هەڵبژاردنو ئەگەرەكانی ساختەكاریی
2021-05-16 14:51:14
راپۆرت: درەو
لە هەرێمی كوردستان رێژەی 34,5%ی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراقدا هەیە، كارتی بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە، زەمینەی ئەنجامدانی ساختەكاری فراوان هاوشێوەی هەڵبژاردنەكەی 2018 لەبارە، چونكە سیستمی هەڵبژاردنەكە بەهەمان شێوە ئەلیكترۆنییەو ئەگەری هاككردنو گۆڕینی ئەنجامەكان لەبارە، حزبەكان چونەتە هاوپەیمانێتییەوە، ئەمە ئەگەری چاودێریكردنو ناڕەزایەتی لەبارەی ئەنجامەكان كەمدەكاتەوە، ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەردا چۆن دەبێت ؟
گومانو ساختەكاریی
كەم نین ئەو سیاسەتمەدارانی عێراقو هەرێمی كوردستان، كە پێشبینی دەكەن هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق خراپترین هەڵبژاردن بێت لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت، گومانی ساختەكاری گەورەو دابەزینێكی نوێی ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لێدەكرێت، ئەگەر ئەم پێشبینیانە راست دەربچن، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بەتەواوەتی واتای خۆی لەدەستدەدات، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، زۆربەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان چونەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەكان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، كە ئەمەش دەرفەتی كێبركێی هەڵبژاردنو چاودێكردنی پرۆسەكەی لەلایەن حزبەكانەوە وەكو پێویست كەمكردوەتەوە.
گومان یان راستی ؟
ئەوانەی گومانی خراپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكەن، گومانەكانیان لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشتری هەڵبژاردنو دۆخی ئێستای عێراقو ئەو پێدراوانە هەڵچنیوە كە لەبەردەستدانو دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:
• ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەسەرتاسەری عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە مافی دەنگدانیان هەیە (25 ملیۆن) كەسە، لەم رێژەیە نزیكەی (3 ملیۆنو 500 هەزار) كەسیان دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانن. لەسەر ئاستی عێراقو لەزاری بەرپرسانی سیاسییەوە، باسلەوەدەكرێت (4 ملیۆن) كارتی دەنگدان نادیارە، یەكلانەبونەوەی چارەنوسی ئەم كارتانە لەپاڵ پێشبینی كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران، كاریگەری لەسەر ساختەكردنی زیاتر لە (40) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەبێت لەلایەن حزبە باڵادەستەكانەوە.
• شێوازی هەڵبژاردن بە هەمان میكانزمی هەڵبژاردنەكەی 2018 بەڕێوەدەچێت، كە دەنگدانی ئەلیكترۆنیەو نەك دەنگدانی دەستیی، جاری دووەمە لە عێراق ئەم شێوازە ئەزمون دەكرێتەوە، ئەم شێوازە لە ساڵی 2018 ناڕەزایەتی گەورەی لێكەوتەوە، ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە گومانەوە كرد بە راستەقینە، بەجۆرێك لە بەشێكی زۆری بنكەكانی دەنگدانیان، بەسودوەرگرتن لە كەلێنەكانی سیستمە ئەلیكترۆنییەكە، بەتەواوەتی داتاكانی هەڵبژاردن لەلایەن حزبە باڵادەستەكانەوە ساختە كرا، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق، لەبارەی دواین هەڵبژاردنەوە لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا باسلەوە دەكات، مستەفا كازمی كاتێك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، سەردانی ماڵەكەی كردووەو پێی وتووە:" كەسێكی هاكەرم لەگەڵ خۆمدا بردووە بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایی نیشتمانی، هاكەرەكە توانیویەتی لەماوەی 4 خولەكدا بچێتە ناو سیستمەكەو هەموو داتاكانی ناو ئامێری هەڵبژاردن بگۆڕێت"، كازمی كاتێك ئەم قسەیەی كردووە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، ئێستا سەرۆك وەزیرانەو ئەو سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات، بەڵام ئامێرەكان هەمان ئەو ئامێرانەی هەڵبژاردنن كە لە دواین هەڵبژاردندا حزبە سیاسییەكان چوونە ناویو داتاكانیان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی.
• ئامێرەكانی هەڵبژاردن: چوار ئامێر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كار دەكەن كە ئەمانەن:
- ئامێری پەنجەمۆر: ئەم ئامێرە پەنجەمۆری دەنگدەر وەردەگرێت بۆ دڵنیابوون لە كارتی دەنگدانەكەی، بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر لە (70 هەزار) ئامێری لەمشێوەیە بەكاردەهێنرێت، ئەم ئامێرە بەرێژەی 100% توانای بەراوردكردنی پەنجەمۆری هەیەو بەبڕی پێویست شەحن دەكرێتو لەكاتی پچڕانی تەزووی كارەبادا كێشەی نابێتو كاری خۆی دەكات، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئێستا كۆمسیۆن مافی دەنگدانی بەو كەسانەش داوە كە تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ نەكردوەتەوە، ئەمەش تەنیا لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی كوالیتیو خاوێنی پرۆسەی دەنگدان.
- ئامێری ساتا: ئەم ئامێرە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بنكەكانی دەنگدان رەوانەی سەنتەری هەڵبژاردنەكان دەكات، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ئەم ئامێرە لەلایەن حزبە سیاسییە باڵادەستەكانەوە كرایە ئامانجو داتای هەڵەو ساختەكراوی پێدا رەوانە كرا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، داتایەك كە گوزارشتی لە دابەشبوونی راستەقینەی دەنگدان لە بنكەكاندا نەدەكرد، بەڵكو رێژەیەك بوو كە لەلایەن ئەوانەوە دانرا بوو كە ئامێرەكەیان هاككردبوو لەبەرژەوەندی خۆیان، هەمان سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەری دووبارەبونەوەی هەیە.
• ئامێری بیكۆز: ئەم ئامێرە لەسەر ئاستی هەر وێستگەیەكی هەڵبژاردن دەنگەكان جیادەكاتەوەو ئەژماریان دەكاتو دەنگی پوچەڵ لە دەنگی راستەقینە جیادەكاتەوە.
• ئامێری سیكۆز: ئەمەش بەهەمان شێوە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنە بەڵام لە ناوەندی تۆماركردنی دەنگدەران.
بەگشتی لە دواین هەڵبژاردنی عێراق دەنگدانی ئەلیكترۆنی سەركەوتوو نەبوو، لەكاركەوتنی ئامێرەكانو نەبوونی وزەی كارەبای پێویستو لایەنی سەرپەرەشتیاری بەهێز كە ئامێرەكان لە هاككردن بپارێزێت، لەو هۆكارانەن كە وایانكردووە زۆر كەس متمانەیان بەم سیستمەی هەڵبژاردن نەبێتو گومان لە راستی ئەنجامەكانی بكەن.
- نەبوونی كۆمسیۆنێكی هەڵبژاردنی بێلایەنو دابەشكردنی پۆستەكانی كۆمسیۆن بەشێوەی پشكێنەی حزبیو تائیفی لەنێوان پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكاندا، هەژموونی حزبە سیاسییەكان بەسەر كۆمسیۆنو ئۆفێسی كۆمسیۆنەكان لە پارێزگاكان، لە متمانەی دەنگدەرانی بە پرۆسەی هەڵبژاردن كەمكردوەتەوە.
- یاسای هەڵبژاردن: یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق سەرباری ئەوەی بۆ ئەوە نوسرایەوە، تاوەكو پرۆسەی هەڵبژاردن لەژێر دەستی ئەو حزبانە رزگاربكرێت كە لەدوای روخانی سەددامەوە كۆنترۆڵی ژیانی سیاسی عێراقیان كردووە، بەڵام وا دەردەكەوێت یاساكە رۆڵێكی ئەوتۆی نابێت لە هێنانە پێشەوەی خەڵكانی دەرەوەی حزبە نەریتییەكانی عێراقو توانای بەدیهێنانی گۆڕانكاری گەورەی نییە.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كوردستان
هەڵبژاردن لەسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بە هەمان میكانیزمو ئامێرو بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەمان ئەو گومانانەی لەسەر ئاستی عێراق لە پرۆسەكە هەیە، لە هەرێمی كوردسانیش ئامادەیە.
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆنو 417 هەزارو 659) كەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە (2 ملیۆنو 237 هەزارو 949) كەس بەڕێژەی (65.5%) تۆماری بایۆمەتریان كردووەو (ملیۆنێكو 179 هەزارو 710) كەس بەڕێژەی (34.5%) تۆماری بایۆمەتری نەكردووە.
یەكێك لەڕێگەكانی ساختەكاریو دەستكاریكردنی دەنگی دەنگدەران بە كارتی بایۆمەتری دەكرێت، بەوپێیەی بەرپرسی لقەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە هەولێرو دهۆك پارتینو لە سلێمانیو كەركوكیش یەكێتین.
ئەو هێزانەی لە هەرێمی كوردستان نیازی ساختەكاریان هەیە، چاویان لەسەر كارتی دەنگدانە، كە (ملیۆنێكو 179 هەزارو 710) كەس تۆماری بایۆمەتری نەكردووەو نزیكەی (150 هەزار) كەسیش كارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەوەتەوە، كە لە كۆی (44) كورسیەكەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەم رێژەیە لە كارتی دەنگدان بەشی نزیكەی (12) كورسی دەكاتو دەتوانرێت یاری بەم كارتانەوە بكرێت.
پارێزگای هەولێر:
(ملیۆنێكو 228 هەزارو 30) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە تەنها (741 هەزارو 534) كەس تۆماری بایۆمەترییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پڕكردوەتەوە، كە دەكاتە (60%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە سنوری پارێزگاكە.
واتە لە سنوری پارێزگای هەولێر، (486 هەزارو 496) كەس تۆماری بایۆمەترییان پڕ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (40%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
پارێزگای سلێمانی:
(ملیۆنێكو 361 هەزارو 971) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە تەنیا (913 هەزارو 199) كەس تۆماری بایۆمەترییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نوێ كردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (67%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە سنوری پارێزگاكە.
لەبەرامبەردا (448 هەزارو 772) كەس تۆماری بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (33%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
پارێزگای دهۆك:
(827 هەزارو 658) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە ژمارەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەنیا (583 هەزارو 216) كەس كارتی بایۆمەترییان پڕكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (70%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
لەبەرامبەردا (244 هەزارو 442) كەس كارتی بایۆمەتریان پڕ نەكردوەتەوە كە دەكاتە رێژەی (30%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
ساختەكاری لە هەرێم
بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان (3 ملیۆنو 417 هەزارو 659) كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوودا.
لەكۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێم، (2 ملیۆنو 237 هەزارو 949) كەس كارتی بایۆمەترییان نوێ كردوەتەوە، لەبەرامبەردا (ملیۆنێكو 179 هەزارو 710) كەس كارتەكەیان نوێ نەكردوەتەوە، واتە بەگشتی لە هەرێمی كوردستان رێژەی 34,5%ی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە، كارتی بایۆمەترییان نوێ نەكردوەتەوە.
ئەمانە ئەو توێژەن كە دەكرێت حزبە سیاسییە باڵادەستەكان یارتی بە دەنگو كارتی دەنگدانەكانیانەوە بكەن، بەتایبەتیش ئەگەر خۆیان بایكۆت بكەنو نەچنە سەر سندوقەكانی هەڵبژاردن.