەی كردبێت بۆلای ئەمریكییەكان. ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس دەڵێ:" هەر دوای دەرچوونی لە فڕۆكەكەی، ئەمریكییەكان قاسم سلێمانیان كردووەتە ئامانج"، سەرچاوە عێراقییەكان باسلەوەدەكەن، دوای ئەوەی سورای ئۆتۆمبیل بووە لە فڕۆكەخانەی بەغداد بچێتەدەرەوە، لەكاتی گەیشتنی بە یەكەمین خاڵی پشكنین لە دەرەوەی فڕۆكەخانە، كاروانەكەی قاسم سلێمانی كراوەتەئامامج. زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی هێرشەكەی جێبەجێ كردووە، دوای كوژرانی، تەرمی قاسم سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (كازمیە)‌و ئێرانییەكان رێوشوێنیان دەستپێكردووە بۆ گواستنەوەی تەرمەكەی بۆ تاران، ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی لەسەرتاسەری ئێران، خۆپیشاندان دژی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت. لایەنگرانی ئێران لەناوچەكە لەوانە حزبوڵای لوبنان‌و هێزە عێراقییەكان هەڕەشەی وەڵامدانەوە‌و تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی دەكەن، ئەمریكا داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كرد بەخێرایی عێراق بەجێبهێڵن، پێشبینی دەكرێت لەسەر ئاستێكی فروان روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان ئێران‌و ئەمریكا روبدات. كوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكاوە، لێدانە لە خاڵی بەهێزی ئێران لە عێراق‌و سوریا‌و لوبنان، ئەمە لەسەر بڕیاری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بووە، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا نزیك بووەتەوە، كاندیدە ركابەرەكانی ترەمپ خەڵكانی بەهێز، پێشبینی دەكرێت ترەمپ بەم هەنگاوە بیەوێت گەلی ئەمریكا ناچار بكات بۆ ویلایەتی دووەم دەنگی بۆ بدەنەوە.


 درەو:  بە فەرمانی راستەوخۆ سەرۆكی ئەمریكا، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە شاری بەغداد كوژران. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پنتاگۆن) كوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بووە. رۆژنامەی نیویۆرك تایمز  وردەكاری كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی بڵاوكردەوە و راگەیاندوو، كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ئەو دوو بەرپرسە لە لایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكاوە كراونەتە ئامانج.  بە گوێرەی راگەیەنراوەكەی (پێنتاگۆن ) قاسمی سولەیمانی پیلانی هەبووە هێرش بكاتە سەر دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا و هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەكەدا.  رۆژنامەی نیویۆرك تایمز باسی لەوەشكردووە، بۆردومانی دوو ئۆتۆمبێل كراوە، كە هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حەشدی شەعبییان تێدا بووە، كاتێك ویستوویانە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بێنە دەرەوە. بەڵام بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری ئیرنای ئێرانی بڵاویكردەوە، قاسم سولەیمانی لە بەیرووتەوە روویكردووەتە بەغدا نەك لە سووریاوە.  سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هەواڵەکانی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران پشتڕاستدەکاتەوە. لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە کە سەردار قاسم سولەیمانی دوای "تەمەنێک جیهادکردن"، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشی هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بۆ ئۆتۆمبێڵێک لە بەغدا لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس کوژراوە.


راپۆرتی: درەو كاتێك بووە بە وەزیری دەرەوەی نەمسا تەمەنی تەنها (28)ساڵ بوو، ئەمڕۆش لەتەمەنی (33) ساڵیدا وەك گەنجترین سەرۆك وەزیران لە جیهان، پۆستی سەرۆكایەتی كابینەی حكومەتی نوێی وڵاتەكەی بە فەرمی وەردەگرێت، بەوەش پێشی (سانا ماران)ی تەمەن (34) ساڵی سەرۆك وەزیرانی فینلەندا دەداتەوە، كە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی دەستبەكاربوو. •    ئەو گەنجە ناوی "سێبەستیان كۆرتز"ە،  سەرۆكی پارتی گەلی نەمسای موحافیزكارە. •    لە27ی ئابی ساڵی 1986 لە "ڤێننا"ی پایتەختی لەدایك بووەو، هەر لەوێش قۆناغەكانی خوێندنی تەواوكردووە.  •    لەساڵی 2003دا و لەتەمەنی 23 ساڵیدا پەیوەندیكردووە بە پارتی گەلی ڕاستڕەو. •     لە مانگی ئایاری ساڵی 2017دا بووە بەسەرۆكی پارتەكە، لەكاتێكدا خوێندكاری بەشی یاسا بووە لەزانكۆی "ڤێننا". •     لەتەمەنی 28 ساڵیدا پۆستی وەزارەتی نەمسای وەرگرتووە.    دوای ئەوەی سەرۆكی نەمسا ئیئتیلافی حكومی نێوان پارتی گەلی موحافیزكارو، پارتی ئازادی ڕاستڕەوی توندڕەوی پەسەندكرد، كە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕبردوودا سەركەوتنی بەدەستهێنا، "سێبەستیان كۆرتز"ی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی نەمسا.  "كۆرتز" ئێستا گەنجترین سەرۆكە لە جیهان بەڵام تاقانە نییە، ئەی هاوشێوەكانی كێن؟ ئەوانەی لە سییەكانی تەمەنیاندا گەیشتونەتە ترۆپكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە وڵاتەكانیان: •    "ئۆلێكسی گونتشارۆك" یاساناس و ڕیفۆرمخوازو چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی ئۆكرانی،  لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوو و لەتەمەنی 35 ساڵیدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی پێسپێردرا، بە گەنجنترین سەرۆك هەژمار دەكرێت لە مێژووی ئۆكرانیادا. •    " نەجیب ئەبوكیلە" ی تەمەن 37 ساڵ، لەمانگی شوباتی ساڵی ڕابردودا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (سلفادۆر)ی وەرگرت، سیاسی و بزنسمانێكی بە ڕەچەڵك فەلەستینییەو لە ساڵی 1981 لە (سان سلفادۆر)لە دایكبووە، پێشئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانیشی پێسبێردرێت سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە بووە، بەیەكەم سیاسی سەربەخۆ دادەنرێت كە لەدەرەوەی پارتی دەسەڵاتدارەكانی ئەو وڵاتە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت. •    "گزافییە ئیسپۆت زمۆرا"ی تەمەن 39 ساڵ، لەمانگی ئایاری ساڵی ڕابردودا پۆستی سەرۆك وەزرانی (ئەندۆرا)ی وەرگرت، پێشتر پۆستی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی و دادو و ناوخۆی وەرگرتووە. •    "كارلۆس ئەلفارادۆ" لەتەمەن 38 ساڵیداو، لەخولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (كۆستاریكا) كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاندیدی پارتی چەپی میانڕەوی دەسەڵاتدار بوو، بە سەرۆك كۆماری (كۆستاریكا) هەڵبژێردرا. •    "جاسیندا ئەردیرن" لەتەمەنی 37 ساڵیداو لە ساڵی 2017دا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (نیوزلەندا)ی وەرگرتووە، "جاسیندا" بە ژنە (پۆڵاینەكە) ناسراوەو میدیاكانی توشی سەرسوڕمان كردووە، ئەو ژنە ساڵی پار تانوپۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەسەر ئاستی جیهان بەخۆیەوە سەقاڵكرد، كاتێك ویستی لەماوەی دوو خولەكدا و زۆر بەخێرایی دەستكەوتەكانی دوو ساڵی ڕابردوی حكومەتەكەی بژمێرێت، بەڵام دەستكەوتەكانی ئەوەند زۆربوون دوو دەقە كورتی هێناو پێویستی بەكاتی زیاتر بوو.  "جاسیندا"  لە 21 حوزەیرانی ساڵی 2018 مندالێكی لە نوسینگەكەی خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران بوو، كە ئەمە هەواڵێكی نائاسایی بوو، بەڵام لەوە سەرنجڕاكێشتر ئەو ناوە بوو كە لە كچەكەی نا، (نیف تی ئورها)، كە ناوێكی لكێندراوەو، نیوەی مانای (ڕووناكی و شەوق بەخشین) نیوەكەی تریش بە زمانی (ماوری) مانای خۆشەویستی كە زمانی دانیشتووە ڕەسەنەكانی (نیوزلەندا)یە. ئەم ژنە پۆڵاینە لەڕەشەكوژییەكەی مزگەوتی (كرایسچیرش)، كە بەهۆیەوە 50 نوێژخوێنی موسڵمان بەدەستی كەسێكی توندەڕە كوژراون، ڕۆلێكی گەورەی گێڕا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕوداوەكەو نمونەیەك لەدانایی پێشكەشەكرد كە توانی بۆ جیهانی بسەلمێنێت سەرۆك وەزیرانی هەموو نیوزەلەندییەكانە بە جیاوازی دین و ڕەنگ و بیركردنەوەیانەوە.   •    "لیۆ ئەریك ڤاردگار"ی بە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا دادەنرێت كە لە ساڵی 2018 تەمەنی 38 ساڵیدا ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لە ساڵی 2017 بووە بە سەرۆكی پارتی (ڤان گایل) و وەزیری بەرگری، پێشتریش وەزارەتەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و گواستنەوەو  گەشتوگوزرار و وەرزشی (ئێرەلەندا)ی بەڕێوەبردووە.  "لیۆ ڤاردگار" یەكێكە لەو سێ سەرۆك وەزیرانەی جیهان كە بە ئاشكرا دانی بەوەداناوە هاوڕەگەزبازە، دوانەكەی تریشیان هەریەك لە (گزافییە بیسیل) سەرۆك وەزیرانی (لۆكسمبۆرگ) و (ئانا برنابیچس) سەرۆك وەزیرانی (سڕبیا)یە. •    "ئیمانوێل ماكرۆن" لە ساڵی 2017 و لەتەمەنی 39 ساڵیدا بووە بە سەرۆكی كۆماری (فەرەنسا)، لە ساڵی 1977 لە (ئەمیان) لەدایك بووە، هەشتەم سەرۆكی كۆماری پێنجەمی فەرەنسایە، ساڵی 2006 بۆ 2009 پەیوەندیكردووە بە پارتی سوۆسیالستی فەرەنسا، ساڵی 2012 جێگری ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی فەرەنسا بووە، پۆستی وەزارەتەكانی  ئابوری و پیشەسازی و ئابوری ژمارەیی لە حكومەتی (مانوێل فالس) وەرگرتووە. لە ساڵی 2016 پارتی (بۆ پێشەوە)ی دامەزراندووە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاری ساڵی 2017ی وڵاتەكەیدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، بووە سەرۆك كۆماری فەرەنسا. •    "یۆری ڕاتاس" سەرۆكی پارتی میانڕەوی (ئیستۆنیا) لەساڵی 2016  كاتێك تەمەنی 37 سال بووە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی وەرگرتووە، لەساڵی 2005 و لەتەمەنی 27 ساڵیدا بووە بە حاكمی شاری (تالین)ی پایتەخت، لە ساڵی 2007دا بووە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی (ئیستۆنیا) و تا ساڵی 2016 و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەو پۆستەدا ماوەتەوە. •    "جۆزێف مۆسكات" لەساڵی 2013 داو، لەتەمەنی 39 ساڵیدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (ماڵتا)ی وەرگرتووە و تائێستا لە پۆستەكەیدایە، بە یانزەهەمین سەرۆك وەزیرانی ماڵتا هەژماردەكرێت و، لە ساڵی 2008وە سەرۆكی پارتی كرێكارانی (ماڵتا)یە.  


درەو میدیا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی كانونی یەكەمی 2019 (106)ملیۆن و (265)هەزارو (307) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (6) ملیارو (700) ملیۆن و (174) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (63.051)دۆلار فرۆشراوە" رۆژانە عێراق بڕی ( 3 ) ملیارو (428) هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە.  ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی كانونی یەكەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (103)ملیۆن و (90)هەزارو (550) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 2 ) ملیۆن و ( 827 ) هەزارو ( 50 ) بەرمیل هەناردەكراوە .  


لەماوەی هەفتەیەكدا پارتی دوو پۆستی باڵای لەبەغداد وەرگرت درەو:  تەنها لەم هەفتەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەپشكی كورد دوو پۆستی باڵای پڕكردەوە لەبەغداد ئەوانیش:  🔹 لیوا شەهاب زەنگنە لە پشكی پارتی كرایە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق( لە جێگەی لیوا ئەنوەر حەمە ئەمین ) لیوا شەهاب زنگنە خەڵكی شاری كفریەو لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و پێشتر بەرپرسی پشكنین بووە لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی عێراق و رۆژی 31/12/2019 بە فەرمانی وەزیری بەرگری عێراق دەستبەكار بووە.  🔹عەمید روكن سامان تاڵەبانی لە پشكی پارتی كرایە فەرماندەی هێزی ئاڵتونی عێراق ( لە جێگەی لیوا فازڵ بەرواری ) عەمید سامان تاڵەبانی پێشتر رێكخەری پەیوەندییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق بووە 


 (درەو): ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەیانی ئەمڕۆ لەدیدارێكدا لەگەڵ پەرەستارانی وڵاتەكەی، لەبارەی رووداوەكانی دوو رۆژی رابردووی عێراقەوە وتی: •    من‌و دەوڵەت‌و گەلی ئێران بەتوندی ئیدانەی تاوانی هێرشی ئەمریكا دەكەن بۆسەر حەشدی شەعبی لە عێراق. •    حەماسەتی دژ بە ئەمریكا لە بەغدادو سەرتاسەری عێراق، كارێكی ئاساییە بۆ تاوانەكانی ئەمریكا. •    سەرۆكی ئەمریكا وتی: ئێمە وایدەبینین ئێران تێوەگلاوە لەو بابەتەدا، وەڵامی دەدەینەوە بەوەی ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، پاشان پێویستە لۆژیكی بن‌و درك بە هۆكاری سەرەكی پشتی ئەو بابەتانە بكەن. •    دەبێت ئەمریكییەكان درك بەوە بكەن كە گەلانی ناوچەكە لەوانە عێراق‌و ئەفغانستان رقیان لە ئەمریكایە بەهۆی تاوانەكانییەوە، ئەم رقەش لەكاتێكەوە بۆ كاتێكی تر لە ناوچەیەك دەردەكەوێت. •    تاوانەكانی دەزگای قێزەونی "بلاك وۆتەر" لە عێراق‌و ئەفغانستان‌و كوشتنی هەزاران زاناو هاوڵاتی ئاسایی عێراقی، هۆكار ئەو رقەن كە لەدژی ئەمریكا دروستبووە. •    سەردانی بەرپرسانی ئەمریكا بۆ هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەو وڵاتە، نمونەیەكی تری سوكایەتیكردنە بە دەوڵەت‌و گەلانی ناوچەكە. •    بەپێچەوانەی هەندێكەوە كە دەڵێن جەنگ هەڵدەگیرسێت، ئێمە هەرگیر وڵات بەرەو جەنگ نابەین، بەڵام ئەگەر بیانەوێت بابەتێك بەسەر وڵاتەكەماندا بسەپێنن، بەوپەڕی هێزەوە لەبەرامبەریان دەوەستینەوە.      


(درەو): رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا لەبارەی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد نوسیویەتی: 🔹هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، شکستهێنانی ستراتیژیەتی ئەمریکا نیشان دەدات. 🔹رووداوەکانی دوێنی بەغداد یەکلاکەرەوە نەبوو بەڕادەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە هێلیکۆپتەر لە سایگۆن لەساڵی ۱۹۷٥ یاخود دەستگرتن بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران چوار ساڵ دوای روداوەکەی سایگۆن. 🔹 لە کۆتایدا هێزە عێراقییەکان گەیشتن بۆ پاراستنی بارەگای باڵیۆزخانە، دەرکەوت باڵیۆز لە پشوودایەو روبەڕووی سوکایەتی نەبوەتەوە تا ئەو رادەیەی پێویست بکات لەسەر بینای باڵیۆزخانەوە بە فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەر هەڵبێت. 🔹بەڵام هێرشەکە دوای خەرجکردنی نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار لە عێراقدا، لاوازی ئەمریکای نیشاندا. 🔹 خۆپیشاندەران کە لەژێر فەرمانی کەتیبەکانی حزبوڵادا بوون، بەناو خاڵەکانی پشکنینی حکومەتدا تێپەڕین، ئەمە لاوازی هێزە ئەمنییەکانی دەرخست، کە پێشتر بۆ رێگریکردن لەو خۆپیشاندەرانەی کە دژی هەژمونی ئێران خۆپیشاندانیان دەکرد،  گازی فرمێسکڕێژیان بەکاردەهێنا، بەڵام ئەمجارە تەماشایان دەکرد کە بۆمبی مۆلۆتۆڤ ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکرێت. 🔹بەلای ئێرانەوە هێرشەکە ناکۆکی خستە نێوان ئەمریکاو حکومەتی عێراقەوە. 🔹لەگەڵ پاشەکشێی هەڕەشەی داعش، پێویست بوو ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لەسەر هەژموون لە عێراق زیاتر ببێت، بەڵام هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ وێرانکردنی ئابوری ئێران، وای لە ئێران کرد وا مامەڵە بکات وەکو ئەوەی هێچ شتێکی نەبێت لەدەستی بدات.


(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتەلەفۆن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق قسەی کرد. لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ: 🔹 پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ لەکاتژمێر ۷:۳۰ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆدا بووە بەکاتی عێراق. 🔹ترەمپ پرسیاری کردووە لەبارەی بارودۆحی عێراق و پەرەسەندنەکان لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. 🔹عادل عەبدولمەهدی پێی وتووە ئەو پەرەسەندنانە دوای روداوەکانی ئەمدواییە هاتووەو پێشترو بەر لە دوو رۆژ، ئەو مەترسی لێکەوتەکانی بە بەڕێز وەزیری بەرگری ئەمریکا وتووە. 🔹عەبدولمەهدی وتویەتی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو نێردەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی تر. 🔹عەبدولمەهدی وتویەتی، حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵیداوە پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتە دۆستەکانی خۆرئاواش لەپێش هەمویانەوە ئەمریکا، بپارێزێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولاوە (ئێران و ئەمریکا) بارودۆخەکە تێکچووە. 🔹 عێراق دەیەوێت ببێت بە وڵاتی دانوستاندن و ئارامکردنەوە، بۆئەوەی مەترسی جەنگ لەخۆی و هەموان دوربخاتەوە. 🔹 عەبدولمەهدی بە ترەمپی وتووە: ئێوە وتوتانە کە جەنگتان ناوێت، هەڵوێستی هاوشێوەشمان لە بەرپرسانی ئێران گوێ لێدەبێت، عێراق جەخت لەسەر بایەخی دانوستان یاخود لانی کەم گەیشتن بە رێککەوتن و ئارامکردنەوەیەکی واقعی دەکات. 🔹 ترەمپ جەختی کردووە لەسەر ئەوەی متمانەی بە گرنگی رۆڵی عێراق و سەرکردایەتییەکەی هەیە لەو بوارەدا. 🔹 ترەمپ و عەبدولمەهدی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هێڵی پەیوەندی راستەوخۆی نێوانیان بەکراوەیی بمێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت شەڕی نێوان ئێران‌و ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق‌و لەناوچەی سەوزی بەغداد گەیشتە حاڵەتی پەلامادرانی باڵیۆزخانە، روداوێك كە هاوشێوەكەی لەتاران‌و بەر لە 40 ساڵ لەمەوپێش بەتەواوەتی پەیوەندی نێوان ئێران‌و ئەمریكای شێواند‌و تائێستا ئەو پەیوەندییە ئاسایی نەكراوەتەوە، پرسیاری گرنگی ئێستا لەبارەی روداوەكانەوە ئەوەیە ئایا چۆن لایەنگرو فەرماندەكانی حەشدی شەعبی چونە ناو ناوچەی سەوزەوە ؟ (درەو) لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەو پرسیارەو چەند پرسیارێكی تر دەداتەوە لەبارەی پەرەسەندنەكانی عێراقەوە. بەتاڵكردنەوەی توڕەیی    دەرگای ناوچەی سەوز بۆ حەشدی شەعبی خرایە سەرپشت، تا لەوێوە توڕەیی خۆیان دژ بە هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر بارەگاكانیان، بەتاڵبكەنەوە. ئەمڕۆ بە سەدان لایەنگرو چەكدارو سەركردەی گروپە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی بەسەرۆكی دەستەو جێگرەكەی لەناوچەی سەوز چونە بەردەم بینای گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە جیهاندا. فەرماندە‌و لایەنگرانی حەشدی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبونەوە تا لەوێوە ناڕەزایی و پەیامی توندی خۆیانن بگەیەننە كۆشكی سپی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی كە بەر لە دوو رۆژ لە ئێوارەیەكدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا كردیانەسەر پێنج بارەگای كەتیبەكانی حزبوڵا وەكو لایەنێكی پێكهێنەری سەرەكی لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبیدا. هێرشەكەی ئەمریكا سێ بنكەی كەتیبەكانی حزبوڵای لەناو خاكی عێراق‌و دوو بنكەی تری رێكخراوەكەی لە سوریا كردە ئامانج، بەهۆیەوە 25 چەكدار كوژران‌و دەیانی تر برینداربوون. چۆن دەرگای ناوچەی سەوز كرایەوە؟ كردنەوەی دەرگای ناوچەی سەوز بەڕووی لایەنگرانی حەشدی شەعبی نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەرە، بەوەی بەدرێژایی (3) مانگی رابردوو سەدان هەزار خۆپیشاندەری ناڕازیی هەوڵدەدەن بچنە ناوچەی سەوز‌و هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لێدەكەن. ئێستا نزیكەی (500) خۆپیشاندەر كوژراون‌و برینداربوون، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەیتوانیوە بگاتە ناوچەی سەوز كە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای سەرۆكایەتی حكومەت‌و پەرلەمان‌و وەزارەت‌و نوێنەرایەتییە بیانییەكانە. بەڵام ئەمڕۆ بە ئاسانی‌و بەبێ هیچ رێگریەك لایەنگرانی حەشدی شەعبی چونە ناو ناوچەی سەوز‌و لەوەش زیاتر لەناو ناوچەی سەوزدا خۆیان گەیاندە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە لە 2003و دوای روخانی رژێمی پێشووەوە، ئەمە یەكەمجارە روداوی وا روبدات، بۆیە ئەمە بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار لێكدەدرێتەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەوەی رێگەی بۆ ئەم چونە ژورەوەیە خۆشكردووە، گۆڕینی هەژمونی حەشدی شەعبیە بەسەر ئەمنیەتی ناوچەی سەوزی شاری بەغداد، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كەسێك وەكو بەرپرسی ئەمنی ناوچەی سەوز دانرا، ئەو كەسە فەریق روكن (تەحسن ئەلعەبودی)یە كە بە "ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی" ناسراوە‌و نزیكە لە ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی. پێشتر میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەكرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق (ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی) راوێژكاری خۆیەتی بۆ كاروباری حەشدی شەعبی رایسپاردووە بۆ فەرماندەی هێزی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران. ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی كێیە؟ •    ناوی راستەقینەی (ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی) تەحسین عەبد مەتەر ئەلعەبودی-یە. •    1961 لە بەغداد لەدایكبووە. •    لە جەنگی عێراق- ئێران لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو ئەفسەر بووە. •    دوای ئەوەی بە دیلی كەوتووەتە دەست سوپای پاسداران، لە ئێران پەیوەندی بە فەیلەقی بەدرەوە كردووە.  •    یەكێكە لە ئەفسەرەكانی سوپای پاسدارانی ئێران– فەیلەقی قودس، پرۆسەكانی دەرەوە. •    یەكێكە لەفەرماندەكانی رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری. •    پێشتر بەڕێوەبەری پرۆسەكانی حەشدی شەعبی بووە، مانگی ئابی رابردوو پۆستی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ كاروباری حەشدی شەعبی وەرگرتووە. •    ئەبو مونتەزەر ئەلحوسەینی كە لە حەشدی شەعبیدا بووە هیچ پلەیەكی سەربازی نەبووە، بەڵام كە گوازراوەتەوە بۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیران پلەی فەریق روكنی دراوەتێ.  لە تارانەوە بۆ بەغداد  لایەنگرانی حەشدی شەعبی دیواری باڵیۆزخانەی ئەمریكایان بڕی‌و چونەناوەوە لەسەر بیناكە ئاڵای حزبوڵایان هەڵكرد، ئەم دیمەنانە هاوشێوەبوون لە روداوی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تارانی پایتەختی ئێران 40 ساڵ لەمەوبەر. لە ساڵی 1979 دوای ئەوەی محەمەد رەزا شا، ئێرانی بەجێهێشت‌و ئایەتوڵڵا خومەینیگەڕایەوە، خوێندكارانی ئێرانی پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكایاندا لە تاران، دوای ئەوەی چونەناو باڵیۆزخانەكەوە (52) ئەمریكییان دەستگیركرد‌و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەدا. ئەم رووداوە بوو بە سەرەتای تێكچوونی پەیوەندی ئەمریكا‌و كۆماری ئیسلامی ئێران‌و دوای 40 ساڵ هێشتا ئەو پەیوەندییانە ئاسایی نەكراونەتەوە. كەتیبەكانی حیزبوڵا كێن ؟ هەموو ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات پەیوەندییە بە هێرشێكەوە هەیە كە بەمدواییە كرایەسەر بنكەی سەربازانی ئەمریكا لەناوچەی "كەی وەن" لە كەركوك‌و بەهۆیەوە سەربازێكی گرێبەستی ناو هێزەكەی ئەمریكا كوژرا، واشنتۆن پێیوایە كەتیبەكانی حزبوڵا لە پشت هێرشەكەوەن، بەڵام حكومەتی عێراق دەڵێت هێشتا لێكۆڵینەوەكان یەكلانەبونەتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە كەتیبەكانی حزبوڵا كێن كە شەڕی نێوان ئەمریكا‌و ئێرانیان لەسەر خاكی عێراق گەرمكردووە ؟ دەستەواژەی "حزبوڵا" وابەستە كراوە بە رێكخراوی (حزبوڵای لوبنانی)یەوە، بەڵام دوو دەیە دوای دروستبوونی حزبوڵای لوبنانییەوە رێكخراوێكی تر دروستكراوە كە هەمان ناوی هەڵگرتووە‌و جیاوازیشە لەوەی یەكەم، كە ئەویش كەتیبەكانی (حزبوڵا)یە لە عێراق. كەتیبەكانی حزبوڵا لە نیسانی ساڵی 2007 لە شاری (عەمارە)ی باشوری عێراق دروستكراوە، پێكدێت لە كۆمەڵێك گروپی چەكداری شیعەمەزهەب كە هەندێكیان لەدوای جەنگی ساڵی 2003‌و روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە دروستبوون‌و بریتین لە: •    لیوای ئەبولفەزڵ عەباس •    كەتیبەی كەربەلا •    كەتیبەی زەید بن عەلی •    كەتیبەی عەلی ئەكبەر •    كەتیبەی سەجاد بەپێی ئەوەی لە پێگە فەرمییەكانی خۆیەوە بڵاوكراوەتەوە، كەتیبەكانی حزبوڵا خۆی بە "پێكهاتەیەكی جیهادی ئیسلامی بەرەنگاریخواز" دەناسێنێت، پێیوایە "ویلایەتی فەقیه" رێگەی نمونەییە بۆ بەدیهێنانی "حاكمیەتی ئیسلامی لە زەمەنێكدا كە ئیمامی مەهدی لە غەیبدایە"، مەهدی ئیمامی دوانزەیەمی ئەو شیعانەیە كە بە شیعەی دوانزەئیمامی ناسراون. كەتیبەكانی حزبوڵا پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران هەیە، تا ئەوڕادەیەی پێیوایە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران "دەستەكەوتێكی مەزنە"‌و وەكو بنەمایەكی بنەڕەتی تەماشای دەكات بۆ دروستكردنی "دەوڵەتی دادپەروەریی خوادایی‌و وێنەیەك لە وێنەكانی حاكمیەتی ئیسلامی‌و ویلایەتی فەقیه". كەتیبەكانی حزبوڵا دەڵێ كاردەكات بۆ شكستهێنان لە "پرۆژەی ئەمریكا- ئیسرائیل" لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چەكدارەكانی ئەم گروپە پێشەنگی ئەوانەبوون كە چوونە سوریا‌و پاڵپشتییان لە هێزەكانی بەشار ئەسەد كرد بۆ لێدانی ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانانەی كە ساڵی 2011 سوریای گرتەوە‌و دواتر سەریكێشا بۆ شەڕێكی ناوخۆیی كە تائێستاش بەردەوامە. حزبوڵا هیچ پەیكەرێكی رێكخراوەیی یاخود سەربازی‌و ئیداری نییە وەكو ئەوەی لەناو گروپە چەكدارە شیعەكانی تری عێراقدا هەیە. تائێستا ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی حزبوڵا نەناسراوە، سەرباری ئەوەی گروپەكە دوو وتەبێژی هەیە، یەكێكیان وتەبێژی سەربازی‌و ئەوی تر وتەبێژی مەدەنییە. ژمارەی چەكدارانی ئەم گروپە دەگاتە (7 هەزار) كەس، ئەمە بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، شێوازی كاركردنی رێكخراوەكە هاوشێوەیە لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی‌و وەكو دەوترێت فەرماندە ئێرانی‌و لوبنانییەكان سەرپەرەشتی راهێنانی چەكدارانی رێكخراوەكە كردووە، لەوانە عیماد موغنیە كە ساڵی 2015 لە سوریا كوژرا. بەهۆی فراوانبوونی روبەڕی ئۆپراسیۆنەكانی رێكخراوەكە لە عێراق‌و سوریا، سەركردایەتی كەتائیبی حزبوڵا پلەبەندی بۆ كوژراوەكانی لە شەڕەكاندا داناوە، لەوانە پلەكانی: •    شەهیدانی سەرایای بەرگری •    شەهیدانی بەرەنگاری داگیركاریی •    شەهیدانی عەقیدە‌و كەرامەت •    شەهیدانی ویلایەت كەتائیبەكانی حزبوڵا لە چوار دامەزراوەی مەدەنی ئاشكرا پێكدێت كە بریتین لە: •    دەستەی مزگەوت‌و حوسەینییەكان •    دامەزراوەی هەدەف •    دامەزراوەی زەینەبیات •    دامەزراوە دەستەبژێری ئەكادیمی لەپاڵ ئەم دامەزراوە ئاشكرایانەدا، كەتیبەكانی حزبوڵا ژمارەیەك دامەزراوە‌و دەستەی تری هەیە كە بەشێوەیەكی نادیار كاردەكەن‌و دەوترێت پەیوەندیدارن بە راكێشانی ئاینی‌و چەكداركردن‌و پرۆژەی ئابورییەوە. بەپێی ئەوەی لە راپۆرتە دزەكراوەكاندا باسكراوە، كەتیبەكان یەكێك لەو لایەنانە بوون كە بەشداربوون لە رفاندنی راوچییە قەتەرییەكان لە كانونی یەكەمی 2015دا، یەكێك لەو لایەنانە بوون كە بڕی ملیارێك دۆلاریان لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو راوچییانە لە قەتەر وەرگرتووە، بەڵام قەتەرییەكان دەڵێن ئەوان پارەكەیان بە حكومەتی عێراق داوە. كەتیبەكانی حزبوڵا هیچ حزبێكی سیاسی نییە، بەڵام بەشێكە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی كە یارمەتی حكومەتی عێراقی دا لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش"دا.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand