سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

Draw Media

2021-05-22 10:02:49



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە ( 6)

 
کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمارێکی نوێ بۆ ئێران(١٨/حوزەیران). سوپای ئەو وڵاتە جیا لە ئەرکە سەربازییەکەی دەستی باڵاشی هەیە لە ئابووریی وڵاتدا، کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە خولگەی بەرژەوەندییەکانی سوپادا دەسوڕێتەوە، وا ئێستاش دەیەوێت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشدا پشکی هەبێت و ڕاشکاوانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاندیدای هەڵبژاردنی سەرکۆماری خۆیان دەنوێنن و میدیا و نوخبەی نزیکیشیان، سەرکۆمارێکی سەربازی بە فریادڕەسی قۆناغ وەسف دەکەن.
چی وای کردووە سەرکۆمارێکی سەربازی، چاوەڕوانکراو بێت؟ هەل و ڕێگرییەکان چین بۆ هاتنی سەرکۆمرێکی سوپایی؟ 
هێشا یەکلانەبووەتەوە سیستمی سیاسیی ئێران، کام لەم مۆدێلەی سیاسیەکان لە سێ قەیرانەکە ڕزگاری دەکەن: سەرکۆمارێکی سیاسیی دپلۆمات (بۆ ڕزگاربوون لە پەراوێزیی)، ئابووریناسێکی سیاسیی (بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی قەیراناوی) یاخود سەرکۆمارێکی سەربازیی (گێڕانەوەی شکۆی ئێران!).

سەردەمی بایدن و چانسی سەربازییەکان
دۆخی سیاسیی ئێران لە پۆلێنی ڕەوتە سیاسییەکانیدا، پاش ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران(2009)، حاڵەتێکی دوو جەمسەری وەرگرت، ئەم پۆلێنە وەک کۆتایی نەوەدەکان، دنیای سیاسەتوانانی ئێرانی دابەشنەکردووە بۆ ڕیفۆرمیست و بناژۆخواز، کە لە هەموو حاڵەتێکدا لە ئاستی دەرەوەدا تەبا بوون و وەک تەواوکار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانیان، سیاسەتی ئێرانیان لەگەڵ وڵاتاندا ئاراستە دەکرد، هەنووکە سەرەڕای مانەوەی ڕەوتە باوەکانی پێشتر، دوو جەمسەرەکە سیاسەتکردنیان لەسەر بنەمای دانوستان یان هەڵشاخانەوە بەڕووی ئەمریکادایە، بەرەی یەکەم سوپایی و بەسیج و زۆرینەی پەرلەمانی ئێستا، کە لەگەڵ سەرکۆمارێکی سوپایی و توندکردنەوەی سیاسەتی ئێرانن بەرامبەر ڕۆژئاوا. بەرەی دووەم خۆی لە ڕیفۆرمیستەکان، میانڕەوانی میراتگری ڕەفسەنجانی، بناژۆخوازە بەرژەوەندیگەرا و میانرەوەکان( وەک برایانی لاریجانی و موتەهەری و...تاد). ئەم دوو جەمسەرە سەرلەبەری ئەژمار و هەژموونی سیاسییان لەسەر دانوستاندن و دژەدانوستاندن لە نێوخۆ و دەرەوەدا ڕێکخستووەتەوە، بانگەشە و کاندیدانی پێشوەختەشیان هەر ئەم ئارگیومێنتەیان کردووەتە خاڵی یەکەم.
سەردەمی ترەمپ سەردەمی زاڵکەرەوەی قسەی بەرەی یەکەم بوو. چونکە تاران بەوە گەیشتبوو کە مامەڵەی ژێرکاریی و دانوستاندن لەگەڵ کۆشکی سپیدا لەسەردەمی ئەودا مەحاڵە. هەر لەبەر ئەوەش بوو پرۆئێرانییەکان، لۆبییە ژێربەژێرەکانی و وڵاتانی ئەوروپا نەیانتوانی وا لە واشنتۆن بکەن دەست لە فشار هەڵبگرێت، بۆیە گرەوی ئێران لەسەر کەوتنی ترەمپ و هاتنەوە سەرکاری دیموکراتەکان بوو.
وا گرەوەکەی بە هاتنەسەرکاری بایدن، بە ئەنجام گەیشت، بەڵام ململانێی نێوان بەرەی دژەبەرجام وهەوادارانی بەرجام (٥+١)، تووندتر بووەتەوە. 

سوپاییانی توندئاژۆ، خۆیان بە پیویست دەزانن
نەیارانی دانوستاندنی ئێران و ڕۆژئاوا، کە باوەڕییان بە نمایشی تووندەهێزی ئێرانە، بەشێکیان سەرکردەکانی سوپان، ئەوانەی کە کەم تا زۆر بە پێی بۆ لوان، سەرەنێزەی خۆیان لە سیاسەت هەر لەسەردەمی جەنگی هەشت ساڵەوە تا هەڕەشەکردن لە سەرکۆمارانی خاتەمی و ڕۆحانی لە سیاسەتی حکومەتی ئێران وەرداوە. سوپاییەکان دەیانەوێت وەک فریادڕەس خۆیان بنوێنن و بەبنبەستگەیشتنی هەوادارانی گفتوگۆ بقۆزنەوە، تا ئێستا زیاتر لە چەندین ڕوخساری سوپایی ئەگەری خۆکاندیکردنیان ڕاگەیاندووە (سەعید محەمەد، رۆستەم قاسمی، محسن رەزایی، عەلی شەمخانی و محەمەد باقر قالیباف، حسین دهقان، ..تاد) ئەزموونی خۆ کاندیدکردنی سەربازییان درێژ مەودایە و خۆیان تاقیکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە شانسی زێتر کردووەن، چەن فاکتەرێکن.
هۆکارەکانی خۆبەپێویستزانینی سوپاییەکان و دروستکردنی "کابینەی جەنگ"، لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا، دەکرێت لە چەند خاڵیکدا کورت بکرێنەوە:
١. سیاسەتی نینۆککردنی ئێران، دەنگی ناڕەزایی نێو لایەنگرانی گوتاری ڕادیکاڵی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی، بەرزکردووەتەوە و وەک مالیک شەریعەتی پەرلەمانتاریی سوپایی دەڵێت جەنگی ئابووریی دژەئێران زۆر پێچاوپێچترە لە جەنگی سەربازی، خوێن ناڕژێت باوک ناکوژێت، بەڵام غرووری باوکان دەکوژێت، بۆیە دەبێت کابینەی دادێ، "کابینەی جەنگ" بێت. موختار پور یەکێکی دیکە لە سوپاییە پەرلەمانتارەکان باوەڕی وایە تەنها ڕێگەی ڕزگاریی سەرکۆمارێکی سەربازییە. ئەم بەرەیە لەو باوەڕەدان کە دۆخی وڵات سەرکۆمارێکی سەربازی پێویستە.
٢. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گوتاری سەربازییەکانی ئێرانی بەهێز کردووە، چونکە لەلایەک لەگەڵ ئەو هەموو سازشەی ئێران لە ٥+١دا، بەڵام ئەنجامەکەی سیاسەتەکانی ترمپ، کوشتنی سلێمانی و سنوردارکردنی ئێران لە عێراق و لوبنان و..تاد، تووندتربوونی سزاکان بوو، پەلامارەکانی ئیسرائیل لە سوریا بۆ سەر ئێران و پرۆکسییەکانی لێکەوتەوە. بۆیە باوەڕێک هەیە کە سیاسەتی کۆترەکان شکستی هێناوە و نۆرەی هەڵۆکانە. سیاسەتەکانی ترەمپ-یش بوارێکی بۆ گفتوگۆ نەهێشتەوە.
٣. ئەگەر گرەوی هەوادارانی  دانوستان ئەوە بووبێت بە گەڕانەوەی دیموکراتەکان، ئێران دۆخی ئابووریی باشتر دەبێت، ئەوا دیدگایەکی پێچەوانەش هەیە و بایدن-یش نەیشاردەوە کە سەردەمەکەی سەردەمی ئۆباما نابێت و ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوە، ئاسانیش نییە بایدن سزا ئابوورییەکانی سەردەمی ترەمپ هەڵبگرێت،  گەر ئەم ئارگیومێنتە بتوانرێت لە ناو ژوورەکانی بڕیاری سیاسەتی دەرەوە جێی بکرێتەوە و ڕێبەری ئێران بهێنتە قەناعەت، ئەوا چانسی سەربازییەکان زێدەتر دبێت.
4. شانسێکی دیکەی برەوی سەرکۆمارێکی سەربازی، دۆخی ناڕەزایی و بایکۆتی ڕای گشتیی خەڵکە بەرامبەر هەڵبژاردنەکان لەلایەک و ئەو پاڵفتەکارییەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور-ە کە ئەرکێکی ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی کاندیدەکانی سەرکۆمارە. لەم ڕووەوە تا ڕێژەی بایکۆت بەرزتر بێت چانسی سەربازییەکان زیاترە، ئەم ئەزموونە لە خولی یانزەیەمی پەرلەماندا تاقیکرایەوە، بەهۆی پاڵفتەکاری شوری پاسەوان و کەمی بەشداری خەڵکەوە، وایکرد پەرلەمانێکی توندئاژۆ و پایەسەربازی بێتەسەرکار.

سوپا و سیاسەت، قەدەگەکراوێکی پیادەکراو
ئایا سەرکۆمارەکانی دیکە ناسەربازی بوون؟ بێگومان نەخێر. هەرچەند ڕێبەری پێشووی ئێران (خومەینی)، چەندینجار بەشداریی سوپایی و دەسوەردانەکانی لە سیاسەتدا ناپەسەند داناوە، ئەو دەیووت: فەرماندەکان داخڵی هیچ حزب و گروپێکی سیاسی نەبن، ئەگەر سوپای پاسدار یان هەر هێزێکی سەربازی لە حزبایەتیدا کار بکات "پێویستە فاتیحەی ئەو سوپایە بخوێنرێت...جایز نییە... ڕژێمەکە دەکێشن بەیەکەدا... ئیسلام لاواز دەکەن..."، هەروەها دەیووت "هەڵبژاردنەکان کاری خۆیان دەکەن، چ پەیوەندییەکی بە سوپاوە هەیە... بۆ سوپا "دروست نییە"بچێتە ناو ئەم بابەتەوە.
دیارە ئەم ڕێنماییانەی ڕێبەر نەک کاری پێنەکرا، بەڵکو مەرەکەبەی سەرکاغەز مایەوە، بەڵکو زیاتر لەوەش جەنگی ٨ساڵە ئەمەی تۆخکردەوە و لوتکەی دەسەڵاتیشیان وەرگرت. لە خودی رێبەری ئێستاوە، ڕەفسەنجانی، ئەحمەدی نەژاد، ڕۆحانی و لاریجانی...تاد. لە دەزگای سەربازییەوە داخڵی نێو سیاسەت بوون و پۆستەکانیان وەرگرت. 
بۆیە ئارگیومێنتی ئەوەی کە سەربازییەک سەرکۆمار بێت، زیاتر لە جۆری گوتاردا جیاوازە گەرنا پاساوەکانی سەربازییبوون بۆ سەرکۆماریی پێشتر تاقیکراوەتەوە و شتێکی لە دۆخەکە نەگۆڕیووە، چونکە لە بنچینەدا سیاسەتی دەرەوە لەدەستی ڕێبەر و دەزگا ناهەڵبژێردراوەکاندایە، نەک حکومەت و وەزارەتی دەرەوە. گڵۆپی سەوزی هەر مامەڵەیەکی دەرەکی ئێران ڕێبەر هەڵیدەکات نەک سەرکۆمار، ئیتر چ ڕیفۆرمیست بێت یان بناژۆخواز.  گەر لە شیرازەی سیاسیی ئێران و پێگەی سەرکۆماریش بڕوانرێت دیارە کە سیستەمێکی تێکەڵی سەرۆکایەتی، پارلەمانی و پابەندی مەزهەبیە، لە چەندین جومگەشدا سیستەمێکی تاکڕەوی دینگەرایە و لوتکەی دەستەڵاتەکەی (رێبەر) بە پێی دەستووی ئێران دەستەڵاتی ڕەهای ناپابەندی هەیە لە هەمبەر پارلەمان و خەڵک و یاسادا.

 

 

ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand