Draw Media

دۆسیەكەی دایناستی‌و ئاشتی هەورامی گەڕێندرایەوە بۆ عێراق

دۆسیەكەی دایناستی‌و ئاشتی هەورامی گەڕێندرایەوە بۆ عێراق

2021-05-19 15:13:22


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دۆسیەی پشكی كێڵگەكانی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)ی ناوچەی گەرمیان، لە دادگای لەندەن یەكلاكرایەوە، دادوەر كەیسەكەی رەوانەی دادگاكانی عێراق كردەوە، ئەمە پەیوەندی بە سكاڵایەكەوە هەیە كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی تۆماركردووە‌و داوای (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو دەكات، بابەتەكە تەنیا پارە نەبوو، سەروەری هەرێمی كوردستانیشی لەسەر پرسی نەوت خستبووە ژێر پرسیارەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە. 

دادگا بڕیاریدا 
دوای ساڵێك‌و شەش مانگ لێكۆڵینەوە‌و دانیشتن، دواجار رۆژی 23ی مانگی رابردوو، دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن، حوكمی كۆتایی خۆی دەركرد لەبارەی ئەو سكاڵایەی كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكردبوو. 
لەم ماوەیەدا، دادگاكە تەماشای هەزاران لاپەڕە دیكۆمێنتی پارێزەرانی ئاشتی هەورامی‌و دایناستی كرد، ململانێكە لەسەر ئەوە بوو ئایا ئاشتی هەورامی پارێزبەندی یاسایی هەیە ؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەریی ئەوەی هەیە نەوت‌و غازی خۆی بفرۆشێت‌و مامەڵەی پێوە بكات ؟
پارێزەرانی دایناسیتی هەوڵی ئەوەیاندا بیسەلمێنن هەرێمی كوردستان سەروەریی نییە‌و ئاشتی هەورامیش پارێزبەندی یاسایی نییە، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەنی سكاڵاكارو سكاڵالێكراو چەندین ملیۆن دۆلاریان لە گرتنی پارێزەرو بەڕێوچوونی دادگادا بەخەرجدا، بەڵام دادگای لەندەن لەبەرژەوەندی هیچ لایەكیان حوكمی نەداو دۆسیەكەی رەوانەی دادگاكانی عێراق كردەوە، ئەمەش خواستی پارێزەرەكانی ئاشتی هەورامی بوو كە دۆسیەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق. 
لەم كەیسەدا ئاشتی هەورامی دوو پارێزەری هەبوو بەناوەكانی (گراهام دەنینگ)‌و (كاسرین جەنگ)، لەبەرامبەردا (كۆمپانیای دایناستی)ش بەهەمان شێوە دوو پارێزەری هەبوو بەناوەكانی (ریچار والەر)‌و (دانیاڵ بێنێدیگ).

دادگای لەندەن چی دەڵێ ؟
دوای سێ دانیشتن‌و گوێگرتن لە قسەی پارێزەرانی هەردوولا، دادگای لەندەن رۆژی 23ی مانگی رابردوو، بە (54) لاپەڕە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە دەركرد كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد بوو. 
دادوەری دادگای لەندەن كە ناوی (بوچەر)ە، دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە سەروەری هەیە‌و دەتوانێت مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات، دادگای فیدراڵی یاخود حكومەتی عێراق دەتوانن ئەوە یەكلابكەنەوە ئایا سەروەری مامەڵەكردنیان بەنەوت‌و غازەوە بە هەرێمی كوردستان داوە یاخود نا. 
واتە حوكمی دادگای لەندەن سەروەری مامەڵەكردنی بە نەوتی هەرێمی كوردستان داوەتە دەست عێراق‌و حكومەتی بەغداد دەتوانێت ئەم سەروەرییە لە هەركاتێكدا لە هەرێم بسەنێتەوە یاخود بەردەوامی پێبدات.
دادوەر دەڵێ ئەمە ئیشی دادگای لەندەن نییە یەكلای بكاتەوە كێ سەروەریی هەیە لەوەی مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات یاخود نەیكات، دەبێت دادگای فیدراڵی عێراق ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە، ئێستا كە دۆسیەكە لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی عێراق كراوەتەوە، كۆمپانیای دایناستی دەبێت لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان یاخود عێراق سەرلەنوێ سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماربكاتەوە، ئەگەر دایناستی دۆسیەكە بباتە بەغداد، رەنگە كێشە بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێم دروست بكاتەوەو دەرگای مامەڵەكردنی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پاریچزگای سلێمانی لەبواری وزەدا بكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێشتا دۆسیەیەك لەسەر نەوتی هەرێم لە بەغداد بە كراوەیی ماوەتەوە‌و دۆسیەكە سكاڵایەكە كە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ. 
لەبەرامبەردا دەكرێت كۆمپانیای دایناستی بەتەواوەتی دۆسیەكە بدۆڕێنێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لەگەڵ حكومەتی بەغداد، كۆتایی بەم مشتومڕانە لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە بهێنێت.

لەبارەی دۆسیەكەوە
ئەم كەیسەی كە دادگای لەندەن بڕیاری لەسەرداوە، پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە.
كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە‌و داوای بڕی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات‌و دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە.
(دایناستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە‌و سنوردارە لە بواری نەوت‌و غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:
•    بلۆكی نەوتی (K 39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەم‌و ناوچەی جەبارە.
•    بلۆكی نەوتی (K 44) لە كێڵگەی نەوت‌و غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار.
كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو.
ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوە‌و دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆن‌و 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا.
كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا كرد‌و پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد.
پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوام‌و نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیان‌و هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریپسۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) راوەستاوە‌و سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە، لەم كەیسەدا ناوی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتیش دێت كە هەڕەشەی لە خاوەنی كۆمپانیای (دایناستی) كردووە.
دوای ئەم گرێبەستە‌و كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوە‌و دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی‌و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێڵگانە دەستبەكاربن.
بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) بدات بە (دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووە‌و سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە.

 

دەقی بڕیارەكەی دادگای لەندەن 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand